سیستەمێکی بەرگرییە کە لەلایەن میکرۆبەکانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی هێرشبەرە ناپێویستەکان. CRISPR کورتکراوەی “clustered interspaced short palindromic repeats”. زیندەزانان ئەم وشەیە بەکاردەهێنن بۆ باسکردنی دۆخی جینی سیستەمێک کە لە میکرۆئۆرگانیزمەکاندا دۆزرایەوە، وەک بەکتریا و ئارکیا، کە لە ساڵی ١٩٨٧ەوە ناسراوە. بۆ ماوەیەکی درێژ، کەس بەڕاستی نەیدەزانی ئەم سیستەمە چی دەکات، بەڵام لە نزیکەی ساڵی ٢٠٠٥دا توێژەران بۆیان دەرکەوت کە CRISPR سیستەمێکی بەرگرییە. میکرۆئۆرگانیزمەکان ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە هێرشە ڤایرۆسییەکان. بۆ وەستاندنی هێرشکارەکان، CRISPR یارمەتی میکرۆئۆرگانیزمەکان دەدات تا هێرشکارە تایبەتییەکان بناسن و لە ناویان ببەن.
“ئەم تەکنۆلۆجیایە چۆن کار دەکات؟”
کاتێک ڤایرۆس یان هێرشکەرێکی تر دەچێتە ناو خانەیەکی بەکتریا، بەکتریاکە هەندێک لە DNA ـی ئەو هێرشکەرە وەردەگرێت و دەیخاتە ناو جینۆم “بریتییە لە تەواوی ئەو بۆماوە ماددەیەی کە لە لەشی زیندەوەەێکدا بوونی ھەیە”.ی خۆی، بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی داهاتوودا بتوانێت ئەو ڤایرۆسە بناسێت و لەناوی ببات. ئەمە هاوشێوەی سیستەمی بەرگری مرۆڤە. کاتێک ڤایرۆسێک ئێمە تووش دەکات، ئێمە بیرگەیەکی بەرگری دروست دەکەین لە شێوەی دژە تەن (زۆرێکیان). پاشان، کاتێک هەمان ڤایرۆس دووبارە تووشمان دەکات، ئەم دژە تەنانە بە خێرایی هێرشکەرەکان دەناسن و لەناویان دەبەن. هەروەها، کاتێک ڤایرۆسێک خانەیەکی بەکتریا تووش دەکات، CRISPR یارمەتیدەدات بیرگەیەک دروست بکرێت، بیرگەیەکی جینێتی. بەکتریاکە پارچەیەک لە جینۆمی ڤایرۆسەکە وەردەگرێت و DNA ەکەی دەخاتە ناو جینۆمی خۆی. لەسەر بنەمای ئەم زنجیرە DNA ی تازە وەرگیراوە، CRISPR ڕێبەرێکی RNA نوێ دروست دەکات؛ ئەو زنجیرەیەی یارمەتیدەدات CRISPR هێرشکەرەکە بدۆزێتەوە بە هاوتاکردنی زنجیرەکان واتە A بە T دەبەسترێت و C بە G بۆیە، جارێکی دیکە کاتێک هەمان ڤایرۆس خانەیەکی باکتریا تووش دەکات، ڕێبەریRNA بە خێرایی زنجیرە DNA ـی ڤایرۆسەکە دەناسێت، پێوەی دەبەسترێت و لەناوی دەبات.
“چارەسەری جین و چارەسەری خانە چییە و CRISPR چۆن تێیدا بەشدارە؟”
چارەسەری جینی دەکرێت بەواتای بەکارهێنانی CRISPR بێت وەک دەرمانێکی گەردیلەیی گەورە بۆ چاککردنەوەی جینێکی بازدراو (تێکچوو) یان ڕێکخستنەوەی جینێکی کەموکوڕ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەک. چارەسەری خانەییش بەواتای بەکارهێنانی CRISPR دێت بۆ ئەوەی خانەکانی جەستەت هان بدەیت هێرش بکەنە سەر خانە ژەهراوییەکان یان دووبارە دروستکردنەوەی خانە سوودبەخشەکان. چارەسەری جینی دەکرێت دوو شت بێت:- یەکەم، چاککردنەوەی جینێکی بازدراو، دووەم، ڕێکخستنی دەربڕینی جینەکان بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆتینەکان. تێگەیشتنی ئێستای پزیشکەکان بۆ چارەسەری جینی بە خێرایی لە پێشکەوتندایە، بەڵام ئاڵنگاری سەرەکی بریتییە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم چارەسەرە بە شێوەیەکی سەلامەت و هەرزان. جگە لەوەش، ئێستا پزیشکان تەنها سەیری سادەترین نەخۆشییە بۆماوەییەکان دەکەن. بۆ نموونە، (کەمخوێنی داسی) (Sickle cell anemia) نەخۆشییەکە کە زانیاری زۆرمان لەسەری هەیە و زۆربەی کات بەهۆی تەنها یەک بازدانی جینییەوە دروست دەبێت، بۆیە دەتوانین CRISPR ڕێکبخەین بۆ چاککردنەوەی. بەڵام زۆر نەخۆشی تر هەن کە بەهۆی بازدانی بەرفراوان، چەندین بازدان، یان تەنانەت چەندین جینی جیاوازەوە دروست دەبن. لە داهاتوودا، چارەسەری جینی دەتوانێت لە سنووری یەک بازدان تێپەڕێت، و بە ئەگەری زۆرەوە لە دەیەکانی داهاتوودا، چارەسەری جینی دەبێتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی پزیشکی. چارەسەری خانەیی کەمێک جیاوازە. بۆ نموونە، کاتێک خەڵک هەوڵ دەدەن چارەسەری لوکیمیا (شێرپەنجەی خوێن) بکەن، هەندێک جار دەرمانە کیمیاییەکان ناتوانن بە تەواوی لە خانە شێرپەنجەییەکان ڕزگاریان بێت. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، زاناکان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەگەر هەندێک لە خانەکانی Tی نەخۆشەکە وەربگرن (کە بەرپرسن لە شەڕکردن دژی هەوکردن)، دەکرێت ئەم خانانە لە ڕێگەی ئەندازیارییەوە بکرێنە جەنگاوەری باشتر بۆ ناسینەوە و لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان. کاتێک خانە Tیە دەستکاریکراوەکان دووبارە بە دەرزی دەکرێنەوە ناو جەستەی نەخۆشەکە، دەتوانن هێرش بکەنە سەر وەرەمەکان. بەڵام خانەکان زۆر ئاڵۆزن. هەندێکجار، کاتێک دەکرێنەوە ناو جەستەی نەخۆشەکە، لە کۆنترۆڵ دەردەچن و لەگەڵ خانە شێرپەنجەییەکاندا خانە تەندروستەکانیش دەکوژن. جاروباری تریش، لەوانەیە کار نەکەن چونکە لەلایەن خانە شێرپەنجەییەکانەوە سەرکوت دەکرێن. لێرەدا CRISPR ئامرازێکی بەهێزمان پێدەبەخشێت بۆ زیادکردنی کارایی و سەلامەتی ئەم خانە بەرگرییانە، بە جۆرێک کە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی خۆماندا بن بۆ بەدەستهێنانی باشترین سوودی کلینیکی.
“جیاوازی چیە لەگەڵ ئامرازەکانی تری دەستکاریکردنی جین؟”
تەکنەلۆژیای CRISPR بەراورد بە ئامرازەکانی پێش خۆی زۆر ئاسانتر پڕۆگرام دەکرێت. جیاوازی لە نێوان کریسپەر و ئامرازە کۆنەکان ئەوەیە پێش دەرکەوتنی کریسپەر، زۆربەی ئامرازەکانی دەستکاریکردنی جین تەنها لە یەک پڕۆتین پێکدەهاتن. زانایان دەبوو بە گۆڕینی ڕیزبەندی (Peptide)ی ئەم پڕۆتینانە، شوێنی مەبەست بگۆڕن. بۆ گۆڕینی ئامانجەکە، پێویست بوو تەواوی ڕیزبەندی پڕۆتینەکە لە بنەڕەتەوە دیزاین بکرێتەوە و دواتر تاقی بکرێتەوە ئایا کار دەکات یان نا. ئەم پرۆسەیە زۆر بێزارکەر، ناڕوون و کاتکوژ بوو. هەرچەندە ئەم ئامرازانە لە ڕووی تیۆرییەوە سەرنجڕاکێش بوون، بەڵام بەکارهێنانیان بۆ توێژینەوە فراوانەکان و چارەسەری پزیشکی زۆر قورس بوو. بەراورد بەوان، کریسپەر زۆر سادە و ڕێک و پێکە، چونکە ناسینەوەی شوێنی مەبەست لە ڕێگەی RNAـوە دەکرێت نەک پڕۆتین. دووبارە دیزاینکردنەوەی ئەم ڕیزبەندییە یەکێکە لە سادەترین کارەکان لە زیندەزانی گەردیلەییدا. دەستکاریکردنی جین لەرێگەی کریسپەرەوە هاوشێوەی بەکارهێنانی ئامێری نەخشەی جیهانی (GPS) وایە، بە جۆرێک ئەگەر بتەوێت بچیتە شوێنی A، تەنها ناونیشانەکە دەنووسیت بۆ گۆڕینی ئاراستە بۆ شوێنی B، تەنها ناونیشانە نوێیەکە داخڵ دەکەیت. بە کورتی، ئەم ئامرازە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئەرک و ماندووبوون، تێچوو و کاتی کەمکردۆتەوە، لە هەمان کاتدا وردی و دەقیقی سیستەمی دەستکاریکردنی جینی زیاد کردووە.
“بۆچی ئەم تەکنەلۆجیایە ئەوەندە گرنگە؟”
تەکنەلۆژیای CRISPR دەتوانێت بە وردی دەستکاری پارچەیەک لە DNA یان کیمیای خانەکان (ئەو شتەی پێی دەوترێت ئێپیجێنێتیک) بکات لە جەستەی مرۆڤدا، ئەمەش وایکردووە ببێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ بەکارهێنانی پزیشکی لە زانستە زیندە-پزیشکییەکاندا. کریسپەر ئەو گەرد و ئامرازەیە کە هەموو کەسێک لە زانستەکانی ژیان، توێژینەوەی زیندە-پزیشکی و ناوەندە تەندروستییەکاندا ئارەزووی دەکات. وردی و دەقیقییەکەی بێوێنەیە و ڕێگە بۆ چەندین بەکارهێنان خۆش دەکات، لەوانەش چارەسەری جینی. خەونی مرۆڤایاتی هەمیشە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێی بایۆلۆژی و بەکارهێنانیان بووە بۆ ئەو نەخۆشییانەی چارەسەریان نییە. نەخۆشییە بۆماوەییەکان بەشێکی گەورەی ئەم جۆرە نەخۆشییانە پێکدەهێنن. دەرمانە باوەکان (دەرمانی کیمیایی)، نەشتەرگەری و ڕێگاکانی تر بۆ ئەم جۆرە نەخۆشییانە کار ناکەن. بەڵام گەردەکانی کریسپەر بوونەتە هیوایەکی گەورە وەک چارەسەر، چونکە ڕێگەمان پێدەدەن بە وردی دەستکاری پارچەیەک لە DNA بکەین لەناو جەستەی مرۆڤدا. ئەمەش نەک هەر دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازار، بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی چارەسەری بنەڕەتی لە ڕاستیدا، ڕەزامەندی ئەم دواییەی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) لەسەر یەکەم دەرمانی کریسپەر بە ناوی Casgevy، بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی کەمخوێنی داسی (Sickle cell anemia) و (بێتا تالاسیمیا)، بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ سەلامەتی و توانای ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ نەخۆشییەکانی تریش. کەمخوێنی داسی نەخۆشییەکە کە تێیدا گۆڕانێکی جینی لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا هەیە. چارەسەرە کۆنەکان پێشتر هیچ چارەسەرێک نەبوو جگە لە گواستنەوەی خوێنی بەردەوام یان چاندنی مۆخی ئێسک لە بەخشەرێکی گونجاوەوە، کە هەردووکیان گرانن و کاریگەری خراپیان لەسەر تەندروستی گشتی نەخۆشەکە هەیە. چارەسەری کریسپەر بە بەکارهێنانی کریسپەر، دەتوانرێت تەنها بە یەکجار چارەسەرکردن، ئەو گۆڕانە جینییە بە شێوەیەکی هەمیشەیی ڕاست بکرێتەوە. زیاتر لە ٨,٠٠٠ نەخۆشی بۆماوەیی هاوشێوە هەن کە دەکرێت لە داهاتوودا بە هەمان شێوە چارەسەر بکرێن.
سەرچاوە:Standford Report
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا





































































