“نووسەرە خۆشەویستەکەی ئێستای جیهان، ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی لەم سەردەمە پڕ پشێوییەدا پەرتووکەکانی هێندە سەرنجڕاکێشن”
ڕۆژێک بەر لە دیدەنییەکەم لەگەڵ هاروکی موراکامی لە مانهاتن، ئەو وەک نەریتی ڕۆژانەی بۆ ڕاکردنەکەی پێش نیوەڕۆ دەچێتە سەنتراڵ پارک؛ لەوێ ژنێک پێشی پێ دەگرێت و دەڵێت، «ببەخشە، تۆ ئەو نووسەرە ژاپۆنییە بەناوبانگە نیت؟» شێوازی پرسیارکردنەکەی تۆزێک نامۆ بووە، بەڵام موراکامی بەو هێمنییە هەمیشەییەی خۆیەوە وەڵامی دەداتەوە؛ «پێم گوت، “نەخێر، من تەنیا نووسەرێکم، لەگەڵ ئەوەشدا بە بینینت خۆشحاڵم!”.» دوای ئەوە تەوقەمان کرد. «کاتێک خەڵکی ئاوا دێنە ڕێم، تووشی هەستێکی سەیر دەبم، چونکە من تەنیا مرۆڤێکی ئاساییم. بەڕاستی تێناگەم بۆچی خەڵک حەز دەکەن بمبینن.» هەڵەیە ئەگەر ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بە خاکەڕاییەکی ساختە، یان بێزاربوونی موراکامی لە ناوبانگەکەی لێک بدەینەوە؛ تەنیا دەکرێت بڵێین موراکامی ٦٩ ساڵە، بە ناوبانگە جیهانییەکەی نە سەرمەستە و نە لێشی بێزارە. لە ڕاستیدا، تێڕوانینی ئەو وەک تێڕوانینی تەماشاکەرێکە کە کونجکۆڵ و تا ڕادەیەکیش سەرسامە؛ هەم بەهۆی ئەو چیرۆکە سوریالییانەی لە نەستییەوە هەڵدەقوڵێن، هەمیش بەهۆی ئەو ڕاستییەی کە ملیۆنان خوێنەر، چ بە ژاپۆنی و چ بە وەرگێڕدراوی بۆ زمانەکانی دیکە، بە تامەزرۆییەوە پەرتووکەکانی دەخوێننەوە. بێگومان ڕێکەوت نییە کە کارەکتەرە سەرەکییەکانی چیرۆکەکانیشی بە هەمان شێوە تەماشاکەرێکی دەرەکین؛ پیاوێکی هێمن، لە کۆمەڵگە دابڕاو و زۆربەی جار بێناو لە ناوەڕاستی سییەکانی تەمەنیدا، کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نامۆ یان گەڕان بەدوای پشیلەیەکدا، ڕایدەکێشێت بۆ جیهانێکی هاوتەریب و ئەویش، لەجیاتی ئەوەی بشڵەژێت، بەپەرۆش دەبێت. ئەم جیهانە هاوتەریبە پڕە لەو سەگانەی دەتەقنەوە، پیاوانێک لە بەرگی مەڕدا، کچانی ڕازئامێز و خەڵکانی بێ دەموچاو.
موراکامی پێی وایە کە ئەم شێوازە ئەدەبییە ئەفسوناوییە، لە سەردەمی پشێوییە سیاسییەکاندا سەرنجڕاکێشییەکی تایبەتی هەیە. ئەو لە کاتێکدا لە ژووری کۆبوونەوەی نووسینگەی بریکارە ئەدەبییە ئەمەریکییەکەیدا دانیشتووە و قومقوم ئاوەکەی دەخواتەوە، ڕوونی دەکاتەوە؛ «لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ڕووسیا، کاتێک یەکێتیی سۆڤیەت لە گۆڕاندا بوو، من زۆر خۆشەویست و بەناوبانگ بووم، چونکە سەرلێشێواوی باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشابوو و خەڵکانی سەرلێشێواویش پەرتووکەکانی منیان بەدڵ بوو. لە ئەڵمانیاش کاتێک دیواری بەرلین ڕووخا، سەرلێشێواوی هەبوو و خەڵک پەرتووکەکانی منیان بەدڵ بوو.» ئەگەر ئەم تیۆرییە ڕاست بێت، کەواتە ئەمەریکای سەردەمی دۆناڵد ترەمپ و ئەو بەریتانیایەی لە یەکێتیی ئەورووپا چووەتە دەرەوە، بازاڕێکی پڕقازانج دەبن بۆ چواردەیەمین ڕۆمانی، واتە «کوشتنی فەرماندە». ئەم پەرتووکە ٦٧٤ لاپەڕەییە، لێوانلێوە لە تێکەڵە سەیر و سەمەرەکەی موراکامی، کە فیلیپ گابریێل و تێد گۆسن وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و لە ٩ی ئۆکتۆبەردا لە بەریتانیا چاپ کراوە. هەوڵدان بۆ پوختەکردنەوەی چیرۆکەکانی کارێکی بێهودەیە، بەڵام هەر هێندە بەسە ئاماژە بەوە بدەین کە گێڕەرەوەی بێناوی ئەم چیرۆکە، نیگارکێشێکی پەرێشانە و بەم دواییانە هاوسەرەکەی بەجێی هێشتووە، و بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم دۆخەدا ڕابێت، پەنا دەباتە بەر چیاکانی ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن. ئەم گەشتە سەردەکێشێت بۆ سەرکێشییەکی پڕ جۆش و خرۆش؛ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دامەزرێنەرە نهێنیئامێزەکەی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیا، زەنگێک کە شەوان لەخۆیەوە لێ دەدات، پەرستگایەکی ژێرزەوی – بیرەکان و شوێنگەلی دیکەی بنعەرزی، هەرو ەها پشیلە ونبووەکان کە لە توخمە جێگیرەکانی بەرهەمەکانی موراکامین- لەگەڵ سەربازێکی سامۆرایی زۆر چەنەباز، کە لە تابلۆیەکەوە باز دەداتە دەرەوە؛ کە گێڕەرەوە لە ژووری ژێر خەبەنگ دۆزیویەتیەوە. (لەلای نووسەر، کە لە هەرزەکارییەوە هۆگری چیرۆکەکانی ئێف سکۆت فیتزجێراڵد بووە، ئەم توخمانە کۆبوونەتەوە تا ڕێزلێنانێک بن بۆ ڕۆمانی “گاتسبیی مەزن”؛ بانگەشەیەک کە تا ڕۆمانەکە بچێتە پێشەوە، زیاتر لە ڕاستییەوە نزیک دەبێتەوە.)
ئاسانە لەوە تێبگەین بۆچی لە سەروبەندی شڵەژانی سیاسیدا، بەرهەمەکانی موراکامی هێندە دەبنە جێی سەرنج؛ چونکە کارەکانی، کاریگەرییەکی ئەفسوناوی و، جاری وایە دڵنەواییبەخشیش بە ڕۆحی خوێنەر دەبەخشن. نامۆییی ڕەوتی ڕووداوەکان، بە هێمنییەکی سۆزداری دادەمرکێتەوە؛ هێمنییەک کە وەک پەناگەیەکی ئارامبەخش وایە بۆ هەڵاتن لە جیهانی ڕاستەقینە و هەڵبەز و دابەزەکانی. موراکامی لە یەکێک لە دیدارەکانیدا دەڵێت کە حەزی لە یاریی بەیسبۆڵە “چونکە بێزارکەرە”؛ هەروەها لە پەرتووکی بیرەوەرییەکانیدا، “کاتێک باسی ڕاکردن دەکەم، باسی چی دەکەم”، ستایشی چێژی ڕاکردن دەکات، ئەگەر چێژ وشەیەکی گونجاو بێت، لەبەر ئەوەی ڕێ لە سەرهەڵدانی هەست و سۆزی تووند دەگرێت. نابێت چاوەڕێی ئەوە بین موراکامی هەموو بابەتە خەیاڵییەکانی نێو بەرهەمەکانی ڕوون بکاتەوە. ئەو بە متمانەیەکی پتەوەوە بە نەستی، دەست بە کار دەبێت؛ ئەگەر وێنەیەک لە قووڵاییی ئەو بیرە تاریکەی ناخەوە سەر دەربێنێت، ئەوا وەک خۆی بە ماناداری دەزانێت؛ چونکە کاری ئەو تۆمارکردنی ئەو شتانەیە، نەک شیکردنەوەیان. (ئەو دەڵێت شیکردنەوە کاری «کەسانی زیرەکە» و بە پێکەنینەوە درێژەی پێ دەدات، «و پێویست ناکات نووسەران زیرەک بن»). بۆ نموونە، لە دیمەنێکی ڕۆمانی “کافکا لە کەنار دەریا”دا کە ساڵی ٢٠٠٢ بڵاو کرایەوە، وەک تەرزە ماسی لە ئاسمانەوە دەبارێت. «خەڵک لێم دەپرسن، “بۆچی ماسی؟ و بۆچی لە ئاسمانەوە ماسی دەبارێت؟” بەڵام من هیچ وەڵامێکم بۆ ئەم پرسیارانە نییە. ئەوەم لە خەیاڵدا بوو کە دەبێت شتێک لە ئاسمانەوە ببارێت. لەبەر خۆمەوە بیرم کردەوە؛ دەبێت چی لە ئاسمانەوە ببارێت؟ ئینجا وتم؛ ’ماسی! ماسی دەشێت باش بێت‘.»
«دەشزانن، ئەگەر ئەمە ئەو شتە بێت کە بە خەیاڵمدا هاتووە، کەواتە ڕەنگە شتێکی دروست بێت؛ شتێک لە قووڵاییەکانی نەستەوە، کە خوێنەر دەتوانێت گوێبیستی دەنگدانەوەکەی بێت. کەواتە ئێستا، من و خوێنەر شوێنێکی یەکتربینینمان لە ژێرزەویدا هەیە؛ لەوێشدا، ڕەنگە تەواو سروشتی بێت کە ماسی لە ئاسمانەوە ببارێت. ئەوەی گرنگە، ئەم شوێنی یەکتربینینەیە، نەک لێکدانەوەی هێمایی یان شتی لەو چەشنە. من ئەم کارە بۆ ڕۆشنبیران بەجێ دەهێڵم.» وێناکردنی موراکامی بۆ خۆی وەک جۆرێک لە نێوەند ―وەک بەستەرێک لە نێوان نەستی خۆی و نەستی خوێنەرەکانیدا―هێندە لای ڕوون و ئاشکرایە، کە دوای ئەوەی خۆی بە “چیرۆکبێژێکی زگماک” ناوبرد، ساتێک وەستا تا قسەکەی ڕاست بکاتەوە؛ «نەخێر، من چیرۆکبێژ نیم، من تەماشاکەری چیرۆکەکانم.» پەیوەندیی ئەو بە چیرۆکەکانییەوە، وەک پەیوەندیی مرۆڤ و خەونەکانیەتی؛ ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە بۆچی بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەوان خەون نابینێت. ئەو دەڵێت، «ئێ، ڕەنگە مانگی جارێک خەون ببینم، بەڵام بەزۆری خەون نابینم. پێم وایە هۆکارەکەی ئەوەیە، ڕاهاتووم خەونەکانم بە بێداری ببینم؛ ئیتر بۆیە پێویست ناکات کاتێک دەخەوم، خەون ببینم.» لە چیرۆکەکانی موراکامیدا، وا دیارە ساتەوەختە یەکلاکەرەوەکانی دەرکەوتنی وەک نووسەر، لە شوێنێکەوە لەودیو کۆنترۆڵی خۆئاگایییەوە سەرچاوەیان گرتووە. موراکامی ساڵی ١٩٤٩، لە سەردەمی دوای جەنگ و داگیرکردنی ژاپۆن لەلایەن ئەمەریکاوە، لە کیۆتۆ لەدایک بوو. دوای ئەوەی وازی لە کارەکەی هێنا، کە بریتی بوو لە کردنەوەی یانەیەکی جاز لە تۆکیۆ بە ناوی “پیتەر کات”، کە ناوی پشیلە ماڵییەکەی بوو، دایک و باوکی لێی بێهیوا بوون. چەند ساڵێک دواتر، لە یاریگایەکی بەیسبۆڵ دانیشتبوو؛ لە کاتێکدا تەماشای تۆپێکی دەکرد بە لێدانی دارەکەی یاریزانە ئەمەریکییەکە، “دەیڤ هیلتۆن”، بە ئاسماندا چووبوو، لەناکاو بە خەیاڵیدا هات کە دەتوانێت ڕۆمانێک بنووسێت؛ ئیلهامێک بوو سەری کێشا بۆ ڕۆمانی «گوێ لە ئاوازی با بگرە» (١٩٧٩). کەمێک دوای ئەوە، لە کۆتاییی هەفتەیەکدا، بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گۆڤارێکی ئەدەبیی ژاپۆنی بە ناوی “گونزو” لە خەو ڕاپەڕی؛ کە پێیان ڕاگەیاند ڕۆمانەکەی گەیشتووەتە لیستی خەڵاتی نووسەرە نوێیەکانی گۆڤارەکە. تەلەفۆنەکەی داخستەوە و لەگەڵ “یۆکۆ”ی هاوسەری، بۆ پیاسەیەک چوونە دەرەوە. کۆترێکی برینداریان دۆزیەوە و بردیانە بنکەی پۆلیس. ساڵانێک دواتر نووسیی؛ «ئەو یەکشەممەیە هەوا ڕوون و ساماڵ بوو؛ دار و باڵەخانە و پەنجەرەی فرۆشگەکان، لە بەر هەتاوی بەهاردا بە جوانی دەدرەوشانەوە. هەر لەوێ بوو کە ئەم بیرۆکەیە دەستی بەسەر مێشکمدا گرت؛ من خەڵاتەکە دەبەمەوە، و دەبمە ڕۆماننووسێکی تا ڕادەیەک سەرکەوتوو. پێشبینییەکی بوێرانە بوو، بەڵام لەو ساتەدا دڵنیا بووم کە دێتە دی. تەواو دڵنیا. نەک وەک گریمانەیەک، بەڵکوو ڕاستەوخۆ و ئیلهامی.»
ستایشی ڕەخنەگران لە ژاپۆن بە هێواشی دەستی پێ کرد. ئەو لە بیریەتی کە “لە جیهانی ئەدەبیی ژاپۆندا وەک پینەیەکی نەگونجاو بووە”؛ تا ڕادەیەک لەبەر ئەوەی لە پەرتووکەکانیدا هیچ جۆرە ڕەگ و ڕیشەیەکی ژاپۆنی بەدی نەدەکرا و ئاماژەی زۆری بۆ کولتووری ئەمەریکی تێدا بوو، بۆیە کارەکانی وا دەردەکەوتن کە “زۆر ئەمەریکی”ـن. (بەڵام ئەم ڕۆژانە وەک یەکێک لە پاڵێوراوە سەرەکییەکانی خەڵاتی نۆبڵ ناوی دەهێنرێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا، داوای کرد ناوی لە لیستی پاڵێوراوانی “نۆبڵی جێگرەوە”، کە بەهۆی دواخستنی خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵەوە هاتبووە کایەوە، دەربهێنرێت و گوتوویەتی؛ پێی باشترە سەرنجی بخاتە سەر نووسین). «ئێمە کە ڕێک دوای جەنگ لەدایک بووین، لەناو کولتوورێکی ئەمەریکیدا گەورە بووین؛ من هەمیشە گوێم دەدایە گۆرانیی جاز و پۆپی ئەمەریکی و تەماشای زنجیرە تەلەفزیۆنییە ئەمەریکییەکانم دەکرد؛ بۆ ئێمە دەرچەیەک بوو بە ڕووی جیهانێکی جیاوازدا. بەڵام بە هەر حاڵ، دوای ماوەیەک شێوازی تایبەتیی خۆمم دۆزیەوە، کە نە ژاپۆنی بوو و نە ئەمەریکی، شێوازی خۆم بوو.» بە هەر حاڵ، ڕەخنەگران هەرچۆنێک بیر بکەنەوە، سەرکەوتنی بازرگانیی ئەو بەردەوام لە هەڵکشاندا بوو و لە ساڵی ١٩٨٧دا، بە ڕۆمانی “دارستانی نەرویجی” گەیشتە لووتکە. ئەم ڕۆمانە، چیرۆکێکی خەمناکی یادەوەریی دوو دڵداری گەنجە، کە لە ماوەی ساڵێکدا دوای بڵاوبوونەوەی، ٣.٥ ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا. چیرۆکەکە بە شێوازێکی واقیعی نووسرابوو، شێوازێک کە موراکامی ئیتر هەرگیز لە ڕۆمانەکانیدا بۆی نەگەڕایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو قبووڵی ناکات کە بارینی ماسی لە ئاسمانەوە، یان دووگیانبوونی نائاساییی ژنان واقیعی نەبن. بەڵکو دەڵێت؛ “ئەمە واقیعگەریی منە.” «من گابریێل گارسیا مارکیزم زۆر خۆش دەوێت، بەڵام پێم وا نییە نووسینەکانی خۆی بە واقیعگەریی جادوویی زانیبێت. تەنیا واقیعگەریی ئەو بەو جۆرە بوو. شێوازی من وەک چاویلکەکەم وایە؛ لە پشت ئەو شووشانەوەیە کە لە جیهان تێدەگەم.»
تا ناوبانگی زیاتر دەبوو، بەرنامەی ڕۆژانەی نووسینیشی باشتر ڕێک دەخست؛ بەرنامەیەک کە ئێستا بەهۆیەوە، بەقەدەر هەر کام لە پەرتووکەکانی ناوبانگی هەیە؛ کاتژمێر ٤ی بەیانی لە خەو هەڵدەستێ و بۆ ماوەی ٥ تا ٦ کاتژمێر دەنووسێ؛ هەموو ڕۆژێک ١٠ لاپەڕە دەنووسێت، پێش ئەوەی بە لایەنی کەمەوە نۆ کیلۆمەتر ڕابکات و ڕەنگە مەلەش بکات. ئەو دەڵێت؛ «کاتێک خاوەنی یانەی جاز بووم، ژیانم بێسەروبەر و شێواو بوو؛ کاتژمێر سێ و چواری بەیانی دەچوومە جێگاوە. هەر بۆیە کاتێک بوومە نووسەر، بڕیارم دا ژیانێکی زۆر جێگیر و بە بەرنامە بژیم؛ بەیانیان زوو لە خەو هەڵستم، شەوان زوو بخەوم و هەموو ڕۆژێک وەرزش بکەم. بڕوام وایە دەبێت لە ڕووی جەستەییەوە بەهێز بم، تا بتوانم پارچەی بەهێز بنووسم.» ڕەنگە موراکامی تەنیا نێوەندێک بێت “لە نێوان خودئاگایی و نەستیدا”، بەڵام ئەرکی ئەوەیە، ئەم پەیوەندییە لە باشترین دۆخیدا بیهێڵێتەوە. کاتێک لە دەرەوە سەیر دەکەیت، وا دیارە هەر ئەم ڕێکوپێکییە کارەکان دەباتە ڕێوە و لەوە دەچێت تەمەنی کەمێک لە پەنجا ساڵی تێپەڕاندبێت، بەڵام ڕیتمەکەشی سەرچاوەی شادییەکی قووڵە، کە ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ درێژیی پەرتووکەکانی. هەروەها دەڵێت؛ «ئەو ڕۆژانە ڕۆژانێکی پڕ چێژن؛ بۆیە تا ڕۆژەکان زیاتر بن، خۆشییەکەش زیاتر دەبێت و لە ئەنجامیشدا، لاپەڕەی زیاتر دەنووسرێن. من بەڕاستی نازانم بۆچی خەڵک حەز دەکەن پەرتووکە درێژەکانم بخوێننەوە.» و بەبێ هیچ ئاماژەیەکی لەخۆباییبوون، درێژە بە قسەکانی دەدات؛ «بەڵام خۆشەویستم.» نەریتە پڕبەرهەمەکەی، ئەوپەڕی توانای پێ دەبەخشێت، کە بۆ کورتەچیرۆک و بابەتە ناچیرۆکییەکان دەیخاتە گەڕ؛ (دیارترینیان “ژێرزەوی”یە، کە لەسەر بنەمای چەندین دیدارە لەگەڵ ڕزگاربووانی هێرشی گازی سارین لە میترۆی تۆکیۆ لە ساڵی ١٩٩٥ و، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو هێرشە لە کەڵتی “ئاوم شینریکۆ” ئەنجامی داون)، هەروەها بۆ ئەوەی خۆی وەڵامی پرسیاری خوێنەرەکانی بداتەوە، نەک تەنیا لەبارەی پەرتووکەکانییەوە، بەڵکوو وەک جۆرێک لە خەمڕەوێنیش. «هیچی نەماوە بۆ سی ساڵیم، کەچی تەنانەت یەک کاریش نییە هەست بکەم بە ئەنجامم گەیاندووە.» (ئەمە سەرەتای یەکێک لەو ٣٧١٦ پرسیارەیە کە موراکامی لە پەرتووکێکی ئەلیکترۆنیدا وەڵامی داونەتەوە، ساڵی ٢٠١٥ لە ژاپۆن بڵاو کراوەتەوە.) هەروەها موراکامی وەرگێڕێکی دیاری چیرۆکە ئەمەریکییەکانە بۆ سەر زمانی ژاپۆنی؛ فیتزجێراڵد، ترومان کاپۆتی، گرەیس پەیڵی، جەی. دی. سالینجەر و بەم دواییانەش جۆن چیڤەر.
ئەو چێژ دەبینێت لە خوێندنەوەی وەرگێڕانی پەرتووکەکانی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، چونکە لەلای ئەو، وەک خوێندنەوەی ڕۆمانێکی تەواو نوێ وایە. دەڵێت؛ «وەرگێڕانی پەرتووکە گەورەکان ساڵێک بۆ دوو ساڵ دەخایەنێت، بۆیە کاتێک وەرگێڕانەکان دەخوێنمەوە، ئیتر هیچم لە چیرۆکەکە بیر نەماوە.» بە جووڵەکانی، لاساییی تامەزرۆیی هەڵدانەوەی لاپەڕەکان دەکاتەوە؛ “ئاخۆ دواتر چی دەبێت؟” و کاتێک وەرگێڕ تەلەفۆنم بۆ دەکات؛ «سڵاو هاروکی، وەرگێڕانەکەمت بەدڵ بوو؟» لە وەڵامدا دەڵێم؛ «چیرۆکێکی نایاب بوو! زۆر بەدڵم بوو!» گفتوگۆکەمان ناچار سەری کێشا بۆ سیاسەتەکانی ئەمەریکا؛ تەنیا لەو کاتەدا بوو کە ئەو، شتێکی هاوشێوەی ئەرکی نووسەرێتیی خۆی بەجێ هێنا. دوای ئەوەی ڕای ئەوم لەبارەی قەیرانی ئەو وڵاتەوە پرسی کە خۆشی دەوێت، نزیکەی خولەکێک بە بێدەنگی چووە قووڵاییی بیرکردنەوەوە. دواتر گوتی؛ «کاتێک هەرزەکار بووم، ساڵانی شەستەکان، سەردەمی ئایدیالیزم بوو. باوەڕمان وا بوو ئەگەر تێبکۆشین، جیهان دەبێتە شوێنێکی باشتر. ئەمێستا خەڵکی باوەڕێکی وایان نییە، پێم وایە ئەمەش زۆر خەمناکە. خەڵک دەڵێن پەرتووکەکانم سەیر و سەمەرەن، بەڵام لەودیو ئەو نامۆییەوە، دەبێت جیهانێکی باشتر هەبێت. بابەتەکە ئەوەیە، بەر لەوەی بە جیهانێکی باشتر بگەین، دەبێت ئەزموونی نامۆیی بکەین. ئەمە پێکهاتەی بنەڕەتیی چیرۆکەکانی منە؛ دەبێت بەناو تاریکیدا، بەناو قووڵاییی زەویدا گوزەر بکەیت، تا دەگەیت بە ڕووناکی.» کە ئەمەش لە جۆرێک هیوا دەچێت بۆ ئەم دۆخە. کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکانی موراکامی، مەرج نییە لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا گەیشتبێتە تێگەیشتنێکی زۆر، و لە دۆخێکی کامەرانیی تەواودا بژی، بەڵام بەزۆری لە جیهانە سەرسوڕهێنەر و نائاسایییەکەی خەونەکانییەوە، گەیشتووەتە شوێنێکی ئارام و هاوسەنگ. هەر دەڵێی پەرتووکەکانی موراکامی دەیانەوێت بڵێن کە ژیان ڕەنگە زۆر سەیر بێت، بەڵام کابووسەکان دوایییان دێت. جا دەتوانن سەرەنجام پشیلە ونبووەکەتان بدۆزنەوە.
سەرچاوە؛
https؛//www.theguardian.com/books/2018/oct/11/haruki-murakami-interview-killing-commendatore
نووسینی؛ ئۆلیڤەر بیورکمەن
وەرگێڕانی؛ دانا حەکیم




































































