زنجیرە شاخەکانی قەرەداغ کە سەرێکی دەربەندی بازیانە و سەرێكی تری دەربەندیخانە، چەندین دەربەندی تێدایە، لەوانە “دەربەندی باسەڕە، دەربەندی سەگرمە، دەبەندی ئەستێڵ، دەربەندی گۆشان، دەربەندی گاور”.
“دەربەندی باسەڕە”
وەکو “فەرهەنگی فارسی، دکتۆر محەمەد معین” لێکیداوەتەوە، وشەیەکی پەهلەویە واتا :- “زەویەک کە بۆ کشتوکاڵ ئامادەکرابێت، کشت، زار”. جگە لەم دەربەندە گوندێکیش لە بناری کۆسرەت ناوی باسەڕەیە. ئێستا ئەم وشەیە لە زمانی گفتوگۆی جوتیارانی کوردا لە بیرچۆتەوە و بەکارناهێنرێت، بەڵام لەم دووناوەدا ماوە. بەڵام بۆچوونێکی تریش هەیە کە بەڕێز “تۆفیق وەهبی” دەڵێت:–” پێی وایە وشەکە مانای ڕازاوە بگرێتەوە، لە فارسی کۆنیش بە مانای بەهار هاتبێت، بەڵام لای خەڵكی ناوچەکەش بەمانای “بای “ساردوسڕ دێت، هەروەها دەڵێت گوندێکیش هەیە لە نزیک میرزا ڕۆستەم بە ناوی باسەڕەوە، ناوچەیەکیش هەیە لە ڕۆژهەڵاتی “بەڵغ” لە تورکستان بە ناوی باسەڕەوە.
“هەڵکەوتەی جوگرافی دەربەند باسەڕە”
هەڵکەوتەی جوگرافی ئەم دەربەندە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی چەمچەماڵ، باکوری ناحیەی سەنگاو، باشوری شاری سلێمانیەوە، هەروەها وەکو نزیکترین شوێنیش لە باکورەوە هاوسنورە لەگەڵ گوندی “ژاڵەی دەربەند” و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی “تیلەکۆی حەمە ڕەزا” و ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ گوندی “دێلێژە” و ڕۆژئاواشی گوندی “قولە”یە، ئەم دەربەندە گرنگیەکی زۆری هەیە لە ڕووی مێژوویەوە، چونکە لەبەر ئەوەی ئەگەر یەکەم ڕێگا نەبێت بۆ ناوەوە و دەرەوەی ناوچەی بازیان و قەرەداغ و شارەزوو، دوای دەربەند بازیان، دووەم ڕێگایە. ئێمەی خەڵکی ناوچەکە خۆمان پێی دەڵێین” دەبەند باسەڕە”، چونکە جاری وا هەیە هەواکەی سەر لە ئێوارانێکی درەنگ یان نیوەی شەواندا هەڵدەکات، بەشێوەیەکی زۆر فێنک و سارد، لە هەموو وەرزێکدا بەردەوام تا چێشتەنگاوێكی درەنگی ڕۆژی دوایی باکەی ناخات.
چەمی باسەڕە:- ئاوی باسەڕە لە دوو لقی سەرەکی پێکهاتووە، یەکەمیان ڕووباری باسەڕەیە کە لە بەرزایەکانیی هەنجیرە و چیای قەرەداغ و بازیان هەڵدەقوڵێت و لە ناوچەی دەربەندی باسەڕە دێتە ناوچەی نیمچە شاخاوی. دووەمیان لقی هەنجیرەیە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری چەمچەماڵ هەڵدەقوڵێت بەرەو باشور دەڕوات تا لە سنوری ڕۆژئاوای قەزاکە لە نزیک گوندی “مەملەحە” لەگەڵ لقی سەرەکی “باسەڕە” یەکدەگرێت.
“گرنگی دەربەند باسەڕە لە ڕووی سەربازییەوە”
ئەم دەربەندە لە ڕووی ستراتیژی سەربازییەوە گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە، ڕژێـمی بەعسی ئێراق و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق، زۆرجار هەوڵیان دەدا کە ڕێگایەکی قیرتاوکراوی پێدا ڕاکێشن بەهۆیەوە کۆنترۆڵی سەربازی ناوچەکانی قەرەداغ و بازیان بکەن. گرنگترین ئەو سەرکەوتنە سەربازییانەی کە بەهۆی ئەم دەربەندەوە ئەندام دراوە، ئەو جەنگە بوو کە نادرشا دژی عوسمانییەکان بەرپای کرد، چونکە ساڵی “١٧٣٣ز”، هێزی عوسمانی “١٢٠٠٠” جەنگاوەری بە پێشەوایی “مامش پاشا” لە دەربەند بازیاندا جێگیرکردبوو، “میرزا مەهدی خان” لە کتێبەکەیدا “جیهان گشای نادری” دەڵێت:-” لە دەربەند باسەڕەوە لە ٩/١١/١٧٣٣دا، دزەی کردە پشتییەوە و هێزە تورککەی تەفروتوناکرد و مامش پاشای کوشت و دوای ئەوە ئەو هێزەی “تۆپاڵ پاشای عوسمانی” لە کەرکوکەوە بە خێرایی بۆ پشتیوانی و فریاکەوتنی مامشت پاشا هات، ئەویشی کوشت و دەستیگرت بەسەر هێزەکەیدا، ئەم سەرکەوتنەی بەهۆی بەکارهێنانی ڕێگای نێو دەربەند باسەڕە بوو. لەلایەکی تریشەوە بەگوێرەی نەخشە هەڵکەنداوەکەی دەبەند باسەڕە، ئانوبانینی لۆلۆیی بەهۆی ئەم دەربەندەوە، خۆریەکانی کە لە ناوچەی کەرکوک جێگیربوون، بەزاندووە و لە ناوچە شاخاوییەکان دەریکردوون و هونەرمەندە نەناسراوەکەی نەخشە هەڵکەندراوەکە لەناو قورگی دەربەندەکەدا لەسەر شاخە بەردەکە هەڵیکەندووە، بەم کارەی سنوری دەسەڵاتی لۆلۆیەکانی دیاری کردووە. هەزارەها سەرکەوتن و بەزینی دیکە بەهۆی ئەم دەربەندەوە لە دووتوێی مێژووی ڕابردوودا ون و شاراوەن، بۆ نموونە دەربەند باسەڕە کەڵکێكی زۆری بەخشیوە بە هەردوو حکومەتی عوسمانی و سەفەوی ئێرانی، لە کاتی ئەو بەربەرەکانی و بەیەکدادانەی کە لە نێوانیاندا لەسەر کوردستان یان لەسەر بەرژەوەندی خۆیان ڕوویانداوە، چونکە دەربەند باسەڕە لە ڕووی ستراتیژی و سەربازی و بازرگانییەوە هیچی کەمترنەبووە لە هەردوو گەرووی دەربەندی بازیان و دەربەندیخان بۆ ناو هەرێمەکانی شارەزوور و بازیان.
نموونەیەک بۆ ئەمە “مەئموون بەگ” لە یاداشتەکەیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت:- ” کاتێک کە “قاز”باری شا تەهماسبی سەفەوی کە فەرمانڕەوای هەرێـمی “شیروان”بوو، لە ساڵی “١٥٤٧ز”، نیازی سەربەخۆبوونی هەرێمەکەی کەوتە سەری، بەڵام بۆی ئەنجام نەدرا، لەسەر ئەوە لەگەڵ کاکی دا نێوانیان تێكچوو، ناچار پەنای بردە بەر سوڵتان سڵێمانی قانوونی عوسمانی، لەوێ دەستی دایە کارکردن دژی براکەی، کاتێک کە شکستی هێنا و متمانەی لای سوڵتان نەما و بەرەو ئێران گەڕایەوە، لە ڕێگا کەسانێکی زۆر داغ لە دڵ شوێنی کەوتن، لەبەر ئەوە بەڕێگاوە توشی هەر هێز و سەربازگەیەکی عوسمانی ببوایە دەیدا بەسەریدا و تەفروتونای دەکرد و ڕاو و ڕووتی پاشماوەکانی دەکرد، هەروەها هەر لە ئەستەمبوڵ و دیاربەکر و موسڵ و ئامێدی و کەرکوک و کفرییەوە دەستی کرد بە ڕووخاندن وێران کردن، لە ڕێگای دەربەند باسەڕەوە قەد بڕی بۆ کرد تا لە نزیک شارەزوور لەسەرچنار، بەنیازبوو بدات بەسەر قەزای زەڵـم و شارەزووردا. کاتێک “بێگە بەگ” فەرماندەی شارەزوور ئەمەی زانی، هەڕەشی بۆ نارد لەبەر ئەوە پاشگەزبووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەواڵی پێگەیشت، هێزەکانی عوسمانی شوێنی کەوتوون، لە کەرکوکەوە “بەداق بەگ” بەهێزێکەوە لە ئامێدییەوە، “ئەباش باش” بەهێزێکەوە، لە بەغداوە “محمەد پاشای وەزیر” بەهێزێکەوە، هێزەکەی “بەداق بەگ” بە دووڕۆژ لە ڕێگەی سەگرمە و دەبەند باسەڕەوە گەیشتە سەر “قاس” دوای شەڕوپێکدانان هێزەکەی “بەداق بەگ” شکا و گەڕایەوە، “قاس”یش پەنای بردە لای “زۆراب”ی برای، “بێگە بەگ” لەگەڵ”شا تەهماسب”دا ئاشتی کردەوە، بەڕواڵەت شا لێبورد، بەڵام دوای ئەوە لە قەڵای”قەهقەهە” بەندیکرد تا ساڵی “١٥٤٩” بە کەساسی وەفاتی کرد.
“گرنگی دەربەند باسەڕە لە شۆرشەکانی کورد”
گرنگی دەربەندی باسەڕە بەگوێرەی شۆرشەکانی کورد، لە هەموو سەردەمەکاندا بەتایبەت لە سەردەمی شۆرشەکانی ئەیلوول و گوڵان و ئەو شۆرشانەی کە حیزبە کوردستانییەکانی دیکە پێشەواییان دەکرد، زۆر هەبووە، چونکە هەمیشە حکومەتە داگیرکەرەکان توانیویانە کۆنترۆڵی ڕێگای دەبەندیخان و دەربەند بازیان بکەن، بەڵام نەیان توانیوە کۆنترۆڵی ڕێگای دەربەند باسەڕە بکەن و قەدەغەی هاتووچۆی پێشمەرگە بکەن، لە هاتووچۆکردن بەم دەربەندەدا، هەر لەبەر ئەوەبووە لە کاتی تەنگانەی زۆردا گوندەکانی دەوروبەری ئەم دەربەندە وەکو ژاڵە و قولە و تیلەکۆ و دێلێژە و دەربەند سوتاو و گوندەکانی دیکەی هەرچوار قۆڵەکەی قەرەداغ و بازیان و سەنگاو و هەمەوەند، هەر لە ساڵانی “١٩٦١- ١٩٩١”پەناوپەناگەی پێشمەرگە و خەڵکانی دیکەی ڕاکردوو و لێقەوماو ڕاونراو لە شارەکان و لادێکانەوە بوو، پلە سەختەکانی و شاخەبەرزەکانی و ئەشکەوتە قوڵەکانی، نە تۆپ و نە فرۆکە نە زرێپۆش، هەرگیز کاری تێنەکردوون، هەربۆیە حکومەتە ئێراقییە شۆڤێنیەکان هەمیشە هەوڵیانداوە، ڕێگای ناو دەربەند بەهەر نرخێک بێت قیرتاوی بکەن، بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەرگیز ڕێگای پێنەداون، دەبێت ئەوەش لە یاد نەکەین کە ڕێگایەکی زۆر قەد بڕبووە لە نێوان ناوچەکانی قەرەداغ و بازیان و شارەزوو و ناوچەی هەمەوەند، جافایەتیدا، هەر لەسەرەتای دروستبوونی ژیان لەم ناوچانەدا وەکو ئەم سەردەمە.
“بەردە نیگارینەکەی باسەڕە”
شوێنی جوگرافی وێنەکە:- نزیک پردی باسەڕەیە، بەرزی دیمەنەکە لە ڕێگا قیرتاو کراوەکە کەمتر لە “٢م”ە، دیمەنەکەی ئەم بەردە نیگارینە لەسەر بەردی دەربەندەکە و لە چوارچێوەییەکی قەبارە مامناوەند کە درێژی “٦٠سم” و پانی “٥٤سم” داتاشراوە، قوڵی ناوەوەی چوارچێوەکەی بۆی ئامادەکراوە بریتیە لە “٢سم”.
بەهۆی تێکچوونی خودی دیمەنەکە بەهۆکاری سرووشتی و ژینگەوە ناتوانرێت بە سانایی دیمەنەکە وێنا بکرێت، ئەوەی هەیە بریتیە لە دیمەنی مرۆڤێک بە شێوەی نائاسایی و بە قەبارەیەکی بچووک داتاشراوە و ئەویش هۆکارەکەی بچوکی بۆشایی چوارچێوەی ئامادەکراوەکە بێت، یان قورسی بەردەکەوەبێت بۆ تاشینی وێنەکە، یان بیرۆکەی هونەرمەندەکە خۆی بێت کە بەوجۆرە کردویەتی مەجالێکی کەمی وەرگرتبێت بۆ نەخشاندنی مەبەستەکەی بۆیە ئەو کەسە کڵاوێكی لەسەردایە و لابەلا وەستاوە و بە ئاڕاستەی لای ڕاست دەڕوانێت و دەستی چەپی بۆ پێشەوە بردووە و دەستی ڕاستی بەهۆی ئەوەی ڕوون نیە لە تەنیشتی یان بۆ دواوەی بردووە، هەرچەندە وێنەی مرۆڤی دووەم زۆر ڕوون نییە، بەڵام تەنها هێندە ڕوونە کە مرۆڤێکە لەسەر ئەژنۆیە ئیتر نازانرێت کڕنوشی بردووە یان نا، هەرچەندە هەندێک نووسەر کە پێشووتر سەردانیان کردووە دەڵێن “کەسی دووەمی وێنەکە لە حاڵەتی نزاوپاڕانەوەدایە”، بەڵام هەنووکە هیچ ڕوون نیە وێنەکە بە کاریگەری سرووشتی و ژینگەوە توشی “تلف بوون” هاتووە، خەڵکی سنورەکە و خەڵكانی دیکەش درێخیان نەکردووە لە شێواندنی زیاتر بە سپراو بۆیەی جۆراوجۆر.
سەردەمە مێژووییەکەی:- بۆ دیاریکردنی سەردەمی ئەم بەردە نیگارینە دەبێت پەنا برێتە بەر زانستی بەراوردکاری نێوان ئەم تابلۆنیگارینە و تابلۆنیگارینەکانی تری کوردستان، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەم نیگارە هیچ نووسین و هێما و سمبولێکی تری لەسەر نییە. بە شێوەی سادەکراوە بۆیە باشترین حاڵەت بەراورد کارییە بۆ دۆزینەوەی سەردەمەکەی، بەڵام دۆخی هەنوکەی نیگارەکە وای لێهاتووە ناتوانرێت ئەم ڕێگایە تاقی بکرێتەوە، چونکە نە کڵاو نە شێوازی دەست و قاچ و جلوبەرگی بەڕوونی نەماوەتەوە، بەڵام ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو دوای دۆزینەوە لەسەری نووسراوە بەشێوازی ڕاپۆرت و توێژینەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێن هی پاشای “لۆلۆبیەکان ئانۆبانینە” و بەهەموو میتۆدێک نزیکە لە نیگارەکەی ئەم پاشایە، بەڵام بە شێوەیەکی جوان نەکراوە، سەردەمی تازەترە لە نیگارەکەی سەرپێڵی زەهاو، کە هەر لە سەرپێڵی زەهاوە. ئەوی ماوەتەوە ئاماژەی پێبکەین لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی لەساڵانی ڕابردوو هەوڵی کۆپی کردنی ئەم بەردە نیگارینەیان دابوو، وەک ئەوەی ڕەبەنە و میر قۆڵی و قزقاپان کە کۆپییان کردووە و هەنوکە لە مۆزەخانەی سلێمانیە، بەڵام بەهۆی تێكچوونی بەردە نیگارینەکە و دیارنەمانی خودی کارەکتەرەکانی ناو دیمەنەکە نەتوانراوە لە کۆپیەکەشدا دیمەنەکە بە ڕوونی دەربکەوێت، هەرچەندە چەندجارێک هەوڵی بۆ درابوو، تەواوی ئیشەکان هونەرمەند “ئاکام قەرەداغ”ی، پێی هەستابوو، لە ساڵی “٢٠١٧”کۆی کۆپی کردنی نیگارەکەی ڕادەستی مۆزەخانەی سلێمانی کردەوە.
شوێنەواری خانەکە:- کە لە قورگی دەربەند باسەڕە وە ڕووە و گەرمیان دێتە دەرەوە، لە دووری دوو کیلۆمەتر بەلای ڕاستدا “١٠٠” مەترێک بەرزدەبێتەوە خانەکەیە، خانەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەرزێکی “١٠” دۆنمی تەختەوە، شوێنەکەی پەڕە و بە باشی بای بەیانیانی دەربەند نایگرێتەوە. یان جێگەی نیشتەجێی “خان” بووە، چونکە شاخەکەی پشتیەوە ناوی “تەختی خانە”، یان سەربازگەی سەردەمی بابانەکان بووە، کە “عبدولڕەحمان پاشا”ی بابان هێزێکی زۆرتری دژی والی عوسمانی لە بەغداد تێیدا داناوە، بۆ ئەوی ڕێگربێت دژی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی سلێمانی، “مستەر ڕیج” ئەو ڕاستییە دووپات دەکاتەوە ودەڵێت:-” کە لە سلێمانیەوە گەڕامەوە، گەیشتمە نزیک چەمچەماڵ، بەلای چەپمدا لام کردەوە ئەم دەربەندەم بینی کە “عهبدولڕەحمان پاشا” هێزەکانی بۆ بەرگری کردن لە خۆی دژی والی عوسمانی لە بەغداد تێدا جێگیر کردبوو. ئەو شاخەی زەوی خانەکە پاڵی پێوەداوە لە پشتووێنە بەرەو ژووری پێی دەڵێن “تەختی خان”، باوکی کۆچکردووم لە دەوری خانەکە و زەوی تەڵەبیەکە لە ساڵانی پەنجادا لەو کوپە شینانەی دەدۆزییەوە، کە دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی زەردەشتییەکان. لە نەوەدەکانی سەدەی پێشووشدا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی سەردانی ناوچەکەیان کرد و دیدەنی خانەکەشیان کرد، چەند شوێنێکیان لێهەڵکەندووە.
“شوێنەواری گۆڕستانی مەلا بەکر”
شوێنی جوگرافی کێلەکان:- کێلەکان دەکەونە ناو گۆڕستانەکەوە خودی گۆڕستانەش نزیک گوندی دۆرە”دوورە” و چەمی باسەڕەیە، دیمەنەکەی بریتییە لە دوو کێلی تاڕادەیەک درێژ کە درێژی هەریەکەیان نزیک مەترێک دەبێت، پانیان نزیکەی “٣٠سم” دەبێت، لەسەر کێلی باکورو باکوری ڕۆژئاوا نەخشێنراوە بە نەخشی مرۆڤێک کە ئەویش ئافرەتێکە و بە ئاسانی سنگ و بەرۆکی بە دیار دەکەوێت و بە شێوەیەکی وەستاو وێنەی کراوە. کێلی دووەم واتا هەمان گۆڕ لە دیوی پشتەوە وێنەی باڵندەیەک کراوە. دیارە هەردوو کێلەکە لە مێژە بۆیەیەکی ڕەنگ سەوزکراون، پاشان بە تێپەڕبوونی کات بە سپراو بۆیەی دیکەی ڕەنگی سپی کراونەتەوە، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کێلی گۆڕستانەکە یەک توخم و یەک جۆرن و کێلەکانی دیکە ڕەنگ نەکراوە بە سانایی ئەم ڕەنگانە دیارن و ڕەسەنن و خەڵکانێک بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوەی ئەم کێلانە کردویانە، یان مەبەست ناشیرنکردن و شێواندن بووە.
سەردەمەکەی:- مێژووی هەموو گۆڕەکان بۆ سەردەمی ئیسلامی دەگەڕێتەوە، جگە لە ئەم دوو کێلەکە بۆ پێش سەردەمی ئیسلامی دەگەڕێتەوە، دیاری لە سەردەمی ئیسلامی و بە تایبەتی ئەمارەتەکانی کوردیش هەندێکجار بۆ گۆڕی ئافرەت دووگۆ وەک تۆپێکی بچوک لەسەر کێلەکان کراوە وەک هێمایەک کە ئەمە گۆڕی ئافرەتە وەک “کێلی گۆڕێک لە گۆڕستانی قەڵای دوین لە هەولێر”، بەهۆی قەدەغەکردنی وێنە لە ئاینی ئیسلام لەبەرئەوە کەمترین وێنە دەبینین کرابێت، بۆیە تیمەکەیش پێیان وابوو بۆ پێش سەردەمی ئیسلام دەگەڕێتەوەم ئەم دوو کێلەکە جیاوازن لە کۆی گۆڕستانەکە.
“گوندی دووەر”
هەڵکەوتەی ئەم گوندە وایە لە چاڵدایە و چەند مەترێکی کەم لە ڕووباری باسەڕە دوورە، هەروەها کاتێک بتەوێت بڕۆیتە ناو گوندەکە وە دەبێت بە ملەی دووەر دابەزیتە خوارەوە ئەو کات بە گوندەکە دەگەیت، ئەو ملەیە شوێنەوارییە، دوو ناویشی هەیە یەکەم پێدەڵین “دووڕیان” و دووەم پێدەڵێن “کانی شێخ حسێن”. لەم گوندە کاتی گەڕان و پشکین لە دوو شوێنی جیاواز گۆزە و دیزەمان دۆزیەوە، ئەمەش وای کرد لە کاتی وەرگرتنی خاڵەکان بە “Gps” لە لایەن د. لۆکاوە بە دوو شوێنی تاڕادەیەک بچوک و نزیک لە یەکەوە تۆماربکرین و لە ژێر هەمان ناوی سەرەوەدا.
“سەید زۆراب”
شوێنێکی شوێنەواری گرنگە، لە ڕووی جوگرافیەوە وەک لەسەرەوە لە بارەیەوە دواین کە زۆر ستراتیژییە و تەنها “٣٠ تا ٥٠ م”ێک لە پردەکەی باسەڕە دوورە، گردێکی گەورەی شێوە لاکێشەیە، زۆرترین پارچە گۆزەی لێبوو لە کاتی کۆکردنەوەی پارچەکاندا موورویەک کە قەبارەی بە قەد پەنجەی بچکۆلەی دەستی مرۆڤێک دەبوو دۆزرایەوە، ڕەنگێکی ڕەشباوی هەبوو، کە پێم وابوو لە “بەردی عقیق” دروستکرابوو، هەروەها زۆرترین گۆزە و دیزە کۆکرایەوە، هەمووی لە پلاستیکی تایبەتی نراو هێنامانەوە، دوای گەڕان و دۆزینەوەیەکی ئەو مووروە کە د. مارکۆ دۆزییەوە، پارچە بازنەیەک دۆزرایەوە کە ڕەنگێکی سپی هەبوو. زۆر پارچە بەردە ئەستێ واتا ئۆبزیدی و فلێنت دۆزرایەوە، دیارە ئەم بەردە ئۆبزیدیانە پێکهاتەکەی لە شوشەوە نزیکترە وەک لەوەی بەرد بێ، کانگای ئەم مادەیە بۆ ناوچەی “وان” دەگەڕێتەوە، چونکە لە هەموو جێگایەک گڕکان نییە ئەوانیش لە ئەنجامی گڕکانەکانەکانەوە دێنە دەرەوە و نزیکترین جێگاش لێوەی هاتبێت وان بووە، بەهۆکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی هاتووەتە میزۆپۆتامیا و ناوچەکە ڕۆڵی چەقۆی ئێستای بینیوە. دوای ئەوەی زۆرترین بەشی ئەو گردە شوێنەوارییە یان قەڵاکە گەڕاین، بۆیە دەڵێن “قەڵا”، چونکە پاشماوەی بەردی زۆری لێبوو، کە پێدەچێت “نشینگەیەک”یان “قەڵا” بێت کە بەندە گومانی لەوەدا نییە بەشی سەرەوەی قەڵا بووە، بەڵام بەهۆی کێڵان و لێدانی شۆڤڵەوە زۆرترین بەشی شێوێنراوە هەتا ئەمساڵیش کێڵرابوو. دواتر پارچە گۆزەکان کۆکرایەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردینی نوێ و ساسانی و ئیسلامی، بەڵام تا پاک نەکرێتەوە و چێک نەکرێت نازانرێت، هەرچەندە “ بەردی ئەستێ، “FIint”کان هێمان بۆ چاخەکانی پێش مێژوو یان پێش نووسین.
دۆزراوەکان:- بەردە ئەستێ، شوشە، کانزا، گۆزە، مووروی بەردین، سەبیلی سەردەمی عوسمانی. بەڵام ئەم شوێنەوارانە بە هۆی کێڵان و لێدانی شۆڤڵەوە بەشێوەیەک پان و پۆڕ بۆتەوە و چینە زانستییەکانی شێوێنراوە، هەریەکە لەم کارانەیش پێچەوانەی یاسای شوێنەوارییە و دووریشە لە هەستی نیشتمانپەروەری.
سەرچاوەکان؛
کتێب
١/ بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، نەوشیروان مستەفا ئەمین،ساڵی چاپ ٢٠١٢ز، الدار العربیە العلوم- ناشرون، بەیروت، لبنان.
٢/ گوندی ژاڵە و کەمێک لە کردەو بەسەرهاتەکانی ژیانم، جەلال خەڵەف ژاڵەیی، ساڵی ٢٠١٥ ز، چاپی یەکەم، بەشی یەکەم،بڵاوکراوەکانی هەماوەند بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە.
٣/ باسەڕە، نەوشیروان عزیز، ساڵی چاپ ٢٠١٩.
٤/ د،هاوڕێ یاسین محمەد ئەمین، لێکۆلینەوەیەک لە جوگرافیای هەرێمی کوردستان،ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە،چاپی سێیەم، سلێمانی،٢٠١٤.




































































