لەگەڵ دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٦دا، دیمەنی سیاسی و سەربازیی سوریا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینیوە. بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هاتنە سەر حوکمی حکومەتی کاتی بە سەرۆکایەتی “ئەحمەد شەرع”، زۆرێک پێیان وابوو لاپەڕەی خوێناوی سوریا دادەخرێت، بەڵام بۆ کورد، ئەم گۆڕانکارییە سەرەتای قۆناغێکی نوێی “مەترسیی بوون”ە. ململانێی ئەمڕۆی نێوان “هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” و “سوپای نوێی سوریا”، تەنها درێژکراوەی شەڕی ناوخۆ نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی مێژوویی قوڵە لەسەر دیمۆگرافیا، ئایدۆلۆجیا، ناسنامە، و لە هەمووشیان گرنگتر: شەڕی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە و ئاو. لەم وتارەدا شیکاری بۆ پێگەی کورد لەم هاوکێشە نوێیەدا دەکەین.
“پارادۆکسی جوگرافیا و نەفرەتی سامان”
بۆ تێگەیشتن لە دۆخی کورد لە سوریا، دەبێت سەرەتا لە پارادۆکسێکی سەیر تێبگەین؛ ئەو نەتەوەیەی کە بۆ دەیان ساڵ لەسەر خاکی خۆی وەک “بیانی” و بێ ناسنامە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، لەسەر جوگرافیایەک دەژی کە دڵی ئابووریی سوریایە. بەپێی داتا جوگرافییەکان، ناوچە کوردییەکان “کە دابەشبوون بەسەر سێ دوورگەی دابڕاوی: جزیرە، کۆبانی، و عەفرین” خاوەنی نزیکەی ٩٠٪ی یەدەگی نەوتی سوریا و ٦٠٪ی سەبەتەى خۆراکی “گەنم”ی ئەو وڵاتەن. ئەمڕۆ حکومەتی نوێی دیمەشق، کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت، باش دەزانێت کە “سوریای بێ جزیرە، دەوڵەتێکی مردووە”. بۆیە ستراتیژی ئێستای ئەحمەد شەرع جگە لە “ئایدیۆلۆژیا”، ئابوورییشە؛ ئەو دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت دەست بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی “عومەر، تەنەک، و ڕمێلان”دا بگرێتەوە، کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان و بەرهەمەکەیان ڕۆژانە بە ٨٠ بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیل دەخەمڵێندرێت.
“برینی مێژوو؛ لە خەتی ئاسنـەوە بۆ کەمەری عەرەبی“
ئەم ترسەی کورد لە حکومەتی ناوەندی، زادەی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو ڕیشەیەکی ٦٠ ساڵەی هەیە. لە دوای پەیماننامەی لۆزان “١٩٢٣” و دیاریکردنی “خەتی ئاسن” “هێڵی شەمەندەفەری بەرلین-بەغدا” وەک سنووری نێوان تورکیا و سوریا، کوردەکانی ئەم ناوچەیە دابەشکران. بەڵام پیلانی سڕینەوەی کورد لە ساڵانی شەستەکانەوە شێوەی سیستەماتیکی وەرگرت. لە ساڵی ١٩٦٢، لە ئەنجامی سەرژمێرییەکی بەدناودا لە پارێزگای حەسەکە، نزیکەی ١٢٠,٠٠٠ کورد لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش کران و ناونران “ئەجانب – بیانی” و “مەکتومین – تۆمارنەکراو”، وەک ئەوەی بوونیان نەبێت. ئەمە بەس نەبوو، لە ساڵی ١٩٦٥، بەپێی پلانێکی ئەمنی کە ئەندازیارەکەی “محەمەد تەڵەب هیلال” بوو، پرۆژەی “کەمەری عەرەبی” جێبەجێ کرا. ئەم پرۆژەیە بریتی بوو لە دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی بە قوڵایی ١٠ بۆ ١٥ کیلۆمەتر و درێژایی ٣٥٠ کیلۆمەتر بەسەر سنوری تورکیاوە، کە تێیدا کوردەکان دەرکران و عەشیرەتە عەرەبەکان “کە ناسراوبوون بە غەمر – ئەوانەی ئاوی بەنداوی فورات گوندەکانیانی لە ڕەققە ژێر ئاو دابوو” لە شوێنیان نیشتەجێ کران. ئەمڕۆ، کاتێک تورکیا داوای “ناوچەی ئارام” دەکات بە قوڵایی ٣٠ کم، کوردەکان ئەمە وەک زیندووکردنەوەی هەمان پرۆژەی “کەمەری عەرەبی” دەبینن، بەڵام ئەمجارە بە دەستی تورکیا و بە بەرگێکی نێودەوڵەتی.
“هاوسەنگی هێز لە ٢٠٢٦؛ دووبەرەکییەکی نوێ”
لەدوای نەمانی هەژموونی ئێران و ڕووسیا لە سوریا، گۆڕەپانەکە دابەشبووە بەسەر دوو هێزی سەرەکیدا. لەلایەک “هەسەدە” کە کۆنترۆڵی نزیکەی ٢٥.٦٪ی خاکی سوریای کردووە و خاوەنی هێزێکی مەشقپێکراوە “٨٠ بۆ ١٠٠ هەزار شەڕڤان”. لەلایەکی ترەوە “حکومەتی ناوەندی” کە کۆنترۆڵی ٦٣٪ی خاکەکەی بەدەستە و خاوەنی پشتیوانیی ئاسمانیی تورکیا “درۆنی بەیرەقدار” و شەرعییەتی نێودەوڵەتییە. بەپێی زانیارییەکان، جووڵەی سوپای نوێی سوریا بەرەو ڕۆژهەڵات، بەشێکە لە “رێککەوتنێکی گەورە”. شرۆڤەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دیمەشق پەیامی دڵنیایی داوەتە ئیسرائیل و ئەمەریکا سەبارەت بە پاراستنی سنورەکانی جۆلان و ڕێگریکردن لە هەر گرووپێکی توندڕەو، لە بەرامبەردا، ئەمەریکا جۆرێک لە “چاونوقاندن”ی پەیڕەو کردووە تا حکومەتی ناوەندی بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر سەرچاوە ئابوورییەکانی ڕۆژئاوادا بسەپێنێت.
“چەکی ئاو و وزە”
شەڕی ئێستا تەنها بە تۆپ و تانک ناکرێت. بەنداوەکانی “تەبقە” لە ڕەققە و “تشرین” لە مەنبەج، کە هەردووکیان لەسەر ڕووباری فوراتن و لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان، سەرچاوەی سەرەکی کارەبا و ئاوی سوریان. دیمەشق ناتوانێت بێ ئەم بەنداوانە ژێرخانی وێرانبووی وڵات بونیاد بنێتەوە. لە بەرامبەردا، هەسەدە پێویستی بە دەروازەکان و دانپێدانانی فەرمییە بۆ ئەوەی بتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت. ئەم هاوکێشەیە دۆخێکی “یاری سفر”ی دروستکردووە؛ هەردوو لا پێویستیان بە یەکە، بەڵام متمانە لە نێوانیاندا سفرە.
“بۆمبە تەوقیتکراوەکە؛ مەترسی داعش”
یەکێک لە مەترسیدارترین دەرهاویشتەکانی ئەم گرژییە، دۆسیەی زیندانیانی داعشە. هەتا پێش دەسپێکردنى ئاڵۆزییەکانى نێوان “هەسەدە-هێزەکانى سوریاى دیموکرات” و “چەکدارانى دیمەشق”، هەسەدە پاسەوانیی نزیکەی ١٠,٠٠٠ چەکداری مەترسیداری داعش لە زیندانەکانی وەک “سیناعە” و نزیکەی ٥٠,٠٠٠ کەسوکاری داعش لە “کەمپی هۆڵ”ى دەکرد.
ئەمەریکا هەر زوو هەردوولا و حکومەتى ئێراقیشى ڕازى کرد بەوەى “٧٠٠٠” ئەندامى زیندانیکراوى داعش لە سوریاوە بگوێزێتەوە ئێراق بۆ ئەوەى سیناریۆى ٢٠١٤ و هەڵهاتنى بە کۆمەڵى تێرۆریستان نەیەتە ئاراوە. ئەگەرچى، پێش پرۆسەى گواستنەوەکە، بەشێکى داعشە زیندانیکراوەکان لەلایەن سوپاکەى دیمەشقەوە بەرەڵاکران و مەترسییەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ئارادایە. ئەم مەترسییە تەنها بۆ سوریا نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئێراق و هەرێمی کوردستان.
“کاریگەری لەسەر باشووری کوردستان”
هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ٥٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە. دەروازەی “سێمالکا/فیشخابوور” وەک تاکە شادەماری ئابووریی ڕۆژئاوا وایە. تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە دیوی سوریا، سێ کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێم دەبێت:-
١. شەپۆلی ئاوارە:- پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری شەڕی شارەکاندا، نزیکەی ٢٠٠ هەزار پەنابەری نوێ ڕوو لە دهۆک و ناوچەکانی تر بکەن، سەرباری ئەوەی ئێستا هەرێم میوانداری ٢٦٠,٠٠٠ پەنابەری سوری دەکات.
٢. دزەکردنی تیرۆر:- ناسەقامگیری لە حەسەکە و قامیشلۆ دەرفەت دەداتە پاشماوەکانی داعش دزە بکەنە ناو خاکی هەرێم و پارێزگای نەینەوا.
٣. فشاری سیاسی:– هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر فشاری دژبەری تورکیا “بۆ داخستنی سنوور” و هاوسۆزیی نەتەوەیی “بۆ بەهاناوەچوونی ڕۆژئاوا”.
“سیناریۆکانی ئاییندە؛ بەرەو کوێ؟”
بە خوێندنەوەی داتاکان و دۆخی مەیدانی، سێ سیناریۆ لە ئاسۆدایە:-
- یەکەم “هەڵوەشاندنەوەی نەرم”:- ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی گەورە، فشار لە هەسەدە دەکات بەشێک لە مەرجەکانی دیمەشق قبوڵ بکات “تەسلیمکردنی داهاتی نەوت و بەشێک لە چەکە قورسەکان” لە بەرامبەر مانەوەی ئیدارەی خۆجێیی شارەوانییەکان. ئەمە سیناریۆیەکی “تاڵ”ە بەڵام لەناوچوون نییە.
- دووەم “شەڕی درێژخایەن”:- ئەگەر دانوستانەکان شکست بێنن، کورد پەنا دەباتە بەر شەڕی پارتیزانی “Guerrilla Warfare”. ئەمە دۆخێکی “ستاتکۆ”ی خوێناوی دروست دەکات کە ساڵانێک دەخایەنێت.
- سێیەم “کۆتایی تراژیدی”:- کشانەوەی تەواوەتی ئەمەریکا و هێرشی هەمەلایەنەی تورکیا و سوریا، کە دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی ئەزموونی خۆسەری و گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش ٢٠١١، بەڵام بە وێرانکارییەکی زۆرترەوە.
“دەرەنجام”
لە کۆتاییدا؛ دەردەکەوێت کە کێشەی کورد لە سوریای نوێدا تەنها کێشەی “ماف” نییە، بەڵکو کێشەی “جوگرافیا”یە. گۆڕینی ڕژێم لە دیمەشق نەبووە هۆی گۆڕینی عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و شۆڤێنیزم. تاکە کارتی بەهێز لە دەستی کورددا، یەکڕیزیی ناوخۆیی و بەکارهێنانی ژیرانەی کارتی “وزە و زیندانیانی داعش”ـە بۆ ناچارکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە دەستوەردان. ئەگەرنا، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و جوگرافیای دەوڵەمەندی کورد دەبێتەوە بە نەفرەت بۆ دانیشتووانەکەی.
سەرچاوەکان؛
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو: ڕاپۆرتی ستراتیژی ساڵانە “٢٠٢٥”.
- ناوەندی زانیاریی ڕۆژئاوا “RIC”: داتاکانی تایبەت بە دۆخی ئابووری و نەوت.
- پەیمانگای مێری “MERI”: کاریگەری قەیرانی سوریا لەسەر ئاسایشی هەرێم.
- مركز جسور للدراسات: خرائط النفوذ العسكري في سورية “٢٠٢٦”.
- المرصد السوري لحقوق الإنسان: إحصائيات الخسائر البشرية.





































































