دواى زیاتر لە سەدە و نیوێک لە هاوپەیمانى نێوانیان، لەئێستادا بازرگانان و پیاوانى ئایینى لە ئێران لە دوو بەرەى دژ بەیەکدان، سزا و گەمارۆ ئابورییەکان بڕستى لە هاووڵاتیان بڕیوە، خۆپیشاندان و مانگرتنى هاووڵاتیان لەپێناوى باشترکردنی بارودۆخی ژیانیاندا، لە زۆرێک لە شارەکانى ئێران بەردەوامە، ئایا ئەم خۆپیشاندانانە تەنها لەپێناوى قوت و بژێوییە یان کۆتایى بە دەسەڵاتى پیاوانى ئایینی دەهێنێت. دروشمەکانی باشترکردنی ژیان و گوزەران و نەهێشتنی گەندەڵی و نادادپەروەری، لە گرنگترینى ئەو دروشمانە بوون کە وایکرد لە ساڵى (1979) چینە پەراوێزخراوەکان لە دەوری پیاوانی ئایینی کۆببنەوە و لەگەڵیاندا یەکبگرن تاوەکو شۆڕشەکەیان سەربخەن و کۆتایى بە دەسەڵاتى بنەماڵەى پەهلەوییەکان بهێنن. لە دوو دەیەى یەکەمى دواى شۆڕشدا گوزەرانى هاووڵاتیانى ئێران بەرەو باشى رۆیشت، بەڵام لەم دوو دەیەى کۆتاییدا، بەهۆى سیاسەتە پاوانخوازییەکانى دەسەڵاتداران و زنجیرەى گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، دۆخی ئابووری و ژیانى هاووڵاتیان بەرەو خراپبوون رۆیشتووه. لە حەوت ساڵی ڕابردوودا دۆخی ژیان و ئابووری ئێرانییەکان بە ڕادەیەک خراپ بووە، کە لەدوای شۆڕشەوە وێنەى نەبووە. بەهای دراوی ناوخۆیی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی تۆمارکردوە. بەجۆرێک لە ساڵی (2014) هەر دۆلارێک بەرامبەر نزیکەی (3000) تمەن بوو، بەڵام لە ساڵی (2024)دا گەیشتە نزیکەی شەست هەزار تمەن، ئاستی هەڵاوسانیش بۆ زیاتر لە (50%) هەڵکشا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار لە ئێران، ڕێژەی ئەو کەسانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لە ساڵی (٢٠١٢)دا گەیشتووهتە (٢٢%)ی کۆى دانیشتووان، بەڵام لە ساڵی (٢٠٢٢)دا گەیشتۆتە (٣٥%). لەکاتێکدا بەپێی سەرچاوە سەربەخۆکان ڕێژەکە بۆ زیاتر لە دوو لەسەر سێی کۆمەڵگا بەرز بۆتەوە. بۆیە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەخێرایی و بە ماوەیەکی کورتتر لە ئاسایی دووبارە دەبنەوە. بە بەڵگەى ئەوەى لە ساڵی (٢٠١٧)ەوە، ئێران پێنج ناڕەزایەتیی گەورەی جەماوەری و چینە جیاوازەکانى بەخۆیەوە بینیوە، واتە بە ڕێژەی نزیکەی ناڕەزایەتییەک لەماوەى ساڵ و نیوێکدا، ئەمەش لە ماوەی دەیان ساڵی دوای شۆڕشدا ڕووینەداوە، چونکە پێشتر لە هەر دە ساڵێکدا نزیکەی یەک ناڕەزایەتی گەورەى بەخۆوە بینیوە.
“بازاڕەکانى ئێران”
بەگوێرەى سەرچاوە مێژوییەکان دامەزراندنی بازاڕ لەئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، بەتایبەتى لەو شارانەی کە لەکۆندا دەکەوتنە سەر ڕێگا سەرەکییەکانى بازرگانی. ئەمڕۆ ئێران کۆمەڵێک بازاڕی بەناوبانگی هەیە کە لە لیستی میراتی جیهانی یونسکۆدا جێگیرکراون، بەناوبانگترینیان بازاڕی تەبرێزە لە باکوری ڕۆژئاوای ئێران کە وەک گەورەترین بازاڕی سەر داپۆشراوی مێژوویی لە جیهاندا ئەژماردەکرێت، هەروەها بازاڕی ئیسفەهان و کاشان (ناوەندی ئێران)، بازاڕی گەورەی تاران لە پایتەخت و چەندین بازاڕى بەناوبانگی دیکە. بازاڕەکانى ئێران تەنها شوێنى کڕین و فرۆشتن نەبوون، چونکە لە دەوروبەرى بازاڕەکان و بۆ ئاسوودەکردنى کڕیاران، جگەلە شورا، خزمەتگوزارییەکانى وەکو چێشتخانە و مزگەوت و هۆتێل بۆ گەشتیاران و تەنانەت قوتابخانەش هەبوون، سەربارى ئەوەى لەڕووى تەلارسازییەوە بازاڕەکان بە شێوەیەکى سەرنجڕاکێش دیزاین کرابوون. ئەوەش بە ئامانجى هاندانى خەڵکى بوو تاوەکو سەردانى بازاڕەکان بکەن و ئەوەندەى دەتوانن بمێننەوە، بۆیە بازاڕ کاریگەرییەکی ڕوونی لەسەر ژیانی گشتی هەبووە. بازرگان و خاوەنى بازاڕەکان، بەدرێژایى مێژوو لەئێراندا خاوەنى پێگەى کۆمەڵایەتی و سیاسیی بوون، هیچ دەسەڵاتێک نەیتوانیوە بە تەواوەتى کۆنترۆڵى بازاڕ بکات، چونکە بازاڕەکان جگەلەوەى سەرچاوەى ژیان و بژێوى هاووڵاتیان بوون، لە هەمانکاتدا سەرچاوەى سەرەکى پارەدارکردنى دامەزراوەى ئایینى بوون، چونکە بازرگانان زەکات و پێنج یەک (خومس)یان دەدا بە فەقیهەکان، وەقف و دیارییان پێشکەش بە پیاوانى ئایینى دەکرد، بۆیە کەسایەتى و دامەزراوە ئایینییەکان لە بەرانبەر دەسەڵاتدا پشتیوانیان لە بازرگانان دەکرد.
“بازاڕ و شۆڕشى توتن”
لەمێژوى ئێراندا، رۆڵى بازاڕ لە زۆر نموونەی چارەنووسسازى گۆڕانکارییە سیاسیەکاندا دەرکەوتووه. بەنموونە شا عەباسى سەفەوى (1587-1629) پایتەختى دەوڵەتەکەى لە قەزوینەوە گواستەوە بۆ ئەسفەهان، کە بەناوبانگترین و کۆنترین بازاڕەکانی وڵاتى لەخۆدەگرت. لەسەردەمى دەسەڵاتى قاجارییەکاندا (١٧٧٩-١٩٢٥)، دواى ئەوەى ناسرەدین شا لە ساڵی (١٨٨٢) داواکاری بازرگانەکانى بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنێکی بازرگانی رەتکردەوە، هەروەها ئیمتیازى بازرگانى توتنى بۆ ماوەى پەنجا ساڵ بەخشى بە خاوەنى کۆمپانیایەکى بەریتانى، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە ئێرانییەکان لە چاندن و بازرگانى تووتندا کاریان دەکرد و سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان بوو، لەساڵى (١٨٩٠) بازرگانەکان بەهاوکارى پیاوانى ئایینى جاڕى “شۆڕشی تووتن”یان دا، ئایەتوڵڵا میرزا حەسەن شیرازی لە فتوایەکدا بەکارهێنانى تووتنى یاساغکرد. بازرگانەکان لە مزگەوتی جەوهەرشا مانگرتنیان راگەیاند، لە ئیسفەهان دوکان و بازاڕەکانیان داخست، پاشان مانگرتنەکە گواسترایەوە بۆ تاران، هەندێکیان تووتنەکانیان سووتاند، ئەو بابەتەش پەرەی سەند تاوەکو پێکدادانەکان گەیشتە نزیکى کۆشکى شا و درێژەى کێشا، هەتا شا ناچار بوو ئیمتیازەکە هەڵبوەشێنێتەوە و کارەکانی کۆمپانیا بەریتانیەکە ڕابگرێت. ئەوەش یەکەم ڕاپەڕین بوو کە نوێنەرایەتی دەسەڵات و کاریگەری هاوپەیمانی بازرگانانی بازاڕ و پیاوانی ئایینی دەکرد.
“دەستوور و شۆڕش”
لە ماوەى ساڵانى (1905 – 1910) ناڕەزایی بازرگانانی بازاڕ لە باڵادەستى ڕاوێژکارە بیانییەکان بەسەر ئابووریدا پەرەى سەند، بەتایبەتی بەلجیکیەکان کە موزەفەرەدین شای کوڕی ناسرەدین شاى قاجار پشتی پێدەبەستن. هەروەها بازرگانان داوایان دەکرد گومرگە زیادکراوەکانى سەر کاڵاکانیان لاببرێت، بەڵام شا وەڵامی داواکارییەکانیانى نەدایەوە و هەوڵیدا بەزەبرى هێز سەرکوتیان بکات. بازرگانان بازاڕەکانیان داخست و مانگرتنى گشتیان راگەیاند، پەنایان بۆ پیاوانی ئایینی و مزگەوتەکان برد، داوای لابردنی سەرۆکی حکومەتیان کرد. گرنگترین داواکارییان پێکهێنانی ئەنجومەنێک بوو کە سەر بە شا نەبێت و لە هەموو شارەکانی ئێراندا لقی هەبێت، نەک تەنها لە پایتەختدا، وەک ئەوەی شا دەیویست. لەسەر پێشنیارى ئایەتوڵا عەبدوڵا بەهبەهانى، بازرگانەکان ڕوویان لە باڵێوزخانەی بەریتانیا کرد و لەوێ مانیان گرت، خەڵکیش پشتیوانى دەکردن، ژمارەی خۆپیشاندەران بۆ بیست هەزار کەس بەرزبووەوە، خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەى بیست ڕۆژ بەردەوام بوون. لەکۆتاییدا شا داواکاری بازرگانەکانى پەسەندکرد و ئەنجومەنەکەی دامەزراند بەو شێوەیەی کە زانا و بازرگانەکان دەیانویست. لە دەرەنجامى ئەو رووداوانەدا کە بە شۆڕشی دەستووری ناسراوە، یەکەم ئەنجومەنى نوێنەران (پارلەمان) لە مێژووی ئێراندا پێکهێنرا. لەکۆى (161) کورسى ئەنجومەنەکە، بازرگانانی بازاڕ بوونە خاوەنى (57) کورسى واتە (35%) ئەنجومەنەکەیان پێکدەهێنا. یەکەم کارى نوێنەران لە ئەنجومەنەکەدا کە پێشینەیەکى بازرگانیان هەبوو، ڕەتکردنەوەی قەرزە دەرەکییەکان بوو، لەبرى ئەوە پێشنیاری دامەزراندنی بانکی نیشتمانیان کرد و یەکەم دەستووریان بۆ وڵاتەکەیان پەسەندکرد.
“تیرۆر و رەتکردنەوەى کۆمار”
لە ساڵی (1921) ڕەزا شاى پەهلەوی بە کردەیی دەستی بەسەر دەسەڵاتى دەوڵەتی قاجاردا گرت، لەژێر کاریگەری ئەزمونی کەمال ئەتاتورکدا هەوڵیدا ئێران لە دەسەڵاتی پاشایەتییەوە بۆ کۆمارى بگۆڕێت، بەڵام بازرگانانى بازاڕ و پیاوانى ئایینى لەژێر سەرکردایەتى ئایەتوڵا حەسەن مودەریسدا لەدژى وەستان، دواى چەندین پێکدادان و رووبەڕووبوونەوە، ڕەزا پەهلەوی ناچاربوو فەرمانی کۆمار بکشێنێتەوە. ئاشتەوایی لەنێوان شا و دامەزراوەکانى بازرگانی و ئایینیدا زۆری نەخایاند، دوای ئەوەی شا لە ساڵی (١٩٣٦)دا پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی حیجاب و سەپاندنی بە زۆرەملێ کرد. ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تووندوتیژانە لەنێوان کۆمەڵگا و کارمەندانی ئاسایشدا سەریهەڵدا. دواى ئەوەى بازرگانانی بازاڕ و پیاوانی ئایینی نەیانتوانی بە شێوەیەکی ئاشتیانە زۆرێک لە ڕێکارەکانی شا بگۆڕن، بۆیە لە کۆتایی دەسەڵاتی شادا ڕوویانکردە تووندوتیژی، ئەم ڕەوتە لەدوای دوورخستنەوەی (شا)ش هەر بەردەوام بوو، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی چەندین گروپى چەکدارییەوە بوو، لە نموونەى “فیدایانى ئیسلام”، کە ڕێبازی کردەی چەکداری و تیرۆری سیاسیان لەپێناوى گۆڕانکاریدا گرتەبەر و توانیان بەشێک لە سەرۆک وەزیرەکان تیرۆربکەن، زۆرینەى ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیەش خەڵکی بازاڕ بوون. دواى لەسەر کار لابردنى رەزا شا لە دەسەڵات، محەمەدى کوڕى جێگەى گرتەوە، بەڵام دوژمنایەتی شای نوێ لەگەڵ بازاڕدا تووندتر بوو، بەتایبەتى دوای ئەوەی بە هاوکاری لەگەڵ پیاوانی ئایینی، بەئاشکرا چەندین ڕۆڵیان لەدژی دەسەڵاتەکەی گێڕا. کە دیارترینیان پشتیوانیکردن بوو لە بزووتنەوەی نیشتیمانى بە سەرۆکایەتی محەمەد موسەدەق تاوەکو لە ساڵی (١٩٥١) گەیشتە پۆستی سەرۆک وەزیران، بازرگانانی بازاڕ کۆمەکى حکومەتەکەى موسەدەقیان کرد و پارەیان بۆ حکومەتەکەى دابینکرد، هەروەها بەرەنگاری کودەتاکەی شایان بەسەر حکومەتەکەی موسەدەقدا کرد، ئەمەش وایکرد شا ئەوان -لەگەڵ دامەزراوەی ئایینی- بە هۆکارێک بزانێت کە مەترسی لەسەر مانەوەی لە ئێراندا دروستدەکەن، هەر بۆیە کاتێک لە ڕووخاندنی حکومەتی موسەدەق سەرکەوتنى بەدەستهێنا و لە ساڵی (١٩٥٣)دا زیندانی کرد، بەتووندترین شێوە دوژمنایەتى بازاڕى کرد.
“ڕووخاندنى دەسەڵاتى پادشایەتى”
محەمەد رەزاشا، دوای ڕزگاربوونى لە موسەدەق، کەوتە هەوڵى لاوازکردن و گۆشەگیرکردنى بازرگانان و پیاوانى ئایینى، لەو پێناوەشدا سڵى لە هیچ میکانیزمێک نەدەکردەوە و لە ماوەى ساڵانى (1963 – 1978) چەندین رێگاى جیاواز و جۆراوجۆرى گرتەبەر. هەندێک لەو کارانەشى لەژێر ناوی چاکسازییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا ئەنجامدا، کە بە (شۆڕشى سپى) ناودەبرێت. خەڵکی بازاڕ بۆ ماوەیەک بەناچارى ملکەچی ئەو دۆخە بوون کە بەسەریاندا سەپێنرابوو، بەڵام لەگەڵ پیاوانی ئایینی، چاوەڕوانی کاتی گونجاویان دەکرد بۆ تۆڵەکردنەوە لە شا. بۆیە لە (5/حوزەیران/1963) پشتیوانییان لە خۆپیشاندانى بیست ڕۆژەى پیاوانی ئایینی کرد کە بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی لە دژی ڕیفراندۆم بۆ شۆڕشی سپی ئەنجامدرا. دوای دەستگیرکردنی خومەینی، پیاوانى بازاڕ بە داخستنی فرۆشگا و بازاڕەکان پشتیوانیان لێکرد. بازاڕی تاران و قوم بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ بە داخراویی مایەوە، پاشان شا ناچار بوو خومەینی ئازاد بکات. دوای ئەوەى بە یاسایەک پارێزبەندی تایبەت بە ڕاوێژکارە ئەمەریکییەکان بەخشرا کە لە ئێران کاردەکەن و لە پەرلەمانیش پەسەندکرا، خومەینى لە (1964) ناڕەزایەتییەکانی نوێکردەوە و داوای ڕووخاندنی تەواوەتی ڕژێمی شای کرد، بۆیە شا بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی سەرەتا بۆ تورکیا و پاشان بۆ ئێراق، بەڵام بە سەرۆکایەتیی بازرگانانی بازاڕ جارێکی دیکە ناڕەزایەتی لە شەقامەکاندا سەریهەڵدایەوە و لەسەر فتواى (ئایەتوڵڵا میلانی) سەرۆکوەزیران حەسەن عەلی مەنسوورى کوژرا.
لە سەرەتای ساڵی (١٩٧٨)دا، بازرگانەکان پشتیوانیان لە خۆپیشاندانەکانی تاران کرد، کە داواى گەڕانەوەى خومەینی لە تاراوگە و هەڵوەشاندنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتیان بەسەر نرخ و بازاڕەکاندا دەکرد. لە مانگی کانونى دووەمى ساڵی (١٩٧٨)دا، شا لە ڕۆژنامەی “اطلاعات”دا وتارێکى بڵاوکردەوە کە تیایدا سوکایەتی بە خومەینی و پیاوانی ئایینی کرد، کۆمەڵەی بازرگانان و پیشەوەرانی بازاڕی تاران بەیاننامەیەکی یەکگرتوویان بڵاوکردەوە و ئەو وتارەیان شەرمەزار کرد و داواى داخستنی بازاڕەکانیان کرد. ئەم بانگەوازە سەرەتای زنجیرەیەک پشێوی و داخستنی بازاڕەکانی ئێران بوو کە سێزدە مانگی خایاند، بازاڕەکانی تاران، ئیسفەهان، شیراز، ئەهواز، مەشهەد و تەبرێز داخران، لەو ماوەیەدا قەیرانی ئابووری و گرانبوونى نرخەکان ڕوویدا، بەهۆیەوە دۆخی ناوخۆی خراپتر کرد و دەسەڵاتی شای لاوازتر کرد. ئەم مانگرتن و خۆپیشاندانانە بە ڕووخاندنی ڕژێمی شا و گەڕانەوەى خومەینی لە تاراوگە لە مانگى شوباتی (١٩٧٩) کۆتایى هات.
“بازاڕ و عەمامە”
دواى سەرکەوتنى شۆڕشى (1979)، بۆ یەکەمجار پیاوانى ئایینى گەیشتنە لوتکەى دەسەڵات و بازرگانانی بازاڕیان فەرامۆشکرد. لەوکاتەوە تائێستا ئاخوندەکان هەموو سەرچاوە و سامانی ئابووری دەوڵەتیان وەکو: نەوت، گاز، کانزا، کارگەکان، دامەزراوە بەرهەمدارەکانیان بۆ خۆیان قۆرخکردوە. مەهدی خەلاجی، لێکۆڵەر و ئەکادیمیستی ئێرانى دەڵێت: “لە رۆژگارى ئەمڕۆماندا بە دەگمەن کارێک یان پیشەیەک دەدۆزینەوە کە دەستى پیاوانی ئایینی تێدانەبێت، هەر لە کارگە و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و پترۆکیمیاوە بگرە تا دەگاتە دامەزراوەی سوپا و فەرمانگە حکومییەکان و زانکۆکان و یانە وەرزشییەکان”. لەدەرەنجامى فەرامۆشکردنى بازرگانانی بازاڕ، لە یەکەم خولى پەرلەمانى دوای سەرکەوتنی شۆڕشدا، هەرچەندە دیارترین ڕۆڵیان لە سەرکەوتنیدا هەبوو، تەنها (2%) کورسیەکانى پارلەمانیان بەدەستهێنا، لەکاتێکدا پیاوانی ئایینی نزیکەی (٥٠%)ی نوێنەرانیان پێکدەهێنا. بۆ پاراستنى دەسەڵاتەکەى، خومەینى هەوڵی بێلایەنکردنی بازاڕی دا، هەروەها بە بەخشینى پۆستى حکومى و پێدانى مۆڵەتی تایبەتی هاوردەکردن، پاداشتى بەشێک لە بازاڕییەکانى دایەوە کە پاڵپشتى شۆڕشیان کردبوو. بەشێک لە بازرگانانی بازاڕ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان، بەتایبەت ئەو کەسانەیان کە پارەیان بۆ خۆپیشاندەران دابین دەکرد و تێچووی شۆڕشیان لە ئەستۆ دەگرت، ڕوویان لە سیاسەت کرد و بوون بە وەزیر و ئەندامی پەرلەمان.
گەمارۆکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئێران لە ساڵی (2006)ەوە، لاپەڕەیەکى نوێى لە تۆمارى کەمکردنەوەی ڕۆڵی بازاڕ لە ئێراندا کردەوە. چونکە گەمارۆی سەپێنراو و ڕێگریکردن لە وەبەرهێنانی بیانی لە ئێراندا، بووە هۆى زیادکردنی کۆنترۆڵی پاسداران بەسەر بازاڕەکاندا. لەبەرئەوەى پاسداران کۆنترۆڵى زۆرینەى بەندەر و دەروازە سنوورییەکانیان کردبوو، هەروەها کۆمپانیاکانیان لە باج دەبەخشرا و خۆیان لە باجی گومرگی دەدزییەوە. بازرگانەکانى بازاڕ جگەلە قبوڵکردنى ئەو دۆخەى کە هەبوو لەگەڵ قۆستنەوەى دەرفەتێکى گونجاو بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان و دەربڕینى ناڕەزایى، هیچ چارەیەکى دیکەیان نەبوو، کیڤان هاریس، مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی کالیفۆرنیا، لە کتێبی “شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی: سیاسەت و دەوڵەتی خۆشگوزەران لە ئێران”دا دەڵێت: “لەدواى ڕاگەیاندنی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بازاڕەکان بەدەگمەن بەشێوەیەکى ئاشکرا ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران دەربڕیوە. بەڵام ئەوان لە ئۆکتۆبەری (2008) و جارێکى دیکە لە مانگى تەمموزى (2010) دەرچون و دەستیان بە ناڕەزایى دەربڕین کرد. بازرگانان بازاڕەکانیان لە شارە گەورەکانی ئێراندا داخست، بازاڕەکانی تاران و ئیسفەهان مانگرتنی پچڕپچڕ و داخستنی فرۆشگاکانیان بەخۆوە بینى، لە هاوینی (٢٠١٠)دا مەودای مانگرتنەکە فراوانتر بوو، بازاڕی تەورێزی پایتەختی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیشی گرتەوە. مانگرتنە پچڕپچڕەکان تا هاوینی (٢٠١٢) بەردەوام بوون، لە ئەنجامدا سەرکەوتوو بوون لە هاندانى حکومەت بۆ پاشەکشە کردن لە سەپاندنی باج بەسەریاندا”. لە ساڵی (٢٠٠٩) کە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی سەوز لە دژی دەستووهردان لە هەڵبژاردنەکاندا سەریهەڵدا، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگرییان لە داخستنی دوکان و بازاڕەکان کرد و ژمارەیەک بازرگانى بازاڕیشیان دەستگیرکرد، ئەوە جارى یەکەم بوو کە بازاڕ لە بەشداریکردن لە یەکێک لە ڕاپەڕینە جەماوەرییە گەورەکانی ئێران دووربخرێتەوە.
دوای تووندکردنەوەی سزاکانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بازرگانانی بازاڕی گەورەى تاران لە ساڵی (٢٠١٢) بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانیان مانگرتنی گشتییان راگەیاند، سەرجەم فرۆشگاکانیان لە تارانی پایتەختدا داخست، لە چەند شەقامێکی گرنگى تاراندا سەرکردایەتی ڕێپێوانی ناڕەزایەتیان کرد، دوای ئەوەی دەیان هەزار هاووڵاتی ئاسایی پەیوەندییان پێوە کردن، ڕێپێوانەکان گۆڕان بۆ خۆپیشاندانی جەماوەری، هاووڵاتیان توڕەبوون لە تێکچوونی بارودۆخی ئابووری وڵاتەکەیان و سەرکۆنەى بەفیڕۆدانی سامانی گشتیان بۆ بەدیهێنانی خواستە دەرەکییەکان لە وڵاتانی دراوسێدا دەکرد. دەسەڵات هێزى لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا، بۆیە بازاڕەکان ناچار بوون کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن و دوکانەکانیان بکەنەوە. بازرگانانی بازاڕ لە ساڵی (٢٠١٨)شدا بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کرد، ئەوەش دوای مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی چین و توێژە جیاوازەکان بوو، کە لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتى حەسەن ڕۆحانیدا سەرانسەری ئێرانى گرتەوە، بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر تێکچوونی باری گوزەرانی گرووپە جۆربەجۆرەکانی ئێران، وەک کرێکاران، شۆفێران، مامۆستایان، خانەنشینان و ئەوانی دیکە. بازرگانانی بازاڕ بۆ ناڕەزایى دەربڕین لە بەرامبەر سەختى بەڕێوەچوونى کارە بازرگانیەکانیان، لە کۆتایى مانگى حوزەیران تا (5/ئاب/2018)، مانگرتنیان راگەیاند و بازاڕی گەورەی تارانیان داخست. مانگرتنی بازارەکان لە بازاڕی گەورەوە بۆ بازارەکانی دیکەى تاران وەک بازاڕى چوارسووق و قەتاریە گواسترایەوە، پاشان بۆ بازاڕی پارێزگاکانی دیکەى وەک ئەسفەهان، شیراز، مەشهەد، ئەهواز، کرماشان، قەزوین، قوم گواسترایەوە. ئەمجارەیان خۆپیشاندەران لافیتە گەلێکیان بەرزکردبووەوە کە سیاسەتەکانی ڕژێمیان لە ناوخۆ و دەرەوەدا ئیدانە دەکرد وەک: “سوریا بەجێبهێڵن!” بیر لە بارودۆخی خۆمان بکەنەوە”.
بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان جارێکی دیکە هێز بەکارهێنرایەوە و ژیان گەڕایەوە بۆ دۆخی جارانى، بەڵام بەو جیاوازییەی کە دروشمی بازرگانەکان گۆڕا بوو، تەنها پەیوەست نەبوو بە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیانەوە. خۆپیشاندانەکانى (2018) دەریخست دەکرێت بازاڕ نەخۆش بکەوێت، بەڵام ئەستەمە بە تەواوەتی بمرێت. ئەمەش وایکردوە پێشبینیکردنی ڕەفتاری بازاڕ یان لە قاڵبدانی بۆ چوارچێوەیەکى جێگیر یان ژینگەیەکى بێدەنگ قورس بێت، کە تێیدا بەهیچ شێوەیەک کارلێک لەگەڵ گۆڕاوەکانی دەوروبەریدا نەکات. چونکە بە درێژایی مێژوو کارلێککردنى بازاڕ و ئاوێتەبوونى لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دەوروبەریدا، وایکردوە رۆڵێکى بەرچاوى لە پێکەوەنانى سامان و هەژمونى لەناو کۆمەڵگا و ئابووری ئێراندا هەبێت، لێرەشەوە بووەتە ئەکتەرێکی گرنگ لە مێژووی ئێراندا.
* ئەم راپۆرتە پوختەى لێکۆڵینەوەیەکى درێژى (احمد شمس الدین لەیلە)یە کە لە ماڵپەڕى (المعهد الدولى للدراسات الایرانیە) لە (29/نیسان/2024) بەناونیشانى (التحالف التاريخى للبازار و رجال الدين فى ايران.. التحولات و النتائج) بڵاوکراوەتەوە.
ئامادەکردن: بارام سوبحى




































































