دوا بە دوای دانوستانە سێقۆڵیەکەی نێوان سوریا ئەمریکا ئیسرائیل لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و نەرمی نواندنی دەسەڵاتدارانی سوریا بەرامبەر بە ئیسرائیل ، هێڕش بەرەو گەڕەکە کوردنشینەکانی حەڵەب دەستی پێکرد لە کاتێکدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا دەیگوت : هەرگیز بەرامبەر ئیسرائیل سازش ناکەین و هەموو جۆرە دانوستانێک ڕەد دەکەینەوە تا ئیسرائیل لە دوا خاڵی خاکی سوریا دەکشێتەوە بەڵام هەموو ئەمانە کرانە دیاری و گوێی لێ کپ کرا بەرامبەر هاوکێشەیەک کە کورد تیایدا بکرێتە قوربانی.
زۆر دەمێکە کورد تاوانبار دەکرێت بە دۆستایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و دامەزراندنی دەوڵەتی دووەمی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام لە ئێستادا بە کردەوە ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە بووەتەوەو دژە کوردەکان و بەناو هەڵگرانی بیری ئیسلامی سەرقاڵی ڕازیکردنی ئیسرائیلن بۆ لەناوبردنی دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆرێک لە توندڕەوانی بیری بە ناو ئیسلامی هەمیشە خوێنی گەلی کوردیان حەڵاڵ دەکرد و تاوانباریان دەکر بە دۆستایەتی ئیسرائیل .
هیچ کات کورد نەبووەتە هۆی هەڵوەشانەوەی ئەو دەوڵەتانەی کە تیایدا دەژی و هەمیشە داواکاریەکانی کورد داواکاری متەوازیعانە بووە کە تا ئێستا هیچی جێبەچی نەکراوە، کورد هەمیشە دەستی دۆستایەتی بۆ عەرەب و تورک و فارس ڕاکێشاوە و لە بەرامبەردا دژایەتی کراوە .
لەلایەکی ترەوە دەوڵەتانی زلهێزی ڕۆژئاوا هەمیشە کوردیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوە و هیچ کات داوا ڕەواکانی کورد لەبەرچاو نەگیراوە بەڵکو کورد کراوەتە قوربانی بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانی زلهێزەکان.
ئەوەی ئەمڕۆ لە گەڕەکەکانی حەڵەب دەگوزەرێت ئاماژەیەکی زۆر ڕونە بۆ هەموو ڕێبەرانی کورد لە هەموو گۆشەیەکی جیهان کە پێویستە بە ئاگا بێنەوە بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتێکی یەکگرتوو وە یەک وتاری بۆ هەموو دانوستانێک لەسەر دۆزی کورد هەموو داواکاریەکی کە لە کورد دەکرێت لە بەرامبەردا داواکاری کوردیان ڕووبە ڕوو بکرێتەوە واتە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بەرامبەر بە بەرژەوەندی.





































































