لە سەردەمی ئێستادا، کە بە خێرایی گۆڕانکاری و تێکەڵبوونی سنوورەکانی نێوان واقیع و خەیاڵ، ڕاستەقینە و دروستکراو، ناسراوە، شوناس بووەتە یەکێک لە ئاڵۆزترین و فرە ڕەهەندترین بابەتەکانی فیکری مرۆڤایەتی. ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەرئەنجامی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵ و بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، وێنەیەکی نوێی لە خود و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان خوڵقاندووە کە زۆرجار لە واقیعی فیزیکی جیاوازە. ئەم دیاردەیە ناچارمان دەکات بە قووڵی لە پێناسە و سرووشتی شوناس بڕوانینەوە، چونکە ئەو چوارچێوە فیکرییانەی کە پێشتر بۆ تێگەیشتن لە شوناس بەکار دەهاتن، ئێستا ڕەنگە بە تەواوی وەڵامدەرەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەم سەردەمە نەبن. لێرەدا، هەوڵ دەدەین چەمکی شوناس لەم واقیعە شلۆقەدا شیکەینەوە، بە تیشک خستنە سەر ئەو پرسیارە فیکری و کۆمەڵناسییانەی کە ئەم دۆخە نوێیە دەیانهێنێتە ئاراوە. ئایا شوناس (ناسنامە) تەنها دەرئەنجامی کارلێکی فیزیکییە، یان دەکرێت لەناو جیهانی مەجازیدا شوناسێکی نوێ و سەربەخۆ دروست بێت؟
“شوناس و دوالیزمی واقیع-مەجاز”
یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی تێگەیشتن لە شوناس لە سەردەمی ئێستادا، بریتییە لە تێگەیشتن لە دوالیزمی نێوان واقیعی فیزیکی و واقیعی مەجازی. پێشتر، شوناس بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوەی کارلێکە فیزیکی و کۆمەڵایەتییە ڕووبەڕووەکاندا پێناسە دەکرا. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی جیهانی دیجیتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم چوارچێوەیە فراوانتر بووە. ئێستا تاک خۆی لە نێوان چەندین جیهانی جیاوازدا دەبینێتەوە:- جیهانی واقیعی، جیهانی مەجازی و، ئەو جیهانە تێکەڵەی کە لە ئەنجامی کارلێکی ئەم دووانە دروست دەبێت. ئەم دۆخە نوێیە پرسیاری قووڵ سەبارەت بە چییەتی و چۆنیەتی شوناس دەوروژێنێت. ئایا ئێمە ئەو کەسەین کە لە دنیای واقیعیدا هەین، یان ئەو وێنەیەی کە لە جیهانی دیجیتاڵدا دروستمان کردووە؟ ژان بۆدریار لە کتێبی (Simulacra and Simulation- زڕەوێنە و لەبەرگرتنەوە)ـدا، ئاماژەیان بەوە دابوو کە لە سەردەمی پۆستمۆدێرندا، سنوورەکانی نێوان ڕاستی و وێنە تێکەڵ دەبن و، زۆر جار وێنەکان (زڕەوێنە) دەبنە واقیعێکی سەربەخۆ کە چیتر ئاماژە بە هیچ ڕاستییەکی بنەڕەتی ناکەن. ئەم چەمکە بە تایبەتی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا زۆر گونجاوە، چونکە ئەو پڕۆفایل و وێنە دیجیتاڵییانەی کە تاکەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستی دەکەن، زۆر جار لە واقیعی فیزیکییان جیاوازن و دەکرێت وەک لەبەرگرتنەوە و کۆپیکردنەوە سەیر بکرێن. ئەم وێنانە، کە بە وریاییەوە دروست دەکرێن و دەستکاری دەکرێن، دەبنە بەشێک لە شوناسی تاک و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا، کاریگەرییان لەسەر شوناسی واقیعی تاکیش دەبێت. ئەمەش دەمانباتە سەر پرسیارێکی بنەڕەتی: ئایا دەکرێت باس لە یەک شوناسی یەکپارچە بکەین، یان ئێمە کۆمەڵێک شوناسی جیاواز و هەندێک جار دژ بە یەکین؟ تیۆریستەکانی شوناس، وەک ئێریک ئێریکسۆن، شوناسیان وەک پڕۆسەیەکی بەردەوامی گەشەکردن و پێکهاتن سەیر دەکرد. بەڵام لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، ئەم پڕۆسەیە خێراتر و فرە ڕەهەندتر بووە. تاک دەتوانێت لە یەک کاتدا چەندین شوناسی جیاواز لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا نمایش بکات. ئەم فرە شوناسییە، هەرچەندە دەرفەتی دەربڕینی زیاتر دەدات بە تاک، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت ببێتە هۆی دابەشبوونی خود و دروستبوونی ناکۆکی ناوەکی، چونکە هەندێک جار ئەم شوناسە جیاوازانە لەگەڵ یەکتردا ناگونجێن یان تەنانەت دژ بە یەکترن.
“شوناس و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی-سیاسی؛ لە جێگیرییەوە بۆ شلۆقی”
بە درێژایی مێژوو، سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە پێکهێنانی شوناسی تاکدا هەبووە. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا، بە تایبەتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی جیهانگیری و تەکنۆلۆژیای زانیاری، ئەم دەسەڵاتە شلۆق بووە. سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، کە جاران سەرچاوەی سەرەکی زانیاری و بیروبۆچوون بوون، ئێستا لە بەرامبەر شەپۆلی بێکۆتایی زانیاری و بیروبۆچوونی جۆراوجۆردا خۆیان بێهێز دەبیننەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاک چیتر بە ئاسانی نەتوانێت پشت بە چوارچێوە باوەکان ببەستێت بۆ پێناسەکردنی شوناسی خۆی. ئەنتۆنی گیدێنز، کۆمەڵناس، لە «خۆ-ڕەنگدانەوە»ـدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا، تاکەکان بەردەوام لە حاڵەتی شیکردنەوە و پێناسەکردنەوەی شوناسی خۆیاندان. ئەم پڕۆسەیە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا چڕتر بووەتەوە. تاک چیتر تەنها وەرگرێکی ناکارای شوناس نییە کە لەلایەن کۆمەڵگاوە پێی دەبەخشرێت، بەڵکو دەبێتە دروستکەر و دیزاینەری شوناسی خۆی. ئەمەش ئەرکێکی قورسە لە جیهانێکدا کە بەردەوام لە گۆڕاندایە و هیچ شتێک جێگیر نییە. لەم دۆخەدا، تاک دەبێت بەردەوام پرسیار لە خودی خۆی بکات؛ من کێم؟ چیم دەوێت؟ چۆن دەمەوێت لەلایەن ئەوانی ترەوە ببینرێم؟ هەروەها، «کۆمەڵگای ڕیسک» کە لەلایەن ئولریش بێکەوە خراوەتە ڕوو، کە باس لە گۆڕانەکانی کۆمەڵگای نوێی پیشەسازیی دەکات وەک (پیسبوونی ژینکە، مەترسییە تەکنۆلۆژیەکان)، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە. لە کۆمەڵگای ڕیسکی پڕ لە مەترسییدا، تاکەکان چیتر ناتوانن پشت بە دامەزراوە باوەکان ببەستن بۆ دابینکردنی ئاسایش و پێناسەکردنی شوناس. لەبری ئەوە، دەبێت خۆیان بەرپرسیارێتی مەترسییەکان و هەلەکانی ژیانیان بگرنە ئەستۆ. ئەمەش لە بواری شوناسدا بەو مانایەیە کە تاک دەبێت خۆی شوناسی خۆی دروست بکات و بەردەوام لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا خۆی بگونجێنێت. ئەم ئازادییە نوێیە، هەرچەندە دەرفەتی گەشەکردن و داهێنان دەڕەخسێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت ببێتە سەرچاوەی دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی.
“ئازادی و مەترسی؛ دوو ڕووی یەک دراو”
ئەم دۆخە نوێیەی شوناس، هەرچەندە ئاڵۆز و پڕ لە ئاڵنگارییە، بەڵام لە لایەکی ترەوە دەرفەتی نوێشی خوڵقاندووە. تاک ئازادی زیاتری هەیە لە دروستکردن و گۆڕینی شوناسی خۆیدا. لە جیهانی دیجیتاڵیدا، سنوورە جوگرافی و کۆمەڵایەتییەکان کاڵ دەبنەوە، و تاک دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەزموون و بیروبۆچوونی جۆراوجۆر ببێتەوە کە لە ژیانی واقیعیدا ڕەنگە هەرگیز دەستی پێیان نەگات. ئەمەش دەرفەتی گەشەکردن و فراوانبوونی ئاسۆی فیکری و کەسایەتی دەڕەخسێنێت. بەڵام ئەم ئازادییە نوێیە مەترسی خۆیشی هەیە. لە جیهانێکدا کە هەموو شتێک دەکرێت وەک «واقیعی» پێشکەش بکرێت، چۆن دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان ڕاستی و درۆ، ئەسڵ و کۆپی؟ چەمکی «پۆست-ڕاستی» کە لە ساڵانی دواییدا زۆر باو بووە، ئاماژە بەو دۆخە دەکات کە تێیدا هەست و سۆز و باوەڕی کەسی، زیاتر لە ڕاستییە ئۆبێکتیڤەکان کاریگەرییان لەسەر ڕای گشتی هەیە. لەم دۆخەدا، شوناسی تاک دەکرێت بە ئاسانی لەلایەن زانیاریی ناڕاست و ساختەوە کاریگەری لەسەر دروست بێت. ئەمەش پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: ئایا ئەو شوناسەی کە ئێمە لە جیهانی دیجیتاڵدا دروستی دەکەین، تا چەند ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی خودی ئێمەیە؟ هەروەها، مەترسییەکانی «ژووری دەنگدانەوە» و «فیلتەرە بڵاوەکان» کە لە ئەنجامی ئەلگۆریتمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست دەبن، دەکرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەکردنی شوناس هەبێت. ئەم دیاردانە دەبنە هۆی ئەوەی کە تاک تەنها ئەو زانیاری و بیروبۆچوونانە ببینێت کە لەگەڵ باوەڕەکانی خۆیدا دەگونجێن، و بەم شێوەیە لە بەرکەوتنی بیروبۆچوونی جیاواز بێبەش دەبێت. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی شوناسێکی داخراو و نەگۆڕ، کە توانای گەشەکردن و خۆگونجاندنی لەگەڵ واقیعی فرەڕەهەنددا کەم بێت.
“شوناس وەک پێڤاژۆیەکی بەردەوامی خۆدروستکردن”
ڕەنگە پێویست بێت چەمکی شوناس بە شێوەیەکی نوێ پێناسە بکەینەوە. لە جیاتی بیرکردنەوە لە شوناس وەک شتێکی جێگیر و نەگۆڕ، دەبێت وەک پڕۆسەیەکی بەردەوامی خۆ-دروستکردن و خۆ-داهێنانەوە سەیری بکەین. ئەم تێڕوانینە، کە لە فەلسەفەی بوونگەرایی و بە تایبەتی لە بیرۆکەکانی سۆرێن کیرکەگۆر و ژان پۆل سارتەرەوە سەرچاوە دەگرێت، جەخت لەسەر ئازادی و بەرپرسیارێتی تاک دەکاتەوە لە دروستکردنی خودی خۆیدا. لەم ڕوانگەیەوە، شوناس نە تەنها ئەوەیە کە ئێمە هەین، بەڵکو ئەوەشە کە بەردەوام لە هەوڵی بەدەستهێنانیداین. لە سەردەمی واقیعی شلۆقدا، ئەم چەمکە زۆر گونجاوترە، چونکە تاک بەردەوام لە کارلێکدایە لەگەڵ جیهانێکی گۆڕاودا و دەبێت بەردەوام شوناسی خۆی نوێ بکاتەوە. ئەم پڕۆسەی خۆ-دروستکردنە، پێویستی بە هۆشیاری و ڕەخنەگرتن لە خود هەیە. تاک دەبێت بەردەوام پرسیار لەو وێنە و زانیارییانە بکات کە لە دەوروبەریدا بڵاو دەبنەوە، و بە وریاییەوە ئەو توخمانە هەڵبژێرێت کە دەیانەوێت ببنە بەشێک لە شوناسیان. ئەمەش بە واتای ئەوە نایەت کە شوناس بە تەواوی هەڵبژاردەیەکی کەسییە، چونکە هێشتا هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان کاریگەرییان هەیە. بەڵام بە واتای ئەوە دێت کە تاک دەبێت ڕۆڵێکی چالاکتر لە دروستکردنی شوناسی خۆیدا بگێڕێت، نەک تەنها وەرگرێکی کارا بێت. لە ئاکامدا، تێگەیشتن لە شوناس لە سەردەمی واقیعی شلۆقدا، پێویستی بە تێڕوانینێکی فرە ڕەهەند و بزوێنەر هەیە. شوناس چیتر چەمکێکی جێگیر و یەکپارچە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک شوناسی جیاواز و کارلێککەرە کە بەردەوام لە گۆڕاندان. ئەمەش ڕەنگە ڕێگایەک بێت بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و جیهانی دەوروبەرمان لە سەردەمێکدا کە تێیدا واقیع و خەیاڵ، ڕاستەقینە و مەجاز، بەردەوام لە یەکتر دەئاڵێن. ئەم تێگەیشتنە نوێیە، هەرچەندە ئاڵۆزە، بەڵام دەکرێت ببێتە سەرچاوەی هێز و گەشەکردن بۆ تاک لە جیهانێکی پڕ لە گۆڕانکاریی و وەرچەرخانی بەش و گشتی بەردەوامدا.






































































