مامۆستا ڕەئوف کوڕی تۆفیق ئاغای کوڕی فەتاح ئاغای هەمەوەند، لە ساڵی (١٩٣٩) لە گوندی عەلی زەنگەنەی سەر بە ناوچەی هەمەوەند، لە خانەوادەیەکی دیندار و نیشتمانپەروەر چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، هەر لە تەمەنی منداڵیەوە چۆتە حوجرە، لە مزگەوت لە خزمەت مامۆستایانی ئایینپەروەر درێژەی بە خوێندن داوە، زۆر سەرکەوتوانە خوێندنی ئایینی لە شاری کەرکوک تەواو کردووە، دواتر خانەی مامۆستایانی لە شاری کەرکوک تەواوکردووە.
“ڕۆڵی لە یەکێتی قوتابیان”
لە کۆتایی ساڵی (١٩٥٨ بۆ ١٩٦٠) پەیوەندی بە ڕێکخستەکانی شۆرشەوە کردووە، لە یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، کاری نهێنی کردووە، وەکو دەڵێت:” با ئەمەش لەبیر نەکەم لە ساڵی (١٩٥٧)دا ، هەر لە خەباتی خوێندکاریماندا بوو کە بەندە و هاوڕێ و برای خۆشەویستم بورهان قانع هاوڕێی خەباتی ڕۆژانی سەختمان لە لیژنەی ڕێکخستنەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستاندا بووین. جا لەبەر ئەوەی هەردووکمان سەرقاڵی خوێندنەوە بووین بەتایبەت لە بواری ئەدەبیدا، دەستی نووسینمان هەبوو، داڕشتن و نووسینەوەی گۆڤاری دەنگی قوتابیانیان بە ئێمە سپارد. کە زۆربەی بابەتەکانمان لە سەروخۆمانەوە بۆ دەهات، هەربۆیە لەبەر کەمدەرامەتی خوێندکارەکان بۆ هەموو ڕێکخستنەکانی ناوشاری کەرکوک یەک نوسخەمان بۆ دەهات، ئەو جا ئێمە کارمان ئەوە بوو، کە (٢٠) نوسخەی ترمان بە کاربۆن ئامادەبکردایە، ئەوەش لەبەر ئەوی هیچ ئامێرێکی چاپمان نەبوو. لەو سەردەمەدا ماڵی مامۆستا قانعی شاعیری گەورە و ناوداری کورد لە کەرکوک بوو لە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی قەڵا دێرینەکە نیشتەجێ بوون، لە خانوویەکی نیوە کەلاوە و پەڕپووت و بێ کارەبا دا بوون، کە بە داخەوە زۆر دەستکورت و هەژاربوون. دواتر من و هاوڕێی کۆچکردووم مامۆستا بورهان قانع بڕیارماندا لە ماڵی ئەواندا دەستبەکاربکەین بۆ داڕشتنەوەی گۆڤارەکەمان، شەوانە لە ماڵی ئەوان لە ژوورێکی ڕووت و قوتدا تەنها لەتە بەڕەیەک لە ژێرماندا بوو، لەبەر ڕووناکی فانۆسێکی نەوتی لاواز لێی دادەنیشتین و ئەو نوسخەیەک و من نوسخەیەک دەستمان بە دووبارە نووسینەوەی گۆڤارەکە دەکرد بە کڵیشەیەکی سەرنجڕاکێش و مانشێتی گەورە، کە ئەمەش دوو تا سێ شەوی پێویست بوو تا لە نووسینەوەی دەبووینەوە، کە چەندین شەو تا بەرەبەیان نە دەخەوتین و کارمان دەکرد بۆ شەوی دواتر دەمانگەیاندە جێگای مەبەست لەوێشەوە بەسەر ڕێکخستنەکانی خوێندکاراندا دابەش دەکرا.ئێمە بەردەوام بووین لە کارکردن لە گۆڤارەکە تاوەکو مامۆستا بورهان قانع ماڵیان لە کەرکوک نەما بەرەو بەغداد چوو ، بەندەش تووشی ڕاوەدوونان و گرتن بووم.”
لە بەرواری ٢٩/٩/١٩٦٠ بۆتە مامۆستای سەرەتایی لە گوندی عەسکەر سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر، کە ئەو کات سەر بە لیوای کەرکوک بووە، لە دوای (٢) ساڵ مامۆستا گواستنەوەی ڕاژەی بۆ دەکرێت بۆ قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی (١٩٦٢) پەیوەندی بە شۆرشەوە دەکات و دەبێتە ڕابەر سیاسی لە ناوچەی قەڵاسێوکە و ناوشوان، دواتر بە هۆی دووبەرەکی و ناو حیزب مامۆستا وازدەهێنێت لە سیاسەت و دەگەڕێتەوە ناو پیشەی مامۆستایەتی لە دەوروبەری شاری کەرکوک، هەتا ساڵی (١٩٧٠) پاشان دێتەوە ناو شاری کەرکوک، دەبێتە ئەندامی چالاکی یەکێتی نووسەرانی کورد/ لقی کەرکوک، هەتا ساڵی (١٩٧٤)وەک خۆی لە یاداشتەکانی دەڵێت، یەکەم هۆنراوەی من لە ژێر ناوی ئازادیدا لە ساڵی (١٩٦٠) دا لە ڕۆژنامەی “دەنگی کورد”دا بڵاوبۆیەوە. کە ئەو ڕۆژنامەیە بە نیوەی زمانی کوردی و نیوەی بە زمانی عەرەبی دەردەچوو لە بەغداد. هەروەها کورتە چیرۆکێکیشم لە ژێر ناوی سەرە دێری تامۆراییەکی ترسێنەر لە شەوەزەنگی ئەموستە چاودا هەر لە هەمان ڕۆژنامە بڵاوکرایەوە، ئیتر لەوێوە وازم لە هۆنراوەنووسین هێنا و کەوتمە سەر ڕێبازی کورتە چیرۆک نوویسن و تاڕادەیەک زمانەوانی و مێژوو نووسیندا.
“گەڕانەوە بۆ ناو شۆڕشی ئەیلول”
دواتر مامۆستا دەچێتەوە ناو شۆڕش لە سنوری چۆمان/ حاجی ئۆمەران دەبێتەوە پێشمەرگە، پاشان دەچێتە ئیزگەی دەنگی کوردستان و دەبێتە هاوکاریان و یارمەتیان دەدات وەک نووسەر، هەتا ڕێکەوتنامەی جەزائیر کە ئەو پلانگێرییە بۆیە هۆی نسکۆی شۆڕشی ئەیلول. لە پاش کۆتایی هاتنی ئەو قۆناغەی شۆڕش مامۆستا کە دەگەڕێتەوە ناو شار ڕژێمی عێراق مامۆستا نەفی دەکات بۆ خواروی عێراق، دەیکات بە مامۆستا لە (سەماوە)، لە پاش (٧) ساڵ نەفی کردن دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لە ساڵی (١٩٨٣) لە گەڕەکی ئاشتی لە شاری سلێمانی نیشتەجێ دەبێت, پاشان مامۆستا سەرقاڵی نووسین دەبێت لەسەر خەبات و ماندووبونی خۆی و مێژووی گەلی کورد، لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا چەندین وتاری بڵاوکردۆتەوە، لە ژمارە (٢٣)ی “گۆڤاری پەیڤین” دا لێکۆلینەوەیەکی درێژی بە ناونیشانی (هەمەوەند لە خەباتی سەختی مێژوودا) بڵاوکردۆتەوە، هەروەها شایەنی باسە تۆفیق ئاغای باوکی یەکێک بوو لە پیاوە شۆرشگێرەکانی کوردستان ئەو کات لەگەڵ کەریم بەگی فەتاح بەگ بوو، لە شۆڕشەکەی شێخ مەحمودی حەفید دەوری کاریگەر و جوامێرانەی هەبووە.
مامۆستا و نووسەر ڕەئوف تۆفیق هەمەوەندی لە بەرواری (٩/٩/٢٠٠٩) بە نەخۆشی کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی (کەڵەکن) لە شاری سلێمانی بەخاکسپێرداوە.
سەرچاوە؛
١/کتێبی ئاوێنەی چەمەک هەمەوەند، ئامادەکردنی، حاجی جەمیل حاجی سەعید چەمەک.
٢/ گوندی ژاڵە و کەمێک لە کردەو بەسەرهاتەکانی ژیانم، جەلال خەڵەف ژاڵەیی، ساڵی ٢٠١٥ ز، چاپی یەکەم، بەشی یەکەم،بڵاوکراوەکانی هەماوەند بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە.
٣/ یاداشتە بڵاونەکراوەکانی نووسەر کە وەک دەستنووس ماون هێشتا چاپ نەکراون.
٤/ چاوپێکەوتن، لەگەڵ کەریم تۆفیق، برای کۆچکردوو.




































































