بۆ ڕاڤەی مادەی ٦٨ ی دەستووری هەمیشەیی ئێراق – پەیوەست بە مەرجی (سەرکۆمار دەبێت ئێراقی بێت و لە دایك و باکێکی ئێراقی بێت – عراقي بالولادة و من أبوين عراقيين)لێکدانەوەی جیاواز لە میدیاکانەوە خراوەتە ڕوو. لەم ماوەیەدا ڕای جیاوازمان سەبارەت بە ڕاڤەی ئەو مەرجە دەستوریەی سەرەوە بیست و خوێندەوە ، بە پێویستم زانی – وەک یاساییەک و مامۆستایەکی یاسا – تێگەیشتنی یاسایی خاکەڕایی(متواضع)ی خۆم سەبارەت بەم بابەتە بخەمە روو:
یەکەم: لەدوای خودی دەستور خۆی یاسا ئاساییە پەیوەندیدارەکان دووەم سەرچاوەی ڕاڤەکاری ڕەسمیین ، بۆیە بەپێی یاسای ڕەگەزنامەی ئێراقی ژمارە ٢٦ی ساڵی ٢٠٠٦ چەمکی”ئێراقی بە لەدایکبوون” (العراقي بالولادة) بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە لە کاتی لەدایکبوونیانەوە ڕەگەزنامەی ئێراقییان پێدەبەخشرێت.
دووەم: بەپێی ماددەی ٣ لەو یاسایە، ئەم کەسانە بە (ئێراقی بە لەدایکبوون) دادەنرێن: ١. منداڵێک کە باوکی یان دایکی ئێراقی بێ؛ هەر کەسێک لە باوکێکی ئێراقی یان دایکێکی ئێراقی لەدایک بێت، بە ئێراقی ڕەسەن (لەدایکبوون) دادەنرێت. لێرەدا گرنگ نییە منداڵەکە لە ناوەوەی ئێراق یان لە دەرەوەی ئێراق لەدایک بووە. (ئەم خاڵە یەکێک بوو لە گۆڕانکارییە گرنگەکانی یاسای ٢٠٠٦، چونکە پێشتر تەنها لە ڕێگەی باوکەوە ڕەگەزنامە دەدرا.
٢. ئەو کەسەی لە ئێراق لەدایک بووە و دایک و باوکی نادیارن هەر منداڵێکی دۆزراوە (لقيط) کە لە ناو ئێراقدا بدۆزرێتەوە و باوک و دایکی نەناسرێن، بە (ئێراقی بە لەدایکبوون) دادەنرێت، مەگەر پێچەوانەکەی بسەلمێنرێت. چەند تێبینییەکی گرنگ:
- یەکسانی لە نێوان دایک و باوک: یاسا نوێیەکە مافی داوە بەو دایکانەی کە هاوسەرگیرییان لەگەڵ کەسی بیانی کردووە، ڕەگەزنامەکەیان بدەن بە منداڵەکانیان.
- لەدەستنەدانی ڕەگەزنامە: ئێراقی بەلەدایکبوون ناتوانرێت ڕەگەزنامەکەی لێ بسەندرێتەوە (مەگەر خۆی دەستی لێ هەڵبگرێت)، بە پێچەوانەی ئەو کەسانەی کە ڕەگەزنامەیان وەرگرتووە (التجنس) کە لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا دەکرێت لێیان بسەندرێتەوە.
3.مافی وەرگرتنی پلە باڵاکان: بەپێی دەستووری ئێراق، هەندێک پۆستی باڵا (وەک سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران) مەرجە کەسی داواکار “ئێراقی لەدایکبوون” بێت. دەرەنجامەکان بە کورتی: ١- بەپێی مادەی ٣ لەیاسای ڕەگەزنامەی ئێراقی بەرکار هەر کەسێک دایکێکی ئێراقی یان باوکێکی ئێراقی هەبێت لەکاتی لەدایکبوونیدا- بەبێ گوێدانە شوێنی لەدایکبوون ، یان لە ئێراقدا لەدایک ببێت و باوک و دایکی نادیار بێت بە “ئێراقی بە لەدایکبوون- العراقي بالولادة” هەژمار دەکرێت. ٢- لەبەر ئەوەی مادەی (٦٨)ی دەستوور بە ڕوونی لەدوای زاراوەی (العراقی بالولادة) مەرجی ئەوەی داناوە (من ابوین عراقیین)، کەواتە هەر کەسێک ئێراقی بێت بە لەدایک بوون و لەکاتی لەدایکبوونیدا (دایک وباوک)ی پێکەوە ئێراقی بووبن مافی خۆ پاڵاوتنی هەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. ٣ـ ئەوانەی “ئێراقی بە لەدایکبوون”و لە دایکێکی ئێراقی یان باوکێکی ئێراقین و دایک یان باوکە بیانییەکان دوای لەدایکبوونی منداڵەکەیان ڕەگەزنامەی ئێراقیان وەرگرتووە ناتوانن خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بپاڵێون چوونکە نیوەی دووەمی مەرجەکەی مادەی ٦٨ ی دەستووریان تێدا نی یە.
٤- ئەگەر پاڵێوراو بەپێی مادەی ٣ ی یاسای ڕەگەزنامەی ئێراقی(ئێراقی بەلەدایکبوون – العراقي بالولادة)بێت و باوک یان دایکی بیانی هەبووبێت و پێش لەدایکبوونی پاڵێوراوەکە دایک یان باوکە بیانییەکەی ڕەگەزنامەی ئێراقی وەرگرتبێت – بەڕای خاکە ڕابی (متواضع)ی بەندە پاڵێوراو هیچ کێشەیەکی یاسایی نابێت و هەردوو مەرجە دەستوری یەکەی تێدایە.
5.بەپێی ئەو دەرەنجامانەی سەرەوە دەقە کوردییەکەی مادەی ٦٨ ی دەستوور هەڵەیە ( العراقي بالولادة) بەواتای ئەوە نی یە کە لە ئێراق لەدایک بووبێت. بەڵکو (ئێراقی بێت بەلەدایکبوون) مانایەکی وردتر و دروستتر دەبەخشێت. خوای گەورە زاناترینە – والله اعلم.





































































