“یارییە سێبەرییەکان و پیلانگێڕی “دەوڵەتی قووڵ”ی ئێراق لە ناسەقامگیرکردنی هەرێمی کوردستان، لە بڕینی بودجە و هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە بۆ تێکدانی سازانی کۆمەڵایەتی
ئاستی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان و ئۆتۆنۆمی و سەرچاوە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان وای لێکردووە لە ئێراق و ناوچەکە وەکو سەرچاوەیەکی مەترسی تەماشا بکرێت، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوە نیە هەرێم بۆتە جێگەی ئومید و هیوای تێكرای کوردستانیان بە کورد و ناکوردەوە لە هەرێم و کوردستانی مەزن و جیهان، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشڤەچوون و سەقامگیریی و ئارامییەی کە بە خوێن و شەونخوونی کوردستانیانی دڵسۆز لە هاووڵاتیانەوە تا دامەزراوەکان و حکومەت بەدیهاتووە. ئیفلیجی سیاسی و و نەبوونی توانستی بڕیاری سیاسی بەغدا بەلایەک، بەڵام بە لایەکی دیکە، ئیفلیجی باڵی چەند پارتێکی نێو هەرێمیش وای کردووە دەرگە بەڕووی هەڕەشەکان بکەنەوە، ئەمە وێڕای ئاراشیزم و هەستی دژە-دامەزراوەیی خیڵەکیی، کە ئەگەر بە دەرمانێکی نێوەخۆیی و کۆمەڵایەتی چارەسەر نەکرێت، هیچی لە هەڕەشەی تیرۆر کەمتر نەبیت. بە لایەکی دیکەشەوە، بەڵای میلیشیا سیبەرەکانی دەوڵەتی قووڵ و میلیشیاکانی ئێراقە، کە لە دەرەوەش ئاراستە و جۆش دەدرێن لە دژی هەرێمی کوردستان. ئەمە تێکرا ژینگەیەکی دروستکردووە کە پێکهاتە سیبەرییەکان و دەوڵەتی قووڵ لە رێگەی پرۆکسی و بریکاری سیاسی و خێڵەکی بەرببنە گیانی هاووڵاتیانی کوردستان و غازەکەی بتەقێننەوە و هەڕەشەی تەقاندنەوەی وێستگەکانی وزەشی لێ بکەن، ئەمەش پێشهاتێکی یەکجار مەترسیدارە و پێویستی بە ستراتیژێکی بەرفراوان بۆ چارەسەرکردن هەیە، چونکە جۆرە شێواز و میکانیزمێکی میلیشیایی تێکدەرانەیە بە ئامانجی دروستکردنی فشار بۆ پڕکردنەوەی شکسستی سیاسی خۆیان و بەغداش خۆی، ئەنجامی دەدەن. بێگومانیش کردنەوەی کونسوڵخانە هەرە مەزنەکەی ئەمریکا لە هەولێر خەوی لێزڕاندوون، چونکە دیسان گریمانەی سەقامگیری و هێزی ئاساییش و ئارامیی کوردستان دێتەوە بەرچاوان و پێیان هەرس ناکرێت. لەم وتارە وێڕای خستەنڕووی کێشەکان، بە کورتیش ئامانج و شێوازەکانی مامەڵە و میکانیزمەکانی چارەسەر دەخەمە ڕوو.
“بەکارهێنانی ئانارشیزمی خێڵەکی و دامەزراندن و پێدانی بەرپرسیاریەتی”
تۆڕە خێڵەکییەکان بە نادامەزراوەیی و ئاوێتە نەبووی ژیان و ژیاری دامەزراوەیی سەردەمیی وەکو بەشێک لە هەڕەشەکان دەمێننەوە، لە کاتێکدا دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکان مامەڵە بکەن. بۆ ئەو پێکهاتانەی بەغدا، کە دەسەڵات و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەناو هەرێمدا نییە، لە رێگەی ئەمانەوە، تایبەت ئەوانەی مێژووێکی قووڵ یان لە پەنجاکانی سەددەی رابردووەوە لەگەڵ بەغدای دروستکراوی کۆلۆنیالیزم هەیە. بۆ بەغدا هاوشێوەی سیستەمی دەستەبژێر یان هەڵبژێردراوی کۆڵۆنیالیزم، ناسراو بە موختار، شێوازێکی تاقیکراوەی سەرکەوتووە لە جەنگە چەپەڵە سیبەرییەکان و دژایەتی نێوەخۆ و دەرەکی لەبەرامبەر بزاوتی رزگارییخوازیی کوردستان. لەو نێوانە هاوشێوەی سەردەمی رابردوو، واتا تەنانەت جاشایەتی بەر لە جاشایەتی، ڕوونە کە هەندێک کەسی هەندێک خێڵ لە دژی بزاوتی رزگارییخوازیی کوردستان لە چل و پەنجاکانی سەدەی رابردوو لە بری رێگەیەکی دیکەی کوردستانییبوون و کوردایەتی دەستیان دایە جاشایەتی بە خواست و ویستی خۆیان، واتا ئەمان داهێنەری جاشایەتی بوون، جاشایەتییەک کە ستۆکهۆڵم سیندرەم بیر دەهێنێتەوە، واتا دەستوپێوەندبوونی داگیرکار و دوژمن. ئەمەش بۆ درێژەدان بوو بە کاریگەری و ژیانی مشەخۆریی خۆیان لەو کاتەی زۆرینەی کوردستانیان بەدەست رژێمەکانی ئێراق و ئەوانیشەوە ئازاریان دەچشت و وەلادەنران و پەراوێزدەخران و ماڵ و موڵکیان دەستی بەسەردا دەگیرا. ئەمانە فێری شێوازێکی خۆبژێویی مشەخۆرانە بوون، ناوە ناوە سەنگەر دەگۆڕن و ئیستاش میلیشیایان بۆ دروست دەکرێت؛ چەک و پارەیان پێدەدرێت، کە لە پارەی قوتی بڕاوی هاووڵاتیان و بازاڕی رەش دەستیان دەکەوێت. وێڕای ئەوەش، زەوییان پێدەدرێت و پایە و پێگەی سیاسیشیان پێشکەش دەکرێت، تەنیا بە ئامانجی شلۆقکردنی دۆخی ئارامی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی ئاساییشی گشتی. ئەمە بە بەرنامەیە و لە توانستی دەوڵەتی قووڵ ی ئێراقیش بەدەرەوە و لە لایەن وڵاتە هەرێمییەوە جڵەودەکرێن و ئاراستە دەکرێن، ئامانج لێی وێڕای نائارامیی، زیندووکردنەوەی ناکۆکییە گشتییەکان یان هاندانی نائارامی هۆزگەرایی کۆنە لە ساتەوەختە سیاسیە هەستیارەکانی وەک هەڵبژاردن، دانوستانەکانی بودجە، یانیش دروستکردنی رێگەوبان یاخود کارەبای ٢٤ کاتژمێریی تا کردنەوەی کونسڵخانەی هەرە مەزنی ئەمریکا لە جیهان لە هەرێمی کوردستان.
“جەنگی بریکاریی و ئەجێندای دژە-کوردستانی لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان”
ژینگەی زانیاری و هەواڵ و ڕووماڵی ئەلیکترۆنی لە ئێراق گۆڕەپانی شەڕە و ناوەناوەش لەگەڵ ئەو تەوژمە کاریگەرییەکانی دەوڵەتی قووڵ و دەرەوە کوردستانیش بە ئامانج دەگرن. سەکۆکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان یان لاپەڕە و ڕووپەڕە نیمچە فەرمی و نافەرمیی و سیبەرەکان بە سۆز و پێکهاتە و پوختەی زانیاری هەڵە، تێکەڵکردنی لایەنەکان، ساختە و بە ئەنقەست ساختەکراو بارگاویی دەبن و لە رێگەی رای گشتی بە شێوازی جیاواز دەخزێندرێتە نێو کۆمەڵەگە. ئەمانە لە رێگەی ئەو سەکۆیانەوە وێنەی دەستکاریکراو، ڤیدیۆی دروستکراو و تۆمار و کاردانەوەی راستەوخۆ بڵاو دەکەنەوە و ئامانجیش داڕشتنەوەی ڕای گشتی و هاندانی گرژییە خێڵەکییەکانە دژی ئەم و ئەو، کە حکومەتی هەرێـم و کەسایەتییە بەرچاوەکانی هەرێمی کوردستانیش بە تایبەت بەئامانج دەکرێن. واتا بەو رێبازە گڵاوە کەشێکی ناسەقامگیر و خراپ دەئافرێنن تیایدا راست و ناڕاست لە خاڵێک تێکەڵ دەکرێن و جیا ناکرێنەوە. بەو کردە چەواتانە، ئەمانە پێش لێکۆڵینەوەکانیش دەکەون کە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات و دواتر بەڵگە و ڕووداوەکان لە زاری ئەنجامدەران و بەڵگە دەسخستخراوەکان بڵاو دەکرێنەوە.
“تێکدانی متمانەی گشتی لە رێگەی جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی”
لە کۆمەڵگە سەقامگیرەکان، ئەوانەی تیایاندا لەهەموو سووچێک دامەزراوە فەرمییەکان زاڵن، زانیاری ناڕاست کەمتوانایە لە هەوڵی تێکدانی متمانەی گشتی کاریگەرییەکی وەهای نابێت. بە دیوێکی دیکە، بیردۆزی پیلانگێڕی کەمتر کاریگەری لەسەر خەڵکی ئەو کۆمەڵگانە هەیە کە یەک حکومەت و هێز و بڕیاری سیاسی گشتیی تیادایە. بە داخەوە لە کۆمەڵگەی خۆمان، ئەو لایەن و کەسانەی خۆیان هۆکارن بۆ، بۆ نمونە، دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاری خەڵک، نەهێشتنی متمانەی گشتی، بڕینی مووچە و قوتی خەڵک، خراپ دابەشکردنی مووچەی خانەنشیان لە ناوچەکانیان تا دەگاتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کەچی هەر خۆشیان کورد گوتەنی، نان و پیازی پێ دەخۆن. کاتێک ئەم گێڕانەوە نائاساییانە و ئامانجدار و بێسەروبەرانە لەلایەن تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی سیبەر و لایەنی سیاسی و دەوڵەتی قووڵ ی ئێراقەوە، یاخود میلیشیاکان، ڕووماڵ دەکرێن، کار لەسەر هەست و سۆزی گشتی و تێکەڵکردنی بابەتەکان دەکرێت. لەم قۆناغە ئەو دۆخە لە سەرکۆ سیبەرییەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش رەت بووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیە بێ دایکو باوکە عەرەبی و میدیا سیبەرەکانیش ڕووماڵ دەکرێن و رەواییان پێدەدرێت. بێجگە لەوەشی دەست و پێوەند دەنێرنە نێو خۆپێشاندانەکان، ناڕەزایەتیەکان وەکو راپەڕین و ناڕەزایی مەزنتر وێنا دەکەن، تەنانەت زۆر جار بە کردنە ئامانجی هاووڵاتیانیش تۆمەتبار دەکرێن، کە دەبنە قوربانی بە ئامانجی ناپەسەندکردنی وێنەی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم لە رای گشتی نێوەخۆ و دەرەوەدا. ئەمە لە کات و ساتێک کە هەرێمی کوردستان پشت ئەستوور بە دامەزراوە تۆکمە فەرمییەکانی و هێزی هزریی و بازووی رۆڵەکانی هەر بە ئارام و سەقامگیر ماوەتەوە، کە ئەمە دەڕبڕی سیاسەتی ژیرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئاست ئەو پرسە ناهەمووار و نالەبارانەی ڕوویان داوە و ئەگەری ڕوودانیانیشیان لە داهاتوو هەیە بەو پێیەی گیرۆدەی ئەزموونی هاوشێوەی تاڵین، دەتوانین پێشبینیان بکەین، کە ساددەترینیان قۆستنەوەی بەشێکە لە ئانارشیزمی خێڵەکی ناڕەسەن و بە میلیشیابوو.
“پارەدان بە پرۆکسی و بریکارەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەسی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان”
دەڵێن درۆ و ناراستی خێراتر لە راستی دەگەن، بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی ئارام و تۆکمەی وەکو کوردستان بڵاوکردنەوەی ناسەقامگیری لە هەرێمی کوردستان تێچووی زۆری دەوێت و لایەنە پرۆکسییەکان یاخود جاش، وەکو لە گشتی باوە، بە بڕێکی پارەی زۆر نەبێت ئاماددە نین پابەندیی خۆیان بفرۆشن. دواجاریش ئەوانەی نزیکەی یەک سەددەیە و رەنگە زیاتریش بێت، سەرقاڵی جاشایەتی و نۆکەری و دەستوەردانی بیانین لەم کەشەی ئەم سەردەم و هێزی میلیشیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوا کەوتوون و دەینەوێت خۆیان بگونجێنن، چونکە سەرچاوەکانی پارە و داهاتیان بۆ تیرکردنی حەز و خولیاکانیان گۆڕاون. گوژمە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەسەکان و لایڤچییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بۆتە بژێوی ژیان و دەوڵەمەند بوون و ژیانێکی مشەخۆرانەی دژە-نیوەخۆ. تێکڕاش ئەو دەستوەردانە دارایی و هاندانە دەکرێت زیاتر ببێتە (بۆتە) هۆی بڵاوکردنەوەی سەرلێشێوان و بەدحاڵیبوونی رای گشتی لەسەر دەستی ئەو مشەخۆرانەی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان و لاییڤچییە هەڵپەرستەکان. دەرئەنجام، لەو کەشە نالەبارە، تۆڕێکی ئاڵۆز و بیسەروبەر ئافراوە، کە بە مشەخۆریی نما دەکەن و بەرژەوەندییە کورتخایەنەکانیان لەگەڵ ئەجێندایەکی ناسەقامگیر هاوتا دەکەن، کە بەشێکی زۆریشیان لە بنچینەدا کەسانی قین لە دڵ و تۆراو و نەرێنیین بۆ کەشی کۆمەلایەتی و سازانی گشتی.
“مامەڵەی پیشەیی و ئەرێنیانە و کاردانەوەی دامەزراوەکان”
لەو کاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسرور بارزانی و تیمەکەی سەرقاڵی لەبەرچاوگرتنی خواست و داواکاریی کۆمەڵگەن، وێڕای پێویستی و داواکاری و خزمەتگوزاری زیاتر، شۆڕشێک لە ئاوەدانی کوردستانی گرتۆتەوە و کاری لەسەر کردوون. لە ڕووی پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی حوکمڕانی، پێشینە دراوە بە خزمەتگوزارییە گشتییە هەرە پێویستەکان (کارەبا، تەندروستی، مووچە). هاوکات، لەو نێوانە حوکمدارییەکی بەهیز و خاوەن ناسنامە لەبەرامبەر بەغداش لەسەر هێڵە و لە چوارچێوە دەستووریی و یاساییەکان ئەو پەڕی مامەڵەی بەرپرسیارانە ئەنجام دەدات. هاوکات، بە بەرپرسیاریەوە دەستەوەستان نەبووە تا لە بەغداوە بڕیار بدرێت کوردستانیان چۆن بژین، بەڵکو کار لەسەر خزمەتگوزارییە گشتیەکان و خەون و ئاواتی گشتی کراوە. هاوکات حکومەت بە ناردنی داهاتی نێوەخۆ، زۆربەی زانیارییەکانیشی لەسەر داهات و مامەڵەکان بەردەست کردووە و لەوەش گرنگتر، خزمەتگوزاریی ئەیکترۆنی بەردەستە و زۆرێک لە رۆتینەکان کەم کراونەتەوە، کە بەداخەوە لەو نێوانە بە فیتی دەرەکی هێرشیش دەکرێتە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی وەکو کارتی نیشتیمانی و مامەڵە شارستانییەکان و زیانیان پێدەگەیەندرێت و هەڕەشەش لە تەقاندنەوەی سەرچاوەکانی وزە و وێستگەکان دەکرێت، کە بە پارە و داهات و دەستی کاری نێوەخۆیی لە لایەن حکومەتی هەرێم پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێت بە بێ جیاوازیی. سەرەڕای ئەمەش، حکومەت لە دامەزراوەکانی لە رێگەی هێزە یاساییەکان و کاریگەرییە رامیاریی و کۆمەڵایەتییەکەی هەوڵی جڵەوکردنی دۆخەکە لە چوارچێوە یاساییەکان دەدات و بەڵێنی ئاوەندکردنەوەی شوێنەکان بەر لە دەستگیرکردن و لێپرسینەوەی تاوانباران دەدات، کە خۆی دەرخەری ئەو پێداگریەیە کە شۆڕشەکانی ئاوەدانی حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبن و کەس ناتوانێت بیان وەستێنێت.
“به کوردی و کورتی؛ چارەسەر و پشێنیاز”
وێڕای ئاستەنگەکانی بەردەم دروشمی یەک حکومەت و هێز و هەرێم، کە بەئاشکرا لە نێوەخۆ و دەرەوە دژایەتیان دەکرێت، ئاستەنگی خێڵکەی و ئانارشیزمی خێڵەکیش سەربارە. لەو چوارچێوەیەش حکومەت پێویستی بە فراوانکردنی یەکەیەکی بەرپەرچدانەوەی زانیاری ناڕاست هەیە لەتەک ناساندنی خێڵ و هۆزەکان لە چوارچیوە کۆمەڵایەتییەکان و بەهەندزانینی بەها کۆمەڵایەتییەکانیان و هاوکات ئاوێتەکردنیان لە رێگەی میکانیزم و شێوازی جیا لە کۆمەڵگە و دامەزراوەکان تا سنوورە یاسایی و کۆمەڵایەتی و رامیارییەکان ئاوێتەی دۆخێکی خراپی خێڵکی و چەک-سالاریی نەبن، لە وڵاتێک کە خۆی قوربای چەکە. کەواتا، پڕکردنەوەی خواست بۆ خزمەتگوزاری زیاتر، بە دامەزراوەییکردنی دەنگە ناڕازییە ناوخۆییەکان، بە پیشەییکردنی هەوڵەکان لە دژی زانیاری ناڕاست، و ئاشکراکردنی ئەو لایەنە داراییانەی تەنگەژەکان دەئافرێنن، هەم یەکگرتوویی و هەمیش ئاگایی زیاتر دێننە بەرهەم. کاتیشی هاتووە پەلە بکرێت لە گۆڕینی دۆخەکە لە قەیرانەوە بۆ دەرفەت بە ئامانجی بەهێزترکردنی رەوایی یاسایی هەرێمی کوردستان و سازانی کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر تەوژمێکی نەخوازراوی هەواڵ و دەنگۆی ناراست و ناسەقامگیری و ناسازان بەهۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانەوە.




































































