وەرگێڕانی کوردیی ئەو وتارەی یەکی سیپتەمبەری ساڵی پار لەسەرئەم دۆخەی سوریا و ڕۆڵی ترسناکی تۆماس باراک لە fair observer ی ئەمریکی بڵاومان کردەوە:
“پەراوێزخستنی درووزەکان و مەترسیی ململانێیەکی بەرفراوانتر”
سەرۆکی سووریا ئەحمەد ئەلشەرع و پێگەی بەهێزی درووزەکان لە سوەیدا، ڕووبەڕووی گرژییەکی هەڵکشاو دەبنەوە لە کاتێکدا لایەنە نەیارەکان و هێزە دەرەکییەکان کێبڕکێ لەسەر فراوانکردنی هەژموونیان دەکەن. پاش ئەوەی کردەوەکانی ڕژێم و هەڵە دەرەکییەکان دیمەشقیان بوێر کرد، پێکدادانی چەکداری و ململانێی سیاسی سەریان هەڵداوە. پێویستە هێزە هەرێمایەتییەکان داوای دیالۆگێکی گشتگیر بکەن بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی ناوخۆ و ڕووخانی دەوڵەت.
“نووسینی: سەردار عەبدوڵڵا”
ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتەکەی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا لە دیمەشق و پێگەی بەهێزی درووزەکان لە سوەیدا، نە یەکەم ڕێککەوتنە لەو جۆرە و نە کۆتا ڕێککەوتنیش دەبێت. ئەوەی ئەم ڕێکخستنە دیاریکراوە بەتایبەتی مەترسیدار دەکات، ئەوەیە کە تەنانەت لە نێوان ڕابەرە ڕۆحییەکانی خودی پێکهاتەی درووزیشدا کۆدەنگی لەسەر نییە؛ ئەمەش نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوەیە کە ئەگەری نوێبوونەوەی ململانێکان زۆرە.
خراپتر لەوەش، وا دەردەکەوێت کە ناکۆکییەکە لە جیاوازییەکی سیاسییەوە بەرەو کەلێنێکی کۆمەڵایەتیی قوڵتر وەردەچەرخێت، کە مەترسیی پشێوییەکی درێژخایەنی نێوان پێکهاتەکان دروست دەکات. نموونەیەکی زەقی ئەم گۆڕانکارییە بریتییە لە کۆکردنەوە و ئامادەباشیی هۆزە عەرەبە بەدەوییەکان کە بە ئاشکرا ئامادەیی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر سوەیدا ڕادەگەیەنن.
کورتکردنەوەی ئەم قەیرانە تەنها لە ڕووداوی رفاندنی بازرگانێکی میوەدا، نەک هەر کەمکردنەوەی بابەتەکەیە، بەڵکو ساویلکەییەکی مەترسیداریشە. لە ڕاستیدا، ئەمە نیشانەی کێشەیەکی قوڵترە: کە بریتییە لە پێکهاتەی لاواز و پەراوێزخەری دەسەڵاتی نوێی حوکمڕان لە سووریا. ئەوەی کە ڕووداوێکی بچووکی لەو شێوەیە بتوانێت قەیرانێک هەڵبگیرسێنێت کە ببێتە هەڕەشە بۆ پەلکێشکردنی ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵگەیە لەسەر لاوازیی بناغەکانی ڕژێم.
“ستەمکاریی سووریا هۆکارە بۆ پشێوییەکانی سوەیدا و ناوچە درووزنشینەکان”
لە جەوهەری کێشەکەدا، ئەو ڕێکارە ستەمکارییە دەبینرێت کە حکومەت لەژێر سایەی ئەلشەرع گرتوویەتیە بەر، کە پێکهاتەیەکی حکومی و دەستووریی تاکلایەنەی بەسەر وڵاتدا سەپاندووە. لە ڕێگەی پەراوێزخستنی سەرجەم ئەکتەرەکانی دیکە لە داڕشتنی ئاییندەی سووریا، ئەلشەرع زەمینەسازی بۆ ڕژێمێکی نوێ دەکات کە بەشێوەیەکی مەترسیدار سەردەمی بەشار ئەسەد وەبیر دەهێنێتەوە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە بەرامبەر بەو خوێنڕشتنەی لە سووریا بەردەوامە، چونکە پشتیوانیی بێ مەرجیان پێشکەش بە ئەلشەرع و هاوپەیمانەکانی کردووە. پشتیوانیکردن لە قۆرخکاریی گرووپێک بۆ حوکمڕانی، یەکسان نییە بە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا. بەڵکو ئەمە میراتی ستەمکاریی ئەسەد دەچەسپێنێت. پاراستنی ئەو میراتە پێشتر وێرانییەکی بێشوماری بەدوای خۆیدا هێناوە و حکومەتەکەی ئەلشەرعیشی مەحکوم بە ڕووخان کردووە، هەرچەندە ڕەنگە ڕووخانی ئەمجارەیان زۆر توندوتیژتر و پڕاژاوەتر بێت لە هی ئەسەد.
پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەورووپا، وڵاتانی عەرەبی و تورکیا وانە لە مێژووی ئەم دواییەی سووریا وەربگرن و خۆیان لە دووبارەکردنەوەی تاریکترین قۆناغەکانی بپارێزن. هاوکاریی دروست بۆ ئەوانەی حوکمی دیمەشق دەکەن نابێت لە شێوەی پەسەندکردنی سەرکوتکاری یان پەراوێزخستندا بێت. بەنرخترین پشتیوانییەک کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بتوانێت پێشکەشی ئەلشەرعی بکات، ئەوەیە یارمەتی بدەن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی ئاشتیانە و گشتگیر، نەک وەشانێکی دیکە لە بەناو “کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی”، کە تەنها چارەنووسی سووریای ڕادەستی یەک لایەن کرد.
دەبێت ئێستا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار بخەنە سەر ئەلشەرع بۆ ئەوەی بەپەلە دەست بە دیالۆگێکی ڕاستەقینە و گشتگیر بکات، دیالۆگێک کە ببێتە هۆی نەخشەڕێگایەکی کۆنکرێتی و دەستبەجێ جێبەجێ بکرێت، بۆ دڵنیاییدان لە دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵات لە نێوان سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی سووریادا.
“هەڵەکانی سیاسەتی ئەمریکا هانی هێرشی دیمەشق بۆ سەر سوەیدا دەدەن”
پەلاماری ڕژێم بۆ سەر سوەیدا لە چەندین هۆکارەوە سەرچاوە دەگرێت، لەوانە کۆمەڵکوژیی دڕندانە و پێشێلکاری دژ بە شوێنە پیرۆزەکانی پێکهاتەی درووز. بەڵام، هۆکارێکی گرنگ فەرامۆش کراوە. پێش هێرشەکە، هاوتهریبیی ئاشکرای تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سووریا، لەگەڵ گرووپەکەی ئەلشەرع لە کۆبوونەوەیەکی شکستخواردوودا لەگەڵ شاندێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی، ئاماژەیەکی مەترسیداری نارد: کە واشنتۆن پشتیوانی لە تەماحی خوێناویی ئەلشەرع دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو ناوچەکان بە زەبری هێز.
دوای ئەو کۆبوونەوە کارەساتبارە، بازنەی دەوروبەری ئەلشەرع بوێرتر بوون. ئەوان مەرجی ناواقیعییان بەسەر عەبدیدا سەپاند، هێزیان لە نزیک ڕەققە و دێرەزوور جێگیر کرد و هانی دووبەرەکییان دا لە نێوان هەندێک توێژی عەرەبی ناو هێزەکانی سووریای دیموکراتدا. ئەم ستراتیژە بێباکانەیە هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە، مەترسیی کارەسات لە کەمپی هۆل دروست دەکات و تەنانەت دەبێتە هۆی بانگهێشتکردنی سەرهەڵدانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).
هاوکات، ڕژێم تووڕەیی خۆی ئاڕاستەی سوەیدا کرد و دەستی کرد بە ئەنجامدانی کاری دڕندانە دژ بە مەدەنییەکان، لەنێویاندا ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان. ئەم کردەوانە تەنها پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ نین، بەڵکو نیشانەی ڕژێمێکن کە تەنها سەرکوتکار نییە، بەڵکو بەشێوەیەکی بەرچاو هاوسەنگیی لەدەست داوە (شێواوە).
پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی ئێستا دان بەوەدا بنێن کە سووریا لەبەردەم دووڕیانێکی مەترسیداردایە کە تەنها دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە:
١. سووریایەکی فیدراڵی و لامەرکەزی، سووریایەک کە دادپەروەری مسۆگەر بکات، یەکپارچەیی خاک بپارێزێت و ڕێگە بە سەرهەڵدانی نەتەوەیەکی نوێی ئاوەدان و گشتگیر بدات، کە لە ناوخۆدا هاوکار و سەقامگیر بێت و لە دەرەوەش ڕێزی لێ بگیرێت.
٢. ڕۆچوون بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن، کە دەرەنجامەکەی دابەشبوونی سووریا دەبێت لەسەر بنەمای خوێن، هاوشێوەی شەڕەکانی یوگۆسلاڤیا. بەڵام سووریا یوگۆسلاڤیا نییە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەورووپا نییە. شەڕێک بەو قەبارەیە لە سنوورەکانی سووریا ناوەستێت، بەڵکو ئاگرەکەی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش دەگرێتەوە.
ئەوەش لینکی ئەسڵی وتارە ئینگلیزییەکە:
https://www.fairobserver.com/politics/syria-at-a-crossroads-druze-marginalization-and-the-threat-of-wider-conflict/




































































