سەید تەهاى نەهرى یان شێخ تەهاى نەهرى شەمزینى کوڕى شێخ محەمەد سدیق کوڕى شێخ عوبەیدولڵاى کوڕى شێخ تەهاى کوڕى سەید مەلا ئەحمەدى کوڕى شێخ عوبەیدولڵاى کوڕى مەلا ساڵحى کوڕى مەلا حاجییە. سەبارەت بە ساڵى لەدایکبوونى لەنێو نووسەران و بنەماڵەکەى بیروڕاى جیاواز هەیە، هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە سەید تەها لەساڵى “١٨٩٢” لەدایک بووە، بەڵام “ئیسماعیل گوێڵداش” نووسیویەتى؛ سەید تەهاى نەهرى لەساڵى ١٨٧٨ لە ناوچەى شەمزینان لە گوندى نەهرى لەدایکبووە، بەهۆى ئەوەى شێخ محەمەد سدیق باوکى سەید تەها، کوڕە گەورەى شێخ عوبەیدولڵاى نەهرییە، لەسەردەمى باوکیدا لە هەموو ڕووداوە سیاسییەکانى ئەو سەردەمە ڕۆڵى بەرچاوى بینیووە و بەیەکێک لەسەرکردەکانى شۆڕشەکەى ساڵى ١٨٨٠ى شێخ عوبەیدولڵاى نەهرى دادەنرێت، کە سەرکردایەتى قۆڵى دووەمى هێرشکردنە سەر ناوچەکانى ئێرانى پێ سپێردرابوو، بەڵام دواى شکستى شۆڕشەکە شێخ عوبەیدولڵا و شێخ عەبدولقادر دووردەخرێنەوە بۆ تائیف، هاوکات شێخ محەمەد سدیقى باوکى سەید تەها نوێنەرایەتى بنەماڵەى نەهرى دەکەوێتە ئەستۆ.
سەید تەها لە بارودۆخێکدا ژیاوە، کە بنەماڵەى نەهرى بەهۆى ڕۆڵى سیاسیى و کۆمەڵایەتیى و ئایینیان لە ناوچەکانى باکوورى کوردستان دیارو بەرچاوبوون، هەر بۆیە ئەمە کاریگەرى هەبوو لەسەر لایەنى سیاسى و دواتر بیرى نەتەوەیى سەید تەها، ئەمەو جگەلەوەى گەنجێکى لێهاتوو بوو، توانیبووى قۆناغەکانى خوێندن لە مزگەوت و خوێندن بخوێنێت، هەروەها زمانەکانى تورکى، فارسى و عەرەبى و کەمێک ئینگلیزى و ڕووسى زانیوە، بەهۆى تێکەڵاوى لەگەڵ بنەماڵە و خەڵکى ناوچەکانى ترى کوردستان فێرى دیالێکتە جیاوازەکانى ترى زمانى کوردى بووە، سەید تەها دواى مردنى باوکى لەساڵى ١٩٠٧ بووەتە گەورەى بنەماڵەکەیان لە ناوچەکانى شەمزینان بەگشتى نەهرى بەتایبەتى، سەید تەها کاتێک لەساڵى ١٩١١ دەسەڵاتى بنەماڵەکە دەکەوێتە دەست لەو ماوەیەدا توانیبووى دۆست و لایەنگیرى زۆر لە دەورى خۆى کۆبکاتەوە، لە بەرامبەردا “شێخ عەبدولقادر”ى مامى، کە تازە عوسمانییەکان ڕێگەیان پێدابوو بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەى خۆى، خاوەنى دەسەڵات و پێگەیەکى هۆزایەتى بوو، بەگوێرەى ڕیزبەندى بە میراتگرى بنەماڵەکە دانراوە، ئەگەرچى هەندێک ناخۆشى لەنێوانیان ڕوویدا، بەڵام سەید تەها کەسێکى ڕۆشنبیر و تێگەیشتوو بوو، بۆئەوەى شیرازەى ناو بنەماڵەکەى تێک نەچێت بەشێخ عەبدولقادرى مامى دەڵێت؛ من نەهرى بۆ تۆ جێ دەهێڵم، ئەوەبوو لە کۆتایى ساڵى ١٩١١ نەهرى جێهێشت، چونکە عوسمانییەکان چاوەدێریان دەکرد و دواجار ڕەوانەى ئەستانبووڵیان کرد، ئەوەبوو دواى ئەوە لە دەرفەتێکدا بەهاوکارى ڕووسەکان خۆى ڕزگار دەکات و دەگاتە شارى “نۆفۆرۆسیک” لە ڕووسیا، دواى مانەوەى چەند ڕۆژێک بەرەو ئێران دەچێت و لە گوندى “ڕاژان” نیشتەجێ دەبێت، لەوێش بەردەوام بووە لەکارى سیاسى خۆى، بەتایبەت لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانى ئەم ناوچەیە ڕۆڵێکى گرینگى هەبوو.
هەروەک سەرچاوەکان ئاماژەى بۆ دەکەن سەید تەها لە دامەزراندنى یەکەمین ڕێکخراوى سیاسى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕۆڵێکى گرینگى هەبووە، کە ئەویش ڕێکخراوى “جەمعیەتى ئیستخلاصى کوردستان” لە ساڵى ١٩١٢، سەید تەها بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانى کورد و وروژاندنى پرسى سەربەخۆیى کورد لە دیدى دیپۆلۆماتکارانى بیانیدا سەردانى کونسوڵ و نوێنەرانى وڵاتانى بیانى کردووە، دواى ئەوە کۆمەڵەى “جیهانزانى” لە ١٩١٣ لەلایەن “ عەبدولڕەزاق بەدرخان١٨٦٤-١٩١٨” دامەزرێنراوە، هەر خۆیشى سەرۆکى ئەم کۆمەڵەیە بوو، هەریەک لە سەید تەهاى نەهرى و سمکۆى شکاک ئەندامى ئەم کۆمەڵەیە بوون، ئامانجى سەرەکى ئەم کۆمەڵەیە هۆشیارى نەتەوەیى بوو، بەتایبەت لەناو گەنجان و منداڵان، ئەوەبوو یەکەمین قوتابخانەى لەشارى “خوى” کردەوە و هەوڵیشدا گەنجانى کورد بە مەبەستى فێربوونى زانست و زانیارى و ئاشنابوون بە شارستانیەتى گەلانى دیکە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لە نێوان عەبدولڕەزاق و سمکۆ ئەم کۆمەڵەیە هەڵوەشێنرایەوە. سەید تەها لەدواى تێکچوونى پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەوڵەتى عوسمانى، دواتر هەوڵیدا لەگەڵ ڕووسەکان پەیوەندى دروست بکات، دواى چەندین دانیشتن بەڵام نەگەیشتنە ڕێککەوتن و لەسەرەتاى جەنگى یەکەمى جیهانى “١٩١٤-١٩١٨” ڕووسەکان گومانى وەفادارى و لایەنگیرییەکى کرد، هەربۆیە دەستگیریان کرد و دووریان خستەوە بۆ “تەفلیس”، کە دواتر توانى ڕزگاربکات و لە زیندان هەڵبێت و خۆى گەیاندە باشوورى کوردستان، لەساڵى ١٩١٩ پەیوەندیى تایبەتى لەگەڵ بەریتانییەکان لە ئێراق دروستکرد، هەوڵیدا کوردستانێکى یەکگرتووى سەربەخۆ لەژێر سەرپەرشتیى بەریتانیا دابمەزرێنێت. باشوورى کوردستان لەدواى دوورخستنەوەى شێخ مەحموود بۆ هیندستان بۆشاییەکى سیاسیى و ئیدارى تێدا دروست ببوو، بۆ ئەم مەبەستە بەریتانییەکان ویستیان سوود لە پێگەى سەید تەها وەربگرن و شوێنى شێخ مەحموودى پێ پڕ بکەنەوە و بەکاریبهێنن، بۆ دەرکردنى هێزەکانى تورکیا لە ناوچەى ڕواندز. لە هەمانکاتدا بۆ ئینگلیزەکان دەرکەوتبوو، کە سەید تەها لە ناوچەى ڕواندز و دەوروبەرى دەسەڵاتێکى زۆر هەیە، تەنانەت لیچمان حاکمى سیاسى بەریتانیا لە مووسڵ پێشنیارى دروستکردنى دەوڵەتێکى کوردى کردووە لە باشوورى کوردستان بە سەرۆکایەتى سەید تەها.
سەید تەها لەسەر بانگهێشتى کاربەدەستانى بەریتانیا لە ساڵى ١٩١٩ گەیشتە بەغدا، چاوى بە ویڵسنى جێگرى حاکمى گشتى بەریتانیا لە بەغدا کەوت، پڕۆژەیەکى نوێى بۆ دروستکردنى کوردستانێکى یەکگرتوو لەگەڵ کوردستانى ڕۆژهەڵات پێشکەش بەکاربەدەستانى بەریتانیا کرد، بەڵام ویڵسن پێى گوتووە باسى کوردى ئێران لە ئارادا نییە، دەبێت چاوپۆشى لەم داوایە بکەیت، لەبەرانبەر ئەمەشدا سەید تەها پێى گوتووە؛ کوردى ئێران بەشى هەرە زۆرى داواى جیابوونەوە لە حکومەتى ئێران دەکەن، دەخوازن لەگەڵ کوردستانى گەورە یەکبگرن، سەید تەها لەم سەردانەیدا چەند داواکارییەکى ئاڕاستەى کاربەدەستانى بەریتانیا کردووە، وەکوو:-
١.دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ بۆ کوردان لەژێر چاودێرى ئینتیدابى بەریتانیا، بەو مەرجەى کوردستانى ڕۆژهەڵاتیش بگرێتەوە.
٢.دامەزراندنى ئەم دەوڵەتە لەسەر بنەماى مەرکەزى فراوان بێت، واتە لەسەر شێوازى جمهوریەت بێت.
٣.لێبوردنى گشتى بۆ کوردەکان بە بەیاننامەیەکى فەرمى ڕابگەیەنرێت.
٤.کاربەدەستانى بەریتانیا بەڵێن بدەن، کە ئەرمەنى و ئاسوورییەکان نەبنە بەربەست لەبەردەم حکومەتى کوردییدا.
٥.بەریتانیا چۆن یارمەتى و هاوکارى دەبەخشێتە حکومەتى ئێراق، بەهەمان شێوە یارمەتى گەلى کورد و حکومەتەکەى بدات.
بەڵام هەروەک لە بەڵگەنامە و نووسراوەکانى کاربەدەستانى ئەوکاتەى بەریتانیا دەردەکەوێت، کە بەریتانیا وەڵامەکانى سەبارەت بەپرسى سەربەخۆیى کوردستان زۆر لاستیکى بوون و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نەبوون ئەو داخوازییانە جێبەجێ بکەن، هەروەک ڕووداوەکانى دواتر ناوچەکە ئەوەى سەلماند، کابەردەستانى بەریتانیا پابەندبوونى خۆیان بە پاراستنى یەکێتیى خاکى ئێران بە سەید تەها ڕاگەیاندبوو، ئامۆژگاریى سەید تەهایان کرد، کە هاوکارى خۆى لەگەڵ سمکۆى شکاک بوەستێنێت، لەو ڕووەوە پێیان گوتووە چاوەڕوانى هیچ یارمەتییەک لە ئیمەوە مەکەن بۆ هێنانەدى ئامانجەکەت تا ئەو ئەندازەیەى پەیوەندى بە کوردانى وڵاتى ئێرانەوە هەبێت، سەرەڕاى ئەوەش سەید تەها ڕوونى کردەوە، کە ئامادەیە بەهەموو جۆرێک هاوکاریى بەریتانیا بکات بۆ دامەزراندنى ئەو ڕژێمەى کە خۆى و هاوڕێکانى داواى دەکەن، بەڵام کاربەدەستانى بەریتانیا بە ئاشکرا وەڵامى سەید تەها دەدەنەوە، کە پڕۆژەیەکى وا گەورە لە تواناى بەریتانیا نییە بۆ کورد بەدى بهێنێت، لە بەرانبەردا سەید تەها زۆر نیگەران بووە، ئیتر دواى ئەوە سەید تەها دەڕواتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان بۆ هاوکارى شۆڕشەکەى سمکۆى شکاک و بەشدارى ئەو شۆڕشەى کرد، دواى تێکشکانى شۆڕشەکەى سمکۆى شکاک، سەید تەها لە ڕێگەى ڕەواندزەوە هاتەوە هەولێر و پەیوەندى بە بەریتانیەکانەوە کرد، هەوڵەکانى سەید تەها بەردەوام بوون بۆ بەدەستهێنانى پاڵپشتى دەوڵەتە زلهێزەکانى ئەوکاتە لە پێناوى پشتگیرى و بەدەستهێنانى هاوکارى بۆ دروستکردنى دەوڵەتى کوردى سەربەخۆ، بەتایبەتى دواى چەندین جار هەوڵدان لەگەڵ ڕووسەکان بۆ ئەوەى هاوکارى بکەن، بەڵام هەموو جارێک بەبێ هیوایى دەگەڕایەوە و تا دواجار لەو هەوڵانەى بێ هیوا بوو، بەتایبەتى دواى هاوکارییەکانى ڕووس بۆ مستەفا کەمال و دەوڵەتى تورکیاى نوێ، لەبەرئەوەى سەید تەها لەماوەى ساڵانى “١٩٢١-١٩٢٢”، گەیشتبووە ئەو بڕوایەى، کە باشترین سیاسەت ئەوەیە یەکبگرن و داواى یارمەتى لە حکومەتى بەریتانیا بکەن، بەمەبەستى دروستکردنى دەوڵەتێکى کۆنفیدراڵى کوردى بۆ بەرگریکردن لە تورکیا، بەتایبەت لەو سەردەمەدا تورکەکان ویستیان سوود لەو بارودۆخە نالەبارەى باشوورى کوردستان وەربگرن.
بۆ ئەم مەبەستە “ئۆزدەمیر”فەرماندارى تورک لەساڵى ١٩٢٢ هاتە ڕەواندز و بەناوى تورکیاوە حوکمڕانى کرد،دیارە ئەمەش بەدڵى بەریتانییەکان نەبوو، هەربۆیە بەشێک لە کاربەدەستانى بەریتانیا پێشنیازى کەسیاسەتیى سەید تەهایان کرد بۆ حوکمڕانى ناوچەکە، هەروەک ئـێدمۆندز نووسیویەتى؛ بەبیرمە کە سەید تەهامان بۆ پلەیەکى باڵا دەستنیشان کردبوو، لە کەرکووک لەگەڵیدا دانیشتم لەکاتى وتوێژدا ئامادەیى خۆى دەربڕى بۆ هاوکارى کردنمان بە بەمەستى گەڕاندنەوەى ڕەواندز لە دەستى تورکەکان، لە بەرانبەردا داواى بەرپرسیارەتى قەزاى ڕەواندز و ئاکرێ و ئامێدى لە ئێمە کرد… دواتر هەروەک ئێدمۆندز باسى دەکات بڕیارەکەى سەید تەها بەتەواوى لاى من پەسەند بوو، کە ئیدارەى ڕەواندز بەڕێوە ببات، لە هەمان کاتدا پەیوەندیى نێوان شێخ مەحموود و ئۆزدەمیر دەپچڕێنێت و دواتر ئەم پێشنیازەم بە بەغدا سپارد، ئەوان بە پەلە خۆشحاڵیى خۆیان دەربڕى، بۆیە منیش سەید تەهام بە فڕۆکە ناردە بەغدا تاکوو بەشدارى لە گفتوگۆى نێوان مەلیک فەیسەڵ “١٨٨٣-١٩٣٣” و کۆمیسێرى باڵاو لیژنەى نوێنەرایەتى سلێمانى بکات، لەبارەى بارودۆخى داهاتووى ناوچە کوردییەکان گفتوگۆ بکەن، ئەوەبوو بەریتانییەکان سەیدتەهایان بۆ ئەو ئەرکە “دەرکردنى تورکەکان لە ڕەواندز” ڕاسپارد و هێزێکى زۆرى بەریتانیا و خێڵ و هۆزە نەیارەکانى تورکەکانیان خستە ژێر دەسەڵاتى و لە دوو قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر ڕەواندز، قۆڵێکیان لە لاى کۆیە و ڕانیە، سەید تەها بەهاوکارى لەگەڵ سوپاى بەریتانیا و بابەکر ئاغاى پشدەرى توانیان ناوچەى پشدەر و دەوروبەرى بەتەواى لەدەست تورکەکان ڕزگار بکەن، قۆڵى دووەمیش لە هەریرو باتاس، لەم قۆڵەشەوە دواى چەندین وردە شەڕو پێکدادان بە هاوکارى هێزى ئاسمانى بەریتانى توانیان بەسەر تورکەکاندا سەرکەون و ڕەواندزیان لەدەستى ئۆزدەمیرى تورک و دەسەڵاتەکەى سەندەوە، هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئۆزەدەمیر چاوى بەو سوپا زۆرەى بەریتانیا و لایەنگرانیان کەوتووە بەناچارى لە “٢٠ى نیسانى ١٩٢٣” هێزەکەى لەو ناوچەیە کێشاوەتەوە بەرەو ئێران و لە ڕێگاى شەمزینانەو گەیشتووەتەوە خاکى تورکیا، دواى ئەم ڕووداوانە سەرپەرشتیارى گشتى ئیدارى بەریتانیا لە بەغدا و بە پرسکردن بە حکومەتى ئێراق لە “٢٣ى ئایارى ١٩٢٣” سەید تەهایان بە قائیمقامى ڕەواندز دانا، دواتریش بەریتانییەکان حکومەتى ئێرانیان لەوە دڵنیاکردەوە، کە سەید تەها دەست لەکاروبارى کوردەکانى ڕۆژهەڵات وەرنادات و ئیشى خۆى تەنیا بۆ کۆکردنەوەى کوردەکانى کوردستانى باشوور تەرخان بکات، تەنانەت بەریتانییەکان مووچەیەکى زۆریان بە بەراورد بە قائیمقامەکانى تر بۆ سەید تەها بڕیبووەوە، ئەمەش بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى کۆمەڵایەتیى خۆى، بەم جۆرە ئەم کەسایەتییە کوردە ڕۆڵێکى گرینگى لە یەکلاکردنەوەى کێشەى قەزاى ڕەواندز لە بەرژەوەندى بەریتانییەکان و حکومەتى تازە دامەزراوى ئێراقدا هەبوو، لە بوارى کۆمەڵایەتى و ئاوەدانکردنەوە و هاوکاریکردنى کوردانى باکوور ڕۆڵێکى گرینگى لە مێژووى ناوچەکەدا بینیوە، یەکێک لەکارە هەرە گرینگەکانى لەبوارى ڕۆشنبیرى، لەسەر داخوازى سەید تەها چاپخانەکەى “حوسێن حوزنى موکریانى” لەساڵى ١٩٢٥ چاپخانەکەى لەشارى حەڵەبەوە بۆ ڕەواندز گواستەوە، کە لەم چاپخانەیەدا گۆڤارى زارى کرمانجى پێ دەرکرا، کە ڕۆڵێکى گرینگى لەبوارى ئەدەبى و ڕۆشنبیرى و مێژوویدا بینیووە.
سەید تەها ئەوکاتەش، کە قائیمقامى ڕەواندز بوو لە هەوڵەکانى خۆى بۆ سەربەخۆیى کوردستان و مافە نەتەوەییەکانى کورد بەردەوام بوو، بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار نامەى تایبەتى ئاڕاستەى دەسەڵاتى ئینتدابى بەریتانیا لە بەغدا کرد و جارێکیش خۆى چووە بەغداو لەگەڵ مەندوبى سامى بەریتانیا دانیشت، بەڵام ڕووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە و سیاسەتەکانى بەریتانیا لە ڕووى ستراتیژییەوە دژى ئەم خواستەى بوون، چونکە بەریتانیا لەدواى چارەسەرکردنى کێشەى ویلایەتى مووسڵ و بەستنى پەیمانى “ئێراقى و تورکى و بەریتانى لە ٥ى حوزەیرانى ١٩٢٦” بەتەواوى ئەوە ڕوون بووەوە، کە دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆ بۆ کورد لە کارنامە و سەرمێزى گفتوگۆى زلهێزەکان بەگشتى و دەوڵەتى بەریتانیادا نەماوە، بۆیە سەید تەهاش بەتەواوى لە بەریتانیەکان بێ ئومێد بوو، دەسەڵاتە نوێیەکەى ڕەزاشا “١٩٢٥-١٩٤١” لە ئێران، کە هەوڵى چەسپاندنى مەرکەزییەت و سەرکوتى نەتەوە نا فارسەکانى ئێرانى دەست پێکرد بوو، نیگەرانى خۆى لە هەوڵەکانى سەید تەها بە بەریتانیا گەیاندبوو، هەر بۆیە هەردووک لا “بەریتانییەکان و ڕەزا شا”ش هەوڵیاندا سەید تەها لە دەسەڵات دووربخەنەوە و کۆتاى بە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانى بهێنن، ئەوەبوو لەسەر ئەم پرسە بەریتانیا بە سەید تەهاى گوتووە بڕۆ بۆخۆت ماوەیەک پشوو بدە و سەرێک لە ئێران بدە، لە هەمانکاتیشدا ڕەزاشا بە پلانى ئینگلیزەکان بەدواى سەید تەهایدا نارد بە بیانووى ڕاوێژکردن لەگەڵیجا بۆ چارەسەرکردنى هێڵى سەر سنوورى ئێران و ئێراق، ئەوەبوو لە ژێر ئەم فشارانەدا سەید تەها ناچار بوو لە “١٣ى تشرینى یەکەمى ١٩٢٨” بەرەو ئێران بەڕێ بکەوێت، لەم گەیشتەیدا وەکوو سەرچاوەکان ئاماژەى بۆ دەکەن “شێخ محەمەد سدیق-پۆشۆ” و شێخ عوبەیدولڵا “تراش٩ى کوڕى و حەسەن کاکى باڵەکى یاوەرى بوون، لە ٢٢ى تشرینى دووەمى ١٩٢٨ گەیشتە تاران، هەرچەندە دواى ماوەیەک سەید تەها داواى گەڕانەوە بۆ باشوورى کوردستان دەکات، بەڵام ڕەزا شا پێى ڕاگەیاندووە، کە پێویستە ڕەگەزنامەى ئێرانى دەربکات و بیر لەگەڕانەوە نەکاتەوە، هەربۆیە لە “٢٩ى کانوونى دووەمى ١٩٢٩” بە ناچارى دەستى لە پۆستى قائیمقامى ڕەواندز کێشایەوە و نامەکەشى پێشکەشى دەسەڵاتى بەریتانیا کردبوو، حکوومەتى ئێراقیش دەست لەکارکێشانەوە ناچارییەکەى قبووڵ دەکەن، بەمەش سەید تەها بووە کەسێکى دەستبەسەر لە تاران و هەتاوەکوو کۆچى دوایى لە ساڵى ١٩٣٩ لەوێ مایەوە و نەیتوانى لە دیلى و دەستبەسەرى ڕزگارى ببێت، تەنانەت هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کاتێک نەخۆش بووە ڕێگەیان نەداوە دکتۆر ببینێت، بەمەش دەکرێت بڵێین دەسەڵاتەکەى ڕەزاشا سەید تەهاى بەجۆرێک لە جۆرەکان لەناوبرد. بەم شێوەیە سەید تەها لە ئامانجى سەربەخۆیى کوردەوە بەشێوەیەکى گوماناوى بە دەستبەسەرى لە تاران سەرى نایەوە و ئاواتەکەى نەهاتەدى.
سەرچاوەکان؛
١.ئیسماعیل گوێڵداش؛ جەمعیەتى تەعالیى کوردستان، وەرگێڕانى لە تورکیەوە؛ زریان ڕۆژهەڵاتى، چاپخانەى شڤان، سلێمانى ٢٠١١.
٢.ئەحمەد باوەڕ؛ ئۆزدەمیر و کورد، چاپخانەو ئۆفسێتى بابان، سلێمانى٢٠٠٠.
٣.عەزیز شەمزینى؛ جووڵانەوەى ڕزگارى نیشتمانیى کوردستان، وەرگێڕانى؛ فەرید ئەسەسەرد.
٤.دەبلیو ئار هەى؛ دوو ساڵ لە کوردستان، وەرگێڕانى؛ لوقمان باپیر، چاپخانەى ڕۆژهەڵات.
٥.ازم. هامڵتن؛ ڕێگایەک بە کوردستان.
٦.ڕێبین سەعید مەلا؛ سەید تەهاى نەهرى، هەولێر ٢٠١٦.
ئامادەکردنى؛- دکتۆر ژیلوان عەبدولڵا هەڵەدنى




































































