“ئاشتەوایی و لێكترازانی نێو ماڵی كورد لە دوای ساڵی (1984ز)”
ا, ئاشتەوایی نێوان پارت و ڕەوتە كوردییەكان
بەپێچەوانەی ئەو مێژووەی بەر لە دەسپێكی گفتوگۆی نێوان حكومەتی ئێراق و یەكێتیی هەبوو، دوای شكستی گفتوگۆ و دەستپێكردنەوەی شەڕ لەنێوان هەردوولا، نزبكبوونەوەو ئاشتەوایی لەنێوان زۆرینەی پارت و ڕەوتەكانی شاخ دەستی پێكرد. تەنانەت ئەو لایەنانەشی لەساڵانی پێشوو دژایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان ئەكرد و لەماوەی گفتوگۆكاندا زۆر توند دژی بوون و كاریان بۆ شكستپێهێنانی ئەكرد، كەچی دواتر ڕوویان تێكرد و لێی نزیك بوونەوە. ئەوەش بێ هۆكار نەبوو، بەڵكو چەندین هۆكار لە پشتەوە بوو. لە سەروویانەوە وەك نەریتی كورد، بەشێكیان شكستی گفتوگۆیان پێخۆش بوو، چونكە سەركەوتنی گفتوگۆ و داننان بە مافی كورد لە ئێراقدا بۆ ئەو كاتە لە بەرژەوەندی یەكێتیی بوو. هەربۆیە شكستەكەیان لە سەركەوتنەكەیان پێ باشتر و خۆشتر بوو. هەروەها دوركەوتنەوەی یەكێتی لە حكومەتی ئێراق و ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی بۆ شاخ، ئەوەی بە پارت و ڕەوتە كوردییەكان ئەگەیاند، كە لێرە بەدوا یەكێتیی لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا دژایەتیان ناكات.
لەنێو ئەو دۆخەدا، كێشە ناوخۆییەكانی نێو پارت و ڕەوتە كوردییەكان، تا بە كاریگەری كۆماری ئیسلامی ئێران ئەگات لەسەریان. دۆخێكی بۆ نزیكبوونەوەی یەكێتیی لەگەڵ ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە ڕەخساند بوو. لە دەسپێكدا نزیكبوونەوە كەوتە نێوان یەكێتیی و حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان. یەكەمین پەیوەندیش لە رێگای (شەوكەوتی حاجی موشیر) ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتیی بە (موحەممەدی حاجی مەحموود) ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی سۆسیالیست بوو لە (21ی ئازاری1985ز)دا. ئەوەش بەهۆی مێژووی پەیوەندی هەردووكیان و نزیكایەتی هەردوولا لە یەكتری. بەوەی یەكەمیان خەڵكی شارۆچكەی (هەڵەبجە)و دووەمیان خەڵكی گوندی (گوڵەخانە)ی ناوچەی شارەزووری نزیك (هەڵەبجە) بوو. بەو هۆیەوەو دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ، یەكەمین كۆبونەوەی ئاشكرا لەسەر ئاستی باڵا لێ بەرهەم هات. كۆبوونەوەكەش لە (18ی نیسانی1986ز) دەستی پێكرد و لە ڕۆژی (24ی نیسان) بە رێكەوتنی هەردوولا لە گوندی (یاخسەمەر)ی بارەگای سەركردایەتی یەكێتیی كۆتایی هات. بەو هۆیەش هەردوولا سەرباری ئەوەی شەڕی نێوانیانی ڕاگرت، بڕیاریشیاندا كاری پێكەوەیی بكەن. هەروەها لە كۆی كارەكان و چالاكی پێشمەرگانە و بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعسی ئێراق، هاوكار و پشتیوانی یەكتر بن.
لایەنی دووەمی سیاسی دوای (حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان)، كە كیشەكانی لەگەڵ یەكێتیی وەلانا، (حیزبی شیوعی ئێراق) بوو. ئەویش لە (12ی حوزەیرانی1986ز) ڕێكەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕاگەیاند و كۆتاییان بە قۆناغی شەڕی نێوانیان هێنا.
دوای ئەو (دوو) لایەنە، نزیكبوونەوەش كەوتە نێوان (پارتی دیموكراتی كوردستان)و یەكێتیی. ئەوەش دوای ئەوەی (ئیدریس بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و (مام جەلال) سكرتێری گشتی یەكێتیی بە نێوەندگیری كۆماری ئیسلامی ئێران، لە (تاران) كۆبوونەوە. ئەوەش سەرەتاییەكی باشبوو بۆ كۆتاهێنان بە شەڕی چەند ساڵەی نێوانیان. دواتر چەندین كۆبونەوەو گۆڕینەوەی نامە و ئاڵوگؤری بیروڕا، كۆبونەوەی لوتكەی بەدوادا هات، كە كۆبوونەوەی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و (مام جەلال) سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بوو لە (8ی تشرینی دووەمی1986ز) لەشاری (تاران)و بە نێوەندگیری كۆماری ئیسلامی ئێران. دواجار بە واژۆكردنی رێكەوتنێكی فەڕمی، كۆتاییان بە قۆناغی (11) ساڵەی شەڕی نێوان هێناو قۆناغێكی تری ئاشتەوایی و كاری پێكەویی نێوانیان دەست پێكرد. نزیكبوونەوەی (دوو) پارتی بەهێزی باشووری كوردستانیش وایكرد، (پاسۆك) هەمان رێگا بگرێتەبەر و كۆتایی بە كیشە و گرژییەكانی لەگەڵ یەكێتیی بهێنێت. ئەوەش كەوتە (10ی كانوونی یەكەم)ی هەمان ساڵ، كاتێك رێكەوتنامەی دوو لایەنەیان بۆ ئاشتی و كاری پێكەوەیی واژۆ كرد. بەو هۆیەش هەر (چوار) لایەنەكەی (بەرەی جود) لەگەڵ یەكێتیی ئاشتبوونەوەو شەڕ و ناكۆكییەكانی چەند ساڵەی پێشوویان وەلانا.
كۆی ئەو نزیكبوونەوانە بە شێوەیەك لە شێوەكانی كاریگەری شكستی گفتوگۆكانی بەسەرەوە بوو. ئەوەشی تا ئێستا جێگای پرسیارەو ڕای جیاوازی لەسەرە ئەوەیە، كە ئایا ئەو لێك نزیكبوونەوانە، سازشی یەكێتی بوو بۆ ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە، تا لە شەڕی ئەوان و بەتایبەت ئەوانەی لە هاویەیمانی (بەرەی جود) بوون، دوور بكەوێتەوە؟ یان نزیكبونەوەی ئەو پارت و ڕەوتانە بوو لە یەكێتی، تا بەهۆی دریژەدانی جەنگی (ئێران-ئێراق)و دووری نێوانیان زیانیان پێ نەگەیەنێت. تەنانەت باس لەوەش كراوە، كە كۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی خۆی هەبوو لە نزیكبوونەوەی ئەوان، تا هەموویان پێكەوە لە بەرەیەكدا بۆ شەڕی دەوڵەتی ئێراق و قۆناغی دوای جەنگ ئامادە بكات. بەتایبەت دوای ئەوەی لای فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران ئەو بیرۆكەیە خرابوویەڕوو، كە لەناو خاكی ئێراقداو ووردتر لەسەر خاكی ناوچەی ئۆتۆنۆمی نێو دەوڵەتی ئێراق، دەوڵەتێكی نوێ لە ئێراق بەناوی (دەوڵەتی كاتی ئێراق) دروست بكات. بۆ ئەو كارەش پێویستی بە یەكریزی و یەكخستنی كۆی پارت و ڕەوتە كوردییەكانی باشووری كوردستان هەبوو، لە سەروویانەوە (پارتی و یەكێتی)، تا بەو ئامانجە بگەن. ئەو بیرۆكەیەش، چەندە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران قازانج بوو، ئەوەندەش بۆ پارت و ڕەوتە كوردییەكان و دۆزی كوردی باشووری كوردستان، سوودی هەبوو. بەوەی لە دەوڵەتێكی تاكڕەوی فاشیستی وەك (بەعس) ڕزگاریان دەبوو، بەڵام نەیاندەزانی سەرنەكەوتنی بە چییان دەگەیەنێت؟





































































