ژیل دۆڵۆز لە نامەیەکدا بۆ سێرژ دانیی هاوڕێی ناردووە دەڵێت؛ “ئیتر متمانەمان بەو ڕووداوانە نەماوە کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، وەک ئهشق و مەرگ، وەک بڵێیت تەنیا بە شێوەیەکی لاوەکی بایەخیان بۆمان مابێت “.بەڵام بۆچی نەبوون/عەدەم دزەی کردە ناو متمانەی دۆڵۆز بە ئهشق؟ تەنانەت بۆچی بێباک بوو بەرابەر مەرگ وەک ئەوەی تەنیا ڕووداوێکی تێپەڕ بێت؟ ئایا کاتێک وازی لە میتافیزک هێنا و ڕووی لە سینەما کرد، ئەمە گەمەیەکی میتافیزیکی نەبوو ؟ ئایا تەکنیک نەبوو کە کەینونەی میتافیزیکی پارچەپارچە کرد؟ ڕۆمانسیزمی ئەو چاوەی ئاشقی وێنەیە، ڕەنگە بەسەر هێزی ئەو هزرەدا سەربکەوێت کە شەیدای ئهقڵە. بەم شێوەیە، بەرگریی ئەو فەیلەسوفەی دڵسۆزی میتافیزیکە پاشەکشە دەکات، چونکە سەرەڕای دەستگرتنی بە پیشەکەی وەک داهێنەر/بەرهەمهێنەری چەمکەکان، چ لە میتافیزیکدا بێت یان لە سینەمادا، خۆی بە ناچار دەبینێتەوە کە کیشوەری فەیلەسوفان (سۆکرات، ئەفڵاتون، دیکارت، کانت، هیگڵ، نیچە، فۆکۆ) جێبهێڵێت و بەرەوی دوورگەی سینەماکاران (بێرگمان، ڕۆسێلینی، ڤیسکۆنتی، سکۆرسێزی، دۆراس، گۆدار،…) بڕوات. ئەمانە هاوڕێکانی ئەو فەیلەسوفانەن کە پیشەی غەیبگۆییان(عەرافە) گرتەبەر بۆ ئەوەی پێشبینی داهاتووی وێنە بکەن لەم جیهانەی کە لە ژێر سێبەری نامۆبوون و پووچگەراییدا هەڕەشەی ئاوابوونی لێ دەکرێت. لێرەوە دەپرسین؛ ئایا بەهای کۆجیتۆی دیکارتی “من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم” لەبەردەم “کۆجیتۆ وێنە”دا بریقە و بەهای خۆی لەدەستداوە؟ بە واتایەکی تر چۆن هزری مۆدێرنێتە جێگەی خۆی بۆ هونەری پۆست-مۆدێرنێتە چۆڵ دەکات؟
پرسیارە میتافیزیکییەکان دەبنە هۆکاری ڕاستەوخۆی سەرگەردانی فێڵاوییانەی ڕۆح و ڕەنگە زەردەشت (پاڵەوانەکەی نیچە) هەموو بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرێت؛ چونکە ئەو فێری کردم بە جۆرێک بنووسم وەک بڵێی سەما دەکەم و پێدەکەنم. فەیلەسوف ئەو کەسەیە کە ئاشقی داناییە، واتە بە هەمان ئەو زمانە دەدوێت کە زەردەشت پێی دەدوا؛ “من زەردەشتم، مرۆڤی باڵاتان فێر دەکەم”. تەنانەت دەبینین دەڵێت؛ ئەی نەفسم، فێرم کردیت سەما بکەیت بەبێ گوێدان بەوەی لە کوێیت “. زەردەشت نایەوێت فەیلەسوف وەک پیاوێکی ئایینی پابەند بە ڕەهبانییەت بنووسێت، بەڵکو دەخوازێت تەنیا بژی، چونکە هیچ شتێک هاوتای ژیان نییە. ژیانی فەیلەسوفی هونەرمەند؛ هەنگاوێکە بۆ فەلسەفە و هەنگاوێکە بۆ ژیان. ” من زەردەشتی سووک و سۆڵ، پێکەنینم پیرۆز کرد، ئەی مرۆڤە باڵاکان فێری پێکەنین بن(1). ژیان بەبێ پێکەنین و سەما، واتە بێ هونەر، هیچ بەهایەکی نییە. بۆیە هونەر ئۆتۆردۆکسی میتافیزیک، لە خەمۆکیی زیادە لە ڕێگای پێکەنین و گەمە و سەماوە پاک دەکاتەوە. ” ئێوە ئەی سەرکەوتووەکان، ئایا وا دەزانن من لێرەم بۆ ئەوەی ئەوەی ئێوە تێکتان داوە چاکی بکەمەوە؟ “هونەر ژیانە و ژیان هونەرە؛ چونکە وەک نیچە دەڵێت بەبێ مۆسیقا ژیان هەڵە دەبوو. لە فەلسەفەی نیچەدا دژە ژەهری میتافیزیک هەیە کە ئەویش هونەرە. هەر بۆیە دۆڵۆز کاریگەریی نیچەی لەسەر بوو و دوو کتێبی لەمەڕ نیچە نووسی پێش ئەوەی دوو کتێب لەسەر سینەما بنووسێت، وەک بڵێی ئەم دووانە میتافیزیکییە تا ڕادەیەک لە دووانەیی نێوان ئاسمان و زەوی، بوون و نەبوون، ژیان و مەرگ، فەلسەفە و هونەر دەچێت. زمانی دیۆنیسیۆسی لە ئهشقی مۆسیقاوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە مۆسیقا (شیعر و سەما، ژیان، مەستی) کۆدەکاتەوە. مۆسیقا زمانی ئیرادەی نەمر و وێنە ئەو ئارەزووە هەمیشەییەیە کە لە قووڵایی بووندا حەشار دراوە، ژیان بەبێ مۆسیقا هەڵەیەکی کوشندەیە.
کەواتە ئێمە لەبەردەم فەیلەسوفێکداین کە بە چەکوشەکەی بتەکانی میتافیزیکی تێکشکاند. هەرکەسێک نیچەیی نەبێت، ناتوانێت لە مانای ئەم گۆڕانە/وەرچەرخانە لە میتافیزیکی هاوچەرخدا تێبگات. ڕەنگە دۆڵۆز ئاماژەی بەم وەرچەرخانە گەورەیە کردبێت، چونکە لە قووڵایی بووندا شۆڕشێکی تراجیدی دژی میتافیزیک ڕوودەدات، و بابەتی ڕاستەقینەی هونەر لە دەلالەتە میتافیزیکییەکەیدا ڕوون و ڕاستەقینە دەبێتەوە. “بۆ چەندان ساڵ هونەر فێری کردین بە چێژ و بەختەوەرییەوە لە ژیان بڕوانین و هەستەکانمان بگەیەنینە/بەرز بکەینەوە بۆ ئەو ئاستەی تێیدا هاوار بکەین؛ ئەم ژیانە هەرچۆنێک بێت، هەر جوانە”(2). هەنگاوێک بۆ هونەر و هەنگاوێک بۆ میتافیزیک؛ ئەمە نهێنی سەرکەوتنی فەلسەفەی نیچەیە، کە مرۆڤایەتی فێری مانای ژیان و “زانستی شاد” دەکات. بۆیە فەلسەفەی پۆست-مۆدێرنە لەم عیشقەوە دەستی پێکرد بۆ ئەوەی دژی فەلسەفەی مۆدێرن ڕاپەڕێت، و لە قووڵایی ئەم شۆڕشەدا نیچە ئامادە بوو. ئەمە فەلسەفەی هونەرە لە ڕووبەڕووبوونەوەی فەلسەفەی میتافیزیکدا. ڕەنگە دۆڵۆز، دێرێدا، لیۆتار و ڤاتیمۆ لە پێشەنگەکانی ئەم ئاڕاستەی نوێیە بن کە هونەر بۆ ڕەخنەگرتن لە میتافیزیک بەکاردەهێنن ئەگەرچی بە چەمکە میتافیزیکییەکانی خۆیشی بێت، بەڵام بە ڕەنگی تراجیدیا ڕەنگکراون. ئەمە بەو مانایە نییە کە میتافیزیک تەنیا بەدبەختیی بەسەر هونەر و ژیاندا دابەش کردووە، بەڵکو لە چەسپاندنی بنەماکانی بەسەر هونەر و ژیاندا سوور بووە، واتە توند بووە، هەر لە ئەفڵاتونەوە کە شاعیرانی بە لاساییکەرەوە دایە قەڵەم و لە کۆمارەکەی دەریکردن و لە سەروویانەوە هۆمیرۆس؛ “پێویستە داوا لە هۆمیرۆس و شاعیرانی تر بکەین تووڕە نەبن ئەگەر قسەکانیانمان دەربارەی فەزیلەت وەلانا، بەتایبەت ئەو قسانەی وەسپی شەرابی ڕژاو و چەوری قوربانی و نەمریی لە مەستیدا وەک بەرزترین پلەی فەزیلەت دەکەن و دەڵێن ئاسمان بەدبەختی بەسەر چاکەکاراندا و خێر و خۆشی بەسەر خراپەکاراندا دابەش دەکات “(3). ئەمە بەڵگەی ئەفڵاتون بوو بۆ قەدەغەکردنی شیعر لە کۆمارەکەیدا، ئەوەی وای لە نیچە کرد دژی ئەم دیدگایە ڕاپەڕێت و “لەدایکبوونی تراجیدیا” ڕابگەیەنێت. لە قووڵایی ئەو شۆڕشە فەلسەفییەی کە هونەر پشتیوانی دەکات، جیهان لەگەڵ کۆجیتۆیەکی نوێدا ژوان دەبەستێت کە جیاوازە لە کۆجیتۆی دیکارتی. بە جۆرێک “من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم” دەبێت بە “من تەماشای وێنە دەکەم، کەواتە من لە سینەمام”. ڕەنگە دۆڵۆز دامەزرێنەری ئەم کۆجیتۆ نوێیە بێت، دوای ئەوەی کەوتە ژێر کاریگەریی نیچە و بێرگسۆن. کۆجیتۆی وێنە کاریگەری لەسەر واقیع هەبوو، بەم شێوەیە قوتابخانەی ڕەخنەی سینەمایی دەرکەوت، چ لە فەرەنسا لە ڕێگەی ئەزموونی نووسەرانی گۆڤاری ناوداری سینەمایی کایە دوو سینەما(Cahiers du Cinéma) بە ڕابەرایەتی ئەندرێ بازان، یانژی لە ڕێگەی واقیعگەرایی نوێوە (نیوڕیالیزم – Neorealism). لێرەوە دەپرسین؛ ڕەخنەی سینەمایی چییە و پەیوەندی بە دیالۆگی نیوان وێنە و میتافیزیکەوە چییە؟
“چەند تێڕامانانێک لەمەڕ ڕەخنەی سینەمایی”
” فیلمساز لە نێو فەوزادا وێنە دەخوڵقێنێت، ڕەخنەگریش بە هۆی کرۆکی سینەماوە ئەو فەوزایە ڕێکدەخاتەوە “
“ئاندرێ بازان”
جوانترین ساڵەکانی سینەما ئەوانەن کە هاوکات بوون لەگەڵ جوانترین قوتابخانە ڕەخنەییەکاندا؛ ئەمانە هاوپەیمانی کاری دەرهێنان و دیدگای قووڵی ڕەخنەیین. بەڵام ئەوەی سینەما وەک هونەر دەناسێنێت، وێنەگرتنە(تەسویر). چونکە دەسەڵاتی وێنە بەسەر ڕۆحی بینەردا وای لێ دەکات فیلمی بێدەنگ و نەبوونی ڕەنگەکانیش قبووڵ بکات، ئەمەش لەبەرئەوەی هونەر لەو شوێنەدا دەست پێ دەکات کە تەکنیک کۆتایی دێت، چونکە وێنە، داهێنانی دیدگایەکی قووڵە. ڕەنگە ئەمە ڕێک ئەو شتە بێت کە ڕەخنەگرانی سینەما دەری دەخەن، چونکە ڕەخنەگر چیتر فەیلەسوفێکی وەک ئەفڵاتون و ئەرستۆ، یان هونەرمەندێکی وەک داڤینچی و کیتسی لێ دەرناچێت، بەڵکو ڕەخنە لە نێو خوێندنە زانکۆییەکان – خوێندنی ئەکادیمیی – و پەیمانگا باڵاکانی هونەردا سەری هەڵداوە. مادام ئامانجی ڕەخنە لاساییکردنەوەی واقیع نییە، وەک ئەوەی لە کتێبی “هونەری شیعر”ی ئەرستۆدا هاتووە، سینەما هەمیشە لەسەر ڕووی واقیع گەمەی دەکرد و تەنها بە فەزڵی دیدگایەکی قووڵ نەبێت لێی ڕزگار نەدەبوو. هەر بۆیە دەبینین هەندێک لە ڕەخنەگرانی سینەما کەوتوونەتە ژێر کاریگەری فیلمەکانی قوتابخانەی نیوڕیالیزم کە ئاندرێ بازان لە پێشەنگیاندایە، فیلمە نیوڕیالیزمەکان لەوانە فیلمی (شاری کراوە)ی ڕۆسێلینی، (پاسکیلدز)ی دی سیکا، (هاوڵاتی کەین)ی ئۆرسن وێڵز، واقیعیان بە دیدگایەکی هونەریی زۆر سەرنجڕاکێش دەخوڵقاند، ئەو پێیەی دیدگا و واقیعییەت لەلای ئەوان هەمان ئامانجیان هەیە کە بریتییە لە لکاندن بە واقیع و شیعرییەتی واقیعەوە.
وەلێ واقیعییەتی سینەما هەمان واقیعییەتی وێنەگرتن نییە؛ چونکە سینەما بە تەنها چەند وێنەیەکی نمایشکراو لەسەر پەردە نییە وەک ڕەنگەکانی وێنەکێش لەسەر قوماش، بەڵکو بە گوزارشتی بازان سینەما لە ڕێگەی واقیعەوە، لە واقیع خۆی ڕزگارمان دەکات. چونکە دەرهێنەر ئاوێنەیەک هەڵناگرێت و لە نێو ئاوێنەکەدا پێدراوەکانی واقیع هەڵگۆزێت و پێکەشمان بکات، بەڵکو هەوڵ دەدات وێنەیەکی شاعیرانەی هەڵقوڵاو لە ڕۆحەوە دابهێنێت تاوەکو جیهان لە خەوی قورس ڕابچڵەکێنێت. هەر بۆیە بازان دەڵێت؛ “واقیعییەتی فیلم گوزارشتە لە ڕۆحێکی ئەفسانەیی و ئەرکەکەی پاتە بوونەوەی واقیعی ماددی نییە، بەڵکو ڕزگارکردنی ئێمەیە لە چارەنووسە ماددییەکەمان”. لە ڕاستیدا، دیالێکتیکی نێوان ڕەخنە و سینەما، هەمان دیالێکتیکی نێوان وێنە و میتافیزیکە؛ ئەمانە هەمان شتن و کێشمەکێشی شتێکن لەگەڵ خۆی خۆیدا. میتافیزیک پێی وایە هرز “بوون” بەرهەم دەهێنێت و تەنها لە ڕێگەی وێنەوە دەتوانین لێی تێبگەین. سینەماش واقیع لە شێوەی وێنەدا دەخوڵقێنێت، جا چ وێنەی شاعیرانە بێت، یان شێوەکاری و فیلمی چونکە بنچینەکەی هونەرە. هونەریش دوژمنی واقیع نییە، بەڵکو تەنها جۆرە نیگەرانییەکی بەرابەر واقیع هەیە کە ئامانجەکەی جوانیبەخشییە بە بوونی ماددیی. ڕۆح ناتوانێت توخم و جەوهەری خۆی بدۆزێتەوە مەگەر لە وێنەدا نەبێت، یان وەک هیگڵ لە کتێبی ” فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح “د دەڵێت؛ ” ڕۆح لەو جیهانەی تێیدا نیشتەجێ بووە، و بڕیاری داوە لێی بگەرێت تا لە ڕابردوودا نوقم بێت، چونکە لە نێوە خەریکی دووبارە داڕشتنەوەی خۆیەتی” (4).
بۆئەوەی سینەما بێتە ئاوێنەی هونەر، دەبێت تیۆرێک بۆ “سینەمای دانەر” هەبێت، ڕەنگە ئەمەش ئەو کارە بێت کە گرۆ(گرووپ)ی گۆڤاری کایە دو سینەما ئەنجامیان دا، کە دەستەیەک لە سینەماکارانی وەک بازان، گۆدار، تروڤۆ، شابرۆلی، لەخۆ گرتبوو. جگە لە بازان کە وەک پیشە نووسینی خەریکی ڕەخنەیی بوو، ئەندامانی تری ئەم گرۆیە هەم دەرهێنان و هەم ڕەخنەیان پێکەوە تاقیکردەوە. هاوکات کەوتبوونە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی بوونگەرایی کە سارتەر ڕابەرایەتیی دەکرد، و سینەمایان وەک تەنها بەرگرییەکی کولتووری لە دژی هەژموونی سیاسی دەبینی. هەر بۆیە بڕوایان وابوو کە هەرچی ئهقڵانییە، واقیعییە و هەرچی واقیعییە، ئهقڵانییە. وەلێ ڕەخنەی سینەمایی بە چ مانایەک دەتوانێت ڕووەکەی تری ڕەخنەی فەلسەفی؟ ئەگەر نا، مانای دیالێکتیکی نێوان هونەر و واقیع چییە؟ ئایا ئەمە هەمان دیالێکتیکی نێوان هزر و واقیعە وەک ئەوەی فینۆمینۆلۆژیا دەستنیشانی کردووە؟ ڕەخنەگری سینەما پێویستە ئاشنای مێژووی هونەر و فەلسەفە بێت، ئەمەش بۆ نزیک بوونەوە لە داهێنان و بەشداریکردن هەم بۆ سینەماکار و هەم بۆ بینەر. ئەو ڕەخنەگرە سینەماییەی کە ئاشقی سینەمایە و کاتەکانی بە تەماشاکردنی فیلم بەسەر دەبات بەبێ خوێندنەوەی بەرهەمی فەلسەفی، ئەوا لەمەڕ هونەرێک دەنووسێت کە هێشتا لێی تێنەگەیشتووە، نووسینەکانی نووسینەکانی هیچ نین جگە لە باتە کردنەوەی ڕستەگەلی (فیلمێکی جوانە، فیلمێکی ناشرینە، حەزم لێی بوو، حەزم لێی نەبوو). بەم شێوەیە سینەما دەبێتە ئامڕازێک بۆ کاتبەسەربرن، لە کاتێکدا تەماحی فەلسەفی سینەما ئەوەیە کە بگاتە جەوهەری هونەر، هایدیگەر گوتەنیش هونەریش هیچ نییە جگە لە دانانی هەقیقەت لە کاری هونەری. ئامانجمان ئەوە نییە تیۆرەیەک لەمەڕ ڕەخنەی سینەمایی بخەینەڕوو، یان چۆن مرۆڤ لە هەفتەیەکدا دەبێتە ڕەخنەگری سینەمایی بە جێبەجێکردنی یاساکانی وایت ماکدۆنالد کە ئەرکی ڕەخنەگری سینەمای بۆ ئەم سێ خاڵە کورت کردووەتەوە یەکەم؛ داوەری کردن بەسەر بەهای فیلم، دووەم؛ سەلماندنی بەهای فیلم، بەراورد کردنی فیلمێک بە فیلمەکانی تر و دانانی لە مێژووی سینەمادا. بە واتایەکی تر دەبێت لە قووڵایی بیری ڕەخنەگر بکۆڵینەوە و بزانین توانای ڕەخنەی هەیە یان نا، ئەمەش هاوشێوەی قسەی کەسێکە کە دەڵێت؛ تا لە ڕێگەی نامەنووسییەوە فێرە مەلەکردن نەبم، ناتوانم بچمە ناو ئاوەوە .
سەرچاوەکان؛
1. وەهای گوت زەردەشت، نیچە
2. وەهای گوت زەردەشت، نیچە
3. کۆماری ئەفڵاتون
4. فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح، هیگڵ
نووسینی؛ عەزیز ئەلحەدادی
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد






































































