لە ئایار و حوزەیرانی ساڵی (1971)، (دۆن سیگڵ و کلینت ئیستوود) و وێنەگری سینەمایی بەتوانا “بروس سورتس” پێکەوە کاریان لە فیلمێکی نوێدا کرد بۆ کۆمپانیای فیلمسازی وارنەر بڕەزەرز بە ناوی هاری چەپەڵ(Dirty Harry)، کە لە جەژنی کریسمسی هەمان ساڵدا نمایشکرا. چیرۆکی فیلمەکە بریتییە لە؛ پۆلیسێک بە ناوی هاری کاڵاهان کە بە ” هاری چەپەڵ ” ناسراوە و ڕاهاتووە کارەکان بە شێوازی خۆی ئەنجام بدات و دەمانچەیەکی (ماگنۆم 44) لە پشتێنیدایە، لە شەو و ڕۆژێکدا گەشتێک بەناو سان فرانسیسکۆدا دەکات، ناوبراو بکوژێکی زنجیرەییە کە خۆی بە ” دووپشک ” ناودەبات، سیستمێکی دادوەری کە وا دەردەکەوێت زیاتر گرنگی بە مافی تاوانباران دەدات نەک قووربانییان، بێوچان ڕاوەدوونانی بکوژێک کە لەلایەن هاری کالاهانی یاخییەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە ئامادەیە هەر ڕێگایەکی پێویست بگرێتەبەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی. لێرەوە ڕوونە کە چۆن فیلمەکە دەرگای گەورەی بۆ ڕەخنەگران خستەسەر پشت، بەتایبەتی بۆ ڕەخنەگرە ئەمریکییەکان، کە لەو کاتەدا بە چاوێکی کەم سەیری فیلمەکانی ئیستوودیانە دەکرد دوای گەڕانەوە ئیستوود بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان – لە باشترین حاڵەتدا بە سەرگەرمی وخۆشبوێری(تەرفیهی)یەکی بێ بەها و لە خراپترین حاڵەتدا بە نیشانەیەکی نوێی خراپیی بارودۆخ (واتە بوونی قەیران) دادەنرا(16) . تاوانی ” هاری چەپەڵ ” چییە؟ وەڵام؛ هەڵوێستەکەیەتی دژی “سیستمی چەوسێنەر” ئەمە کرۆک و قووڵایی ئەو تێنەگەیشتنە بوو کە دەوری فیلمەکەی دابوو – ڕەنگە تا نووسینی ئەم کتێبەش ئیستوود بەردەوام بێت لەسەر ئەم هەڵوێستە – و فیلمەکە گوزارشت بوو لە شێوازێکی بەرەنگاری و بێزاری و تووڕەیی کە لەگەڵ ” کولتووری پێچەوانە “ی ئەو سەردەمەدا نەدەگونجا. وا دەرکەوت کە خۆی ڕووبەڕووی ئەو کولتوورە دژبەرە دەکاتەوە – دەبێتەوە – بە کورتی تاوانی هاری کاڵاهان ئەوە بوو کە بە شێوازی خۆی ناڕەزایەتی دەردەبڕی. فیلمەکە پاڵنەری لیبڕاڵی خستە دژی پاڵنەری ڕادیکاڵی (ڕوونە کە هاری کاڵاهان زیاتر لەوەی دۆن سیگڵ پێی دەزانێت، بیرۆکەکانی سیگڵ دەردەخات، واتە پتر لەوەی سیگڵ درکی پێ دەکات گورازشت لە دیدگای ناوبراو دەکات)، و هانی خوێندنەوەی ئایدیۆلۆژی دەدات لەبری شیکارییەکی ڕەخنەیی وردتر.
“کلینت ئیستوود بە قەڵەمی؛ پاولین کەیڵ (Pauline Kael)”
ئەمە وتارێکی نا-دادپەروەرانە و نادروست بوو، لێ هەردەبێیی(حەتمی) بوو، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵکشانی ئەو کاتی کولتووری دژ – کولتووری ناباو یان کولتووری پێچەوانەی باو – کە لەلایەن هونەرمەندانێکەوە پاڵپشتی دەکرا کە دەیانویست خۆیان لە ئەمریکای سەرکوتکەری سەردەمی نیکسن(Nixon) دووربخەنەوە. بەهۆی پێویستیان بە ڕاکێشانی سەرنج بۆ دۆزەکەیان، کۆتاییان بەوە هات کە هەمان ڕەقێتیی سیاسی و ئایدیۆلۆژی پاتە بکەنەوە کە بڕیاریان دابوو سەرکۆنەی بکەن و، ئەو کارانەیان دوورخستەوە کە جوانی و تاکایەتییان بە تێپەڕبوونی کات دەرکەوت. ئەم وتارەی پاولین کەیڵ – ڕەخنەگری ناوداری سینەمایی لە گۆڤاری نیویۆڕکەر(The New Yorker) – کاتێک بۆ یەکەمجار بڵاوکرایەوە و بۆ ماوەیەکی درێژیش دوای بڵاوبوونەوەی مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. بۆ ماوەی پتر لە دەیەیەک، یاساگەلێکی بۆ ئەو شێوازە داڕشت کە ئیستوود وەک ئەکتەر و بەرهەمهێنەری فیلم چاوی لێبکرێت، و ئیستوودی کرد بە ئەسپی ڕەشی ڕۆشنبیران. هەروەها هانی ناوبراوی دا کە ڕەخنەی خودیی – ڕەخنە لە خۆ – سەرکوتنەکراوی خۆی پەرە پێبدات. بە کورتی، ئەم وتارە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر فیلمەکانی ئیستوود و ئەو کارەکتەرانەی لە داهاتوودا ڕۆڵی دەگێڕان هەبوو، بە پێچەوانەوە ئەمەش وایکرد خوێندنەوەی وتارەکە ببتە کارێکی زۆر پێویست. “هاری چەپەڵ ” دەربڕینی پۆلیسی ڕاستەقینەی سان فرانسیسکۆ نییە، بەڵکو ساوێر(وەهم)ەکانی باڵێکی ڕاستڕەوانەیە دەربارەی پۆلیسێک کە وەک کۆمەڵەیەک وێنا دەکرێت کە لەلایان لیبڕاڵە نا-واقیعییەکانەوە لاواز دەکرێت. بیرۆکەی ئەم فیلمە باس لە ماوەیەکی کورتی نایاب دەکات کە تێیدا کەسێکی واقیعبین چووتە ڕیزی هێزەکانی پۆلیس و – دەکراوه، فیلمە تووندوتیژەکان، وا دەردەکەوێت کە ئاسانتر – و خۆشتر – بێت لە مامەڵە لەگەڵ تاواندا بە شێوازی سەدەکانی ناوەڕاست، وەک خراپەیەک، بەبێ هۆکار و پاشخانێکی دیاریکراو. ئەو هۆکارانەی کەسێک دەکەنە بکوژ ڕەنگە وەک ” بابەت ” بۆ هونەرمەندێک دەربکەون، بەڵام بۆ ئەو کەسەی بە دوای سەرگەرمی و خۆشبوێریدا دەگەڕێت بێزارکەرن و نایەوێت خێراییەکەی کەم ببێتەوە. تۆ فیلمێک لەگەڵ کلینت ئیستوود دروست دەکەیت، و دەتەوێت شتەکان سادە بن، و ململانێی سەرەکیی نێوان چاکە و خراپە لەوپەڕی سادەییدا بێت. ئەمە وادەکات ئەم فیلمە لە زۆربەی فیلمەکانی تر سەرەتاییتر دەربکەوێت، و کۆن و خەیاڵزەدەیە، و وەک فاشیستێکی سەدەکانی ناوەڕاست بێت کە چیرۆکە ئەفسانەییەکان سەرنجی ڕاکێشابن و چێژیان لێ ببینێت.
فیلمەکە پێشوازی و چەپڵەڕێزانی (پورتۆ ڕیکانس)ی لێکەوتەوە، کە لەنێو ئامادەبوواندا بوو کە بە خۆشییەوە هاواریان دەکرد – وەک چۆن لێیان داواکرابوو – کاتێک شێتەکە قیژاندی و داوای مافە یاساییەکانی دەکرد. پورتۆ ڕیکانس دەتوانێت سەرسامی هاری بێت، چونکە لە فیلمەکەدا ئەو یاسایانەی مافی تۆمەتبار دەپارێزن، وەک چارەسەرێک بۆ مامەڵەی خراپی پۆلیس و دادگاکان لەگەڵ هەژاراندا سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک پارێزگاریکردن لە خراپەیەکی ڕەها لە هەموو بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی – خراپەیەکی ئەبستراکت و تاوانکارییەک کە پەیوەندی بە چینایەتییەوە نییە. فیلمەکە بە شێوەیەکی تاڵ شێتەکە(کارەکتەرێکی ناو فیلمەکە) وەک کەسێکی زیرەک و زمانلووس و سپیپێست نیشان دەدات، و بۆ ئەوەی هاری لە هەر تۆمەتێکی لایەنگری یان ڕەگەزپەرستی بێبەری بکات، هاوکارێکی مەکسیکی (چیکۆ – لە ڕۆڵگێڕانی ڕێنی سانتۆنی) لەگەڵدایە. لەم فیلمەدا بینەر هاندەدرێت کە بە تەواوی هاوسۆزی هاری بێت و هەست بە سەرکەوتن بکات، چونکە لیبڕاڵەکان سەرکەوتوو نابن لە ڕاگرتنی. ئەو ئەمجارە ڕزگارمان دەکات، و ئەو شێتە لەناودەبات کە پاسێکی پڕ لە منداڵی ترسێنراو دەڕفێنێت و سوکایەتییان پێدەکات. بەڵام دەبێت هاری کاڵاهان بەرەنگاری پارێزگار و بەشی پۆلیسی شارەکە ببێتەوە بۆ ئەوەی ئەمە بکات. و وەک ئاماژەیەکی کۆتایی بۆ سوکایەتیکردن بە سیستمی دادوەریی نا-واقیعی، هاری نیشانەکەی (شارەی پۆلیسی) فڕێدەداتە ناو هەمان ئەو ئاوەی کە تەرمی بکوژەکەی تێدا سەرئاو کەوتووە. هاری بۆ دواجار خۆیشی چەپەڵ کرد، و ئێستا کەس نییە لە خراپە ڕزگارمان بکات، چونکە ئیدی لیبڕاڵەکان شار بەڕێوەدەبەن. ئەگەر تەماشای تەواوی فیلمەکە بکەیت – و بەرگەگرتنی قوورسە، بەهۆی بەکارهێنانی کارامەترین تەکنیکەکانی وڕوژاندن لە هەموو ئاستە سۆزدارییە سەرەتاییەکاندا – ئاوا تەنها یەک خواست و ئارەزووت دەبێت ئەویش؛ بینینی ئەوەی شێتەکە سزای خۆی وەربگرێت. فیلمەکە هەمان چالاکی و زیندوێتیی فیلمی پەیوەندییە فەرەنسییەکە(The French Connection) ساڵی (1971) تێدا نییە، بەڵام پاڵنەرێکی بەردەوامی هەیە بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە ڕەوایە، و بە تەواوی پڕوپاگەندەیەکی نموونەییە بۆ پۆلیسیکی لە یاسا دەرچوو. دڕندە کوشندەکە نوێنەرایەتی تووندوتیژیی شارستانی دەکات، و بینەر دەیبینێت کە شەقووەشێن و چەقۆکێش و تەقەکەرە، و لە کۆتاییدا بە شێوەیەک دەخنکێت کە تۆ وەک بینەر هەست بە سەرکەوتن بکەیت. تووندوتیژی بە دەگمەن بەم شێوەیە قبوڵکراوە پێشکەش کراوە. لە کاتی چوونەدەرەوەیان لە سینەما، کچێک ڕوومەتئاڵ بە باوکی گوت؛ ئەمە فیلمێکی باش بوو، بێگومان ئەژدیهاکە سەربڕدرا. ڕوونە کە فیلمی هاری چەپەڵ بە پلەی ئیمتیاز فیلمێکی تووندوتیژییە، بەڵام لەوجۆرەیە کە ئەگەرێکی فاشیستی لەخۆگرتووە و، لە کۆتاییشدا ئەم خاڵە پشتڕاست کراوەتەوە. ئەگەر تاوان لەلایەن ئەژدیها خراپکارە سەروو سروشتییەکانەوە دروست بکرێت، ئەوا هیچ میراندا(Miranda) و ئیسکۆبیدۆ(Escobedo)یەک بوونی نابێت، و دەتوانین هەموومان ڕێگە بە خۆمان بدەین بکوژین وەک هاری چەپەڵ، لێ لەبەرئەوەی تاوان لە بێبەشبوون(حرمان) و هەژاری و نەخۆشییە دەروونییەکان و ستەمی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوا فیلمی “هاری چەپەڵ” فیلمێکی تەواو نائەخلاقییە.
ــ وەرگیراوە لە وتاری پۆلیسی پیرۆز(Saint Cop) لە گۆڤاری (The New Yorker)، لە ڕێکەوتی (15/ 1/ 1972) بڵاوکراوەتەوە.
لە سەردەمانێکدا کە خەڵک لە ئەمریکا زیاتر تێکەڵی سیاسەت دەبوون، ئەو جۆرە فیلمە ڕادیکاڵ و بزووتنەوە ڕادیکاڵییە گشتییەکەی ئەو کاتە بە تەواوی لەگەڵ کەشی گشتیدا نەدەگونجا – هەلومەرجی باو – ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی ڕەخنەگران هەندێک لایەنی ورد و ناڕوونی فیلمی هاری چەپەڵ نادیدە بگرن. لە ئەنجامدا فیلمی هاری چەپەڵ بە ناچاری وەک بەرگریکارێکی سیستم و یاسا و زمانحاڵی سەرۆک نیکسن سەیر دەکرا. ڕۆژنامەنووسی ناوداری گۆڤاری نیویۆڕکەر پاولین کەیڵ کە خۆی بە ڕەخنەگرێکی پیتۆڵی کارەکانی ئەو نەوەیە و ” هۆڵیوودی نوێ ” دەزانی، ڕەخنەکانی لە فیلمەکانی ئیستوود گەیاندە ئاستێکی نوێ و هێرشی سیاسیی کردە سەر فیلمەکە. ناوبراو فیلمەکە و کارەکتەری سەرەکیی واتە هاری کاڵاهان – و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئیستوودیشی – بە ڕەگەزپەرست و فاشیست تۆمەتبار کرد. ئەم تۆمەتبارکردنانە مشتومڕێکیان لەسەر فیلمەکە دروست کرد کە بۆ چەندین ساڵ لە گوێی خەڵکدا دەنگی دایەوە. بۆ ماوەی پتر لە دەیەیەک، ئەکتەرەکە وەک کەسێکی کۆنەپەرست، تەنانەت لەلایەن کەسە کەمتر کراوەکانەوە وەک نازییەک سەیر دەکرا. ئەم تۆمەتبارکردنانە بۆ ماوەیەکی زۆر ئیستوودیان بێزار کرد، تا ئەو ڕادەیەی کە ناچار بوو وتارەکەی پاولین کەیڵ بە دەنگی بەرز بۆ دەروونشیکارێک بخوێنێتەوە. فیلمی هاری چەپەڵ هەوڵیدابوو خۆی لەم جۆرە تێبینییە ڕەخنەییە نەڕێییانە بپارێزێت بە گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێنی دیاریکراو لە پێکهاتەکەیدا. وا دەردەکەوت کە فیلمەکە لە دوو بەشی جیاواز پێکهاتووە، ئەمەش بە ئەنقەست کرابوو بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە نیازی دەرهێنەر و کارەکتەرە سەرەکییەکەی بە هەڵە لێک نەدرێتەوە، هەروەها بۆ جیاکردنەوەی کارەکتەرەکە لەو کەسایەتییەی کە ڕۆڵەکەی دەگێڕێت (ئیستوود). ئەمە لە بەشی دووەمدا ڕوودەدات، کاتێک چیرۆکەکە بە وردەکاریی زیاترەوە شۆڕدەبێتەوە – قووڵ دەبێتەوە – ناو کەسایەتیی هاری کاڵاهان، ڕەهەندە نەرێییەکەی ئاشکرا دەکات و ئەو لایەنە سەرنجڕاکێشەی کە لە سەرەتادا لە کەسایەتییەکەیدا دەردەکەوێت، دادەپۆشێت.
ئەو مشتومڕەی کە فیلمەکە لەسەر سەرنجڕاکێشی و قێزەونیی کەسایەتی هاری کاڵاهان دروستی دەکات، دەبێتە هۆی جۆرێک لە پاکبوونەوەی سۆزداریی پێچەوانە لە چوارچێوەی چیرۆکەکەدا، ئەمەش لە ڕێگەی تێکشکاندنی ئەفسانە و وێنە سەرەتاییەکەی هاری وەک کارەکتەرێکی پاڵەوان. ئەمە ڕێک لە ناوەڕاستی زنجیرە ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکانی شەودا لە یاریگای چۆڵی ” کێزار ” لە سان فرانسیسکۆ، هاری بریندار و ماندوو دەبینین، چاوەکانی پڕن لە وروژاندن دوای ڕاوکردنی ” سکۆرپیۆ ” کە سەرکەوتوو دەبێت لە گرتنیدا. هەڵبەتە بۆ ئەوەی بکوژەکە دان بە تاوانەکەیدا بنێت، هاری دەست دەکات بە ئەشکەنجەدانی. ڕێک لەو ساتەدا، کامێراکە بە شێوەیەکی واقیعی لە هاری دوور دەکەوێتەوە و بەرز دەبێتەوە (لەسەر هێلیکۆپتەرێک)، و دەست دەکات بە کشانەوە دوواوە تا وێنەکە بە تەواوی نامێنێت – دیمەنە نامێنێت – و هەردوو پیاوەکە لەبەرچاو ون دەبن، کە یەکێک لە سەیرترین دیمەنەکانی فیلمەکە پێکدەهێنێت(17). ئەمە پێمان دەڵێت کە شتێکی زیاتر لەو زنجیرە ڕووداوانەی کە لە فیلمەکانی سێرجیۆ لیۆنیدا بینیومانە، بەراورد بەوەی دۆن سیگڵ پێشکەشی دەکات، بوونی هەیە. ئیستوود پاڵتۆیەکی باراناوی بە چەکێکی ماگنۆم، یان لادێ بە شار ناگۆڕێتەوە، و ڕۆڵی شرێف(پۆلیس) لە نیویۆڕکدا ناگێڕێت. بەراورد بە (پیاوێک بەبێ ناو) یان کارەکتەری (بڵۆندی) لە فیلمی باش، خراپ، چەپەڵ(The Good, The Bad, and The Ugly)، دوو کارەکتەر کە سێرجیۆ لیۆنی بە ئەنقەست بە شێوەیەکی ڕووکەشانە و وەک دوو سێبەری سینەمایی سادە پێشکەشی کردوون، کارەکتەری هاری کاڵاهان قوووڵترە و لە دڵەڕاوکێیەکی توونددا دەژی. هاری کاڵاهان تەنهایە، هەست بە غەمێکی قوووڵ و تاڵییەکی ڕەش دەکات و هەوڵ دەدات بە ئەنجامدانی ئەو کارانە چارەسەری بکات. تووشی دڵەڕاوکێی کەسێکی بێخەو بووە، (واتە کۆژانی ئەو کەسەی هەیە کە تووشی نەخۆشی بێخەوی بووە)، شوێنی نیشتەجێبوونی نییە، و کاتەکانی لەسەر شەقام بەسەر دەبات. لە دیمەنێکدا کە ڕەفتاری کارەکتەری (تراڤیس بیکڵ) لە فیلمی شۆفێری تاکسی(Taxi Driver) ساڵی (1976)ی (مارتین سکۆرسێزی)مان بیر دەخاتەوە، هێرشێکی تووندی پڕ لە گومانی نەخۆشییانە دەکاتە سەر جیهان. ئەو پیاوێکە کە وا دیارە تەنها تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی بریتییە لە دەربڕینی زارەکی و جەستەیی بە تووندوتیژی، و ئەمە بە هاوشێوەی هەموو گەردوون (و خودی خۆی) دادەنێت بەهۆی مردنی ژنەکەی لە ڕووداوێکدا. ئەو ئامێرێکی کوشتنە و هیچ پەیوەندییەکی تری مرۆیی نییە. لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە، لە بەکارهێنانی تووندوتیژیدا هەست بە دڵخۆشی دەکات، و لە ئاستێکدا، هەرچەندە ناتوانێت دان بەوەدا بنێت، لە بکوژەکەدا (واتە سکۆرپیۆ) وێنە ترسناکەکەی کەسێکی سەرکوتکراو دەبینێت کە لە کۆتاییدا توانیویەتی خۆی ئازاد بکات. کۆمپانیای وارنەر بڕەزەرز بیرۆکەیەکی خەیاڵیی بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمەکە هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا وازی لێهێنا، و لەو کاتەوە شوێنێکی دیاری لە نووسینگەکەی ئیستووددا داگیرکردووە؛ ” هاری چەپەڵ و بکوژە شێتەکە. هاری ئەوەیانە کە شارەی پۆلیسی هەڵگرتووە “. ئایا شارەکە(Police badge – لۆگۆی پۆلیس) تاکە شتە کە هاری لەو بکوژەی کە ڕاوی دەنێت، جیا دەکاتەوە؟
نووسینی؛ بێرنار بینوا
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد
ئەم وەگێڕانە پێشکەشە بە؛ لەن





































































