“پێشه‌كی”
گه‌شه‌سه‌ندنی ئامرازه‌كانی میدیا، زه‌مینه‌یه‌كی شیاوی ره‌خساند بۆ هێنانه‌دی پێشبینییه‌كه‌ی “مارشاڵ مه‌ك لۆهان” “Marshall Mcluhan” سه‌باره‌ت هه‌نگاونانی جیهان به‌ره‌و گوندی گڵۆباڵی، به‌جۆرێك كه بواره‌كانی ئاڵوگۆڕی خێرای هه‌واڵ و داتا له‌ڕێگه‌ی میدیاوه، زۆرینه‌ی کۆمەڵگەكانی دووچاری گۆڕانكاریی گه‌وره كردۆته‌وه.
ده‌وڵه‌تان به‌پێی ستراتیجی خۆیان، یاسای جۆراوجۆریان له‌پێناو رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌م مۆدیله نوێیه داڕشتووه تا ئامرازه‌كانی میدیا “به‌تایبه‌تی سۆشیال میدیا” له‌هه‌ر جۆره خراپ به‌كارهێنانێك بپارێزن. له هه‌رێمی كوردستاندا، ئامرازه‌كانی میدیا وێڕای په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی هۆشیاریی مرۆیی له‌ناو کۆمەڵگەی كوردیدا، ئاوێته‌ی سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیان بووه وه‌ك:- بانگه‌شه بۆ كاری سیاسی و ئایینی، بڕه‌ودان به كاری بازرگانی ئۆنلاین، ریكلام و بازاڕگه‌ری…تاد. له یاساكانیشدا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات، ده‌رفه‌تێكی شیاوی بۆ ئازادیی راده‌ربڕین ره‌خساندووه. له‌هه‌مانكاتدا جێگه‌ی نیگه‌رانییه كه خراپ به‌كارهێنانی میدیای ئه‌لیكترۆنی، رێژه‌ی جۆره‌ها تاوانی له کۆمەڵگەدا زیاد كردووه، هه‌ندێك له‌و تاوانانه دژ به سیسته‌م و سه‌روه‌ریی دامه‌زراوه یاسایی و فه‌رمییه‌كانه، به‌شێك له‌م تاوانانه دژ به کۆمەڵگە یاخود مافه‌كانی تاكه‌كه‌س ئه‌نجام ده‌درێن. لێكه‌وته‌ی تاوانه‌كانیش كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی و دیارده‌ی نه‌خوازراوی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه. له‌م روانگه‌یه‌وه به‌وردی ده‌ستنیشانی تاوانه‌كان ده‌كه‌ین به‌ئامانجی خۆپارێزی له ئه‌نجامدانیان، هه‌روه‌ها شرۆڤه‌ی رێكاره‌كانی داواكردنی ماف له دادگادا له‌لایه‌ن هه‌ركه‌س و لایه‌نێك ده‌كه‌ین كه ده‌یانه‌وێ مافه‌كانیان به‌هۆی تاوانی میدیاییه‌وه پێشێل نه‌كرێت.
“چه‌مك و جۆره‌كانی تاوانی میدیایی”
پرۆسه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یام “بابه‌ت، وێنه، ڤیدیۆ، كاریكاتێرو…تاد” له رێگه‌ی ئامرازه‌كانی گه‌یاندنه‌وه “خوێنراو، بینراو، بیستراو یاخود ئینته‌رنێت” كه پێشێلی هه‌ر مافێكی مرۆیی یاخود ماف و ئه‌ركه فه‌رمییه‌كانی تێدابێت وه‌ك له یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، ده‌چێته خانه‌ی تاوانی میدیایی.
به‌گشتی تاوانی میدیایی چوار بنه‌مای هه‌یه:-
-بنه‌مای ماددی:- په‌یوه‌ندیداره به كاری رۆژنامه‌نووس و میدیاكان، ئه‌ویش بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تێكه كه تاوانی تێدابێت. واتا بابه‌ت له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی، به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.
-بنه‌مای مه‌عنه‌وی:- شرۆڤه‌ی نییه‌ت و ئامانجی رۆژنامه‌نووس و دامه‌زراوه‌كانی میدیایه، ئایا تا چه‌ند نییه‌تیان هه‌بووه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تێك كه تاوانی تێدایه؟. ئه‌گه‌رچی نه‌بوونی نییه‌ت، سزای تاوانكاری لانابات.
-بنه‌مای یاسایی:- بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێك یاخود ئه‌نجامدانی ره‌فتارێك یا وازهێنان له ئه‌ركێكی میدیایی، كاتێك ده‌چێته خانه‌ی تاوان كه مادده‌یه‌ك یاخود بڕگه‌یه‌كی یاسایی به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو ئاماژه‌ی بۆ تاوانه‌كه كردبێت.
-بنه‌مای ئاشكرایی:- هه‌ر بابه‌تێك له میدیادا بڵاوبكرێته‌وه، واتا دۆخی ئاشكرایی به‌خۆوه‌گرتووه، ئه‌گه‌ر تاوانی تێدابێت ئه‌وا دۆخی تووند وه‌رده‌گرێت، فاكته‌ری ئه‌م سزا توونده‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌میشه خه‌ڵك زیاتر باوه‌ڕ به بابه‌تی بڵاوكراوه ده‌كات، كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر زیاتره و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ش له هزردا درێژخایه‌نتره.
لێره‌دا ئاماژه به دیارترین تاوانه‌كانی میدیا له یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كه‌ین، به‌ئامانجی خۆپارێزی رۆژنامه‌نووسان و میدیاكان.
“تاوانی یه‌كه‌م؛ سایبه‌رتیرۆریزم”
چه‌مكی “تیرۆریزم” لەڕووی زانستی زمانناسییەوە “Philology” لە بنەڕەتدا لە وشەی “Terrorisme”ی فەڕەنسییەوە هاتووە، بە مانای ترسێكی زۆر، تۆقاندن، دڕندەیی و تێكدانی باری دەروونی دێت”[1]“. “ئینسایكلۆپیدیای بهریتانیكا” له پێناسێكدا كه بووه به بنه‌ما بۆ ناسینه‌وه‌ی تیرۆریزم، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات:- پرۆسه‌ی پەنابردن بۆ ترساندنی مەبەستدار یاخود تووندوتیژییە دژ بەحكومەتەكان، هاووڵاتیان و كۆمەڵگەكان بۆ هێنانەدی ئامانجێكی سیاسی”[2]“. به‌مانایه‌كیتر هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز و تووندوتیژییە دژ بە هاووڵاتیان یاخود کۆمەڵگە و داموده‌زگا فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان، به‌ئامانجی له‌ناوبردنیان یاخود ناچاركردنیان بۆ رازیبوون به داواكارییه‌كانی تیرۆریستان كه ده‌شێ كه‌سێك یاخود گرووپ و لایه‌نێك ئه‌نجامی بدات. هاتنه‌ئارای میدیای ئه‌لیكترۆنی، شێوازێكی نوێی تیرۆری هێنایه ئاراوه كه به‌كارهێنانی ئامرازه ئه‌لیكترۆنییه‌كانه بۆ ئه‌نجامدانی تاوان یاخود دنه‌دان بۆ لادان. بە بڕوای “دورۆتی دەنینگ”، تیرۆریزمی ئەلیكترۆنی لە رێگەی میدیاوە واتا:- بەكارهێنانی ژینگەی میدیا و بواری ئەلیكترۆنی بە ئامانجی تیرۆر، پەلاماردان و هەڕەشەی نایاسایی لە رێگەی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی زانیاری و بڵاوكردنەوە بۆ خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوكێ یا ناچاركردنی دەوڵەت یان جەماوەر لەپێناو بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی تایبەت”[3]“. گرووپ و رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان بۆ چه‌ندین مه‌به‌ست، میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كارده‌هێنن، وه‌ك:-
–بانگه‌شه بۆ په‌یداكردنی هاوسۆزی به‌ناوی جۆراوجۆری ئایدیۆلۆژی.
–بڵاوكردنه‌وه‌ی واته‌واتی ترس و تۆقاندن بۆ تێكدانی ئاسایشی کۆمەڵگەیه‌ك یاخود وڵاتێك.
–دنه‌دان بۆ كاری تووندڕه‌وی و په‌شێوی.
–په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌ی داهات.
–دروستكردنی تۆڕی ئه‌لیكترۆنی.
هەرێمی كوردستان لە ماوەی جەنگی داعشدا رووبەڕووی هه‌مان مەترسی “سایبەرتیرۆریزم” ببۆوه، تیرۆریستان وێڕای بانگه‌شه بۆ راكێشانی كه‌سانی تووندڕه و بۆ ریزه‌كانی داعش، هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و واتهواتیان له هه‌رێمی كوردستان ده‌دا. ئه‌م ره‌فتارانه و هاوشێوه‌كانی، له هه‌رێمی كوردستان به‌تاوان داده‌نرێت. لە یاسای ژمارە “3”ی ساڵی “2006”دا كە پەیوەستە بە بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن “تیرۆر” لە هەرێمی كوردستان، له هەردوو بڕگەی “4،2”ی ماددەی چوارەمدا ئاماژه‌ی پێداوه. لە بڕگەی دووەمدا هاتووە:-“نووسراو، چاپەمەنی. كە هاندان، بەچاكزانین، یان پڕوپاگەندە لەخۆبگرێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆركاری، بەمەبەستی دابەشكردنی یان بڵاوكردنەوەی”. لە بڕگەی چوارەمیشدا هاتووە:-“بەئەنقەست، هەواڵ، روونكردنەوە یان پڕوپاگەندەیەكی تۆقێنەر بڵاوبكاتەوە. كە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسییەوە.”. سه‌باره‌ت به هه‌وڵی میدیاكان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی نهێنییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی تیرۆریستان و دوژمنانی كورد به‌شێوه‌یه‌كی خراپ كه‌ڵك له زانیارییه‌كان وه‌رنه‌گرن، له یاسای ژمارە “11”ی ساڵی “2013ز”ی تایبەت بە “مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان”دا، ئاماژه‌ی بۆ پاراستنی زانیارییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ئاسایشی ناوخۆ كردووه، لە بڕگه‌ی دووه‌می ماددەی چواردههەمدا جەخت لەسەر ئەوە ده‌كاته‌وه كە بڵاوكردنەوەی ئەم زانیارییانە، لە دوای بەسەرچوونی “20” بیست ساڵ ئاشكرا دەكرێن:-
1- نهێنی تایبەت بە بەرگری و ئاسایشی هەرێم “وردەكاری چەك و پێداویستییە سەربازییەكان، ئەركە نهێنییە سەربازی و ئاسایشییەكان، جوڵە و تەكتیكی بەرگری و زانیاری هەواڵگریی”.
2- ئەو زانیارییانەی كەوا ئاشكراكردنیان دەبێتە هۆی كارتێكردن لەسەر رێڕەوی ئەو دانوستانانەی كەوا هەرێم لەگەڵ هەر لایەنێكی تر دەیكات، یان لەسەر گۆڕینەوەی زانیارییەكان، ئەگەر هەردوولا لەسەر نهێنی بوونی رێككەوتن تا بڵاوكردنەوەی”.
له‌م روانگه‌یه‌وه میدیاكان، رۆژنامه‌نووسان و به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بێ خۆبپارێزن له بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن، هه‌رجۆره بڵاوكردنه‌وه‌یه‌كی په‌یامی تیرۆریستیش هه‌مان به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.
“تاوانی دووه‌م؛ پێشێلی ژیانی تایبەت”
مافێكی به‌رایی مرۆڤ رێزگرتنه له “ژیانی تایبەت”، بایه‌خدان به‌م چه‌مكه له یاسادا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌وڵه‌كانی دوو یاساناسی ئەمریكی “سامۆئیل وارین”و “لویس براندیس” كه توێژینەوەیەكیان لە ساڵی “1890” بەناوی “مافی ژیانی تایبەت” بڵاوكردەوە، بە فەرمی داوای پارێزگاری لە مافی ژیانی تایبەتییان لە یاساكاندا خستەڕوو[4].
مه‌به‌ست له‌م مافه، پاراستنی شكۆ و سنوری ژیانی خودی و خێزانی هەر مرۆڤێك لەهەمبەر دەستوەردانی نایاسایی چ بەشێوازی راستەوخۆ بێت یاخود ناڕاستەوخۆ[5]. ئەمڕۆ گرفتێكی مەترسیداری میدیا، دەستوەردانە لە ژیانی تایبەتی هاووڵاتیان. بەو مانایەی:- تەكنەلۆژیای زانیاریی بۆتەمایەی هەڕەشە بۆسەر ژیانی تایبەتی، ئەویش لە رێگەی دەستوەردان لە زانیارییە تایبەتییەكان كە بە كەمترین بودجەوە دەتوانێ كاریگەری لەسەر دابنێ[6].
تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وێڕای خه‌سڵه‌ته باشه‌كانی، له هه‌رێمی كوردستاندا بووه به مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ش بۆ سه‌ر ژیانى تایبه‌ت كه به ئاسایشى تاكه‌كه‌س داده‌نرێت، پێشێلكردنی ئه‌م مافه تایبه‌تییه، گیروگرفتی زۆری بۆ كه‌سێتی و ئاشته‌وایی خێزان دروستكردووه، به‌جۆرێك له‌دواى هاتنه ئارای تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانهوه، ئاژاوه و ناته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆته مایه‌ی ئه‌نجامدانى چه‌ندین تاوانی جۆراوجۆر و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزان. له‌م روانگه‌یه‌وه له یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی ژماره “35”ی ساڵی “2007”دا جه‌خت له‌سه‌ر پارێزگاری له ژیانی تایبه‌ت كراوه‌ته‌وه، دیارترین پێوه‌ریش بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سنوری نێوان ژیانی تایبه‌ت و گشتی، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌یه:- ئایا ئه‌و بابه‌ته‌ی ده‌مانه‌وێ ده‌رباره‌ی كه‌سێك بڵاوی بكه‌ینه‌وه، خێری بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تێدایه؟. بۆ نمونه:- هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌سێك به‌ژیانی تایبه‌ت دانانرێت، به‌ڵام نابێ كه‌س به‌هۆی كه‌سه‌وه له‌كه‌دار بكرێت، وه‌ك په‌لاماردانی كه‌سێك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ كهسێكیتردا هه‌یه.
“تاوانی سێیه‌م؛ زیانگه‌یاندن به ئادابی كۆمه‌ڵایه‌تی”
رێزگرتن له‌و كولتووره جۆراوجۆرانه‌ی كه به ئادابی كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كوردستاندا داده‌نرێن، به‌ئه‌ركێكی یاسایی داده‌نرێت. له بواری میدیادا، هه‌ر بابه‌تێك كه زیان به‌ئادابی گشتی بگه‌یه‌نێت به تاوان داده‌نرێت، بۆ نمونه بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه و گرته‌ی ڤیدیۆیی یاخود بابه‌تێك كه هاندانی تێدابێت بۆ:- چاندنی رق و كینه، هاوڕه‌گه‌زخوازی، خیانه‌تی خێزانی، بێ ڕێزی به‌رامبه‌ر توێژه تایبه‌ته‌كان “وه‌ك:- خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت”، له‌شفرۆشی، سیحر‌و جادو و…تاد. چونكه ده‌بێته مایه‌ی لێكترازاندنی پێكهاتەكانی كۆمەڵ. له یاسای رۆژنامەگهری ژمارە “35”ی ساڵی “2007” لە كوردستان، لە بڕگەی “1”ی ماددەی نۆیەمدا هاتووە رۆژنامەنووس و سەرنووسەر غەرامە دەكرێن، كاتێك بابەتێك بڵاو بكاتەوە ببێتە مایەی”چاندنی تۆی رق و كینە و لێكترازاندنی پێكهاتەكانی كۆمەڵ”. له‌م روانگه‌یه‌وه میدیاكان له‌هه‌ر هه‌نگاوێكدا بۆ گۆڕانكاری له ئاداب و كولتووردا به‌ئامانجی پێشكه‌وتنی کۆمەڵگە، پێویسته ره‌چاوی ئه‌م راستییه یاساییه بكات كه به‌نییه‌تی باشی مرۆیی و به‌زمانێكی نه‌رم و به‌شێوازێكی لۆژیكی، هه‌وڵ بۆ ره‌خنه‌گرتن یاخود چاكسازی له‌و بابه‌تانه‌دا بدات كه ده‌چنه خانه‌ی ئادابی كۆمه‌ڵایه‌تی.
“چواره‌م؛ زیانگه‌یاندن به ئایین و ئایینزا جیاوازەكانی كۆمەڵگا”
تايبهتمهندییهكی كوردستان كه سه‌رنجی زۆری رۆژهه‌ڵاتناسانی راكێشاوه، فره‌چه‌شنی ئایینی “ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی و…تاد” و ئایینزا و ته‌ریقه‌تی “كاكەیی، هەقە، نەقشبەندی، قادری” له‌خۆگرتووه، میدیاكان و به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێكدا كه په‌یوه‌ندی به ئایینه‌وه هه‌بێت، پێویسته ره‌چاوی شعور و رێزی شوێنكه‌وتووانی ئایینه‌كه بكات، هه‌ر جۆره بابه‌تێك كه وشه و وێنه و ڤیدیۆی رووشێنه‌ر یاخود سوكایه‌تی تێدابێت، ده‌چێته خانه‌ی تاوانه‌وه. ئامانجی سه‌ره‌كی یاسادانه‌ران بۆ چه‌سپاندنی ئه‌ركی ڕێزگرتن له ئایینه جۆراوجۆره‌كان، رێگه‌گرتنه له هه‌ر جۆره شه‌ڕ و پێكدادانێكی ئایینی له‌نێوان په‌یڕه‌وانیدا.
له یاسای رۆژنامەگهری لە كوردستاندا، لە بڕگەكانی”2-3”ی ماددەی نۆیەمدا، جه‌ختی له‌سه‌ر سزادانی ئه‌م دوو تاوانه كردۆته‌وه:-
1. سوكایەتیكردن بە بیروباوەڕ و رێوڕەسمە ئایینیەكان.
2. سوكایەتیكردن بە سیمبول و پیرۆزییەكانی هەر ئایین و ئایینزایەك و لەكەداركردنیان.
“پێنجه‌م؛ تۆمەت خستنەپاڵ و جنێودان”
هه‌رجۆره بابه‌تێك كه وشه و وێنه و گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ناڕاست یاخود بوختانی تێدابێت، دژ به كه‌سێك یا چین و توێژێك یا ده‌ڤه‌رێك یا لایه‌نێك، ئه‌وا به‌تاوان داده‌نرێت. له یاسادا مەبەست لە “تۆمەت خستنەپاڵ” “قذف” وتەیەكە سیفاتێكی سەلماندن و بینراوی تێدایە زۆرجار لە رێگەی رۆژنامەوانییەوە ئەنجام دەدرێت[7]، واتا لە تاوانی خستنە پاڵ و بوختاندا به‌ئاشكرا یاخود به‌زمانی ئاماژه، ره‌فتارێكی نه‌شیاو دهدهرێته پاڵ كه‌سێك كه گوایه ئه‌نجامی داوه، له “قذف”دا خراپەكە “واقیعەكە” بەروون و ئاشكرایی دەخرێتە پاڵ كەسەكە یاخود لایەنەكە. یاسای سزادانی ئێراقیش[8] بەوردی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی داناوه تا رۆژنامەنووس لەكاتی رەخنە و هەڵسەنگاندندا ره‌چاوی بكات تا بابه‌ته‌كه‌ی به تۆمه‌ت خستنه‌پاڵ دانه‌نرێت، هه‌ر بابه‌تێك به‌ر له بڵاوكردنه‌وه‌ی:-
–پێویسته دڵنیا بین له راستی و دروستی.
–به‌پشتبه‌ستن به به‌ڵگه، پێویسته توانای سه‌لماندن هه‌بێت.
–خێر و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تیادا ره‌چاو بكرێت.
مه‌به‌ست له تاوانی جنێودان “سب” قسەیەكە سیفاتێكی سادە و زووتێپەڕی هەیە[9]، بۆ شكاندنی شەرەف یان رووشاندنی ناوبانگی و برینداركردنی هەستی كەسێك یاخود لایەنێك ئەنجام دەدرێت، یاسای سزادانی ئێراقی[10] سزای بۆ داناوە، ئه‌گه‌ر لە رێگەی ئامرازه‌كانی میدیاوه ئەنجام بدرێت، ئه‌وا ئاستی سزاكه‌ی تووندتره، چونكە له‌نێو زۆرترین خه‌ڵكدا بڵاوده‌بێته‌وه.
لە یاسای رۆژنامه‌گه‌ریدا لە بڕگەی “5”ی ماددەی نۆیەمدا هاتووە:-“جنێودان و توانجی ناڕەوا و ناوزڕاندن قەدەغەیە”، ئەم بڕگەیە هێڵێكی جیاكەرەوەی لەنێوان جنێودان و ناوزڕاندن وەك تاوانێكی رۆژنامەنووسی لە گوتاری رەخنەیی هه‌ڵبواردووه.
شه‌شه‌م:- پێشێلی مافی دانەر
پرۆسه‌ی پارێزگاری له بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییە رەسەنەكان بۆ خاوەنەكەی، له‌ڕووی موڵكایه‌تی تا قۆناغی بڵاوكردنه‌وه و هه‌رجۆره مامهڵهیهكیتر “به‌مه‌رجێك دژ به‌یاسا نه‌بێت”، مافێكی یاسایی خاوه‌ن به‌رهه‌مه و له‌ڕووی یاساییەوه به‌پارێزراو داده‌نرێت. میدیاكان لە هەرێمی كوردستان ئەركی سەرشانیانە كه رێز له مافی خاوه‌ندارێتی به‌رهه‌م بگرن “هه‌ر ژانرێكی میدیایی بێت وه‌ك:- وتار، راپۆرت، گفتوگۆ، هه‌واڵ و زانیاری تایبه‌ت، وێنه، گرافیك، كاریكاتێر و….تاد”، بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رهه‌مێكی تایبه‌ت پێویست به وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌گه‌رنا بەپێی ماددەی “سێ”ی یاسای مافی دانەرو مافە هاوسێكانی بە ژمارە “17”ی ساڵی “2012ز” لەڕووی یاساییەوە بەرپرسیارن.
له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، دیارده‌ی تاوانی پێشێلی مافی دانه‌ر له‌ڕێگه‌ی كۆپی و ده‌ستكاری زانیاری و بابه‌ت و وێنه‌وه له ئاستێكی به‌رزدایه، ئه‌مه‌ش به پێشێلی مافی خاوه‌ندارێتی داده‌نرێت. بۆ خۆپارێزی له‌م تاوانه، له‌كاتی سه‌رله‌نوێ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێك “هه‌واڵ، وێنه” و بابه‌تی جۆراوجۆردا، پێویسته ئاماژه به‌سه‌رچاوه‌كه‌ی بدرێت، هیچ ده‌ستكارییه‌كی ناوه‌ڕۆكیش نه‌كرێت. سه‌باره‌ت به پاراستنی مافی كتێب و پرۆگرامه‌كانیش، پێویستی به وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له خاوه‌نه‌كه‌ی هه‌یه، ئه‌گه‌رنا مافی تۆماری سكاڵای بۆ قه‌ره‌بووی مافه مه‌عنه‌وی و داراییه‌كانی هه‌یه.
سەرچاوە:
[1] – محمد علی سفری: مفاهیم تروریسم در قاموس زورمداران جهان، انتشارات صبا، 1384، ص(22).
[2] – The New Encyclopedia Britannica, 1986,Vo 11, P 1125.
[3]-Hancock, B:“Cyber-Tracking, Cyber-terrorism Computشers and Security“, Vol.20,No7, 2001,P 553.
[4]– Warren and Brandeis: The Right to Privacy, Harvard Law Review,Vol. IV, 1890, No. 5,
http://groups.csail.mit.edu/mac/classes/6.805/articles/privacy/Privacy_brand_warr2.html -.
[5]– Shostack.A and Syverson.P (2004):What price privacy, J. in Economics of Information Security”, The Netherland, Kluwer, P 31.
[6]– د.عامر قندیلجی: مصادر المعلومات الاعلامیة، دار المسیرة للنشرو التوزیع، طبعة الثانیة 2015، ص (324).
[7]– د. مبدر الویس: أثر التشهیر في الصحافة، دراسة مقارنة، طبعە الاولي، مطبعة دار الجاحظ 1986، ص (47).
[8]– یاسای سزادانی عیراق ژمارە (111)ی ساڵی (1969)، له ماددەی (433)دا به‌م چه‌شنه باسی (قذف)ی كردووه::” هو اسناد واقعة معینة الی الغیر باحدی طرق العلانیة، من شانها لو صحت ان توجب عقاب من أسندت الیە او اختفارە عند أهل وطنة”.
[9]– د. مبدر الویس: أثر التشهیر فی الصحافە، دراسە مقارنە… مصدر سابق، ص (47).
[10]– ماددەی (434) لە ژمارە (111)ی ساڵی (1969)ی یاسای سزادانی عیراق تایبەتە بە (سب) كە ئەمە دەقەكەیەتی: (هو رمی الغیر مما یخدش شرفة أو اعتبارة او بجرح شعورة وان لم یتضمن ذلك اسناد واقعة معینة)




































































