یەکەم:
شۆڕشی کورد لەساڵی ١٩٧٥ بەڕابەرایەتی جەنابی مەرحوم مەلا موستەفا بارزانی دووچاری نسکۆیەکی بێ وێنەبوو لەشۆڕشی گەلانی ئەو سەردەمەدا، ئاخر چ خاوەن هەستێکی نیشتمانپەروەر دەستی دەچێتە ئەوەی دەست لەخاک و نیشتمانەکەی هەڵبگرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەشۆڕشی نەتەوەیەکی ڕەسەن و پێکهاتەیەکی سەرەکی هاونیشتمانیانی خۆی بهێنێت کە تەنیا داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، بەعسی عەرەبی ئێراق کردی، زاتی ئەوەی کرد، تەنیا بۆ ئەوەی هەرەس بەشۆڕش بهێنێت، بەڵێ بۆ ماوەیەکی کاتی سەرکەوتوو بوو بەڵام دوای خەبات بەردەوام بوو. ئەمجارە عەرەبی مەزهەبی سوری نەوەکو تەنیا سنوور، سەروەری لەسەر بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەی لەدەستدا، لەبەرامبەر توانەوەی خەباتی نەتەوەی کورد کە هیچیان ناوێت، تەنیا داوای مافی سادەی هاوڵاتیبوونی خۆیان دەکەن، من دڵنیام، باش ئەزانم، وەک چۆن ئێراق بۆی نەچووە سەر، سوریاش بۆی ناچێتە سەر، کورد نەتەوەیک نییە خۆی بدات بەدەستەوە.
دووەم:
چەند ڕۆژێک پێش ئەم پۆستە، دیمانەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ کەناڵی ئەلشەمس دانا، ئەو دیمانەیە کۆدی زۆر تیادایە، بۆ نمونە، لایەنی ئابووری شەرع پێمان دەڵێت کە سوریا بێ ئەو ناوچانە ژیانی مەحاڵە، سەرچاوەی داهات و وزە و خۆراکە، ئێستاش شەرع گەورەی ماڵە، ئەرکی سەر شانیەتی کە ماڵەکە بەخێو بکات، هیچی دەست ناکەوێت، ماڵی کورد نەبێت، بەوەدا ڕوونە کە کێشەکە یەکپارچەیی خاکی سوریا و دروشمە زەقەکان نییە، بەڵکو شینی هەرێسەکەیە.
سێیەم:
هەڵەی گەورە کوشندەیە، بۆ ئێمە دووبارە و دەبارە هەڵەکان دەکەینەوە، یەکێک لەهەڵە کوشندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دروشمەکانی ئاپۆ بوو، ئاپۆ بۆ بکرێت بە سمبول؟ بۆ خۆت دەرباز ناکەیت لە فەززایەک کە دۆخێکی هەستەوەرت بۆ دروست دەکات؟ پاشان، کێبڕکێی تورکیا واتە کێبڕکێی ناتۆ، ناتۆ واتە ئەمریکا، ئایا دەتوانیت دژایەتی ئەمریکا بکەیت لە ڕووی سەربازییەوە!
چوارەم:
ئێراق تا ئەتوانێت هێز دەنێرێتە سەر سنووری نێوان خۆی و سوریا، بۆ؟ ترسێکی گەورە هەیە لە زیندووبوونەوەی داعش، ئەمە ئەگەر لەلایەن ڕاکەیاندنەکانەوە گەورەکرابێت، خۆ تاوەکو ئێستا درک بەوە نەکراوە کە سوریا سوونە و ئێراق شیعیە، ئێستاش سەردەمی بەعسی (القيادة الوطنیة) و (القيادة القطرية) نییه، پێکدادانی نێوان مەزهەبەکان، ئەگەری زیاترە وەک لە پێکدادانی نێوان ئاڕاستە تاکتیکییەکان، بۆ ئاگاداریتان هەردوو لا هەر دروشمی (اللە ٲکبر) دەڵێن، بزانین خوای گەورە کامیان بەدەستی کامیان لەناو دەبات.





































































