کاتێک هەر سێ پیتی NAM لە دۆکیومێنتەکاندا بینی، نەمزانی مەبەست لێی نوری المالکیە. نەریتێکی باوە کە لە ئەدەبیاتی پەیوەندیکردنی ئەمریکدا ناو و ناتۆرەکان کورت دەکرێنەوە. گەرچی پەیوەندی مالیکی و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بۆش. بەڵام پەیوەندییەکە زیاتر لە سەردەمی ئۆباما و بایدندا بەرجەستە دەبێت. دەکرێت بڵێین sofaیان ڕێکەوتنی دۆخی هێزەکان لە نێوان ئێراق و ئەمریکادا ئەم پەیوەندییە دادەڕێژێت. وەک دەزانرێت هەر لە ساڵی ٢٠٠٢وە ئۆباما دژ بە شەڕی ئێراق بوو وەک شەڕێکی گەمژانەی دەبینی و لە کاتی بانگەشەیدا پەیمانی ئەوەی دا کە بە زووترین کات لە ئێراق بکشێتەوە.
کاتێک بوو بە سەرۆک، مەلەفی ئێراقی دا بە جۆ بایدن. بایدن ناسراوبوو بە شارەزایی لە پرسی دەرەوە و زۆر حەزی دەکرد وەها دەرکەوێت کە لە جەنگ و جێگا مەترسیدارەکان بوە، چەند جارێک پۆزی لێدەدا، بەوەی هەلیکۆپتەرەکەی لێدراوە، کە وەها نەبوو، یان تەقەی لێکراوە. بەڵام هەر پۆزبوو.
بایدن بڕوای وەهابوو کە مالیکی ڕازی دەبێت بەوەی ئەمریکا لە ئێراق بنکە دابنێت. بەڵام مالیکی ڕازی نەبوو. هەرچەند مالیکی بە مەرجێک ڕازی بوو کە نەبرێتە پەرلەمان. بەڵام ئەمریکیەکان ئەوەیان دەویست کە سەربازەکانیان پارێزبەندییان هەبێت، بۆیە بەلایانەوە گرنگ بوو بچێتە پەرلەمان. دیارە پاشان سۆفا دەچوو و ئەمریکا کشایەوە.
لەم سەروبەرەدا لە ناوەندی ستراتیژی ئیسپین گفتوگۆیەک بەڕێوەدەچێت کە جێگای سەرنجە و سەدەی هەیە بۆ ئەمڕۆ. لەوێ کۆمەڵێک کۆماری و دیموکرات باس لە بەهاری عەرەبی و ئەمریکا دەکەن لە ناوچەکە، لە نێویاندا ئێراقیش. کۆمارییەکان ئۆباما وەها تاوانبار دەکەن کە نەیتوانی پێگەی ئەمریکا لە ئێراق بهێڵێتەوە. جەماعەتی ئۆباما مالیکی تاوانبار دەکەن بەوەی ئەمریکای کردە دەرەوە، بەڵام جەماعەتی بۆش ئۆباڵەکە دەخەنە مل ئۆباما.
لە گفتوگۆکەدا باسی پارێزبەندی دێتە ئاراوە، کاتێک جیم شتاینبێرگ دەڵێت: سەرۆک، مەبەستی ئۆبامایە، پابەند بوو بە هێشتنەوەی هەندێک لە سەربازەکانی لە ئێراقدا و بەدەستهێنانی ڕێکەوتنێکی نوێ. بەڵام لە سەر پرسی پارێزبەندی ڕێک نەکەوتن.
بەڵام پرسی ئێران و سنوردارکردنی ئێران پرسێکی سەرەکیە. لەم ڕوەوە پرسی تورکیا و ئەردۆگان دێتە ناوە. ئەمریکا گروەێکی زۆر لە سەر ئەردۆگان دەکات. ئەو کاتە، ئەردۆگان ڕقی لە مالیکی بوو. کە باس دێتە سەر سیاسەتی ئەردۆگان لە ناوچەکە، وەها دەبینرێت کە دژ بە سەربەخۆیی کوردە، بەکارهێنانی کورد وەک ڕێگایەک بۆ ئێراق، دژایەتی مالیکی و شیعە، هەوڵی یەکخستنی سوننە.
کاتێک کە شەڕی داعش دێت، ئەمریکا هاوکاری ئێراق بە مەرجێک دەکات کە مالیکی لاچێت. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو کاتە جۆن کییری هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکات لە ئێراق کە هەمان هەڕەشەیە ئێستا ترەمپ دەیکات.
لە میانەی گتفوگۆکەی ناوەندی بیری ئیسپیندا ئاماژە بەوە دەدرێت کە وێناکردنی ئەردۆگان وەک باش و مالیکی وەک خراپ سودبەخش نیە. دیارە سیاسەتی ئەو کاتەی ئەمریکا هاوسەنگی بوو لە نێوان سوننە و شیعە. بەڵام لە سەر ئەرزی واقیع وەها دەشکایەوە کە دژ بە سوننە بێت و پشتیوانی شیعە بێت، وەک چۆن ئێستا دژ بە شیعەیە و پشتیوانی سوننەیە.
ئەوەی جێگای سەرنجە، بە تایبەتی کە ئێستا ئاوڕ لەو کاتە دەدەیتەوە، باس کردنی سوریا و ئێراقە. ئەوان وەها دەبینن ئەگەر ئەسەد بڕوات ئەوا ئێران زیاتر جەخت لە سەر پێگەی دەکاتەوە لە ئێراق.
دێڕێک کە جۆن پۆدێستا دەیڵێت کە بۆ ئێستا زۆر بە سودە، ئەویش ئەگەر سوریا بە سوننە بێتەوە، بۆ مالیکی خراپە. لە ڕوانگەی ئەم پاشخانەوە، چۆن پەیوەندی نێوان ئەمریکا و مالیکی دەبینین.
یەکەم: مالیکی لای ئەمریکیەکان فایلی هەیە. یانی کەسێک نیە کە نەناسراوبێت هەتا بتوانن بڵێن با چانسێکی بدینێ. وەک چۆن ئێستا چانس دەدەن بە ئەحمەد شەرع.
دووەم: ئەمریکا مالیکی وەها دەبینێت کە ئاسان نیە کاری لە گەڵدا بکرێت.
سێیەم: ئەمریکا وەک نەیاری بەرەی سوننەی دەبینێت. ڕەنگە ئەم خاڵە هەرە گرنگترین بێت لە کاتێکدا کە هاوسەنگیەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەلای سوننەدا دەشکێتەوە. بۆەی جێگای سەرسوڕمان نیە ئەگەر شەرع و بن سەلمان و ئەردۆگان دژ بە مالیکی لە گەڵ ترەمپدا قسەیان کردبێت.
دیارە تیورەی دووەمی خوێندنەوەم لە ژێر ناوی شەڕی ئەزەلیدایە کە ئاشنابونی ئەمریکایە بە ململانێی مێژویی تایفی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش هاتنی بۆ ئێراق. نوسراوە، بەڵام سەرقاڵی ڕێگربوو.





































































