به‌شێك له سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه سه‌ره‌تاى چێ بوون و دروستبوونى بیرى نه‌ته‌وه‌یى لاى كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ى شانزهیهمى زایینى، ئه‌مه‌ش هۆكارى سه‌ره‌كى بووه له‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عوسمانى به‌خێرایى بكه‌وێته خۆ و ڕێگه نه‌دات دروستبوونى ئه‌و بیر و هۆشه له‌لاى تاكى كورد، دروستبوونى ده‌وڵه‌تى لێ بكه‌وێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ش ڕێگاى زۆریان به‌كارهێناوه لهبهرهنگاربونهوهیدا، به‌و پێیهیشى تێگه‌یشتنى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى خه‌ڵك زیاتر به‌ند بووه به “ئایین”ەوه، عوسمانیهكانیش له‌و ڕێگایه‌وه ڕێیان له بڵاوبونه‌وه‌ى بیرى نه‌ته‌وه‌یى كوردى گرتووه. دره‌نگكه‌وتنى بڵاوبونه‌وه‌ى بیرى نه‌ته‌وه‌یى له‌لاى كورد، كه هۆكارى سه‌ره‌كى بووه له دروستنه‌بوونى ده‌وڵه‌تدا، په‌یوه‌ندى به داگیركراوى كوردستان له‌لایه‌ك و نه‌بوونى گوتارى كوردییه‌وه هه‌بووه. بیركه‌ره‌وه‌ى كورد ئه‌حمه‌دى خانى (1650/1651-1706) له‌سه‌ده‌ى ههڤدهیهمى زایین‌دا، له شاكارى (مهم و زین 1694-1695)دا خه‌ڵكى هان داوه بۆ تێكۆشان له‌پێناوى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان و داواى له میر و سه‌ردارانى كورد كردووه، كه ناكۆكى و دووبه‌ره‌كى نێوخۆیى بخه‌نه لاوه و له‌ژێر سایه‌ى (تاج)ێكى كورددا یه‌ك بگرن و خۆیان له ژێرده‌سته‌یى تورك و عه‌جه‌م ڕزگار بكه‌ن و ده‌وڵه‌تێكى كوردى سه‌ربه‌خۆیان دروست بكه‌ن. ڕاستییه‌كه‌ى، خانى به پێشه‌نگى دایسانى بیرى نه‌ته‌وایه‌تى ده‌ژمێردرێ. له‌لاى خانى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى ده‌گۆڕێ بۆ بیر و ئایدۆلۆژیا و داواى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى كوردى ده‌كات.
بێگومان ئه‌وه‌ى خانى كردوویه‌تى له رێگاى شیعره‌وه بووه، ئه‌ده‌بیات و شیعریش شانبه‌شانى تێكۆشانى سیاسى و چه‌كدارى رۆڵیان له مانه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورددا هه‌بووه. له‌م ڕوهشهوه ئه‌حمه‌دى خانى به دامه‌زرێنه‌رى خوێندنگاى نه‌ته‌وه‌یى له شیعرى كوردیدا داده‌نرێت. له نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌میشدا “میر به‌درخان پاشا”ى میرى میرنشینێتى بۆتان (1802-1867)، هه‌وڵیدا دواى ئه‌و بانگه‌ى ئه‌حمه‌دى خانى، بیرى نه‌ته‌وه‌یى له چوارچێوه‌ى شۆڕشێكى چه‌كداریدا پراكتیك بكات. شۆڕشه‌كه‌ى میربه‌درخان جودا بووه له به‌شێكى زۆرى شۆڕش و هه‌ڵایسانى میره‌كانى تر، به‌وپێیه‌ى ئه‌م میره له‌ڕێى به‌ستنى په‌یمانى “پیرۆز”ەوه ویستى هه‌موو كورد له‌ژێر یه‌ك ئاڵادا یه‌ك بگرن و بۆ ڕزگارى كوردستان و دروستكردنى ده‌وڵه‌تى كوردى تێبكۆشن. دروستبوونى هۆشى نه‌ته‌وه‌یى له‌لاى سه‌ردار و سهرۆكارانى شۆڕش و راپه‌ڕین و پارت و رێكخراوه كوردییه‌كان له ماوه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌م جه‌نگى جیهانیدا، هێنده بڕى كردووه كه بۆ ماوه‌یه‌ك پارێزگارى له‌و جوڵانه‌وه‌یه بكات، ئه‌گه‌رنا، بیرێكى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌وتۆ له‌ناو هزرى تاكى كوردیدا نه‌كه‌وتۆته سه‌رپێ، كه دروستبوونى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى مه‌زنى لێ بكه‌وێته‌وه. له‌و كاته‌ى كه هێشتا بیرى نه‌ته‌وه‌یى له‌لاى گه‌لان نه‌بوو به بنه‌ما بۆ دروستكردن و بوونیادنانى ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو زیاتر گه‌لان پشتیان به بیروباوه‌ڕێكى ئایین-ئایینزایى ده‌به‌ست و حوكمڕانێتى ده‌وڵه‌تى خۆیان له‌سه‌ر بوونیاد ده‌نا و هه‌ر به هه‌ستى ئایینیش ده‌وڵه‌تیان ده‌پاراست، چونكه بزوێنه‌ر و پێكهێنه‌رى هه‌ر دامه‌زراوێكى ده‌وڵه‌تیى له مێژوودا تاوه‌كو سه‌ده‌ى بیسته‌م یاخود تاوه‌كو سه‌رهه‌ڵدانى بیره نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، به گشتى ئایین بووه، كه كۆمه‌ڵه مرۆڤێك بۆ به‌رگریكردن له ئایینه‌كه‌یان پێكیان هێناوه، تاوه‌كو له كه‌سانى تر و ئایینى تر جیاواز بن. كورد لهوێڕاش، نه‌یتوانى ئایینێك بهبناغهدانانى دروستكردنى ده‌وڵه‌تى كوردى پشت پێ ببه‌ستێت. له دروستكردنى ده‌وڵه‌تى “ماد-میدیا”ى كوردیدا (750 پ.ز) له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تا كورد ئایینى “زه‌رده‌شتى” كرد به بنه‌ماى دامه‌زراندن، بۆیه ده‌وڵه‌تى به‌ڕێوه‌برد، به‌ڵام دواتر فارسه‌كان چاوكراوه‌تر بوون له كورد و “زه‌رده‌شتییه‌ت”یان له كوردیش وه‌رگرته‌وه و ده‌وڵه‌ته‌كه‌شیان ڕووخاند و له‌سه‌ر داروپهردوهكهى ده‌وڵه‌تى كورد، خۆیان بوون به خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت. ئیدى له‌وێوه كورد كیانه سهربهخۆكهى خۆى له‌ده‌ست داوه و بووه‌ته ژێرده‌سته‌ى ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى فارس. به‌م ژێردهستهییهى كورد، ئه‌و قوتابخانه بیرییه له‌لایه‌ن فارسه‌وه داگیركرا.
عه‌ره‌بیش كاتێك خۆى كرد به خاوه‌نى هه‌ڵگرتنى ئاڵاى فتوحاتى “ئیسلام”ى و به‌و فتوحاتهش به‌شێكى زۆرى ناوچه‌كانى ئه‌م گۆى زه‌وییه‌ى خسته‌ژێر ده‌ست و بیرى خۆیه‌وه، هه‌م ئاڵاى ده‌وڵه‌ت و كیانى سه‌ربه‌خۆى خۆى پێ هه‌ڵكرد و هه‌میش قوتابخانه‌یه‌كى بیریى له‌سه‌ر دروستكرد، كه تا ئه‌مڕۆش نانه‌كه‌ى ده‌خوات. كورد هه‌موو بیر و هه‌ست و كولتورێكى خۆى خسته خزمه‌تى ئایینى ئیسلامه‌وه، به‌ڵام نه‌یتوانى وه‌ك عه‌ره‌ب و دواتر فارس و پاشانیش توركه‌كان قوتابخانه‌یه‌كى بیریى له‌سه‌ر بوونیاد بنێت و ئه‌و ئایینه بكات به ئایدۆلۆژیایه‌ك بۆ پێكه‌وه‌نانى ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو خۆى خسته ژێر هه‌یمه‌نه‌ى بیرى عه‌ره‌ب و عه‌ره‌بیش به‌ته‌واوى قوتابخانه بیرییه زهردهشتییهكهى كوردى له‌ناوبرد. هاوكێشه‌كه ده‌گاته ئه‌و خاڵه‌ى، كه نوشوستى هێنانى قوتابخانه‌ى بیریى كورد و پاشان له‌ناوبردنى و نه‌توانینى كورد بۆ خۆماڵى كردنى ئایینى ئیسلام، هۆیه‌كى گرنگى دانه‌مه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردین له‌پاش ده‌وڵه‌تى ماده‌وه. فارسه‌كان وه‌ك كورد نه‌بوون، كاتێك “ئیسلام” وه‌ك ئایینێكى كۆتا ئایینه ئاسمانییه‌كان راده‌گه‌یه‌نرێت، قوتابخانه‌ى بیریى خۆیان ناخه‌نه ژێر داگیركهرێتى عه‌ره‌به‌كانه‌وه، به‌ڵكو هاتن ئایینزایهتیى “شیعه”یان كرد به ئایدۆلۆژیا و ده‌وڵه‌تیان له‌سه‌ر پێكهێنا و تائه‌مڕۆش ده‌یپارێزن. توركه‌كانیش خۆیان كرد به میراتگرى خه‌لافه‌تى ئیسلامى و ئایینزایهتى “سوننه”یان كرد به ئایدۆلۆژیا و ده‌وڵه‌تى ئیسلامیى(عوسمانى)یان بۆ خۆیان دامه‌زراند، كه ئه‌و ده‌وڵه‌ته ماوه‌ى زیاتر له “شه‌ش” سه‌ده حوكمڕانى ناوچه‌كه بوون و كوردیشیان له خزمه‌تدا بووه، ئێستاش ده‌وڵه‌تى تورك میراتگرى عوسمانییه‌كانه. بههاتنهكایهى ده‌سه‌ڵاتى فارس و ده‌سه‌ڵاتى توركه‌وه، كورد سه‌ربارى ئه‌وه‌ى خاكه‌كه‌ى بووه گۆڕه‌پانى جه‌نگى ئه‌م دوو هێزه، كه‌وته نێوان دوو قوتابخانه‌ى ئایینیى جوداشهوه كه ئه‌وانیش “شیعى و سوننى” بوون. به‌ده‌ر له‌وه‌ى كوردستان بوو به خاكى ململانێى “عوسمانى و سه‌فه‌وى-سوننه و شیعه”، بیرى نه‌ته‌وه‌یى كوردیش بوو به قوربانى بیرى ئایینزایهتى ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره شه‌ڕكه‌ره به‌رژه‌وه‌ندخوازه.
ئه‌و داگیركردنى بیرى نه‌ته‌وه‌یی و قوتابخانه‌ى بیرییه كوردییه و دواتریش نووشوستى پێهێنانى له‌لایه‌ن فارس و تورك و عه‌ره‌به‌كانه‌وه به‌ناوى ئایین و ئایینزاوه، ڕه‌گى داكوتا و میر و سه‌ردارانى كورد و ته‌نانه‌ت سه‌رۆكارى شۆڕش و جوڵانهوهكانیش كه‌وتنه ژێر كاریگهرێتییهوه. میره كورده‌كان زۆربه‌یان ئایینییهكى ده‌مارگیر بوون، كه نمونه‌یان گه‌لێك زۆره، له‌وانه “مه‌حمود پاشاى بابان و میر محه‌مه‌دى كۆره‌ى سۆران” و زۆربه‌ى میره‌كانى بادینان و هیى تریش. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و میرانه، نه‌ك خۆیان، به‌ڵكو بیریشیان داگیركراوبووه. (میسته‌ر ڕیچ) كه هاتووه‌ته كوردستان له رۆژى 7ى ئۆكتۆبه‌رى 1820دا چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ (مه‌حمود پاشاى بابان)دا ده‌كات و ده‌رباره‌ى مێژووى میرنشینهكهى پرسیارى لێ ده‌كات و پێى ده‌ڵێت بۆچى ئاگادارى مێژوو و ڕووداوه‌كانى نییه؟ میر له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:”جگه له مێژووى پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاكان، ئه‌وه‌نده‌ى بتوانم له رۆژگار و گوزه‌رانیان بزانم، ئیتر زۆر تامه‌زرۆى مێژوو نیم و، له شانامه زیاتر، شتێكى لێ ناخوێنمه‌وه” كورد بوون، ته‌نها ئه‌وه نییه كه ڕه‌سه‌نایه‌تیى بنه‌ماڵه‌ى كه‌سێك بچێته‌وه سه‌ر كورد، یاخود كوردستان. كوردبوون، هه‌سته و بیروباوه‌ڕه، كه‌وا له هه‌ڵگرانى بكات، له‌و هه‌ست و بیروباوه‌ڕه‌وه بڕواننه هه‌موو شتێك له بووندا. ئه‌و بیروباوه‌ڕه، له‌و قه‌واره‌یه‌دا به‌لاى تاكى كوردییه‌وه كه‌م بووه و له‌هه‌ندێك كات و شوێنیش‌دا له‌ناوچووه، ده‌رهاویشته‌ى ئه‌و هاوكێشه‌یه پێكنههێنانى ده‌وڵه‌تى كوردى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه. “باسیلى نیكیتین” له كتێبه‌كه‌یدا (كورد) ئه‌ڵێت:- راسته گه‌لى كورد هێزى پێویستى بۆ پێكهێنانى ده‌وڵه‌ت هه‌یه، له‌رابردووشدا و له سه‌ده‌كانى یانزه و دوانزه‌یه‌مى زایینی‌دا ده‌یان میرنشینى سه‌ربه‌خۆى بوونیادناوه، به‌ڵام بیرى نه‌ته‌وه‌یى و ویستى پێكهێنانى نه‌ته‌وه له‌لاى كورد، بوونیان نه‌بووه. ئه‌و میرنشینه بچوكانهیشى دروستى كردوون له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى تاكه‌كه‌سى بوون. هه‌مانكات به‌عه‌ره‌بكردن و به فارسكردنى كورد و په‌یوه‌ستبوونى توندیان به ئیسلامه‌وه، واى لێكردوون هه‌ست به پەیوەستێتیى نه‌ته‌وه‌ییان نه‌بووه، ته‌نها به ناو نه‌بێت. په‌ره‌سه‌ندن و پێگه‌یشتنى ئایدۆلۆژیاى نه‌ته‌وایه‌تى له‌هه‌موو ناوچه‌كانى كوردستاندا له یه‌ك ئاستدا نه‌بووه و بارى ئابوورى و ناوچه‌یى و جوگرافیاى كۆمه‌ڵایه‌تیى كوردستان كاریگه‌رى هه‌بووه له‌و ڕوه‌وه. بۆیه ده‌بینین له‌و شوێنانه‌ى كه په‌یوه‌ندى به‌رهه‌مهێنانى ده‌ره‌به‌گایه‌تى له ئارادا بووه، شێوازى بیركردنه‌وه‌ى ده‌ره‌به‌گایه‌تى دواكه‌وتوویى تیادا بووه، كه بێگومان ئه‌مه‌ش كۆسپ بووه له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردنى بیرى نهتهوایەتیدا.
سەرچاوەکان؛
١-جه‌مال نه‌به‌ز: دۆزى ناسیۆنالى كورد، بنكه‌ى چاپه‌مه‌نى ئازاد، سوید، 1985.
٢-كامه‌ران مه‌نتك: نه‌ته‌وایه‌تى و بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى كورد، به‌شى یه‌كه‌م، گۆڤارى (نیشتمان) گۆڤارێكى فیكرى، رۆشنبیرى، گشتىیه، ژماره (3) ته‌مموزى 1997.
٣-رشید فندی: الفكر القومی الكردی بین خانی و حاجی قادر الكویی، الطبعة الأولى، أربیل، 2008.
٤-هاوڕێ باخه‌وان: ئاڵاى كورد كورته لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى مێژوویى-كۆمه‌ڵایه‌تى-ڕامیارى، بڵاوكراوه‌كانى ده‌زگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م، سلێمانى، 2001.
٥-باسيلى نيكيتين: الكرد دراسة سوسيولوجية و تاريخية، و:الدكتور نورى طالباني، من منشورات مكتب الفكر و التوعية في الاتحاد الوطني الكردستاني، الطبعة الثالثة، السليمانية، 2007.



































































