لە فەزای سیاسی ئێراندا؛ پاشایەتیخوازیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بەزۆری وەکوو دوو پرۆژەی بە تەواوەتی دژ بەیەک دەنوێنرێنەوە؛ یەکیان سیکیولار(عەلمانی)، نەتەوەخواز و مۆدێرنساز؛ ئەوی دیکەیان ئایینی، شۆڕشگێڕانە و دژە ڕٶژئاوا. بەڵام ئەم لە هەمبەریەکبوونە ڕواڵەتییە زۆر جار دەبێتە هۆی ئەوەی کە لێکچوونە پێکهاتەییە قووڵترەکانی نێوان ئەم دوو جۆرە لە جەمسەربەندیی دەسەڵات نەبینرێت. ئەگەر لەباتی ڕژدبوونەوە لەسەر ڕەمز و نیشانەکان، سەرنج بخەینە سەر لۆژیکی بەرهەمهێنانی مانا، شێوەکانی ڕەواییپێدان، سەرنموونەکانی سووژەسازیی سیاسی و شێوەی ڕەتکردنەوەی جێگرەوەکان، تێدەگەین کە ئەم دوو سیستەمە، بەپێچەوانەی جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکان، لە ئاستی هەژموونیک و هەیمەنەدا دوو شێوە لە یەک لۆژیکی دەسەڵاتخوازی هاوبەشن. هەم پاشایەتیی پەهلەوی و هەم کۆماری ئیسلامی نەک تەنها سیستەمی سیاسی، بەڵکوو پرۆژەی مەعریفی-كولتووری بوون کە هەوڵیان داوە نەزم و ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتیی تایبەت وەکوو تەنها ئەگەری ئهقڵانیی سیاسەت باو بکەن و وەکوو شتێکی سرووشتی و ئۆرگانیک پیشانی بدەن. هەر بۆیە بابەتی بنەمایی، نەک ئەمەی کە ئێران سیستەمی پاشایەتیی هەبێت یان کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو ئەمەیە کە هەر دووکیان چۆناوچۆن سیاسەت لە پانتای فرەدەنگی و ئیرادەی جەمعی دەرهێناوە و گواستوویانەتەوە بۆ بواری ههقیقهتێکی تاقانە و دەسەڵاتێکی ناوەندی و ڕێکخستنێکی مشتومڕهەڵنەگر.
سیستەمی پەهلەوی لەسەر بنەمای تێکەڵەیەک لە مێژووخوازیی شاهەنشاهی، نەتەوەخوازیی ناوەندی و مۆدێرنیزاسیۆنی دەسەڵاتخواز ڕۆ نرابوو. شا وەکوو میراتگری شارستانییەتی کۆنی ئێران، وەکوو ڕەمزی یەکگرتوویی نەتەوەیی و زامنکاری پێشکەوتن دەناسرا و دەوڵەت، خۆی وەکوو هەڵگری ئهقڵانییەتی مێژوویی و گەشەپێدان دەنواندەوە. لەم چوارچێوەیەدا، پاشایەتی نەک دامەزراوەیەکی لەسەرڕێكکەوتوو و مشتومڕهەڵگر، بەڵکوو وەکوو پێویستییەکی مێژوویی و شارستانیی پیشان دەدرا. مێژووی پێش ئیسلام و گێڕانەوەی شکۆمەندیی ئێرانی کۆن، نەک تەنها وەکوو سەرچاوە كولتوورییەکان، بەڵکوو وەکوو ئامرازەکانی ڕەوایی سیاسی بوون کە لە ڕێگەی پەروەردە، میدیاکان، هونەری دەوڵەتی و ڕێوڕەسمە گشتییەکاندا بەرهەم دەهێنرانەوە. ئەم پرۆسێسە نموونەیەکی کلاسیک لە هەژموونییە. شێوەیەک لە سوڵتە کە نەک تەنها لە ڕێگەی ناچارکردن، بەڵکوو لە ڕێگەی كولتووری و ئەخلاقییەوە پراکتیزە دەکرێت. دەوڵەتی پەهلەوی هەوڵی دا ئەمە لە ڕێگەی لێکهەڵپێکانی گەشەی ئابووری و یەکگرتوویی نەتەوەیی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندگەرای شادا بەرهەم بهێنێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، سیاسەت لە باتی پانتای کێبڕکێی کۆمەڵایەتی، دابەزییە سەر بواری بەڕێوەبردنی تەکنۆکراتیکەوە و هاووڵاتی ئیتر نەک وەکوو بکەری سیاسی بەڵکوو وەکوو بەرخۆر و مەسەرەفکاری پرۆژەی مۆدێرنیزاسیۆن پێناسە کرد. لە دواجاردا پاشایەتیی پەهلەوی ههقیقهتی تایبەت بەخۆی دروست کرد، ههقیقهتێک کە تێیدا ئهقڵانییەت و نەزم لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی و خودی شادا هاومانا دەبوون. هەر جێگرەوەیەکی سیاسی لە چەپەوە بۆ ئایینی، لە کۆماریخوازەوە تاکوو فیدرالیخواز نەک وەکوو بژاردەیەکی ڕەوا، بەڵکوو وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر گەشەسەندن، جێگیریی و یەکپارچەیی خاک وێنەی دەکێشرا. بەم شێوەیە سنوورەکانی بابەتی سیاسی زیاتر لە جاران بەرتەسک بوونەوە و بە تەواوەتی داخران و سیاسەت لە تۆو و تروومی دیموکراتیک بەتاڵ بوویەوە. کۆماری ئیسلامی بەڕواڵەت دابڕانێکی ڕادیکاڵ و بنەمایی بوو لەم نەزم و ڕێکخستنە. واتە ڕەتکردنەوەی پاشایەتی، ڕۆژئاواییخوازی و سیکیولاریزم. بەڵام ئەم سیستەمەش هەر بە خێرایی هەژموونی تایبەت بەخۆی بوونیاد نا. سیستەمێک کە لە سەر بنەمای ویلایەتی فەقیە وەکوو تەنها سەرچاوەی ڕەوایی بوونیاد نرا بوو. هەروەها لەم سیستەمەدا گوتاری “ئینقیلاب/شۆڕش” و “شەهادەت” وەکوو لۆژیکی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و “ئومەتی ئیسلامی” وەکوو جێگرەوەی نەتەوەی مۆدێرن پێناسە کرا. لەم چوارچێوەیەدا، دەسەڵات نەک لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی بەڵکوو لە جێنشینیی ئیلاهییەوە سەرچاوەی دەگرت و ملکەچیی سیاسی بوو بە ئەرکێکی ئایینی.
کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا بلۆکێکی مێژوویی نوێ لە ڕێگەی لێکهەڵپێکانی ڕۆحانییەت، هێزە ئینقیلابییەکان، بەسیج و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و دامەزراوە ئەمنییەکان دروست بکات و ڕەزامەندیی کۆمەڵایەتیی نەک لە ڕێگەی بەشداریی دیموکراتیک، بەڵکوو لە ڕێگەی مانابەخشیی ئایینی بە ڕەنج، هەژاری، جەنگ و سەرکوتکردن بەرهەم بهێنێت، کێشە پێکهاتەییەکان، نەک شکستی سیاسی، بەڵکوو وەکوو تێچووە پیرۆزەکانی خۆڕاگریی لە هەمبەر دوژمن نوێنرانەوە و سیاسەت گوازرایەوە بۆ ڕووبەرەکانی ئیمان، ملکەچی و ئەخلاقی ئینقیلابی. ئەم ڕژێمەش وەکوو ڕژێمی پەهلەوی ههقیقهتی تایبەت بەخۆی بەرهەم هێنا. ڕژێمێک کە تێیدا ناڕەزایەتی سیاسی نەک وەکوو جیاوازی و ناکۆکییەکی ڕا و بۆچوون بەشێوەی ڕەوا، بەڵکوو وەکوو نیشانەی ڕێوێڵبوونی ئەخلاقی، گەندەڵیی لە باوەڕداری یان گرێدراوێتی بە دوژمن خوێنرایەوە. ئەم لۆژیکە، ئەگەری دروستبوونی پانتای گشتیی سەربەخۆی لەناو برد و سنووری نێوان سیاسەت، ئەخلاق و ئیمانی بە شێوەیەک تێکەڵاو کرد کە هەر جۆرە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات، هاوکات وەکوو هەڕەشەیەک دژی ههقیقهتی ئاینی و نەزمی ئەخلاقیش پێناسە دەکرا. لەگەڵ هەبوونی جیاوازییە ڕەمزی و زمانییەکان، سەڵتەنەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لانیکەم چوار لێکچوونی پێکهاتەییان هەیە. یەکەم، هەر دووکیان ڕەوایی دەسەڵاتی خۆیان لە سەرچاوەیەکی بانمێژوویی هەڵدەهێنجن. یەکێک لە مێژووی شاهەنشایی و نەتەوەی کەونارا، ئەوی دیکەیان لە ئیلاهیاتی شیعی و ویلایەتی ئیلاهی. لە هەر دووکیاندا، دەسەڵات لە پانتایی ئیرادەی هاووڵاتیان و گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە دەردەچێت و بە سەرچاوەیەکی مشتومڕهەڵنەگر و پیرۆزەوە گرێ دەدرێت. دووهەم، هەر دووک دەستیان داوەتە سووژەسازییەکی دەسەلاتخوازانە، سەڵتەنەت هاووڵاتی سیکیولار، گەشەتەوەر و لە بنەمادا ناسیاسی دروست کرد. کۆماری ئیسلامی ئیمانداری ئینقیلابی، ئایدۆلۆژیک و پێڕەوکراوی ویلایەتی فەقیهی دروست کرد. لە هەر دوکیاندا، تاک نەک نابێت بە بکەرێکی سەربەخۆی سیاسی، بەڵکوو دەبێت بە سووژەیەکی ملکەچ و شوناسمەند لە چوارچێوەی نەزمی زاڵی سیاسیدا. سێهەم، هەر دوو ڕژێمەکە، فرەڕەنگیی کۆمەڵایەتییان ڕەت کردەوە یان سەرکوتیان کرد. لە سەڵتەنەدا، نەتەوەی تاقانەی فارستەوەر جێگای کۆمەڵگای فرەڕەنگ و فرەدەنگی گرتەوە. لە کۆماری ئیسلامیدا ئومەتی دینی، جێگەی هاووڵاتی مۆدێرنی گرتەوە. فرەڕەنگیی زمانی، ئیتنیکی، جێندەری و كولتووریی کۆمەڵگای ئێران لە هەر دوو ڕژێمەکەدا وەکوو هەڕەشەیەک دژی یەکگرتوویی سیاسی خوێنرایەوە. چوارەم، هەر دوو ڕژێمەکە کەڵکیان لە تێکەڵەیەک لە سەرکوتکردنی فیزیکی و ڕەتکردنەوەی گوتاری وەرگرتووە. دژبەران، نەک تەنها کێبڕکێکارانی سیاسی نین، بەڵکوو وەکوو دوژمن، لادەر، فیتنەگەر و خائین خوێنرانەوە.
ئەم لۆژیکە، هەنووکە لە بەشگەلێک لە سەڵەتەنەتخوازیی هاوچەرخیش بەرهەم دەهێنرێتەوە. گوتاری زاڵ لەم پرۆسەیەدا بەزۆری لەسەر بنەمای ڕزگارکردنی ئێران لە پارچەپارچەبوون، پێویستیی یەکگرتوویی نەتەوەیی بە ڕێبەرایەتیی “شازادە”!، ڕەتکردنەوەی فیدرالیسم، ڕووشاندنی ڕووخساری کۆماریخوازی و بەدناوکردنی بزووتنەوە ئیتنیکی، چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان بوونیاد نراوە. سیاسەت لەم چوارچێوەیەدا دیسان بە دەوری سیمایەکی کاریزماتیکدا شەخسی و تاکەکەسی دەکرێتەوە و کۆمەڵگا نەک وەکوو کۆمەڵێک لە هیزە فرەڕەنگەکان و داوخوازییە لێکدژەکان بەڵکوو وەکوو ئاپۆرەیەکی ئاتاجمەندی هیدایەت و ڕینوێنی لە سەرەوە دەنوێنرێتەوە. ئەم بەرهەمهێنانەوەیە، پیشان دەدات کە سەڵتەنەتخوازیی(پاشایەتیخوازی) هەنووکە، زیاتر لەوەی دابڕانێک لە لۆژیکی دەسەڵاتخوازیی ڕابردوو بێت، درێژەی هەمان بیچمبەندیی مەعریفییە لە پێگەی ئۆپۆزیسیۆندا. لەباتی کردنەوەی ئاسۆی سیاسەتی پاش کۆماریی ئیسلامی، ئەم گوتارە لە کرداردا، ئاسۆی سیاسەتی پێش-ئینقیلابی بوونیاد دەنێتەوە. واتە سیاسەتێکی ناوەندگەرا، بەشەخسیکراو و بێ متمانە بە فرەدەنگیی کۆمەڵایەتی لە ئەولەویەتەکانی ئەم ڕەوتەیە. لەم ڕوانگەیەوە سەڵتەنەتخوازی نەک وەکوو جێگرەوەی دیموکراتیک، بەڵکوو وەکوو بەرهەمهێنانی لۆژیکی مێژوویی دەسەڵاتخوازی لە فۆرمێکی نوێدا دەجووڵێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی سەرکوتکردنی سیستەماتیکی ناڕازییان، لەناوبردنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، خەساندنی پانتای گشتی و بەئەمنیکردنی سیاسەت، ئەگەری ڕێکخراودۆزیی ناوەکیی بۆ تێپەڕینی دیموکراتیک تا ڕادەیەکی زۆر لەناو بردووە. ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی پیشان دەدات کە کۆمەڵگای ئێرانی پێێ ناوەتە ناو قۆناغێک لە دابڕانی ئەخلاقی و سیاسی لە سیستەم. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم دابڕانە، هێشتا نەبووە بە گوتارێکی سیاسیی ڕێکخراو و جێگرەوەی ڕێکخراویی بەرفراوان.
قەیرانی مەشرووعییەتی کۆماری ئیسلامی قووڵە، بەڵام نەبوونی ئاسۆی سیاسیی ڕێك و پێک لە ناو ئۆپۆزیسیۆن بووە بە هۆکارێک تاکوو ئەم قەیرانە نەبێت بە پردێک بۆ تێپەڕاندنی سیاسی. لە ئاوەها دۆخێکدا، سیستەم بەشێوەیەکی بەردەوام دەتوانێت (بەو مەرجەی دەستوەردانی دەرەکی لەئارادا نەبێت!) لە ڕێگەی سەرکوت، ترساندن و تۆقاندن، ئاراستەکردنی قەڵشتەکان و قۆستنەوەی کاتیانەی قەیرانەکان درێژە بە ژیانی خۆی بدات، بە بێ ئەوەی بەحەتم پێ بنێتە ناو هەرێمی لەناوچوون یان گۆڕانکاریی پێکهاتەییەوە. ئەم دۆخە، زیاتر لەوەی کە پیشاندەری شوێنقاییمی و جێگیریی ڕژێم بێت، دەرخەری بونبەستی سیاسەت لە ئاستی پێکهاتەیی دایە. لەم ڕوانگەیەوە، پرسی سەرەکیی ئێران تەنها گۆڕینی ڕژێمی سیاسی نییە، بەڵکوو دابڕان لە لۆژیکی مێژوویی دەسەڵاتخوازییە. لۆژیکێک کە هەم لە سەڵتەنەت و هەم لە کۆماری ئیسلامیدا ئامادە بوو. گەڕانەوە بۆ سەڵتەنەت(پاشایەتی) نەک تێپەڕین لەم لۆژیکە، بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەیەتی لە فۆرمێکی دیکە دایە. بە دەربڕینێکی دیکە دیموکراسی لە ئێراندا کاتێک دەپۆڕێت کە کۆمەڵگا بتوانێت فرەڕەنگیی داواکارییەکان لە چوارچێوەی جومگەبەندییە گوتارییە کراوە و کێبڕکێتەوەرکان ڕێک بخات، نەک ئەوەی کە لە ژێر سێبەر و چەتری ههقیقهتێکی تاقانە یان شوناسێکی گشتیدا هەڵیانوەشێنێتەوە. سیاسەتی دیموکراتیک نەک سڕینەوەی کێبڕکێکاران بەڵکوو کێبڕکێی ڕەوایە. کێبڕکێی ڕەوا واتە بە فەرمیناسینی ناکۆکی و جیاوازییەکان لە چوارچێوەی ڕێسا هاوبەش و دوور لە توندوتویژییەکان، نە سەڵتەنەتخوازی و نە کۆماری ئیسلامی هیچ کامەیان ئاوەها پوتانسییەلێکیان نییە، چونکە هەر دووکیان لە سەر بنەمای ههقیقهتێکی تاقانە، دەسەڵاتخوازیی ناوەندی و ڕەتکردنەوەی جیاوازییەکان وەستاون. لە هەر دووکیاندا، سیاسەت لەباری ڕووبەری گفتوگۆ ڕەواکان، بوو بە پانتای سڕینەوە. ڕەتکردنەوە و ملکەچی. تێپەڕاندنی ڕاستەقینەی دۆخی ئێستەی ئێران پێویستی بە دروستکردنی گوتارێکی نوێ هەیە. گوتارێکی سیکیولار، فرەدەنگ و فرەڕەنگ، ناناوەند و دیموکراتیک کە بتوانێت خواستەکانی ژنان، ئیتنیکەکان، چینەکانی خوارەوە، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، هێزە سیکیولارەکان و بەرەکانی نوێ لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشدا کۆ بکاتەوە. ئاوەها پرۆژەیەک تەنها ئەو کاتە دەپۆڕێت کە سیاسەت لە لۆژیکی ڕزگاریکەرانە، ڕێبەرایەتیی کاریزماتیک و ههقیقهتێکی تاقانە ئازاد بکرێت و ببێت بە پانتای کێبڕکێی ئازادی گوتارەکان، ڕێکخستنی گشتی و بەشداریی ڕێکخراوەیی. بە بێ ئەم دابڕانە مەعریفی و ڕێکخراوەییە، هەر گۆڕانێکی سیاسی، تەنها جێگۆڕکێ بە جۆرەکانی دەسەڵاتخوازیی دەبێت نەک تێپەڕاندنی.
مێژووی هاوچەرخی ئێران پیشانی داوە کە سەرەونخوونبوونی سیستەمێکی دەسەڵاتخواز، بە بێ گۆڕانکاریی لە لۆژیکی بەرهەمهێنانی دەسەڵات و مانا، دەتوانێت ببێت بە بەرهەمهێنانەوەی هەمان سەرنموونە و سەرچەشن لە فۆرمێکی دیکەدا. هەر بۆیە، پرسی سەرەکی، نەک هەڵبژاردنی نێوان سەڵەتەنەت و کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو تێپەڕین لە لۆژیکێکی هاوبەشە کە ئەگەری بوونی هەر دوکیانی ڕەخساندووە. ئێران ئێستە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە پرۆژەیەکە کە نەک لە سەر بنەمای گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و نەک پێداگریی لەسەر بەردەوامبوونی دۆخی زاڵ، بەڵکوو لە سەر کۆڵەکەی داهێنانەوەی سیاسەت وەکوو پانتای فرەدەنگی، هاوسانی و ململانێی دیموکراتیک بوونیاد نرا بێت. تەنها لە ئاوەها ئاسۆیەک دایە کە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت بگات بە دیموکراسی، و دەربازبوون لە دووپاتبوونەوەی سیکلی مێژوویی دەسەڵاتخوازی لە قەڵافەتێکی نوێدا.
سەرچاوە؛ رادیو زمانە
نووسین؛ ئوراڵ حاتەمی
وەرگێڕان؛ ئاراس ڕۆژهەڵاتی






































































