“خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە ناتۆ بەنێو فیلمی سەرۆکی دەوڵەتەکان، Heads of State”
فیلمی “سەرۆکەکانی دەوڵەت” یان “سەرۆکی دەوڵەتەکان” فیلمێکی سینەمای سەرنجڕاکێشە؛ تێکەڵەیەک لە کۆمیدی و سەرکێشی و کردە، بەڵام لە ناوەڕۆکەکەیدا گوتارێکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسی ڕژد و تایبەتی پەیوەست بە ناتۆ و ڕۆڵی ئەمریکا و بەریتانیا لەناو ئەو رێکخراوەدا هەڵگرتووە. لەو دیو فیلمەکە، دۆخی ناتۆ لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆیی نیشان دەدات، پێچەوانەی ترەمپ، لە هێدز ئۆف ستێیت، دەوڵەتی قوڵ هەژموونگەرایی ئەمریکای بەسەر ناتۆ دەوێت. ئەم وتارەم شیکارییەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ پێکهاتەی سیاسی هاوپەیمانییەکە و وەبیرهێنانەوەی لەرزۆکیەکەی لەڕێگەی ئەو فیلمە، وێڕای نەرێنی بوونی هۆکاری مانەوەی بەهۆی پشتبەستنی رەها بە ئەمریکا و دواتر بەریتانیا.
ئەو فیلمە لە ڕووکەشدا وەک فلمێکی دیکەی ئاسایی ڕۆژئاوا دەردەکەوێت، بەڵام فیلمێکە لایەنی بەرامبەر یەکجار بە بەهێز و مەترسیدار نیشان دەدات واتا دوژمنانی ناتۆ مەترسیدارن و بێهێز نین. وێڕای ئەوەش، بێجگە لە روسیا و چین، دوژمنەکان تەنیا دەوڵەت نین، رێکخراوی توندڕۆ و تیرۆرستیین.
ناتۆ وەک پێویستیەک بۆ مانەوەی فەلسەفەی ڕۆژئاوا
ڕوونە هاوپەیمانی دەریای باکووری ئەتڵەسی، ناتۆ، لە دۆخێکی راگوزەر و لەرزۆکەوە زۆرینەی رەهای ئەندامەکان بە مامەڵەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ وڵاتەکانیان ناکۆکن. فیلمەکە ناتۆ وەک قەوارەیەکی جەوهەری بۆ پاراستنی ڕژێمی هەنووکەیی جیهانی دەخاتە ڕوو، ئەمە تەواوکاریی هەر مشتومڕێکی سیاسی یان مێژووییشە. واتا هاوپەیمانییەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان دامەزراوە نەک دامەزراوەیەکی ئاکاری ڕەها بۆ پاراستنی ئاساییشی جیهان، بەڵکو بۆ جڵەوباڵایی ئەوروپا و ئەمریکایە بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. ئەمە وایکردووە فیلمەکە ناتۆ وەک بەرجەستەی بەرگری پێویست وێنا بکات، نەک پێکهاتەیەکی سیاسی ڕژد و خاوەن پەیامی سیاسی بە تەنیا.
ناوەندگەرایی ئەمریکا و بەریتانیا لە ناتۆ:
سەرەڕای چەندین ئەندام، دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە واشنتۆن و لەندەن چڕبووەتەوە و فیلمەکەش ئەوە بەرجەستە دەکات. بڕیاردان و دەستپێشخەری و بڕیاری کۆتایی زۆربەی جار لەم دوو وڵاتەدا کورت دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئەندامانی دیکە وەک پشتێنی پەیوەندییە کارگێڕییەکان دەردەکەون. ئەم پلەبەندییە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی ناڕاستەوخۆیە، کە یەکێتی نێو ناتۆ لە ڕێگەی سەرکردایەتییەکی ناوەندییەوە بەدەست دێت نەک بەشداریکردنی یەکسان.
هەبوونی دوژمن وەک مەرجێکی بەردەوامیی هاوپەیمانییەکە:
فیلمەکە گریمانە لەسەر ئەوە دەکات بوونی ناتۆ بەندە بە بوونی هەڕەشەیەکی دەرەکی. بەبێ نەیار، ڕێکخراوەکە هۆکاری مانەوەی خۆی لەدەست دەدات. ئەم لۆژیکە ڕەنگدانەوەی ئەو راستیە سیاسییە، کە هاوپەیمانییەکە بە ئامادەبوونی هەڕەشە دەرەکییەکان دەپارێزرێت و ململانێکان دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ پاراستنی چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی خۆی.
هەڕەشە لە نێوەخۆ: ئەمریکا وەک ئاڵنگاریی نوێ
فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ڕەنگە گەورەترین مەترسی لەسەر ناتۆ لە ناو خودی ئەمریکاوە بێت، ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ بزووتنەوە گۆشەگیری و پۆپۆلیستیەکان، کە ترەمپستەکان سەرکردایەتی دەکەن. ئەمەش ڕەنگدانەوەی لاوازی هاوپەیمانییەکە بۆ دابەشبوونە ناوخۆییەکان و ئەوە نیشان دەدات کە سەقامگیری ناتۆ نەک تەمەنیا بە بوونی دوژمنێک بەڵکو بە بەردەوامی پابەندبوونی ئەمریکا بە هاوپەیمانییەکە دڵنیایی لە مانەوەیان دەکرێت.
بە دیوێکی دیکەش، ناکرێت لەم سەردەم و قۆناغە، قەیرانی متمانە بە سەرکردایەتی ئەمریکا پشتگوێ بخرێت. لە فیلمەکەدا سەرۆکی ئەمریکا وەک کەسایەتییەکی بانگەشەیی، ناسراو، گەلپەروەر، ڕووکەش و کاردانەوەکی بێ پلان نیشان دەدات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەدەستدانی متمانەیە بە سەرکردایەتی لای ڕای گشتی ناتۆ، دەکرێت بە ڕادەیەکی زۆر رۆڵی جۆن سینا، زۆرانبارزی بەناوبانگ، هەمان بەرجەستەی کەسایەتی ترەمپ بێت، هەرچەندە لە کۆتاییدا سینا دیباتەوە، ئەمەش پەیوەندی بە ڕوانگەی دەرهێنەر و نووسەر نیە لەسەر سەرکەوتنی ترەمپ، بەڵکو دەربڕی سیاسەتی هونەری ئەمریکایە، کە بردنەوە هەر بۆ خۆیانە. بە دیوێکی دیکە، ئەمریکا دەبێت سەرکردایەتی بکات، گرنگ نیە چۆن.
ناتۆ لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزە، نەک لە ڕووی سیاسییەوە:
فیلمەکە ئەوە نیشان دەدات هاوپەیمانییەکە خاوەنی هێزێکی سەربازیی ترسناکە، بەڵام بەبێ سەرکردایەتی ئەمریکا و بەریتانیا توانای کرداری سەربەخۆی نییە. دژایەتی نێوان هێزی ماددی و وابەستەیی سیاسی تیشک دەخاتە سەر لەرزۆکیی پێکهاتەیی هاوپەیمانییەکە و جەخت لەسەر نەبوونی خواستی بە هەرەوەزی ڕاستەقینە دەکاتەوە.
کۆتایی:
سەرۆکی وڵاتان، Heads of State، نیشانی دەدات، ناتۆ هێزی سەربازی هەیە، بەڵام نە سەربەخۆیە و نە ناوەندییە، تەنیا لە ڕێگەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمریکا و بەریتانیا نەبێت ناتوانێت خۆی بەرجەستە بکات. فیلمەکە ڕەنگدانەوەی دڵەڕاوکێ و ترسی ڕۆژئاوایە لە لەدەستدانی هەژموون و ململانێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان. لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی هێمایی فیلمەکە دان بە لایەنی نەرێنی و و لەرزۆکی دامەزراوەکە دەنێت. ئەمەش فیلمەکە وەک بەرهەمێکی هونەری قوڵ پێشکەش دەکات، کە گرنگە بۆ تێگەیشتن لە دڵەڕاوکێی ڕۆژئاوا و پەرەسەندنی جوداخوازیی ئەمریکی، واتا سیاسەتی “لە پێشان ئەمریکا”، کە ترەمپ سەرۆکایەتیان دەکات، کە سەرئەنجام وای کردووە ترەمپ چاو ببرێتە خاکی هاوپەیمانەکانی وەکو کەنەدا و خاکی داگیرکراوی گرینلاند-یش کە دانیمارک داگیری کردووە. ئەم فیلمە ئەوەش بە بیر دەخاتەوە، کە دواجار فیلم تەنیا بۆ کات بەسەر بردن نیە، بەڵکو لە خراپترین دۆخدا ڕوانگەی کەسێک نووسەر و بیرمەندێکی لەسەر دۆخی سیاسی یان گشتی ڕاستەقینە و دەیان وانەی بۆ فێربوون و گومان کردن تیادایە.





































































