سەرەڕای ئەوەی ناوبانگی ئیستوود لە هەڵکشاندا بوو و لە لێواری گەیشتن بە قۆناغێک بوو کە بتوانێت گوزارشت لە ئاواتە هونەرییەکانی بکات، وا دەرکەوت کە ئەگەری دەرکەوتنی هەر جۆرە دانپێدانانێکی ڕەخنەیی هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا سەختتر دەبێت. ئەم بارودۆخە دژبەیەکە دووبارە ئارەزووە کۆنەکەی بۆ جڵەوکردنی وێنەی خۆی وروژاندەوە و، ساڵانی حەفتاکان گەواهی گۆڕینی ئیستوود بوون بۆ دەرهێنانی فیلمەکانی. هێزی ئارەزووی وی لە کۆنتڕۆڵکردنی وێنەکەیدا وایکرد کە لە فیلمی هاری چەپەڵ و بە دواوە، تەنانەت پێش ئەو مشتومڕەی کە یاوەری بڵاوبوونەوەی ئەو فیلمە دیاریکراوەی (واتە هاری چەپەڵ) کرد. ئیستوود بە شێوەیەکی بەردەوام وزە داهێنەرانەکانی خۆی هەم وەک دەرهێنەر و هەم وەک ئەکتەر تەرخان بکات بۆ پەرەپێدانی فیلم و کارەکتەرەکان یانژی ڕەنگە بە دیاریکراوی پێشکەشکردنی وێنەی سینەمایی لەسەر خۆی کە ڕەخنە لەو وێنانە دەگرن کە میدیا و ڕۆژنامەگەری سەبارەت بەو پێشکەشی دەکەن. ئەگەر لە ئاستێکدا ببێتە بابەتی سەرەکیی هەر کام لە فیلمەکانی، ئەوا ئەمەش هێزە گەورەکەی لەناو پیشەسازییەکەدا – فیلمسازیی – ڕەنگ دەداتەوە، لە ئەنجامی دامەزراندنی کۆمپانیا تایبەتەکەی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، ماڵپاسۆ بۆ بەرهەمهێنانی (Malpaso Productions) لە ساڵی (1967)، و بوونی نزیکەی بەردەوامی لە لیستی دە ئەستێرەی سەرەکیی داهاتی سینەمای ئەمریکیدا لە ساڵانی حەفتاکاندا، و سێ جار لەو دەیەیەدا لە لوتکەی لیستەکەدا بوو (1972, 1973, 1979)، پێش هەریەکە لە ئەکتەران (جۆن وەین، پۆڵ نیومان، جۆن تراڤۆڵتا). پرسەکە پەیوەندی بە وێنە سیاسییەکەی ئیستوودەوە هەبوو لە ساڵی (1972)، وەک کەسێکی کۆنەپەرست و تەنانەت فاشیست سەیر دەکرا، و دانپێدانانی بەوەی کە دەنگ بە کۆمارییەکان دەدات یارمەتیی نەهێشتنی ئەو وێنەیەی نەدا. هەروەها لە ساڵی (1968) لە فیلمی بە بەرزی لە سێدارەیان بدەن(Hang ” Em High)ی دەرهێنەری ئەمریکی (تێد پۆست)دا ڕۆڵی گێڕا، کە هەڵوێستێکی لیبراڵانەی سەبارەت بە مەحاڵبوونی هەر جۆر تۆڵەسەندنەوەیەکی ڕاستەقینە و قەیرانی بوونگەرایی دادپەروەریی کەسیی پێشکەش کرد و، هەروەها ترسێکی دڵڕەقانەی تۆڵەسەندنەوەی ڕێپێدراوی دەوڵەت و سزای لەسێدارەدانی بە هەڵواسینی پیشان دا. لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی میراتی بەردەوامی فیلمی هاری چەپەڵەوە ئیستوود فیلمی هێزی ماگنۆم(Magnum Force) ساڵی (1973)ی (تێد پۆست)ی بەکارهێنا بۆ ئەوەی هەوڵی ڕاستکردنەوەی ئەو وێنەیە بدات کە ئەوانی تر لەسەری دروستیان کردبوو.
یەکەم و گرنگتر لە هەمووی، دەکرێت تەواوی فیلمەکە (واتە فیلمی بە بەرزی لە سێدارەیان بدەن) وەک شێوازێکی ئیستوود بۆ وەڵامدانەوەیەکی بینەکی – وەڵامدانەوە لە ڕێگەی ئامڕازی وێنەوە – بۆ ئەو تۆمەتە جیاوازانە ببینرێت کە لە ڕۆژنامەکاندا دژی سەریانهەڵدا بوو. لە ڕاستیدا نالۆژیکی نییە ئەگەر بڵێین ئەمە یەکێک بوو لەو حاڵەتە دەگمەنانەی کە تێیدا ڕەخنەی ڕاستەقینە لە ئەستێرەکە، هاوشێوەی نووسینەکانی پاولین کەیڵ دەربارەی ئیستوود، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی فیلمێکی سینەمایی. بە کورتی، چیرۆکی فیلمی هێزی ماگنۆم(Magnum Force) بەم شێوەیەیە؛ کۆمەڵێک پۆلیسی هاتووچۆی ماتۆڕسکیل سوار کە لە بەشی پۆلیسی سان فرانسیسۆکۆ کار دەکەن، دەبنە ناپاک، و دەبنە دادوەر و دەستەی سوێندخۆران بۆ هەرکەسێک کە بە گونجاوی بزانن و، خەڵکی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە سێدارە دەدەن. هەوڵ دەدەن هاری کاڵاهان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، کە وا دادەنێن وەک ئەوانە، بەڵام ئەو بە ڕوونی وەڵامیان دەداتەوە ” پێموایە لە داوەری کردن بەسەرمدا هەڵەن “، ئەمە وشەکانی – دیدگای – بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە بۆ ڕەخنەگرانی. ئیستوود لەسەر وەسپەکەی پاولین کەیڵ بۆ خۆی یاریی کرد ئەویش بە پێشکەشکردنی پۆلیسی هاتووچۆ کە چاکەتی چەرم دەپۆشن و چاویلکەی ڕەی-بان لەچاو دەکەن، وەک جۆرێک لە ” شێوەی ڕۆبۆت ” لە خۆی – لەبارەی خۆی – و ڕوویەکی نموونەیی کە بینەران دەتوانن ئارەزووەکانی خۆیانی تێدا ببینن. بە جیاکردنەوەی کارەکتەری کاڵاهان لە پاڵنەرە خراپەکانیان و بەرجەستەکردنیان لە وێنەی ” پۆلیسە ماتۆڕسکیلە سوارە فاشیستەکان “دا فیلمەکە بە زیرەکیی هەستێک بە دووری و جیاوازی دروست دەکات، و ئەمەش لە فیلمەکەی پێش خۆی (واتە هاری چەپەڵ) جیای دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمە تاکە بەرهەمیشی بێت. کارکتەری ” هاری ” هەندێک لە عوسابی لەگەڵ ئەو کەشە دڵەڕاوکێ بوونگەراییەی کە دۆن سیگڵ بە دڵنیاییەوە لە فیلمی هاری چەپەڵدا پێشکەشی دەکات، لە فیلمی هێزی ماگنۆم لەدەست دەدات .
“کلینت ئیستوود لەسەر دووڕیانێک”
ئەگەر فیلمی هێزی ماگنۆم(Magnum Force) نموونەیەکی دیاریکراو پێشکەش بکات، ئەوا لە ڕاستیدا هەموو فیلمەکانی ئیستوود – هەرچەندە بە پلەیەکی کەمتر بێت – تووڕەییەک دەردەبڕن – گوزارشت لە تووڕەییەک دەکەن – بەرابەر بە تێنەگەیشتن لێیان یان بەهەندوەرنەگرتنیان وەک پێویست. سەبارەت بەو تۆمەتەی – کە لە ڕۆژانی کارکردنی لەگەڵ سێرجیۆ لیۆنی سەریهەڵدا کە ئەوکات بارگاوی بوو بە ڕەخنەی سیاسی – گوایە ئیستوود کەسێکی پیاوسالار و دژەژنە، یان سادۆ- مازۆخییە، پێویست بوو ئیستوود بە پێوەرەکانی خۆی وەڵامی ئەم تۆمەتە بداتەوە و سوود لە زنجیرە فیلمی هاری چەپەڵ وەربگرێت وەک ئامڕازێک بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. هەر بۆیە فیلمی سێیەمی زنجیرەکە – واتە زنجیرە فیلمی هاری چەپەڵ – بەناوی جێبەجێکارەکە(The Enforcer) ساڵی (1976) لە دەرهێنانی جەیمس فارگۆ، لەم چوارچێوەیەدا هاتە بەرهەم. سەرەڕای ئەوەی فیلمی جێبەجێکارەکە فیلمێکی خاو و بەگشتی شکستخوردووە، لێ خاوەنی شتێکە کە هەندێک زیندوییەتی پێدەبەخشێت – بەمە جیا دەکرتەوە – و هەندێکیش سەرنجڕاکێشە، ئەویش پەیوەندیی ” هاری “یە لەگەڵ هاوکارەکانیدا، بەتایبەتی هاوکارە کچەکەی، کە جیاوازیی تەواوی وەک مێینەیەک لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنە ڕەقەکەی کەسایەتیی هاری کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی نەرمکردنی هاری، هەرچەندە ئەمە بە شێوەیەکی تەواو دەستکرد و بە ناچاری کراوە. جێی سەرسوڕمانە کە هەر ئەمەشە وا دەکات ئەم چیرۆکە تایبەتەی پۆلیسە دڵخوازەکەی ئەمریکا کەمێک کاڵ و کرچ بێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمە بێگومان یەکەم جار نەبوو کە ئیستوود بڕیار بدات وێنەی خۆی سەبارەت بە ” ڕەگەزی ناسک – ژن – تاقی بکاتەوە، چونکە ئەو هەمیشە ” ڕۆڵێکی باشی بە خانمە ئەکتەرکان – ئەکترێس – داوە ” لە فیلمەکانیدا(18)، و ئەمەش بێگومان دەرگای زریانێک لە ڕەخنە و مشتومڕی خستەسەر پشت سەبارەت بە پشتگیریکردنی ئیستوود لە جیاکاریی نێوان ژن و پیاودا لەلایەن کۆمەڵگەیەکی ڕەخنەگرەوە کە پێدەچوو نەیتوانیبێت باوەڕ بەوە بکات کە ئیستوود هیچ جۆرە ڕاستێتی(مسداقییەت)یەکی هەبێت.
دیارترین خەسڵەتی فیلمەکانی ئیستوود لەو ماوەیەدا لە ڕاستیدا دەرخستنی ئەو سادیزمەیە کە زۆر پێی تۆمەتبار دەکرا، بەڵکو ئەوە مازۆخییەتی (ئازارچێژی) زیادەڕۆیانەی کارەکتەرەکانییەتی کە شایەنی سەرنج و تێڕامانە. وا دەردەکەوێت لیستی ئەو کێشە جەستەییانەی کە تووشی دەبن کۆتایی نایەت(19) و پێ بەپێ دوای نەریتێکی سینەمایی کەوتووە کە لە پەنجاکان و لە پێنج فیلمی وێسترنی دەرهێنەر (ئەنتۆنی مان) لەگەڵ ئەکتەر (جەیمس ستیوارت) باو بووە؛ هەموو پاڵەوانەکان لە ڕاستیدا ئازار دەچێژن، و پێویستە چێژ لە هەموو ئەمانە وەربگرن بۆ ئەوەی پێگەی پاڵەوانانەی خۆیان بەرز بکەنەوە. ئیستوود زۆر جار لە فیلمەکانیدا چێژێکی کەفارەتئامێز(سڕینەوەی تاوان) پێشکەش بە بینەران دەکات – تەنانەت کارەکتەری ئیستوود لە فیلمی بە هەموو شێوەیەک جگە لە سەرکێشی(Every Which Way But Loose) ساڵی (1978) دان بەوەدا دەنێت کە چێژ لە لێدان وەردەگرێت – کەم ئەکتەر هەبوون کە تێکشکاندنی وێنەی خۆیان بەو شێوە ڕژدی و ڕاستەوخۆیەوە وەرگرتبێت، و هیچ ئەکتەرێکی تر ڕۆڵی نەگێڕاوە یان فیلمی دەرنەهێناوە کە کارەکتەرەکانی بەو شێوە زیادەڕۆیانە گاڵتەجاڕ و دڵخۆش بن بە هێزی ئاڵۆشیی سێکسییان، بە دەربڕینێکی تر بە هێزی شەهوانییان وەک لە فیلمی فریودراوەکان(The Beguiled) ساڵی (1971)، و فیلمی گۆرانی میستیم بۆ لێبدە(Play Misty for Me) ساڵی (1971)، یان بە شێوەیەکی لەخۆباییانە ئەوەندە خۆپەرست و گۆشەگیر بن، یان ڕقیان لە مرۆڤ بێت وەک کارەکتەری (فرانک هارمۆن – لە ڕۆڵگێڕانی ویلیام هۆڵدن) لە فیلمی بریزی(Breezy) ساڵی (1973)، یان خۆیان بە گرنگ و دەستەبژێر بزانن وەک لە فیلمی سزای ئایگەر(The Eiger Sanction) ساڵی (1975). هەموو ئەم فیلمانە وێنەی زیادەڕۆیانەی ئەو نەنگییانە پێشکەش دەکەن کە وا دەردەکەوێت ئیستوود بە جددی لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا هەڵیدەوەشێنێتەوە – دەیسڕێتەوە – تاوەکو خۆی لێیان ڕزگار بکات.
“تەنها وێنەیەکە؛ بەڵام ڕاستە”
وەک تاجێکی گونجاو بۆ دە ساڵ کارکردن، فیلمی هەڵاتن لە ئەلکاتراز(Escape from Alcatraz) ساڵی (1979)، دوا فیلم بوو کە کلینت ئیستوود و دۆن سیگڵ پێکەوه کاری تێدا بکەن، چیرۆکی فیلمەکە ڕووناکی دەخستبووە سەر ئەو ئامادەکارییە وردەی کە فرانک مۆریس(کلینت ئیستوود) کردی بۆ هەڵاتن لەو زیندانە بەدناوەی کە دەکەوێتە دەوروبەری سان فرانسیسکۆ، کە وەک دەیانگوت هەرگیز کەس لێیەوە هەڵنەهاتووە. بۆ ئەوەی پاسەوانەکانی زیندان بخەڵەتێنێت، مۆریس قاڵبێکی دەموچاوی لە کاغەزی تەڕکراو دروست کرد. لێرەدا جارێکی دی ڕوخسارێکی ساختەمان هەیە کە پاسەوانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر وایان دەزانی ڕوخساری ڕاستەقینەی زیندانییەکەیە. کاتێک یەکێک لە پاسەوانەکان لە کۆتاییدا فێڵەکە ئاشکرا دەکات، ماسکەکە دەکەوێتە سەر زەوی، بەڵام دواجار هەوڵی خەڵەتاندنەکە سەرکەوتوو دەبێت؛ مۆریس ئازادە. دەتوانین لەم قۆناغەدا بڵێین کە ئیستوودیش “ئازاد بوو”.
نووسینی؛ بێرنار بینوا
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد




































































