دکتۆر ئەریک فرۆم، یەکێکە لە کاریگەرترین دەروونشیکارەکان لە جیهاندا. لەم دواییانەدا ئەریک فرۆم وتی “لە ساڵی ١٩٥٨، هیچ کۆمەڵگەیەک نەبوو شان لە شانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بدات.” لەهەمانکاتیشدا وتی “گەر ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم ڕێچکەیەی بەردەوام بێت، خۆی بەرەو فەوتان دەبات.”
ئێوارەتان باش، مایک واڵاستان لەگەڵە. لەم هەفتانەی دوایدا شەنوکەوی ئاریشەکانی کۆمەڵگەی ئازاد و دەبێت چی بکات تا بە زیندوویەتی بمێنێتەوە کرد. ئەمشەویش هەوڵدەدەین ئەندازەی کاریگەری کۆمەڵگەی ئازاد لەسەر ئێمەی تاک، چ بەختەوەر بین، یان پێمانوایە وابین دەکەین. میوانەکەمان دکتۆر ئەریک فرۆمە، دەروونشیکار و ڕەخنەگەری کۆمەڵایەتی. بە توێژینەوەکانی لەسەر مرۆڤ و گەڕان بەدوای ئازادیدا بەناوبانگە. دکتۆر فرۆم، با سەرەتا لەم پرسیارەمەوە دەست پێ بکەم؛ لە هەر چوارلاوە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕەخنەباران دەکرێـت و بە کۆمەڵگەیەکی ماددی و ڕووکەش ناوزەندی دەکەن و وای بۆدەچم تۆش هاوڕابیت، بەڵام لەم دواییانەدا وتت:- “لە ساڵی ١٩٥٨ هیچ کۆمەڵگەیەک نەبوو شان لە شانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بدات.” مەبەستت چییە لەمە؟
ئەریک فرۆم:- بەشێوەیەکی ڕێژەیی، بەڵێ وایە. گەر لە ڕوانگەی خۆمانەوە لە مێژووی مرۆڤایەتی بڕوانین، شتێکی وەهای نییە مرۆ شانازی پێوە بکات. مەبەستم لە قسەکەم، ئەوەبوو ویلایەتە یەکگرتووەکان بەراورد بکەیت بە کۆمەڵگەکانی تر، دەبینین دەسکەوتی گەورەی بەدەست هێناوە. سامانی دارایییەکەی لە هەر نەتەوەیەکی تر گەورەترە، هێماکانی گواستنەوە ئاسانترە، هونەر و میوزیکی لێ بڵاوبوەتەوە، بیرکردنەوەکان تاکن. بۆیە دەڵێم:- بەبەراورد بە سەدەی نۆزدە و سەردەمانی پێشوومان، باشترین کۆمەڵگەیە مرۆڤ دروستی کردووە، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە کۆمەڵگەیەکی باشە.
مایک واڵاس:- کێشەکە لێرەدایە، وەکوو ئەوەی دەردەکەوێت دوو شتی دژ بەیەک دەڵێیت، چونکە پێشتر وتت:- “گەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر ئەم ڕێچکەیەی بەردەوام بێت، خۆی بەرەو فەوتان دەبات.” ئەمە چۆن و بە چ شێوەیەک؟
ئەریک فرۆم:- بەڵێ بەڕێز واڵاس، بەشێوەیەکی گشتی قسە دەکەم. بەهۆی خرۆشیمان لە کۆنتڕۆڵکردنی سرووشت و بەرهەمهێنانی زیاتری کاڵای ماددی، ئامرازەکانمان کردووە بە شتێکی ڕەها. دەمانویست سوود لە چارەسەرکردنی ئاریشەکانی سەدەی نۆزدە ببینین و هەلێکی باشتری ژیان لە سەدەی بیستدا بە مرۆ ببەخشین، بەڵام ئەوەی کە ڕوویدا ئەوەبوو بەرهەمهێنان و بەکارهێنان لە ئامراز دەرچوون و بوون بە شتێکی بێسنوور. ئەوەتا ئێستا ئێمە ئاڵوودەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانین.
مایك وهڵاس:- باشە، ئەم خاڵە وەکوو دەسپێکی قسەکانمان دادەنێین. دەمەوێـت وەکوو دەروونشیکارێک ڕای تۆ لەسەر چەند بابەتێکی دیاریکراو کە بەسەر ئێمەی تاکدا دێت بزانم. بۆ نموونە مرۆ چی بەسەر دێت، مرۆڤی ئەمەریکی و نێوانی لەگەڵ پیشەکەیدا؟
ئەریک فرۆم:- تا ڕادەیەکی زۆر پێموایە کارەکەی بێ مانایە، چونکە هیچ شتێک بەیەکەوەیان نابەستێتەوە. وردە وردە مرۆڤ بوو بە بە بەشێک لە ئامێرێکی گەورە و زەبەڵاح، ئامێرێکی کۆمەڵایەتی کە بیرۆکراتی جووکمی دەکات. پێموایە زۆربەی کات تاکی ئەمەریکی بەبێ مەبەست ڕقی لە کارەکەی دەبـێتەوە، چونکە هەستدەکات گەمارۆ دراوە و زیندانی کراوە، هەستدەکات وزەی خۆی لە شتێکی بێ مانادا بەفیڕۆ دەدات.
مایك واڵاس:- کارەکەی ڕێگەیەکە بۆ پەیداکردنی ژیان، ئەمەیە مانای پیشەکەی، بەدڵنیایشەوە ئەمەش زۆر ڕێزدارانە و لۆژیکانەیە.
ئەریک فرۆم:- بەڵێ، بەڵام ئەمەش بەس نییە تا بەختەوەرت بکات. لەڕۆژێکدا هەشت کاتژمێر کار بکەیت، شتێکی بی مانایە و تەنیا پارە پەیداکردنە.
مایك واڵاس:- بمبەخشە دەچمە نێو وردەکارییەکانەوە، بەڵام کرێکارێک کە بزمارێک دادەکوتێت بەدوای چ مانایەکی قووڵدا دەگەڕێت؟
ئەریک فرۆم:- لە سەدەکانی ناوەڕاستدا چێژێکی تایبەت بوونی هەبووە کە تاوەکوو ئێستا لە وڵاتێکی وەکوو مەکسیک بوونی ماوە، ئەویش چێژی بەدیهێنانە. ئێستاش ژمارەیەکی باشی کرێکاری بەهرەمەند دەبینیت، کە خاوەنی ئەم جۆرە چێژەن. لەوانەیە ئاسنگەرێک، یان کرێکاری ئامێرە ئاڵۆزەکان هەست بەو چێژە بکات، چونکە پێیوایە کارەکەیان جیاوازییەک دروست دەکات. ئەمما ئەو فرۆشیارەی کاڵایەکی بێ سوود دەفرۆشێت، هەستدەکات فێڵبازە و ڕقی لەم کاڵایە دەبێتەوە.
مایك واڵاس:- بەڵام دەڵێیت کاڵایەکی بێ سوود، چی گەر فڵچەی ددان، یان ترۆمبیل بفرۆشێت؟
ئەریک فرۆم:- بەڵێ، چەمکی “بێ سوود” ڕێژەییە. بۆ نموونە، کەسێک بۆ ئەوەی خەرجییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە، دەبێـت خەڵکی قایل بکات بە کڕینی شتێک کە پێویستیان پێی نییە. ئەوکاتیش گەر ئەم کاڵایە سوودێکی تاکەکەسی هەبێـت، بۆ ئەوان بێ کەڵک و بێ سوودە.
مایک واڵاس:- لە کتێبەکەت سەبارەت بە خەڵکی ئەمەریکا، چەندینجار باسی “ئاڕاستەی بازاڕ”ت کردووە، مەبەستت لەمە چییە دکتۆر؟
ئەریک فرۆم:- مەبەستم ئەوەیە ڕێگای سەرەکی ئێمە لە پەیوەندیکردنمان بە یەکتری، وەکوو ئەو شتانەیە کە لە بازاڕدا پێکەوە گرێ دەدرێن. وەکوو ئەوەی دەوترێـت دەمانەوێت کەسایەتی خۆمان بە شتێکەوە بلکێنین. ئەمە ڕاست نییە، کرێکارێک ناچار نییە بەوەی کەسایەتی خۆی و پێکەنینەکانی بفرۆشێت، بەڵام ئەو کەسانەی مامەڵە لەگەڵ کەسایەتی دەکەن و یاری بە خەڵکی و ئاماژەکان و وشەکان دەکەن، ناچارن شتێک کە لەسەرووی خزمەتگوزارییەوەیە بفرۆشن. بە جۆرێک لە جۆرەکان وەکوو ڕێککەوتننامەیەک ناچارن کەسایەتی خۆیان بفرۆشن.
مایک واڵاس:- کەوایە بەهای تایبەتی بەندە بەو بڕەیەی کە بازاڕ دەیدات؟
ئەریک فرۆم:- ڕێک وایە، وەکوو جانتایەکی دەست کە بەهۆی نەبوونی خواستەوە ناتوانیت بیفرۆشیت و دواتریش کەڵکی ماددی نییە. گەر جانتا توانای بیرکردنەوەی هەبێت هەست بە کەمی دەکات، چونکە نەکڕدراوە و هەستدەکات بێ کەڵکە. بە هەمان شێوەش مرۆڤێک کە خۆی بە مادە دەبینێت، گەر لە فرۆشتنی خوددا سەرکەوتوو نەبوو، هەستدەکات بەتەواوی تیاچووە.
مایک واڵاس:- با ئێستا بچینە سەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێ و هاوڕێکانمان، لەم مەسەلەیەدا چی بەسەر مرۆڤدا دێت؟
دەمەوێـت لەوەوە دەست پێبکەم و بڵێم:- پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕووکەشیانەیە. ئێمە لە پەیوەندیە سۆزدارییەکانمان لەگەڵ خەڵکی دەترسین. زۆرێک لە ژن و مێردەکانیش بەمشێوەیەن. ئێمە ئەمە هەست دەگۆڕینەوە، یان باشتر بڵێم ئەم ترسە لەژێر سۆزێکی ڕووکەشیانەدا دەشارینەوە، ئەمەش شتێکی باشە، بەڵام هێشتا هەر ڕووکەشیانەیە. وای بۆ دەچم پرسیارەکەت وەڵامێکی تریش لە خۆ دەگرێت، لەڕاستیدا توێژینەوەکانیش ئەمەیان سەلماندووە؛ تاکی ئەمەریکی تەنیا گرنگی بە خۆی و پارەکانی خێزانەکەی دەدات، گرنگی بە کۆمەڵگەکەی نادات. ڕاستە قسە لەبارەی پرسە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکات، بەڵام مەبەستم ئەو نیگەرانییە کە هەندێکجار خەو لە چاوت دەتارێنێ. ئەمەریکییەکی ئاساییش هەرگیز خەوی خۆی بۆ کۆمەڵگەکەی یان وڵاتەکەی نازڕێنی، بە واتایەک، خۆی لە کۆمەڵگە دابڕاندووە و هەموو شتێکی بۆ حکوومەت و شارەزایان جێهێشتوە.
مایک واڵاس:- باباسی مرۆڤ و نێوانی لەگەڵ خۆشەویستی و هاوسەرگیری بکەین؟
ئەریک فرۆم:- دەبینم هەموان باسی خۆشەویستی دەکەن. خۆشەویستی یەکێکە لە پێویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ، بەتایبەت یەکگرتن لەگەڵ کەسێکی تر و دواتریش بوون بە یەک گیان، بەڵام لە ڕۆگاری ئەمڕۆماندا بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆشەویستی بووە بە شتێکی دەگمەن. هەستی زۆرمان هەیە و دەربارەی خۆشەویستی پڕین لە وەهم. لەڕاستیدا ناکرێت هیچ کەسێک بکەوێتە داوی خۆشەویستییەوە، بەڵکوو لەناو خۆشەویستیدا دەژی.
مایک واڵاس:- بەڵام بۆچی بۆ ئێمەی مرۆڤ ئەستەمە بە خۆشەویستییەوە بژین، بەڕای تۆ چ شتێک هۆکارە؟
ئەریک فرۆم:- لەبەرئەوەی سەرقاڵین، سەرقاڵی سەرکەوتن و پارەین. ئەوەی لە وتارە ئایینییەکاندا باسیدەکەین، زۆرجار گرنگی پێ نادەین. خۆشەویستی ئاسان نییە، زۆربەی ئایینەکانی جیهان، خۆشەویستی وەکوو دەستکەوتێک لە قەڵەم دەدەن
مایک واڵاس:- باسی یەکسانی و بەختەوەری و ئازادیت کرد، دەمەوێت زیاتر بۆمی ڕوونبکەیتەوە؟
ئەریک فرۆم:- بەڵێ، هەوڵدەدەم ڕوونی بکەمەوە. یەکسانی؛ مەبەستم بەو شێوەیە کە پێشتر لێی تێگەشتووم، کە ئەویش ئینجیلە، ئێمە هەموومان یەک پەروەرێن ئافراندووین و یەکسانین. هەموو مرۆڤێک بەهای خۆی هەیە. ئەمڕۆ باسی یەکسانی دەکەین، بەڵام من پێموایە باسی یەکسانی ناکەن، بەڵکوو باسی لەیەکچوون دەکەن. هەموو مرۆڤەکان لەیەک دەچن، دەشترسن کە لەیەکنەچن، چونکە پێیانوایە گەر لەیەک نەچن یەکسان نین.
سهرچاوه؛
وەرگێڕانی؛ مەدینە ئەحمەد




































































