“هەڵە ستراتیژییەکەی کەوتنی باڕۆس/ڕۆژاڤا”
ساڵی ٢٠٢٤ ئەمریکیەکان بژاردەیکی زێڕینان خستۆتە بەردەم بەرپرسانی هەسەدە کە پڕۆژەیێک هەیە ئەمریکا و ڕووسیا و ئیسرائیل و تورکیا و قەتەر و سعودییە بەشدارن بۆ ڕووخاندن و کۆتایی هێنان بە ڕژێمی ئەسەدی سەر بە میحوەری ئێرانی. هەسەدەش بچنە نێو چوارچێوەی هاوپەیمانێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا، بەخت باوەری دەبێت لە چوونە دیمەشق و حوکمڕانی هەموو سووریا دەکات، بە پێی ئەوەی هەسەدە هێزێکی خاوەن دیسپلینە و خاوەن پڕۆژەییە بۆ تەواوی سووریا و هاوپەیمانی ئەمریکا و ولاتان بووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جەنکی ڕژ بە داعش و جێگای متمانەی ئەمریکان و ئەزموونی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ ئەمریکا، هیزێکی پەروەردەکراو و مەشقپێکراو و پڕچەکی ئەمریکیە.
پرسیارەکە ئەوەیە؛ هەسەدە بۆ نەچووە نێو هاوپەیمانیتێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا؟ لێرەدا واقیعێک هەیە، لە دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژاڤا لە لایەن پەکەکەوە هەلگیرسا و گەریلاکانی پەکەکە ڕۆژاڤایان پاراست، پەکەکە لە نێو ڕۆژاڤا هەبووە و هەیە و تەنانەت باڵادەستی بەهێزیشیان هەیە. وادیارە پرس و ڕاوێژ بە قەندیل کراوە، لەوێش بە هۆکاری ئایدۆلۆژی کە ناکرێت بچنە نێو هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دژی بەرەی ئێران و ئەسەد، شەڕی ئەوان بکەین، ئێران هاوسنوری ئێمەن و هاوپەیمانمانە. بە کورتیەکەی وەڵامی قەندیل؛ “نا” بووە. شایەنی باسە ئیمڕالیش ئاگاداری پرسەکە بووە، لە زۆر وتاری ئۆجەلان باسی کردووە نابێت پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ببەسترێت. ئیمڕالیش وەڵامی؛ “نا” بووە!
هەر دوای دوو حەفتە لە کەوتنی ڕژمی ئەسەد، دەوڵەت باخچەلی دۆقەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی کرد و دەستپێشخەری ئاشتی کرد! پێش ڕووداوەکانی کەوتنی ڕژێمی سووریا، گفتوگۆی نهێنی و دوور لە چاوی کامیراکان هەبووە لە نێوان قەندیل و ئەنقەرە و ئیمڕالی. دواتر بە دۆقەکەی باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی و دەستپێشخەریەکەی باخچەلی هاتەکایەوە و پڕۆسەی (ئاشتی/تورکیای بێ تیرۆر) دەستی پێکرد. ئەوەی زۆر تورکەکانی ترساندبوو، ئەگەری نزیکبوونی ئیسرائیل – کورد بوو لە سووریا، بۆیە پڕۆسەیێکی لەو چەشنە هاتە کایەوە. دواتر تورکیا لە گۆڕەپانی سووریا سازشی زیاتری بۆ ئیسرائیل کرد تا ڕۆژاڤای کوردستان نەتوانێت سوود لە ئیسرائیل وەربگرێت.
ئەمریکیەکان لەسەرووی هەموویانەوە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گوشاری زۆریان لە بەرپرسانی هەسەدە نەکردووە و دەبێت بە ناچاری بچنە نێو هاوپەیمانیێکی نوێ لەگەڵیان، گووتیانە کەیفی خۆتانە. ئەمانیش هێزی تەحریر شامیان هەڵبژارد لە ئیدلب، هەر چەندە پێکهاتبوون لە کۆمەڵێ گروپ و دەستە پێکهاتبوون و خاوەن دیسپلینی بەهێزی سەربازی نەبوون، هێزێک بوون کۆنە دوژمنی ئەمریکا بوون، بەڵام جل و بەرکێکی نوێیان لەبەرکرا. وادیارە بەرپرسانی تەحریر شامیش ئەم بژاردە زێڕینەیان ڕەتنەکردۆتەوە و ڕازیبوون. شایەنی باسە دەستەی پیلانگێڕی دژی ڕژێمی ئەسەد لە بەریتانیا و ئەمریکا و ڕووسیا و ئیسرائیل و تورکیا پێکهاتبوون. ڕووسیاش لێرەدا سازشی لەسەر ئەسەدی هاوپەیمانی کرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە لاوازی ڕووسیا نیشان دا لە هاوکێشەی سووریا. بەو شێوەیە ئامادەکاری تەواو کرا بۆ چەکدارانی تەحریر شام لە ڕووی سەربازییەوە، تەنانەت درۆنی پێشکەوتیان پێدرا و پڕچەک کرابوون. یەکەمجار لە میحوەری ئیدلبەوە هێرشکی فراوان کرایە سەر شاروچکەی سەراقیب لە دەورووبەری حەلەب، زۆر بە ئاسانی کۆنتڕۆڵکرا، پاشان حەلەبیش کۆنتڕۆڵکرا. لە حەلەب چەکدارانی تەحریر شام هێرشیان نەکردە سەر دوو گەڕەکە کوردییەکە (ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود)ـی حەلەب، ئەمەش بە فەرمانی خودی ئەبوو محەمەد جۆلانی(ئەحمەد شەرعەکەی ئێستا!)، ئەمەش تاکتیک بوو بۆ ئەوەی خۆیان بە دوور بگرن لە شەڕی هەسەدە، لە لایێکی تر دیزانی شەڕەکە واداڕێژرا بوو.
حەلەب لە ماوەیێکی کورت کۆنتڕۆڵکرا. پاشان بەبێ وەستان هێرشکرایە سەر حەمما، لەوێ تۆزێ بەرەنگاری کرا و دواتر حومس گیرا. دوای حومس هیرشکرایە سەر دیمەشق. لە باشووریش ژوورێکی ئۆپراسیۆن پێکهێدرا و بە ئاسانی قونیترە و دەرعا و سوەیدا کۆنتڕۆڵکرا. لازقیە و تەرتووس بەبێ شەڕ سقوتی کرد. لە کاتی ڕووداوەکانی کەوتنی ڕژێمی بەعسی سووریا لە ٦ی دیسێمبەری ٢٠٢٤ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕۆهلات عەفرینی، فەرماندەی گشتی یەپەژە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانی کرد لە شاری قامیشلۆ، لە دەسپێکی قسەکانی مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەوان ئاگاداری ڕووداوەکانی سووریان و دوو مانگە دەیزانن! ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەمریکیەکان لە پڕۆژەی کەوتنی ئەسەد بژاردە زێرینەکەیان پێداون، ئەوان ڕەتیان کردۆتەوە. سەرچاوەی واگامەندییەکەی مەزلووم عەبدی لەوێیە. ئەگەر سەرنج بدەین چەندین لیوا بەبێ شەڕ تەسلیم بوون، ڕووداوەکان زۆر لە سینارۆی پێش وەختە و پیلان داڕێژراو دەچوو. ئەوەی جێی سەرنجە هەسەدە لە بەرەی دێرەزوور و ڕەقە زۆر شوێن بۆشایی هێز هەبوو، پێشڕەووی نەکرد، تەنانەت چووە نێو شاری دێرەزوور، بەڵام لە ماوەیێکی کورتدا کشایەوە، چووە نێو فڕۆکەخانەی حەلەب و کشایەوە، ئەمەش دەرخەری دیزانی جەنگەکەیە، کە ناتوانێت بەبێ گلۆپی سەوزی ئەمریکا و هاوپەیمان بچێتە هیچ ناوچەیێک و کۆنتڕۆڵی بکات. هەر لە دەستپێکی هێرشی تەحریر شام و کەوتنی حەلەب. چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا هێرشیان کردە سەر هەسەدە لە شەهبا و تەلڕەفعەت و منبج، کە لەوێوە هەسەدە هاوپەیمانی سەربازی ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد بوو، بەڵام هەسەدە کشایەوە و دواتر هێرش بۆ سەر بەنداوی تشرین، ئەمەش دەرخەری ئەوەبوو لە قالبدانی هەسەدە و باڕۆس/ڕۆژاڤا لەو کاتەوە دەستپێکرد تا گەیشتە ئەمڕۆ هەسەدەیان لە قوژبنی حەسەکە پەستا و سەرجەم ناوچەکان کەوتنە ژێر سەروەری ڕژێمی نوێی دیمەشق.
“نا”ی دووەمی هەسەدە
ڕامی عەبدولڕەحمان سەرۆکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکەوتی ٢١/١/٢٠٢٦ لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی چەند زانیاریێکی گرنگ و بنچینەیی ئاشکرا کرد و گوتی؛ هێزەکانی هاوپەیمانان داوایان لە هەسەدە کردووە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ هێزەکانی جۆلانی شەڕی حەشدی شەعبی ئێراق بکەن.
- هەسەدە ئەمەی ڕەتکردەوە و گوتی؛ “ئەمە کار و ئەرکی ئێمە نییە”.
- ئەمریکا و هاوپەیمانان گڵۆپی سەوزیان بۆ هێزەکانی جۆلانی هەڵکرد.
- دەیانویست بۆ شەڕی حەشدی شەعبی، زیندانییەکانی داعش بەکاربهێنن.
- بەم زووانە ئەو داعشانە بۆ ئێراق ڕەوانە دەکرێن و پێویستە ئێراق ئامادە بێت.
شایەنی باسە موراد قەریلان، فەرماندەی گشتی هێزێن پاراستنێ گەل (هەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی لە کەنالی ئاژانسی هەواڵی فوڕات، زمانحالی پەکەکە لە ڕێکەوتی ٢٦/١/٢٠٢٦ ڕایگەیاند؛ داوا لە هەسەدە کراوە بەشداری شەڕی حەشدی شەعبی بکات، بەڵام ئەوە کارێکی دروست نییە، هێڵی سێیەممان هەڵبژاردووە وەک تەڤگەریی ئاپۆیی. هەڵبەت ڕێکەوتنامەی ١٠ی ئازار دەستپێکێکی باش بوو بۆ هەسەدە تا ببێتە بەشێک لە مەنزوومەی بەرگری سووریا و ببێتە هێزێکی یاسایی و ببێتە بە بلۆکێک لە نێو وەزارەتی بەرگری سووریا و کودانیش بچنە شامێ، بەڵام “نا”ی هەسەدە و ڕەتکردنەوەی شەڕکردن دژی حەشدی شەعبی و دەستێوەردانی تورکیا و سازشکردنی تورکیا بۆ ئیسرائیل و ڕازیبوونی تورکیا بەو ڕۆڵە، ڕۆژی هەسەدە ئاوا کرد.





































































