ئاسایشی ئابووری بریتییە لە توانای تاک، خێزان، کۆمەڵگا و وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی داهات و سەرچاوەی جێگیر بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان (خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون، تەندرووستی، پەروەردە) بە شێوەیەکی بەردەوام ، لە هەمان کاتدا پارێزراو بن لە شۆکەکانی ئابووری، دڵنیابوون لە سەقامگیری دارایی و پێشبینیکردنی ڕۆیشتنی پارە، بەمەش دڵنیابوون لە خۆشگوزەرانی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی وەک بێکاری و پشتبەستنی زۆر بە جیهانی دەرەوە. ئاسایشی ئابووری كە بناغەی سەقامگیری دەروونی و کۆمەڵایەتیە لە نێو جەنجاڵی سیاسەتە سەرلێشێواوەکان وبەرژەوەندییە تەسکەکاندا لە ئێراقدا لەدەستچووە. کاتێک گەرەنتیەکان لەناو دەچن و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان نامێنن، وڵات لە ماڵێکی یەکگرتووەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی شەڕ بۆ مانەوەی تاکەکەسی. هەموو کەسێک هەوڵدەدات بژی، تەنانەت لەسەر حیسابی کەسانی دیکەش بێت.
هەموو بەیانییەک هاوڵاتی لە خەوێکی قووڵدا بەئاگا دێتەوە، نەک بە هیوا، بەڵکو بە دڵەڕاوکێ. چاوەکانی بەڕووی ڕۆژێکی نوێدا دەکاتەوە کە تەنها بەڵێنی بەردەوامی هەمان گەڕانی بێوچان بۆ ژیانێک دەدات کە بژێوی خۆی تیادا بپارێزێت. لە خاکێکدا کە بە دەوڵەمەندترینی وڵاتانی جیهان دادەنرێت، هاووڵاتی لە نێوان هەژاری و ساماندا گیری خواردووە . ئابووری ئێراق پارادۆکسێک بەخۆیەوە دەبینێت. لە لایەکەوە هەندێک لە شارە كانی ئێراق شاهیدی بووژانەوەی پڕۆژە مەبەستەکانی خانووبەرە و مۆڵە بازرگانییەكان و تاوەرە دەوڵەمەندەکانن کە مەبەست لێی نیشاندانی وێنەیەکی سەقامگیری و مۆدێرنە. لە لایەکی دیکەوە ئاشکراکردنە سەبارەت بە چۆنیەتی خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دارایی وڵات لەلایەن تۆڕ و بانکە گەندەڵەکانەوە .
سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی بازرگانییەوە، ئیتر لە ئێراقدا دیاردەیەکی گۆشەگیر نییە ، بەڵكو بووەتە بەشێک لە دیمەنی ئابووری ڕۆژانە. خۆی ئەبینێتەوە لە کۆنترۆڵی گومرگی لاواز و تۆڕە سیاسییە ئاشکراکان كە هەموویان هۆکارن وڵات بەرەو ناسەقامگیری زیاتر پاڵدەنێن. خەمڵاندنە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانە نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار وەک هاوردەکردنی تەرخانکراو تۆمار دەکرێت، لە کاتێکدا بەهای ئەو کاڵایانە کە لە ڕاستیدا سنوورەکان دەبڕن لە ٢٠ ملیار دۆلار زیاتر نییە، بەم شێوەیە دەرفەتی زۆر بۆ سپیکردنەوەی پارە دەڕەخسێنێت.
نەبوونی ئاسایشی ئابووری لە ئێراق ئیتر ڕووداوێکی سەیر نییە، بەڵکو بۆتە واقیعێکی ڕۆژانە بۆ هاووڵاتیان. مووچە ناتوانێت تێچووی ژیان دابین بکات، هەلی کار کەم دەبێتەوە و بازاڕەکان لە ژێر فشاری هەڵاوسان دەلەرزن. لەم واقیعە سەختەدا، ئیتر نیشتەجێی سەقامگیر و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی سەلامەت بۆ خیزان بە شتێکی ئاسایی نازانرێت، بەڵکو خەونێکی دواخراوە کە لەگەڵ توندبوونەوەی بارگرانی قەیرانەکاندا زیاتر پاشەکشە دەکات.
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لەم دواییانەدا ڕۆشنایی خستە سەر ئەم واقیعە. ڕاپۆرتەکەی بە وردی باسی لەوە کردووە کە چۆن دامەزراوە داراییەکانی ئێراق بۆ گواستنەوەی ملیارەها دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات كاريان كردوە ، زۆرجار لە ژێر پەردەی هاوردەکردن یان خەرجییەکانی بەکاربەردا. لە مامەڵە بازرگانییە هەڵئاوساوەکانەوە تا قەبارەی زۆری دابینکردنی “کارتەکانی بارکراو بە پارەی پێشوەختە” دیاریکراو کە دەتوانرێت بۆ پارەدان یان کشانەوەی بەکاربهێنرێت لە ئەی تی ئێمەكاندا كە لەزوربەی وڵاتاندا بەردەستە. ئەم پلانانە نەک تەنها لاوازی سیستەمی بانکی ئێراق بەڵکو قەبارەی زۆری دەرچوونی دارایی نایاسایی لە وڵاتەکەوە دەردەخەن. تۆڕەکانی قاچاخکردن بە شێوەیەکی لێهاتووانە کەلێنەکانی سیستەمی دارایی و بانکی بەكاردەهێنن بۆ ئاسانکاری لە گواستنەوەی پارە و شەرعیەتدان بە دەرچوونیان بۆ دەرەوەی وڵات. پسوڵەی هەڵئاوساو یان کەمکراوە بەکاردەهێنرێت بۆ گەورەكردنی دەستکردی بەهای هاوردەکردن، ئەمەش ڕێگە دەدات گواستنەوەی دارایی گوماناوی وەک شتێکی شەرعی بگوازرێتەوە. ئەم پلانە ساختانە ئەو کاڵایانە دەگرێتەوە کە تەنها لەسەر کاغەز ڕاگەیەندراون، هەرگیز لە ڕاستیدا ناچنە ناو وڵاتەوە. زۆرجار قاچاخچییەکان دوو پسوڵەی جیاواز دەردەکەن بۆ شاردنەوەی تێچووی ڕاستەقینە و چەواشەکردنی دەسەڵاتە ڕێکخەرەکان.
زەرەر و زیانەکانی ئێراق تەنها بەو پارانە سنووردار نییە کە لە ڕێگەی گەندەڵییەوە تاڵان دەکرێن؛ بەڵكو درێژدەبنەوە بۆ لادانی تەواوی سەرچاوە داراییەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی کەسایەتییە کاریگەرەکاندا کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پارێزراون. ملیارەها دۆلار لە بودجەی حكومەت، لەگەڵ کۆنترۆڵی توند لە خاڵە پشکنینەکان و بەدرێژایی ڕێگا بازرگانییەکان، ئەم لادانانە ئاسان دەکات. کەرتی وزەی ئێراق وەک یەکێک لە قازانجترین کەرتەکان دەمێنێتەوە، بەڵام گۆڕەپانێکە بۆ ململانێی مەترسیداری دەسەڵات. ئەو گروپانەی کە بە قووڵی لە ئابووری سووتەمەنیدا چەسپاون، هەموو شتێک لە قاچاخچێتی بەنزینی پاڵپشتیکراو لە سنوورەکانەوە تا کۆنترۆڵکردنی کۆگاکانی نەوت و گرێبەستە گەورەکانی وزە کۆنتڕۆڵ دەکەن. ئەم چالاکییانە نەک هەر ملیارەها دۆلار بەرهەم دەهێنن، بەڵکو کاریگەرییەکانیان درێژدەبێتەوە بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان، بەو پێیەی کەمیی درێژخایەنی سووتەمەنی و کارەبا دەبێتە ئامرازێکی فشاری سیاسی کە ئەم تۆڕانە بەکاریدەهێنن بۆ زاڵبوون بەسەر زنجیرەکانی دابینکردندا.
بەهای ڕوانگەی ئاسایشی ئابووری لە ئێراقدا لە دابینکردنی هەستکردن بە ئامانج و ئاراستەکردندایە بۆ هاوڵاتی، گرنگیدان بەم گۆڕانکاری وەكو دابینکردنی هاوکاری و شوێن بۆ دۆزینەوەی هەلی کارێکی پارێزراو و سەقامگیر، لە هەمان کاتدا کارکردن هەم مومکین و هەم خواستراو بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی بازاڕی کارن؛ فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە شوێنی نیشتەجێبوونی سەلامەت، جا بە کرێ بێت یان خاوەندارێتی، لە ڕێگەی دەستێوەردانەوە بۆ دروستکردنی خانووی نوێی و پاراستنی خێزانەکان ، لە هەمان کاتدا بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی خزمەتگوزاریی چاودێری کە خێزانەکان دەتوانن پشتی پێ ببەستن.
لە ئێراقدا ئاسایشی ئابووری تەنها ئامارێک نییە کە لە ڕاپۆرتەکانی حکومەتدا ئاماژەی پێبكرێت بەڵكو بووەتە پێوەرێکی ڕاستەقینەی شەرعیەت. بۆ گەیشتن بەم ئاسایشە ئابورییە ، پێویستە ئابووری نەتەوەیی و سەروەت و سامانی گشتی بگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنی شیاوی خۆی، هاوڵاتی بکرێتە ئامانجی سەرەکی پرۆسەی سیاسی. ئەم هەنگاوە بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی بەپەلەیە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئابورییەكی بەهیز.




































































