وەک دەزانین زیادبوونی پێداویستیەکانی مرۆڤ و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان وای کردووە کە ژمارەیەکی زۆر دەزگا و ئامێر و ئامڕاز دروستبکرێت بۆ خزمەتی مرۆڤ، کە لایەنی چاکە و خراپەشی هەیە و هەتا داهێنانەکان زیاتر بێت ئەرکی سەرشانی مرۆڤیش قورستر دەبێت و ژینگەکەشی پیس دەبێت کە بمانەوێت لە زاراوەی پاشماوەی ماددە ڕەقەکان تێبگەین دەتوانین بە زمانێکی سادە بڵێین؛ بریتیە لە کۆکردنەوەی هەموو ئەو پاشەڕۆ و شتە بێکەڵکانەی کە لە کارگەکان، نەخۆشخانەکان، ماڵەکان، خوێندنگەکان، کوشتارگەکانەوە دێت و ڕۆڵی سەرەکییان لە پیسکردنی ژینگەدا هەیە، کە ڕاستەوخۆ زیانێکی زۆر بە بەرگی دەرەوە و ناوەوەی زەوی دەگەیەنن و کاریگەری زۆر خراپیان هەیە بۆ خاک، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی سرووشتی خاک. بڕی ماددە ڕەقەکانی شارەکان زۆر زیاترە لە گوندەکان هەندێک لێکۆڵینەوە دەریخستووە بڕی زبڵ و خاشاکی شاری قاهیرە ساڵانە دەگاتە (١٢)ملیۆن تەن، کە زبڵ و خاشاکی تاکە کەسێک ڕۆژانە دەگاتە (٩٠ – ٤٠٠)کگم،بەڵام لە وڵاتی فەڕەنسا مەزەندە کراوە بە (١.١)کگم، کە بەگوێرەی ئاستی ڕۆشنبیری و گوزەران و کلتور نەریتی وڵاتان دەگۆڕێت.
لێکۆلینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕێژەی مادە ڕەقەکان(زبڵ و خاشاک)لە (٤٠-٥٠%)پاشماوەی ماڵانن، ڕێژەی (٢٠-٢٥%) لە پاشماوەی کەرتەکانی بیناسازین و ڕێژی (٢٠-٣٠%) لە پاشماوەی کەرتی بازرگانین. ڕۆژانە ئێراق نزیکەى (٣٠٠٠٠) تۆن لە پاشماوەى ڕەق بەرهەم دەهێنێت وڵاتەکە ژێرخانى ڕاستەقینەى چارەسەرکردنى پاشماوەی ماددە ڕەقەکانی نییە بۆ ئەوەى ئەم پاشماوەیە بەشێوەیەکى گونجاو فڕێ بدرێت و کاریگەرى نەرێنى ژینگەیى و تەندروستى نەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆیەیە کە زۆربەى ئەو پاشماوانە فڕێدەدرێنە نێو کۆمەڵێک شوێنى ناڕێکخراوى فڕێدانى زبڵەوە. ئەمەش وادەکات لە ئایندەدا ئێراق باجێکى گەورە بدات بەرامبەر بە پابەندییەکانى ئەو وڵاتە بۆ کەمکردنەوەى دەرهاویشتەى گازە گەرمەکان و لەگەڵیدا ئەو پیسبوونەى خاک و ئاوی وڵاتەکە کە ئەم پاشماوانە دروستى دەکەن، ئەمە جگە لە زیانە تەندروستیەکانی ئەم ماددانە بۆ مرۆڤ کە ئەویش کێشەیەکی ترە. لە هەرێمی کوردستانیش پاشەڕۆی ماددە ڕەقەکان، بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەی زۆر زیاترە، بەپێی ئەو ئامارەی کە شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویانکردۆتەوە، ڕۆژانە تەنها لە هەرێمی کوردستان (٦٠٠٠-٧٠٠٠)تۆن پاشەڕۆی ماددە ڕەقەکان کۆدەکرێنەوە، بەجۆرێک پێکهاتەی زبڵ و خاشاک زۆر جیاوازترە لە وڵاتانی تر کە (٣٥%) لە پێکهاتە پلاستیکییەکانە و (٤٥-٥٠%) مادەی خۆراکین (١٥-٢٠%) پاشماوەکانی ترن. کە ئەمەش کۆمەڵێک گرفت و کێشەی دروستکردووە بۆ ژینگە بە شێوەیەکی گشتی و مرۆڤ و زیندەوەران بە تایبەتی.
“زیانەکانی پیسبوون بە خۆڵ و خاشاکەوە”
١:- ئەو زبڵ و خاشاک و پاشەڕۆیانە لە ناو ماڵ بن جا لەشارەکان یان گوندەکان، مێش و مەگەزێکی زۆر بۆلای خۆی کێش دەکات و نەخۆشی دەگوێزێتەوە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان.
٢:- پاشەڕۆی مرۆی و ئاژەڵی وەک پیساییەکان لە ژینگەدا بڵاودەبێتەوە بەتایبەت لەو ناوچانەدا کە ئاستی ئابووری و ڕۆشنبیریان نزمە.
٣:- کوشتارگە و قەسابخانەکان وپاشەڕۆی کێڵگەکانی پەلەوەر بەخێوکردن، کە ئەمەش بۆنی ناخۆشیان لێوە دەردەچێت و شوێنەکانیان دەبنە ناوچەیەکی باش بۆ گەشەسەندنی بەکتریا و ڤایرۆسەکان.
٤:- پاشماوەی نەخۆشخانەکان بەهەمان شێوەی ماڵان فڕێدەدرێن، کەئەمەش کێشەیەکی گەورە دروست دەکات لەبەر ئەوەی پاشماوەی نەخۆشخانەکان کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی و پزیشکییان تێدایە، کە تا ئاستێکی مەترسیدار دەبنە هۆی پیسبوونی خاک، بە جۆرێک کە ڕەنگە پیسبوونەکە کاریگەری بخاتە سەر ئاوی ژێرزەویش.
لابردنی پاشماوەی ماددە ڕەقەکان؛ چەند ڕێگایەکی تایبەتی هەیە بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی ماددە ڕەقەکان کە بە گوێرەی ناوچەکان و وڵاتان دەگۆڕێن، بۆ نموونە کۆکردنەوەیەکی سەرەتایی پاشماوەی نەخۆشخانەکان و کارگە پیشەسازییەکان و بەتایبەت کارگە کیمیاوییەکان و پاشماوەی شارەکان بە گەورە و بچوکیەوە و گوندەکان و کێڵگە کشتوکاڵیەکان، ئەمانە هەر کۆمەڵەی ئەبێت بەشێوەیەکی تایبەت چارەسەریان بۆ ئامادە بکرێت.
“چەند نموونەیەک بۆ لابردن و چارەسەکردن”
١:- فڕێدانی پیساییە ڕەقەکان لە ژێر ئاوی دەریا و ئۆقیانووسەکان؛ بە گشتی ئەم کارە لەو شوێنانە بەکاردەهێنرێن کە نزیکە لە دەریا و ئۆقیانووسەکانەوە، هەروەها بەگشتی پاشماوەی کارگەکان دەگرێتەوە، لەیەکەم هەنگاودا ئەم پاشماوانە لە بەرمیلی تایبەتدا کۆدەکرێنەوە، ئینجا فڕێدەدرێنە بنی دەریا و ئۆقیانووسەکانەوە بۆ نموونە لە ساڵی (١٩٦٨) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی (٦٠٠)هەزار تەن لەم جۆرە پاشماوەیە فڕێدراونەتە ناو ئاوی دەریا و ئۆقیانووسەکانەوە، هەرچەندە لە زۆرلایەنەوە ئەمە چارەسەر نیە، چونکە پاش ماوەیەک ئەبنە هۆی کۆمەڵیک گیروگرفتی تازە، بەتایبەتی هەموو ئەو زیندەوەرانەی لە ناو ئاودا دەژین و ئەو دانیشتوانەی لەو سنورانەدا دەژین.
٢:- دروستکردنی چاڵی گەورە و مۆدێرن بەشێوەیەکی ئەندازەی و ڕەچاوکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ لەناوبردنی ماددەکان.
٣:- دوورخستنەوەی پیسایی بۆ ناوچەیەکی دوور، کە ئەمەش هەروەک فڕێدانی بۆ ناو ئاو کۆمەڵێک گیروگرفت پەیدا دەکات، کە هەندێک جار ئەم پاشماوانە ئاگریان تێبەردەدرێت وئەسوتێن و کۆمەڵێک غازی ژەهراوی دەخەنە هەواوە، دەشبێتە هۆی پیسبوونی خاک، کە چیتر ناتوانرێت ئەو خاکە بەکاربهێنرێت بۆ کشتوکاڵکردن، لەبەر ئەوەی سیفاتە سرووشتییەکەی کە دەستدەدات و کۆمەڵێک ماددەی نوێی زیانبەخشی بۆ زیاد دەبێت.
٤:- بەکارهێنانی کورەی تایبەت بۆ سوتاندنی زبڵ و خاشاک، زۆرێک لە وڵاتان ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنن بەتایبەتی وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئەم وزە گەرمییە زۆرەش لێی پەیدا دەبێت بەکاردەهێنرێت بۆ کردارەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا.
٥:- دەتوانین پەیینێکی ئەندامی کوالێتی بەرز لە زبڵ و خاشاک بەرهەم بهێنین لە ئابوورییەوە ئەم ڕێگایە بەسوودترین ڕێگەیە بۆ ڕزگاربوون لەدەست زبڵ وخاشاک، چونکە ڕێسایکلین و دووبارە بەکارهێنانەوەی زبڵ و خاشاکەکەیە، بەتایبەت ئەو کەرەستانەی کە شیاوی ئەوەن بترشێن، دواتر ببنە پەیین و بەکاربهێنرێن و ببنە سەرچاوەی توخمە پێویستیەکانی ڕووەک.
٦:- گۆڕینی جۆری پاشماوەکان بۆ پەین: کارێکی بایۆکیمیاییە و بە تایبەتی پاشماوە ئۆرگانیەکان ئەگرێتەوە، ئەم کارە لە زۆر وڵاتدا بەکاردەهێنرێت و سود و تایبەتمەندی خۆی هەیە، کە لەم کارەدا گۆڕینەکان بە گوێرەی چەند هەنگاوێک دەبێت:-
١:- پاککردنەوەی پاشماوەکان لە پارچە ڕەقە کانزاییەکان، ئەمەش بەیارمەتی کاری موگناتیسی دەکرێت.
٢:- ووردکردنی پارچە گەورەکان و هاڕینیان.
“دووبارە گەڕانەوەی پاشماوەکان”
١:- لێرەدا مەبەست گەڕانەوەی پاشماوەیە بۆ بارە کۆنەکەی و دووبارە بەکارهێنانەوە، وەک گەڕانەوەی کاغەزی بەکارهێنراوە بۆ کاغەزی پاک و خاوێن، ئەبینین ڕۆژانە هەزاران تەن کاغەزی ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکان وەکو زبڵ و خاشاک فڕێ دەدرێن، کەواتە بۆ دروستکردنی هەزاران تەن کاغەز کە ئەمڕۆ بەکاردەهێنرێت ئەبێت ملیۆنەها داری دارستان ببڕێتەوە، کە ئەمەش زیانگەیاندنە بە دارستانەکان لە جیهاندا و تێکدانی ژینگەیە، هەروەها ئەم گەڕانەوەیە بۆ کانزاکان و شوشە و کەلوپەلی دیکەش جێبەجێ دەکرێت، لە لایەکی ترەوە ئەگەر ئەو هەموو کاغەزە زیادەیە بە خۆڕایی بسوتێنرێت. ئەبێت بزانین چەند لەو غازانەی وەک دوانە ئۆکسیدی کاربۆن ئەگەیەنێتە هەوا و پیسی ئەکات؟ نموونەیەکی دیکە، وەک هەژمارکراوە ئەگەر هاتوو(١١)ملیۆن تەنی کاغەزی بەکارهێنراو جارێکی دیکە کاغەزی نوێی لێ دروستبکەین، ئەم بەرهەمە نوێیە نزیکەی (٢٠٠) ملیۆن دار لە بڕینەوە ڕزگاردەکات. نموونەیەکی دیکە، تەنها لە ئەمریکا لەساڵێكدا نزیکەی (٥) بیلۆن قاپی ئەلەمنیۆم دروست دەکرێت و بەکاردەهێنرێت ئەگەر ساڵانە ئەم پاشماوانە فڕێ بدرێت ئەبێت چەندەها شاخی بەرز دروستبکرێت. بە گشتی کاری تازەکردنەوەی کەلوپەلی کۆن ئەمڕۆ لەگەلێک وڵاتدا دەستیپێکردووە و بەڕێکوپێکی دەکرێت. ئەم کردارە لایەنێکی ئابووری سودمەندی فراوانی هەیە جگە لەم لایەنە لەبواری ژینگەشدا خزمەتێکی فراوانی هەموو لایەنێكە.
٢:- هەوڵبدرێت هەر کەلوپەلێک کە لە مادە رەقەکان دروستکراون، دەشكێن یان لە کاردەکەون دەبێت هەوڵی چاکردنەوەیان بدرێت پێش فڕێدان یان ئەو بەشەی تێکچووە چاک بکرێت، بۆ ئەوەی کەمترین پاشماوەی ماددەی ڕەق هەبێت و بتوانرێت لەو ڕێگایەوە ژینگە بپارێزێت لە پیسبوون.
سەرچاوەکان؛
کتێب
١:- پیسبوونی ژینگە و جۆرەکانی، موحەمەد ئەلسید عەجورە، وەرگێرانی، ئەحمەد علی ئەحمەد، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٤.
٢:- ژینگە و هۆکارەکانی پیسبوونی لە هەرێمی کوردستان، ئاشتی محمەد ساڵح حەسەن،چاپخانەی گەنج،چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٢٥.
٣:- کیمیای ژینگە پیسبوونی ئاووهەوا، پرۆفیسۆر دکتۆر عەزیز ئەحمەد ئەمین، بڵاوکراوەی ئەکادیمیای کوردی، چاپخانەی حاجی هاشم:- هەولێر، ساڵی ٢٠٠٩.
ئینتەرنێت
ئامادەکردن: هۆشیارجەمال






































































