
ساڵی 2025 شاهیدی وەرچەرخانێکی ئابووری بههێز بوو، کە تێیدا گرژییە بازرگانییەکان، گۆڕانکاری لە سیاسەتە نەختینەییەکان، گەشەی خێرای وەبەرهێنان لە بواری زیرەکی دەستکرد، و چاکسازی بنەڕەتی لە هەندێک لە ئابوورییە تازە پێگەیشتووەکاندا یەکتریان بڕی و نەخشەی ئابووری جیهانیان سەرلەنوێ کێشایەوە. لەچەقی ئەم دیمەنەدا، کۆمەڵێک کەسایەتی کاریگەر لە بڕیارە سیاسی و نەختینەییەکان و سەرکردەکانی تەکنەلۆژیا دەرکەوتن، کە بڕیارەکانیان ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبوو لە جوڵاندنی بازاڕەکان و ئاراستەکردنی بازرگانی و لێشاوی وەبەرهێنان؛ لە هەڵکشانی باجە گومرگییەکان و بەڕێوەبردنی ڕێژەی سوودی ئەمریکییەوە، تا دەگاتە پێشبڕکێی چیپەکان و زیرەکی دەستکرد. ئەم ڕاپۆرتە چاودێری ئەوە دەکات کە چۆن ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگدانەوەیان لەسەر بازاڕە جیهانییەکان و ئابووری دیجیتاڵی هەبووە، و تیشک دەخاتە سەر دیارترین ئەو دەموچاوانەی کە ئاراستەکانی ئابووری جیهانیان لە ساڵێکی ناوازەدا دروست کرد. ساڵی 2025 تێکەڵەیەکی دەگمەن بوو لە گرژییە بازرگانییەکان و گۆڕانکارییە نەختینەییەکان و زیادبوونی وەبەرهێنان لە زیرەکی دەستکرددا. لە ناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، چەند کەسایەتییەک دەرکەوتن کە شوێنپەنجەیان بەسەر ڕێڕەوی ئابووری جیهانەوە دیار بوو، لە کۆشکی سپی و وۆڵ ستریتەوە تا پەکین و بۆینس ئایریس و بازاڕەکانی نەوت.

- دۆناڵد ترەمپ، باجی گومرگی، ناونیشانی سەرەکی سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بوو لە ساڵی 2025دا. ئەو زنجیرەیەک بڕیاری لەسەر سەپاندنی باج بەسەر وڵاتانی جیهاندا ڕاگەیاند پێش ئەوەی بچێتە ناو دانوستانەکانەوە. یەکێک لە دیارترین قۆناغەکانی ئەم گرژییە، “جەنگی بازرگانی” بوو لەگەڵ چین، کە تێیدا ترەمپ باجی لەسەر کاڵا چینییەکان بەرزکردەوە (هەندێکجار گەیشتە ١٥٥٪) ئەمەش وای لە پەکین کرد وەڵام بداتەوە بە زیادکردنی باج لەسەر هاوردە ئەمریکییەکان. کاریگەری ئەم سیاسەتانە گەیشتە بازاڕە داراییەکان و بووە هۆی ناجێگیری لە نرخەکاندا، تا ئەو کاتەی لەگەڵ ژاپۆن و یەکێتی ئەوروپا گەیشتنە ڕێککەوتنی دووقۆڵی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان.

- جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا (بانکی ناوەندی)، ڕابەرایەتی سیاسەتی نەختینەیی کرد لە ساڵێکی پڕ لە تەمومژدا. ترەمپ بەردەوام فشاری لێ دەکرد بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود. پاوڵ لە ساڵی 2025دا 3 جار ڕێژەی سوودی کەمکردەوە. ئەم بڕیارانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر نرخی دۆلار و تێچووی قەرزکردن لە جیهاندا هەبوو. دابەزینی نرخی دۆلار لە هەندێک قۆناغدا یارمەتیدەری ئابوورییە تازەپێگەیشتووەکان بوو بۆ کەمکردنەوەی باری قەرزەکانیان.

- جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “ئینڤیدیا” یەکێک بوو لە دەموچاوە دیارەکانی 2025، بەو پێیەی چیپەکانی زیرەکی دەستکرد بوونەتە “نەوتی نوێ” کە ئابووری جیهان دەجووڵێنێت. هوانگ جەختی کردەوە کە خواست لەسەر زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی خەیاڵی زیادی کردووە. ئەمەش وایکرد بەهای بازاڕی ئینڤیدیا لە ساڵی 2025دا بە ڕێژەی 30% زیاد بکات و بگاتە 4.297 تریلیۆن دۆلار، بەمەش کۆمپانیاکەی بووە گەورەترین کۆمپانیای جیهان لە ڕووی بەهای بازاڕییەوە.

- شی جی پینگ، سەرۆکی چین، بە توندی وەڵامی باجە گومرگییەکانی ترەمپی دایەوە و باجی سەر هاوردە ئەمریکییەکانی گەیاندە 84%. شی جین پینگ، هەوڵیدا پشتێنەی دابینکردنی کاڵاکان بەهێز بکات و لە بواری تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا بگاتە خۆبژێوی. سەرەڕای فشارەکان، ئابووری چین پێگەی خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی پاراست، ئەویش لە ڕێگەی دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوە بۆ کاڵاکانی لە دەرەوەی ئەمریکا.

- ئیلۆن مەسک، مەسک لە ڕێگەی تێسلا و سپەیس ئێکس و پڕۆژەکانی زیرەکی دەستکرد، وەک کاریگەرترین کەسایەتی مایەوە. تێسلا گۆڕانکاری لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا بەردەوام کرد. جگە لەوەش، مەسک لە ساڵی 2025دا چووە ناو تیمی حکومەتی ترەمپ و وەک سەرۆکی “لیژنەی کارایی حکومەت” دەستبەکار بوو. هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای کۆمپانیای “سپەیس ئێکس” بۆ 800 ملیار دۆلار، سەروەتەکەی مەسک گەیشتە 677 ملیار دۆلار و وەک دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، پێگەی خۆی بەهێزتر کرد.

- سام ئاڵتمان بەڕێوەبەری ( Open AI) دروستکەری ChatGPT) ) لە ساڵی 2025دا پێشەنگی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان بوو. پڕۆگرامەکانی ئەم کۆمپانیایە لە دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەییەکاندا بە شێوەیەکی فراوان بەکارهاتن، ئەمەش بەرهەمهێنانی زیاد کرد، بەڵام مەترسی بۆ سەر هەندێک پیشەی تەقلیدی دروست کرد. ئاڵتمان داوای دانانی یاسای نێودەوڵەتی دەکرد بۆ ڕێکخستنی زیرەکی دەستکرد بە جۆرێک کە داهێنان نەخنکێنێت.

- خاڤیێر میلای، سەرۆکی ئەرجەنتین، بە چاکسازییە “ڕادیکاڵەکانی” ناسرا. ئەو ڕێکاری تووندی گرتەبەر وەک؛ ئازادکردنی نرخی دراو، بڕینی هاوکارییە حکومەتییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان. ئامانجی ئەو ڕاگرتنی هەڵاوسانی زۆر (Hyperinflation) بوو. بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بە گەشبینییەوە سەیری هەنگاوەکانی دەکەن، ئەمەش وایکرد وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە و کانزاکانی ئەرجەنتین زیاد بکات.

- کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF) لە ساڵی 2025دا هۆشداری بەردەوامی دەدا لە مەترسییەکانی قەرزی گشتی. ئەو جەختی لەسەر پێویستی هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەکردەوە بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەی قەرز لە وڵاتە هەژارەکاندا. ڕاپۆرتەکانی جۆرجێڤا سەرچاوەیەکی سەرەکی بوون بۆ وەبەرهێنەران بۆ تێگەیشتن لە ئاسۆی گەشەی ئابووری جیهانی کە هێشتا لە خوار ئاستی چاوەڕوانکراو دایە.
سهرچاوه؛ https؛//www.cnbcarabia.com
محەمەد سالم – سەرنووسەر لە CNBC عەرەبی
ئامادەکردن؛ سهركۆ یونس





































































