“سەردەمی جۆرێکی دیکە کۆڵۆنیالیزمی نوێ و ستراتیژی هەڵکوتانە سەر و لادانی سەرکردەکان”
لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕە گەورەکانی ئەمریکا لە ئێراق و ئەفغانستان، بەردەوامی جەنگی ئۆکراینا و ڕوسیا، بیرۆکەی دەستوەردان بەردەوامە، بەڵام ئامرازەکانی گۆڕاون. لەم ڕۆ بەدواوە دەستوەردان چیتر پێویستی بە داگیرکارییەکی درێژخایەن یان گوتارێکی ئایدیۆلۆژی گەورە نییە؛ بەسە بە ناوی ئازادی یاخود کۆتایی هێنان بە رژێمی داپڵۆسێنەر و گەندەڵ یاخود بەهۆی ئاساییشی نەتەوەیی و رەوایی مێژوویی ئەمریکا یا ڕوسیا و چین دەستبەسەر ئەم وڵات و ئەو وڵات دابگرن. ئینجا رەنگە ئاڵوگۆڕی وڵاتانیش لە ئارادابێت، دۆخێک سێ جەمسەر لە تێکڕای جیهان فەرمانڕەوایی بکەن، ڕوسیا ئۆکرانیا لاواز بکات و چین تایوان بگرێتەوە خۆ و ئەمریکاش پشکی خۆی لە ڤێنێزوێلا یەکلایی بکاتەوە. ئەوەی بەسەر ڤێنیزوێلا هاتووە، لە باشترین دۆخ سەروەری وڵاتەکەی پێشێل کردووە ئەوەی ئەمڕۆ لەو وڵاتەی دەبینین و، ئەوەی لە ئۆکراینا و تەنانەت هەڕەشە لەسەر تایوانیش تێبینی دەکرێت، دەکەوێتە چوارچێوەی ئەم گۆڕانکارییەی دەتوانین بە جۆرێک کۆلۆنیالیزمی نوێ ناوی ببەین، رەواییەکی مێژوویی، سیاسی و جوگرافی بۆ داگیرکردنی خاکی ئەوی دیکە لەسەرووی یاسا نێودەوڵەتییەکان، یاخود دەستوەردان و ڕژێم گۆڕین تەنیا لەبەر ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی ئەو زلهێزانە ناگونجێن.
پەیوەست بە نیکۆلاس مادورۆ، پرسەکە بە ئەوەوە وەکو تاک ئەوەندە بەند نیە و ئەوەندەش بە ڕژێمی ڤەنزوێلا-شەوە گرێدراو نیە، کە دەستەمۆی پێڕۆیەکی سیاسی و کارگێڕی ناوەندی کۆمەنیستی بەسەرچوو و لاوازە، بەڵکو بابەتەکە پرسیارگەلی تیۆری و قوڵ دەهێنێتە پێشەوە، بۆ نمونە: ئایا شکستی دەوڵەتداری ناوخۆ دەرگە بەڕووی دەستواردانی دەرەکی دەکاتەوە؟ یان مافی بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی گەلانیش دەبێت بە گڵۆپی سەوزی ئەم و ئەو زلهێز بەردەوام بێت و دروست بێت ئەگینا هیوایەکی وەها نابێت؟ گومان هەڵناگرێت “نیکۆلاس مادۆرۆ” بەشێکی بەرچاوی ڕەوایی یاسایی خۆی لەدەستداوە بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی نەوت و داڕمانی ئابووری و تۆمەتەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان. بەڵام لە تیۆری سیاسیدا لەدەستدانی رەوایی پیدانی گشتی نابێتە لەدەستدانی سەروەری، بەڵام ئاوارەی چەند ملیۆن هاووڵاتیەک و شکستی ئابووری و ترازانی سازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەوەندە دەهێنێت نزیکترین هاوئاوازەکانیشی خەمی بۆ نەخۆن. دواجار رەوایی یاسایی لە ناوخۆ هەڵدەسەنگێندرێت و ناشکرێت بگوترێت بۆ زلهێزێکی ناکۆک و بەرکەوتەی پەتاکەی ڤێنێزوێلا، کە ئەمریکایە ئەوە ناقۆزێتەوە. دواجار بە هەواڵگریی و نزیکبوونەوە و دزەکردنی سیخوڕی لاوازیی رژێمە نەریتیە ناوەندیە کۆمەنیستیەکەی مادورۆ قۆزرایەوە و ڤێنێزوێلا بە نسکۆدا رەت دەبێت. گومانیش هەڵناگرێت وشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبردنی ڤێنێزوێلا زەنگی دووبارەبوونەوەی جۆرێک کۆلۆنیالیزمی نوێ لێدەدەن. ئەمە بە ئەنتیدۆت و دژی خەباتی تری-کۆنتینێنتال، واتا سێ کیشوەر یکۆمیونیزم و چەپەکان دێتە هەژمار و بە دیوێکی دیکە گەڕانەوەی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی ئەنگلۆساکسۆنە بەسەر ئەوانی دیکە، ئەوانەی دەبێت بەڕێوە ببرێن.
“سەروەری لەدەستی دەرەکی”
دۆخی هەنووکەی ڤێنێزوێلا دەتوانرێت بە “سەروەری بەڕێوەبەردراو” ی دەرەکی ناوزەد بکرێت. دەوڵەت بە شێوەیەکی فەرمی لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە، بەڵام بڕیاردانی سیاسی لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی دەستەمۆ یان لە باشترین دۆخدا خۆجێییەکی کاتی ڕێکدەخرێتەوە، کە بوونی خۆی لە دانپێدانانی دەرەکییەوە وەردەگرێت نەک لە پێگەی جەماوەرییەوە. ئەمە گواستنەوەی دیموکراسی نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی بۆشاییەکی سیاسییە لە ژێر پەردەی چارەسەری کاتییدا، واتا بەڕێوەبردنی لە دوورەوە، شێوەیەکی نوێی کۆلۆنیالیزم ئەوەش بەهۆی ئەگەری بوونی سەربازی و راوێژکاری ئەمریکی لە وڵاتەکە.
“لە دۆخی دەرئاساو سالاریی زلهێز، گەورە و زلهێز بڕیار دەدات”
ئەم دۆخە بیردۆز و تیۆری بیرمەند “کارل شمیت” بە بیر دەهێنێتەوە، بەو پێیەی دۆخەکە دەرئاسا و نالەبارە. گواستنەوەی دەسەڵاتی بڕیاردانە بە سەپاندن بێت یان دیفاکتۆ لە ناوەوە بۆ ماستەر/زلهێز و گەورەی دەرەوەیە. ڤێنێزوێلاش لەم کاتە بەهۆی نەبوونی سەقامگیری ئابووری و هەبوونی پێنج یەکی ئاوارە و گەندەڵی و بەڕێوەبردنی خراپ و داتەپینی ئابووری و ڕووکردنە بازرگانی ماددەی هۆشبەر وای کردووە رەوایی خۆجێیی بە ڕۆحیی لەدەستبدات و هیچ رامانێکی بەرجەستەی لای هاووڵاتیان نەبێت، هەرچەندە سوپا و تفەنگ شەقامەکانیان بێدەنگ کردبوو، دۆخێک بە سوریا و ئێراق نامۆ نەبوو. بەمەش جۆرە شێوەیەکی دیکەی داگیرکاریی روودەکاتە جیهان، دەستوەردانی خێرا و دەستەویەخە، کەمترین تێچوو و قازانجی زۆر، سەپاندنی هەژموون و بەدەستهێنانی پاڵپشتی وڵاتی داگیرکراو بەهۆی نەمانی رەوایی ڕۆحی و بەرجەستەی رژێمی لادراو، بۆ نمونە لە ڤێنێزوێلا لادانی مادورۆ و دەستوپێوەندەکانی. لەم قۆناغە، بە چەمکەکانی شمیت، دۆخەکە دەرئاسا یە و دۆخی دەرئاساش وا دەخوازێت داگیرکردن و ئاراستەکردن جێگەی یاساکان بگرێتەوە.
“لە گواستنەوەی دیموکراسی بۆ گواستنەوەی سەقامگیری ئابووری و ئاساییش”
لە دەستپێکی ئەم سەدەیە جۆرج بووش لە دوو جەنگ دوو رژێمی داڕماند، هەردووکیان هاوتای مادورۆ رەوایی نێوەخۆییان نەبوو، کە ئێراق و ئەفغانستان بوون. لەم. دوو وڵاتە، تیرۆر کرایە پاساوی هەناردەکردنی دیموکراسی و رزگارکردنی خەڵکەکە. دەتواندرێت بگوترێت هەردووک گەل دەرفەتی زێڕینی دوای ئەو رژێمانەیان لەدەست دان، هەرچەندە پاساوەکانی ئەمریکا زیاتر هەڵدەگرن. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ بە ناوی سەقامگیری و گواستنەوە یان دەستەبەری سەقامگیری ڤێنێزوێلا مادورۆ دەگۆڕێت. بە کورتی، پاساوەکە گۆڕاوە، بەڵام ئەنجامەکەی هەر یەکە: گۆڕینی رژێمی ناکۆک بە رژێمی کۆک و دۆست و قۆستنەوەی دۆخی یەکجار خراپی نێوەخۆیی. بۆ ترەمپ ئەو گۆڕانکارییە تەواو بە ئامانجی ئاساییشی کۆمەڵایەتی ناوەخۆ و، هاوکات، سەقامگیریی ئابوورییە. بە دیوی ئاساییش پەنجەی خستە سەر برینی دیاردەی بەربڵاوی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان، کە سەدان کەس لە ئەمریکا لەناودەبەن. لە تەوەری ئابووری، چەندجارێک دووپاتی کردەوە کۆمپانیاکانی ئەمریکا ژێرخانی ڤێنێزوێلا بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتیەکانی بەکار دەهێنن. واتا ئەوان نەیان توانیووە خۆیان بەڕێوە ببەن و کۆمپانیا ئەمریکییەکان خۆیان ئەو کارە دەکەن. پرسیارەکە ئەوە نییە؛ ئایا دەوڵەت شکستی هێناوە، بەڵکو؛ کێ مافی ئەوەی هەیە لە دۆخی نالەبار و نائاسایی و هێرش ڕابگەیەنێت و کێ بڕیاری ڕاگەیاندنی مافی بەدەستهێنانی چارەنووسی سیاسی گەلێک دەدات؟ ئەگەر وەڵامەکە لای زلهێزەکان بێت، ئەوا ئێمە لە سەردەمێک دەژین کۆتایی هاتنی کۆلۆنیالیزم نابینین، بەڵکو گۆڕینی بۆ کۆلۆنیالیزمە بۆ شێوەیەکێ بێدەنگتر و مەترسیدارتر.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات لە نەریتی نێودەوڵەتی لادەدات، بەڵام بە جیهان نامۆ نیە؛ جڵەوی تورکیا بۆ قوبرس، ڕوسیا بۆ کرایمیا و ئۆکراینا، ئەمریکا و چەند وڵاتێک…هتد. دەچێتە چوارچێوەی بیرکردنەوەی ڕۆژئاوا کە نەتەوەکانی جیهانی سێیەم ناتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەوەی لە ڤێنیزوێلا ڕوو دەدات گواستنەوەیەکی دەسەڵات و کودەتای دەرەکیە نەک وەرگەڕانێکی دیموکراسی. کاتێک سەروەری وڵاتێک لە دەرەوە بە ناوی سەقامگیرییەوە بنپێ دەکرێت، گەندەڵی سەرۆک یان داڕمانی ئابووری رەوایی خۆجێیی ناهێلێت و، هاوکات، بانگەشەی بەرگری و سەروەری وڵات و هەڕەشەکانی “ئیمپریالیزم” ی رژێمە ناوەندییەکەی ڤێنیزوێلا و وڵاتانی دیکەش تەنیا پاساوی مانەوەیە، واتا کارتەکان هەموو تاقیکراونەتەوە و شکستیان هێناوە. ئەو پرسیارەی کە دەبێ بیکەین ئەوەیە؛ کێ بڕیار دەدات کە گەلێک مافی بڕیاردانی لە چارەنووسی سیاسی هەیە؟ گەل یان ئەمریکا و ڕۆژئاوا، یان چین و ڕوسیا؟ رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان چیە؟ دوای جەنگی ئۆکراینا، ڤێنێزوێلا، بێدەنگی لە لەشکرکێشی میلیشیاکانی ئێراق و هێزێکی هەرێمی لە دژی هەرێمی کوردستان و بڕینی مووچە و بودجە، دۆخی ئێران و ئێراق و یەمەن و رێگەدان بە کۆمەڵکوژی خەڵک لە سوریا نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ رەوایی ماوە ئەمانە پرسیارگەلێکن بەبیرمان دەهێننەوە جیهان لەبەردەم گۆڕانکاری مەزندایە. لە تەک ئەو گۆڕانکارییانە ئەمریکا لە ئێراقیش بێهیوا بووە و پێشووتر دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە کە ئێراقیش ناتوانێت نەوتەکەی خۆی بەڕێوە ببات. ئینجا لەهەر پێشهاتێک لە ئێراق، لە نێوان کێشە نێوخۆییەکان و فشارە دەرەکییەکان تا چەند ساز و ئامادەی پێشهاتی وەهاین لە ئێراق.





































































