هەموو گەل و نەتەوەیەک خاوەنی دەیان سیمبولی نیشتمانی و نەتەوەیین کەسایەتی یاخود بۆنە نیشتمانیەکان هەندێ نەتەوە بە کەسایەتیەکانیان دەناسرێنەوە کە گەلی کورد لەم لایەنەوە وابزانم لە هەموو گەل و نەتەوەیەک دەوڵەمەندترە لەم لایەنەوە، هەندێکی تر بە بۆنەیەکی گرنگ کە دەنگدانەوەی هەبووە یاخود ڕێڕەوی مێژووی ئەو گەلەی دیاری کردووە و وەرچەرخانی لە مێژوویدا کردوە شۆڕش بوبێ یاخود جەنگی ڕزگاری دژی داگیر کەر ، لەم لایەنەشەوە کورد هەر لە دەوڵەمەندەکانی ئەو بوارەیە لەبەر ئەوەی مێژوومان هەموو ڕۆژێکی پڕە لە شۆڕش و بەرخودان. هەموو ئەمانە بە بۆنەی نیشتمانی ئەژمار دەکرێن و پیرۆزی خۆیان هەیە .
بەڵام ڕەمزو سیمبولی نەتەوە لەسەروو هەموو ئەمانەوە ئاڵایەکە کە جێی شانازیی گەورە و بچوکی نەتەوەکەیە بە یار و نەیاری بەڕێوەبەران و دەسەڵاتدارانی ئەو نەتەوەیەوە، گەلی کوردیش خاوەنی ئاڵایەکە کە سەدان هەزار شەهید لەژێر سایەیدا خوێنیان بەخشیوە ئەو ئاڵایەی سەدان گەنج و پیر و کچ و کوڕ ملیان بە پەتی سێدارەدا کراوەو سەریان بەبەرزی هێشتوەتەوە لە پێناوی ئەو ئاڵایەدا و ئامادەنەبوون سەریان دابخەن و ئاڵای کوردستان شکستخواردوو بکەن.
بەداخەوە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە لایەن هەندێک لە کاربەدەستانی باشووری کوردستانەوە و بێ ئاگابوونی لاوانی تازە پێگەیشتووش لە مێژووی نەتەوەکەمان بووەتە هۆی ئەوەی کە پیرۆزی ئاڵا کەم بکاتەوە لەلایەن بەشێکی هاوڵاتیانەوە و وەک هەموو ئەو شتانەی کە ڕۆتینێکی ڕۆژانەیە لەم بۆنەیەش بڕوانن، لەبەرئەوە پێویستە کاربەدەستانی هەرێم زۆر بەوردی پێداچوونەوە لەم بابەتە بکەن و مێژوو بە چاک و خراپیەوە لە نەوەی ئێستا بگەیەنن.



































































