پرسی کورد لەنێو ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، پرسێکی ئاڵۆز و پڕ کێشەیە. دەیان ملیۆن کورد لە تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریا لەژێر دەسەڵاتێکی نەتەوەیی توونددا دەژین، کە بەردەوام بە شێوازی جیاواز هەوڵی نکۆڵیکردن لە بوونی پرسی کورد دەدەن و، لە ڕێگەی سەربازییەوە بۆ سەرکوتکردنی کورد و توخمە سەرەکییەکانی شوناسی کورد، کاریان کردووە. لە ڕاستییدا هۆکاری ئەم نکۆڵیکردنە لە شوناسی کورد، بۆ ترسی ئەو دەوڵەتانە لە کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز دەگەڕێتەوە. چونکە بەردەوام کورد وەک هەڕەشە لەسەر یەکگرتوویی خاک و ئاساییشی نیشتمانی خۆیان هەژماردەکەن. بۆیە دەکرێت بگوترێت فاکتەرێکی سەرەکی پشت بزاڤ و شۆڕشە کوردییەکان لە سەد ساڵی ڕابردوودا لەپاڵ بەرگریکردن لە بەرامبەر هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد، جەختکردنەوەش بووە لە بوونی نەتەوەیەکی جیاواز، کە خاوەن شوناسێکی تایبەت بە خۆیەتی و، خوازیاری بەدەستهێنانی مافی سیاسی و ئابووری و كولتوورییە. مێژووی سەدەی بیستەم، لە هێڵە سەرەکییەکانیدا بۆ گەلی کورد، هێڵی گۆڕانی کوردە بۆ کەمینەیەکی ئیتنی لە چوارچێوەی کۆمەڵێک دەوڵەتی دەسەڵاتگەرا. چونکە لەگەڵ هاتنی سیستەمی دەوڵەت- نەتەوە، شوناسی نەتەوەیی دەبێت بە شوناسی باڵادەست، لە ناو ئەم سیستەمە نوێیەشدا پێگەی کورد دەگۆڕێت بۆ کەمینەیەکی ئیتنی. لەم چوارچێوە سیاسییە تازەیەدا کوردبوون لە فۆرمە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە سەرەکییەکانیدا، دەبێتە بابەتی هێرشکردنەسەر و سنوور بۆ دانان و پەراوێزخستن، تا بە هەوڵی تواندنەوە و سڕینەوە و لەناوبردن دەگات. ئەم دۆخە بە ڕێژە و فۆرمی جیاواز لە تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریا لە بەرامبەر کوردەکان بوونی هەبووە. مێژووی ئەم بە کەمینـە بوونە لەناو ئەو دەوڵەتانە، مێژووی بێماف کردن و چەوساندنەوەیەکی ئاڵۆز و فرە جۆرە. لە زۆر کاتدا کوردبـوون وەک چۆن شوێنی بەکەم زانین و بێماف کردن بووە. هاوکات وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی گەورەش سەیری کراوە.
لەم گۆشەنیگایەوە دەبینین هەر لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی تورکیا لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ نکۆڵیکردن لە شوناسی کورد لە ئاستی جیاواز جێبەجێکراون. لێرەدا تەنیا تیشک دەخەینە سەر دەستوورەکانی کۆماری تورکیا وەک نموونەی نکۆڵیکردن و لاوازکردنی شوناسی کورد. تورکیا لە تەمەنی سەد ساڵی دامەزراندنیدا چوار دەستووری هەبووە، ئەوانیش: دەستووری ساڵانی ١٩٢١، ١٩٢٤، ١٩٦١ و ١٩٨٢. کە لەژێر سایەی ڕژێمی نا-دیموکرات و دۆخی تەواو نائاسایی نووسراون. ئەگەر لە دوایەمین هەمواری دەستووری تورکیا بڕوانین، کە لە ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ پەسەند کرا، لە ماددەی سێیەمیدا هاتووە “تورکیا وەکوو نەتەوە، بەو خاکەی ئێستا هەیەتی قەوارەیەکی دابەش نەکراوە، زمانی دەوڵەت تورکییە”. لە ماددەی پێنجەمیش ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەرکی سەرەکی دەوڵەت بریتییە لە پاراستنی سەربەخۆیی و یەکگرتوویی خاکی نەتەوەی تورک. واتە ئەم دەستوورە، دەیان ملیۆن کورد، کە لە سنووری دەوڵەتی تورکیا دەژین، بە نەتەوەی تورک دەناسێنێت، بێجگە لەوەش بەپێی ئەم دەستوورە، یەک زمان لە تورکیا هەیە، کە زمانی تورکییە. هەروەها ئەم دەستوورە لە بڕگەی (١) لە ماددەی (٦٦) ئاماژە بەوە دەكات، هەموو تاکێک بە دەوڵەتی تورکیاوە بەستراوەتەوە، ئەویش لە ڕێگەی پەیوەندی هاوڵاتیبوونەوە، کە تورکییە. بەمجۆرە هەر کەسێک لە تورکیا بژی، بە هاووڵاتییەکی تورک هەژمار دەکرێت و، هەر چالاکییەک کە ئاماژە بە بوونی شوناسی نەتەوەیەکی دیکەی جگە لە تورک بکات، بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر دەوڵەت و نەتەوەی تورک دەبینرێت. بەمجۆرە دەبینین، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە دەستوورەکەیاندا، کۆمەڵێک سیاسەتیان بۆ نکۆڵیکردن لە بوونی شوناسی نەتەوەیی کورد پەیڕەو کردووە، بە جۆرێک حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا ڕەتیان کردەوە، دان بە بوونی کورد، وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن شوناسی جیاواز بنێن، هەمیشە بە تورکە شاخاوییەکان دەیانناساندن. بە واتایەکی دیکە، ناساندنی کورد، بە تورکی شاخاویی، لووتکەی بە مەترسی زانینی شوناسی کوردە لە دونیای سیاسی هاوچەرخدا.
ستراتیژی نکۆڵیکردنی پرسی شوناسی نەتەوەیی کورد لە ئێرانیش بوونی هەیە، هەر لەگەڵ هاتنە سەر کاری بنەماڵەی پەهلەوی لە ساڵی ١٩٢٦، ڕەزا خان، کە زۆر لەژێر کاریگەریی مستەفا کەمال ئەتاتورک و، سیاسەتەکانی یەک وڵات، یەک نەتەوە و یەک زماندا بوو، هەوڵی دەدا دەسەڵاتی ناوەند بەهێز بکات و هەموو دانیشتووانی ئێران تەنیا یەک شوناسیان هەبێت. هەر بۆیە ساڵی ١٩٣٥، ناوی وڵاتی فارس لەلایەن ڕەزا خانەوە کرا بە ئێران، وەکوو ژێدەرێک بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکان. بنەماڵەی پەهلەوی تاکوو ڕووخانیان، لە هەوڵەکانیان بۆ تواندنەوەی هەموو نەتەوەکان لەنێو یەک شوناس، بە نێوی ئێرانی- فارسی بەردەوام بوون، کە هەمووی لە بەرژەوەندیی نەتەوەی فارسدا بوو. دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی چڕتر بەردەوامیدا بەهەمان سیاسەت. لە دەستووری بنەڕەتی ئێراندا، نەتەوە جیاوازەکان، وەکوو یەکەیەک هەژمارکراون کە هەموویان یەکسانن و پێکەوە نەتەوەی ئێران پێکدەهێنن، بەڵام بەشێوەیەکی دژ بەیەک. بە جۆرێک نەتەوە نا- فارسەکانی ئێران، تەنیا بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانیان یەکسانن، نەک بۆ مافەکانیان. بۆ نموونە لە ماددە (١٥)ی دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە: “زمان و خەتی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگە، نووسینە فەرمی و کتێبە دەرسییەکان دەبێت بەو زمان و خەتە بن”. هاوتەریب لەگەڵ ئەم دۆکیۆمێنتە دەستووریە، دەسەڵاتی یاسادانانی ئەو وڵاتە، سەرباری ئەوەی هیچ مافێکی بۆ نەتەوەکانی ئێران دیاری نەکردووە، تەنانەت پۆلێنکردنی نەتەوەکانیش لە ڕووی ئیتنیکی و زمانییەوە بە دابەش کردنێکی ساختە هەژماردەکات.
هەر لە چوارچێوەی نکۆڵیکردنی شوناسی کورد، “ئایەتوڵڵا خومەینی”، یەکەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە گوتارێکیدا لە شاری قوم، لە ١٧ی ئابی ١٩٧٩، دەڵێت: “… ئەگەر ئێمە پێنووسی بڵاوکراوەکانمان بشکاندایە و، هەموو گۆڤار و حیزبە بەلاڕێداچووەکانمان قەدەغە بکردایە و، سێدارەمان لە مەیدانە گەورەکان بەرپا بکردایە، ئەو زەحمەتیانە نەدەهاتنە پێش. “دەبێت تەنیا یەک حیزب، حیزبی خودا و هەژارەکان بوونی هەبێت” ئەو پیلانگێڕانەی کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی کافراندان، بۆیە دەبێت بە تووندترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت، لەناویان بەرن ئەو پیلانگێڕان و بەلاڕێداچووانە”. تەنیا یەک ڕۆژ دوای ئەو گوتارە، ئەنجوومەنی شۆڕش، دەستی بە قەدەغەکردنی حیزب، ڕۆژنامە و ڕێکخراوەکان کرد. یەکەم جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکرد و زۆرێک لە حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان قەدەغە کران. ڕۆژی ١٩ی ئابی ١٩٧٩ بە فەتوایەکی خومەینی، بەرپرس و ئەندامانی حیزبە کوردییەکان سزای مردنیان بۆ دەرچوو. هەر چەندە ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە، لە پرۆسەی هەوڵدان بۆ لەناوبردنی حیزبە کوردییەکاندا، نزیک بە دە هەزار کەس کوژران. بەگشتی دەکرێت بڵێین، مافی کورد لە ڕوانگەی دەستوور و سیستەمی سیاسی ئێرانەوە دانی پێدا نەنراوە. لە بەرامبەردا هەوڵدراوە کورد و نەتەوەکانی دیکە لە شوناسی ئێرانی- شیعیدا بتوێنرێنەوە. هەروەها هەوڵدراوە تا ئەو جێگەی بکرێت کورد لەژێر فەزایەکی دڵەڕاوکێدا ڕابگرن و، جگە لە لەسێدارەدانی چالاکە سیاسییەکان، چالاکییە كولتووری و ڕۆشنبیرییەکانیش قەدەغە بکرێت. هەروەها لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی ئێراق لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ نکۆڵیکردن لە شوناسی کورد لە ئاست و قۆناغی جیاواز پەیڕەوکران. بە جۆرێک لکاندنی باشووری کوردستان لە کانوونی یەکەمی ١٩٢٥ بە دەوڵەتی ئێراقەوە، گەورەترین بەربەست بوو لە بەردەم گەلی کورد بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی. چونکە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ویست و ئیرادەی خۆیان خرانە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نوێ و، بە زۆرە ملێ ناسنامەیەکی دیکەیان بە سەردا سەپێنرا، بە بێ ئەوەی تایبەتمەندی نەتەوەیی و كولتووری و مێژووییان لە بەرچاو بگیرێت.
لە مێژووی سەد ساڵەی دەوڵەتی ئێراقدا، لەپاڵ ڕەچاونەکردنی مافەکانی کورد و، دژایەتی کردنی شۆڕشەکانی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی، گەلی کورد ڕووبەڕووی پرۆسەی ئەنفال، کیمیاباران، ڕووخاندنی گوندەکان و ڕاگوێزانی خەڵکەکەی بۆ کۆمەڵگا زۆرەملێکان و کۆڕەوی ملیۆنی بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا بوونەوە. کورد لەنێو دەوڵەتی ئێراق، سەدەیەکە دووچاری بێمافی، ئاوارەیی و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو وڵاتە، بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی لە هەوڵی پەراوێزخستنی زیاتری گەلی کورد بوون. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـش سەرباری ئەوەی کوردەکان بەشداری سەرەکی بوون لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەم هەوڵەش بۆ بنیاتنانی ژیانێکی ئاشتییانەی دیموکراسی لەگەڵ ئێراق سەرکەوتوو نەبوو. بەمجۆرە دەبینین دەسەڵاتدارانی ئێراق، لە چەندین قۆناغی مێژووی جیاوازدا، مامەڵەیەکی هاوشێوەی هۆمۆ ساکەریان لەگەڵ گەلی کورد لە باشووری کوردستان کردووە. لە مێژووی دەوڵەتی سووریاشدا، کوردەکان قوربانیین و هەمیشە وەکوو مەترسی لەسەر یەکگرتوویی خاکی سووریا سەیرکراون. سیاسەتی نکۆڵیکردن لە پرس و شوناسی کورد لە سووریا زیاتر لە پرۆسەی تەعریبکردن و بێبەشکردنی کورد لە ناسنامە و دابەشکردنی زەوییەکانیان بەسەر عەرەبدا ڕەنگی داوەتەوە. ستراتیژی ڕژێمی حوکمڕانی ئەو وڵاتە لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا، هەوڵدان بووە بۆ توانەوەی شوناسی کورد لە ڕێگەی بێ ناسنامە کردنی کورد و داگیرکردنی خاکەکەیان. ئەم ستراتیژە بۆ یەکەم جار لەلایەن (محمد طلب هلال) پێشنیازکرا، پێشنیازەکانی طلب هلال بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە توانەوەی شوناسی کورد لە ناوی شوناسی یەکێتی عەرەبی لە هەر سێ ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بەستبوو. پێی وابوو، کورد بەرهەمی کۆڵۆنیالیزمن و، دەبێت پیلانێکی ورد بۆ سڕینەوەی مەترسی نەتەوەی کورد لەسەر نەتەوەی عەرەب هەبێت. بۆیە پرۆژەیەکی دوازدە خاڵی بۆ لەناوبردنی مەترسی کورد پێشکەش کرد، کە هەنگاو بە هەنگاو لە ڕێگەی مەرسومی کۆمارییەوە بەشێوەیەکی سیستەماتیک جێبەجێکران. ئەم پرۆسەیە بووە مایەی بێبەشکردنی زیاتر لە سەدان هەزار کورد لە ناسنامە. پێنەدانی ناسنامە واتای بێبەشکردنی کوردەکان لە هەموو مافێکی سیاسی و مەدەنی و ئابووری، وە ناساندنیان وەکوو خەڵکانێکی بیانی، کە دەبێت کەنارگیر بکرێن، چونکە لەسەر ئاساییشی دەوڵەت مەترسیین. ئەمەش کرۆکی کردنی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە بە مرۆڤێک کە هەڵگری سیماکانی مرۆڤی بێمافن.




































































