“سەرۆک وەزیرانێک کە کچە مۆدێل نەبوو و خواردن و خۆراکی وەک خەڵکی ئاسایی وا بوو”
ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەڵمانیا خەڵک چوونە سەر باڵکۆنەکانیان و بۆ ماوەی ٦ خولەک چەپڵەیان بۆ ژنێک لێدا. سەرکردەیەک کە لە ماوەی ١٦ ساڵی سەرۆکایەتیدا بە شێوەیەک مامەڵەی کرد کە بە “بەهێزترین ژن لە جیهاندا”، “سەرکردەی ڕاستەقینەی یەکێتی ئەوروپا”، یا “سەرکردەی جیهانی ئازاد” ناوزەد کرا.
لە بانەرەکەدا نووسراوە؛
سوپاس بۆ 16 ساڵ کارکردنی سەخت و ماندووبوون!
“لە ڕوانگەی ئەوانی ترەوە”
ژان کلۆد یونکەر:- سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، من وەک “بەرجەستەکردنی کۆمەڵێکی زۆر لە هونەرەکان” سەرسامم پێی. چونکە ئەو تێکەڵەیەکە لە توانا جۆراوجۆرەکان و هیچ هەڵەیەکی بنەڕەتی لە تۆمارەکەیدا نادۆزرێتەوە.
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، ڕاوێژکاری نەمسا:- “ئەو پایەی ئاشتی یا جەمسەری ئارامی بوو”. ئیلهامبەخش بۆ خوێندکارانی زانکۆی هارڤارد:- نیکۆلاس بێرنزی مامۆستا لە زانکۆی هارڤارد.
بێگومان نیلسۆن ماندێلا لە ماوەی ژیانیدا ڕێزدارترین سەرکردەی جیهان بوو. پێم وایە ئەو سەرکردەیە ئێستا مێرکڵە. هاندانەکان بۆ خوێندکارەکانمان بەرەو کەرتی تایبەت دەگۆڕدرێن. بەراوردی مووچەی وۆڵ ستریت بکەن لەگەڵ مووچەی کەرتی گشتی. داوا لە خوێندکارانی زانکۆی هارڤارد دەکەین بیر لەو کارە باشانەش بکەنەوە کە دەتوانن لە کەرتی گشتیدا ئەنجامی بدەن. و بۆیە، دەبێت بیر لە سەرکردە گەورەکان بکەنەوە، مێرکڵ کەسێکە کە خوێندکارەکانمان دەتوانن چاوی لێ بکەن و بڵێن “دەتوانین شوێنی بکەوین”. ئەمە کەسێکە کە دەتوانم هەوڵبدەم لاسایی بکەمەوە.
چارلز میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا:- ئەنجومەنی ئەوروپا بەبێ تۆ وەک ڕۆما وایە بەبێ ڤاتیکان یان پاریس بەبێ تاوەری ئیڤڵ. دڵتەنگ و بیری حیکمەت و بیرکردنەوەی ژیرانەت دەکەین بە تایبەت لە کاتە سەختەکاندا.
ئۆباما:- جیهان قەرزاری پێوەرە ئەخلاقیەکانی مێرکڵە
لە ڕۆژی ماڵئاوایی مێرکڵدا، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ستایشی ئەنجێلا مێرکڵی کرد و بە جەمسەرێکی ئەخلاقی “ماندوونەناس” دانا و هەروەها بە هاوکاریکردنی ساڵانێک لەگەڵ ئەمریکا، ستایشی ئەنجێلا مێرکڵی کرد. “چەندەها کەس لە کچان، کوڕان، ژنان و پیاوان، لە کاتە سەختەکاندا بە سەربەرزییەوە، ئەنجێلا مێرکڵیان بە نمونەی بەرز و باڵای خۆیان دەزانن”. “من بەختەوەرم کە هاوڕێی تۆم.” بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو دەگمەن و ئەستەمە سەرکردەیەکی سیاسی بدۆزرێتەوە کە لەدەرەوەی سنووری بەرژەوەندییە شەخسییەکانی، وەک تۆ بتوانێت لەسەر پرەنسیپ و بنەماکانی خۆی بەپتەوی بوەستێت. خەڵکی ئەڵمانیا و سەرتاسەری جیهان بە قەرزار و سوپاسگوزاری ئەنجێلا مێرکڵ دەمێننەوە بۆ پێوەرە بەرزە ئەخلاقییەکانیدا.
- لە ڕاپرسییەکی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠دا دەرکەوتووە کە لە سەدا ٧٥ی بە ساڵاچوان لە ١٤ وڵاتی ئەوروپی زیاتر لە هەموو سەرکردەکانی ناوچەکە متمانەیان بە مێرکڵ هەیە.
لەناو سنوورەکانی وڵاتەکەشیدا خەڵک تا کۆتایی متمانەیان پێی هەبوو. ئاستی ڕەزامەندی ئەو لە کاتە سەختەکانی کۆرۆنادا گەیشتە ٨٢٪. لە ساڵی ٢٠١٥ گۆڤاری تایمز ئەنجێلا مێرکڵی بە “کەسایەتی ساڵ”ی خۆی دەستنیشان کرد.
“چی وەرگرتووە و چی ڕادەست کردەوە؟”
داهاتی تاک لەو وڵاتەکە (بەپێی یەکسانی هێزی کڕین ڕێکخراوە) لە ساڵی ٢٠٠٥دا ٤٤٧٥٠ دۆلار بووە. ئێستا گەشەی کردووە بۆ نزیکەی ٥٣ هەزار دۆلار؛ بەرزترە لە کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و …هتد.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی مێرکڵ ڕێژەی بێکاری 11% بوو، بە 4% ڕادەستی کردەوە. تێکڕای هەڵاوسان لە ماوەی سەرۆکایەتی مێرکڵ کەمترە لە 1.5%.
“ژیانی تایبەتی مێرکڵ”
- مێرکڵ زۆر باش دەیزانی نرخی دەبەیەک شیر چەندە. هەرگیز هەستی بە باڵادەستی بەرامبەر خەڵکانی تر نەدەکرد و خۆی بە سەروو هاووڵاتیانی نەزانیوە، تەنانەت دوای چەندین ساڵ لە سەرکردایەتیکردنی ئەڵمانیا. وێنەی زۆری مێرکڵ هەیە کە لە دوکان و مارکێتەکاندا بازاڕی دەکات.
- بازاڕکردنی کۆتایی هەفتە:- ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە چەندین بۆنەدا لە کۆتایی هەفتەدا بینراوە کە لە دوکانەکانی نزیک ماڵەکەی لە بەرلین لە کاتی بازاڕیکردن بۆ خواردنی کۆتایی هەفتە و پشوودا.
“ڕاوێژکاری ئەڵمانیا مانگانە چەند داهاتی هەبوو؟ هەمووان دەزانن!”
بەپێی ئاماری هاندێلسبلات (چەند ساڵێک لەمەوبەر)، ئەنجێلا مێرکڵ مووچەی مانگانە بە بڕی ١٨ هەزار و ٧٩٤ یۆرۆ وەردەگرێت بۆ پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ٨ هەزار و ٣٤٢ یۆرۆ بۆ نوێنەرایەتیکردنی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا. مووچەی مانگانەی مێرکڵ ٢٩ هەزار و ٢٩٦ یۆرۆ بووە. لە کۆتا ساڵی ڕاوێژکاری، ئەم ژمارەیە بۆ زیاتر لە ٣٥ هەزار یۆرۆ لە مانگێکدا و ٤٠٠ هەزار یۆرۆ لە ساڵێکدا بەرزبوویەوە.
ماڵ و شوێنی مانەوەی مێرکڵ لە پشووەکان؛ کاتێک ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە پشوودایە، بەرلین بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ هاوسەرەکەی پرۆفیسۆر یواکیم دەچێتە ئەم ماڵە لە گوندی هۆهێنڤاڵدی لە نزیک تەمپلین لە ویلایەتی براندنبێرگ.
مێرکڵ ١٧هەمین دکتۆرای فەخری لە قوتابخانەی بازرگانی لایپزیگ وەرگرتووە بۆ سەرکردایەتی بەرپرسیارانە و بەهادار.
ئەو جلەی کە مێرکڵ ٢٣ ساڵ پێش ئێستا کڕیویەتی و تا ئێستاش لەبەری دەکات! مێرکڵ لە فێستیڤاڵی هونەرە نمایشییەکانی سالزبۆرگ بە جلوبەرگێکی دووبارەبووەوە بۆ چوارەمجار لە ماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا دەرکەوت. مێرکڵ ٢٣ ساڵ پێش ئێستا ئەم جلەی (کیمۆنۆی ژاپۆنی) لە ئەمریکا کڕیوە. وێنەکان هی دوو ساڵی جیاوازن.
بە درێژایی ساڵانی خزمەتکردنی، یەکپۆش بوو و جلوبەرگی کارەکەی پێکهاتووە لە پانتۆڵی ڕەش و ژمارەیەکی زۆر پاڵتۆی تاڕادەیەک درێژ بە ڕەنگی جۆراوجۆر. ڕۆژنامەنووسێک لێی پرسی بۆچی هەمیشە هەمان جل لەبەر دەکەیت؟ مێرکڵ بە سەرسوڕمانەوە سەیری کرد و لە وەڵامدا وتی:- چونکە من مۆدێل نیم، ئەرکی من خزمەتکردنی نیشتمانە.
ئەم جوڵەی دەستی مێرکڵ کە بە نزیکەیی لە هەموو وێنە فەرمییەکانیدا دەبینرێت، تەنانەت لە ئەڵمانیاش ناوی مێرکڵ (ڕاوتە)! ” Merkel Raute”.
ئۆگستین لە ڕێگادا بوو بۆ بوینس ئایرێس کاتێک زانی هاوڕێی گەشتەکەی ئەنجێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیایە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە تەنیشتی دانیشتووە لە گەشتە ١٣ کاتژمێریدا کە بردویەتی بۆ لوتکەی گرووپی ٢٠ لە ئەرجەنتین. ماستی خوارد و کتێبێکی خوێندەوە و کەمێک خەوت. هیچ داواکارییەکی تایبەتی نەبوو. چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد بەهێزترین ژنی دونیا کەسێکی ئاسایی بێت.
“ڕێڕەوی گەشەی سیاسی و ژیانی مێرکڵ”
١٩٥٤:- لە شاری هامبۆرگ لەدایک بووە (باوکی قەشە مەسیحییە و دایکی مامۆستایە، دوای چەند هەفتەیەک لە کۆچکردنی بۆ ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات).
١٩٧٣-١٩٧٨:- خوێندنی فیزیا (زانکۆی لایپزیگ).
١٩٧٧ :- هاوسەرگیری لەگەڵ ئولریچ مێرکڵ، گۆڕینی ناوی بنەماڵە لە کاسنەرەوە بۆ مێرکڵ.
١٩٨٦ :- بەدەستهێنانی دکتۆرا لە کیمیای فیزیایی لە زانکۆی لایپزیگ.
١٩٨٨ :- هاوسەرگیری دووەم لەگەڵ یواکیم ساوەر.
١٩٨٩ :- ئەندامێتی لە پارتی بەئاگاهاتنەوەی دیموکراتیک کە تازە دامەزراو (ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات).
١٩٩١ :- جێگری وتەبێژی یەکەمین حکومەتی نوێی دیموکراسی لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات.
١٩٩١:- وەک وەزیری ژنان و لاوان لە یەکەم حکومەتی ئەڵمانیا دوای یەکگرتن – لە کابینەکەی هێلموت کۆل.
١٩٩٤:- وەزیری ژینگە و پاراستنی سروشت و سەلامەتی ڕیاکتۆرەکان – لە کابینەی هێلموت کۆل.
٢٠٠٠:- وەک یەکەم ژن هەڵبژێردرا کە سەرکردایەتی پارتی مەسیحی دیموکراتی ئەڵمانیا بکات.
٢٠٠٥ :- یەکەم ژنە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا.
٢٠١٨ :- دەستلەکارکێشانەوەی لە سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی مەسیحی.
٢٠٢١ :- دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا.
دەستپێکی سەرکردایەتیکردن بە سەرکەوتنێکی لاوازەوە دەستی پێکرد؛ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٠٥دا، مێرکڵ وەک کاندیدی هەردوو پارتی دیموکراتی مەسیحی و سۆسیال مەسیحی، کێبڕکێی لەگەڵ گێرهارد شرۆدەر، ڕاوێژکاری ئەڵمانیای پارتی سۆسیال دیموکرات کرد. پێشبڕکێیەک کە بە جیاوازییەکی کەم بە ناوی مێرکڵەوە یەکلایی کرایەوە.
لە ئینفوگرافیەکدا ڕۆژنامەی مۆرگنپۆستی چینی نیشانی دەدات کە سەرکردەکانی جیهان لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕاوێژکاری ئەنگێلا مێرکڵدا چۆن گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، هەندێک وڵات تا نۆ جار سەرۆکەکانیان گۆڕیوە.
لە ئەڵمانیا مێرکڵ بە موتی ناودەبرێت. واتە دایە، هەرچەندە خۆی منداڵی نییە، بەڵام بە دایکێکی خۆشەویستی میللەت دادەنرێت، ئەم دایکە ئاگاداری خێزان و منداڵ (نیشتمان)ە و سەرنجی هەموو شتێک دەدات. مێرکڵ هێمای سەقامگیری و ئاشتییە بۆ گەلی ئەڵمانیا.
لەسەر بیلبۆردەکە نووسراوە:- “ماڵئاوا دایکە” کۆمپانیایەکی بازرگانی هەم ڕیکلامی بۆ خۆی کردووە و هەم ڕێزی لە یادەوەری مێرکڵ گرتووە بە ئاماژەدان بە ئاماژە بەناوبانگەکەی دەستەکانیدا. زۆرێک لە ژنانی دیکە لە ئەڵمانیا لە ژێر سێبەری سەرکردایەتی ئەوەوە سورکەوتووبوونە. بۆ نموونە ئانگرێت کرامپ-کارنباوەر بوو بە سەرۆکی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی و وەزیری بەرگری، ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین بوو بە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و جولیا کلۆکنەر بوو بە وەزیری کشتوکاڵ.
گۆڕانی ڕووخساری مێرکڵ لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا (٢٠٠٥-٢٠٢١)
“خاڵە لاوازەکانی ناو تۆماری مێرکڵ”
ئەڵمانیا لە ماوەی چارەک سەدەی ڕابردوودا لە هەموو وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا زیاتر دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بەرهەم هێناوە. مێرکڵ تا ڕادەیەکی زۆر خەمی سەردەمی دیجیتاڵی نەبووە. کەرتی گشتی نەیتوانیوە وەبەرهێنانێکی پێویست و زیرەک بکات و لە هاوتاکانی لە بوونیادنانی ژێرخانی ئابووریدا دواکەوتووە، بەتایبەتی لە بواری دیجیتاڵیدا. لە وزەی نوێبووەوەدا لە هاوتا ئەوروپییەکانی بە شێوەیەکی پاسیڤتر مامەڵەی کرد. هەندێک پێیان وایە ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێکی لوکسی لە جوڵەدایە، بەڵام بۆنیتەکە بەرزبکەرەوە بۆ ئەوەی نیشانەکانی پشتگوێخستن و کەمتەرخەمی ببینیت. لەگەڵ هەموو سەرکەوتنەکانیدا، لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی جێنشینێکی باش بێ توانا بووە.
“وانە ئیدارییەکانی مێرکڵ بۆ بەڕێوەبەرە باڵاکانی وڵاتان”
وانەی یەکەم:- بێدەنگییەکی جددیانە و بە ئەزموونانە، مێرکڵ بە هیچ شێوەیەک وتاربێژێکی سەرنجڕاکێش نەبووە. بە سۆزەوە قسە ناکات. بۆ نموونە بەراوردی بکە بە جەستن ترودۆ (سەرۆک وەزیرانی کەنەدا). ئارام و یەکدەنگ و هەندێکجاریش بێزارکەرە، بەڵام زۆر بە لێکدانەوە و وریاییەوە قسە دەکات. گونجاوترین تۆن و وشە هەڵدەبژێرێت. ئەو ڕاوێژکارە نەک هەر وتابێژێکی باش نیە بەڵکو ئەو کچە هیچ ئارەزووی قسەکردنیشی نییە. ئەو بە دەگمەن یا پێی باشە بە کەمی قسە بکات. بەڵام هەر کاتێک شتێکی هەبێت بۆ وتن، سەرتاپای وڵات گوێی لێدەگرێت. بە تایبەتی لە قەیرانەکاندا. ئێمە تووشی تاقیکردنەوەیەک بووین کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بوونی نەبووە. “ئەو بەم ڕستە پوخت و کورتە و بەسوودە جددیەتی پرسەکە دەخاتەڕوو. لە گرینگترین ساتەکاندا مێرکڵ “بە هێمنی و متمانە بەخۆبوون، بەبێ هیچ دوودڵییەک قسەکانی خۆی دەردەبڕێت”. هەر بۆیە ئەڵمانیا متمانەی پێی هەیە.
وەڵامی مێرکڵ بۆ هاووڵاتییەک کە ئەوەی بە دیکتاتۆریەت تۆمەتبار کرد، ئەندامێکی پارتێکی ڕاستڕەو پرسیاری کرد:- خاتوو مێرکڵ بە ناوی لێبوردەییەوە ئێمەی بەرەو دیکتاتۆریەت بردووە. مافە بنەڕەتییەکانی تاکەکان بە تووندی سنووردار کراون. لە بڕگەی یەکەمی دەستووردا هاتووە کە کەرامەتی مرۆڤ پێشێل نەکراوە و بە دووررە لە هەر جۆرە پێشێلردنێکدا. لەم سەردەمەدا کەس ناوێرێت بە ئاشکرا بڵێت ئەندامی (AfD)یان تاکێکی نیشتمانپەروەرین. مێرکڵ بە هێمنی وەڵامی ئەم کەسەی دایەوە و وتی:- تۆ لە ڕیزی پێشەوە دانیشتوویت و بە پرسیارکردنم لە مەترسیدا نیت و ئەمەش نیشانەی [ئازادی قسەکردنە]، منیش بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە وەڵامی پرسیارەکەت دەدەمەوە.
“بەڕێوەبەرە باڵاکانی نەوەی داهاتوو پێویستە لەبیریان بێت”
- حوکمڕانێکی باش زۆر قسە ناکات. لە حوکمڕانیدا بێدەنگی یاسایە مەگەر بەڕاستی شتێکت هەبێت بۆ وتن.
- حوکمڕانێکی باش دیپلۆماسی گشتی و ستراتیژی میدیایی هەیە، بەڵام بڕیار نییە بەردەوام لە پشت مایک و سەر مەنەسە بێت.
- حوکمڕانێکی باش وتار لەسەر کاغەز دەدات. دەزانێت کە هەر وشەیەک کە دەیڵێت تێچوون و هەروەها سودی هەیە بۆ کۆمەڵگا، بۆیە بیر لە هەر وشەیەک دەکاتەوە کە دەیڵێت.
- ئەگەر حاکمێکی باش بتوانێت سەعاتێک لە کاتەکانی بۆ بڕیارە ئازاربەخش و چارەنووسسازەکان تەرخان بکات، ئەوا ئەو یەک کاتژمێرە لە کاتەکەی بۆ وتاردان لە ڕۆژی جیهانی دارستاندا، ڕۆژی جیهانی ئۆتۆمبێل، ڕۆژی نیشتمانی چیرۆک، ڕۆژی نیشتمانی فڵان کەس بەفیڕۆ نادات. ئێمە حاکم هەڵنابژێرین بۆ ئەوەی وتارمان بۆ بدەن. ئێمە حاکمەکان هەڵدەبژێرین تا گوێ لە ڕۆحی سەردەم (دەنگی بەکۆمەڵمان) بگرن و بڕیاری دروستمان بۆ بدەن.
وانەی دووەم؛گشتگیری و فێربوون، هەرچەند مێرکڵ کچی قەشەیەکە و خاوەنی بیروباوەڕی ئایینی قووڵە، بەڵام سنوورەکانی خۆی لەسەر بنەمای ئایین پێناسە نەکردووە، بەڵکو لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی دیاری کردووە. پشتگیری نەک تەنها موسڵمانان دەکات بەڵکو پشتگیری لە بێ باوەرەکانیش دەکات.
مێرکڵ:- “رێگەیان پێنادەین بەنهێنی سنوور لەنێوان گرووپەکانی کۆمەڵگاکەماندا دروست بکەن”. جولەکە و موسڵمانەکان هەروەک مەسیحی و بێدینەکان سەر بە کۆمەڵگای ئێمەن؛ لە قوتابخانەکان، لە ئاهەنگەکاندا، لە ژیانی کۆمەڵایەتیماندا”. بە دڵنیاییەوە مەسەلەکە ئەوە نییە کە ئایا وڵاتەکەمان جوولەکە یان مەسیحییە. “موسڵمانان سەر بە ئەڵمانیان.” وە هەروەها بەتەواوی بە هەمان شێوەش ئایینەکەیان – ئیسلام – سەر بە ئەڵمانیایە.
“پێویستە بەڕێوەبەرە باڵاکانی نەوەی داهاتوو لەبیریان بێت”
- حوکمڕانی باش بریتییە لە حوکمڕانییەک کە لەسەر بنەمای گشتگیری و فرەجۆرییەوە کاردەکات (نەک وەدەرنانی/جیاکردنەوە و بێبەشکردن).
- گشتگیری کۆمەڵایەتی (Social Inclusion) واتە هەموو کەسێک پشکی هەیە، هەموو کەسێک ڕۆڵی هەیە، هەموو کەسێک مافی هەیە. بەڵام وەدەرنانی کۆمەڵایەتی یا بێبەشکردن(social exclusion ) بەو مانایەیە کە هەندێک کەس پشکیان هەیە. هەندێک ڕۆڵیان هەیە، هەندێک مافیان هەیە. واتە هاووڵاتی پلە یەک و پلە دوومان هەیە.
- وەدەرنانی کۆمەڵایەتی بەو مانایەیە کە ژنان وەک مرۆڤ هەمان پشک/ماف/ڕۆڵی پیاوانیان نییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە کەمینە ئایینییەکان هێندەی زۆرینەی ئایینی ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا نییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە کەمینە سیاسییەکان هەمان مافی دەربڕینی بۆچوونەکانیان نییە وەک هێزی دەسەڵاتدار.
- ئێمە هیچ سنوورێکمان نییە لە گشتگیری و فێربووندا. هەموو هەن … بەڵام هێڵێک هەیە بۆ بێبەشکراواندا. ئێمە سنوورمان هەیە. سەقفێکی شووشەیی بوونی هەیە. هەندێکیان ئازادن و هەندێکیان سنووردارن. دادپەروەی گرنگە و ئامانجە.
وانەی سێیەم؛ دژە پیرۆزی و بە پیرۆزکردن بوو، بەدرێژایی ساڵانی درێژخایەنی دەسەڵاتی بێ جێگەی مشتومڕیدا، هیچ بازنەیەکی پیرۆزی بە دەوری مێرکڵدا دروست نەبوو. تا ڕۆژانی کۆتایی، هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەڵمانیا ئازاد بوون لە دژی ئەودا بنووسن، ڕەخنەی لێ بگرن، گاڵتەیان پێ بکەن، کاریکاتێر چاپ بکەن. وەزارەت و وەزیرەکانی بخەنە ژێر چاودێری چڕ. لە سەرەوە نموونەی وێنەیەک دەبینیت کە دەموچاوی ئەو لەگەڵ ڕووخساری پوتین تێکەڵ بە یەک کراوە. لەسەر کەسایەتییەکەی لە سەرەتای ژیانی پیشەییدا باس لەوە کراوە کە زۆر کراوە نەبووە بەرامبەر بە ڕەخنە، بەڵام وردە وردە فێری ئەوە بووە کە ڕەخنە وەرگر و دژە پیرۆزگەرایی بێت. ئەنجێلا مێرکڵ دوای بڕیاردان لەسەر سنووردارکردنی کۆرۆنا لەبەردەم خەڵکدا دەرکەوت و زۆر بە سادەیی و ئازایانە داوای لێبوردنی لە خەڵک کرد. ئەنجێلا مێرکڵ بەدواداچوونی بۆ بڕیارەکانی کرد بۆ تووندکردنەوەی سنووردارکردنەکان لە جەژنی ئیستەردا و داوای لە گەلی ئەڵمانیا کرد داوای لێبوردنەکەی قبووڵ بکەن.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی میدیاکان ڕایگەیاند:- “ئەم هەڵەیە تەنها و تەنها لە ئەستۆی منە”. چونکە لە کۆتاییدا من بەرپرسیارێتی کۆتایی نووسینگەکەم لە ئەستۆ دەگرم.زۆر بە داخەوەم بۆ ئەم بڕیارە و ڕاگەیاندنەکەی، داواش لە هەموو هاووڵاتیان دەکەم داوای لێبوردنەکەم قبووڵ بکەن”.
ڕوونکردنەوە:- وشەی Fehler سادەترین و ڕاستترین وشەی ئەڵمانییە بۆ باسکردنی هەڵەیە. مێرکڵ بە ڕاستەوخۆترین شێوە داوای لێبوردنی کرد، بەبێ هیچ قسەیەک.
“بەڕێوەبەرە باڵاکانی نەوەی داهاتوو پێویستە لەبیریان بێت”
- حوکمڕانێکی باش ئەوەیە کە پیرۆز نییە.
- حوکمڕانێکی باش ئەو کەسە نییە کە هەڵە نەکات، بەڵکو کەسێکە کە خێرا لە هەڵەکەی تێدەگات و دەریببڕێت و دانی پێدا دەنێت و داوای لێبوردن بکات و چاکسازی بکاتەوە.
- حوکمڕانێکی باش ئەو کەسەیە کە ڕەخنەی لێدەگیرێت و گوێی لە ڕەخنە دەبێت و ڕەخنە قبووڵ دەکات.
- حوکمڕانێکی باش، ئەو کەسەیە کە لە پێناو و بۆ ئازادی ڕەخنەگرانی و هەروەها بۆ ئازادی ئەو کەسانەش کە هاوبەشی ئایین و دینەکەی نین خەبات دەکات.
وانەی چوارەم؛ دەستپاک و سەربەخۆ، بە پێچەوانەی زۆربەی ئەو سیاسەتمەدارانەی کە پەیوەستن بە چەندین لۆبی سیاسی و ئابوورییەوە و لە کۆمپانیا گەورە و قازانج بەخشەکاندا بەدوای ئاسۆی داهاتوویاندا دەگەڕێن، مێرکڵ سەر بە هیچ تاک و گرووپێک نییە. خۆی تەرخان کردووە بۆ بەرژەوەندی خەڵک. هیچ ئەکاونتێکی جیاوازی لەگەڵ کەسدا نییە. بەرژەوەندییەکانی ئەو نەبەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییەکانی گرووپێکی دیاریکراوەوە.
“بەڕێوەبەرە باڵاکانی نەوەی داهاتوو پێویستە لهبیریان نەچێت”
- حوکمڕانێکی باش موڵکی کەس یا هی کەس نییە، سەر بە “هەموو کەسێکە” هی هەموانە.
- حوکمڕانێکی باش یەک خەمی هەیە ئەویش گەلە.
- حوکمڕانێکی باش قەرزاری کەس نییە.
- حوکمڕانێکی باش وابەستەی کەس نییە.
- حوکمڕانێکی باش سفرە و خوانێکی جیاوازی بۆ خۆی نییە. سفرە و خوانی هەموو کەسێکی تر ساز دەکات!
- حوکمڕانێکی باش ئەو کەسەیە کە خۆی لە بارودۆخی ناکۆکی بەرژەوەندی یا دژ بەیەکی بەرژەوەندییەکانیدا نەبینێتەوە و نەدۆزێتەوە.
- حوکمڕانێکی باش، ئەگەر هەستی کرد بەرژەوەندییە شەخسییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ناکۆکن، یەکسەر خۆی لەو دۆخە دووردەخاتەوە.
وانەی پێنجەم؛یەکلاکەرەوە، ئەنجێلا مێرکڵ تایبەتمەندی و خەسڵەتێکی دەروونی یەکلاکەرەوەی هەیە، تەنها یەک پێوەر. پێوەری ئەو بەرژەوەندیی نیشتیمانییە. هەر بابەت و شتێک کە پەیوەندی بە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان نەبێت بەو خەسڵەتە دەروونیە یەکلاکەرەوەیدا دەیپچڕێنێت و دوور دەخاتەوە، تەنانەت هەستەکانیشیدا. کەس ناتوانێت بزانێت مێرکڵ کێی بەلاوە باشە و یان ڕقی لە کێیە و حەزی پێناکات. بیرکردنەوەی شەخسی لە کەسانی دیکە، شتێکە کە هەرگیز نایڵێت و پەیوەندییەکانی تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ڕێکدەخات. هێڵی سووری ئەو کچە بەرژەوەندی گەلەکەیەتی. بۆ ئەو گرنگ نییە کێ حەزی لە کێیە یان نا.
لە ساڵی ٢٠٠٧ پوتین کە دەیزانی جارێکیان سەگێک پەلاماری خاتوو مێرکڵی داوە و لە سەگ دەترسێت، ئاژەڵە ماڵیەکەی خۆی (سەگێکی ڕاو) لەگەڵ خۆی هێنا و ڕوون بوو کە خاتوو مێرکڵ تۆڕە بووە؛ بەڵام بێدەنگ بوو و بەسەرخۆیدا نەهێنا. هەوڵەکانی پوتین بۆ ترساندنی لە کۆتاییدا شکستی هێنا. “ئەو لە سەگ دەترسێت بەڵام لە پیاو ناترسێت.” هەڕوەها کۆنتڕۆڵی هەسته تایبەتییەکانی خۆی دەکات بۆ پاراستنی بەڕژەوەندیه نەتەوەییەکانی. هەر بۆیە کاتێک مێرکڵ ماڵئاوایی کرد، هەردوو سەرۆکی چین و ئەمریکا بە دۆستی وڵاتەکانیان ناویان دەبرد. چونکە مێرکڵ فێری ئەوە بووە کە لە دونیای سیاسەتدا هیچ مانایەک بۆ خۆشەویستی و نە بۆ دۆستایەتی و نە سۆز و نە تاکەکان بوونی نیە، تەنها بەرژەوەندی نەتەوەیی و نەتەوەیی و ئەگەر بەرژەوەندی نەتەوەیی پێویستی پێی بێت، ئەوا مرۆڤ دەبێت دۆستایەتی هەمووان بکات! مێرکڵ نیشانیدا کە هەرگیز ناکەوێتە ژێر کاریگەری هەست و سۆز و هاندانی کە لە لایەن ڕکابەرە سیاسییەکان یان سەرکردە سیاسییەکانی وڵاتانەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بەڕێوەبەرێکی باڵا بێهەست نییە، بەڵام ناهێڵێت بۆچوون و هەستی کەسی کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی هەبێت. کاتێک بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بخوازێت، بێدەنگ دەبێت. کاتێک بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بخوازێت، بوێرانە بەرەو پێشەوە دەڕوات.
“پێویستە بەڕێوەبەرە باڵاکانی نەوەی داهاتوو لهبیریان نەچێت”
- حوکمڕانێکی باش حوکم ناکات بە سەر گەل و خەڵکیدا. بریکار و خزمەتکاری گەلە.
- حوکمڕانێکی باش مافی ئەوەی نییە بڕیار بدات لەسەر بنەمای پێوەرەکانی تر جگە لە بەرژەوەندی نیشتمانی نەبێت.
- حوکمڕانێکی باش هیچ پێوەرێکی نییە:- بەرژەوەندی گەلەکەی نەبێت!
- حوکمڕانێکی باش ئازایانە هەر شتێک بێ بایەخ و پێچەوانەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بێت، بەلاوەی دەنێت.
“وانەی گەورەی مێرکڵ بۆ دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەرانی داهاتوو”
- گرنگیدان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
- (بێدەنگی و جددییەت) قسەکردنی هەڵبژێردراو و حیسابکراو.
- قبووڵکردنی هەڵە و ڕەخنە.
- دەستپاک و سەربەخۆ (هی کەس نەبێ و سەر بە هەمووان بێت).
- (گشتگیری) گشتگیری و بوونیادنانی کۆمەڵگا لەلایەن هەمووان بۆ هەمووان.
بەڵام ئایا بەڕاستی مێرکڵ بە تەنیا ئەڵمانیای بوونیادنا؟ ئایا ژنێکی گەنج توانی بە تەنیا پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپا ڕزگار بکات؟ زۆرینە خوویەکمان هەیە کە لە مرۆڤەکان بت دروست بکەین. مێرکڵ مرۆڤێکە وەک هەموومان. پڕ لە لاوازی و هەڵە و کەموکوڕی. ئەویش دەترسێت. هەروەها مرۆڤە. ئەو مرۆڤێکی کامڵ نیە هەروەها بێ کەموکوڕی نییە. بەڵام بە تەواوی مرۆڤە. پرسیار ئەوەیە ئایا مێرکڵ وەک مرۆڤێکی سنووردار کە لە هەڵە بەدوور نیە توانیویەتی ئەڵمانیا بگۆڕێت؟ بە دڵنیاییەوە وەڵامەکە نەخێرە. لە پشت مێرکڵەوە سیستەمێکی حوکمڕانی (دەوڵەتمەداری و حوکمڕانی) هەیە کە مێرکڵی کروودە بەم مێرکڵە. ئەوەی کە مێرکڵ دوای ١٦ ساڵ هیچ ئاسەوارەکی خۆ بەپیرۆز دانان و دیکتاتۆرییەت و خۆبەزل زانینی نییە، بەرهەم و دەرئەنجامی دەوڵەتمەداری ئەڵمانیایە بە گشتی نەک تەنها کەسایەتییەکەی.
ڕوونکردنەوە:- پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپا ناوێکە دوو دەیە لەمەوبەر لە سەر ئەڵمانیا نراوە.
لە دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگاکان یان حکومەتەکاندا سەرهەڵدانی قەیرانەکان زۆر گرنگترە لە ئیستدلال و پلاندانان. جەنگی جیهانی دووەم کە بە گیانلەدەستدانی نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس بەکۆتا هات، بۆ ئەڵمانیا و ئەڵمانییەکان یەکلاکەرەوە بوو و وانە و دەرسێکی فێرکاری مەزن بوو. ئەڵمانییەکان لە ڕێگەی کارەساتی جەنگی جیهانی دووەمەوە چوار وانەی سەرەکییان فێربوو:-
- زاڵبوونی یەک شێوازی بیرکردنەوە لە کۆمەڵگادا دەبێتە هۆی بڕیاردانی هەڵە.
- یەک حزبی/یەک دەنگی دەبێتە هۆی پۆپۆلیزم
- بەبێ بوونیادنانی کۆدەنگی لە نێوان حکومەت و خەڵکدا کۆمەڵگا گەشەکردن و پێشکەوتن و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت
- بەبێ دیالۆگ و ڕەخنە و دژایەتی و پەیوەندی لە ئاستی کۆمەڵگادا گەشەکردن بەدی نایەت.
دوو جەنگی جیهانی پێویست بوو بۆ گۆڕینی بیرۆکەی حوکمڕانی (دەوڵەتمەداری) لە ئەڵمانیا لە ئایدیالیزمەوە بۆ ڕیالیزم.
لە 22ی تشرینی دووەمی 2005، ئەنجێلا مێرکڵ وەک یەکەم ژن لە مێژووی ئەڵمانیا، گەنجترین ڕاوێژکاری مێژووی وڵاتەکە و یەکەم سیاسەتمەداری ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات کلیلی نووسینگەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیای لە دەست گرت.
ئەوە ئەڵمانیا بوو کە ڕێگەی بە گەنجێک، زانایەک، ژنێک و ئەڵمانییەکی ڕۆژهەڵات دا کە بە ئازادی تەنیا لەسەر بنەمای شایستەیی کەسیی بەشداری چالاکیی سیاسی بکات و ببێتە ئەندامی حزب و دوو وەزارەت بەڕێوەببات و خۆی بۆ قبووڵکردنی پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئامادە بکات. ئەگەر ئەڵمانیا و دەوڵەتسازییە مۆدێرنەکەی نەبوایە، ئایا دەکرا ژنە زانایەکی گەنجی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، کە هیچ سیفەتێکی پۆپۆلیستی نەبوو، ببێتە ڕاوێژکار و لەوەش گرنگتر، بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لەو پۆستەدا بمێنێتەوە؟
با کەمێک (بەڕاستی کەمێک) لەسەر سیستەمی حکومەتی ئەڵمانیا بخوێنینەوە:- سیستەمی سیاسی ئەڵمانیا حزبییە. واتە لە بنەڕەتدا بەشێکی بەرچاو لە پەرلەمان و دامەزراندنە سەرەکییەکان لەلایەن حزبەکانەوە ئەنجام دەدرێت. لایەنەکان تاکی بەتوانا دەستنیشان دەکەن و ڕاویان دەکەن و پەروەردەیان دەکەن. حیزبەکان نوخبەگەرایین و ئەو حکومەتانەی لە حیزبەکانەوە دەردەچن خۆکارانە دەبنە نوخبەگەرایی. ئەمەش گرنگترین تایبەتمەندی دیموکراسییە کە لەسەر بنەمای حزبەکان دامەزراوە. مێرکڵ یەکێک بوو لە نێچیرەکانی ئەو حیزبانە.
(لەبەرئەوەی حزبەکان دەیانەوێت لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، هەوڵدەدەن باشترینیان هەڵبژێرن، کاتێکیش پێیان وایە حزبەکە بە کەسێکەوە لاواز دەبێت یان چیتر ئەو جەماوەرییە/شەرعییەی نەماوە کە شایەنییەتی – تەنانەت وەک تۆنی بلێر لە ئینگلتەرا – داوای لێدەکەن دەست لەکاربکێشێتەوە و کەسێکی تر دێتە ناوەوە بۆ ئەوەی حزبەکە بتوانێت هەژموونی خۆی بچەسپێنێت. حیزبەکان ناوەندی کەڵەکەکردنی زانیاری دەوڵەتدارین. بۆ نموونە CDU ناوەند و دامەزراوەی توێژینەوەی هەیە. یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو حزبە دوای دوو خول خۆی کاندید نەکردەوە و سەرکردایەتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی حزبەکەی گرتە ئەستۆ.
ئەوە ئەڵمانیا بوو کە مێرکڵی دروست کرد!
و پاشان ئەو دەرفەت و مۆڵەتەی بە
مێرکڵ بەخشی تاکو ئەڵمانیا دروست بکات.
تێبینی کۆتایی؛ نە ئەڵمانیا و نە مێرکڵ لە سەتاسەد کامڵ و تەواو یا بێکەموکوڕی نین. شیکردنەوەی سەرکەوتنەکانی تاکێک یان وڵاتێک بە مانای پشتگوێخستنی هەڵە و کەموکوڕی و لاوازییەکانیان نییە. بەڵام بە مانای تێفکرین دێت لەوەی کە دەتوانین فێربین و ئیلهام لە کەسانی دیکە وەربگرین بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرەپێشبردنی خاک و نیشتیمان و ئیدارەدانێکی نمونەیی.
سهرچاوهكان؛
- https:-//www.dw.com/en/angela-merkel-16-years-as-german-chancellor/g-55677305
- https:-//www.imna.ir/news/524857
- https:-//www.economist.com/search?q=Angela+Merkel
- https:-//www.theguardian.com/world/2021/sep/26/what-is-the-legacy-of-the-angela-merkel-era
- https:-//www.forbes.com/profile/angela-merkel/?sh=2f7d84de22dd
- https:-//www.forbes.com/profile/angela-merkel/?sh=2f7d84de22dd
- https:-//data.imf.org/en?sk=85b51b5a-b74f-473a-be16-49f1786949b3
- Dr_ Lashkar blouki. https:-//t.me/Dr_Lashkarbolouki





































































