بیرۆکەی خواردنەوەی ئاوی سەهۆڵین کە هەزاران ساڵە بەستویەتی، ئەگەر ملیۆنان ساڵ نەبێت، بە شێوەیەکی لە رادەبەدەر سەرنجڕاکێشە، بە تایبەت کە کۆمپانیاکانی ئاو دەستیان کردووە بە پەرەپێدانی ئاوی تواوەی جەمسەریی یان سەهۆڵبەندان وەک بەرهەمێکی خاوەن چۆنایەتی بەرز، پاکتر و سرووشتیتر لە هەر ئاوێکی ئاسایی. بەڵام ئەم وێنە ڕۆمانسییە مەترسییە زانستییە رژدەکان پەردەپۆش دەکات و وەلایان دەنێت. بە سرووشتی خۆی، هەموو ئاوێک بەر لە فرۆشتن و باکرهێنان دەپشکندرێت، هاوکات ئاوی چیاکان و ژێرزەوی، بە گشتی، ئەگەر سەرچاوەکەی پاک بێت، دەپاڵێورێت و بە گونجاو دادەندرێت بۆ خواردنەوە. هاوکات، ناشکرێت بە لایەنی کەم بە بێ گومان تەماشای ئەو ئاوە سەهۆڵبەندانەیە بکرێت، کە هەزاران و سەدان هەزاران ساڵە کەڵەکە دەبێت. ئینجا، مەرج نییە سەهۆڵی دێرین و کۆن شیاوی خواردنەوە بێت و گونجاو بیت بۆ خواردنەوە، چونکە لە رووی زانستییەوە ئەگەری هەیە میکرۆبی کۆن، ڤایرۆسی خەوتوو، یان پیسکەری هاوچەرخیش لەخۆ بگرێت.
“توێژینەوە زانستییەکان چی دەخەنەروو؟”
توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن سەهۆڵ هەموو ئەو شتانە دەخاتە لەخۆدەگرێت، کە لە بەرگەهەوادا هەبوون، واتا لە کاتی یەکەمین کەڵەکەبوون تا بە ئێستا دەگات. وێڕای ئەوەش، دەکرێت ئەو ئاوەی لە ئەنجامی توانەوەی سەهۆڵبەندانەوە دەتوێتەوە و دەبێتەوە ئاو، دەکرێت بەکتریای سڕبووی ملیۆنان و سەدان هەزاران ساڵ و ڤایرۆس و پێکهاتەی میکرۆبی هاوتەمەن لەخۆبگرێت، کە ئەگەری چالاکبوونەوەیان لە کاتی توانەوەی سەهۆڵدا زۆرە. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوەکان لە ئەلاسکا دەریانخستووە، کە میکرۆبەکان لە سەهۆڵدا گیریان خواردووە و تەمەنیان نزیکەی ٤٠ هەزار ساڵ و بۆ سەرەوەیە، بەهۆی توانەوە و گەرم داهاتنی بەرگەهەواوە، دووبارە چالاک بوونەتەوە. واتا خواردنەوەی ئاو وا دەکات هەندێک ڤایرۆس و بەکتریا و پێکهاتەی مایکرۆبی بچنە کۆئەندامی هەناسەدان و هەرسەوە نەخۆشی کوشندە و ڤایرۆس و بەکتریای کۆکوژ سەرهەڵبدەن کە جەستەی مرۆڤی پێشکەوتوو بەرگەیان نەگرێت و پێیان رانەهاتبێت. نازانستییش نیە وەها بیری لێ بکرێتەوە، مانەوەی مرۆڤایەتی بخاتە ژێر هەرەشەی نەمانەوە.
“کۆڵۆنیالیزمی کۆمپانیاکان: بانگەشە بازرگانییەکان و قازانج”
زۆر جاریش لایەنی دێریینی و کۆنی سەهۆڵبەندانەکانی باکوور و باشووری جەمسەرەکانی گۆی زەوی و سەهۆڵە دیرینەکانی شاخەکانیش لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ قازانجی زۆر دەفرۆشرێن و پەرە بەو رەوتە ترێند-ئاسایە دەدرێت. لایەنە ئابووری و بازاڕییەکان وا لەو دامەزراوە شێوە-کۆڵۆنیالیانە دەکات بە نرخێکی زۆر بەهۆی تەمەنی ئاوەکانیان بە خەڵکی بفرۆشن. لە کتێکدا ئەگەر ئەو ئاوە سەرچاوە-سەهۆڵانە زیانیشیان نەبێت، هیچ سوودێکی تەندروستی زیاتریان لە ئاوی ئاسایی نیە. توێژەران دەڵێن ئەم جۆرە بەبازاڕکردنە زیاتر پشت بە سەرنجڕاکێشانی دەروونی دەبەستێت نەک سوودی ڕاستەقینە، سەرمایەگوزاری لە وێنەیەکی سرووشتی ئاوی پاک بە هونەر و بانگەشە و تاکتیکێکی زیرەکانەی بەبازاڕکردن دەکەن، نەک زانستی.
“هەڕەشە و مەترسییە هەنوکەییەکان”
جگە لە مەترسییە ژیانی و ژیارییەکان، ئاوی تواوە لەوانەیە هەڵگری پیسکەری ئەم سەردەمەش بێت، وەک کانزا قورسەکان، ماددە کیمیاییەکان، پیسکەرەکانی پیشەسازی و مایکرۆپلاستیکەکان کە لە ژینگەی جەمسەریدا کۆبوونەتەوە لە ئەنجامی چالاکییە مرۆڤکردەکان (Nature World News, 2023). هەروەها دەکرێت مشەخۆری ڕیخۆڵەی وەک جیاردیا و کریپتۆسپۆریدیۆم لەخۆبگرێت کە پەیوەندییان بە سکچوون و ڕشانەوە و تێکچوونی گەدە و ڕیخۆڵە هەیە، بەتایبەتی کاتێک ئاوی سرووشتی چارەسەرنەکراو دەخورێتەوە (GNA, 2025). چەندین رووداوی نەخۆشی ڕیخۆڵە دوای خواردنەوەی ئاوی کانییە سرووشتی یان سەهۆڵینییەکان تۆمارکراون، کەواتا ئەگەر ئاوەکە ڕوون و پاکیش دەربکەوێت بەڵگە نیە بۆ ئەوەی ئاوەکە پاک بێت.
“کاریگەرییە کەشییەکان”
دەکرێت کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر چۆنایەتی خودی سەهۆڵەکە لەبەرچاو بگیرێت. لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و پاشەکشەی بارستایی سەهۆڵ لە جەمسەرەکاندا، سرووشتی چینی سەهۆڵی دێرین لە گۆڕاندایە. ڕاپۆرتە زانستییەکان دەریانخستووە زیادبوونی توانەوەی ڕووکار ڕێگەی داوە ماددە ئۆرگانییەکان و پیسکەرەکانی بەرگەهەوا بچنە ناو چینەکانی پێشتر و کەڵەکە ببن. ئەم گۆڕانکارییە لە پێکهاتەی سەهۆڵەکەدا دەرئەنجام وا دەکات ئاوی تواوەی ئێستا زیاتر پیسی یان پیسکەری تێدابێت کە دەیان ساڵ لەمەوبەر ئامادە نەبوون. توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن پیسبوونی هەوای پیشەسازی- لەوانەش سرکە، جیوە و دووەم ئۆکسیدی گۆگرد- لە ناووکی سەهۆڵی سەدەی بیستەمی گرینلانددا دۆزراوەتەوە، بەو مانایەی کە تەمەنی سەهۆڵەکە بەرگری لە دژی پیسکەرەکان ناکات.
“مەترسی ڤایرۆس و میکرۆبە دێرینەکان؛ کەواتا چی بکرێت؟”
چارەسەری مەترسییەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسە دێرینەکان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی بەردەوام و زیاترە. تایبەتمەندان لەم ساڵانەی دواییدا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی لە گۆڤارەکانی PNAS و Current Biology بڵاوکراونەتەوە، زانایان ئەو ڤایرۆسانەیان زیندووکردووەتەوە کە بۆ ماوەی دەیان هەزار ساڵ لە بەستەلەکی سایبیریادا سڕبوون. هەرچەندە ئەم ڤایرۆسانە مەترسی ڕاستەوخۆیان لەسەر مرۆڤ نیشان نەداوە (ئەگەر دەستکاریی نەکرێن)، بەڵام چالاکبوونەوەیان دوای توانەوەیان دەرخەری ناسکی ژینگاکانە، تایبەت کاتێک وردە زیندەوەرە پێشتر نەناسراوەکانیش ناوە ناوە دەردەکەون. ئەم توێژینەوانە بەو واتایە نین هەموو ئاوی سەهۆڵی کۆن لە بنەڕەتدا مەترسیدارە، بەڵکو ئەوە پیشان دەدات کە پێویستە بە وریایی زانستییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاوی بەستەڵەکە کۆنەکاندا بکرێت.
“ڕەهەندی یاسایی و بەکارهێنان”
لایەنێکی دیکە کە زۆر گرنگە لەبەرچاو بگیرێت، ڕەهەندی یاسایی و ڕێکخراوەیی پیشەسازی ئاوی بەستەڵەکەکانە. زۆرێک لە وڵاتان پێوەری ڕوون یان چاودێری تایبەتیان نییە بۆ ئاوی هەڵێنجراو و کۆکراوە لە سەهۆڵ یان ناوچە جەمسەرییەکان، ئەمەش بەشێکی زۆری بەرپرسیاریەتی پارێزراویی تەندروستی بۆ خودی کۆمپانیاکان بەجێدەهێڵێت. شارەزایانی تەندروستی گشتی نیگەرانی خۆیان لەبارەی نەبوونی ڕێسا و یاساکانەوە دەردەبڕن، بۆیە داوا لە کۆمپانیاکان دەکەن ئەنجامی پشکنینی میکرۆبی و کانزا قورسەکان لەم جۆرە ئاوەدا ئاشکرا بکەن، هیچ نەبێت بە ئەندازەی ئەو چاودێریی و یاسایانەی بۆ ئاوی خواردنەوەی ئاسایی یان ئاوی قوتوو بەرکارن لە پێناو تەندروستی و بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدا.
“شیاویی و دروستی ئاو بۆ خواردنەوە”
گرنگە ئەوەمان لەبەرچاو بێت، ئاوی تواوە تاڕادەیەک تەواو لە کانزا سەرەکییەکان بێبەشە، ئەمەش وایکردووە بۆ خواردنەوە نەگونجێت. ئاوی کەم کانزا هاوسەنگی ئەلکترۆلایتەکانی لەش تێکدەدات و کاریگەری لەسەر ئاستی سۆدیۆم و پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم دەبێت، ئەمەش توانای جەستە بۆ هەڵمژینی شلەمەنیەکان بە شێوەیەکی کاریگەر تێکدەدات. سەرەڕای ئەم مەترسیانە، هەڵمەتە بازرگانییەکان زۆرجار سەرنجیان لەسەر بەبازاڕکردنی ئاوی سەهۆڵین وەک پاک و سرووشتی گوایە بێ خەوشە یان باش و تەندروستە کە تەمەنی هەزاران ساڵە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە پێویستی چارەسەرکردن بکرێت، کە خۆشیان ئەنجامی دەدەن. بۆیە باشتر وایە پێش خواردنەوە ئاوەکە بە تیشکی سەروو بنەوشەیی بکوڵێندرێت، فلتەر بکرێت، یان بەشێوازی زانستی دیکە پاک بکرێتەوە. لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا بیرۆکەی خواردنەوەی ئاوی بەستەڵەک و سەهۆڵبەندان و بەستوو ڕەنگە سەرنجڕاکێش بێت. لەوانەیە ئەو ئاوەی، کە لە ئەنجامی توانەوەی سەهۆڵەوە دێتە ئاراوە، میکرۆبی کۆن و پیسکەری ئەم سەردەمە و کەمی کانزا سەرەکییەکانی تێدابێت، ئەمەش وابکات ببێتە بژاردەیەکی مەترسیدار بەبێ چارەسەری زانستی دروست. بۆیە زۆر گرنگە دڵنیا بین لەوەی کە ئەو ئاوەی لە بازاڕەکان هەیە یان بەردەست دەخرێت پاڵاوتن و پاککردنەوەی بەسەردا هاتووە، چونکە مەرج نییە جوانی شێوە و “پاکی سەهۆڵەکە” وابکات ئاوەکەی شیاو بێت بۆ خواردنەوە.
Al Jazeera. (2025). Scientists Revive Microbes from 40,000-Year-Old Alaskan Ice.
Nature World News. (2023). Arctic Ice Melt Reveals Heavy Metals and Microplastic Contamination.
GNA. (2025). Health Experts Warn of Giardia and Cryptosporidium in Untreated Natural Water Sources.




































































