“بە لێکدانەوەی هێرشەکانی سەرەتای ٢٠٢٦ بۆ سەر ڕۆژئاوا”
پێشەکی؛ لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکان بەخێراییەکی تووند ڕوو دەدەن. یەکێک لەو کەسایەتییانەی کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی لە سەرکردەیەکی گرووپێکی تووندڕەوەوە ببێتە یاریزانێکی سیاسی و سەربازیی کاریگەر، ئەحمەد شەرعە کە پێشتر بە ئەبوو محەممەد جۆلانی دەناسرایەوە و پێشتر لەلایەن ئامریکاوە یەک میلیۆن دۆلار خەڵات بۆ سەری دیاری کرابوو، بەڵام لەم گۆڕانە خێرایە و بە دەسپێشخەری و ئەوەی کە بوو بە دواگورز بۆ ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، وەرق هەڵگەڕایەوە و لە جۆلانیی تێرۆریستەوە بوو بە شەرعی بۆینباخ لە مل و لە وڵاتانی جیهان وەک کەسایەتییەکی سیاسی خاوەن پێگە پێشوازی لێ دەکرێ. هێرشە بەرفراوانەکانی ئەم سەرکردەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، تەنیا جووڵەیەکی سەربازیی سادە نەبوون، بەڵکوو گوزارشتێک بوون لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هاوسەنگیی هێزی وڵاتانی هەرێمی.
“گۆڕانی کارەکتەر؛ لە جۆلانییەوە بۆ شەرع”
بۆ تێگەیشتن لە هێرشەکانی ٢٠٢٦، دەبێت سەرەتا لە گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی “دەستەی تەحریری شام” بگەین. ئەحمەد شەرع لە ساڵانی پێش ٢٠٢٦دا هەوڵێکی بێوچانی دا بۆ ئەوەی پۆشاکی “تیرۆر” لەبەر ڕێکخراوەکەی دابماڵێت و وەک هێزێکی نیشتمانیی سووری خۆی نیشان بدات. ئەو بە گۆڕینی ناوەکەی و دەرکەوتنی بە جلی مەدەنی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیا ڕۆژئاواییەکان، پەیامێکی بۆ جیهان نارد کە ئەو ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن. هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا لەم چوارچێوەیەدا وەک هەوڵێک بۆ سەلماندنی “شەرعییەتی جوگرافیا” و فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتی کارگێڕییەکەی دەبینرا.
“هۆکارە بنەڕەتییەکانی هێرشەکە”
چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشت بڕیارەکەی ئەحمەد شەرعەوەن بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوا لەم کاتەدا:-
١ــ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان:- ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژئاوا، دەوڵەمەندترین ناوچەی سوریان بە نەوت، گاز و دانەوێڵە. شەرع بۆ بەڕێوەبردنی ئەو “دەوڵەتە” بچووکەی لە ئیدلەب و دەوروبەری دروستی کردبوو، پێویستیی دەسبەجێی بە سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ هەبوو تا بتوانێت لە ژێر باری گرانیی هاوکارییە دەرەکییەکان بێتە دەرەوە. بۆیە هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای بەو مەبەستە ئەنجام دا کە بتوانێت لاوازیی باری ئابووری ناوچەی ژێردەسەڵاتی پڕ بکاتەوە.
٢ــ پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی:- لە سەرەتای ٢٠٢٦دا، بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە واشنتۆن و کشانەوەی بەشێکی زۆری هێزەکانی ئامریکا لە ناوچەکە، بۆشاییەکی ئاسایشی گەورە دروست بوو. شەرع ئەمەی وەک هەلێکی زێڕین بینی بۆ ئەوەی پێش ئەوەی هێزەکانی حکوومەتی سوریا یان میلیشیاکانی تر بجووڵێن، هەتا ناوچە ستراتیژییەکان داگیر بکات.
٣ــ نەهێشتنی مۆدێلێکی جیاواز:- بوونی قەوارەیەکی کوردی یان فرەنەتەوەیی لە باکووری سووریا کە خاوەن سیستەمێکی دیموکراتی و سکۆلار بێت، هەمیشە وەک هەڕەشەیەکی ئایدیۆلۆژی بۆ سەر پرۆژە ئیسلامییەکەی شەرع دەبینرا. ئەو دەیویست بەم هێرشە کۆتایی بەو مۆدێلە بهێنێت و هەموو ناوچە “سوننەنشینەکان” لەژێر یەک ئاڵادا کۆ بکاتەوە.
“وڵاتی پشت هێرشەکان”
کاتێک باس لە هێرشەکانی ئەحمەد شەرع دەکرێت، ناتوانرێت ڕۆڵی دەوڵەتی تورکیە پشتگوێ بخرێت. هەرچەندە لە ڕووی فەرمییەوە تورکیە وەک وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ ڕەنگە ڕاستەوخۆ پشتگیریی گرووپێکی وەک تەحریری شام نەکات، بەڵام بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە و شەرع لەم خاڵەدا یەکیان گرتەوە، کە تورکیاش “یەپەگە” و قەوارەی ڕۆژئاوا بە هەڕەشەیەکی نەتەوەیی بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەبینێت. بۆ تورکیا، بەکارهێنانی هێزە نێوخۆیییەکانی سووریا (وەک هێزەکانی شەرع) بۆ لاوازکردنی کوردەکان، تێچوویەکی سیاسی و سەربازیی کەمتری هەیە وەک لەوەی سپاکەی خۆی ڕاستەوخۆ بجووڵێنێت. لە ڕاستیدا، زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە دەدا کە گڵۆپی سەوزی ئەنقەرە و هاوکارییە لۆجیستییەکانی ئەو وڵاتە، ڕێگەخۆشکەری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی هێزەکانی شەرع بتوانن بەو خێراییە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژئاوا بڕۆن. جگە لە تورکیا، هەندێک لە وڵاتانی کەنداویش بە بێدەنگی چاویان لەم پەلامارە پۆشی، چونکە هێرشەکانی شەرع دەبووە هۆی لاوازکردنی پێگەی ئێران لە سوریا و پچڕاندنی ئەو ڕێگەیەی کە تاران دەگەیەنێتە دەریای نێوەڕاست.
“ستراتیژی سەربازی و کاردانەوەکان”
هێرشەکەی ٢٠٢٦ تەنیا بە چەک و تەقەمەنی نەبوو، بەڵکوو شەڕێکی دەروونی و میدیایی گەورەشی لەگەڵ بوو. شەرع هەوڵی دەدا پێکهاتە عەرەبەکانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە هان بدات بۆ ڕاپەڕین، بە بیانووی “ڕزگارکردنیان لە دەسەڵاتی کوردی”. ئەمە وای کرد کە شەڕەکە ڕەهەندێکی نەتەوەیی و تائیفی وەربگرێت کە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی دروستکرد. لە بەرانبەردا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەرگرییەکی سەختیان کرد. ئەوان ئەم هێرشەیان وەک “شەڕی مان و نەمان” دەبینی. لێرەدا کێشە گەورەکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بوو؛ چۆن مامەڵە لەگەڵ هێزێکی وەک هەسەدە بکەن کە هاوپەیمانی دێرینیان بووە لە دژی داعش، لە کاتێکدا هێزە هێرشبەرەکە (شەرع) وا خۆی نیشان دەدات کە دەیەوێت ناوچەکە لە “تیرۆریزم” پاک بکاتەوە؟
“ئەنجام و کاریگەرییەکان”
هێرشەکانی سەرەتای ٢٠٢٦ نەخشەی سیاسی سوریایان بەتەواوەتی گۆڕی. ئەحمەد شەرع توانی بەشێک لە ناوچە ستراتیژییەکان کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ئەمە بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئەم ڕووداوە سەلماندی کە:-
١. کێشەی سوریا بەبێ چارەسەرێکی نێودەوڵەتیی گشتگیر، تەنیا لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر دەگوازرێتەوە.
٢. گرووپە چەکدارەکان دەتوانن ڕەنگ و ناوی خۆیان بگۆڕن، بەڵام ئامانجە ستراتیژییەکانیان بۆ دەسەڵات هەروەک خۆی دەمێنێتەوە.
٣. ڕۆژئاوا (کوردستان) وەک هەمیشە لە نێوان بەرداشی بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەکە و بێدەنگیی هێزە جیهانییەکاندا مایەوە.
“ڕۆڵی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و هەستی نەتەوەیی خەڵک”
ڕۆڵی دەسەڵاتی هەرێم:- لەم بارەوە ڕۆڵی هەرێم کوردستان و هەستی نەتەوەیی خەڵک کە دەکرێت تەواوکەری یەک بن و هاوکاتیش دوور لە یەک، دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزیی لە نێوان توانایی و ماتەوزە، سنوور و هەستیاریی سیاس بابەتەکە هەڵسەنگێدرێت. لە ڕوانگەی سیاسی و حکوومەتەوە، لە یەکەم هەنگاو، هەرێم هەوڵی ئەوەی دا کە وەک لایەنێکی ئارام و هاوسەنگ دەرکەوێت. نە هێرش پشتیوانی کراوە، نە بە شێوەیەکی فەرمی ڕەت کرایەوە، ئەمەش نیشانەی ئەو ستراتیژییەیە کە هەرێم هەمیشە هەوڵی پاراستنی هێمنی نێوخۆیی و دووربوون لە هەڵچوونە سەربازییەکان دەدات، یان بە زمانێکی ساکار، هەرێم زۆر باش دەزانێت کە هەر ئاگرێکی نوێ لە ڕۆژئاوا دەتوانێت بێتە نێو ماڵەکەی. لە ڕوانگەی دیپلۆماسییەوە، هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی ناوەندی گفتوگۆ هەڵدەسەنگێنرێت. پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە نێوخۆییەکان، دەوڵەتە هەرێمییەکان و هەروەها هێزە نێودەوڵەتییەکان وای کردووە، کە بتوانێت ڕۆڵی “ناوەندگیر” یان نێوبژیوان بگێڕێت، نە یاریزانێکی سەربازی. ئەم ڕۆڵ و دەورە هێزە، بەڵام زۆر هەستیارە، چونکە هەر هەڵەیەکی بچووک دەتوانێت هەرێم بکاتە قوربانی گوشارە سیاسییەکان. لە کۆتاییدا، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان زیاتر ڕۆڵێکی پاراستن و بەڕێوەبردنی قەیرانە، نە دروستکردنی قەیران. ئەمە لە ڕوانگەی ڕاستگۆیی سیاسییەوە هەڵوێستێکی عاقڵانەیە، هەرچەندە بۆ هەندێک لایەن بە خاڵی لاواز و کاری نەکراو دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوچەیەکدا کە زۆربەی یاریزانەکان ئاگریان بە دەستەوەیە، ئەوەی ئاگربەری نەکات، هێشتا کردارێکی گرنگە.
بەگشتی هەرێمی کوردستان، زۆرجار هەوڵی ئەوەی داوە خۆی وەک لایەنێکی “هاوسەنگ و ئارامویست” پیشان بدات. ستراتیژیی حکوومەت لە زۆربەی کاتدا لەسەر دوو بنەمایە: پاراستنی ئارامیی نێوخۆ و نەکشاندنی هەرێم بۆ ناو شەڕێکی فراوانی ناوچەیی. بۆیە لە بەرامبەر هێرشەکان و قەیرانە ناوچەییەکاندا، زۆرتر زمانی دیپلۆماسی، بێدەنگی بیرلێکراو، و هێشتنەوە لە سنووری “نیوترالیتە” (بێلایەنی) هەڵدەبژێررێت. ئەم هەڵوێستە لە ڕوانگەی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانەوە بە ڕادەیەکی بەرچاو وەک هۆشیاری سیاسی هەژمار دەکرێت، بەڵام لە نێوخۆدا زۆر جار وەک لاوازی یان ترسی سیاسی خوێندنەوەی بۆ کراوە، واتە حکوومەت نێوان پاراستنی بەرژەوەندیی خۆی و پێویستییە ئەخلاقییەکاندا دەمێنێتەوە.
هەستی نەتەوەیی خەڵک:- هەڵوێستی خەڵکی کوردستان جیاوازتر و هەستیارترە. زۆربەی خەڵک، بەتایبەتی چینی لاوان و چالاکانی مەدەنی، هەستێکی هاوسۆزی و هاودەردییان هەیە لەگەڵ قوربانییەکان و خەڵکی ڕۆژئاوا. ئەم هەستە زۆر جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕاگەیاندنە نێوخۆییەکان و وتارە مەدەنییەکاندا دەردەکەوێت. بەڵام ئەم هاوسۆزییە، بەهۆی سنووری دەسەڵات و کەمبوونی ئامرازە سیاسییەکان، زۆر جار ناتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ کردارێکی کاریگەر و تەنیا ڕەنگە لەو ئاستە بمێنێتەوە کە لاوانێک بە ڕۆیشتن بۆ بەرەی شەڕ لە ڕۆژئاوا یا هاتنە سەر شەقام و ڕێپێوانی مەدەنییانە هەستی نەتەوەیی و هاوسۆزیی خۆیان بە نیسبەت ڕۆژئاواوە دەرببڕن (کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو تابلۆیەکی جوان لە ڕێپێوان و هاوسۆزی نەتەوەیی لە هەرێم و هەندەران بە دنیا پیشان درا).
بە کورتی، دەکرێت بڵێن هەنگاوە سیاسییەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستێکی حەسێبکراو و پارێزراوە، لە کاتێکدا خەڵک هەڵوێستێکی هەستیار و ئەخلاقیتر نیشان دەدات. ئەم دووانە ئەگەرچی زۆر جار هاوشێوە نین و ڕەنگە دابڕان و دڕدۆنگی لە نێوان دەسەڵات و خەڵکی کوردستان ساز بکات، بەڵام بەگشتی دەکرێت تەواوکەری یەک بن و بە هەنگاوی ژیرانە و هەنگاوی کوردانەی کوردستان لە کاتە هەستیارەکاندا لە قەڵەم بدرێت.
“بە کورتی و کۆتایی”
هێرشی ئەحمەد شەرع بۆ سەر ڕۆژئاوا لە ساڵی ٢٠٢٦، تەنیا ململانێیەک نەبوو لەسەر خاک، بەڵکوو کێبڕکێیەک بوو بۆ سەپاندنی شوناسێکی نوێ بەسەر سوریای داهاتوودا. دەستی تورکیە لە پشت ئەم هێرشانە، نیشانەی ئەوە بوو کە داگیرکەرانی کوردستان ئامادەن پەنا بۆ هەر ئامرازێک ببەن بۆ ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی کورد و بەگشتی ئەم قۆناغە مێژوویییە نیشانی دا کە لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، “دۆستی دوێنێ و دوژمنی ئەمڕۆ” تەنیا دەستەواژەیەک نییە، بەڵکوو کەتوارێکی تاڵە کە نەتەوەی بێدەوڵەت باجەکەی دەدات.






































































