(1930)
ــ 31 ی ئایار؛ کلینت ئیستوود جۆنیۆر لە سان فرانسیسکۆ لەدایک بوو.
(1930 – 1945)
ــ لە سەروەختی قەیرانی گەورەی داراییدا، خێزانی ئیستوود بە ناوچە جیاوازەکانی کالیفۆڕنیادا ماڵیان دەگوێزایەوە، بەهۆی ئەوەی باوکی ئیستوود لە کارێکی کاتییەوە دەچووە سەر کارێکی تر، وەلێ لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا، دۆخی خێزانەکە جێگیرتر بوو.
(1946)
ــ ” مەسەلەکە کاتێک دەستی پێکرد کە تەمەنم دوازدە ساڵ بوو، بە درێژایی ژیانم بەردەوام بوو؛ سەرەتا بە خۆشەویستی مۆسیقای جازی کلاسیکی دەستم پێکرد هاوڕێ لەگەڵ زیندووکردنەوەی فۆڕمی مۆسیقی دیکسیلاند لە چلەکاندا لە ناوچەی سان فرانسیسیکۆ، پاشان لە ساڵی (1946) چارلی پارکەرم بینی و بە کەسێکی ناوازەم دایە قەڵەم ” (گۆڤاری پۆزیتیف، ژ. 329، ئەمووز و ئابی 1988).
(1948)
ــ لە ئامادەیی تەکنیکی ئۆکڵاند دەرچوو، بەڵام دڵنیا نەبوو لەوەی چ ڕێگەیەک دەگرێتە بەر، بۆیە ماوەیەک بە گەشتکردن و گەڕان بە وڵاتدا بەسەر برد. وەک گۆشتفرۆشێک لە ئۆریگۆن، ڕزگارکەرێک لە کەناری ڕینتۆن، ئاگرکوژێنەرەوەیەک لە سیرا نیڤیدا، و کرێکارێک لە کارخانەیەکی پۆڵا لە ئۆکڵاند کاری کردووە.
(1951)
ــ لە کاتی جەنگی کۆریا (1950 – 1953)، ئیستوود لە بنکەی سەربازیی فۆرت ئۆرد لە مۆنتێری مەشقی کرد. ” کاتێک لە سوپا سەرباز بووم و خزمەتی سەربازیم دەکرد، ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ تەسویری فیلمی شاژنی ئەفریقا(The African Queen) ساڵی (1951)ی جۆن هیوستن. من ئەرکێکی دیکەم پێ سپێردرابوو، جگە لەوەی ڕزگارکەر بووم، کە بریتیبوو لە کارپێکردنی پڕۆجێکتەر لەو فیلمانەی مەشق و ڕاهێنان کە بۆ سەربازەکان نمایش دەکران. نەمدەتوانی لە نمایشکردنی فیلمی شەڕی سان پیێترۆ(The Battle of San Pietro) ساڵی (1945) بوەستم، کە یەکێکە لە فیلمە دڵخوازەکانم، و لە ماوەی دوو ساڵی خزمەتی سەربازیمدا زیاتر لە پەنجا جار بینیم. دوای گوێگرتنێکی زۆر لە کۆمێنتارییەکانی نێو فیلمەکە بە دەنگی جۆن هیوستنی دەرهێنەر، وای لێکردم لە قۆناغێکی سەرەتایی ژیانمدا زۆر زوو بەدەنگی جۆن هیوستن ئاشنا بم ” (گۆڤاری پۆزیتیف، ژ. 351، ئایاری 1990). دوای چل ساڵ، ئیستوود فیلمی (White Hunter Black Heart) دەردەهێنێت و ڕۆڵی تێدا دەبینێت، کە لە ڕووداوەکانی فیلمی شاژنی ئەفریقا و ژیانی پڕ لە سەرکێشیی جۆن هیوستنەوە وەرگیرابوو. لە کۆتایی ئەیلوولی هەمان ساڵدا بە فڕۆکە بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە بۆ مۆڵەت، بەڵام فڕۆکەکە – کە دۆگلاسێکی کۆن بوو – بە ناچاری لەسەر دەریا نیشتەوە. ئیستوود ناچار بوو چەندین مایڵ بە مەلە لە شەودا ببڕێت، بەڵام دواجار گەیشتە کەنارەکە.
(1953)
ــ 19 ی کانونی دووەم؛ هاوسەرگیری لەگەڵ ماگی جۆنسن کرد، مانگی هەنگوینییان لە کارمێل (کالیفۆڕنیا) بەسەر برد. لەم کاتەدا تەمەنی ئیستوود (23) ساڵ بوو.
(1954 – 1958)
ــ تاقیکردنەوەیەکی سینەمایی ئەنجامدا و پاشان یەکەم گرێبەستی وەک مەشەقکار لە ستۆدیۆکانی یونیڤێرساڵ (لە ئایاری 1954 بۆ تشرینی یەکەمی 1955) واژۆ کرد. ڕۆڵی بچووکی لە ستۆدیۆکاندا دەبینی و چەند جارێک لە تەلەفزیۆن دەرکەوت، هەرچەندە کە هەوڵێکی زۆری بۆ دەرکەوت لە تەلەفزیۆن دەدا.
(1959)
ــ 9 ی کانوونی دووەم؛ یەکەم ئەڵقەی زنجیرە تەلەفزیۆنی ڕۆهاید(Rawhide) لەسەر شاشەی (CBS) پەخشکرا و ئیستوود ڕۆڵێکی لاوەکیی تێدا گێڕا.
(1964)
ــ لە نیسانی ئەم ساڵەدا ئیستوود گەشتی بۆ چێنچێتا (شاری سینەمایی لە ڕۆما) کرد، پاشان ئیسپانیا، بۆ وێنەگرتنی فیلمی (نامۆ نایابەکە) کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ مشتێک دۆلار(A Fistful of Dollars). ئیستوود زمانی ئیتاڵی نەدەزانی و سێرجیۆ لیۆنیش یەک وشەی ئینگلیزی نەدەزانی، بەڵام هەردووکیان لە یەکتر تێدەگەیشتن.
(1965)
ــ نیسان و حوزەیران؛ ئەزموونەکەی لەگەڵ سێرجیۆ لیۆنی پاتە کردەوە لە فیلمی لەپێناو چەند دۆلارێکی زیاتردا(For a Few Dollars More). لە 7 ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا ئەڵقەی ژمارەی (214) و کۆتایی زنجیرەی ڕۆهاید لە وەرزی هەشتەمی پەخشکرا.
(1966)
ــ لە ناوەڕاستی ئایار؛ وێنەگرتنی فیلمی باش، خراپ، چەپەڵ(The Good, the Bad and the Ugly) دەستیپێکرد. وەک دوو فیلمەکەی پێشوو، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەکی ئەرێیی لێنەکرا، وەلێ سەرکەوتنێکی گەورەی لەسەر ئاستی جەماوەری لە ئیتاڵیا و دواتریش لە ئەمریکا ساڵی (1968) بەدەستهێنا.
(1967)
ــ ئیستوود ڕۆڵگێڕانی لە یەکێک لە ڕۆڵە سەرەکییەکانی فیلمی ڕۆژانێک لە ڕۆژئاوا(Once Upon a Time in the Wets)ی سێرجیۆ لیۆنی ڕەتکردەوە. ئیستوود گەڕایەوە بۆ ئەمریکا و کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ماڵپاسۆ(Malpaso)ی تایبەت بە خۆی دامەزراند، کە لە ماوەی کارکردنیدا سامانێکی زۆری بۆ کۆکردەوە. تشرینی دووەم بۆ کانوونی یەکەمی ساڵی دواتر؛ وێنەگرتنی فیلمی (Coogan’s Bluff) دەستپێکرد، لە دەرهێنانی دۆن سیگڵ، کە دەرهێنەرێکی شارەزا و لێهاتوو بوو. ئەمە یەکەم فیلم بوو لەو پێنج فیلمەی کە (ئیستوود و سیگڵ) پێکەو کاریان تێدا کرد، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵە بچووکەی ئیستوود بە سیگڵی بەخشی لە فیلمی (Play Misty for Me) ساڵی (1971)، کە یەکەم فیلمی ئیستوود بوو وەک دەرهێنەر و خۆیشی یەکێک بوو لە پاڵەوانی فیلمەکە.
(1968)
ــ 19 ی ئایار؛ لەدایکبوونی کایڵ ئیستوود.
(1970)
ــ پێش دەستپێکردنی وێنەگرتنی فیلمی (Play Misty for Me)، باوکی ئیستوود، کلینت ئیستوود، لە تەمەنی (63) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
(1971)
ــ 23 ی تەمووز؛ ئیستوود لەسەر بەرگی گۆڤاری لایڤ دەرکەوت لەگەڵ دێڕێکدا کە نووسرابوو؛ ” ئەستێرەی دڵخوازی فیلم لە جیهاندا – بەبێ گاڵتە – کلینت ئیستوودە “. ڕەنگە ئەستێرەکە وەک ئەکتەر لەلای جەماوەر ڕیزبەندی یەکەمدا بووبێت، وەلێ ڕووبەڕووی هێرشی ڕۆژنامەوانی بووەو. 23 ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ؛ چوارمین فیلمی هاوبەشی نێوان سیگڵ و ئیستوود بە ناوی هاری چەپەڵ(Dirty Harry) بۆ یەکەمجار نمایشکرا. ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی بوو تا ئەو ڕۆژە وەک ئەکتەر.
(1972)
ــ 15 ی کانوونی دووەم؛ پاولین کەیڵ، ڕەخنەگری سینەمایی لە ڕۆژنامەی نیویۆڕکەر، هێرشێکی کردە سەر فیلمی هاری چەپەڵ، فیلمەکەی بە فاشی تۆمەتبار کرد. 22 ی ئایاری هەمان ساڵ؛ لەدایکبوونی ئەلیسۆن ئیستوود (کە ڕۆڵی گێڕاوە لە فیلمەکانی (Tightrope)، و (Midnight in the Garden of Good and Evil). ئیستوود وەک ئەکتەری ژمارە یەک لە بۆکس ئۆفیسی ئەمریکادا ڕاگەیەندرا، و دووبارە لە ساڵانی (1973) و (1979).
(1975)
ــ ئەیلوول؛ کۆمپانیای ماڵپاسۆ ستۆدیۆکانی یونیڤێرساڵی جێهێشت و چووە وارنەر بڕەزەرز، کە ئەمەش مژدەی هاوبەشییەکی درێژخایەن و بەهەمدار بوو. تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ؛ وێنەگرتنی فیلمی جۆسی وێڵزی یاساشکێن دەستپێدەکات، کە پلەی یەکەمی گرتووە لەو حەوت فیلمەی ئیستوود لەگەڵ خانمە ئەکتەر ساندرا لۆک کاری تێدا دەکات، کە دواتر دەبێتە هاوبەشی ژیانی. ئیستوود ئۆفەرێکی فرانسیس فۆرد کۆپۆلا ڕەتدەکاتەوە بۆ نواندن لە فیلمێک بە ناوی (Apocalypse Now).
(1978)
ــ سەرەڕای ڕێنموومایی و ئامۆژگاریی هاوبەشەکانی، بەڵام ئیستوود لە فیلمی (Every Which Way Byt Loose) ڕۆڵی گێڕا، کە فیلمێکی کۆمیدییە لەگەڵ مەیموونێکدا، و لە کۆتاییدا فیلمەکە بوو بە یەکێک لە گەورەترین سەرکەوتنەکانی لە بۆکس ئۆفیسی ئەمریکادا.
(1979)
ــ فیلمی بڕۆنکۆ بیڵی وێنەگرت، کە لە ڕووی بازرگانییەوە شکستی هێنا، بەڵام سەرەتای سەرکەوتنێکی ڕەخنەیی بوو بۆی.
(1984)
ــ ئایار؛ مێگان ڕۆز، کارمەندی بەشی سیناریۆ لە کۆمپانیای وارنەر بڕەزەرز، سیناریۆیەک بە ناونیشانی (کوشتنی ویلیام مونی) دەدۆزێتەوە و ئیستوود لەم دۆزینەوەیە ئاگادار دەکاتەوە. دوای هەشت ساڵ سیناریۆکە دەبێتە فیلمی (Unforgiven). هەر لەم ساڵەدا ئیستوود بە فەرمیی لە ماگی هاوسەری جیادەبێتەوە. 19 ی کانوونی یەکەم – 14 ی کانوونی دووەمی 1985؛ هەموو کارەکانی ئیستوود لە سینەماتیکی فەرەنسی لە پاریس نمایشکران.
(1985)
ــ 14 ئایار؛ فیلمی سواری ڕەنگپەڕیو بەشداری لە کێبڕکێی فیستیڤاڵی فیلمی کان دەکات، لە هەمان ساڵدا فیلمەکەی ئیستوود بە ناوی ڤانیسا لە باخچەکەدا نمایشکرا، کە تاکە فیلمی تەلەفزیۆنی و دوایین فیلمی بوو لەگەڵ ساندرا لۆک.
(1986)
ــ 10 ی نیسان؛ ئیستوود وەک سەرۆکی شارەوانی کارمێڵ (کالیفۆڕنیا) هەڵبژێردرا، و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پۆستەکەیدا مایەوە.
(1991)
ــ 20 ی نیسان؛ مردنی دۆن سیگڵ. هەڵبەتە فیلمی (Unforgiven) پێشکەش بە هەریەکە لە سێرجیۆ لیۆنی و دۆن سیگڵ کرا. ” دۆن سیگڵ هانی دام بۆ دەرهێنان و من هانم دا ببێت بە ئەکتەر… کاتێک فیلمی (Invasion of the Body Snatchers)م بینی (کە لەوانەیە یەکێک بێت لە دوو یان سێ باشترین فیلمەکان لە ڕووی تەکنیکییەوە لە هەموو کاتێکدا)، تێگەیشتم کە ئەو پیاوێکە دەتوانێت شتی مەزن بە کەمترین ئیمکانەتەوە بکات… پێموایە ئەگەر شتێک لە دۆن سیگڵەوە فێر بووبم، ئەوە زانینی ئەوەیە کە دەمەوێت چی بکەم بە فیلم، هەروەها تێگەیشتن لەوەی کەی بەدەستی دەهێنم، و ئەمە شتێک نییە بە تێپەڕبوونی ساڵان هەمیشە ڕووبدات ” (لە پێشەکییەک کە ئیستوود بۆ کتێبێکی ئالان سیلڤەر و ئێلیزابیس وارد نووسیویەتی بە ناوی (سیگڵ؛ ژیاننامەیەک)، لەندەن، 1993).
(1993)
ــ 29 ی ئایار؛ ئاهەنگی خەڵاتی ئۆسکار. نۆ پاڵێوراو، و (Unforgiven) توانی چوار خەڵاتی ئۆسکار بباتەوە بۆ (باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەر (جین هاکمان)، باشترین مۆنتاج). 7 ی ئابی هەمان ساڵ؛ لەدایکبوونی فرانشیسکا ئیستوود.
(1996)
ــ شوبات؛ ئیستوود خەڵاتی ” دەستکەوتی ژیان ” لە پەیمانگای فیلمی ئەمریکی وەرگرت. 31 ی ئازاری هەمان ساڵ؛ ئیستوود هاوسەرگیری لەگەڵ دینا ڕویز کرد. دینا پێشکەشارێکی تەلەفزیۆنی کە سی و پێنج ساڵ لە ئیستوود منداڵترە. نیسانی هەمان ساڵ؛ کۆمەڵەی فیلم لە سەنتەری لینکن (نیویۆڕک) ڕێزلێنانێک پێشکەشی ئیستوود دەکەن.
(1998)
ــ 28 ی شوبات؛ لە پاریس ژان – لوک گۆدار خەڵاتی سیزاری شانازی پێشکەش بە ئیستوود دەکات.
(2004)
ــ فیلمی (Mystic River) دوو خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا بۆ باشترین ئەکتەری سەرەکیی (شۆن پین) و باشترین ئەکتەری لاوەکیی “تیم ڕۆبینز”.
(2005)
ــ فیلمی (Million Dollar Baby) چوار خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە بۆ (باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری سەرەکیی “هیلاری سوانک”، باشترین ئەکتەری لاوەکیی “مۆرگان فریمەن”.
نووسینی؛ بێرنار بینوا
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد




































































