ئێران له‌سه‌رده‌می شا عه‌باسی یه‌كه‌م به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له كاروباری بازرگانیدا وابەستەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو، ئه‌م وابه‌سته بوو نه بێگومان په‌یوه‌ندی به خولیا و كه‌سێتی خۆی هه‌بوو. یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی بازرگانی بەرقەرارکردنی ئاسایش بوو، بێگومان بێ ئەمە ناتوانێ بازرگانی بکرێت دیارە شای سەفەوی ئەو خاڵه‌ی بە تەواوی خستبووە بەر لێکۆڵینەوە بۆ بره‌ودان بۆیه لایه‌نی ئاسایشی ڕێگاوبانی ژێر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی جێگیر كرد، چونکە گەیشتە ئه‌و بڕوایه‌ی به بوونی ریگاوبانی گونجاو و بێ مه‌ترسی ده‌بێته هوکاری خیرا کردنی ئاڵوگۆری بازرگانی، له هه‌مان کاتیش‌دا ڕیگر ده‌بیت له خراپ بوونی کاڵا و پیداویستیه بازرگانیه‌کان.
به مەبەستی پارێزگاریکردن لە ڕێگا بازرگانیەکان شا عەباس بە کاربەدەستانی هەرێمەکانی ڕاگەیاند بە لەناوبردنی چەتە و ڕێگرەکان دیارە لە دوای ڕاسپاردەکانی شا بە درێژایی ڕێگاکان چەکداریان جێگیر کرد لە بەرامبەر ئەو پارێزگارییە بڕێک پارە وەردەگیرا، کە پێی دەگوترا (باجی ڕاهداری)، لە حاڵەتێکی نەخوازراو هەر بازرگانێک لەو ڕێگا بازرگانیه تووشی دزی و تاڵان ببوایە ئەوا کەلوپەلە دزراوەکەی لە ماوەی (چوار مانگ و ده ڕۆژ) دەبووایە فەرمانڕەوای هەرێمەکان لەو ماوەیە بۆی بگەڕێننەوە و ئەگەر لەو ماوەیە نەیتوانی بیگەڕێنێتەوە، دەبێت کۆی زیانەکەی بداتەوە، کەواتە لەبەر ئەوەی هەر لە ڕاسپاردەکەی شا عه‌باس سزایەکی توند بۆ باندەکانی چەتە و ڕێگر هەبوو ئەو سزا قورسە وایکرد دوای فەرمان و ڕاسپاردەی شا واز لە دزی و جەردەیی بهێنن، جگه له‌وه‌ش شا عه‌باس گرنگی به چاككرنی ڕێگا بازرگانیه‌كان داوه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر جموجۆڵی گواستنه‌وه‌ی بازرگانی هه‌بوو له‌سه‌رانسه‌ری وڵات، جگه له‌وه‌ش ده‌ستی كرد به بونیادنانی بازارێک له‌شاره جیاوازه‌كانی ئێران كه‌ناسراون به بازاری (سه‌رداپۆشراو–قه‌یسه‌ری) كه‌كایگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ڕه‌وشی بازرگانی هه‌بووه.
له‌و بوارەیە (تۆماس باڕکەر) نوێنەری کۆمپانیای هیندی_ڕۆژهەڵاتی ئینگلیزی لە بارەی ئاسایشی ڕێگاکان بە تایبەتی ڕێگای نێوان (ئەسفەهان و چەرسک) دەڵێت ئێمە دڵنیاین کە ئەو شوێنە هیچ جۆرە ڕێگر و چەتەی تێدا نییە بە ڕێژەیەک زۆر ئازادانە بازرگانان و گەریدەکان کەلوپەل و بارەکانیان دەگوازنەوە.
* هه‌ر چەندە گواستنەوەی پایتەخت بۆ ئەسفەهان زیاتر هۆکاری سەربازی لە پشت بوو، بەڵام ناکرێت هۆکاری ئابووری لەبەرچاو نەگیرێت بۆ ئه‌م مەبەستە شا لە گرنگیدان بە بواری بازرگانی گەیشتە ئەو بڕوایەی شاری ئەسفەهان دەبێتە خاڵی سەرەکی کاری بازرگانی چونکە شاری ئەسفەهان دەکەوێتە ناوەڕاستی ئێران كه ده‌توانێ له‌وێ بازرگانیه ده‌ره‌كیه‌كانی ئه‌نجام بدات بۆ كەنداوی فارس (عەرەبی) و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا به بێ ئه‌وه‌ی له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانی تووشی به‌ربه‌ست و ڕێگری ببێت چونكه له قه‌زوین مه‌ترسیان له‌سه‌ر هه‌بوو، کەواتە شاری ئەسفەهان لە سەردەمی شا عه‌باس بە ناوەندی گرنگی بازرگانی دادەنرا و هەروەها ناوبانگێکی جیهانی هەبوو بە تایبەت بوونی سێ گەڕەکی بازرگانی کە فراوانتری کرد له‌وانه:
1- گه‌ڕه‌كی ته‌ورێزی: كه‌زیاتر بریتی بوون له‌و بازرگانه ته‌برێزیانه‌ی كه كۆچیان كردبوو بۆ ئه‌سفه‌هان.
2-گەڕەکی جلفای نوێ: كه خه‌ڵكه‌كه‌ی بریتی بوون له ئه‌رمه‌نه ڕاگوێزراوه‌كانی ئه‌ریوان زیاتر به بازرگانی كردنی ئاوریشم بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات خه‌ریک بوون.
3- گەڕەکی یەهوودییەکان: کە زیاتر یەهوودییەکانی (یەزد و کرمان)ی لێ بوو، ڕۆڵیان هه‌بوو له بازرگانی.
جگە لەوە شا عه‌باس لە گرینگی دان بە بواری بازرگانی گەیشتە و بڕوایەی شاری ئەسفەهان دەبێتە ناوەندێکی بازرگانی گرنگ بۆیە گەشەسەندن و بووژاندنەوەی بازرگانی لێره گه‌یشتۆتە ئەندازەیەک (دیلاڤالی) دەڵێت لە ڕۆژهەڵات جگە لە شاری قوستەنتینیه هیچ شوێنێک ناتوانرێت بە شاری ئەسفەهان بەراورد بکرێت.
بێگومان ناوبانگی ئەو شارە لە ڕووی بازرگانییەوە هۆکار بووە كه‌وا خەڵکانێكی زۆر له نه‌ته‌وه و ئاینزا جیاوازه‌كان وەک ( هیندی ، ته‌تار ، تورك ، ئه‌رمه‌ن ، گورجی ، ئینگلیز ، هۆلندی ، فه‌ره‌نسی ، ئیتاڵی ، ئیسپانی) بە مەبەستی کاروباری بازرگانی بە تایبەتی لە (مەیدانی شا و بازاڕی قەیسەری) کە دوو شوێنی گرنگ بوو بۆ به دیارخستنی كاڵاكانیان به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ڕوبكه‌نه ئه‌و شاره و تێایدا نیشته‌جێ بن، به‌مه‌ستی ئه‌نجام دانی كاروباری بازرگانی.
لە لایەکی دیکەوە شاری ئەسفەهان به هۆی نزیکی له كەنداوی فارس (عەرەبی) بەهۆی ململانێی توند لە نێوان وڵاته ئه‌وروپیه‌كان له‌و ناوچه‌یه، ڕێگە خۆشکەر بوو کە کاڵای ئێرانی (ئاوریشم) بە خێرایی بگاتە ئەورووپا هەر بۆیە شا عەباس لە دوای جلفا دەستی کرد بە ئاسانکاری وەک ئاسایش و چاككردنی ڕێگەوبان و کاروانسەرا بۆ ڕێگای ئەسفەهان بۆ بەندەری عەباس دواتر بۆ کەنداو.
* شا عه‌باس له ساڵی 1619، گەیشتە ئەو بڕوایەی هیچ كاڵایه‌كی بازرگانی به‌دی ناكات وه‌ک ئاورێشم کە گرانبەها و کڕیاری زۆر هەبێ له ئه‌وروپا و داهاتی باشی بۆ ئێران هەبێت، بێگومان ئەمە کاریگەری زۆری هەیە لە بازاڕی ناوخۆ لە هەمان کاتدا ڕۆڵی دەبێت لە پەیوەندی سیاسی و ئابووری بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بۆیە هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ قوڕخکردنی ئەم بازرگانییە ئەمەش وایکرد کە شا بۆ بەدیهێنانی ئه‌و ئامانجه بەشێکی زۆری چالاکیه بازرگانییەکانی لە ئاوریشم کۆ بکاتەوە كه بووه بابەتی سەرەکی بازرگانی دەرەکی ئێران کە تا ڕادەیەک پێشبینی کراوە لە سەردەمی شا عه‌باسی یەكەم بازرگانی ئاوریشمی ئێران جێگای ئاوریشمی چین گرتبێتەوە.
* له ڕووی سیاسیه‌وه قورخکردنی ئەم بازرگانییە لە لایەن شا عەباس ئالییەتی گونجاو لە بەرامبەر سیاسەتی باڵا دەست بوونی پرتووگالیه‌کان لە کەنداو به دۆزینه‌وه‌ی به‌دیل وه‌كو به‌ریتانیا.
پ/ بۆچی ئه‌م ڕێگای گرته‌به‌ر ؟
و/ بۆ ئه‌وه‌ی به‌دیلی پرتوگالیه‌كان بدۆزێته‌وه.
هه‌روەها لە ڕێگای گرتنە بەری ئەو سیاسەتە داراییه شا عه‌باس مەبەستی بوو پارێزگاری لە سەروەت و سامانی بکات لە ڕێگای زیادکردنی توانا داراییه‌كانی خەزێنەی شا کەواتە بۆ ئەوەی پایەکانی ده‌سه‌ڵاتی بەهێز بکات.
هه‌روەها زۆر زیرەکانە توانی لەو ڕێگایەوە مەبەستێکی دێرینی بپێکێت لە ڕێگای سیاسەتی ئابووری ئەویش
یەكەم/ سوود وەرگرتن بوو لە دوژمنانی سەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دژی عوسمانی.
دووەم/ وه‌رگرتنی چەک و کۆمەک و یارمەتی لە ڕۆژئاوا دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی سوننە مەزهەب.
دیارە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەی عوسمانی لە سەر ڕێگای بازرگانی ئاوریشمی فارسی کاریگەری خراپ و نەرێنی لەسەر ئابووری سەفەوی دروست کردبوو بۆیە شا عەباس هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بە تایبەتی ڕێگای دەریایی وەک جێگرەوەی ڕێگای وشکانی بۆ بازرگانی ئاوریشمی ئێرانی كه ڕێگای (ئێران – بەغدا – حەلەب – دەریای ناوه‌ڕاست) بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی بەردەوامی هەبێت،
به مه‌به‌ستی دوور کەوتنەوە بە تێپەڕبوون بە خاکی عوسمانی و نەدانی باج بەمەش گورزی کوشندەی لە دەوڵەتی عوسمانی‌دا، چونکە پێش قوڕخکردن بەشێکی زۆری ئەم بەرهەمه بۆ دەوڵەتی عوسمانی دەچوو بەڵام شا عەباسی یەکەم له گرتنه‌به‌ری ئه‌م سیاسەته:
یه‌كه‌م/ توانرا ڕێگری بکات لە چوونی ئەو بەرهەمە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی کە ئامانجەکەی گورزێکی کوشندەی گه‌یاند به ئابووری ئەو وڵاتە.
دووه‌م/ ناردنە دەرەوەی ئەو ئاوریشمه بۆ دەرەوەی وڵات لە تێڕوانینی ئابووری زیاتر بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی بازرگانی دەرەکی بووە لەم ڕوەوه بۆ ئێرانیش گرنگییەکی زیندووی هەبووە هەرچەندە هاوسەنگی بازرگانی ئێران بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا تا ڕەدەیەک جێگیر بوو، بەڵام بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی هیندستان تا ڕەدەیەک باش نەبووە.
سەرەتا لە ڕێگای فەرمانێکەوە کە ئاراستەی بەرهەم هێنەرانی ئاوریشمی كرد لە سەرتاسەری دەسەڵاته‌كه‌ی کە پێویستە بەرهەمی ساڵانەی ئاوریشم بە وەزیرێک کە شا خۆی دیاری ده‌کرد بفرۆشن، جگه له‌وه‌ش بڕه‌كه‌شی دیاری كردبوو وه له لایه‌ن شاوه چاودێری ده‌كرا، له فه‌رمانه‌كه‌ش ئاماژه به‌وه كراوه كه فرۆشتن جگه له‌و وه‌زیره قه‌ده‌غه‌یه.
پاش وەرگرتنی بەرهەمەکان دەست دەکرا بە فرۆشتنی ئاوریشمەکان بە بازرگانە ئێرانی و بیانییەکان لەژێر سەرپەرشتی شا بەو نرخەی کە شا داینا بوو. به‌مه‌ش هەر ساڵێک (8) ملیۆن تومەن وەک سوودی ئەو داهاته دەدرایە خەزێنەی شاهانه. هەروەها سەنتەری بەرهەمهێنانی ئاوریشم لە ئێران هەر یەکە لە شارەکانی (گەیلان ، مازندەران ، خۆڕاسان ، گورجستان ، کاشان ، یەزد ، گەنجە ، شماخی، ڕشت ، قەرەباغ) دەگرێتەوە، چەندین جۆری جیاواز هەبوو لە ئاوریشم لەوانە (ئاوریشمی میلانێ) کە بە گرنگترین و بەهاترین جۆری ئاوریشم دادەنرێ لە خوڕاسان بەرهەم هاتووە و زیاتر ڕه‌وانەی هیندستان کراوە، هەروەها جۆرێکی تر ناسراوە بە (ئاوریشمی لاس) كه له ڕێگای چەند تایبه‌تمەندیه‌كه‌وه لە جۆرەکانی تری ئاوریشم جیا دەکرێتەوە وەک بوونی ڕیشاڵی توند و ڕەگدارییەکەی لە مازندەرانیش بە شێوەکی فراوان بەرهەم هاتووە و لە لایەن ڕۆژئاواییەکان بە سەلافاتیکە ناسراوە، هەروەها جۆرێكی تری ئاوریشم کە لە ناوچەی ڕۆژ بەرهەم هاتووە بە ناوی (ئاوریشمی لاجی) لە لایەن ڕۆژئاواییەکانەوە بە لێجی دەناسرێته‌وه، هەرچی ناوچه‌ی (شێروان ،گەنجە، شماخ) بوو ئەوە جۆرێكی تری ئاوریشم بە ناوی (شێروانی) بەرهه‌م هاتووە کەله ڕووی باشیەوە بە پلەی یەکه‌م لە دوای (ئاوریشمی لاجی) هاتووه، ئەو جۆرەش له‌لایەن ڕۆژئاواییەکان بەناوی ئەردەس دەناسرێتەوە.
لایه‌نێكی تر له سیاسه‌تی شا عه‌باس له‌بواری ئابوری و بازرگانی بریتی بوو له سیاسه‌تی قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌رچوونی پاره‌ی نه‌خت (زێڕ و زیو) له‌وڵات، له‌ڕێگه‌ی پیاده‌كردنی ئه‌م سیاسه‌ته خوازیار بوو پاره‌ی نه‌قد له وڵات بمێنێته‌وه، چونكه هیچ كاتێك ئۆقره‌ی نه‌گرتوه له مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی پاره‌ی نه‌قد كه‌م بكات بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌م سیاسه‌ته بریاری دا ڕێڕه‌وی شوێنی حه‌ج كردن بۆ ئێراق و مه‌ككه و مه‌دینه بگۆڕی بۆ شاری مه‌شهه‌د بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی نه‌ختی ئێران نه‌چێته ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی.
بۆ پاڵپشتی کردنی لەم سیاسەتە شا عەباس بە شێوەیەکی فراوان پشتی بە ئەرمه‌نەکان بەستووە، چونکە گەیشتە ئەو بڕوایەی بازرگانانی ئێرانی توانایان نییە لە بەرامبەر بازرگانی وڵاتانی تری ئه‌وروپی ئه‌وه‌ش به هۆی ئه‌و خیانه‌ته زۆری كه له شایان ده‌كرد، بۆیە زۆر گرنگی بە ناوچەی جلفای نوێ دەدا چونکە زۆربەی بازرگانە بەناوبانگەکان لەم ناوچەیە دابوون، پاش ئەوەی شا بازرگانی ئاوریشمی لا پەسەند بوو گەیشتە ئه‌و بڕوایەی ئەرمەن پیاوی مەیدانن بۆ ئەوەی گرنگی بە بازرگانیی ئەورووپی بدەن.
“ڕاگواستنی ئه‌رمه‌نه‌كان”
بە یەکێک لە دیارترین سیما دادەنرێت لە سەردەمی شا عەباسی یەکەم کەواتە لەو بارەیەوە کتێبی (تأریخ عباسی یا روزنامە ملا جلال) جەخت لەوە دەکاتەوە كه فه‌رمان له لایه‌ن شا له (26ی تشرینی یه‌كه‌می 1603) ده‌رچووه به مه‌به‌ستی ڕاگواستنی ئه‌رمه‌نه‌كان بۆ ناو ئێران و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری و نیشته‌جێ كردنیان له شوێنیک به‌ناوی(جلفای نوێ) كه 3میل له ئه‌سفه‌هانه‌وه دوور بوو، لە ڕێگای ئەو ڕاگواستنە خوازیار بووە دوو مەبەست بێنێتە دی یەکێکیان بریتی بوو لە دورخستنەوەی جەور و ستەم و شاڵاوە بەردەوامەکانیان بۆ سەر دەسەڵاتی سەفەوی، ئەوی تریان هەوڵدانێکی شا عەباسی یەکەم بوو بۆ پێش‌گرتن لە سەرۆک و سەركرده‌كانیان لە دروستکردنی قەڵا و قوله‌ی نوێ و بۆ ڕێگرتن له یاخی بوون. چونکە بەم سیاسەتە توانی زەبرێکی کوشندە ئاڕاستەیان بکات لە ڕێگەی خراپ کردنی گوزەرانیان و نەبوونی خۆراکی پێویست ئه‌وه بوو ئابلوقه‌ی قه‌لای(یه‌ریڤان – ئیره‌وان)ی دا‌و ئه‌رمه‌نه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه ڕاگواستن كه به (3) قۆناغ بوو، سەبارەت بە کۆمەڵەی یەکەم ناسراون بە (ڕاگوێزه‌رانی بێگانە)، هەرچی کۆمەڵەی دووەمە ناسراون بە (ڕایگوێزه‌رانی دەشتی ئارارات) بەڵام دیارترین کۆمەڵە بریتی بوون لە (ڕاگوێزه‌رانی جلفا) به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ڕاگواستنه‌كه كورت خایه‌ن بوو، ئەم ڕاگواستنەش ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێری شا عەباس ئەنجام دراوە بێگومان قزڵباشەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لەم راگواستنە لەگەڵ بوونی نیه‌ت باشی ئەرمەنەکان کە هۆکار بوو بۆ زاڵبوونیان بە سەر کێشە و ناخۆشیەکانی ڕێگا و ئارامگرتنیان تاکو گەیشتنیان بۆ شوێنی مەبەست و جێگیر بوونیان، به‌ڵام، ئه‌و تێڕوانینه گۆڕانكاری به‌سه‌ر داهات به تایبه‌تی كه شا عه‌باس توانای ئابووری بازرگانی له ئاوریشم كۆكرده‌وه و زانی ئه‌رمه‌ن پیاوی بازرگانن له‌گه‌ڵ وڵاتانی بیانی.
هاوسۆزی شا عه‌باس له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و دڵنیانه‌بوون له بازرگانی ئێرانی و خیانه‌ته‌ی بازرگانی ئێران كردیان به‌رامبه‌ر شا عه‌باس بۆیه ڕووی كرده ئه‌رمه‌ن چونكه چونكه ئێرانی ده‌نارد نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه یان دزیان ده‌كرد هه‌روه‌ها ئه‌رمه‌نه‌كان به‌سه‌بر و قه‌ناعه‌ت و شاره‌زا و میسیحی بوون و له‌ش و لاریان زۆر جوان بووه، جگه له‌وه‌ش زیره‌ک بووینه له بازرگانی ئاوریشم.
بۆیه مێژوونووس ئه‌رمه‌نی (ده‌رهۆ هانیان) له وه‌سفكردنیان ئه‌ڵێت:
1- به‌رامبه‌ر به‌ڵێن به وه‌فان 2- زیره‌ک بوون و كاركه‌ری جدی بوون 3- له ژمێریاری زیرەک بوون
4- قبووڵی ماندبوونیان نه‌كردووه 5- په‌یوه‌ندیان تووند و تۆڵیان هه‌بوو
بۆیه له ماوه‌یه‌كی كه‌م ڕوو له زیادبوون بكه‌ن و بازرگانی به‌ناوبانگ و باشیان لێ ده‌ركه‌وێت.
لیستی سه‌رچاوه‌كان
یه‌كه‌م: كتێب
1- مصطفى محمد كريم، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ک له مێژووی سیاسیی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی 1501-1736، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2018.
2- رۆجه‌ر سه‌یڤۆری، مێژووی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی، و: سه‌رباز حه‌مه‌كه‌ریم،چاپی یه‌كه‌م، چاپه‌مه‌نی گه‌نج، سلێمانی،2018.
3- د.به‌دیع محه‌مه‌د جومعه، شا عه‌باسی گه‌وره(1588-1629)، و: عه‌زیز گه‌ردی، چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر.
4- د. ئیبراهیم خه‌لیل ئه‌حمه‌د و د. خه‌لیل عه‌لی مراد، مێژووی ئێران و توركیا- توێژینه‌وه‌یەک له مێژووی تازه و هاوچه‌رخ، و: به‌هادین جه‌لال مسته‌فا، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر،2011.
دووه‌م: گۆڤار
كارزان سید محمد نوری ، رژێمی دارایی له سه‌رده‌می سه‌فه‌ویدا، گۆڤاری مێژوو، ژماره 8، ساڵی دووه‌م، پایزی 2008.





































































