ئاگایی(یان زمان) لە لایەکەوە دیاردەیەکی هاوتەریب و “هاوسان”ە لەگەڵ کۆی جیهان(یان سرووشت)، و لە لایەکی دیکەشەوە دیاردەیەکە لە ناو جیهان وەکوو سەدان دیاردە یان شتی دیکە. دەتوانین ئەم دۆخە دووفاقە لەگەڵ دووفاقێتی نێوان ئاگایی نووسەر یان گێڕەرەوەی چیرۆکێک و ئاگایی پاڵەوانیی ئەو چیرۆکە بەراورد بکەین. جیهانی چیرۆک یان دەقی ئەدەبی بەتەواوەتی بەرهەمهێنراو یان داهێنراو و گرێدراوی ئاگایی دانەر(نووسەر)ە، لە حاڵێکدا ئاگایی زووپاڵەوان هەر ئەم جیهانە وەکوو بابەتێکی بەرهەست و زاڵ لەسەر خۆی ئەزموون دەکات. بە درێژەدان بەم شوبهاندنە دەکرێت تێبگەین کە چارەسەرکردنی کێشەکە پەیوەستە بە لابردن و نەهێشتنی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەم دوو جۆرە لە ئاگایی یان تەنانەت یەکانگیری و یەکبوونی هەردووکیانە. گێڕانەوەی هیگڵ لەم چیرۆکە، واتە هەمان کتێبی “دیاردەناسیی ڕۆح”، لە زمانی ئاگایی جۆری یەکەم یان”مەعریفەی ڕەها”وە دەگێڕدرێتەوە کە لە دەربڕینی تێرمەکانی ڕەخنەی ئەدەبیدا پێی دەڵێن”گێڕانەوەی زانای گشت”ی. لە ڕوانگەی هیگڵەوە فەلسەفە لە پێگەی مەعریفەی حەقیقیدا دەبێت خەسڵەتێکی بازنەیی و خولانەوەیی هەبێت. وەڵامدانەوە بەم پرسیارە کە مەعریفەی حەقیقی یان زانست چییە، تەنها لە ئاگاییەکەوە یان زەینێک دەخێزرێت کە پێشتر دەستی بە زانست گەیشتبێت. چونکە ئەگەر بەپێچەوانەی ئەمە بێت ئەوا هیچ چارەیەکی دیکە جگە لە ڕەچاوکردنی هەمان شێوازە کۆنە ئەرەستووییەکە نابێت، واتە خستنەڕووی پێناسە و بنەما بابەتییە نەسەلمێنراوەکان و سەلمێنراوهەڵنەگرەکان و دامەزراندنی سیستەمێکی فەلسەفی لەسەر بنەمای ئەم بنەمایانە. بەڵام بە هەمان شێوە کە هیگڵ بەدروستی دەیڵێت، ئەم بنەمایانە تەنها کۆمەڵێک بڕیاری زەینی، دۆگم و دڵخوازانەن. هەر کەسێک دەتوانێت بەیارمەتیی ئەم میتۆدە، واتە بە بنەماگرتنی باوەڕ و گریمانە زەینییەکانی خۆی دەستی بە ئەنجامە دڵخوازەکانی خۆیشی بگات. بەڵام هیگڵ خوازیاری فەلسەفەیەک بوو کە زیاتر لە”خۆشەویستی بۆ مەعریفە”ی خودی مەعریفەوە بێت و لە چوارچێوەی سیستەمێک لە بڕیارە ئهقڵانی و سەلمێنراوەکان دەریببڕێت.
پاڵەوانی گێڕانەوەکەی هیگڵیش ئاگایی جۆری دووهەم واتە هەمان ئاگایی ئەزموونوەرانە، سرووشتی و دیاردەمەندە، و بابەتی گێڕانەوەش بە وتەی خودی هیگڵ، ئەزموونی ئاگایی یان پرۆسەی ڕەخنە و تاقیکردنەوەی ئاگاییە. بەڵام لەم پرۆسەیەدا، “ئاگایی خۆی پێوەری ڕەخنەکردنی خۆی ڕێک دەخات، و لەم ڕووەوە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی{ئاگایی} جۆرێک هەڵسەنگاندنی ئاگایی لەگەڵ خۆیشیدا دەبێت”. بەم شێوەیە، ئاگایی لە ڕێگەی ڕەتکردنەوە و هاوکات بەرزەفڕیی دیالیکتیکی خۆیەوە، و بە تێپەڕین لە قۆناغانێکی وەکوو یەقینی هەستەکی، تێگەیشتن، خودئاگایی، ئهقڵ، لە دواجاردا دەگات بە مەعریفەی موتڵەق یان زانست. لە هەموو ئەم قۆناغانەدا ئاگایی خۆی دەپەرژێتە سەر ڕەخنە و تاقیکردنەوەی خۆی و لە ئەنجامدا بۆ ئێمە هیچێک نامێنێتەوە بیکەین جگە لە بینین و گێڕانەوەی تەنها و تەنها. ئەم “ئێمە”یە کۆی خوێنەر و گێڕەرەوەیە کە لە ڕوانگەی مەعریفەی حەقیقی و موتڵەقەوە، ئەزموونی ئاگایی دەبینێتەوە. بە دەربڕینێکی دیکە، دیاردەناسیی ڕۆحی هیگڵ گێڕانەوەیەکە کە تێیدا پاڵەوانی چیرۆک دوای تێپەڕاندنی ئەزموونەکان و شوناسانێکی زۆر، لە دواجاردا بەهۆی دواهەمین توانەوە و ئیستحالەی خۆی، کە هەموو مەرگەکان و پەسڵانەکانی پێشووتری ئەوی لەخۆ گرتووە، دەبێت بە گێڕەرەوەی چیرۆک. ئەگەر بمانەوێت درێژە بەم تەمثیل یان شوبهاندنە بدەین، دەبێت بڵێین کە گێڕانەوەی نیچەش لە بنەمادا سرووشتێکی ئەدەبی و جوانیناسانەی هەیە و لە ڕاستیدا بیرهێنەرەوەی هەندێ لە ئەزموونە پۆست مۆدێڕنیستییەکان لە بواری چیرۆکنووسی دایە. گێڕانەوەی نیچە چەندین گێڕەرەوەی هەیە، و ڕەنگە هەندێک لەوانە خۆیان پاڵەوانی گێڕانەوەی گێڕەرەوەیەکی دیکە بن(هاوشێوەی ئەو شتەی لە لابیرنێتە ئەدەبی-میتافیزیکییەکانی بورخێسدا ڕوو دەدات.) بەڵام تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بۆ پاڵەوانی چیرۆک واتە هەمان ئاگایی و خودئاگایی ئەزموونکارانە و ئەمدنیاییانە، نیچە هەوڵ دەدات تاکوو بە پێڕەویکردن لە ڕێچکەی ڕیمبۆ؛-شاعیری هاوچەرخ و نزیکترین خزمی ڕۆحانیی خۆی لە ڕێگەی “پەرێشانکردنی دوور و درێژ، مەزن، و ئهقڵانیی هەموو هەستەوەرییەکان”)شوناسی درۆزنانە و هاوکات ڕێک و پێک بڕووخێنیت و هاوڕێ لەگەڵ ڕیمبۆ و شاعیرانی دیکە و شایەتحاڵان”seers”ی هاوچەرخی ئێمە لەسەر ئەم قووڵترین حەقیقەتەی مۆدێڕن پێداگریی بکات کە “من، ئەویدییە”.
بەم شێوەیە نیچە بە هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی هەر دوو شێوەی دەرکەوتنی سووژە-واتە گێڕەرەوە و پاڵەوان، ئاگایی باڵا و ئاگایی جەوهەری-بەسەر دژوازیی ناوەکی مەعریفەناسی ئهقڵگەرا یان هەمان قەبەبوونی زۆر و ئاوسانی زیادەی سووژەدا زاڵ دەبێت؛ هەڵبەت بەم کارەشی ئەسڵی بابەت و پرسەکە واتە خودی مەعریفەناسیش هەڵدەوەشینیتەوە، چونکە مەعریفە تەنها و تەنها یەکێک لە بەروبوومەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سووژە و ئۆبژەیە و بە هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی و پووچەڵکردنەوەی سووژە، هەوڵەکەی بۆ ناسینی بەرهەست و بەرچاو کۆتایی پی دێت. لەگەڵ هەبوونی زۆر تایبەتمەندیی جیاواز و تەنانەت دژ بە یەک، دوو ڕێگەچارەی سەرەوە ڕیشە و بنەمای هاوبەشیان هەیە. لە ڕاستیدا بە چاوخشاندنێکی قووڵتر بە ناوەرۆکەکانی فەلسەفەی ڕۆژئاوا، بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە کۆی بیرکردنەوەی فەلسەفیی سەدەی نۆزدەیەم لە دەربڕینێکدا کورت دەبێتەوە؛ “لە هیگڵەوە تاکوو نیچە”. تەنانەت ناوگەلکێکی وەکوو کییەر کی گارد و کارل مارکسیش، لانیکەم لەڕووی فەلسەفییەوە، پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لە فەزای مێژوویی و کلتووریی نیوان ئەم دوو فەیلەسووفە پەیدا دەکەن. دۆزینەوەی لایەنە هاوبەشەکانی نێوان بیرکردنەوەکانی ئەم دوانە، هێندە دژوار نییە. بۆ نموونە، بە هەمان شێوە کە ئادۆرنۆ بەشێوەیەکی بەردەوام بیرمان دەخاتەوە، هیگڵ و نیچە تەنها فەیلەسووفانێکن کە لەگەڵ چەمکی “حەقیقەت وەکوو پاشماوە” دژ و دژبەرن؛ واتە ئەم تێگەیشتنەی کە حەقیقەت هەمان پاشماوەیەکە کە پاش سڕینەوەی هەموو توخمەکان و لایەنە زەینییەکان، تاکەکەسییەکان، سەلیقەییەکان دەمێنێتەوە. کرۆکی بنەمایی بیرکردنەوەی هەردووکیان هەوڵدانە بۆ زاڵبوون بەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سووژە و ئۆبژەدا. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوانیان باشتر وایە لەباتی گەڕان بەدوای خاڵە هاوبەشەکان، ئەندێشەکانیان لە بەستێن یان زەمینەیەکی مێژوویی-کلتووریی فەلسەفەی سەدەی نۆزدەیەمدا دابنێین؛ یان بە دەربڕینێکی باشتر، پەیوەندییان لەگەڵ گرینگترین و بەهێزترین ڕەوتی سازێنەری بیرکردنەوەی مۆدێڕن واتە فەلسەفەی ڕەخنەکارانەی کانتدا ڕوون بکەینەوە.
ژیانی فیکریی هەردووکیان لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی کانتیدا دەست پێ دەکات. هیگڵ بە نێونجیی شیلینگ و فیشتە و نیچە، لە ڕێگەی شووپێنهاوەرەوە لەگەڵ کانت پەیوەندی دەگرن. گۆڕانی فیکریی هەردووکیان دەکرێت بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە؛ هەوڵدان بۆ بەردەوامبوون، بەربڵاوکردن، ڕەخنە، و سەرووترڕۆشتن لە فەلسەفەی ڕەخنەکارانەی کانت. پرسی سەرەکیی کانت دۆزینەوەی گریمانەکان یان بنەما پێشترەکانی ئەزموون(مەعریفە، کردار، داوەری) بوو. بەڵام تەنانەت گەڵاڵەکردنی ئەم پرسە لەخۆگری قبووڵکردنی کۆمەڵێک خاڵی نوێ و کۆمەڵێک گۆڕانکاریی زۆر قووڵ بوو، لەوانە؛ پشتگوێخستنی هەرجۆرە ڕیالیسمێکی خاو و نەپوخت و قبووڵکردنی ئەم ڕاستییە کە جیهانی بەرهەست و واقیعی تا ڕادەیەکی زۆر دروستکراوی دەستی خودی ئێمەن؛ بنەمای هەموو مەعریفەکان، حەقیقەتەکان و بەهاکان، واتە هەمان ئهقڵی خۆتەوەر(خۆسەر) لە هەناوی ئێمەدایە، و تەنانەت چەمکی خوداش لەسەر ئەو بەندە. بەڵام ئەم “شۆڕشە کۆپەرنیکی”یە کە مرۆڤی دەخستە چەق و ناوەندی جیهانەوە، لەگەڵ گۆڕانکارییە مێژووییەکانی سەردەمی کانتدا گونجاو و وێکهاتوو بوو؛ شۆڕشی گەورەی فەرەنسە شایەتحاڵی ڕزگاریی مرۆڤ لە کۆت و پێوەندی دیکتاتۆرییەتی کوێری چینی سەرەوە و ئەریستۆکرات، ڕٶحانییەکان، و پاشایەتی بوو و شۆڕشی پیشەسازیی لە ئینگەلتەرا شایەتحاڵی ڕزگاربوون لە کۆت و پێوەندی هێزە کوێر و دڕەکانی سرووشت. بە وتەی کانت ڕۆشنگەری شتێک نەبوو جگە لە بەدەستهێنانی بوێری بۆ بەکارهێنانی ئهقڵی مرۆڤ و ئەمەی کە ئینسان دەیتوانی لە جیهانی دروستکراوی خۆیدا، لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێ.
هیگڵ و نیچە هەر کامەیان بەشێوەی تایبەتی خۆیان، هەوڵیان دا تاکوو لەڕێگەی تێکشکاندنی فۆرمالیسمی وشک و دەرهەستانەی کانتەوە، ڕووبەری ئەزموونی مرۆیی و هەروەها بنەما پێشینییەکانی پەرە پێ بدەن. ئەمەی کە پرسی سەرەکیی بیرکردنەوەی فەلسەفی ئیدی لە دۆزینەوەی چەند چەمک و دەستەواژەی دەرهەست، کە وەرگیراو لە لۆژیکی ئەرەستوو بوون، کورت نەدەکرایەوە. ئەم بەرنامەیە یان گەڵاڵە فەلسەفییە لەو کاتەدا ناوێکی دیاریکراوی نەبوو؛ تەنها دواتر، لە پاش گۆڕانکاری و نزیکیی خواستە فەلسەفییەکان بە یەکدی بوو کە ناوی هیرمینۆتیکی بۆ هەڵبژێردرا؛ بە شێوەیەک کە هەنووکە بە بێ دوودڵی دەتوانین بڵێین هەموو ڕێبازەکان و خواستە فەلسەفییەکانی سەدەی ئێستا، بەدەر لە هەندێ شێوەکانی زیادەڕۆیانەی ڕیژەگەرێتی، لەڕاستیدا باڵەکان یان چەشنە جۆراوجۆرەکانی هێرمینوتیکن یان ئەوەی کە بە ئاڕاستەی گۆڕانکارییەکانی خۆیدا خەسڵەتی هیرمینۆتیکیی وەرگرتووە. هەوڵی هیگڵ و نیچە بۆ خستنەڕووی دەستەواژەیەکی نوێ لە ئەزموونی مرۆیی و زاڵبوون بەسەر دژوازییەکانی مەعریفەناسی دانسقەی کانتدا بەشێوەیەکی دیاریکراو کرۆک و سرووشتێکی هێرمینوتیکی هەیە و بەراوردکردنی تێروتەسەلی گەڵاڵە هێرمینوتیکییەکانی ئەم دووە، ڕوونەکرەوەی زۆرێک لە پرسەکان و مەتەڵەکانی بیرکردنەوەی مۆدێڕن دەبێت. غایەتی سەرەکیی ڕەخنەی کانت لە میتافیزیک، پاساودانەوەی ئهقڵانیی زانستی ئەزموونمەندی مۆدێڕن( بەتایبەتی فیزیکی نیۆتۆن) وەکوو دەرکەوتەیەکی دیاری مەعریفەی بەرهەست بوو. بنەما و کۆڵەکەی ئەم پاساودانەش ڕووبەڕووبوونەوەی جیهانی هەستپێکراو لە ئەزموون(مشهود) و ئاگایی مرۆیی لەگەڵ جیهانی “شت لە خۆی”دا یان هەمان ڕووبەڕووبوونەوەی سوژە و ئۆبژە بوو. (اشیاء فی النفسە.) نیچە و هیگڵ هەر دووکیان بەتوندی لەگەڵ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، یان بە دەربڕینێکی دروستتر، بەم خوێندنەوە و تەفسیرە دەرهەستانەیەی کانت(و ئەزموونگەراکان، پۆزیستیڤیستەکان، زانستگەراکان و…) دژبەر بوون و هەوڵیان دەدا پووچەڵی کەنەوە؛ یەکەمیان بە ئامانجی ڕەتکردنەوە و ڕووخاندنی موتڵەق و ڕەهای میتافیزیک و دووهەمیشیان بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوە و سەلماندنی موتڵەقی.
سەرچاوە؛ مجلە ارغنون. مسائل نظری فرهنگ. شمارەی ١٨. چاپ چهارم. تهران.١٣٨٠ نشر آبان
نووسین؛ موراد فەرهادپوور
وەرگێڕان؛موحسین عەلیڕەزایی





































































