“دەستپێك”
ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران بە خێرایی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە و خۆپیشاندانەکان لە تاران گەیشتوونەتە سەرووی بیست ڕۆژ، ئەمەش لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، بە تایبەتی لە شارە گەورەکان وەك ماوەیەکی پێوانەیی تۆماردەکرێت. دەسەڵاتداران تا ڕادەیەکی زۆر ئینتەرنێتیان پەکخستووە بۆ ڕێگریکردن لە هەماهەنگی ناڕەزایەتییەکان و ڕۆیشتنی زانیارییەکان، لە هەندێک کاتدا، پەیوەندییەکە نزیکەی بە تەواوی دەبڕدرێت، ئەمەش پەیوەندی ناوخۆیی کەم دەکاتەوە. لە کاتێکدا کە ڤیدیۆ و وێنە سنووردارەکان کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە ناڕەزایەتییەکان بۆ زۆرێک لە شارەکان بڵاوبوونەتەوە، بەڵام پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆی هەواڵەکان لە ژێر بارودۆخی سانسۆرێکی تووندا قورسە. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک وێنە کە دزەیان کردۆتە جیهانی دەرەوە، ڕۆژانی ڕووخانی دیواری بەرلینیان لە بیروڕای گشتی ئەڵمانیا وەبیرهێناوەتەوە، لە کاتێکدا زۆرێک لە چاودێرانی ئێرانی ڕووخانی ڕژێمی شا محەمەد ڕەزا پەهلەوییان لە ساڵی ١٩٧٩ وەبیرهێناوەتەوە. هەروەها دۆناڵد “ترهمپ” سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی میدیا نێودەوڵەتییەکانی ڕاکێشا بە وەسفکردنی پێشهاتەکان بە “گەورەترین ناڕەزایەتی کە تا ئێستا بینیومە”. ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە، بە بەشداری بەربڵاو و قسەی سەرپێچیکارانەی دژ بە نیزام، بووەتە جیددیترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەم ساڵانەی دواییدا.
ناڕەزایەتییەکان لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دەستی پێکرد و بارودۆخی ئابووری هۆکاری سەرەکی بوو. دابەزینی مێژوویی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، کە توانای کڕینی خەڵک زیاتر لاواز کرد، بووە هۆی ناڕەزایەتی شەقامەکان. لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکاندا، هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە سەرانسەری ئێراندا پچڕان ، ئەمەش نیگەرانییەکانی دروستکرد کە ئەم جۆرە پچڕانانەی پەیوەندییەکان لە مێژوودا دوای دەستێوەردانی تووندی ئەمنی بوو. لەڕاستیدا هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لە زۆرێک لە شارەکاندا دروشمی دژە ڕژێم دەوترایەوە، تەنانەت هەندێک لە خۆپیشاندەران دروشمی لایەنگری پاشایەتی وەک ” ئەمە شەڕی کۆتاییە – پەهلەوی دەگەڕێتەوە! “یان هاوار دەکرد. لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، هێزە ئەمنییەکان پەنایان بۆ تووندوتیژی برد و بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، لە دوو هەفتەی یەکەمدا لانیکەم ٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٢٦٠ کەسیش دەستبەسەرکراون. ئەم وێنەیە قوڵایی قەیرانی شەرعیەت لە بەردەم ڕێژیمی ئێران نیشان دەدات. لە خوارەوە باس لە هۆکارە ئابوورییەکانی پشت ناڕەزایەتییەکان و سیاسەتە ئەمنییەکانی ڕژێم و داینامیکی دەستێوەردانی دەرەکی و سیناریۆی ئەگەری پێشبینیکراو لەلایەن شیکارانەوە دەکرێت. لە بەشی کۆتاییدا سیناریۆی ئەگەری زۆر لە ژێر ڕۆشنایی هەلومەرجی هەنووکەیی هەڵدەسەنگێندرێت و ئاراستەی دیپلۆماسی ئەگەری دۆخی ئێران باس دەکرێت.
“خراپی دۆخی ئابووری، کاردانەوەی گشتی لێکەتەوە”
دوایین شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ڕەگ و ڕیشەی لە ساڵانێک لە کەڵەکەبوونی سەختی ئابووری و گرانی تێچووی ژیاندایە. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ بەهای تمەنی ئێرانی بە خێرایی لە بازاڕی ئازاددا دابەزی؛ دراوەکە کە دابەزی بۆ ١.٤ ملیۆن بەرامبەر بە یەک دۆلاری ئەمریکی، لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦دا گەیشتە نزمترین ئاستی نوێ کە زیاتر لە ١.٤٦ ملیۆن تومەن بوو. وا خراوەتەڕوو کە دراوی ئێران تەنها لە مانگی کانوونی دووەمدا نزیکەی ٢٠%ی بەهاکەی لەدەستداوە. ئەم دابەزینە تووندەی بەها، هەڵاوسانی بە زیادکردنی تێچووی ماددە هاوردەکراوەکان سووتەمەنی دا، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکە سەرەتاییەکان. ڕێژەی هەڵاوسان لە سەرانسەری وڵاتدا ٤٢%ی تێپەڕاند ، نرخی خۆراک بە ڕێژەی ٧٢% بەرزبووەوە، خەرجییە تەندروستی و دەرمانییەکان بە ڕێژەی ٥٠% زیادیکرد. بە کاریگەری گەمارۆ درێژخایەنەکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی، پاشەکەوتی گەلی ئێران لەناوچووە و قەیرانی ئابووری بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئێرانی هەژار کردووە. خراپتربوونی بارودۆخی ژیان توڕەیی گشتیی لەسەر ململانێی ڕۆژانەی زیاتر کردووە. ناڕەزایەتی بازرگانان کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا لە بازاڕی گەورەی تاران تاران دەستی پێکرد، بە خێرایی تەشەنەی کرد بۆ شارە گەورەکانی دیکەی وڵات (ئیسفەهان، شیراز، مەشهەد، هەمەدان و ئەوانی تر)؛ دەیان هەزار کەس لە داخستنی دوکانەکان و ناڕەزایەتی شەقامەکاندا کۆبوونەوە. بەشداریکردن لەم کردەوانەدا لە توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوە بەدی دەکرێت:- بازرگانانی بازاڕی تەقلیدی، فەرمانبەرانی حکومی، خوێندکارانی زانکۆ و گەنجانی بێکار کۆبوونەتەوە بۆ دەربڕینی کاردانەوەکانیان بەرامبەر بە ڕژێم. باس لەوە دەکرێت کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێیان وایە “هیچیان نەماوە لەدەست بدەن ” بە خێرایی لەگەڵ وەرینی هێزی کڕین زیاد دەکات و نائومێدی کۆمەڵایەتی بڵاودەبێتەوە. ڤیدیۆی خۆپیشاندەرێك لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا لەبەردەم هێزە ئەمنییەکان دانیشتووە، کە “پیاوی تانکی لە تیانانمەن”ی بیردەخاتەوە، بووەتە هێمای هەستی بێدەسەڵاتی ئەزموونکراو.
قووڵایی قەیرانی ئابووری تەنانەت هەندێک بازنەی لایەنگری ڕژێمی بێدەنگ کردووە، لە وتارەکەیدا بۆ گەلی ئێران لە ڕۆژانی سەرەتای ناڕەزایەتییەکان، مەسعوود پێشەشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران وتی؛ ئەوان لە کاردانەوەی خەڵک تێدەگەن و ڕایگەیاند، “دەزانین ئەمە کاردانەوەیەکی سروشتییە کە لە فشارەوە سەرچاوەی گرتووە لەسەر بارودۆخی ژیانی خەڵک، حکومەت لە سەرەتادا تۆنێکی تاڕادەیەک نەرمی گرتەبەر و رایەلەیەک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران دروستدەکەن. لە ڕاستیدا، لە ڕۆژانی سەرەتاییدا، بەرپرسان خۆیان لە لێدوانی ڕاستەوخۆی هەڕەشەکردن بەدوور دەگرت و تەنانەت میدیای دەوڵەتیش زمانی وروژێنەریان بەکارنەدەهێنا. ئەم تۆنە سازانە ئەو بڕوایەی دروست کرد کە بە پێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩ یان ٢٠٢٢، ڕەنگە ڕژێم لە نزیکبوونەوەی لە داواکارییە ئابوورییەکان وریاتر بێت، بەڵام لە ڕۆژانی دواتردا، قسە و باسەکانی ڕژێم ڕەقتر بووەوە و ئەو پڕوپاگەندە کلاسیکییەی کە خۆپیشاندەرانی بە “تێکدەر” یان پیاوی زلهێزە بیانییەکان ناوزەد دەکرد، چالاک بووەوە. دەرەنجام ئەم ناڕەزایەتیانە کە لە نێو قەیرانێکی سەختی ئابووریدا سەریان هەڵدا، وەک وەڵامێکی ڕەوا لە چاوی خەڵکدا پشتیوانییەکی بەربڵاو دەبیننەوە و لە کێشە ڕەگداکوتاوەکانەوە سەرچاوە دەگرن کە ڕێژیم بە تەنیا بە ڕێوشوێنی ئەمنی ناتوانێت سەرکوت بکات.
“ئاسایش و سەقامگیری ڕژێم لە بەرامبەر بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەکان”
لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، وەڵامی ڕێژیمی ئێران وەک هەمیشە ئەمنی بوو. دوای ئەوەی چەند ڕۆژی یەکەمی ڕووداوەکان تاڕادەیەک ئارام بوون، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خۆپیشاندانەکان، دەوڵەت دەستی کرد بە جێگیرکردنی ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانە بۆ پاراستنی رژێم و سنووردارکردن و کۆنتڕۆڵ کردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت یەکەم نیشانەی ئەم ستراتیژە بوو. هەردوو هێڵی زەمینی و تۆڕی مۆبایل لە ٨ی کانوونی دووەمدا داخران. ئەم تاکتیکە وەک لە شەپۆلەکانی ڕابردووی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا بینراوە، “جەنگی ئینتەرنێت” پێکدەهێنێت کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە هەماهەنگی و سنووردارکردنی هاوبەشکردنی زانیاری. هەندێک لە شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەمجارەیان ڕەنگە دەسەڵاتداران نەک تەنها ئینتەرنێت ببڕن بەڵکو هەنگاو بنێن بۆ ڕێگریکردن لە پەیوەندییەکانی مانگی دەستکرد ، بۆ نموونە هەوڵدان بۆ تێکدانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینکی ئیلۆن ماسک، چونکە هەندێک لە زانیارییە هەواڵییەکان لە سۆشیال میدیادا دەرکەوت کە خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بچنە ناو تێرمیناڵەکانی ستارلینکەوە کاتێک ئینتەرنێت پچڕا؛ ڕژێم بەدوای ڕێگەی بەدیلدا گەڕا بۆ ڕێگریکردن لەم کارە (هەرچەندە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی نییە).
دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران، بەتایبەتی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و میلیشیای بەسیج، دەسەڵاتی بەرفراوانیان پێبەخشراوە بۆ پاراستنی ڕێژیم. دوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کە لە ٩ی کانوونی دووەم کۆبووەوە، بڕیارنامەیەکی تووندی دەرکرد و “وەڵامێکی زۆر یەکلاکەرەوە”ی لە دژی خۆپیشاندەران ڕاگەیان. بەیاننامەی ئەنجومەنەکە ئیدیعای کردووە کە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە لە داواکارییە ڕەواکانی جەماوەر لایانداوە و بووەتە پڕۆژەیەکی ناسەقامگیری “لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە پلانی بۆ دانراوە”. ئەو ڕاستییەی کە ئێستا خۆپیشاندەران وەک هاووڵاتییەکی ناڕازی ئاسایی نابینرێن بەڵکو وەک بریکاری “پڕۆژەیەکی دوژمنکارانە” لەلایەن زلهێزە بیانییەکانەوە سەیر دەکرێن، وەک ڕێگە خۆشکەرێک بۆ بەکارهێنانی هێزی بەرفراوانتر لەلایەن ڕژێمەوە لێکدەدرێتەوە. بەڕاستی ئەم زمانە بە ئاماژەیەکی بەهێز دادەنرێت کە ڕەنگە تووندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران پەرە بسێنێت. ڕێبازی ئەمنییەتی ڕژیم بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لە دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی هێزی کوشندە لە کاتی پێویستدا خۆی دەردەخات. وەک لە ساڵانی ڕابردوودا بەدی کراوە، ڕەنگە ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە لە کورتخایەندا شەقامەکان بۆ ماوەیەکی کاتی هێور بکەنەوە؛ بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن کە سەرکوتکردنی زۆر قەیرانی شەرعیەتی ڕژێم کە پێشتر هەبووە قووڵتر دەکاتەوە و تووڕەیی کەڵەکەبووی خەڵک زیاتر دەکات. لەم شەپۆلە ناڕەزایەتییەدا، هێزە ئەمنییەکان لە زۆر شوێن بە تووندی دەستوەردانیان کرد. بە تایبەتی لە ناوچەی سیستان-بەلوچستان کە کەمینەی سوننە تێیدا دەژین، ئەو سیناریۆیەی لە خۆپیشاندانەکانی پێشوودا بینرا دووبارە بووەوە:- لە شاری زاهدان ، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە کرد. ئەم ڕووداوە سەرەڕای هۆشدارییەکانی پیاوانی ئایینی سوننە لە ناوچەکەدا ڕوویدا کە داوای خۆگرتنیان دەکرد، و ئاشکرایانکرد کە حکومەتی ئێران کەناڵەکانی نێوەندگیری داخستووە و بە تەواوی سەرنجی لەسەر چارەسەرێکی ئەمنییە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان تەقەمەنی زیندوو و فیشەکی لاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ لە سەرانسەری وڵاتدا بەکاردەهێنن و ژمارەی کوژراو و بریندارەکان ڕۆژانە لە زیادبووندایە. هەروەها ڕێکخراوەکانی وەک ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و هیومان ڕایتس وۆچ تۆمەتەکانی بەکارهێنانی ناڕێژەیی هێز و ئەشکەنجەدانیان لە ئێران وروژاندووە و داوایان لە ڕێژیم کردووە خۆی بە دوور بگرێت لەم جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ خۆپێساندەران.
لە لایەکی دیکەوە جێگای سەرنجە کە لەناو ڕژیمدا لایەنگەلێک هەن کە بەبێ پەنابردنە بەر تووندوتیژی، مەیلیان هەیە ناڕەزایەتییەکان دابەزێنن. جەختکردنەوە لەسەر داننان بە مافی ناڕەزایەتی دەربڕین لە ڕۆژانی سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا و فەرمانی ئازادکردنی خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکان نموونەی ئەمەیە. بەڵام ئەم ڕێبازە تاڕادەیەک نەرمە، گۆڕاتووند و تیژی، چونکە خۆپیشاندانەکان دەستیان کرد بە هەڕەشەکردن لەسەر هێڵە سوورەکانی ڕژێم. ئایەتوڵڵا خامنەیی لە وتارەکەیدا لە ڕۆژی هەینی ١٠ی کانوونی دووەمدا، ڕایگەیاند کە هیچ پاشەکشەیەک نابێت و ”ترهمپ” لە پشت ناڕەزایەتییەکانەوەیە و خۆپیشاندەرانی وەک “توخمگەلێک کە زیان بە وڵات دەگەیەنن” تایبەتمەند کرد. ئەم لێدوانەی خامنەیی دەکرێ بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە کە گڵۆپی سەوز بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر هێزە ئەمنییەکان. لەڕاستیدا ئەگەر ئیرادە لەسەر شەقامەکان بەردەوام بێت، تەنانەت ڕەنگە ڕژیم بیر لە دەستێوەردانێکی سەربازیی گەورەتر بکاتەوە بۆ وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵ. لە ڕاستیدا هەندێک لە شرۆڤەکاران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەپێی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان، ڕەنگە ئاستێکی گرینگ نزیک بکرێتەوە کە فەیلەقی سپای پاسداران ڕاستەوخۆ دەستوەردان بکات. وا بیر دەکرێتەوە کە ڕووداوەکانی شەوی پێنجشەممە (ڕەنگە کشانەوە یان ناتەواوی هێزە ئەمنییەکان) ئەم بڕیارەیان لێکەوتبێتەوە. ئەگەر سوپای پاسداران بە توانای تەواوەوە دەستوەردان بکات، لەوانەیە ترس لە نێو خەڵکدا دروست بکات و لە کورتخایەندا شەقامەکان سەرکوت بکات، بەڵام مەترسییەکانی وەرینی مۆڕاڵی ناو سوپا و کێشەی دڵسۆزی لە درێژخایەندا زیاد دەکات. ۆیە پرسیاری ئەوەی کە ئایا درز لە چوارچێوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا دروست دەبێت یان نا، وەک فاکتەری گرینگ بۆ داهاتووی ناڕەزایەتییەکان چاودێری دەکرێ.
“ڕەهەندی نێودەوڵەتی و دەستی دەرەکی لە ناڕەزایەتییەکان”
ڕووداوەکانی ئێران کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکیشیان خوڵقاندووە کە لە سنوورەکانی وڵاتەوە درێژدەبێتەوە. بەتایبەت لێدوانەکانی واشنتۆن بەهۆی پەیوەندی دوژمنکارانەی نێوان ئەمریکا و ئێران، توانای کاریگەریی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان هەیە. دۆناڵد “ترهمپ” سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات و هۆشداری تووندی دەرکردووە . “ترهمپ” لە قسەکانیدا بۆ سەرکردەکانی ئێران بە ئاشکرا هەڕەشەی لێکردن و وتی ئەگەر کۆمەڵکوژی دژی خۆپیشاندەران ئەنجام بدەن، ئەوا “باجێکی قورس وەک دۆزەخ دەدەن. سەرچاوەکانی کۆشکی سپی قسەکانی “ترهمپ”یان بۆ ڕۆژنامەکان ڕاگەیاند “دەست بە تەقەکردن مەکەن، ئەگەرنا ئێمەش دەست بە تەقەکردن دەکەین. لە کاتێکدا ئەم جۆرە لێدوانانە بەهانە بۆ ڕێژیمی ئێران دەڕەخسێنن کە وەک بنەمایەک بۆ “گێڕانەوەی دەستێوەردانی دەرەکی” بەکاری بهێنێت، گوشارە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ سەر ڕێژیم زیاد دەکەن. هەڵوێستی “ترهمپ” سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان هەم بە قسەی تووند و هەم بە ڕێبازێکی وریا دەناسرێتەوە. بۆ نموونە لە سەرەتای مانگی یەکدا، “ترهمپ” ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی کۆدەبێتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ پلانێکی بۆ کۆبوونەوەی لەو شێوەیە نییە. چەند هۆکارێک وەک پشت ئەم بڕیارە لێکدەدرێنەوە: هەم خواستی نەدانی هیچ کاریگەرییەک بە ڕژێمی تاران لە بەرامبەر دەستێوەردانی دەرەکی کە هەست پێدەکرێت، هەم ئەو نادڵنیاییەی کە کێ وەک سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن لە ئێراندا دەردەکەوێت، کە ئەمەش وایکرد “ترهمپ” بە وریاییەوە مامەڵە بکات. “ترهمپ” ئاماژەی بەوەدا کە هیچ نیازێکی نییە ڕاستەوخۆ پشتگیری لە هیچ ناوێکی تایبەت بکات و وتی “با چاوەڕێ بکەین و بزانین کێ سەرکردایەتی دەکات”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەیەوێت “پشتیوانی لە لایەنی براوە” بکات. لەم چوارچێوەیەدا ئیدارەی “ترهمپ” پەلەی نەکردووە لە پشتیوانیکردنی پەهلەوی لەناو ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا، ئەوەش بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە لە ئەگەری گۆڕانی ئەگەری ڕژێمدا بەدوای سەرکەوتنێکی خێرا و کەم تێچوودا دەگەڕێت. سەرەڕای ئەوەش، “ترهمپ” ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر خۆپیشاندەران سەرکەوتوو بن، دەتوانێت پشتیوانی خۆی زیاد بکات، پەیامی ناردووە کە “ئێمە ئامادەین هاوکاری بکەین ئەگەر گەلی ئێران ئەو ئازادییە بەدەست بهێنێت کە بەدوایدا دەگەڕێت”.
جگە لە ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە و وڵاتانی ئەوروپا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەن. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پشتیوانی ئەخلاقی بۆ ناڕەزایەتییەکان دەربڕی و ڕایگەیاند، “گەلی ئێران لە دژی ڕژێمی ستەمکار دەوەستنەوە”. میدیاکانی عەرەبستان ڕوماڵی بەرفراوانیان بۆ ڕووداوەکان کرد و بابەتگەلێکیان بڵاوکردەوە کە ناسەقامگیری ئێرانیان بە قازانجی جیۆپۆلەتیکی خۆی لێکدەداتەوە. بەڵام یەکێتیی ئەورووپا بەیاننامەی وریاتری بڵاوکردەوە و بەکارهێنانی تووندوتیژیی شەرمەزار کرد و داوای لە تاران کرد کە دانبەخۆیدا بگرێت. تورکیا وەک دراوسێیەکی، هەروەها نیگەرانە لە پێشهاتەکان؛ لە کاتێکدا بەیاننامە فەرمییەکان جەخت لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی ئێران دەکەنەوە، سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند کە تورکیا لە هەموو بارودۆخێکدا لە لایەنی ئاشتی و سەقامگیریی گەلی ئێراندایە. ئەم ڕێبازە هاوسەنگە نیشان دەدات کە کاریگەرییە ناوچەییەکان لە ئەگەری گۆڕانکاری یان ململانێی ئەگەری ڕژێمدا حیسابی بۆ دەکرێت. لە نێو ئەکتەرە دەرەکییەکان، ڕووسیا و چین پێگەیەکی تایبەتیان هەیە، چین وەک یەکێک لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران لە ئاست ناسەقامگیریی تاران نائارام بووە و لە پشت پەردەوە پەیامی پشتیوانیی گەیاندووە. بۆ نموونه وه زارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی به پشتیوانیی خۆی له ڕژیم دا کردووە و جەختی لەسەر ئەو کردۆتەوە کە “پێویسته ڕێز لە سەروەری ئێران بگیرێت. لە بەرامبەردا ڕووسیا بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی خۆی لە سووریا، نایەوێت ڕژێمی هاوپەیمانەکەی لە ئێران تووشی کێشە بێت. لە ڕاستیدا بەپێی هەندێک ئیدیعا، گەشتی گوماناوی بۆ مۆسکۆ لەو ڕۆژانەدا ڕوویدا کە ناڕەزایەتییەکان تووندتر بوون و پێشنیار کرا کە ڕەنگە زێڕ و سەروەت و سامان لە ئێرانەوە گواسترابێتەوە. جگە لەوەش هەواڵێکی پشتڕاستنەکراوە بڵاوبووەوە کە هەندێک کەسایەتی باڵای ئێران “وەک محەمەد باغر غالیباف سەرۆکی پەرلەمان” خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان وڵات بەجێبهێڵن.
هەندێک لە شرۆڤەکاران لە واشنتۆن ڕایانگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکی “ترهمپ” ڕەنگە لابردنی کەسیی خامنەیی بێت لە دەسەڵات ، دواتر ناچارکردنی گواستنەوەی کۆنترۆڵکراوی سیستەمی ئێران لە ناوخۆوە. بەڵام دیار نییە ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بەخێرایی تەشەنە بکرێن و ڕژێم بەرەو لێکترازان بچێت، ئەمریکا چۆن کاردانەوەی دەبێت. ئەوەی دڵنیایە ئەوەیە کە زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان – بە تایبەت چین و ڕووسیا – لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئێراندا بە بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نامێننەوە و دەستوەردان لە پرۆسەکەدا دەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
“سیناریۆ و بژاردە ئەگەرییەکان“
لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئێستادا، پسپۆڕان سەرنجیان لەسەر چەندین سیناریۆی سەرەکییە بۆ داهاتوویەکی نزیکی ئێران. بێگومان ئەم سیناریۆیانە بە تەواوی سەربەخۆ نین لە یەکتر و لەوانەیە لە کاتی پرۆسەکەدا پەرەبسەنن بۆ یەکتر یان بە شێوەیەکی تێکەڵاو خۆیان دەربخەن. سەرەڕای ئەوەش، پێنج سیناریۆی ئەگەری لە خوارەوە کورتکراونەتەوە بۆ دابینکردنی چوارچێوەیەکی شیکاری بۆ ئە دۆخەی کە لە ئێستادا ئێران پێیدا تێپەڕ دەبێت:-
سیناریۆی یەکەم:- پەرەسەندنی سەرکوتکاری ئەمنی ؛ لەم سیناریۆیەدا ڕژیم بڕیار دەدات کە زۆرترین هێز بەکاربهێنێت بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان. بەیاننامەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کە خۆپیشاندەران بە “بریکاری زلهێزە بیانییەکان” ناساندووە، بە ئاماژەیەکی بەرچاو لەم ئاراستەیەدا دادەنرێت. بە کردەوە، سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان لەوانەیە بە دەسەڵاتی تەقەکردنەوە بچنە مەیدان و قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرانسەری وڵاتدا بسەپێندرێت و شەپۆلی نوێی دەستگیرکردن بەدوای خۆیدا بهێنێت کە ژمارەیان هەزاران کەس دەبێت. لەڕاستیدا ڕووداوەکەی زاهیدان لە هەفتەی یەکەمی مانگی یەکدا کە هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، بە نموونەیەکی بچووکی ئەم سیناریۆیە دادەنرا. ئەگەر سیناریۆی یەکەم ڕووبدات، ڕەنگە لە کورتخایەندا شەقامەکان بە هێز بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان کاردانەوەی نێودەوڵەتی زیاد دەکات و دەبێتە هۆی چەسپاندنی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕژێم لە ناوخۆدا.
سیناریۆی دووەم:- دابەشبوون لەناو هێزەکانی دەوڵەتدا؛ ئەمە یەکێکە لە سیناریۆ هەرە گرنگەکان بەڵام تا ئێستا زۆر ڕوون نییە. ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بن و تووندتر بن، لەوانەیە درز لەناو سوپا و هێزە ئەمنییەکان دروست ببێت. لە ڕژێمە پاوانخوازەکانی وەک ئێراندا تەمەنی ڕێژیم بە دڵسۆزی دەزگای ئەمنی دیاری دەکرێت. تەنانەت لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی گرنگی ڕەمزی بۆ ڕژێم، وەک مەشهەد سەریان هەڵدا، ئیدیعاکانی “ترهمپ” کە هەندێک لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ململانێکان کشاونەتەوە، هاتە ئاراوە. هۆکارەکانی وەک سەختی ئابووری، گەندەڵی لە نێوان بەرپرسانی پلە باڵا و ژیانی لوکس لە منداڵانی نوخبە لە ڕۆژئاوا دەتوانن دڵسۆزی کارمەندانی ئاسایشی ئاستی خوارەوە لاواز بکەن. ئەگەر پچڕانی زنجیرەیی فەرماندەکان و بەرپرسە باڵاکان لە ناو دامەزراوە ئەمنی و عەسکەرییەکان دەست پێبکات، یان هەندێک یەکە ڕەتیدەکەنەوە تووندوتیژی دژ بە خەڵک بەکاربهێنن، توانای ڕژیم بۆ سەرکوتکردن گورزێکی گەورەی بەردەکەوێت. بەڵام تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی بەهێزی ئەمە نییە. شیکەرەوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێشتا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هاوسەنگی هێزدا ڕووی نەداوە و کۆماری ئیسلامی بە ئاسانی دەستبەرداری کۆنترۆڵ نابێت. بەڵام ئەگەر ململانێکان درێژە بکێشن و وازهێنان و یاخیبوون لەناو سوپادا زیاد بکات، ئێران دەتوانێت خۆی بخزێنێتە ناو دۆخێکی شۆڕشگێڕانەی هاوشێوەی ساڵی ١٩٧٩. لە کاتێکدا ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە لە ئێستادا کەم دەردەکەوێت، بەڵام ناتوانرێت بە تەواوی ڕەت بکرێتەوە.
سیناریۆی سێیەم:- گەڕانەوەی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەر دەسەڵات لەگەڵ کەسایەتییە دوورخراوەکانی دەرەوەی وڵات؛ گوتارێک کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هێزی پەیدا کرد، حەسرەتی دەسەڵاتی پاشایەتی و ڕۆڵی کەسایەتییە دەربەدەرەکانی ئۆپۆزسیۆن بوو. ڕەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشوو زۆرجار لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بانگەوازی بۆ خەڵک دەکات و هانی ناڕەزایەتییەکانی دەدا. لە کاتێکدا “ترهمپ” ستایشی پەهلەوی دەکرد و بە “پیاوێکی باش” وەسفی دەکرد، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئێستا خۆی لە پەیوەندی ڕاستەوخۆ بەدوور گرت. سەرەڕای ئەوەش، ئەو ڕاستییەی کە هەندێک لە خۆپیشاندەران لەناو ئێراندا دروشمی “پێویستە پەهلەوی بگەڕێتەوە”یان دەوتەوە، خواستی گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی، ئەگەر ئەگەری نەبێت، ئاشکرا کرد. بەپێی ئەم سیناریۆیه، ڕەزا پەهلەوی به پشتیوانی “ترهمپ” یان ڕۆژئاوا سەرکردایەتی حکومەتێکی کاتی بکات و دواجار بگەڕێته وه بۆ وڵات، بەڵام هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکا لەم بارەوە زۆر ڕوون نییە، لەبەرئەوەی واشتنۆن دەزانێت لە نێو دامەزراوەکانی سوپا و ئاینی دژایەتییەکی تووندی ئەم بیرۆکەیەن. لە کاتێکدا خامنەیی بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ناڕەزایەتییەکان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی “ترهمپ” دەکەن و هەرگیز هیچ ئیمتیازێک نادرێت، سیناریۆی گۆڕینی ڕژێم کە لە دەرەوە پشتیوانی دەکرێت وەک کابوسێک بۆ تاران سەیر دەکرێت . بۆیە ئەم سیناریۆیە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێت ڕووبدات کە دامەزراوەی دەوڵەت بە تەواوی هەڵوەشابێتەوە و لەوانەیە لە چوارچێوەی ململانێیەکی گەورەی دەرەکی یان شەڕی ناوخۆدا بێت.
سیناریۆی چوارەم:- چاکسازی ناوخۆیی و وەک چارەسەرێکی گونجاو؛ هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە کە قەیرانی ئێران دەتوانرێت لە ڕێگەی گۆڕانکاری ناوخۆیی لەناو ڕێژیمدا چارەسەر بکرێت نەک بە دەستێوەردانی دەرەکی یان شۆڕش. بەپێی ئەم بۆچوونە، لەبری ئەوەی سیستەمی ئێستا بڕوخێنێت، کەسایەتییەکی سەرهەڵدەدات لە ناوەوە (بۆ نموونە سیاسەتمەدارێکی میانڕەوتر یان ژەنەڕاڵێکی کاریزماتیک) دەتوانێت هەوڵی ڕزگارکردنی دۆخەکە بدات لە ڕێگەی چاکسازییەوە. لە ماوەی ڕابردوودا کەسایەتییەکانی وەک حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار بەڵێنی چاکسازییان داوە. لە ڕاستیدا، لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا، ئەم سیناریۆیە بە جێی متمانەترین ڕێگەی دەربازبوون دادەنرا. لە کاتێکدا هەندێک پێشنیاریان دەکرد کە ڕووحانی دەتوانێت سەرهەڵبداتەوە و قەیرانەکە دابەزێنێت. هەنگاوێکی لەو جۆرە ئامانجی سەقامگیرکردنی ئابووری و ئارامکردنەوەی جەماوەر دەبێت بەبێ ئەوەی لە بنەڕەتدا دەستکاری لە پێکهاتەی سەرەکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بکات. بەڵام ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی پراکتیکی دەبێتەوە. خامنەیی و بازنە تووندڕەوەکان حەزیان لە چاکسازی قووڵی سیستماتیکی نییە. لەڕاستیدا دەوترێت ئەگەری گەڕانەوەی ڕووحانی لەلایەن نوخبە کۆنەپەرستەکانەوە ڕێگری لێدەکرێت. جگە لەوەش، دەرکەوتنی بژاردەی پاشایەتی لە کارنامەی گشتیدا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکدا (واتە زیندووکردنەوەی سیناریۆی ٣) چاوەڕوانی چاکسازی ناوخۆیی خستۆتە پاشخانەوە. کاردانەوەی تووندی بەرامبەر بە بانگەوازەکانی پەهلەوی لە دەربەدەرییەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەشێک لە دانیشتووان گۆڕانکاری ڕیشەیی دەخوازن. ئەمەش زەمینەی سیناریۆی چاکسازی ناوخۆیی لاواز دەکات. بەڵام نابێت بە تەواوی ڕەت بکرێتەوە؛ ئەگەر ڕژێم ستراتیژییەکی کۆنترۆڵکراو بگرێتەبەر بۆ ڕزگارکردنی خۆی، لەوانەیە هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان بدات بە هەندێک ئیمتیازاتی ڕووکەش. لەم چوارچێوەیەدا، دەکرێ پەیامە دیالۆگەکانی سەرۆک کۆمار (پزشکیان) بۆ خۆپیشاندەران بە نموونەی هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی سیناریۆی چوارەم هەژمار بکرێت.
سیناریۆی پێنجەم:- “نە سوریا و نە ڤەنزوێلا” – مۆدێلی داڕمانی بەشەکی و گواستنەوە؛ سیناریۆی کۆتایی پێشبینی دەکات کە پێشهاتەکانی ئێران نە لە شەڕێکی ناوخۆیی تەواو لەسەر شێوازی سوریا و نە لە بەردەوامی ڕژێمی ئێستا وەک لە ڤەنزوێلا دەچێت، بەڵکو لە مۆدێلێکی گواستنەوەی جیاواز دەچێت، بە پێی ئەم ڕوانگەیە، ڕەنگە ترس و دڵەڕاوکێ لە پلە باڵاکانی ڕێژیمەوە دەست پێ بکات و ڕەنگە هەندێک لە سەرکردەکان ئامادەکاری بۆ جێهێشتنی وڵات دەست پێ بکەن. لە ڕاستیدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قسە و باسەکان سەبارەت بەو سەروەت و سامانانەی کە لە ڕێگەی فڕۆکە تایبەتەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی وڵات کە لە ئێرانەوە بەرەو ڕووسیا، سەریان هەڵداوە. تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە ڕەنگە خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی و بنەماڵەکەی پەنا بۆ مۆسکۆ ببەن. بە هەمان شێوە بانگەشەی ئەوە کراوە کە هەندێک کەسایەتی باڵی مەدەنی ڕژیم “بۆ نموونە غالباف یان عەباس ئێراقچی جێگری وەزیری دەرەوە” بنەماڵەکانیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کردووە. ئەم جۆرە هەواڵانە سیناریۆی هەڵاتنی ئەندامانی ڕژێم لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا دەهێنێتەوە یاد . بەڵام لە لایەکی دیکەوە دیار نییە دوای کۆچێکی لەو شێوەیە لە ئێراندا چ جۆرە نەزمێک دادەمەزرێت. ئایا ئەنجومەنی ئینتقالی لایەنگری ڕۆژئاوا پێکدێت، کەسێک لە ناو سوپاوە دەسەڵات “دەستبەسەردا دەگرێت”، یان وڵات دادەبەزێتە ناو ئاژاوەگێڕییەوە؟ ئەم سیناریۆیەیە ئاماژە بە پرۆسەیەکی گواستنەوەی ناڕوون دەکات. لەم مۆدێلەدا ئەگەر کۆماری ئیسلامیش نەڕوخێت، ڕەنگە ناچار بێت هەندێک گۆڕانکاری بکات، جگە لەوەش، ڕەنگە داواکارییە نەتەوەیی و تائیفیەکان کە ساڵانێکە لەناو وڵاتدا سەرکوت کراون (وەک چاوەڕوانییەکانی کەمینەکانی کورد، بەلوچ، ئازەری و عەرەب) سەرهەڵبدەن و تەحەدای دەسەڵاتی ناوەندی بکەن. ئەگەری پەرەسەندنی ئێران بۆ مۆدێلێکی فیدراڵی یان تەنانەت مەترسی هەڵوەشاندنەوەی ئێران لەوانەیە کراوە بێت بۆ گفتوگۆ. بێگومان لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی دەسەڵاتە دەرەکییەکان یەکلاکەرەوە دەبێت. وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ڕووسیا و چین هەوڵ دەدەن بە خێرایی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارە تازە سەرهەڵداوەکان دروست بکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. سیناریۆی پێنجەم، لە کاتێکدا کە نادیارترینە، پێشنیاری ئەوە دەکات کە داینامیکی ئێستا ڕەنگە ببێتە هۆی چارەسەرێکی نێوان؛ نە شۆڕشێکی تەواو و نە دۆخی ئێستای تەواو، بەڵکو ڕەنگە گواستنەوەیەکی دانوستانکاری یان گۆڕانکارییەکی کۆنترۆڵکراو بێتە ئاراوە.
“دەرئەنجامێک لەسەر بنەمای سیناریۆ ئەگەرییەکان”
بە کورتی ئەو سیناریۆیانەی کە لە سەرەوە باسکراون، ئەوەیە کە زۆر لەیەکتر جیا نین و دەتوانن بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕدرێن بۆ یەکتر. بۆ نموونە ئەگەر سیناریۆی یەکەم “سەرکوتکردن” جێبەجێ بکرێت و لە کورتخایەندا شکستی هێنا، سیناریۆی دووەم “دابەشبوون لەناو سەربازیدا” دەتوانێت زەبری زیاتر بەدەستبهێنێت. یان، ئەگەر هەوڵێک لە سیناریۆی چوارەم “چاکسازی ناوخۆیی” شکستی هێنا لە ڕازیکردنی خەڵک، ئەوا هەڵوەشانەوەیەکی هاوشێوەی سیناریۆی پێنجەم دەتوانێت خێراتر بێت. شیکەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بارودۆخەکان دینامیکین و ڕەنگە پێکهاتەی نوێ سەرهەڵبدات بەپێی ئەو دۆخەی کە لە واقعەکەدا بەدی دەکرێت، سەرەڕای ئەوەش، لە ڕوانگەی بڕیاردەرانەوە، دەبێت بژاردەیەک لە نێوان ئەم بژاردانەدا بکرێت. لە ژێر ڕۆشنایی هەڵسەنگاندنەکانی سەرەوە، ئەگەری زۆرترین سیناریۆ لە ژێر بارودۆخی ئێستادا “گەورەبوونی فشاری ئەمنی” یە “سیناریۆی یەکەم” . زیاتر لە چل ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەتا پەنای بۆ سەرکوتکردنی هەموو هەڕەشەیەکی جددی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە بە هێز. ئەگەرچی ئاماژەی بەهێز هەیە کە ئایەتوڵڵا خامنەیی و گرووپە ناوەکییە تووندڕەوەکەی ئامادەن ئەگەر پێویست بێت بۆ مانەوەی ڕژێم تووندوتیژیی جەماوەری پەرەپێبدەن. لێدوانی تووندی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سوێندی خامنەیی کە پاشەکشە نەکات، ئاشکرای کردووە کە دەوڵەت ناڕەزایەتییەکانی وەک “کێشەیەکی ئەمنی” کۆد کردووە. جگە لەوەش تێبینی ئەوە کراوە کە هێزە ئەمنییەکان (تا ئەم ساتە) تا ڕادەیەکی زۆر بە دڵسۆزی ڕێژیم ماونەتەوە و هیچ لادانێکی ئاست بەرز ڕووی نەداوە. هەروەها سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەن کە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا هێشتا لە ئاستێکدا نین کە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە سەرکردایەتی خامنەیی بکەن. لەم حاڵەتەدا ڕژیم پێش ئەوەی بەتەواوی کۆنترۆڵی لەدەست بدات، هەوڵی گەڕاندنەوەی بە هێز دەدات.
لە کۆتاییدا؛ ناڕەزایەتییەکان لە ئێران وەک جددیترین بزووتنەوەی دژە ڕژێم کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویانداوە، دەچێتە نێو مێژوو. سەختی ئابووری، داواکارییەکان بۆ ئازادی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایی کە لە مێژە سەرکوتکراوە، یەکگرتوو بوون و تێکەڵەیەکی تەقینەوەیان دروستکردووە. کاردانەوەی سەرەتایی ڕژیم، وەک چاوەڕوان دەکرا، بۆ نیشاندانی مشتێکی ئاسنینی خۆی بووە و بەردەوامیش دەبێت. بۆیە ئەگەری زۆرترین سیناریۆ ئەوەیە کە ڕژیم بە هەموو تواناییەوە سەرکوت زیاد بکات و هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی لە کورتخایەندا بدات. بەڵام ئەم سیناریۆیە کێشەکانی ئێران چارەسەر ناکات و ڕەنگە لە داهاتوودا تەقینەوەی گەورەتری بەدوادابێت. لە ڕوانگەی دیپلۆماسییەوە، ڕێگەیەکی بەردەوام بۆ ئێران پێداگری لەسەر سیاسەتی سەرکوتگەرانە نییە، بەڵکو نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی نێوان حکومەت و کۆمەڵگا و گۆڕینی شێوازی حوکمڕانییە. بەڵام ئاسان نییە کۆماری ئیسلامی بەو پێکهاتەیەی ئێستایەوە بتوانێت گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە بێنێتە ئاراوە.
سەرچاوەکان؛
- Babak Kamiar. (2026, 9 Ocak). İran’daki gösteriler: 5 olası senaryo. Euronews Türkçe. Erişim: https://tr.euronews.com/2026/01/09/irandaki-gosteriler-5-olasi-senaryo
- Gavin Blackburn. (2026, 8 Ocak). Sürgündeki veliaht prensin çağrısı sonrası Tahran’da protestolar: Ülke çapında internet kesildi. Euronews Türkçe. Erişim: https://tr.euronews.com/2026/01/08/surgundeki-veliaht-prensin-cagrisi-sonrasi-tahranda-protestolar-ulke-capinda-internet-kesi
- Gavin Blackburn. (2026, 7 Ocak). İran’da hükümet döviz krizinin altından kalkabilecek mi? Euronews Türkçe. Erişim: https://tr.euronews.com/2026/01/07/iranda-hukumet-doviz-krizinin-altindan-kalkabilecek-mi
- Babak Kamiar & Una Hajdari. (2025, 31 Aralık). İran’daki protestolar bu kez neden farklı? Euronews Türkçe. Erişim: https://tr.euronews.com/2025/12/31/irandaki-protestolar-bu-kez-neden-farkli
- Steve Holland, Jonathan Landay & Bo Erickson. (2026, 9 Ocak). Amid mass Iran protests, Trump takes cautious approach. Reuters. Erişim: https://www.reuters.com/business/media-telecom/amid-mass-iran-protests-trump-takes-cautious-approach-2026-01-09/





































































