دەبێت هەر لە ئێستەوە دەست بە نووسین بکەین. ڕەنگە نووسین بە تەنها تەکنیکێک بزانرێت کە بۆ فێربوون و ئەنجامدانی دەبێت پێش خودی فێربوون و بیرکردنەوە هەستین بە ئەنجامدانی واتە ئەزموونکردنی. تۆ دەبێت بۆ چاککردنەوەی ئامێرێکی شکاو دەبێت پێش لە هەر شتێک توانایی چاککردنەوەت هەبێت و بۆ ئەوەش لەو تواناییەدا بدرەوشێیتەوە، دەبێت سەرەتا بچیتە پرۆسەیەکی فێرکارییەوە، بە دەربڕینێکی دیکە دەبێت سەرەتا لە ئاڵقەیەکی ڕاهێنان و فێرخوازیدا بەشدار بیت، بەڵام لە نووسیندا بە هیچ شێوەیەک وا نییە بەڵکوو دەبێت سەرەتا بنووسی و پاش ئەوەی دەستت بە نووسین ڕاهات ئەوکات بکەویتە ناو پرۆسەی فێرکارییەوە. بەکارهێنانی ئامرازەکان بەتایبەتی لە سەرەتادا، نووسینی ئێمە بەرتەسک دەکاتەوە چونکە نووسین چالاکییەکی داهێنەرانەیە و هەر شتێک بەهۆی نووسەرەوە دەکەوێتە سەر لاپەڕەیەک ئەنجامی داهێنانی ئەوە، نووسین وەکوو سیاقەت نییە کە لە کاتی ئەنجامدانیدا دەبێت یاسا و ڕێساکان لە بەرچاو بگیرێت، تەنانەت کێشانی تابلۆیەک و دروستکردنی بەرهەمێک شموولی ئەم یاسایانە ناکات چونکە ناکرێت پاش کۆتاییهاتن بە کارەکە بگەڕێینەوە و دووبارە چاکی بکەینەوە بەڵام لە نووسیندا بەم شێوەیە نییە کاتێک تێکستێک دەنووسن و یان تەنانەت شیعرێک دەهۆننەوە دەتوانن هەزاران جار بگەڕێنەوە دواوە و دەستی تێوەربدەن و چاکی کەن و ئەمەش یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم هونەرەیە.
“ئێستە لە کوێوە دەست پێ بکەین”
دەبێت هەر لەم چرکەساتەی ئێستەوە دەست پێ بکەن، لاپەڕەیەک لە کتێبێک لە بەرامبەر خۆتان هەڵدەنەوە و بەشێوەیەکی تەواو هەڵکەوت و سودفە لە هەر دێڕێک وشەیەک هەڵبژێرن و دەستنیشانی بکەن، ئێستە کە لە هەموو دێڕەکانی لاپەڕەکە یەک وشەتان دیاری کردووە لە هەر دێڕێکدا، بۆ هەر کامەیان دەقێک بنووسن. بە بێ هیچ یاسا و ڕێسایەکی سنووردار بەڵکوو تەنها ئەو شتەی بە زەینتاندا دێت بینووسن و لە سەر کاغەز دایڕێژن. ئەو دەقەی دەینووسن تا درێژتر بێت باشترە. بۆ ئاسانبوونی ئیشەکە سەرەتا چەند ڕستە لەبارەی ئەو وشەیە قسە بکەن و دواتر بیهێننە سەر کاغەز، ئەم کارە هەم دەبێتە هۆی زیادبوونی توانایی ئێوە لە نووسین و هەمیش داهێنانی ئێوە لە نووسیندا زیاتر دەکات. نووسین هونەرێکە لە ناخی هەموو کەسێکدا هەیە بەڵام دەبێت ئاو بدرێت تا باڵا بکات. دەبێت هێندە ئیش بکرێت و ئەزموون کۆ بکرێتەوە تا نووسین ببێت بە بابەتێکی ئاسان و ڕٶژانەیی. هونەری نووسین وەکوو هەر هونەرێکی دیکە وردەوردە و بە تێپەڕینی کات و بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر باڵا دەکات و ئەو کاتەی نووسەرێک دەگاتە ئاستی مامۆستایی دەتوانێت شاکارێک بخولقێنێت و ئەمەش تەنها و تەنها بە پرۆڤە و مەشقکردن دێتەدی. یەکێکی دیکە لە پرۆڤە زۆر باشەکان بۆ نووسین مەشق یان پرۆڤەی چیرۆکی قرتێنراوە. مەبەست لە چیرۆکی قرتێنراو ئەمەیە کە ئێوە چیرۆکێک کە هێشتا نەتانخوێندۆتەوە هەڵدەبژێرن. بەشی سەرەتایی چیرۆکەکە دەقرتێنن و جودای دەکەنەوە. هەڵبەت مەبەستم ئەوە نییە لە کتێبەکە هەڵیکەنن بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە بەشی سەرەتایی چیرۆکەکە بە ئەندازەی بۆ نموونە یەک لاپەڕە لە لاپەڕەیەکی سەربەخۆدا بنووسن، ئەوکات خۆتان درێژەی چیرۆکەکە بنووسین و بیخولقێنن.
گرنگ نییە سەرەتا چەندە باش دەنووسین گرنگ ئەوەیە کە بنووسن، بەس بنووسن. تاکوو بەم شێوەیە لە نووسینی چیرۆکدا لێهاتوو بن. ئەم مەشقکردنە وەکوو ئەوەیە بۆ نموونە لە بەردەستی کۆزەکەرێکدا ئیش بکەن، سەرەتا مامۆستای کۆزەکەر پێتان دەڵێت ئێوە دەبێت لە قوڕشێلاندا ئەزموون پەیدا بکەن و پاش ئەوەی لەو بوارە تۆزێک دەستتان ڕاهات، دواتر دەتوانن دەست بۆ شکڵدان و فۆرمدان بە قوڕ ببەن و کۆزەش دروست بکەن. قەت نیگەران مەبن لەوەی کە کارەکەتان قۆپیە یان دووپاتەیە، ئێوە بڕیار نییە هەر کە یەکەم چیرۆکتان نووسی زوو بڕۆن و لە چاپی بدەن. لە بیرتان بێت ئێوە تەنها و تەنها لە ئەزموون و هێڵی کاریی مامۆستایەک کەڵک وەردەگرن تا ئەو کاتەی خۆتان دەبن بە مامۆستا. پێشنیار دەکەم ئەم مەشقکردنە بە جیددی وەربگرن چونکە دەتوانن بە باشی و لە ڕێگەی ئەم مەشقکردنەوە لە هونەری نووسیندا لێهاتوو بن. مەشقێکی دیکەی بەسوود و کاراتان پێ پێشنیار دەکەم تاکوو بتوانن لە ڕێگەیەوە لە هونەری نووسین لێهاتوویی پێویست بە باشی بەدەست بهێنن. لەم مەشقکردنەدا چیرۆکێکی کورت لە نووسەرێکی ناودار هەڵبژێرن، دواتر چیرۆکەکە بە باشی (تەنانەت چەند جار) بخوێننەوە تاکوو بە تەواوەتی لە یادگەتان جێگیر دەبێت، ئێستە چیرۆکەکە بۆ کەسانی دەوروبەری خۆتان بگێڕنەوە بەڵام لێرەدا کەڵک لە توانایی داهێنەرانەی خۆتان وەربگرن و لە هەر کوێی چیرۆکەکەدا بۆتان دەلوێت کۆمەڵێک گۆڕانکاریی دروست بکەن. ئەم مەشقکردنە بۆ زیادکردنی توانایی داهێنەرانەتان زۆر بەسوود دەبێت، هەروەها دەتوانن چیرۆکەکە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی مەبەستتانە سەر لە نوێ دابڕێژنەوە تاکوو لە زیادکردنی توانایی نووسینیشدا یارمەتیتان بدات. لێرەدا دیسان داکۆکی لەوە دەکەم کە گرنگترین بنەما بۆ بوون بە نووسەرێکی پرۆفیشناڵ ئەوەیە مەشق و پرۆڤەی نووسین بکەن. ئەگەر بۆ بەنووسەر بوون پرۆڤە نەکەن ڕێک وەکوو ئاسنگەرێکتان لێ دێت کە شەو و ڕۆژ ئاسنێکی سارد دەکوتێت بەڵام ناتوانێت هیچ ئامێرێک دروست بکات، دەبێت ئەندێشە ئاڵۆز و سەختەکانتان لە کوورەی پرۆڤە و مەشقکردندا بتوێتەوە تاکوو دواجار بە چەکوشلێدانەکانی کۆتایی ببێت بە ئامرازێکی بەهێز و پتەو.
“چۆن بزانین کە ئایدیایەک بۆ نووسینی چیرۆک شیاوە یان نا؟”
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی نووسین دۆزینەوەی ئایدیایە بۆ نووسین و گرنگتر لەوەش کردنی ئەو ئایدیایە بە چیرۆکێکی باشە. ڕەنگە ئایدیایەک بە زەینماندا بێت و ئێمە دەست بە نووسین بکەین بەڵام هەر لە سەرەتاوە تێبگەین کە ئایدیایەکی باش نەبووە و هەرگیز نابێت بە چیرۆکێک و ناچار دەبین بە دوای بابەت یان ئایدیایەکی دیکەدا بڕۆین و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی لە کیسچوونی کاتێکی زۆر. هەر ئایدیایەک ناتوانێت بۆ نووسین شایستە بێت. بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە هەمان سەرەتاوە واتە بەر لە دەسپێکردنی نووسین تێبگەین کە ئایدیای کەشفکراومان شایستەیە یان نا، ڕیگەیەکی سادە و کورت هەیە کە من لێرەدا دەپەرژێمە سەری. ئێوە دەبێت لەگەڵ هاتنی ئایدیایەک بە زەیناتاندا لەسەر کاغەز بینووسن. دواتر دەست بکەن بە دۆزینەوەی وشەی هاوواتا، یان ئەگەر کورتە نووسینێک یان ڕستەیەکە ئەوا چەند دێڕ بنووسن و دوای ئەمەش خشتەیەک ئامادە بکەن سێ بەشی هەبێت و وشە و نووسینەکانی خۆتان لە ناویدا جێگیر بکەن. ئەم سێ بەشە هەڵگری سێ ناونیشان دەبێت؛ ١(ئامانج لە نووسینی ئەم چیرۆکە، ٢(نابێتەکان و ٣)بۆچییەکانی نووسینی چیرۆک. ئێستە بە هێنانەوەی نموونەیەک زیاتر ئەم بابەتە ڕوون دەکەمەوە.
بۆ نموونە من ئایدیایەک بە زەینمدا هاتووە( چیرۆکی ژیانی منداڵێکی هەژار کە بە کار و ماندووبوون و کوللەمەرگی بووە بە پیاوێکی دەستڕۆیشتوو.)
ئێستە خشتەکە بە سەرنجدان بەو ڕوونکردنانەی سەرەوە دەکێشین؛

هەروەها کە دەبینن لە هەر بەشێک لەو سێ بەشە سێ بابەت نووسراوە. ئێوەش بۆ ئایدیاکەی خۆتان دەبێت هەمان کار بکەن.
ئێستە سەرنجی نووسینەکان بدەن دەبێت لە بەشی ئامانج، ئامانجی خۆتان لە نووسینی ئەم چیرۆکە بنووسن. هەڵبەت من وەکوو نموونە سێ نموونەم نووسیوە، ئێوە دەتوانن هەر چەندەتان پێ کرا بینووسن. پاش ئەوە دەبێ نابێتەکان بنووسن، واتە سنوور و کەوشەنەکان دیاری بکەن، ئەو حاڵەتە خراپانەی کە ڕەنگە بەهۆی نووسینی ئەم چیرۆکەوە دروست ببن و چیرۆکەکەی ئێوە نەشیاو و خراپ بکەن، و یان حاڵەتانێک کە هەرگیز کەسێک خوازیار و هۆگری نییە تاکوو شتێک لەبارەیەوە بخوێنێتەوە یان گوێ بۆ چیرۆکێک لەبارەیەوە ڕاگرێت.
لە کۆتاییشدا بۆچییەکانی خۆتان بنووسن واتە ئەمەی کە بۆچی دەبێت ئەم چیرۆکە بنووسرێت و هەر لە بنەمادا چ کەموکوڕییەک هەیە کە بە نووسینی ئەم چیرۆکە دەمانەوێت یارمەتییەکی هەرچەند بچووک بۆ لەناوبردنی ئەو کەموکوڕییە بدەین. ئێستە چاو لە خشتەکەی خۆتان بکەن و شی بکەنەوە و ببینن کە ئایا ئەم ئایدیایە بۆ نووسینی چیرۆک شیاوە یان نا، ئەگەر دەبینن لە بەشی ئامانج، ئامانجێکی دیاریکراوتان بۆ نووسینی چیرۆک نییە مەنووسن و واز لەو چیرۆکە بهێنن چونکە ئەوکات چیرۆکەکەتان بێ ئەنجام و سوود دەمێنێتەوە یان ئەگەر باشتر بیڵێین دەبێت بڵێین کە ئێوە بۆ نووسینی چیرۆکێک دەبێت ئامانجێکی دیاریکراوتان هەبێت و ئەو ئامانجەش بۆ ئێوە دەبێت زۆر گرینگ بێت. و هەر بەم شێوەیە نموونەکانی دیکەش هەڵسەنگێنن. لە پاش هەموو ئەمانە ئەوەی وا دەکرێت وەکوو قۆناغی کۆتایی بە دڵنیابوونێکی ڕێژەیی لە چیرۆکەکە لە قەڵەمی بدەین ئەو هەستە گشتییەیە کە چیرۆکەکە لە پاش خوێندنی لای خوێنەر دروستی دەکات. لەبیرتان نەچێت دەبێت هەوڵ بدەن خۆتان وەکوو یەکەمین خوێنەر لە سەر ئەو چیرۆکەی کە خۆتان نووسەرین وەسواس و چاوکراوە بن. دەبێت بزانن ئەو هەستەی وەکوو نووسەر ویستووتانە بیگوازنەوە بۆ ناو چیرۆکەکە ئایا وەکوو خوێنەر دەگوازرێتەوە بۆ ناختان یان نا؟ ئەگەر ئەم پرۆسەیە بە ڕێژەیەکی باش دڵنیاکەر و ڕەزامەندانە بێت لاتان ئەوا دەتوانین بڵێین ئێوە وەکوو نووسەر داهاتوویەکی گەش چاوەڕوانتان دەکات و دەتوانن بە مەشقکردن و پرۆڤەی زیاتر و پاشان خوێندنەوەی بەرهەمە باڵاکانی جیهانی ئەدەب و هەروەها کتێب بە ناوەرۆکی جیاواز و جۆراوجۆرەوە شاکار بخولقێنن.
سەرچاوە: هنر داستان نویسی. مصطفی طاهری. انتشارات فردا. تهران ١٣٩٢. خیابان نواب صفوی
نووسین؛ مستەفا تاهیری
وەرگێر؛ سۆزان سەعید






































































