دوای ئەوەی لەلایان کۆمپانیاکانی نەوتەوە پروپاگەندەی ئەوە بلاوکرایەوە؛ کە ئاسیای ناوەڕاست بەتایبەتیش ناوچەی دەریای قەزوین یەدەگێکی یەکچار گەورەی سەرچاوەکانی وزە بەتایبەتیش نەوت و گازی تێدایە، ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵوەشاندنەوە و ڕووخانی یەکێتی سوڤییەت و دروست بوونی بۆشایی هێز بوو لە ناوچەکە، بۆیە ململانێەکان لەو ناوچەیە چرتر بوویەوە. وا گوماندەکرا ناوچەی دەریای قەزوین لە چەند دەیەی داهاتوودا ببێتە ناوچەیەکی گرنگی دابینکاری وزە لە دەرەوەی ئۆپیک، نەوت و گاز بنێرێتە بازارەکانی جیهان، بەتایبەتیش ببێتە بەرهەمێنەرێکی بەرفراوانی گازی سرووشتی لە ناوچەکەدا تا گاز بۆ وڵاتانی دەروەی سەر دەریای قەزوین بنێرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش وڵاتانی سەر دەریای قەزوین لەسەرەتادا رووبەروی سێ کۆسپی سەرەکی دەبوونەوە:– یەکەم دەبوایە کەشێکی گونجاو دروست بکەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنەران، هەروەها ژێرخانی ناوخۆی دابەمەزرێنن بۆ بەرهەمێنانی وزە و ناردەنی بۆ دەرەوە. دووەم پێویست بوو بە شێوەیەک ئیدارەی ئەو سامانەی وزەیە بکرێت کە ببێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووری بۆ ماوەیەکی درێژخایەن. سێیەم گەشەسەندنی وزە مەترسی بەسەربازیکردن و تیرۆری لەگەڵ خۆی دەهێنایە ناوچەکە، کە ئەمەش رەنگە لە ئایندە مەترسی گەورەی بۆ سەرچاوەکانی وزە و وەبەرهێنەرەکانی لە وڵاتانی سەر دەریای قەزوین لێ بکەوێتەوە بەتایبەت کازاخستان و تورکمانستان.
دەریای قەزوین کەنارەکانی لە نێوان پێنچ وڵات دابەشکراوە کە پێکدێت لە ڕووسیا، ئێران، ئازربایجان، کازاخستان، تورکمانستان. هەر پێنچ وڵاتی سەر کەنارەکانی دەریای قەزوین لە شاری ئاکتائۆی کازاخستاندا رێککەوتنێکی نۆێی یاساییان لە بارەی دیاریکردنی ستاتۆی دەریای قەزوین واژوکرد، وا دیارە سازشێکی گەورە کراوە بۆ ئەو رێککەوتنە چونکە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ لایەنەکان نەیاندەتوانی رێک بکەون لەسەر دابەشکردنی کەنارەکانی ئەو دەریاییە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کێشەی سەرچاوەی وزە بوو بە تایبەت لە نێوان ئازربایجان و تورکمانستان، لە هەمانکاتدا بۆ ڕووسیا و ئيران زۆر گرینگە کە ئەو دەریاییە لە هەر جۆرە هێزێکی ناهەرێمایەتی دوور بێت، هیچ سوپایەک نەتوانێت ئامادەی لەو دەریایە هەبێت. واژوکردنی ئەو رێککەوتننامەیە بە پلەی یەکەم بۆ وڵاتانی کازاخستان، تورکمانستان ئازربایجان زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی لە رابردوودا ئەو دەریایە تەنها پەیوەندی بە یەکێتی سۆڤیەت جاران و ئێرانەوە هەبوو بەڵام ئێستا سێ وڵاتی تریش بوونەتە ئەندام.خاڵە گرینگەکانی ئەو رێکەوتننامەیە تەناهی، هاوکارییە ئابووریەکان، پاراستنی ژینگە، پێشخستنی هاتووچۆ…هتد. ئەوەی زیایر لەو رێککەوتننامەیە سودمەند بوو بێت هەردوو وڵاتی کازاخستان و ئازەربایجانن لەبەر ئەوەی لەو رێککەوتننامەیە ئەو دوو وڵاتە زیاتر کەنار دەریایە پر لە گازەکانیان بەر کەوت. لە کاتی واژوکردنی ئەو رێککەوتننامەیە پۆتین وتی “ئەوە ڕووداوێکی سەدەیە و زۆر گرنگە” سەرۆکی کۆماری کازاخستانیش وتی “ ئەوە دارشتنی دەستووری دەریای قەزوینە” لە ڕووی پەیوەندی جیۆپۆلتیکی و ئاسایشی وزەوە دەریای قەزوین ڕۆلێکی گرنگ دەگێرێت لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئاسیای ناوەراست، بەتایبەت دووای ئەوەی هەر پێنچ وڵاتی کەناردەریاکە کە لە سالێ ٢٠١٨ رێککەوتننامەیەکیان لە سەر دەریای قەزوین واژووکرد کە ئاسۆیەکی نوێ بۆ پێشهاتەکانی ناوچەکە پێشکەش دەکات. دەریای قەزوین خاوەنی لە ٢٥٪ گازی سرووشتی جیهانە، کە ئەوەش رێژەیەکی زۆرە بۆ کاریگەری و رۆڵی لەسەر سەقامگیری ئاسایشی گاز لە جیهاندا.
سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بۆ ناوچەی دەریای قەزوین لە ژێر یەک سیاسەتی دەرەکی و یەکگرتوو نییە، لە وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا بۆ یەکی کە جیاوازە، پەیوەندیەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئازربایجان لە لایان هاوبەشی رۆژهەڵاتەوەEAP وەک ڕەهەندێکی سیاسەتی درواسێیەتی ئهوروپا ENP لە قاڵب دەدرێت، هەروەها پەیوەندییەکانی ئەو یەکێتییە لەگەڵ کازاخستان و تورکمانستان لە چوارچێوەیەکی ستراتیژی ئاسیای ناوەرسی یەکێتی ئەوروپا دایە کە لە سالی ٢٠١٩ پەیرەوی لێدەکات، بە شێوەیەکی سەرەکی ڕووسیا لە هەموو وڵاتانی سەر دەریای قەزوین گەوروترە لە دابینکردنی گاز بۆ یەکێتی ئەوروپا لە پێشەنگی هەموو وڵاتانی دایە بۆ رەوانەکردنی گاز بۆ یەکێتی ئهوروپا، بەڵام ئێرانیش بە هێزێکی گەروەی گاز دادەنرێت لە بواری وزەدا بەڵام پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا زۆر باش نییە بەهۆی گەمارۆکانەوە، هەر سێ دەوڵەتەکی تر ئازربایجان، تورکمانستان، کازاخستان دەوڵەمەندن بە سامانی سرووشتی بەڵام توانای هەناردەکردنیان بۆ یەکێتی ئهوروپا وا بە هێز نییە و لەو وڵاتێکەوە بۆ یەکی تریان جیاوازە لە نێوانیاندا. بەڵام سەرەرای ئەوە لەم دواییە پرۆژەکان و گرێبەستەکان لە زیاد بووندان بۆ زیاترکردنی هاوکاری لە بواری وزە بە تایبەت گاز لە نێوان ئەم وڵاتانە و یەکێتی ئەروروپا. لە ئێستا کۆمپانیاکان و وڵاتانی ئهوروپا وەبەرهێنان لە وڵاتانی سەردەریای قەزوین دەکەن نموونەکانیش بریتین لە دروستکردنی ڕێڕهوهی گازی باشور(SCG)کە بە ئازەربیجان و تورکیا و یۆنان و ئیتالیادا تێدەپەرێت، جگە لەوەش تورکمانستان دەتوانێت لە رێگای پەرەپێدانی بۆری ترانس-کاسپیان (TCP)ەوە دەستی بە بۆری گازی باشوور(SCG) بگات، کە ئازربایجان و تورکمانستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دروستکردنی SCG-TCP دەتوانن پەنەجەریەکی دەرفەت بۆ یەکێتی ئەوروپا دابین بکات بۆ زیادکردنی بوونی لە ناوچەی دەریای قەزوین.(ل٤-٥) ئازربایجان و تورکمانستان و کازاخستان هەوڵی پارستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا دەدەن تا پەیوەندیەکانیان تێک نەچێت، هاوکات بە ئەم سێ دەوڵەتە بە هەموو شێوەیەکیش هەوڵدەدەن سەربەخۆی خۆیان لە بواری وزە بەهێزتر بکەن و سوود لە هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرن بە تایبەت بۆ بواری وزە. هاوکات هێزی سەربازی و باڵادەستی مۆسکۆ لە دەریای قەزوین و هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران دژایەری لەگەڵ بۆریەکان، بەربەستی سەرەکییە بۆ پەیوەستبوونی تورکمانستان و کازاخستان بە بۆری گازی باشوور.
ئێرانیش وەک زلهێزێکی ناوچەی و لایەنێکی سەر دەریای قەزوین خۆی وەک دەروازەیەکی سرووشتی بۆ دابەشکردنی نەوت و گازی سرووشتی دەبینێت، ئێران توانای گواستنەوەی نەوت و گاز لە رێگای بەندەرەکانییەوە بۆ بازارەکانی جیهان هەیە، سەرەڕای ئەمەش کەنار دەریا درێژەکەی لە لێواری باشووری ئاوەکانی کەنداوی فارس لە دەرەوەی گەروی هۆرمۆز کۆنترۆلێکی ستراتیژی دەدات بە تاران بەسەر ئەو ڕێڕهوه ئاوانەی کە زۆرینەی وزەی جیهان پێیاندا دەروات. سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بە دەریای قەزوین لەسەر بنەمای ڕۆلی بەدیل بۆ وزەی ڕووسیا دامەزراوە، بۆیە یەکێتی ئەوروپا لەم دواییانە دەستیکردووە بە بەرزکردنەوەی پوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت ئازربایجان و کازاخستان، بۆیە لە درێژەی باسەکە بە جیا باسی ڕێڕهوهی گازی باشوور و ئازربایجان و تورکمانستان و کازاخستان دەکەین لە رۆڵیان بۆ پرکردنەوەی گازی یەکێتی ئەروروپا.
“ڕێڕهوهی گازی باشوور”
ڕێڕهوهی گازی باشوور(SGC) بۆرییەکی زەبەلاحی گازی سرووشتییە لە کەناراوەکانی دەریای قەزوینەوە بە ئازربایجان و جۆرجیادا درێژ دەبێتەوە بۆ سەر شاخەکانی یۆنان و ئەلبانیا، لە ژێر دەریای ئەدریاتیکەوە(Adriatic) تا پاژنەی ئیتالیا درێژدەبێتەوە. پێکهاتە سەرەکییەکانی ڕێڕهوی گازی باشوور(SGC) بریتیین لە کێڵگەکانی گازی شا دەنیز و چەندین بۆری بەستراوی وەک:-بۆری قەوقازی باشوور(SCP)، بۆری ترانس ئەنادۆڵ (TANAP) و بۆری ترانس ئەدریاتیک(TAP)، کە چوار پێکهاتە سەرەکییەکەی بۆری ڕێڕهوی باشوورن گرینگیەکی زۆریان هەیە بۆ پرکردنەوەی پێداویستی گازی یەکێتی ئەوروپا، کوورتەیەک سەبارەت بەو چوار پێکهاتە:-
١-کێڵگەی شا دەنیز ٢:- یەکێکە لە گەورەترین و ئالۆزترین پرۆژەکانی گاز لە جیهاندا یەکەم ژێرخانی ژێر ئاوە لە دەریادا، لە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠١٣ کۆمەلەی شا دەنیز لەگەڵ ٩ نۆ کۆمپانیای گەورەی ئەوروپی رێککەوتننامەی فرۆشتنی گازیان واژوکرد، یەکەم گواستنەوەی گازی بۆ تورکیا لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨ دەستپێکرد، لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ گازی بۆ یەکێتی ئەوروپا رەوانە کرد.
٢- هێڵی بۆری باشووری قەوقاز(SCP) :- بە درێژایی ٦٩١ کم بۆ گواستنەوەی گازی شا دەنیز بۆ سنووری جۆرجیا- تورکیا دروستکراوە، یەکەم گاز لەو رێگایەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ گەیشتە تورکیا، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە ئەم بۆرییە لە رێگای هەمان ڕێڕهوهی بۆری باکۆ-تفلیسی جیهانەوە دروستکرا. توانای گواستنەوەی ساڵانەی ٧.٤١ ملیار مەتر سێجایە.
٣- TANAP – رێککەوتنی نێوان حکومەتەکان سەبارەت بە تاناپ (TANAP) لە نێوان ئازربایجان و تورکیا لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠١٢ واژوکرا، لە لایان دەزگای یاسای و گونجاوی هەردوو لایەن پەسەندکرا، لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ پەیوەندیەکانی بە ئەوروپاوە دەستی پێکرد.
٤- TAP- لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٣ کۆمەڵەی شا دەنیز بۆری گازی TAP بۆ گەیاندنی گازی سرووشتی لە پرۆژەی شا دەنیز٢ بۆ بەکاربەرانی لە یۆنان و ئیتالیا و باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا دانرا، بیر لە گواستنەوەی گازی ئازربایجان دەکەنەوە لە رێگای یۆنان و ئەلبانیا بەسەر دەریای ئەدریاتیکەوە(Adriatic) بۆ باشووری ئیتالیا، پرۆژەی بۆری TAp لە لیستی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ وزەش هاتووە.
ڕێڕهوی گازی باشوور بۆ هێنانی گاز لە دەریای قەزوینەوە بۆ یەکێتی ئەوروپا گرینگیەکی زۆری پێدەدرێت، سەرنجی زۆری لەسەرە بەهۆی زیاتر بوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و هەناردەکەرانی گاز لە ئازربایجان و تورکمانستان و وڵاتانی ترانزێت کە تورکیا و جورجیان. ئامانج لە ڕێڕهوهی گازی باشوور(SGC) زیادکردن و هەمە چەشنکردنی دابینکردنی وزەیە بۆ یەکێتی ئەوروپا لە رێگای هێنانی گازی ئازربایجان لە کێلگەی شا دەنیزەوە، هەروەها ئەم بۆرییە توانای گەیاندنی گازی سرووشتی لە کێلگەکانی دیکەی ئازربایجان و لایەنی سێیەمیش هەیە بۆ بازارەکانی یەکێتی ئەوروپا، ڕێڕهوی گازی باشوور (SGC) لە نێو پرۆژە یەکەمەکانی وزەدایە بۆ یەکێتی ئەوروپا، بناغەی ڕێڕهوهی گازی باشوور (SGC) لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٤ دانرا، کاتی دەستبەکاربوونی ئەم بۆریە لە باکۆ لە ٢٨ی ئایاری ٢٠١٨ بەرێوە چوو، بەشی TANAP کە بەشێکی گرینگی ئەو بۆرییە لە ١٢ ی حوزەیرانی ٢٠١٨ کەوتە کار، یەکەم گازی بازرگانی خۆی لە رێگەی TANAPوە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨ گەیاندە تورکیا، هەناردەکردنی گازی ئازربایجان لە رێگای ئەم بۆرییەوە دەستی بە ناردنی گاز بۆ یەکێتی ئەوروپا، کە ئەم بۆرییەی گواستنەوەی بەهایەکی زۆری هەیە لە گەشەپێدانی ئابووری ئازربایجان و وڵاتانی ترانزێد.
سەرەرای ئەوەی ڕێڕهوی گازی باشوور بە شێوازێک دروستکراوە دەتوانێت رێژەیەکی زیاتری گاز لە ئازربایجانەوە هەناردەی یەکێتی ئەوروپا بکات ئەوە تورکمانستانیش لە رێگای سود لەو بۆرییە وەربگرێت گەر بەدوای دەستراگەیشتن بێت بە بازارەکانی یەکێتی ئەوروپا، هەروەها ڕێڕهوی گازی باشوور توانای ئەوەی هەیە گازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست و هەروەها عێراق بخاتە سەر ئەو ڕێڕهوهی گازە. هەروها ڕێڕهوی گازی باشوور رێگایەکی کێبرکێکارە بۆ یەکێتی ئەوروپا دەکاتەوە بۆ بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی لە رێگای ئەو بەرهەمهێنەرانەی کە لەلایان گازپرۆمەوە کۆنترۆڵ نەکراون، کێبرکێیەکی پێویستیش بۆ دابەزاندنی نرخی گاز دروست دەکات، بەهۆی ئەمەشەوە دەکرێت گاز پرۆم داوای بەرزکردنەوەی نرخی گازی سرووشتی بکات لەسەر بنەمای گرێبەستە درێژخایەنەکانەوە، هەروەها ڕێڕهوی گازی باشووە بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا سەرسورهێنەر بوو، چونکە بازارەکانی ئەوروپا زیاتر گازیان دەست دەکەوێت بە هۆی ئەو بۆرییەوە، کە پێشبینی دەکرێت پشتبەستنی یەکێتی ئەوروپا بە هاوردەکردنی گاز زیاتر بەهۆی ئەو ڕێڕهوه زیاتر گەشەبکات لە ٦٤٪ بۆ سەرووی ٨٠٪ بروات تا کۆتایی دەیەی داهاتوو ، هەروەها ئەم ڕێڕهوه دابینکردنی پێداویستی نۆێ دەهێنێتە تورکیا کە تورکیا خێراترین بازاری گازە بۆ ئەوروپا، لە کۆتاییدا ڕێڕهوی گازی باشوور زۆرترین سودی بۆ پرکردنەوەی پێداویستی گازی سرووشتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ناوەراستی ئەوروپا هەیە.
“ئازربایجان”
پەرەپێدانی گازی سرووشتی لە ئازربایجان لە ساڵی ١٩٥٥ دەستیپێکرد، دوای گەران بەدوای کێڵگەی گازی سرووشتی وشکانی گەرەداغ و گەشەپێدانی کێڵگەی نوێی دەریایی لە دەریای قەزوین لە ساڵانی حەفتاکاندا، خالێ وەچەرخان بۆ گازی ئازربایجان دوای دۆزینەوە و گەران بە دوای کێڵگە نۆییەکان و وەبەرهێنان لە لایان کۆمپانیاکانی وزە دوای سەربەخۆی ئازربایجانەوە هات، کۆمپانیای بی پی(BP) لە ساڵی ١٩٩٦ گرێبەستی پەرەپێدانی شا دەنیز کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە گازییەکانی جیهان واژووکرا، لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی بە بەرهەمێنانی گاز کردووە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٧وە بە دەستپێکردنی کێڵگەی گازی سرووشتی شادەنیزەوە بوو بە هەناردەکاری گازی سرووشتی، پێش ئەوکات گازی لە ڕووسیاوە هاوردە دەکرد. وڵاتەکە دوو هێڵی سەرەکی هەناردەکاری گازی سرووشتی هەیە، یەکەمیان هێڵی بۆری قەوقاز باشوورە(SCP) کە گەورەترینیانە لە کێڵگەی شادەنیزەوە گاز دەگوازێتەوە لە رێگای جۆرجیا و تورکیاوە، دووەم بۆری هەناردەکردنی گازی سرووشتی بریتییە لە حاجیگابۆل-مۆزدۆکHajiable-Mozdok کە گازی سرووشتی لە ڕووسیاوە بۆ ئازربایجان دەگواستەوە، تاساڵی ٢٠٠٧ لە رێککەوتنێکی نێوان کۆمپانیای سۆکارSOCAR و گازپرۆمی ڕوسی رۆشتنی گازی سرووشتی لە بۆرییەکە پێچەوانە کردەوە ، لە ساڵی ٢٠١٠وە ئەم بۆرییە هەناردەکردنی گازی بۆ ڕووسیا دەسپێکرد کە هەردوو کۆمپانیای سۆکار(SOCAR) و گازپرۆمی ڕوسی ئەو بۆرییە بەرێوەدەبەن. لە ٤ی ئازاری ٢٠٠٣ سەرۆکی کۆچکردووی ئازربایجان حەیدەر عەلێیڤ وتی:- یەدەگی سەلمێنراوی نەوت و گازی ئازربایجان لە دەریای قەزوین ٤ چوار ملیار تۆن نەوت و ٥ پێنچ ملیار مەتر سێجا گاز مەزندە دەکرێت کە دەتوانێت بۆ ماوەی ٥٠ تا ١٠٠ ساڵ بەکاردێت، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥ سەرۆک ئیلهام عەلێیڤ جەختی لەوەکردەوە کە یەدەگی سەلمێندراوی گازی سرووشتی دەگاتە ٢.٦ تریلیۆن مەتر سێجا، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئازربایجان دەتوانێت هەم بۆ خۆی و هەم بۆ وڵاتانی دراوسێ و هەم بۆ ئەوروپا قەبارەیەکی زۆری گازی سرووشتی بۆ لانیکەم ١٠٠ ساڵ دابین بکات.
تا هەڵوەشاندەوەی یەکێتی سۆڤییەت لە سالێ ١٩٩١ ئازربایجان پەیوەندییەکی کەمی لەگەڵ دەوڵەتانی غەیرە سۆڤیەتی هەبوو، پەیوەندییە فەرمییەکانی ئازربایجان لەگەڵ یەکێتی ئهوروپا لە سالێ١٩٩٦ دەستیپێکرد، بە واژۆکردنی رێککەوتننامەی هاوبەشی و هاوکاری لە ساڵی١٩٩٩ ئەم پەیوەندییەی نێوانیان کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، تاکە بواریش کە یەکێتی ئەوروپا و ئازربایجان لەسەری کۆک بن پرس و بواری وزویە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٤دا بەرنامەی سیاسەتی دراوسێیەتی ئەوروپا (ENP) درێژکرایەوە بۆ ئەوەی ئازربایجانیش بگرێتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٩وە ئازربایجان بانگیشکراوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆگرامی هاوبەشی رۆژهەڵات بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هاوبەشییەکی ستراتیژی لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و کۆماری ئازربایجان لە بواری وزە لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٦ واژوکرا، کە ئەمە قۆناغێکی گرینگ بوو لە دامەزراندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوانیان. لە بەڵگە نامەکەدا لایەنەکان جەخت لەسەر گرینگی دەستەبەرکردنی سەروەری و یەکپارچەی خاک و پێشێلنەکردنی سنوورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەکەنەوە، کە ئەمەش بەمەبەستی نەهێشتنی هەرەشەیە لەسەر مەترسییەکان بۆ سەر ناوچەکانی دەوڵەمەند بە گازی سرووشتی، کە ئەمەش بە مانای بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی یەکێتی ئەوروپا دێت. هەردوو لاشییان لەسەر چوار خالی گرینگ رێک کەوتن:-
یەکەم:- دامەزراندنی ستراتیژی و بەرنامەیەک بۆ هەماهەنگ و گونجاندنی یاساکانی ئازەربایخان لەگەڵ یاساکانی کۆمەڵەی لە بواری وزەدا، کە ئەمەش بە مەبەستی ئەوەیە یاساکانی ئازربایجان لەگەڵ یاساکانی بواری وزەی یەکێتی ئەوروپا گونجا و بن و هیچ کێشەیەکیان لە رووی یاساییەوە بۆ دروست نەکات و هیچ خاڵێکیان لە یاساکانی نێوانیان دژ بەیەک نەبێت.
دووەم:- بەرزکردنەوەی سەلامەتی ئاسایشی دابینکردنی وزە و سیستەمێکی ترانزێد لە ئازربایجان و دەریای قەزوین بۆ یەکێتی ئەوروپا. کە ئەمش خالێکی گرینگە بۆ یەکێتی ئەوروپا هەمیشە بەدوای رێگایەک دەگەرێت بۆ هەناردەکردنی وزە کە ئاسان و بێ کێشەبێت هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبێت لە لایان وڵاتانی ترانزێت و سیستەمی گواستنەوەی گازەکە.
سێیەم:- پەرەپێدانی سیاسەتێکی گشتگیر بۆ بەرێوەبردنی داواکاری وزە لە ئازربایجان.
چوارەم:- هاوکاری تەکنیکی و ئالوگۆری شارەزایی. کە ئەمەش خاڵێکی گرینگە بۆ ئازربایجان تا بتوانێت لە رێگای تەکنەلۆژیای نوێ و شێوازی زانستی گونجاو دەستی بە گازەکەی ڕابگات.
هەروەها هەردوو لایان لە ١٣ی ١ی ٢٠١١ بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە ڕێڕهوهی گازی باشوور(SGC)لە بروکسل واژوکرد کە جەختیان لەسەر گرینگی ئاسایشی وزە و ئاسایشی گواستنەوەی کردەوە. وەک لە پێشتر ئاماژەمان بەو ڕێڕهوهی گازە داوە. کە ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنەی نێوانیان کە واژوکرا گرینگە بۆ مسۆگەر بوونی ئاسایشی وزە بۆ یەکێتی ئەوروپا لە ناوچەی دەریای قەزوین. رێگایەکی سەرەکی گواستنەوەی گازە لە ئازربایجانوە بۆ یەکێتی ئەوروپا. هەرەها لە شوباتی ٢٠١٧ یەکێتی ئەوروپا و ئازربایجان دەستیان بە پرۆسەی دانوستانکرد سەبارەت بە پەرەپێدانی بەڵگەنامەیەکی نۆی بۆ جێگرەوەی رێککەوتنی هاوبەشی هاوکاری(PCA) کرد. هەروەها لە مانگی تەمموزی ساڵی٢٠٢٢ کۆمیسیۆنی ئەوروپا یاداشتێکی رێککەوتنی لەگەڵ ئازربایجان واژووکرد بە مەبەستی زیادکردنی هاوردەکردنی گازی سرووشتی بۆ لانیکەم ٢٠ ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا تا ساڵی ٢٠٢٧ لە کێڵگە گازییەکانی ئازربایجانەوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستنی یەکێتی ئەوروپا بە گازی ڕووسیا و بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی بۆرییەکانی نێوانیان، لە ساڵی ٢٠٢٠وە لە رێگای بۆری ترانس ئادریاتیکەوە(TAP) وەک باسمان کرد بەشێکە لە ڕێڕهوهی گازی باشوور لە رێگای کێلگەی شا دەنیزی دووەمەوە لە دەریای قەزوینەوە گاز بۆ یەکێتی ئەورپا دەوگوازێتەوە، شێوازی دروستکردنی ترانس ئادریاتیک(TAP) دەتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ وڵاتە جیاوازەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا، وەک بولگاریا کە پێشتر لە رێگای ئینتەرکۆنێکتەر یۆنان-ئیتالیا، پەیوەندی بە بۆرییەوە کردووە، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی بەکارهێنانی ساڵانەی خۆی لە رێگای ئەو بۆرییەوە دابین دەکات، کە پێشتر لە ١٠٠٪ پشتی بە هاوردەکردنی گازە لە ڕووسیاوە بەستەبوو.
لە ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠وە گواستنەوەی گازی ئازربایجان لە کێڵگەی شا دەنیزەوە بۆ ئیتالیا و بوڵگاریا و یۆنان لە رێگای بۆری ترانس ئادریاتیک(TAP) دەستی پێکردووە کە توانای گواستنەوەی ساڵانەی ١٠ ملیار مەتر سێجا هەیە، لە ساڵی ٢٠٢١ هەناردەی گازی ئازربایجان بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا نزیکەی ٨ ملیار مەتر سێجا بووە.هەرەها لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئازربایجان هەناردەی گازی خۆی بە رێژەی لە ١٨٪ زیادکرد. هەناردەکردنی گازی سرووشتی گرینگیەکی ستراتیژی هەیە بۆ کۆماری ئازربایجان، بە توندی پاڵپشتی لە هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ دەروە دەکات بە تایبەتی بۆ یەکێتی ئەوروپا، بەهۆی ئەوەی پشکی داهاتی نەوت و گاز لە داهاتی بووجەی گشتیدا زیاتر لە ٧٠٪ بووە لە ماوەی ساڵانی٢٠١٠ بۆ ٢٠١٦، هەروەها داهاتی هەناردەکراوی نەوت و گازی ئازربایجان زیاتر لە ٩٧٪ی کۆی داهاتی هەناردەکراوی ئازربایجان بووە لە ماوەی هەمان ساڵانی٢٠١٠-٢٠١٦دا. بە هۆی دابەزینی بەرهەمێنانی نەوتەوەش حکومەتی ئازربایجان هەوڵدەدات بە هۆی زیاترکردنی هەناردەکردنی گازی سرووشتی قەرەبووی دابەزینی داهاتی نەوت بکاتەوە، بۆیە پەرەپێدانی گازەکەی ئەو لەویەتێکی گرینگە بۆ ئازربایجان تا توانای داهاتی خۆی پێ پربکاتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە بەقەت ئەوەی گازی سرووشتی بۆ یەکێتی ئەوروپا گرینگە ئەوەندەش بۆ کۆماری ئازربایجان گڕینگە.
بەڵام سەرەرای ئەوانە ئازربایجان ناتوانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بە شێوەیەکی مانادار یارمەتی یەکێتی ئەوروپا بدات بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە گازی ڕووسیا. بۆ ئەمەش چەند هۆکارێک هەیە، یەکەمیان توانای سنورداری ساڵانەی بۆری تاپTAP کە گازی ئازربایجان دەگەێنێتە یەکێتی ئەوروپا ، کە توانای بەو شێوەییە نییە تا ئەو رێژەییەی یەکێتی ئەوروپا ئارەزوی دەکات دابینی بکات، کە لە نێوان ١٠ بۆ ١١ ملیار مەتر سێجایە، دەشتوانرێت بۆ ٢٠ ملیار مەتر سيجا زیاد بکرێت، دووەم هەروەها ڕێڕهوی گازی باشوور پێویستی بە وەبەرهێنان و کاتێکی زیاتر هەیە. سێیەم هۆکاریش ئەگەر توانایی هێڵی بۆری تاپیش TAP زیاد بکرێت ئەوە ئازربایجان ناتوانێت لە ساڵانی داهاتوو هەناردەی گازی بۆ ئەوروپا زیاد بکات بە رێژەیەکی زۆر، لەبەر ئەوەی لەگەڵ پەرەپێدان لە هەردوو کێڵگەی ئازەری-چیراگ-گوناشلی و شا دەنیز، دەبێت بەرهەمێنانی گاز لە کێڵگە گازییەکانی ئەبشێرۆن، قەرەباغ، کاپاز، ئومید بەرهەمهێنان تایدا زیاد بکرێت بۆ بەدەستهێنانی گازی زیاتر و رەوانەکردنی برێکی زیاتر بۆ یەکێتی ئەوروپا. گەر گازی پێویستیشی هەبوایە لە رووی تەکنیکییەوە مەحاڵ دەبوو گازی پێویست بنێرێتە یەکێتی ئەوروپا، لە باشترین حاڵەتدا لە ماوەی پێنچ ساڵدا ئازربایجان لە چوارچێوەی قوناغی دووەمی ڕێڕهوهی گازی باشووردا دەتوانێت رێژەی گازی بۆ زیاتر لە ٢٠ ملیار مەتر سێجا زیاد بکات. ئەمانەش بە مانای ئەوە دێت لە کورتخایەندا ئازربایجان وا بە سادەیی دەرفەتی ئەوەی نابێت بە دیلێک بێت بۆ جێگرەوەی گازی ڕوسی بۆ یەکێتی ئەوروپا.
هاوکارییەکانی ئازربایجان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا چ لەسەر ئاستی دامەزراوەیی یەکێتی ئەوروپا چ لەگەڵ تاکە وڵات لە ناو ئەو یەکێتییە بێت، بەردەوام پەرەی پێدەدرێت و قووڵتر دەبێتەوە، ئازربایجان سەرچاوەیوکی گرینگی ئاسایشی وزەی یەکێتی ئەوروپا ئەبێت چ بۆ ئێستا و چ بۆ داهاتوو، سەرای ئەو کێشانەی کە هەن چ لە رووی تەکنیکی و شێوازی گواستنەوەی بۆ یەکێتی ئەوروپا و هەروەها گرفتەکانی بەردەم ئازربایجان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی بەرهەمێنان ، بە هاوکاری هەردوو لایان هەوڵدەدرێت بۆ چارەسەرکردنیان کە ئەمەش رەنگە ماوەیەکی زۆر نەخایەنێت و بەر لە کۆتای ئەم دەیەیە زۆربەی کێشەکان چارەسەر بکرێت ئەو کات یەکێتی ئەوروپا ئەتوانێت زیاتر و زیاتر بە هۆی دەستراگەیشتنی بە شوێنگرەوەی باش و گونجاو پشت لە گازی ڕوسی بکات.
سەرچاوەکان؛
1–سەرچاوە-د.کامەران مەنتک- بازرگانی رەشی نەوت دارشتنەوەی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان- لاپەرە ٨٥-٨٦”
2–”سەرچاوە-د.خۆشەوی مەلا ئیبراهیم- ڕووسیا و جیهان- سالی ٢٠٢١- لاپەرەکان ٦٢-٦٣”
3–”سەرچاوە– The european unions Approach to the cospian sea Region-2022-By Notalia Skrinikova-Servas Taghon-p.3-4-5”
https:-//cris.unu.edu › filesPDFThe European Union’s Approach to the Caspian Sea Region
٤–”سەرچاوە– Role of the caspian Region within the context of energy seurity-By Ferhan Oral-p.430-432”
https:-//dergipark.org.tr/en/download/article-file/2783773#:-~:-text=It%20contains%20large%20volumes%20of،significant%20importance%20in%20world%20geopolitics.
5–”سەرچاوە– Southern Gas Corridor”
https:-//gogel.org/southern-gas-corridor?fbclid=IwAR0zwKf5r7mrU4_12lzumBie7mx-RJ9sLn0d6-oen2lwdLOHSS5K5BoaluI_aem_ASwK4SZAVtxMdea2uvb3HL9P6FE8O-zsFvBkBxaCnL5SW4RADtb9cI4aMvgeI5R-3ng
6–”سەرچاوە- سایتی SOCAR- Southern Gas Corridor”TB:- لەگەڵ سەرچاوەی پێش خۆی جاوازە .
https:-//socar.az/en/page/southern-gas-corridor?fbclid=IwAR00MUdggQsYKnHAUDLA2mEzQZiiaUuX5gg_ff3lvjw_2naFgzczuYsyRgQ_aem_ASzQt3ovkyS5IFrBabrweItCP7_3t5BDR3CBzXIDAJCalMkkali66d6ZbVnVaFqXX8g
7–”سەرچاوە– The significance of southern Gas Corridor For European Energy Security- Volume5-lssue2-2016–لاپەرە 20”
https:-//iea.blob.core.windows.net/assets/0528affc-d2ba-49c9-ac25-17fc4e8724f7/AzerbaijanEnergyProfile_2023.pdf?fbclid=IwAR3F5hYsmgwbUbPxr5yQl7wlhD4pyw2MesxGV2bga1rrDILHRROGXnCLXoA_aem_Ae8UvsJyAKPQd-bgPhL43qhuE9x-q19jsZShKrrudvjp36XXmWzdlco7ka28Db1Wkbg
8–”سەرچاوە-The role of Azeri natural gas in meeting European Union energy security needs-28-march-2020-P.5-6 لە لایان کۆمەلێک نوسەرەوە)
https:-//www.sciencedirect.com/science/article/pii/S2211467X20300183?ref=pdf_download&fr=RR-2&rr=831ebe00ac430558&fbclid=IwAR2yFa_zbAaefrnqqswlhpDGn9levynrPwwx0Si7BByobcee-owjSh6_4bk_aem_Ae-gDZnpuGItAdoTGkndva_eZCWD5MSBG7mvyID36SVa3nWJ-LRXmv7My1ZXf6UI2t0
9–”سەرچاوە-Azerbaijan Energy Profile- p19-20”
https:-//iea.blob.core.windows.net/assets/0528affc-d2ba-49c9-ac25-17fc4e8724f7/AzerbaijanEnergyProfile_2023.pdf?fbclid=IwAR3F5hYsmgwbUbPxr5yQl7wlhD4pyw2MesxGV2bga1rrDILHRROGXnCLXoA_aem_Ae8UvsJyAKPQd-bgPhL43qhuE9x-q19jsZShKrrudvjp36XXmWzdlco7ka28Db1Wkbg
10–”سەرچاوە– Azerbaijans role in natural gas suppiles to Europe-7 Novembar 2022-By Toghrul Veliyev”
https:-//bakuresearchinstitute.org/en/azerbaijans-role-in-natural-gas-supplies-to-europe/
11–”سەرچاوە Eu-Azerbaijan Relations:- just for gas-By Thibault Vanden Bossche”
https:-//eclj.org/geopolitics/eu/eu-azerbaijan-relations-for-better-or-for-gas
12–”سەرچاوە-The-Eu- Azerbaijan Relations in the Gas Transporting Sector-2022-By:- Maksym Allieu-p:-208-209”
https:-//cejsh.icm.edu.pl/cejsh/element/bwmeta1.element.ojs-doi-10_54515_lcp_2022_1_205-218/c/articles-2137562.pdf.pdf
13–”سەرچاوە– Diversification of gas supply sources & routes:- The EU-Azerbaijan gas deal and the impact of the Armenia-Azerbaijan conflict”
https:-//www.lymec.eu/diversification_of_gas_supply_sources_routes_the_eu_azerbaijan_gas_deal_and_the_impact_of_the_armenia_azerbaijan_conflict?fbclid=IwAR2MdvR0i-F9-T7NCnRIKmfWofWoTG08SgN3InkqXug9it6RBMJM-FWDhVY_aem_Ae8zooTJU0oM-sgugVHQUQmtZNjODmjf6VQm62JrTW_OdCO3mbrFPSi_HX2Ze7QCHB8
14–”سەرچاوە– Energy Dialogue between Azerbaijan and Europe:- Realities and illusions-6 jun2023 “
https:-//papers.ssrn.com/sol3/papers.cfm?abstract_id=4454213
15–”سەرچاوە– Could Azerbaijan help the EU reduce its dependence on Russian gas?-may 22-2022”
https:-//www.pubaffairsbruxelles.eu/opinion-analysis/could-azerbaijan-help-the-eu-reduce-its-dependence-on-russian-gas/?fbclid=IwAR3HAL06vn1nxWfRjrYwNk-3XParDAWSPmZqWlU0Vt-t-x4vq9mOSVcei4A_aem_AcQlRZj7BTAkMUxJLEyO_evsIWdS4fd2thiGfDJo0rwhd1h74ypM0ij4P9speGBWPf0




































































