زۆریەک لە حەکیم و فەیلەسوفەکان، کاتێک باس لە هونەر دەکەن بە “جوانی”-ەوە دەیبەستنەوە، ئەفلاتون پێی وایە جوانی سەرچاوەیەکی هەتاهەتایی هەیە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئایدیای جوانی ڕەها، ئایدیای دیاردەی گرێدراوە بە گشت-ەوە. جوانی لە ڕوانگەی ئەفلاتونەوە؛ جوانی سرووشتییە کە “ئایدیای جوانی” تێیدا دەرکەوتووە، هونەریش لاسایی کردنەوەی سرووشتە. جیهانی ئایدیاکان؛ نوێنەر و دەرخەری کامڵبوونە و سیستێمێکی ڕێکوپێکی هەیە. جوانی لە ئاخاوتنەکانی ئەفلاتون دا، تەنها لە بەرهەمە هونەرییەکاندا بەرجەستە نییە، بەڵکو ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ پێی دەڵێین بەرهەمی هونەری، لای ئەفلاتون یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی کار و بەرهەمهێنانی مرۆڤ کە بە “تێخنە” (Tekhne) یان تەکنیک دادەنرا و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بەرهەمەکانیتری تێکنۆلۆژیای مرۆڤییەوە نەبوو. ئەفلاتون لە نووسینەکانیدا، چەندین جار لە ڕوانگەی سوودمەندییەوە دەڕوانێتە جوانی و لێی ورد دەبێتەوە. لە وتاری “سیمپۆزیۆم” دا، ئەفلاتون جوانی بە خۆشەویستی ناو دەبات و بە دەرئەنجامی خۆشەویستی دادەدنێت. بە ڕای ئەفلاتون، هونەر و ئافراندنی جوانی، بەرهەمی “خۆبەدیهێنانی” هونەرمەندە لە ساتەوەختی ئافراندندا. بەرهەمەکانی ئەفلاتون تێگهیشتنێکی فەنکشنالیستی لە بەرهەمە هونەرییەکان دەخەنە ڕوو و هەر بەم هۆکارەش، بەرهەمی هونەری بە پێی سوود و خەسارییەکانی هەڵدەسەنگێندرێت. ئەفلاتون پێی وایە، شاعیر (هونەرمەند) دەبێت لە شیعرەکانیدا باسی شتێک بکات کە بە پێی یاسا، شایستە و جوان و باش بێت.
هونەر لە ڕوانگەی سوکراتەوە؛ یەکێک لەو فەیلەسوفانەی کە لە ڕوانگەیەکی ئەخلاقییەوە سەیری بابەتی هونەری دەکرد، سوکرات بوو. ئەو ڕای وایە کە مرۆڤ بە دووای جووانی ڕوح و فەزیلەتدا دەگەڕیت، بۆیە لە هزری سوکراتدا، یەکگرتنی جوانی و چاکە ڕەنگ دەداتەوە. لای سوکرات جوانی شتێکە کە سوودی هەبێت، بۆیە لەسەردەمی کۆندا، هەموو کارامەییەکان بە تێخنە دەناسن کە بە مانای هونەرە.
هونەر لە ڕوانگەی ئهرستۆ؛ ئهرستۆ-ش لە کتێبی “هونەری شیعر” دا، باس لە مژاری هونەر دەکات. بەڕای ئهرستۆ، هونەر لاسایی کردنەوەی جوانی سرووشت و پرۆسەیەکی ئافراندنە. لە هونەردا، دەبێت “ڕاستەقینە” وەها لاسایی بکرێتەوە کە وەهمی خودی ڕاستەقینە دروست بکات. ئهرستۆ، هونەر بە دەرئەنجامی ئاوز دەزانێت، بەم شێوەیە؛ هونەر، ئافراندنی ئهقڵانییە لەسەر بنەمای ئامانجێک. سوکرات، ئەفلاتون و ئهرستۆ، لە بەرهەمێکی هونەریدا جەخت لەسەر رێکی و ڕێژە دەکەنەوە و بەرهەمی هونەری، جا لاسییکردنەوەی بیرۆکەیەک بێت-هەر وەک ئەفلاتون باوەڕی وایە- یان دروستکردنەوە و بوونیادنانەوەی ئهقڵانی بێت-هەروەک ئهرستۆ باوەڕی وایە- لەگەڵ سوود و چاکە دەبەستنەوە، کەواتە بۆ ئەوان هونەر بە جۆرێک ، گرێدراوە بە ئەخلاقەوە.
ڕوانگەی پلۆتینۆس (فلۆتین) لەسەر هونەر؛ پلۆتینۆس کە بە یەکێک لە فهیلهسوفە دێرینەکان دادەنرێت، لەم بابەتەدا لەگەڵ ئەوان هاوڕایە کە جوانی و چاکە یەکسانن. جوانی تێکەڵ بە ڕوحی مرۆڤ دەزانێت و پێی وایە جوانی، ژیانی ڕاستەقینەی ڕوحە و بۆ گەیشتن بە جوانی و چاکە، هونەرمەند دەبێت لە ناخی خۆیدا ببێتە گەڕۆک و تا ڕوحی پاک و بێگەرد نەکات و لە ئاوێنەی ڕوحیدا ورد نەبێتەوە، پاکی بەدی نایەت و جوانی نابینێت. بۆیە لە ڕوانگەی ئەوەوە هونەر بەستراوەتەوە بە ئەخلاق و عیرفانیشەوە.
ڕوانگەی ڕۆبێرت گرۆستێستێ، لەسەر هونەر و ئەخلاق؛ لە ڕوانگەی بیرمەندانی سەدەکانی ناوینەوە، پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان جوانی و چاکەدا هەبووە، هەرچەند بەشێک لەم بیرمەندانە، جیاوازی دادەنێن لە نێوان جوانی و چاکەدا. ڕۆبێرت گرۆستێستێ (Robert Grosseteste) جوانی بۆ خودا دەگەڕاندەوە و دەیوت: ئەگەر کەسێک بیهەوێت جوانی و چاکە بە دەستبهێنێت، پێویستە بڵێین جوانی و چاکە هەردووک، یەک شتن و ئەویش خودای مەزنە، چونکە بە هەموو شتێک، بوون دەبەخشێت و لەبەر ئەوەی خودا چاکە، بەردەوام زیاد دەکات و گەشە بە هەموو شت دەدات و دەیپارێزێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، خودای گەورە لە هەموو شتێکدا جوانە، ئەم شتانەش جوانن جا بە تەنیا یان پێکەوە. لە ڕوانگەی بیرمەندانی سەدەکانی ناوین، جوانی کامڵ و بانسرووشتی، خودایە و ناسینی جوانی کامڵ و ڕەها ئێمە لە ئهقڵ نزیک دەکاتەوە.
لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، بەشێک لە پێناسەکانی بیرمەندانی کۆن سەبارەت بە جوانی و هونەر دووبارە بە کار هاتوون، بۆ نموونە بە بۆچوونی “باوم کارتێن” (BaumCarten) کە بە دامەزرێنەری جووانیناسی دەناسرێت؛ جوانی پەیوەندی بە هاوسەنگی نێوان کۆی ئەندامەکانی پێکهاتەوەهەیە و بەرزترین ووەدیهاتنی جوانی لە سرووشت دایە و لاسایی کردنەوەی سرووشت، بەرزترین پرسی هونەرە. لە پاش رێنێسانس، مرۆڤ وەک تەوەری گەردوون دانرا، بۆیە تێڕوانین لەسەر بابەتی جوانی-ش گۆڕا. ئەم گۆڕانکارییە بەو مانایە بوو کە سێ بازنەی حەقیقەت و چاکە و جوانی لە یەکتر جیاکرانەوە و سەربەخۆ بوون.
هونەر لە ڕوانگەی سپینۆزا-وە؛ لە ڕوانگەی سپینۆزاوە، هونەر جۆرێکە لە دەرکەوتنی “هێز و توانای مرۆڤ” کە لە ڕێگەی ” وێناکردن و ئهقڵ”-ەوە، بەرهەم دەئافرێنێت نەک بە پاڵپشتی هێزی بانسرووشتی! هونەر ڕیگەیەکە بۆ تێگەیشتن لە خۆشەویستی خودا (سرووشت)، کە هونەرمەند لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت لە “تاکجەوهەری بوونی گەردوون” و “سیستێمی هۆکار” تێبگات و بە بەختەوەری و ئازادی بگات.
پێناسەی کانت بۆ جوانی؛ ئێمانوئێل کانت، فەیلەسوفی بەناوبانگی ئەڵمانی، کە بیرۆکەکانی لەسەر مژاری جوانی، کاریگەری لەسەر چاخی ئێمەش داناوە، جوانی بەم شێوەیە پێناسە دەکات؛ “جوانی ئەوەیە کە چێژ دروست بکات، دوور لە قازانج و بەرژەوەندی، بێ مانا و گشتگیر، وەک ئەوەی کۆتاییەکی بێ ئامانج بێت. کانت جیاوازی دەکات لە نێوان خۆش و جوان و باشدا، بەم شێوەیە هونەر لە ئەخلاق جیا دەکاتەوە، بێگومان لە نێو بیرمەندانی ئەم قۆناغەشدا کەسانێک هەبوون کە مانای هونەریان بە چاکە دەزانی و پەیوەندییەکیان لە نێوان هونەر و ئەخلاقدا دروست دەکرد. “زولتسێر” دەڵێت “تەنها ئەو شتەی چاکە بەرجهستە دەکات، دەتوانرێت بە چاک بناسرێت.” بە بۆچوونی ئەو ئامانجی هەموو ژیانی مرۆڤ، چاکەی ژیانی کۆمەڵایەتییە. ئەم چاکەیە لە ڕێگەی بیرۆکە و پێوەرە ئەخلاقییەکانەوە بەدەست دێت و هونەریش دەبێت ملکەچی ئەم ئامانجە بێت. جوانی بریتییە لە وروژاندن و پەروەردەکردنی ئەم بیرۆکە و ڕێوشوێنانە. مێندێلسۆن-یش هەمان بۆچوونی هەبوو، بە ڕای ئەو، هونەر؛ جوانی (کە بە شێوەیەکی ناڕوون هەست پێدەکرێت) بۆ ئاستی ئۆبژەیەکی چاک و ڕاستەقینە بەرز دەکاتەوە، هەڵبەت ڵیرەدا مەبەست لە هونەر؛ کامڵبوونی ئەخلاقییە. بزووتنەوە ئەدەبییەکانی پاش رۆشنگەریش، واتە سەدەی ١٧ و ١٨ لە ژێر کاریگەری ئەم بۆچوونانە لەمەڕ هونەر و جوانیدا بوون. فەیلەسوفە کلاسیکەکان، داوایان لە شاعیران و نووسەرانیان دەکرد تا بەرهەمەکانیان بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و ئەخلاق بەکار بهێنن و ڕایان وابوو کە هونەر ئامرازێکە بۆ ڕێنوێنی مرۆڤایەتی، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم گروپە و بیڕوڕایان ،هەر لەم قۆناغە تیۆرییەک پێشنیار کرا کە زۆرتر لە قوتابخانەی “پارناس”دا رەنگی دایەوە.
تیۆری “هونەر لەپێناو هونەر”دا؛ بنیامین کۆنستانت یەکەم کەس بوو کە لە نووسینەکانی لە فێبراری ساڵی ١٨٠٤باس لە ” هونەر لە پێناوی هونەر و بێ مەبەست” دەکات، لانیکەم دوو لەو چوار مەرجەی کانت بۆ جوانی باسی دەکرد، بناغەی بیرۆکەی “هونەر لە پێناو هونەر” بوون. یەکێک لە مەرجەکانی جوانی بە بڕوای کانت؛ ئەوە بوو کە ئەو چێژەی مرۆڤ لە بینینی شتێک دەیبات، هیچ سوود و ئامانجێکی لەگەڵ نەبێت. مەرجێکیتر ئەوە بوو کە کۆتاییەکی بێکۆتا بێت واتە گونجاوبوونی بەرهەمێک، بە بێ ئەوەی هیچ ئامانج و کۆتاییەک لەئارادا بێت. “بێنێدێتۆ کرۆچێ” فەیلەسوفی ئیتالی لە کتێبی ” تێزی جوانیناسی” هەوڵی جیاکردنەوی ئەخلاق و هونەر دەدات. ئەو هونەر بە ئینتێزیۆن پێناسە دەکات، بەڵام مەبەستی لە ئینتێزیۆن شتێکە جیا لەوەی عارفەکان باوەڕیان پێیەتی. لەبارەی ئەمەوە دەنووسێت:- پێناسەی ئەوەی کە هونەر ئینتێزیۆنە، نکۆڵییەکی دیکەش دەگەیەنێت. واتە ئەگەر هونەر بە ئینتێزی بزانین و ئینتێزیش بە هاوتای وردی وشەی “تیۆریا” (بە مانای سەیر کردن و بینین) دابنێین، ناتوانین بڵێین مانای هونەر ئەوەیە کە سوودی هەبێت. چونکە دەرئەنجامی شتێکی بەسوود هێنانی چێژ و لابردنی ئازارە، لە کاتێکدا هونەر لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەکی بە بەسوود یان بە چێژ یان ئازارەوە نییە. پاشان کرۆچێ، بە ڕوونی باسی جیاوازی هونەر و ئەخلاق دەکات؛ ئەو پێناسەیەی دەڵێ هونەر واتە ئینتێزیۆن؛ هەڵگری نکۆڵی سێهەمیشە. کە هونەر کردەوەیەکی ئەخلاقی نییە. ئەخلاق جۆرێکە لە کردار، کە ئەگەرچی پەیوەستە بە سوود و چێژ و ئازارەوە، بەڵام ڕێک هەمان شتی چێژبەخش یان بەسوود نییە، بەڵکو لە بازنەیەکی ڕوحی بانتردا دەسووڕێتەوە، لە کاتێکدا ئینتێزی-ش کردارێکی تیۆرییە وبەو هۆیەوە پێچەوانەی کاری پراکتیکە. کرۆچێ ئیرادەی چاکە بە مەرجی هونەرمەند بوون نازانێت و بۆیە حوکمدانی ئەخلاقی لەو بارەیەوە قبووڵ ناکات. بە پێی ئەو شتانەی باسکرا، دەکرێ بۆچوونی بیرمەندانی رۆژئاوایی لە هەمبەر پرسی ئەخلاق و هونەر و پەیوەندییان لەگەڵ یەکدی بە دوو دەستە دابەش بکەین؛ هەندێک لەو بیرمەندانە تەنها جەخت دەکەنە سەر لایەنی چێژبەخشی هونەر و جوانی لە ئەخلاق و چاکە جیادەکەنەوە؛ بەڵام هەندێکیتر پێیان وایە هونەر و ئەخلاق پەیوەندییان هەیە و هونەر ئامرازێکە بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و دەبێتە هۆی پێشکەوتن بەرەو کامڵبوون و بۆیەش ناکرێ هونەر ئەرکێکی دیاریکراوی نەبێت و بێ ئامانج بێت.
ناوەڕۆکی هونەر لە ڕوانگەی تۆلستۆی؛ تۆلستۆی لە کتێبی “هونەر چییە؟”دا ، بەشێکی بۆ ناوەڕۆکی بەرهەرمی هونەری تەرخان دەکات و دەنووسێت هونەر میدیایەکە بۆ گواستنەوەی هەستەکان لە نێوان نەوە جیاوازەکاندا و ئەرکی هونەر ئەوەیە کە هەست و سۆزی باشتر پێشکەش بکات بۆ بەختەوەری زیاتری مرۆڤایەتی. بۆیە هەتا ناوەڕۆکی هونەر باشتر بێت، چاکتر ئەم ئەرکە دەگەیەنێتە جێ. تۆلستۆی هەروەها سەبارەت بە مەسخی هونەر، دەپەرژێتە سەر پرسی ئەخلاق و دەڵێت؛ ” دەرئەنجامی پەیوەندی هەڵەی هونەر و کۆمەڵگا ئەوەیە کە چینی سەرەوەی کۆمەڵگە، تادێت زیاتر ڕووبەڕووی دژایەتی نێوان جوانی و چاکە دەبنەوە و جوانی وەک ئەوپەڕی کامڵبوون دەناسن و بەم شێوەیە خۆیان لە دەست داواکارییەکانی ئەخلاق دەرباز کردووە، ئەم کەسانە لەبری ئەوەی هونەرەکەیان پێ کۆن و بەسەرچوو بێت، ئەخلاق بە کۆن و بەسەرچوو دەزانن”. تۆلستۆی سەرکۆنەی کەسانی وەک ئۆسکار وایڵد دەکات کە بە ڕەتکردنەوەی ئەخلاق، پەسنی بێڕەوشتی و خراپەکارییان داوە و وەک بابەت و تەوەری بەرهەمەکانیان هەڵیانبژاردووە.
جوانی و هونەر لە باوەڕی شوپنهاوهر؛ ئارتور شۆپنهاوهر پێی وابوو جیهان لە ئیرادەیەکی کوێر و بێکۆتایی پێکهاتووە، کە سەرچاوەی ئازار و خولیای مرۆڤە. ئەزموونی جوانی و هونەر بە تایبەت لە بەرهەمە هونەرییەکان و لە سرووشتدا، کاتێک ڕوودەدات کە هونەرمەند بە حالەتێکی بیرکردنەوەی بێ ئیرادە گەیشتبێت و لە کۆت و بەندی حەز و خولیاکانی رزگاری بووبێت. لەم حاڵەتەدا کەسەکە چیتر شتەکان وەک مژاری چێژ یان قازانجی تاکەکەسی نابینێت بەڵکو بێلایەن و بێ ویست لێیان دەڕوانێت و ئەمەش ئارامی و ئازادی چێدەکات. کەواتە جوانی هەر تەنها چێژێکی هەستەکی نییە بەڵکو ئەزموونێکی مەعریفییە کە دەبێتە هۆی ئەوەی نەست لە خزمتکردنی ئیرادە رزگاری بێت. شۆپنهاوهر هونەری نە تەنها وەک ڕابواردن یان ڕابواردنێکی مەعنەوەی بەڵکو وەک مێتۆدێکی کورتخایەن و کاتی دەبینی بۆ زاڵبوون بەسەر ئازارەکانی ژیاندا. ئەو مۆسیقای بە بەرزترین هونەر دادەنا چوون ڕاستەوخۆترین ئامرازی دەربرینی ئیرادەی جیهانییە، لە حاڵێکدا کە بیناسازی و هونەرەکانیتر لە ئاستێکی نزمتردان. هونەر بە تایبەت لە فۆڕمی وەک تراژیدیا و مۆسیقادا، دەتوانێت نەستی بەردەنگ لە کارلێکی ماددی لەگەڵ جیهاندا دەربهێنێت و ئەزموونێک لە یەکبوون و ئارامی دروست بکات کە خۆی رزگاربوونێکی کاتییە لە سووڕی ئازار و ویستەکانی مرۆڤ.
جوانیناسی و هونەر لای هیگڵ؛ هیگڵ هونەری وەک ئایین و فەلسەفە بە ئەزموونێکی ڕۆحی دەزانی و لە چوارچێوەی جوانیناسیی مێژووییدا لێی دەکۆڵیەوە. بەڕای ئەو هونەر تەنها لاساییکردنەوەی سرووشت نییە، بەڵکو دەرکەوتنی ڕوحی رەهایە لە فۆڕمێکی بەرجەستەدا. ئەو دەڵێت؛ مێژووی هونەر ڕەوتێکی گەشەسەندووی هەیە و لە هونەری سیمبولیکەوە دەست پێدەکات و دەگاتە هونەری کلاسیکی یۆنان کە لوتکەی هارمۆنیای نێوان فۆڕم و ناوەڕۆکە و دوواتر دەگاتە هونەری ڕۆمانسی، کە فۆرمێکە لە خۆئاگایی و خزمەتی ناخی مرۆڤ دەکات و هەروەها پێی وابوو دۆخی هونەری مۆدێرن بە بەراورد لەگەڵ رابردوو، بە هۆی ئەوە نییە کە هونەر خۆی لە خۆیدا لاوازە، بەڵکوو بە هۆی گۆڕانی ڕۆڵی ئەندێشە و كولتوورە و ئەگەرچی هونەر دەتوانێت واتا و قوڵاییەکی ڕوحی هەبێت، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا تووشی هەندێ ئاستەنگ بۆتەوە و پێگەی هونەر لە هەمبەر فەلسەفە و ئایین گۆڕاوە. لە لایەکیترەوە هیگڵ بە پێچەوانەی شۆپنهاوهر، ڕای وایە کە مۆسیقا لە ئاستێکی نزمتر لە هونەرەکانیترە، چونکە بەڕای ئەو بێمانا و بێ ناوەڕۆکە.
تێڕوانینی مارکس بۆ پێگەی مێژوویی هونەر؛ کارل مارکس هونەر بە دیاردەیەکی ئەبستراکت و جیا لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی نازانێت، بەڵکو بە بەشێک لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ڕەنگدانەوەی دۆخی مێژوویی کۆمەڵگە دەزانێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، هونەریش وەک فۆڕمەکانیتری بەرهەمهێنانی كولتووری، لە ژێر کاریگەری پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندایە و ناشێ لەم ژێرخانە جیابکرێتەوە. هونەرمەند و بەرهەمی هونەری لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا؛ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاریشە دەبنەوە کە ڕەگ و ڕیشەیان لە پێکهاتەی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کاردا هەیە و هۆشیاری هونەرمەند هەمیشە ڕێژەییە و پەیوەندی بە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگەوە هەیە، بۆیە هونەر هەر دەرکەوتنی جوانی نییە، بەڵکو دەربڕینی دۆخی چینایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە لە کۆمەڵگەدا. هەروەها مارکس هونەر وەک جۆرێک “کاری بەرهەمهێنراوی تایبەت” دەبینێت کە هەرچەند لەگەڵ کاری فیزیکی جیاوازە؛ بەڵام هاوشێوەی فۆرمەکانیتری بەرهەمهێنان، لەسەر بنەمای دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە قاڵب دەدرێت و دەگۆڕدرێت و هونەمەندیش بە جۆرێک کرێکارە! بەرهەمی هونەری ئەتوانێت لە سەردەمی خۆی تێپەڕیت و کاریگەری بە جێبهێلێت، بەڵام بە گشتی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژووییە و لەگەڵ پەرەسەندنی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی ئابووری ئەویش دەگۆرێت. بۆیە هونەر تەنیا ڕەنگدانەوەی واقیع نییە، بەڵکو هێمای دژبەری و ململانێ کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی خۆیەتی.
پەیوەندی نێوان ژیان و هونەر لە ڕوانگەی بۆدلێر؛ چارلز بۆدلێر، شاعیر و ڕەخنەگری هونەری فەرەنسی، لە وتارەکەیدا “نیگارکێشی ژیانی مۆدێرن” کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٦٠دا بڵاوکرایەوە، بەدواداچوون بۆ پەیوەندی نێوان هونەر و ژیانی مۆدێرن دەکات و باس لە ڕۆڵی هونەرمەندان دەکات لە تۆمارکردن و نوێنەرایەتیکردنی سەردەمەکەیاندا. ئەو پێی وایە، جوانی هەر لە بەرهەمە کلاسیک و کۆنباوەکاندا نییە، بەڵکو هونەری ڕاستەقینە دەبێت ژیانی ڕۆژانە و بگۆڕی ناوشار وێنا بکات و لە بەها مێژوویی و جوانیناسیەکەی تێبگات. بۆدلێر، شێوەکارانێ وەک: دیلاکرۆکس و دۆمییە و بۆ نمونە دەهێنێتەوە و دەڵێت ساتەوەختەکانی ژیانی رۆژانە و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانی مۆدێرندا خۆیان دەتوانن بابەتێکی بەنرخ بن بۆ هونەرمەندان و ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە هونەری مۆدێرن پێناسە دەکات: ” گرنگیدان بە هەنووکە، گۆڕانکاری و بارودۆخی کۆمەڵایەتی.” لە ڕوانگەی بۆدلێرەوە، هونەرمەندی مۆدێرن هەم دەبێت چاودێرێکی وردی ژیانی ناوشار بێت و هەم بتوانێت لە ناو کۆمەڵی خەڵک دا بژیت و لە ژێر کاریگەری ژیانی ڕۆژانە دابێت.
پێگەی هونەر لە ڕوانگەی نیچە-وە؛ فریدریش نیچە، هونەر بە بەشیکی بنەڕەتی و جەوهەری لە ئەزموونی مرۆڤ دەزانێت، کە یارمەتیمان دەدات بەرگەی ژیان بگرین و تەنانەت ئاهەنگی بۆ بگێڕین، لە باوەڕی ئەودا هونەر تەنیا ڕەنگدانەوەی واقیع نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ دامەزراندنی “دۆخێکی جوانیناسی” لە بەرامبەر ڕیالیزمی وشک و ئهقڵانیدا؛ ئەوە هونەرە کە دەتوانێت ئێمە لە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ “ڕاستییەکی تاڵ” رزگار بکات و یارمەتیمان بدات بۆ دۆزینەوەی واتایەک بۆ ژیان کە تەنها لە ڕێگەی زانست یان ئەخلاقەوە نادۆزرێتەوە. لای نیچە ڕوحی هونەری لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەر هێندە گرینگە کە لە بەرهەمێکی هونەریدا گرینگە و پێویستە ئێمە ژیان وەک بەرهەمیی هونەری تایبەت بە خۆمان بئافرێنین. نیچە لە کتێبی “لەدایکبوونی تراژیدیا” جەخت لەوە دەکاتەوە کە هونەری یۆنانی کەونارا (بە تایبەت تراژیدیا) توانای تێکەڵکردنی دوو هێزی ناوەوەی دژبەیەکی هەبوو (ئەپۆلۆنی و دیۆنیزی) بۆ ئەوەی سۆز و ئازاری مرۆڤ لە ئەزموونێکی هونەریدا پیشان بدات و یارمەتی بینەر بدات ژیان بە گشت دژبەرییەکانییەوە، پەسەند بکات. ئەم بۆچوونە دەردەخات کە لای نیچە، هونەر هەر رابواردن یان شیکاری نییە، بەڵکو هێزێکە کە ژیان مانادار دەکات و وادەکات بەرگەی بگرین.
دێریدا و سڕینەوەی واتا لە بەرهەمی هونەری؛ ئەگەر پێشتر لە سەردەمی کلاسیک فەیلەسوفانی وەک هیگڵ پێیان وابوو بەرهەمی هونەری هەڵگری واتای تایبەت و قووڵە و ئەو واتایە پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان هونەرمەند، جیهان و بەردەنگ دروست دەکات، بە پێچەوانە لە ڕیبازە پۆست مۆدێرنەکاندا (بە تایبەت لای ژاک دێریدا) چیتر باسی مانایەکی جێگیر بۆ هونەر ناکرێت؛ دێریدا پێی وایە، نەک “واتا” بە شیوازێکی ڕەها لە بەرهەمی هونەریدا بوونی نییە؛ بەڵکو دەق و هونەر بەردەوام لە ناو زنجیرەیەکی بیکۆتایی “نیشانەکان ” دان، کە هەر نیشانەیەک بەرەو مانایەکمان دەبات و مەحاڵە بە واتایەکی تاک و کۆتا بگەین و هەر خوێندنەوەیەک دەتوانێت واتایەکی نوێ دروست دەکات، بۆیە چیتر هونەر هەڵگری پەیامێکی ڕەها نییە، بەڵکو مەیدانێکی ئەزموون و لێکدانەوەی جیاجیایە.
هونەر لای بۆدریار؛ بۆدریار پێی وایە لە سەردەمی پۆستمۆدێرن و بەکارهێناندا، بەرهەمی هونەری ئیتر دەرخەری “واقیع” نییە و بەشێکە لە سیستێمی نیشانەکان کە لاسایی راستەقینە و ئەزموونی مرۆڤی دەکات. بەڕای ئەو جیهانی سەردەم بە میدیا و ڕیکلام و وێنە ئاخنراوە و جیاوازی نێوان ” ڕاستەقینە” و “وێنە” ئەستەم بووە؛ بۆدریار ناوی “بانڕاستەقینە” یان “هایپێرریالیتە”(hyperreality) لەو دۆخە دەنێت، کە تێیدا “وێنە و هێماکان خۆیان واقیع بوونیاد دەنێن” لە جیاتی ئەوەی ڕەنگدانەوەی واقیع بن. لەم ڕوانگەیەوە بۆدریار، هونەر لە ڕۆڵی کلاسیکی خۆی جیادەکاتەوە: “هونەر نە دەربڕینی ڕاستییە و نە پەیامی ئەخلاقی پێیە، بەڵکو بەشێکە لە سیستێمێکی هاوشێوەکردنی كولتووری کە سنووری نێوان “راستەقینە” و ” وێنە” ی کاڵ کردۆتەوە؛ بە شێوەیەک کە ئێمە نەک لە ڕێگەی ئەزموونی ڕاستەوخۆوە، بەڵکو لە ڕێگەی وێنە و بیرۆکەی میدیاییەوە ڕووبەڕووی “واقیع” دەبینەوە. بۆیە ئیتر ئەرکی هونەر لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا؛ پیشاندانی واقیع نییە، بەڵکو بوونیادنانەوە و بەرهەمهێنانەوەی ئەو واقیعە هاوشیوەکراوەیە.
سەرچاوەکان؛
تاملی در باب اخلاق و هنر، محمد اخگری، ماهنامە آینە خیال، شمارە ٨، تیرماه ١٣٨٧.
https://rasekhoon.net/article/show/117091
https://parimanart.ir/%D8%B2%DB%8C%D8%A8%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D9%88-%D9%87%D9%86%D8%B1-%D8%AF%D8%B1-%D8%AA%D9%81%DA%A9%D8%B1-%D8%B4%D9%88%D9%BE%D9%86%D9%87%D8%A7%D9%88%D8%B1/
https://fardmag.ir/%D9%86%D9%82%D8%A7%D8%B4-%D8%B2%D9%86%D8%AF%DA%AF%DB%8C-%D9%85%D8%AF%D8%B1%D9%86-%D8%B4%D8%A7%D8%B1%D9%84-%D8%A8%D9%88%D8%AF%D9%84%D8%B1/
https://www.sharghdaily.com/%D8%A8%D8%AE%D8%B4-%D8%B1%D9%88%D8%B2%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87-100/928682-%D9%87%D9%86%D8%B1-%D8%A7%D8%B2-%D8%AF%DB%8C%D8%AF%DA%AF%D8%A7%D9%87-%D9%87%DA%AF%D9%84
https://jafarhashemlou.blogfa.com/post/2868
ئامادەکردنی؛ نامۆ ڕۆستەم زادە- هونەرمەند





































































