لە خێزانێکى سەربازى لەدایکبووە، لە چەندین وڵاتى جیاواز خول و ئەکادیمیاى سەربازى بینیوە، بەشدارى جەنگى جیهانى کردووه، دامەزرێنەرى سوپاى ئێراقە، وەزیرى بەرگرى و سەرۆک وەزیران بووە، بەڵام هەر ئەو سوپایەى کە خۆى دایمەزراند لەناوى برد، رۆژگارێک لە ریزى سوپاى عوسمانییەکان بووە و رۆژانێک لەدژى عوسمانییەکان جەنگاوە، هەندێک بە پیاوى ئینگلیز و هەندێک بە کەسایەتیەکى ئێراقى دەزانن، ئەمە سەربردەى جەعفەر عەسکەرییە. جەعفەر مستەفا عەسکەری لە (15/ئەیلول/1885) لە بەغدا لەدایکبووە، لە خێزانێک کە ڕەگ و ڕیشەی سەربازی و ئیدارییان لە سەردەمی عوسمانیدا هەبووە. مستەفا عەبدولڕەحمان مودەریسى باوکی لە سوپای عوسمانیدا پلەی (عەقید)ى هەبووە و لە ساڵی (١٨٧٧) بەشداری شەڕی ڕووس و عوسمانییەکانى کردووە. جەعفەر عەسکەری لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت؛ پاشناوى عەسکەرى کە بنەماڵەکەمانى پێ دەناسرێتەوە، دەگەرێتەوە بۆ گوندى “عەسکەر”ى نزیک لە سلێمانى. ئەو گوندە لەئێستادا سەر بە ناحیەى ئاغجەلەرە لە قەزاى چەمچەماڵ، بەوتەى عەسکەرى، عەبدوڵڵا مەدەنی نعێمی باپیرە گەورەیان لە سەدەی (١٦)دا لە مەدینەوە ڕووی لە ئێراق کردووه و بنەماڵەکەی بۆ ماوەیەک لە گوندى عەسکەر نیشتەجێ بوون. هەروەها بنەماڵەکەیان دوای خانەنشینبوونی باوکی، ڕوویان لە موسڵ کردووە و هەر لەوێ باوکى مردووه. ئەمەش دوای چەند مانگێک بووە لە ڕۆیشتنی جەعفەر و هادى براى بۆ بەغدا، بەمەبەستى درێژەدان بە خوێندن لە ئەکادیمیای سەربازی، کە بە پشتیوانی ئەفسەری عوسمانی محەمەد فازل داغستانی دۆستی باوکیان، ناوى خۆیان تۆمارکردووه.
“سەربازێکى ئەکادیمى”
جەعفەر لەژێر چاودێری داغستانیدا خوێندنی لە ئەکادیمیای سەربازی لە بەغدا تەواوکردووه. پاشان بۆ تەواوکردنى خوێندنەکەى لە (١٩٠١) ڕوویکردۆتە ئەستەنبوڵ، لەوێ چووەتە ئەکادیمیای سەربازی و لە (١٩٠٤) بە پلەی مولازمى دووەم دەرچووە. پاشان لە سوپای شەشەمی عوسمانی لە بەغدا خزمەتی کردووە، لە ساڵانى (١٩٠٥ و ١٩٠٦) شانبەشانی عوسمانییەکان لە قوسەیم شەڕی کردووە. وەکو عەلا جاسم محەمەد لە کتێبی “جەعفەر عەسکەری و ڕۆڵی سیاسی و سەربازیی لە مێژووی ئێراقدا” باسی دەکات، کاتێک ئەفسەری عوسمانی عەلی نەجیب بەگ هاتۆتە بەغدا بۆ دامەزراندنی قوتابخانەی ڕوشدیەى سەربازیی، جەعفەر عەسکەری لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری تر هەڵبژاردووه، تاوەکو لەو ئەرکەدا هاوکاری بکەن. دوابەدوای ڕاگەیاندنی دەستووری عوسمانی لە تەمموزی (١٩٠٨) و دەستپێکردنی چاکسازییە سەربازییەکان، حکومەتی عوسمانی بڕیاریدا دەستەیەک لە ئەفسەرەکانی بۆ مەشق و ڕاهێنان رەوانەى ئەوروپا بکات. جەعفەر عەسکەری وەک یەکەمین دەستەى ئەو ئەفسەرانە بۆ مەشق و ڕاهێنان رەوانەى ئەڵمانیا کرا، کە لەو کاتەدا پلەکەى مولازمى یەکەم بوو لە فەوجی ئەعزەمیە. لەماوەى ساڵانی (1910 – 1912) لە بەرلین و کارلسروه مەشق و ڕاهێنانى کردووه و زانستی سەربازی مۆدێرنى خوێندووه، لێرەوە شارەزاى ڕێکخستنی سوپاکانى ئەوروپا بووە. ئەم ئەزموونەش دواتر رەنگدانەوەى لەسەر سەرکردایەتییەکەی دروستکرد، کاتێک بوو بە یەکێک لە دیارترین دامەزرێنەرانی سوپای ئێراق.
هەر لەم ماوەیەدا هاوسەرگیرى لەگەڵ فەخریە سەعید خوشکى نورى سەعید یەکێک لە دیارترین سیاسەتکاران و سەرۆک وەزیرانەکانى سەردەمى پادشایەتى کردووه، ئەم هاوسەرگیرییە دواتر رەنگدانەوەى لەسەر پەیوەندییەکانى نێوانیان هەبووە. لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی باڵکان لە ساڵی (١٩١٣)، نێردە سەربازییەکانی عوسمانی لە ئەوروپا فەرمانی بەپەلەیان پێگەیشت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان و پەیوەندیکردن بە یەکە مەیدانییەکانیانەوە، کە لەنێویاندا جەعفەر عەسکەری هەبوو. دوای ماوەیەکی کەم لە گەڕانەوەى لە ئەڵمانیا، وەک ڕاهێنەر لە قوتابخانەی ئەفسەران لە شاری حەلەب دامەزرا، بەڵام دوای سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە کۆلێژی ئەرکان لە ساڵی (١٩١٤)،ا هەر زوو گەڕایەوە بۆ ئەستەنبوڵ. لەم کاتەشدا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هاوشانى ئەڵمانیا و نەمسا و هەنگاریا چووە ناو جەنگی جیهانی یەکەمەوە و ئەفسەرەکان دووبارە بەسەر بەرە سەربازییە جیاوازەکاندا دابەشکران.
“هەڵگەڕانەوە لە عوسمانییەکان”
عەسکەری لە بیرەوەرییەکانیدا ئاشکرای دەکات کە سەرکردایەتی عوسمانیەکان ئەرکێکی سیاسی و سەربازیی هەستیاریان لە لیبیا پێ سپاردووه؛ ئەویش پەیوەندى گرتن بووە لەگەڵ بزووتنەوەی سەنوسی و هەماهەنگیکردن لەگەڵیاندا بووە بۆ شەڕکردن لە دژی هێزەکانی بەریتانیا لە میسر، هاوتەریب لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی عوسمانییەکان لە بەرەی فەلەستین. عەسکەرى سەرکردایەتی هێرشێک لەدژى بەریتانییەکان دەکات، بەڵام بە دیلى دەیگرن و رەوانەى میسرى دەکەن. لە میسر بیروباوەڕى سەربازى دەگۆڕێت، لە پشتیوانیکردنى عوسمانییەکانەوە با دەداتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە شەریفى کوڕى حسێن کە لەو کاتەدا شۆڕشى لەدژى عوسمانییەکان بەرپاکردبوو. وەک لە بیرەوەرییەکانیدا باسی دەکات هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانەشى ئەو هەڵمەتی لەسێدارەدانە بوو کە جەمال پاشاى والی عوسمانی لە شام لەدژی هەندێک لە ناسیۆنالیستە عەرەبەکان ئەنجامیدا و بەو هۆیەوە تەواو نیگەران بووە. عەسکەرى لە بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت، “لە ئەنجامدا بڕیارمدا بەدوای تۆڵەکردنەوەدا بگەڕێم و هەموو ئامرازێک بەکاربهێنم، هەر کات دەرفەتێک هاتە پێشەوە، پاڵپشتى لە شەریفی مەککە بکەم”.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشى گەورەی عەرەبی لە ساڵی (1916)، عەسکەری پەیوەندی بە هێزەکانی شەریفەوە کرد و بوو بە فەرماندەی سوپای باکوور لەژێر سەرکردایەتى شازادە فەیسەڵ کوڕى حسێندا. ئاشکرای دەکات کە لەم قۆناغەدا نوری سەعید یەکێک بووە لە هاوەڵەکانی، هەروەها لە ئاراستەکردن و ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەدژی عوسمانییەکان لە حیجاز و پاشان لە شام، هاوکاریان لەگەڵ ئەفسەری بەریتانی تۆماس ئێدوارد لۆڕێنس ناسراو بە “لۆرەنسی عەرەب” کردووە. لەماوەى ئەم جەنگەدا عەسکەرى چەندین میدالیاى سەربازى وەرگرت، وەکو میدالیاى سانت مایکل و سانت جۆرجى بەریتانى، لۆڕەنسی عەرەب لە کتێبی “حەوت پایەی حیکمەت”دا سەرسامى خۆى بە عەسکەرى دەردەبڕێت و دەڵێت؛ پەیوەندیکردنی بە شۆڕشی شەریف حوسێن و ئینگلیزەکانەوە “پشتگیرییەکی گەورە بووە بۆ دۆزەکەی ئێمە”. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و هاتنە ناوەوەی شازادە فەیسەڵ بۆ دیمەشق لە ساڵی (١٩١٨)، جەعفەر عەسکەری پۆستی هەستیاری سەربازی و ئیداری لە حکومەتی عەرەبی شامدا وەرگرت. وەک فەرمانڕەواى سەربازی لە عەممان و پاشان لە حەلەب دەستبەکار بوو، پێش ئەوەی ببێتە سکرتێری سەرەکی لە دادگای شاهانەی فەیسەڵى، دواتریش لە حکومەتەکەی عەلی ڕەزا ریکابی بووەتە وەزیر.
“لەنێوان حکومەت و پارلەماندا”
لەکۆتایى ساڵى (1920) یەکەم کابینەى حکومەتى ئێراق بەسەرۆکایەتى عەبدولڕەحمان گەیلانی نەقیب دروستدەکرێت، جەعفەر عەسکەرى دەبێتە یەکەم وەزیری بەرگری لە مێژووی ئێراقدا، ئەو دەمە ئێراق لەژێر داگیرکاری بەریتانیادا بووە. جەعفەر عەسکەرى لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت؛ نەقیب داواى لێکردم بگەڕێمەوە بۆ بەغدا و کۆتایى بە گەشتەکەم لەگەڵ مەلیک فەیسەڵ بهێنم، کە لەلایەن فەرەنسییەکانەوە بە زۆر لە دەسەڵات لە سوریا دوورخرابووەوە. بەوتەى عەسکەرى قورسترین قۆناغ لە ژیانى سیاسى و سەربازیدا، وەرگرتنى پۆستى وەزیرى بەرگرى بووە، چونکە “دەبوو سوپای ئێراقی لە بناغەوە دروست بکەم، لەهەمانکاتدا هەوڵی قایلکردنی “ناسیۆنالیستە ڕادیکاڵەکان” بدەم بۆ هێورکردنەوەى شۆڕشەکەیان و راگرتنى خوێنڕشتن، تاوەکو بتوانن دەستکەوتی بەرجەستە لەسایەى داگیرکاریدا بەدەستبهێنن. دواى وەرگرتنى ئەو پۆستە، ژمارەیەک لە ئەفسەرە ناسیۆنالیستە ئێراقییەکان لەسەروى هەموویانەوە یاسین هاشمی و مەولود موخلیس و جەمیل مەدفەعی، عەسکەرییان بە خائین دەزانی، بەهۆی ئەوەی لایەنگری مەلیک فەیسەڵ بوو لە سوریا، هەروەها لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا هەبوو. بەڵام عەسکەری هەوڵی پێکهێنانی حکومەت و بەدەستهێنانی دەستکەوتی سەرەتایی دەدا، چونکە پێیوابوو هێشتا کاتی سەربەخۆیی تەواو نەهاتووە.
عەسکەری بە سوودووهرگرتن لە ئەزموونی خۆی لە سوپای عوسمانی و ئەو وانانەی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا فێری بوو، دەستیکرد بە دانانی بەردى بناغەی دامەزراوەی سەربازی لەئێراقدا، لەم بوارەشداکۆمەڵێک ئەفسەر هاوکارییان دەکرد کە دوای جەنگ گەڕابوونەوە بۆ ئێراق، وەک نوری سەعید و یاسین هاشمی و عەلی جەودەت ئەیوبی، هەر ئەو کەسانە دواتر ڕۆڵی گرنگیان لە ژیانی سیاسی و سەربازی ئێراقدا گێڕا. عەبدولڕەزاق حەسەنى لە کتێبەکەیدا “مێژووى حکومەتەکانى ئێراق”، ئاماژە بەوەدەکات کە جەعفەر عەسکەری بەهۆی ئەزموونی سەربازی و پێگەی سیاسییەوە زیاتر لە جارێک پۆستى وەزارەتی بەرگریی وەرگرتوە. جگەلە کابینەی دووەمی عەبدولڕەحمان ئەلنەقیب، سێ جاری دیکە لە حکومەتە جیاوازەکاندا بووەتەوە وەزیرى بەرگرى. عەسکەری یەکێک بوو لەو کەسایەتییە دیارە ئێراقییانەی لە ساڵی (1921) بەشدارى لە کۆنگرەى قاهیرەدا کرد، کە بە سەرۆکایەتی وینستن چەرچڵ وەزیری موستەعمەراتى بەریتانیا و سێر پێرسی کۆکس بوو. لەم کۆنگرەیەدا بڕیاردرا شازادە فەیسەڵ کوڕى حسێن وەک پاشای ئێراق دابنرێت، بڕیارێک کە عەسکەری بە تەواوی پشتیوانی لێکرد. هەروەها بڕیاردرا بە دامەزراندنی سوپای ئێراق بۆ پاراستنى ئاسایشی وڵات، بەڵام هێزی ئاسمانی لەلاى ئینگلیزەکان مایەوە.
دوابەدوای دامەزراندنی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی بۆ ئێراقی سەربەخۆ، جەعفەر عەسکەری وەک یەکەم باڵێوزى ئێراق لە بەریتانیا هەڵبژێردرا. بەڵام هەر زوو بانگهێشتی بەغدا کرایەوە بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە ساڵی (١٩٢٣) پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیران وەربگرێت، عەسکەری لەدوای وەرگرتنی ڕەزامەندی کۆمیساریای باڵای بەریتانیا، بڕیاریدا نوری سەعید وەک وەزیری بەرگری لە کابینەکەیدا دیارى بکات. کابینەى یەکەمى عەسکەرى زۆر درێژەى نەکێشا و لە مانگی ئابی (1924) دەستى لەکار کێشایەوە و بۆ جاری دووەم وەک باڵێوز ڕەوانەی لەندەن کرایەوە. لە لەندەنیش زۆر نەمایەوە و دووبارە گەڕایەوە بۆ بەغدا بۆ پێکهێنانى کابینەیەکى نوێى حکومەت. عەسکەرى لە مانگی یەکی (1930) وەک باڵێوزى ئێراق لە تاران دیاریکرا. بەڵام ماوەی کارکردنی لەوێ زۆر کورت بوو، چونکە پێشهاتە سیاسییەکان ڕایانکێشایەوە بۆ بەغدا و لە کابینەی یەکەمی نوری سەعید لە ساڵی (1930)، وەک وەزیری بەرگری دەستبەکار بوو، پاشان لە مانگی ئازاری (1931) بە ئەندامى ئەنجومەنی ئەعیان دیاریکرا. لە تشرینی یەکەمی (1930) وەک نوێنەری بەغدا بۆ پارلەمانى ئێراق هەڵبژێردرا. لە ساڵی (١٩٣١) بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمی هەمان ساڵدا پۆستی باڵێوزى لە لەندەن وەرگرت. لە مانگی یەکی ساڵی (١٩٣٢) گەڕایەوە بۆ ئێراق و لە کابینەی دووەمی نوری سەعید پۆستی وەزارەتەکانى دەرەوە و بەرگری وەرگرت. دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە کابینەی حکومەت لە تشرینی دووەمی (١٩٣٢)، بۆ خولی دووەم بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرایەوە. دوای چەند ڕۆژێک جارێکی دیکە دەستی لەکارکێشایەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پۆستی پێشووی وەک باڵێوز لە لەندەن، تا مانگی کانوونی دووەمی (١٩٣٤) لەوێ مایەوە و دواجار وەک ئەندامی ئەنجومەنی پیران گەڕایەوە بۆ بەغدا.
“سەربازى زۆرەملێ”
لە دروستکردنى سوپاى ئێراقدا، عەسکەرى خاوەنى ڕێبازى “سەربازى زۆرەملێ” بوو، بەوتەى عەبدولڕەزاق حەسەنی مێژوونووس عەسکەری لەدوای وەرگرتنی وەزارەتی بەرگری لە (1923)، پێداگری کردووه لەسەر جێبەجێکردنى خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی دەوڵەتدا، دواتریش هەوڵیداوە لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر دەستوور و پێکهێنانی دامودەزگاکانی دەوڵەتدا بیخاتە ناو یاساکانی ئێراقەوە. ئەو ڕێبازە چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دژایەتییەکی تووندی لەگەڵدا کراوە. هەندێک لە سەرکردە خێڵەکییەکان ئەو پرەنسیپەیان بە پێچەوانەى بنەما خێڵەکییەکانیان زانیوە و رەتیانکردۆتەوە. هەروەها دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بەئاشکرا ڕەخنەیان لەو پرۆژەیەوە گرتوە، چونکە سەربەخۆیی سەربازی ئێراقى بەهێزتر کردووه و هەژمونى بەریتانیاى لەسەر بڕیارە ئەمنییەکان سنووردار کردووه. تەنانەت لە هەندێک لە نامە فەرمییەکانى وەزارەتى داگیرکەکان (موستەعمەرات)ی بەریتانیادا، ئەو پڕۆژەیە بە “پێچەوانەی نەریتەکانی ئیدارەی بەریتانیا لە ناوچەکەدا” ناودەبات.
سەرەڕای دژایەتی بەریتانیا، عەسکەری “یاسای بەرگری نیشتمانی”ی داڕشت و هەوڵیدا لەڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە تێپەڕێنێت، ئەمەش بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوە لەناو حکومەتەکەیدا و دابەشبوونی سیاسی تووندى لەنێوان لایەنگران و نەیارانیدا لێکەوتەوە. کاتێک فشارەکانی بەریتانیا لەڕێگەى دەسەڵاتدارانى بەریتانیا لە بەغدا تووندتر بوون و ڕووبەڕووبوونەوەکە ئاشکرا بوو، جەعفەر عەسکەری وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دەستوەردانی بەریتانیا دەستی لە پۆستی سەرۆک وەزیران کێشایەوە. بەڵام عەسکەری سەرکەوتوو بوو لە سەپاندنی قەناعەتەکەی لە درێژخایەندا، بەو پێیەی دواتر دەوڵەتی ئێراق بە فەرمی سیستمی وەرگرتنی سەربازیی ناچارى گرتەبەر، کە لە دەیان ساڵی دواتردا جێبەجێکرا.
“کۆتایی عەسکەرى”
چیرۆکى کۆتایى ژیانى عەسکەرى، بەسەرهاتێکى چاوەڕوان نەکراوە. چونکە بەدەستى ئەو سوپایە لەناوبرا کە خۆى دامەزرێنەرى بوو. لە مانگى تشرینی یەکەمی (1936)، لیوا بەکر سدقی، فەرماندەی فیرقەی دوو و جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێراق، سەرکردایەتی یەکەم کودەتای سەربازیی سەرکەوتووى لە مێژووی جیهانی عەرەبیدا لەدژی حکومەتی یاسین هاشمی و مەلیک غازی کرد. جەعفەر عەسکەری بە تووندی کودەتاکەی ڕەتکردەوە و بە پێشێلکردنی شەرعیەتی دەستووری و هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئەو دەوڵەتەی زانى کە بەشدارى لە دامەرزاندن و بنیاتنانى دامەزراوەکانیدا کردبوو. وەکو مێژوونووسان عەلا جاسم و عەبدولڕەزاق حەسەنی ئاماژەی بۆ دەکەن، لەدواى کودەتاکە عەسکەری بڕیاریداوە بەغدا بەجێبهێڵێت، تاوەکو لەگەڵ ئەو یەکە سەربازییانەی کە بەرەو پایتەخت لەپێشڕەویدا بوون کۆببێتەوە و ڕازییان بکات دەستبەرداری کودەتاکە ببن. ئەم کارەشى پاڵپشت بە پێگەی بەرچاوی خۆی لەناو سوپا و ئەو ڕێزگرتنە بەربڵاوەدا کردووە کە لەنێو ئەفسەرانی ئێراقدا هەیبووە، بەڵام لەهەمانکاتدا درکى بە مەترسیەکانی ئەم کارەشى کردووه.
کاتێک بەکر سدقی بە جموجۆڵەکانی جەعفەر عەسکەری دەزانێت، ژمارەیەک لە ئەفسەرانى لایەنگرى خۆى دەنێرێت تاوەکو رێگەى لێبگرن بەر لەوەى بگاتە لاى هێزە یاخیبووەکان، چونکە بوونی عەسکەری لە نێویاندا بەس بووە بۆ پووچەڵکردنەوەی کودەتاکە. بەپێی بەڵگەنامەکانى سێر کلارک کەیرى باڵیۆزی ئەوکاتەى بەریتانیا لە بەغدا، ئۆتۆمبێلەکەی عەسکەری لە نزیک دیالە لە ڕێگادا بەرەو تاجی ڕاگیراوە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بەکر سدقی گولەباران کراوە و پاشان لە بەغدا بەخاک سپێردراوە. بەم شێوەیە ژیانی جەعفەری عەسکەری ئەو کەسەى وەکو “باوکى سوپاى ئێراق” تەماشا دەکرا، لەسەر دەستی ئەو سوپایەی کە خۆى دایمەزراند لە تەمەنى (51) ساڵیدا کۆتایی هات.
* زانیارییەکانى نێو ئەم راپۆرتە لە راپۆرتێکى محەمەد شەعبان ئەیوب وەرگیراوە کە لە (30/10/2025) لە ماڵپەڕى (الجزیرە) بەناونیشانى (من قتل جعفر العسکرى مؤسس الجيش العراقي؟) بڵاوکراوەتەوە.
ئامادهكردنی؛ بارام سوبحى





































































