چیرۆک و ئەفسانە کۆنەکان ڕاکێشەرییەکی سیحراوییان هەیە. نیگارکێشان، پەیکەرتاشان، شاعیران، نووسەران و مۆسیقازانەکانی هەموو سەردەمەکان و هەموو وڵاتان لێیانەوە ئیلهامیان وەرگرتووە. لە بەرهەمەکانیاندا ئاماژەی زۆریان دراوەتێ و تەنانەت زۆرێک لەم ئەفسانانە لە زمانی ئاسایی و ڕۆژانەی خەڵک، چ بەشێوەی ئاخاوتن و چ بە شێوەی نووسین، دەرکەوتەیان هەبووە. هەمووان لەم ئاماژانە تێدەدەگەن و ماناکانیان هەڵدەهێنن، بەڵام هەندێ جار لە ڕەگ و ڕەچەڵەکی سەرەکییان بێخەبەرن. هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە ئەم کەلێنە بە بابەتی “ئەفسانەکانی یۆنانی کەونارا” پڕ کەینەوە. پێش لە دەسپێکردنی حیکایەتەکەمان پێویستە بزانن کە ئایا ئەو خودا ئەفسانەییانەی کە لێرەدا باسیان دەکرێت و ژیانێکی پڕ ڕاز و مەتەڵیان هەبووە، بەڕاستی بوونیان هەبووە؟ بێگومان ئەمە بابەتێکە کە زۆرترین گومانی لەسەرە. سەرهەڵدان و بوونیان زیاتر دەرئەنجامی ئەندێشەی داهێنەرانە و خەیاڵی ئاوسی نووسەران و گێڕەرەوەکانیانن نەک هەقیقەتێکی ڕەها و واقیعێکی مێژوویی. تەنانەت ئەو دەستەواژەیەش کە لەسەر ئەم چیرۆک و ئەفسانانە دانراون بەئاسانی ئاماژە دەکات بە دەسکردبوون و ناواقیعیبوونی ئەم چیرۆک و ئەفسانانە. میتۆلۆژی (Mytho logie) کە لە دوو وشەی یۆنانی پێک هاتووە بەمانای “قسەکردن لەبارەی حیکایەتەکان” دێت. هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە دەوروخولی پیاوە خودا و ژنەخودا ئوستوورەییەکان ڕوو دەدەن، ئەفسانەئامێزن. و هەر هەموویان سەر بە قەڵەمڕەوی ئەفسانە و خەیاڵن.
سەرهەڵدانی ئەم خودا زۆر و زەبەندانە دەکرێت بگەڕێنینەوە بۆ چ کات و سەردەمێک؟ زاناترین لێکۆڵەرانیش خۆیان لە وەڵامدانەوە بەم پرسیارە دەدزنەوە و جگە لەمە هیچ ناڵێن کە سەرچاوەی داهاتنی ئەم خودایانە لە ناو تاریکیی زەمەندا ون و نەبینراوە و ئەمەش بێگومان بەو هۆیەیە کە تاریکییەکی نووتەک دەوروخولی تەنیوە. ڕاڤەکارە خاوەنڕاکان پاش لێکدانەوە و هەڵکۆڵینی فراوان و تاقەتپڕووکێن بەم ئەنجامە گەیشتوون کە مرۆڤ لەو ڕۆژەی کە پێی ناوەتە جیهان لە هەمبەر دیاردە سرووشتییەکاندا هەستی کردووە کە پێویستی بەوەیە پەنا بباتە بەر بوونەوەرانێکی سەرتر و بەهێزتر و هەر چاکە و خراپەیەک بداتە پاڵ ئەوان و هەر کامەیان کە بە یار و هاونەوا و یاوەری خۆی بزانێت، ڕێز لێ بنێت و سوپاس و ستایشی بکات و هەر کامەشیان کە بە دژبەر و دوژمنی خۆی دەزانێت، لێی بترسێت و داوای بەخشینی لێ بکات و دواجاریش هەم لەوان و هەم لەمانیش کۆمەڵێک خودا بۆ خۆی دروست بکات. هەر نەتەوەیەک چیرۆکانێکی ئوستوورەیی تایبەت بەخۆی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش لە مێژوو و ئەوەی ئێمە بەگشتی وەکوو “میتۆلۆژی” باسی دەکەین شتێک جگە لە دەرئەنجام و دەرهاوێشتەی ئەم میتۆگرافی(ئەفسانەنەخشاندن)ە پەرتەوازانە نییە کە شاعیران هەر کامەیان بە پێی زەوق و میزاج و خەیاڵی خۆیان کۆیان کردوونەتەوە و بەسەر یەکیان ناون و ڕاڤەیان کردوون. هۆمەر (Homere) و هیزیۆد (Hesiode) کە لە سەردەمانی زۆر کۆن دەژیان یەکەمینی ئەو شاعیرانەن کە کۆمەڵێک هەڵبەستیان لەبارەی خوداکان داڕشتووە. تا ئێستا نەزانراوە کە هیزیۆد لە چ سەدەیەکدا ژیاوە. سەردەمی ژیانی ئەو دەگەڕێننەوە بۆ ساڵەکانی نێوان سەدەی نۆیەم و هەشتەمی پێش لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح. لەبارەی هۆمەریشەوە کە تاکوو ئێستا وا باس کراوە کە شاکارە حەماسییەکانی “ئیلیاد” و “ئۆدیسە” دانراوی ئەون، دەبێت بگوترێت کە لە ئەنجامی پێشکەوتنی زانست و زانیاری، هەر بوونیشی کەوتووەتە بەر گومان و تەنانەت ڕەتکردنەوە و سروودە نەمرەکانی ئەو دەگەڕێننەوە بۆ شاعیرانێکی چنگژەنی گەڕۆک و نەناسراو، کە لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەڕۆشتن و دلێری و پارێزکارییەکانی پاڵەوانانیان ستایش دەکرد و پێیاندا هەڵدەهاتن،
پاراستن و هەڵگرتنی میتۆلۆژی و بیچمدانێکی ڕێک و ڕوون بە ئەفسانەکان شانازییەکە کە بەر یۆنانییەکان کەوتووە. ڕۆمییەکان کە ئۆڤید (Ovide) و ڤیرژیل (Virgile) گرینگترین نوێنەرەکانیانن، لەم ڕووەوە بەڕادەیەک کەوتوونەتە ژێر کاریگەری یۆنانییەکانەوە کە ئوستوورەکانیان هەمان ئوستوورە یۆنانییەکانە و ئوستوورە یۆنانی و لاتینییەکان لە ژێر ناوی سەردێڕێکدا دێن. بەئاسانی دەکرێت لەمە تێبگەین کە لە ئاوەها بارودۆخ و هەلومەرجێکدا واقیعنووسی یان نەخشاندنی واقیع گرنگیی خۆی لە کیس دەدات. یەکێک لە ئاڵۆزییە گەورە و گرینگەکانیش ئەمەیە کە کار و کردارەکانی خودا ئوستوورەییەکان زۆر تێک ئاڵاوە و لە ناو بشێوە و پەرێشانییەکی سەیر و سەمەرەدا ڕوو دەدات و ئێمە بەهیچ شێوەیەک بانگەشەی ئەوە ناکەین کە توانیومانە ئەم ئاڵۆزی و دژواریانەمان ئاسان کردووەتەوە. هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە هەندێک لە گرینگترین چیرۆکەکان و ئەفسانەکان کە ناوبانگێکی جیهانییان هەیە، بخەینە ڕوو و لەمەش زیاتر نەڕۆین. پێویستە ئاماژە نەم بابەتە گرینگە بکەم کە ئەو کەسانەی کە لە چیرۆک و ئەفسانەکانی یۆنانی کەونارادا دێنە سەر شانۆ، ناوی خۆیان بەهۆی نووسەرەکانەوە (هەندێ جار لە زمانی یۆنانی و هەندێ جاریش لە زمانی لاتینی) وەرگرتووە و ئێمە زیاتر ناوە ڕۆمییەکان کە بە گوێمان ناسراوترە، بەکار دەهێنین.
“خاویە؛ بشێویی و تێکەڵ پێکەڵی پێش داهاتنی جیهان”
پێش لەوەی جیهان، جیهانی ئێمە دەرکەوێت، شتێک نەبوو و یان ئەگەر شتانێک هەبوو بەشێوەی تۆپەڵەیەکی تێکەڵ پێکەڵ و بێ فۆرم و بیچم بوو. هەڵبەت ناکرێت ئاوەها شوێنێک وەکوو شوێنێکی شایستە بۆ ژیان و باڵاکردن و سەرهەڵدانی ئەو خودایانەی کە دواتر سەریان هەڵدا بزانرێت. بەختەوەرانە “هێز”ێکی گەورە و سامناک پەیدا بوو کە ئێمە نە دەزانین ناوی چ بووە و نە دەشزانین لە کوێڕا سەری هەڵداوە، هەر ئەوەندە دەزانین کە دەبێت بێ پرتە و بۆڵە قبووڵی کەین کە ئەو “هێزە” هێز و وزەیەکی سەرووتر لە سرووشت بووە. ئەو “هێزە” قبووڵی نەکرد کە بشێوی و فەوزا درێژەی هەبێت و بڕیاری دا تاکوو بشێوی و پاشاکەردانی و ئاژاوە کە خاویە یان خائۆس (Chaos)ی ناو بوو، بکات بە سەقامگیری، ڕێکخستن و هێمنی. هەر بۆیە لە ساتێکدا هەموو ماک و توخمە دژەکانی لێک جودا کرد. هەندێکیانی پێکەوە کۆ کردەوە و هەندێکیانی لێک دوور خستەوە. ئاسمانی پڕئەستێرەی داهێنا و لە خوارەوەی زەوینی خولقاند و خەڵکانی ئافراند تاکوو تێیدا بژین. دەریاکانی بەدیهێنا تاکوو لە هەموو لایەکەوە وشکانی دەورە بدەن و هەموو ئەمانەشی خستە نێوان هەوا و ڕووناکییەوە. کاتێک جیهان بەم شێوەیە هاتە بوون ئیدی سەرهەڵدان و جووڵە و ژیانی بوونەوەرە زۆر و زەبەندە ئوستوورەییەکان لە زەمین و ئاسمان و ناو ئاوەکان ئەستەم نەبوو.
“ئورانووس و سی بێڵ، تیتان، ساتوورن و ڕێئا”
ئورانووس (Uranus) واتە ئاسمان وەکوو کۆنترین خودا هەژمار دەکەن. سی بێڵ (cibele) واتە زەوی هاوسەری ئورانووس بوو. ئەم دوو هاوسەرە مناڵانێکی زۆریان خستەوە کە بەناوبانگترینیان تیتان (Titan) و ساتوورن (Saturne) بوون. تیتان برای گەورەتر بوو و هەر بۆیەش بڕیار بوو لە پاش باوکی لەسەر کورسیی دەسەڵات دانیشێت و ببێت بە فەرمانڕەوای جیهان، بەڵام سی بێڵ ئەمەی نەدەویست چونکە ئەویش وەکوو زۆربەی دایکان هۆگری و خۆشەویستیی بۆ ساتورن کە دوا منداڵی بوو هەبوو و زیاتر لە منداڵەکانی دیکەی خۆشی دەویست. سی بێڵ بە زمانتەڕی و زمانلووسیی زۆرەوە وای لە تیتان کرد کە چاوپۆشی لەم مافەی خۆی بکات و تیتانیش بەم مەرجە ئامادە بوو پێگەی حوکمڕانی و پاشایەتیی جیهان بدات بە برا گچکەکەی کە ئەویش هەر منداڵێکی نێرینە کە ڕێئای براژنی دەیهێنێت بکوژێت. ساتورنی براشی ئەم مەرجەی قبووڵ کرد و سوێندی خوارد کە هەر وا بکات و هەموو ئەو منداڵە نێرانەی کە ژنەکەی دەیهێنان دەخوارد تاکوو بەم شێوەیە فەرمانرەوایی جیهان لە پاش ئەو بگات بە منداڵەکانی تیتان. ساتورن کە دڵی لە ئاستی منداڵانی ڕەش و تاریک داگەڕا بوو قەت بیری لە میهر و سۆزی دایکانە نەکردبووەوە، ڕێئا دایک بوو، دایکێکی ڕاستەقینە. ئەو هەر جارەو کە منداڵێکی دەهێنا لەباتی منداڵەکە بەردێکی بە وردبینییەوە لە ماتۆڵکەیەکی جوانەوە دەئاڵاند و دەیدا بە مێردەکەی و ساتورنیش کە زۆر پێبەندی بەڵێن و سوێندەکەی بوو بە بێ ئەوەی گومان بکات و ورد ببێتەوە و ئاخێک هەڵکێشێت منداڵەکەی قووت دەدا.
هەڵبەت ناکرێت بەم ئاسانیانەش باوەڕ بکەین کە ئاوەها باوکێکی دڵڕەق و ستەمکار و نامیهرەبان لە واقیعدا بوونی هەبووبێت. ئەم چیرۆکە لە شوبهاندن و چواندنێکی سادە زیاتر نییە. ساتورن بریتییە لە (کات) کە لە جووڵەی بەردەوام و بێ پسانەوەی خۆیدا هەرچی بکەوێتە سەر ڕێگای دەیهاڕێت و لەناوی دەبات و دەیخوات. کات سوپاسالار و ئاڵاهەڵگری نەمری و لەشکست نەهاتووە. هونەرمەندان “کات” وەکوو ڕوخساری پیرەپیاوێکی بەهێز کە ڕیشێکی سپی و درێژی بەرداوەتەوە و سەرێکی کەچەڵی هەیە، وێنا کردووە. دوو باڵی پان و درێژی لەسەر شانە کە سەرەکانیان دەگاتە سەر زەوی. بە دەستی ڕاستی داسێکی هەڵگرتووە و لە دەستی چەپێشیدا کاتژمێرێکی لمین هەیە. باڵەکان جووڵەی هەمیشەیی ئەو ئاسانتر دەکەنەوە و داسەکەش هەرچییەک بێتە سەر ڕێگای دایدەپاچێت و ڕایدەماڵێت و لە بنەوە لە ڕەگ و ڕیشەوە دەیهێنێت و کاتژمێری لمینیش بە وردییەکی ستمەکارانە و دڵڕەقانەوە چرکەساتە تیژئاژۆکانی ژیان دەژمیرێت.
ژێدەر ؛ داستانهای یونان باستان.اثر امیل ژنە. ترجمەی اردشیر نیکپور. بنگاه ترجمە و نشر کتاب. تهران ١٣٤٨
نووسین ؛ ئێمیل ژێنە
وەرگێڕان؛ سپێدە ساڵحی






































































