“سایکۆدرام (Psychodrame)“
وێدەچێ ئەرەستوو یەکەمین کەس بووبێت کە باسی کاریگەریی “زاخاودان”(پاڵاوتن)-ی نواندنی لە بینەردا کردبێت. بەڵام هێشتا ئەم پرسیارە زیندووە کە ئایا یەکەمین کاریگەریی شانۆ، بە نیازی چارەسەریی دەروونیی نادرێتە پاڵ مارکی دێ ساد (de sade)ەوە؟. لەگەڵ ئەمەشدا لەسەر نیازپاکیی مارکی دێ ساد گومانیان هەبووە. بەڵام ئەمە جەیکوب ئێل مۆرێنۆ(Moreno/1889-1974)یە کە لە ڕاستیدا سایکۆدرامی ئافراند. (لە ڤییەنا و لە ساڵی ١٩٢١ بەو لاوە و دواتر لە ئەمەریکا و لە ساڵی ١٩٢٦ بەو لاوە). یەکەمین وێنای سایکۆدرام لە زەینی مۆرێنۆدا، لە کاتی بیستنی دانپێدانانەکانی پیاوێک کە ژنەکەی هونەرمەندێکی بواری نواندن بوو، لەدایک بوو. ئەم ژنە کە بە شێوەیەکی بەردەوام ڕۆڵی ژنانی سادە و دڵپاکی دەگێڕا، بە پێچەوانەوە لە ژیانی تایبەتی و ژیانی هاوسەرێتیدا، ئاکارێکی نەشیاوی هەبوو. مۆرێنۆ پێشنیازی ئەمەی بۆ کرد کە لە شانۆنامەیەکی نوێدا ڕۆڵی ژنێکی سەرسەری بگێڕێت. ژنی جوانی سادە و دڵپاک، بوو بە ژنێکی تەواو سەرسەریی. مێردەکە لای مۆرێنۆ دانی بەمەدا نا کە ئاکاری ژنە وەکوو هەمیشە ئاسایی بووە بەڵام ڕۆژێک کە ئەو دیمەنە بە شێوەیەکی ئانوسات دەخولقێت و ڕۆڵەکەی تێدا دەگێڕێت، بە پێچەوانە ئاکارێکی میهرەبانی هەبووە. مۆرێنۆ ئەم تاقیکردنەوەیەی درێژە پێدا، بە شێوازێک کە ژن و مێردەکەی خستە دۆخێکەوە تا دیمەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی هاوسەرێتی خۆیان وەکوو ڕۆڵگێڕان بنوێنن.
سایکۆدرام لە هۆڵێکدا کە هیچ ڕازاندنەوەیەکی بۆ ناکرێت، پیشان دەدرێت. بەم شێوەیە کە ئەکتەر لە خەیاڵکردنی خۆیدا بە تەواوەتی ئازادە. ئەکتەرەکان دەبێت قۆناغەکانی ژیانی تاکەکەسی خۆیان دروست بکەنەوە و ئەم هەستەیان نەبێت کە لە ناو دیمەنێکدان کە بوونی بینەران مانایان پێ دەبەخشێ. مۆرێنۆ لە ڕێگەی چەمکە تیۆری و فەلسەفییە تایبەتەکانی خۆیەوە، لە سایکۆدرامدا وەکوو بکەرێکی چالاک لە پانتای خۆڕسک(خۆنوێن)ی دا شتەکان دەبینێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە خۆڕسک، وەکوو وشیاریی یان یادگە، کردەوەیەکی ڕاستەقینەیە کە بەهۆی شێواز و ڕەوتی تایبەتی شارستانییەتی ئێمەوە، بەڕادەی پێویست گەشەی نەسەندووە. لە بەرهەمەکانی مۆرێنۆدا شیکارییەکی ورد لە گەشە و پەرەسەندنی خۆڕسکدا دەبینینەوە. نەخۆش لە سایکۆدرامدا دەبێت ببێت بە ئەکتەر. ئەو ناچارە دەستوبرد بکات، لە کڵێشە و لاشەی نەخۆشییەکەی بێتە دەرەوە، نەک ئەوەی شایەت و چاودێر بێت. بەم شێوەیە ئەو ئەندێشەکانی، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی گەشەسەندنی خۆڕسکدا، یەک لە دوای یەک، تاقی دەکاتەوە و دەیخاتە ڕوو. لە ماوەی گەشەی منداڵدا، “من واتە یاوەر و یاریدەدەر” دەچەسپێت و جێگیر دەبێت. “منی یاریدەری” منداڵ دایکێتی کە ڕۆڵێکی دووفاقانەی هەیە:- نوێنەرایەتیکردنی منداڵ و هەروەها ڕێنوێنی کردنی. لە پرۆسەی چارەسەریکردن لە ڕێگەی سایکۆدرامدا “منە یاریدەدەر و یاوەرەکان” تەداخول و دەستێوەردان دەکەن و بەشدار دەبن. بەڵام ئەوان بە بێلایەنی دەمێننەوە و بەپێی ڕێوشوێن و فەرمانەکانی ئەو کەسەی لە پرۆسەی چارەسەری دایە، یاری دەکەن. بەڵام ئەگەر کەسێک کە لە ژێر پرۆسەی چارەسەری دایە و نەتوانێت بڕیار بدات، ئەوا ئیتر چارەسەرکەر خۆی ڕۆڵەکان دابەش دەکات. پاش هەر دیمەنێک، نەخۆش بە دەنگی بەرز لەگەڵ “یاریدەدەر”-دا دەکەوێت باس و گفت و گۆوە.
بەشێوەیەکی گشتی دەرمانکەر، ڕۆڵی هەڵسووڕێنەر یان ڕێبەری یارییەکەی هەیە. “منە یاریدەرەکان” و هەروەها دەرمانکەر کە یاریگێڕ و هەڵسووڕینەرە، دەبێت (پێشتر) لەڕێگەی سایکۆدرامەوە کەوتبنە بەر دەرونشیکاری. پێویستە “منە یاریدەرەکان”، لە هەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ بن و نوێنەری کەسایەتییە جۆراوجۆرکان بن. نەخۆش، ڕۆڵی خۆی و “منە یاریدەرەکان”-ی خۆی هەڵدەبژێرێت. سایکۆدرام بۆ چارەسەرکردنی منداڵان، کێشەکانی خراپ جووڵانەوە و ناتەندروستی دەروونی و تەنانەت بۆ تێکچووە دەروونییەکانیش بەکار هاتووە. لە لایەکی دیکەوە بە نیازی ڕێنومایی و بە مەبەستی گرێکردنەوە لە دۆخە دژواز و تاقەتپڕووکێنەکان، بۆ خەڵکی تێوەگلاو و تووشبووش بەکار هێنراوە. شیاوی باسە کە هەر دیمەنێکی سایکۆدرام، هەمیشە لە چوارچێوەی ناوی “گرووپ دەرمانی”-دا خۆی نابینێتەوە بەڵکوو بەزۆری بریتییە لە دەرمانکردنی هەندێ لە کەسەکانی ناو گرووپ، هەندێ جاریش سایکۆ درام بە بێ ئامادەبوونی گرووپ، بەردەوام دەبێت.
“شانۆدەرمانی (Theatro-therapie)”
سایکۆدرامای مۆرێنۆ، شێوەیەکی دەرمانکردنە کە بەپێی بیرکردنەوە تایبەتەکانی خۆی وێناکراوە و بنەماکەی دامەزراوە. بەلام دەکرێت وەکوو یارییەکی درامیی خۆڕسک و هەڵقوڵاو بە بێ قبووڵکردنی کۆمەڵێک دەستەواژە کە بە بنەمای سایکۆدرام بەمانا وردەکەی بێت، بەکار ببرێت. بەم شێوەیە (Chicago Medical school) ی R.Dreikurs جۆرێک گرووپ دەرمانییە کە گوایە لە سەر بنەمای تیۆرییەکانی ئالفرێد، ئادلێر بوونیادی ناوە، بەڵام لە فەرەنسەدا هەر بەم ئاراستەیەدا کۆمەڵێک هەوڵ بە زەمینەی دەروونناسانە خەریکە پەرە دەستێنێت. شیاوی ئاماژە پێدانە کە میتۆدی دەرمانکەریی گرووپی و دەستەیی Dreikurs لە چوارچێوە و سنوورەکانی شانۆدەرمانیدا، بە مانای وردی وشە تێدەپەڕێت. لە فەرانسە Dreyfus – J.Moreau و S.Lebovici و لە service de Neuro-psychitrie infantile du Dr Heuyer شێوەگەلێک جگە لە دەرمانکردن بە یارمەتی شانۆ (شانۆ دەرمانی) بەکار دەهێنن، لەوانە ڕاگۆڕینەوەی ئازاد، بیرهێنانەوەی ماناکان لەڕێگەی نیگارکێشان و بووکەڵەکانی یاری، لە کاتی دروستکردنی ڕۆڵی ئەو بووکەڵانەدا کردەی نواندنیش وەکوو ناوەندی سەرەکیی شێوازە دەرمانکەرییەکان هەژمار دەکرێت.
بۆ هەر دیمەنێک، سیناریۆیەکی پەیوەندیدار، بە شێوەگەلی جۆراوجۆر ئامادە دەکرێت. (ئامادەکردنی سیناریۆ بە شێوەی هاوبەش و گشتی، سەرەتای “سیناریۆنووسی” بەشیوەی خۆ لەلاڵی دان و ئاماژە و جووڵەکان بە بێ درکاندن، سەرەتای سیناریۆنووسی لە سەر بنەمای دۆخێکە کە وەکوو ئەزموونێکی دەروونیی بەکار دەبرێت، واتە پێشنیازکردنی ناوەرۆکی گشتی کە لە سەر بنەمای “گراوێر” دەئافرێنرێت و هتد. لە کاتی نواندنکردنەکەدا هەر ئەندامێک بەپێی خواستە تایبەتەکانی خۆی دەجووڵێتەوە. لەم دۆخەدا، نواندنەکە بە خێرایی لە ناوەرۆکی پێشنیازکراو دوور دەکەرێتەوە. هەندێ جار دەرمانکەران، سیناریۆکان بە مەبەستی ئاسانکاریی بۆ بەتاڵکردنی وروژانی دەروونی (abreaction) دەگۆڕن. (بەم شێوەیە) دەرکەوتنی تووندوتیژی و هێرشکردن، دەلوێت. لە ڕاستیدا ئەو کەسانەی کە شایەتی سایکۆ درام بوونە، بینیویانە کە تووندوتیژی و هێرشکردن و دەستوەشاندن چۆن دەتەقێنەوە، تەنانەت لای ئەو منداڵانەی کە بە ڕواڵەت زیاتر لە وانی دیکە کێشە و گرفتیان هەیە. بابەتی جێگە سەرنج بابەتی گواستنەوەی هەست و سۆزەکان(transfert)-ە. شێوەی ڕوودانی گواستنەوەی هەست و سۆزەکان لێرەدا (هەر وەکوو گرووپ دەرمانی) لەگەڵ ئەو شێوەیەی کە لە دەرونشیکارییە تاکەکەسییەکاندا دەکرێت بیبینین، جیاوازە. نەخۆش، زۆرتر هەست و سۆزە میهرەبانانە و دۆستانە(ئەرێنی)-ییەکانی خۆی بەشێوەی هاوکات دەگوازێتەوە بۆ گرووپ، دەرمانکەر و یان بەگشتی ئەو دەرمانکەرانەی کە دەیانناسێت. لە ڕاستیدا شانۆدەرمانی، سەرچاوەی گەشبوونەوە و تیماربوونی دەروونیی زۆری هەیە و هەندێ جاریش ئەم هەلە بۆ کەسەکان دەڕەخسێنیت کە هەمان ئەو کەسە بێت کە دەیهەوێت ببێت. گواستنەوەی هەست و سۆزە دوژمنکارانە(نەرێنی)ییەکانیش لە کاتی کردەوەی نواندنیدا، هەلی دەرکەوتنی دەبێت. واتە ئەو کەسایەتییەی کە دەرمانکەر ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، سزای بەسەردا دەدرێت، و زۆربەی کات دەکەوێتە بەر کردەی تووندوتیژانە و جموجووڵی تووند و شتانی لەم شێوەیە و دواجاریش دەکوژرێت.
گواستنەوەی هەست و سۆزەکان خۆی لە خۆیدا لەخۆگری کاریگەریی تیمارکەرانەیە (واتە ساڕێژبوون و هێوربوونەوەی زامەکان کە گرێدراوە بە گواستنەوەی هەست و سۆزە ئەرێنییەکانەوە)، بەڵام بەتایبەتی چونکە دەرمانکەر، بەشێوەی بەردەوام خواستی چاکەکارانە و لاواندنەوەی بێلایەنی هەیە، هێڵی پەیوەندیی نێوان کردەوەی نەخۆش و پەرچەکردەوەی کەش و ژینگەکە کە تەواوکەری یەکدین، دەپچڕێت و بەم شێوەیە نەخۆش ناچار دەبێت کردەوە و هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت. لە لایەکی دیکەوە، هەست و سۆز دەگوازرێتەوە بۆ گرووپیش و هەر نەخۆشێک کە خۆی لەگەڵ ئەندامانی یاریکەری گرووپدا، یەک لە دوای یەک بکات بە یەک پەیکەرە، بەڕاستی لەو کارانەی کە ئەوانیش پێی هەڵدەستن سوودمەندتر دەبێت. پسپۆڕان ڕایان وایە کە سوودمەندێتی و کاریگەریی دەرمانکەرانەی ئەم جۆرە ئیشانە بە شێوەیەکە دەتوانین ئاوەهای بخەمڵێنین کە بە ڕیتم و ڕێژەی یەک جار لە یەک هەفتەدا، پرۆسەی دەرمانکردن دەبێت چەندین مانگ درێژەی هەبێت تا کاریگەریی خۆی دابنێت و ململانێ و ئالنگارییەکان بە ڕاستی لە ڕیشەوە هەڵکێشرێن. ئەم بەکارهێنان و کارامەییە پسپۆڕانەیەی کە ڕوونمان کردەوە واتە (شانۆ دەرمانی)، بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی کە تووشی وروژانی تێکەڵاو بە بێجووڵەیی و وەستان و گیرخواردن (Inhibition) و هەستی پشتگوێخراوی (abandon)ن، گونجاو و شایستەیە. لەبارەی نیشانە نەخۆشئاساکانی دیکەش هەمان کارامەیی پسپۆڕانە سوودمەند دەبێت.:- فڕین و جووڵەی ماسووڵکەکان (tics) کە زۆریش گرژ نەبن، میزی شەوانە، پەرچەکردارە دژە کۆمەڵایەتییە لاواز و کاڵەکان. بەڵام نابێت نەخۆشانی خوارەوە بخەینە ناو خشتەی ئەو نەخۆشانەی کە لە ڕێگەی شانۆ دەرمانییەوە تیمار دەکرێن:-
-ئەو نەخۆشانەی کە تووشی حاڵەتە تووندەکانی مانەوە و ڕاگرتن بەپێی نارسیسمن (inhibes narcissiques)، منداڵە خراپەکار و ئازارویست، ئەو نەخۆشانەی کە تووشی حاڵەتانی نائارامی و بێئۆقرەیی زۆرن. مورو-دریفوس و لێبوویسی، هەم منداڵان تیمار دەکەن و هەمیش مێرمنداڵان. لە فەرانسە پرۆفیسۆر F.pasche شانۆدەرمانی بەشێوەیەکی گشتیتر بەکار دەهێنیت بەم شێوەیە کە:- نزیکەی دە نەخۆش لە بەرامبەر دیمەنێکی بچووک کۆ دەبنەوە و باسی کێشە و گرفتارییەکانیان دەکەن. کاتێک دانەیەکیان، بابەتێکی جێگە سەرنج دەورووژێنیت کە دەکرێت وەکوو یاریی بکرێت یان نواندن بکرێت، پێشنیازی بۆ دەکرێت کە هەر وای لێ بکات. هەر بۆیە نەخۆش خۆی بابەت و ناوەرۆکێک هەڵدەبژێرێت و کاری نواندنی دەکات. ئەو هاویارییەکانیشی لە ناو ئامادەبوواندا هەڵدەبژێرێت. پاش ئەوەی یارییەکە کۆتایی هات ڕاڤە و شرۆڤەکان دەست پێ دەکەن، بەڵام ڕاڤەکان زیاتر لە بنەمادا پەیوەستن بە خۆڕاگریی (نەخۆش) و گواستنەوەی هەست و سۆزە(نەرێنی)ییەکانی ئەوەوە.
“سۆسیۆدرام (Soxiodrame)-ڕۆڵدانانی کۆمەڵایەتی”
بەگشتی مۆرێنۆ، ڕوون و ڕاشکاو پیشانی داوە کە لە گرووپ دەرمانییەکاندا، دەرمانکەران زیاتر لە هاوکێشەکانی دوو جەمسەرییەکانی نێوان کەسەکان سوود وەردەگرن تا زانستی پەیوەندیدار بە گرووپ و دەستەکانی خەڵک، بەڵام ئەمەش ڕوونە کە مەرجی دەرمانکردنی ڕاستەقینە کە هەڵگری تێگەیشتنی قووڵی گرووپ بێت، ناسینی پێکهاتەی گرووپ و “بزۆزبوونی کۆمەڵایەتی” (Soxiodynamique) لە پاڵنەرەکانی گرووپن. بە بێ ناسینی ڕێکخراوەی گرووپ، دەرمانکردنی دەروونیی گرووپ، ڕەنگە تا ڕادەیەک بەهەڵکەوت و سودفە بێتە بەرچاو. لە ڕاستیدا، چەمکە متمانەپێکراوەکان لەبارەی دەرمانکردنی دەروونیی تاکەکان لە پەیوەندیی لەگەڵ یەکدیدا، ناتوانرێت بۆ دەرمانی گرووپانێک بە کەسانی دیکە بگشتێنرێت. “توێژینەوەکان لەبارەی ڕێکخراو و پێکهاتەی تاقمانی خەڵک، دۆخی هەر تاکێک لە ناو گرووپدا، ڕەوتە دەروونییە چالاکە ئامادەکان لە ناو تاقمانی خەڵک، هێزەکانی ڕاکێشان و ڕەتدانەوەیەک کە ئەو تاقمە لە هەمبەر تاقمانی دیکە هەیانە، وا لە ئێمە دەکات کە چەمک و دەستەواژە نوێ و تایبەتە دیاریکراوەکانی وەها کە لەگەڵ پرس و کێشە تازەکاندا گونجاو و پەیوەست بن، بەکار بهێنن یان دایانبهێنین” ئەو کەسانەی کە دەبن بە بەشێک لە گرووپ، لەو چرکەساتە بەدواوە پێگە و بنکەیەکی نوێ دەدۆزنەوە و سەرهەڵدانی کۆمەڵێک دیاردەی نوێ دێتە ئاراوە. دەرمانکردنی گرووپ بەمانای دەرمانکردنی گشتی لە ڕێگەی بنکەی گرووپ و بە دەستی گرووپەوە دەبێت ئەم دیاردانە ڕاشکاوانە لەبەرچاو بگرێت.
مۆرێنو بە بوونیادنانی sociometrie، واتە کۆمەڵگاپێوی یان گرووپ پێوی، میتۆدێکی بۆ لێکدانەوەی گرووپ بوونیاد ناوە کە جێگەی سەرنجە. ئەم میتۆدە هەندێک لەو دیاردانەی کە دەبێت و لە جێگەی خۆیەتی کە لە گرووپ دەرمانیدا بە مانای ورد و ڕاستەقینەی وشە بەکار ببرێتن، نیشان داوە و پەردەی لەسەریان لا داوە. بەم شێوەیە لە سەرێکەوە دەبێت هەر جۆرە ئیشکردنێک لەگەڵ گرووپ و بۆ گرووپ، وەکوو ڕێکخستن(organization)ێکی پێکهاتەیی و ڕێکخراوەیی خۆهەڵقوڵاو هەژمار بکرێت؛ و لە سەرێکی تریشەوە، هەڵبژاردنی تەکنیک و پسپۆڕێتی لە تیمارکردندا دەبێت گرێدراو بێت بە ڕێکخراوی دەروونی-کۆمەڵایەتیی گرووپی نەخۆشانەوە. تا ئێستە گرووپ دەرمانیمان وەکوو شێوەیەک لە تیمارکردنی کەسەکان کە گرووپێکیان پێکهێناوە، لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە بزۆزییەکانی ناو گرووپ خستە بەر سەرنج. بەڵام دەکرێت لەباتی سەرنجدان بە کێشەکانی کەسەکان، سەرنج بخەینە سەر کێشەکانی گرووپەکان. لە ڕاستیدا ڕەنگە بنبۆشی و دابڕان و لێکدژی و جۆرەکانی ئالنگاری و یان داڕمان بەسەر گرووپە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوو بدات و کۆمەلێک پرسی تایبەت بخەنە بەردەممان و کردەوە و هەنگاوێکی تایبەت فەرز بکەن. گرووپپێوی(سۆسیۆمێتری) دوو تەکنیکی سەرەکیی بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییە خوازراوە کۆمەڵایەتییەکان بوونیاد ناوە:- یەکەمیان تاقیکردنەوەی گرووپ و دووهەمیان ڕۆڵدانانی کۆمەڵایەتی واتە سۆسیۆدرام. تاقیکردنەوەی گرووپی، تەکنیکێکی مەیدانییە کە لە شوێنی ئیش و ژیانی گرووپدا بەکار دەبرێت، بەم مانایە کە گرووپ و حەشامات بانگهێشت دەکەن بۆ دەربڕینی منێتی و خودێتی کۆمەڵایەتی و هەروەها باسکردنی ئیرادەیان لەبارەی هەموو چالاکییە بنەماییەکان کە گرووپ لە گەڵیدا دەستەویەخەیە یان دەبێت دەستەیەخە بێت. ئەم گرووپە ڕەنگە گرووپێکی نیشتەجێی گوند، ئەندازیاران و کرێکاران و هتد بن. سۆسیۆدرامیش تەکنیکێکە کە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت وێنەیەکی راستەقینە لە ئازارە کۆمەڵایەتییەکانی هەر گرووپێک واتە سۆز و هەستە ڕاستەقینەکان کە بەزۆری شاراوەن لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ڕاستەقیەنە لە ڕێگەی ململانێگەلێک لە هەناوی پێکهاتەکەیانەوە، بدۆزرێتەوە و لە پێناو دروستکردنی گٶڕانکاریی دڵخواز و خوازراودا بە یارمەتیی میتۆدە درامییکەکان کەشف بکرێن.
سەرچاوە؛ آئین و اسطورە در تئاتر. جلال ستاری. تهران. توس ١٣٩١
نووسین: گای پالمادێ
وەرگێڕان:- حەمیدە حەسەن





































































