+ دەنووسیت تاوەکوو خۆت بدۆزیتەوە، یان بۆئەوەی دەقی تایبەت بە خۆت بدۆزیتەوە؟
نورا ناجی:- دەنووسم تا خۆم بدۆزمەوە، هەر لەسەر ئەم ڕێگای خۆدۆزینەوەیەش دەق دەدۆزمەوە. بەلای منەوە سەرەتا نووسین هەوڵێکە بۆ تێگەشتنی خود، چونکە دەقی باش لە بەتاڵیدا لەدایک نابێت، بەڵکوو لە پرسیارە کەڵەکەبووەکانی ناخی نووسەرەوە لەدایک دەبێت. لەگەڵ هەر ڕۆمانێکدا کە دەینووسم، هەستدەکەم گەشتوومەتە بەرزترین ئاست، بەڵام دواتر دێمەوە سەر خاڵی سفر. پرسیارەکان لە ناخمدا دەگۆڕێن و گەورە دەبن، وەکوو شەپۆلی دەریا دێن و دەچن. دیسانەوە دەست بۆ نووسین دەبەم و جارێکی تر خۆمی تیا دەدۆزمەوە.
+لە ڕۆمانی “سنوات الجری فی المکان” هەوڵتدا لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا بەشێک لە مێژووی نوێی میسر بنووسیتەوە؟
نورا ناجی:- لە بنەڕەتدا مەبەستم ئەوە نەبوو، بەڵام ڕۆمانەکە کەشێکی تایبەت لەخۆ دەگرێت. هەوڵمداوە باس لە نەوەکەی خۆم بکەم، وەکوو ترس لە داهاتوو و پەیوەندییە شێواوەکان لە شوێناندا. دەمویست گوزارشت لە بێ ئومێدی بکەم، ئەو بێ ئومێدییەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە واقیع دوورمان دەخاتەوە، لە خەوێکی شیریندا بووین و لەناو واقیعێک کە ناتوانین تیایدا بژین خەبەرمان بووەتەوە.
+ لەنێوان فەلسەفە و زمانی ئینگلیزیدا، ئایا بۆ پشوودان پەنات بردە بەر ڕۆماننوسی؟
نورا ناجی:- لەوانەیە بۆ پشوودان پەنام بردبێـت بۆ زمانی ئینگلیزی، بەڵکوو بۆ ڕێکخستنی زنجیرەی بیرکردنەوەکانم دوور لە زمانی دایک پەنام بۆ بردووە. ئەمما فەلسەفە داڵدەیەکی فیکرییە و تەنانەت هەندێکجاریش بارێکی زۆر قورسە. کاتێک دەنووسم وام لێدێت پرسیار زیاتر بنووسم، وەک لەوەی وەڵام بنووسم.
+ڕوانینت دەربارەی ڕەخنە چییە؟ ئایا ئاوێنەی ئەزموونەکانتە یان ڕاستکردنەوەی کارەکانتە؟
نورا ناجی:- ڕەخنە وەکوو ئاوێنەیەک دەبینم، بەڵام هەندێکجار ئاوێنەیەکی تەڵخە. ڕەتی ناکەمەوە، بەڵام تەنیا ئەوەی لێوە فێر دەبم کە پێویستمە. نووسەر ناتوانێت بەتەواوی بابەتی کارەکەی ببینێت، بۆیە ڕەخنە لەم کارە یارمەتیدەرمە، بەڵام مەرجیش نییە تەواوی ڕێگەکە لە ئەستۆ بگریت. بەدڵێکی فراوانەوە ڕەخنەکان قەبووڵ دەکەم، ئیتر چ لە شارەزایان بێت، یان لە خوێنەرانەوە بێـت. هەرگیزیش ڕێگە نادەم ڕەخنەکان کاریگەری لەسەرم دروست بکەن.
+ کام لە بەرهەمەکانت نزیکترە لە دڵتەوە؟
نورا ناجی:- لەوانەیە “بیت الجاز” بێت، چونکە ڕاستگۆترین بەرهەمم بووە. بەبێ ئەوەی خەمی بڵاوکردنەوە و شێوەی کۆتاییم هەبێت دەمنووسی، تەنیا بۆئەوەی لەگەڵ کەسایەتییەکاندا بم دەمنووسی. لەڕێگەی ڕزوەی نووسەرەوە باسی دیدگای خۆمم بەرانبەر بە نووسین و ئازارەکانی و کولتوور بەشێوەیەکی گشتی و خۆمم کردووە.
+ هیچ پڕۆژەیەکی دیاریکراو هەیە کاری لەسەر بکەیت؟ ئهگەر هەیە، ئایا ڕۆمانی “بیت الجاز” لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەدایە؟
نورا ناجی:- وەکوو پێشتر باسم لێوەکرد، من ئەوە دەنووسم کە بەلامەوە گرنگە. بەدڵنیاییەوە هێڵێکی شاراوە لەنێوان بەرهەمەکانمدا هەیە، بەڵام ئەمە شتێکە لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر جیاوازی هەیە. ئەو شتانە دەنووسم کە بەلامەوە گرنگن، ئەو فیکرانەی بەدرێژایی کات دەخزێنە مێشکمەوە؛ کاتێک پیاسە دەکەم، یان بیر لە شتێک دەکەمەوە، یان شتێکی دیاریکراو دەخوێنمەوە، یاخود ڕووداوێکی ڕاستەقینە لە ڕۆژنامەکان دەبینم و کارم لێدەکەن. ئەو کێشانەی لە بەرنامەی “توک شو” دەیبیستین و لە “برید الجمعة” دەیخوێنینەوە. ئەو بەسەرهاتانەی لە بەرنامە ئایینییەکاندا خەڵکی بۆ مەلاکانی دەیگێڕنەوە، هەمووی چیرۆکی راستەقینەن و بەلامەوە گرنگن. هەموو ئەمانە وام لێدەکەن بیر بکەمەوە و سەرسام ببم و بەڕێزەوە بەدوایدا بچم، چونکە لایەنی زۆر ئاشکرا دەکەن. مرۆڤە ڕاستەقینەکانمان بۆ ئاشکرا دەکەن، نەک ساختەکان. لەڕێگەی ڕۆمانەکانمەوە باسی خۆم دەکەم. تۆمەتی زۆرم دەخەنە پاڵ و هەمیشەش ئەم تۆمەتانە ڕاوم دەنێن. بۆ نموونە دەڵێن:- یەکێک ڕۆمانەکانی بۆ دەنووسێت، یەکێک یارمەتی دەدات، یان ئەوەی کە دەینووسم ژیانی ڕاستەقینەی خۆمە. بەبێ ئەوەی لە نووسینەکانم قووڵ ببنەوە، چەندین شتی تر دەڵێن. تەنیا لەبەرئەوەی ژنە نووسەرێکم، کەس بیر لە ئەقڵی نووسینم ناکاتەوە. بۆیە لەم ڕۆمانەدا “بیت الجاز” دەمەوێت بە هەموان بڵێم:- گەر قسەکانی ئێوە دەربارەی من ڕاستە، فەرموون هەقیقەتی ئەم ڕۆمانە دەربخەن.
+لەنێو وەرگێرانەکانتدا بەرهەمی منداڵانیش دەبینین. ئایا ڕۆژێک لە ڕۆژان وەکوو نووسەری منداڵان دەتبینین؟
نورا ناجی:- بەرهەمم بۆ منداڵان وەرگێڕاوە. وێڕای ئەوەی وەرگێڕانی بەرهەمی منداڵان تاقەت پڕوکێنە، بەڵام کێشەم نییە جارێکی تریش ئەو کارە بکەمەوە. نووسینی بەرهەم بۆ منداڵان لەسەرووی توانای منەوەیە، لەڕاستیدا زۆر دژوارە و ناتوانم ئەو کارە بکەم. چیت داوە لە بەرهەمی منداڵان؟ سەرباری ئەوەی بیرۆکە و پاڵنەری زۆر هەیە، بەڵام وای دەبینم بەرهەمی منداڵان کاری من نییە. من لەو جۆرە کەسانەم کە ئەمەکدارم بۆ جۆرەکەی خۆم، بۆ ڕۆمان. کورتە چیرۆک دەنووسم و دەقیش دەنووسم، پڕۆژەیەکیشم بۆ ئەمە هەیە و وا کاری لەسەر دەکەم. بەڵام دڵسۆزیم هەر بۆ ڕۆمانە.
+ لە ڕۆمانی “بنات الباشا”ەوە، ئایا تۆ لەو کەسانەی کە کۆمەڵگە بە نێرسالاری دەبینن؟
نورا ناجی:- من هیچ دروشمێکی دیاریکراوم هەڵنەگرتووە، تەنیا چیرۆکنووسێکم. لەسەر هەر خوێنەرێکە چۆن دەیبینێـت و لێی تێدەگات وەها ڕوونی بکاتەوە، ئەگینا لەسەر نووسەر نییە دروشمێک هەڵبگرێت. پێویستە نووسەر دیدگا و پرسیارەکانی خۆی دەربارەی ژیان و جیهان بگوازێتەوە و ڕێگە بە خوێنەر بدات بیربکاتەوە و بگاتە وەڵامەکان.
+ “بیت الجاز” دوایین بەرهەمی تۆیە و باس لە کێشە و گرفتەکانی ژنان دەکات. لە ڕۆمانەکانتدا، ڕۆڵی پیاو لەکوێدایە؟
نورا ناجی:- پیاوان لە هەموو ڕۆمانەکانمدا هەن، بەڵام ڕەخنەگران تەنیا سەیری ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت. لە ڕۆمانەکانمدا، ڕۆڵی پیاوان بە ئەندازەی ژنان بوونیان هەیە. لە ئەدەبدا ڕەش و سپی بوونی نییە. بێشک دەتوانم بە زمانی پیاوانیش ڕۆمان بنووسم وەکوو “سنوات الجری فی المکان”. کارەکە تەنیا بە ناوەڕۆکەکە و ئەوەی پێویستە بەندە.
+ ڕۆمانی “الجدار” سنووری کات و شوێن دەبڕێت و ئازار و ئومێدەکانی ژنان دەردەخات. بەڕای تۆ ئەم ڕۆمانە نەخۆشخانەیەکی دەروونی و کورسییەکی دانپێدانانە، یان تەنیا هونەرێکە و زیاتر نا؟
نورا ناجی:- بەڕای خۆم ڕۆمانی “الجدار” لە بیرکردنەوە و زەبرە دەروونییەکانم ڕزگاری کردم. زۆرم پێخۆشە بیردەکەمەوە لەوەی دەتوانێت خوێنەرەکانی ڕزگار بکات، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت لە نووسین و خوێندنەوەی ڕۆمان بەشە هونەرییەکەی پشتگوێ بخەم.
+ لە ڕۆمانی “بیت الجاز” مەرمەر دەکەوێتە خوارەوە، چیرۆکی ئەم کچە چییە؟
نورا ناجی:- مەرمەر پوختەی هەموو ژنانە، ڕۆحێکی بێگەرد و پاکە کە نازانێت بۆچی وای لێ بەسەر دێت. بە ئەزموونێکی تاڵدا تێدەپەڕێت و بڕیاردەدات خۆی بخاتە خوارەوە، بەڵام خۆ هەڵدانەکەشی مانای خۆ بەدەستەوەدان نادا. وای بۆ دەچم کەوتنەخوارەوەی مەرمەر، لوتکەی کودەتا و هەڵگەڕانەوەیە.
+خەڵاتەکان و کردنی ڕۆمانەکانت بە کاری سینەمایی چی مانایەکی بۆ تۆ هەیە؟
نورا ناجی:- وەکوو هەر کەسێکی تر مانایەکی زۆری بۆ من هەیە. بەختەوەرم دەکات و هیوای بۆ دەخوازم، چونکە لە ڕووی مرۆیی و مادییەوە زیاتر هانت دەدا. کردنی ڕۆمانەکانیشم بە کاری سینەمایی، شتێکی زۆر گەورەیە لام، هەوڵی بۆ نادەم، بەڵام دڵخۆشیشم دەکات.
نورا ناجی؛ ڕۆژنامەنوس و نووسەرێکی میسـرییە. لە ساڵی ١٩٨٧ لە تەنتا لەدایکبووە. چەندین ڕۆمانی بڵاوبووەتەوە لەوانە:-
- ڕۆمانی “بانا” کە وەشانخانەی “لیلی” لە ساڵی ٢٠١٤ چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
- ڕۆمانی “الجدار” کە وەشانخانەی الرواق لە ساڵی ٢٠١٦ چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
- ڕۆمانی “بنات الباشا” کە وەشانخانەی “أجیال” چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم ڕۆمانەی گەشتووەتە لیستی خەڵاتی ساویرس، لقی گەنجانی ئەدەبی بۆ ساڵی ٢٠١٨
سەرچاوەکان:-
الشرق
موقع الکتابة الثقافی
بوابە الأهرام
وەرگێڕانی:- مەدینە ئەحمەد





































































