ڕۆمانی «مردن کارێکی سەختە» لە نووسینی ڕۆماننووسی سووریی «خالید خەلیفە»، لە وەرگێڕانی هاوڕێ و وەرگێڕی بەتوانا «کارزان عەلی»یە؛ لەم وتارەدا، گەشتێک بەناو گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا دەکەین. لە ساتەوەختە هەرە تاریکەکانی مێژووی مرۆڤایەتییدا، کاتێک لۆژیکی ژیان تێکدەشکێت و مەرگ دەبێتە هەواڵێکی ڕۆژانەی ئاسایی، ئەدەبیات ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە: دەبێتە یادەوەریی زیندووی نەتەوەیەک، دەنگی کپکراوی قوربانییەکان، و شایەتحاڵی بێلایەنی ئەو کارەساتانەی کە سیاسەت و مێژوونووسە سەرکەوتووەکان هەوڵی شێواندن یان سڕینەوەی دەدەن. ڕۆمانی «مردن کارێکی سەختە»ـی خالید خەلیفە، خوێنەر دەباتە نێو گەشتێکی ئەدەبییەوە کە لە قورسییەوە بەرەو ڕوونی دەچێت. سەرەتای ڕۆمانەکە بە دیمەنی مردنی «عەبدوللەتیف» لە نەخۆشخانەیەکی دیمەشق دەست پێدەکات، کە وەسیەت دەکات لە گوندی «عەنابیە»ـی زێدی خۆی بنێژرێت. ئەم داواکارییە سادەیە لە سایەی جەنگی ناوخۆی سووریادا دەبێتە ئەرکێکی ئەستەم بۆ سێ منداڵەکەی: «بولبول»، «حسێن» و «فاتیمە»، ساڵانێکە پەیوەندییەکانیان سارد و پچڕاوە. خوێنەر لە سەرەتادا ڕووبەڕووی گێڕانەوەیەکی پچڕپچڕ و کەشێکی خنکێنەر دەبێتەوە، تێگەیشتن لە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان خوشک و براکان و ڕقە شاراوەکانیان قورس دەکات. لەگەڵ دەستپێکردنی گەشتەکە بە مینی پاسێکی کۆنەوە، ناوەڕاستی ڕۆمانەکە دەبێتە چەق و دڵی چیرۆکەکە؛ لێرەدا گەشتە فیزیکییەکە بەناو بازگە مەترسیدارەکان، ڕێگا وێرانبووەکان و شارە بۆمبارانکراوەکاندا، تێکەڵ بە گەشتێکی دەروونیی قووڵ دەبێت. لە ڕێگەی هونەری «فلاشباک»ـەوە، خالید خەلیفە وردە وردە پەردە لەسەر ڕابردووی کارەکتەرەکان هەڵدەماڵێت: خۆشەویستییە شکستخواردووەکەی فاتیمە، هەست بە تاوانکردنی حسێن بەرامبەر باوکی، و هەوڵەکانی بولبول بۆ پاراستنی پاشماوەی خێزانەکەی. تەرمی باوک کە وردە وردە بەرەو شیبوونەوە دەچێت، دەبێتە هێمایەک بۆ شیبوونەوەی وڵات و پەیوەندییە مرۆییەکان. لە کۆتاییدا، کاتێک دەگەنە مەبەست، ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی سەرەتا نامێنێت و خوێنەر بە تێگەیشتنێکی ڕوون و گشتگیرەوە لە تراژیدیای مرۆڤ لەبەردەم جەنگدا، لەگەڵ چارەنووسی تاڵی کارەکتەرەکاندا دەمێنێتەوە؛ کۆتاییەکە وەڵامی هەموو پرسیارەکان ناداتەوە، بەڵکو هەستێکی قووڵی بەزەیی و خەم و بۆ ماتەمینی ئەو چارەنووسە بەجێدەهێڵێت.
خالید خەلیفە، بە تەواوی بەم ئەرکە ڕیشەیی و پیرۆزە هەڵدەستێت. ئەم بەرهەمە، کە لە ڕواڵەتدا چیرۆکێکی سادە و خێزانی دەگێڕێتەوە، لە قووڵاییدا شیوەننامەیەکی درێژە بۆ نیشتمانێکی پارچەپارچەبوو و مرۆڤێکی شکۆ لەدەستچوو. خەلیفە لە ڕێگەی وەسیەتێکی سادەی باوکێکەوە «دەمەوێت لە تەنیشت گۆڕی خوشکەکەمەوە لە عەنابیە بنێژرێم». خوێنەر ڕاپێچی گەشتێکی سێ ڕۆژەی پڕ لە مەترسی و سووکایەتی دەکات. ئەم گەشتە، کە دەبوو تەنها گواستنەوەیەکی ئاسایی تەرمێک بێت، دەگۆڕێت بۆ ئۆدیسەیەکی هاوچەرخ؛ سەفەرێکی ماندووکەر بەنێو جوگرافیای وێرانکراوی سووریا و، لەوەش گرنگتر، بەنێو دەروونی برینداری کارەکتەرەکان و مێژووی پڕ لە ئازاری وڵاتەکەیاندا. ڕۆمانەکە دەبێتە میتافۆرێکی گەورە و فرەڕەهەند بۆ دۆخی سووریا، تێیدا هەموو بەها مرۆییەکان، خێزان، خۆشەویستی، وەفا، نیشتمانپەروەری و تەنانەت ڕێزی مردووانیش لەبەردەم ئاوەزی دڕندانەی شەڕدا پووکاونەتەوە و مانای خۆیان لەدەست داوە. ڕۆمانی «مردن کارێکی سەختە» پرسیارێکی فەلسەفیی قووڵ دەورووژێنێت: کاتێک ژیان خۆی دەبێتە بارێکی گران، ئایا مردن دەتوانێت ئاسوودەیی بهێنێت؟ وەڵامی تاڵی ڕۆمانەکە ئەوەیە: لە سووریای ئەمڕۆدا، تەنانەت مردنیش ئاسان نییە و دەبێتە سەرەتای ئەرکێکی سەختتر. ئەم گەشتە، کە بە مینی پاسێکی شڕ و کۆن ئەنجام دەدرێت، دەبێتە تابووتێکی گەڕۆک، نەک تەنها بۆ تەرمی باوک، بەڵکو بۆ خەون و هیوا و پەیوەندییەکانی ئەو سێ خوشک و برایەش. خەلیفە بەم کارەی، سنووری نێوان ژیان و مردن تێکدەشکێنێت و نیشانمان دەدات کە لەناو جەنگدا، زیندووەکان مردوویەکی گەڕۆکن و مردووەکانیش بە ئامادەگی قورسیان، لە زیندووەکان زیندووترن.
“خێزان وەک نموونەیەکی بچووککراوەی نیشتمان”
خالید خەلیفە بە شێوەیەکی بلیمەتانە، خێزانی عەبدوللەتیف وەک نموونەیەکی بچووککراوەی کۆمەڵگەی سووری وێنا دەکات. پەیوەندیی پچڕاو، متمانەی لەدەستچوو، ڕقی کەڵەکەبوو و نهێنییە شاردراوەکانی نێوان ئەم سێ خوشک و برایە، ئاوێنەی دابەشبوون و لەتبوونی کۆمەڵگەیەکی گەورەترە. هەر یەک لە کارەکتەرەکان، نوێنەری توێژێک، نەوەیەک و ئایدۆلۆژیایەکی جیاوازن کە لە ململانێیەکی بەردەوامدان. بولبول، کوڕە گەورەکە، بەرجەستەکەری ئەو نەوەیەیە کە لەژێر سێبەری ترس و دیکتاتۆریەتدا گەورە بووە. ئەو کەسایەتییەکی لاواز، دوودڵ و خۆپارێزە. تەواوی هەوڵی ئەوەیە کە بە کەمترین زیان و بەبێ دروستکردنی هیچ کێشەیەک، وەسیەتی باوکی جێبەجێ بکات. ئەو نوێنەری ئەو مرۆڤە سادەیەیە کە شەڕ هەموو ئیرادە و بوێرییەکی لێ زەوت کردووە و تەنها هیوا بەوە دەخوازێت ئەم کابووسە کۆتایی پێ بێت، بەبێ ئەوەی خۆی بەشێک بێت لە گۆڕانکارییەکە. لە بەرامبەریدا، حسێنی برای، دەنگی یاخیبوون و تووڕەییە. ئەو نوێنەری ئەو نەوە گەنجەیە کە هەست بە خیانەتێکی قووڵ دەکەن؛ خیانەتی باوک لە بەرامبەر ستەمدا بێدەنگ بوو، خیانەتی سیستەم کە داهاتووی لێ دزین، و خیانەتی مێژوویەک شوناسی لێ سەندنەوە. ڕق و قینەی حوسێن بەرامبەر باوکی، تەنها ڕقێکی شەخسی نییە، بەڵکو ڕقە لە تەواوی ئەو نەوەیەی بە ملکەچی و سازشکردن، ڕێگەیان بۆ ئەم دۆزەخە خۆش کرد. فاتیمەش، لەم نێوەندەدا، دەبێتە جەستەی ئازارکێشراوی ژن لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار و پڕ لە شەڕوشۆڕدا. ئەو قوربانیی دووجایە: قوربانیی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان خۆشەویستییان لێ قەدەغە کردووە، و قوربانیی شەڕێک ئاسایش و شکۆی لێ زەوت کردووە. فاتیمە بە جەستە و ڕۆحی بریندارییەوە، نوێنەرایەتی ئەو ئازارە کپکراوانە دەکات کە لەژێر پێستی کۆمەڵگەدا شاردراونەتەوە. ئەم سێ کارەکتەرە، لەناو ئەو مینی پاسە بچووکەدا، وەک سێ جەمسەری ناکۆکی سووریان وا ناتوانن پێکەوە بژین و ناتوانن لە یەکتریش داببڕێن. دیالۆگە کورت و پچڕپچڕەکانیان، جنێوەکانیان، بێدەنگییە درێژەکانیان، هەمووی ڕەنگدانەوەی ئەو قەیرانە قووڵەی پەیوەندییەکانە کە کۆمەڵگەی سووری پێیدا تێدەپەڕێت.
“تەرمی باوک؛ میتافۆرێک بۆ شیبوونەوەی نیشتمان”
عەبدوللەتیف، باوکی کۆچکردوو، هەرچەندە لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە جەستەیەکی بێ گیانە، بەڵام لە بێدەنگی و ئامادەیی بەردەوامییدا، دەبێتە قورساییەکی مەعنەوی و فیزیکی و دەگۆڕێت بۆ گرنگترین و کاریگەرترین کارەکتەری ڕۆمانەکە. ئەو لە سەرەتادا تەنها بارێکی قورس و بۆگەنە کە دەبێت بە زووترین کات بنێژرێت، بەڵام لە ڕێگەی بیرەوەرییەکانی منداڵەکانییەوە (فلاشباک)، ژیانی ڕابردووی دەخرێتەڕوو و لە تەرمێکی بێناوەوە دەبێتە مێژوویەک. ئێمە لەگەڵ مامۆستایەکی خاوەن پرەنسیپ و خۆشەویست ئاشنا دەبین کە ترسی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و دەزگا ئەمنییەکانی، ورد ورد شکاندوویەتی و کردوویەتی بە پیاوێکی گۆشەگیر، ترسنۆک و بێدەنگ. مردنی ئەو لە سەرەتایی ڕۆمانەکەدا، هێمایە بۆ مردنی ئەو نەوەیەی کە شایەتحاڵی سەرەتایی دروستبوونی ستەمکاریی بوون و نەیانتوانی، یان نەیانویست، ڕووبەڕووی ببنەوە. گەنین و شیبوونەوەی تەرمەکەی بە درێژایی گەشتەکەدا، بە وردی لەلایەن خەلیفەوە وەسف دەکرێت، دەبێتە خوازەیەکی بەهێز و ترسناک بۆ شیبوونەوەی جەستەی نیشتمان. بۆنی ناخۆشی تەرمەکە، خوشک و براکان ناچار دەکات پەنجەرەکانی مینی پاسەکە بکەنەوە و دواتر تەنانەت لەناو ئۆتۆمبێلەکەشدا جێگەیان نابێتەوە، هەمان ئەو بۆنە ناخۆشەی گەندەڵی، مردن و ستەمکارییە کە تەواوی وڵاتی تەنیوە و چیتر ناتوانرێت لەژێر هیچ دروشم و پڕوپاگەندەیەکدا بشاردرێتەوە. گەشتەکە بۆ ناشتنی ئەو، لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ ناشتنی ڕابردوویەک کە ئێستای ژەهراوی کردووە؛ ئەو ڕابردووەی پڕە لە ترس، سازش و بێدەنگی، و بووەتە هۆی ئەم ئێستا خوێناوییە. ناشتنی تەرمەکە، وەک هەوڵێکە بۆ پاکبوونەوە لەو میراتە قورسە و دەستپێکردنەوە، هەرچەندە ئەم دەستپێکە نوێیە تەمومژاوی و نادیارە. تەرمەکە دەبێتە خاڵی چەقی ناکۆکییەکانی نێوان منداڵەکان؛ حسێن ڕقی لێیەتی و بە هۆکاری نەهامەتییەکانی دەزانێت، بولبول وەک ئەرکێکی پیرۆز سەیری دەکات، و فاتیمە لە نێوان سۆز و ڕقدا گیری خواردووە. ئەم سێ هەڵوێستە جیاوازە، هەمان هەڵوێستی نەوە جیاوازەکانی سوریایە بەرامبەر بە مێژوو و ڕابردووی وڵاتەکەیان.
“گەشتەکە؛ سەفەرێک بەنێو دۆزەخی سووریادا”
ڕێگای نێوان دیمەشق و عەنابیە، کە لە دۆخی ئاساییدا تەنها چەند کاتژمێرێکە، لە سووریای پڕ لە شەڕوشۆڕدا دەگۆڕێت بۆ ڕێگایەکی دوور و درێژی پڕ لە ئازار و دەبێتە شانۆی سەرەکیی ڕووداوەکان. هەر خاڵێکی پشکنین کە لەلایەن هێزێکی جیاوازەوە کۆنترۆڵ کراوە، دەبێتە دەروازەیەک بۆ قۆناغێکی نوێی سووکایەتی، باج وەرگرتن و مەترسیی مەرگ. لەم خاڵانەدا، ناسنامەی سووری یەکپارچە هیچ مانایەکی نامێنێت؛ مرۆڤەکان تەنها لەسەر بنەمای لەهجەی قسەکردنیان، ناوی سەر ناسنامەیان، یان شوێنی لەدایکبوونیان پۆلێن دەکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. خالید خەلیفە بە شێوەیەکی ورد و بێ پێچ و پەنا، بێمانایی شەڕ و لۆژیکە تێکشکاوەکەی دەخاتەڕوو. لەم گەشتەدا، ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن وەک دوو ڕووی یەک دراو دەردەکەون. سەربازی ڕژێم کە داوای بەرتیل دەکات تا ڕێگە بە تێپەڕبوونی «تەرمێکی نایاسایی» بدات، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ چەکداری ئۆپۆزسیۆن کە بە بیانووی ئاینەوە ڕێگرییان لێ دەکات و پرسیاری بێمانا لەبارەی ژیانی کەسی فاتیمەوە دەکات. نووسەر بە ئەنقەست خۆی لەوە دەپارێزێت کە هیچ لایەنێک وەک پاڵەوان یان قوربانیی ڕەها نیشان بدات. بەڵکو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چۆن هەمووان، بە پلەی جیاواز، بوونەتە بەشێک لەو ئاشی شەڕەی کە بەبێ جیاوازی هەمووان دەهاڕێت. مرۆڤی ئاسایی، وەک بنەماڵەی عەبدوللەتیف، بوونەتە سووتەمەنیی ئەم جەنگە بێهوودەیە. ئەم گەشتە، گەشتی تێپەڕبوونە بەنێو وێرانەیی جوگرافی و مرۆییدا؛ وێرانەیی شار و گوندەکان، و وێرانەیی ڕۆحی ئەو مرۆڤانەی کە لەم خاڵە ئەمنییانەدا وەستاون، چ ئەوانەی چەکیان بەدەستەوەیە و چ ئەوانەی کە بە ناچاری لێیان دەپەڕنەوە. مینی پاسەکە، بە تەرمە بۆگەنەکەی ناوییەوە، دەبێتە وێنەیەکی بچووککراوەی سووریا خۆی: وڵاتێک کە لە دەرەوە شێواوە و لە ناوەوە بەرەو شیبوونەوە دەچێت، و لەلایەن چەکدارە جیاوازەکانەوە ڕێگەی لێ دەگیرێت و چارەنووسی دیاری دەکرێت.
“پرسی هیوا؛ لە یاخیبوونەوە بۆ یۆتۆپیا”
ڕۆمانی «مردن کارێکی سەختە» ڕۆمانێکی ڕەشبینانەیە، بەڵام ڕەشبینییەکی واقعیانە و پێویست، چونکە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکی تاڵە. خالید خەلیفە بە هیچ شێوەیەک هەوڵ نادات بە درۆ و بەڵێنی پووچ، هیوا و دڵنەواییەکی ساختە بە خوێنەر ببەخشێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم تاریکییە چڕ و بێبڕانەوەیەشدا، چەند تیشکێکی زۆر لاوازی هیوا و پێداگری لەسەر کەرامەتی مرۆڤبوون بەدی دەکرێت. بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ئەم هیوایە، کە لەناو دڵی بێهیواییەوە سەرهەڵدەدات، دەتوانین لە دوو گۆشەنیگای فیکری جیاواز و تەواوکەری یەکترەوە لێی بڕوانین: گۆشەنیگای ئەلبێرت کامۆ و ئێرنست بلوخ. لە ڕوانگەی کامۆوە، جیهانی ڕۆمانەکە نموونەیەکی بەرجەستەی جیهانێکی ئەبسێرد و بێمانایە. جیهانێک کە تێیدا بنەماییترین ماف و ڕێوڕەسمی مرۆیی، وەک ناشتنی مردوویەک بە شکۆوە، دەبێتە ئەرکێکی ئەستەم و پڕ لە سووکایەتی. ئەمە ئەو ناکۆکییەیە کە کامۆ باسی دەکات:- مرۆڤ بەدوای مانا و دادپەروەریدا دەگەڕێت، بەڵام جیهان بە بێدەنگییەکی سارد وەڵامی دەداتەوە. باشترین وەڵام بۆ ئەم بێماناییە، «یاخیبوون»ـە و وەڵای دۆخی باو بدەیتەوە. کردەوەی بولبول، حوسێن و فاتیمە لە گەیاندنی تەرمی باوکیان، کردەوەیەکی یاخیبوونە بەپێی پێناسەکەی کامۆ؛ پێداگرییە لەسەر بەهایەکی مرۆیی لەناو جیهانێکدا هەموو بەهایەکی سڕیوەتەوە. وەک سیزیف کە بەردەکە پاڵ پێوە دەنێت، ئەوانیش بەردی ئەرکەکەیان پاڵ پێوە دەنێن، نەک لەبەر ئەوەی چاوەڕێی پاداشتێکن، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە خودی کردەی پاڵنانەکەدا، شکۆی مرۆڤبوونی خۆیان دەپارێزن و بەسەر بێماناییدا سەردەکەون. ئەمە هیوایەکی «ئێستایی»ـە، هیوایەکە کە لە بەرگریکردن لە چرکەساتدا دروست دەبێت و مانای خۆی لە خودی کردەوەکەدا دەدۆزێتەوە، نەک لە ئەنجامەکەیدا.
بەڵام لە ڕوانگەی ئێرنست بلوخەوە، ئەم کردەیە ڕەهەندێکی داهاتووخواز وەردەگرێت و لە چوارچێوەی ئێستادا قەتیس نامێنێت. هیوا لای بلوخ، «پرەنسیپ»ێکی بنەڕەتی و دینامیکییە کە مرۆڤ بەرەو (هێشتا-نەبوو-Not-Yet) پاڵ پێوە دەنێت. وەسیەتی باوکەکە خۆی «خەونێکی ڕۆژانە»ـی بلوخییە؛ خەونی گەڕانەوە بۆ یۆتۆپیایەکی بچووک و لەدەستچوو (گوندی عەنابیە و ئارامیی ڕابردوو). جێبەجێکردنی ئەم وەسیەتە لەلایەن منداڵەکانەوە، دەبێتە هەوڵێک بۆ بەدیهێنانی پارچەیەک لەو داهاتوو باشترە لەناو ئێستایەکی دۆزەخئاسادا. کردەی ناشتنەکە دەبێتە «شوێنپێی هیوا-trace of hope»؛ نیشانەیەکە بۆ ئەوەی کە سەرەڕای هەموو شتێک، هێشتا ئیمکانی بەردەوامی و ماناداری بوونی هەیە. کەواتە، ئەگەر کامۆ فێرمان بکات کە چۆن لەناو ئێستایەکی بێمانادا بژین، بلوخ فێرمان دەکات کە چۆن لەناو هەمان ئێستادا، چاو لە داهاتوویەکی «هێشتا-نەبوو» بکەین و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی بدەین.
“ئەنجام؛ شیوەننامەیەک بۆ ڕابردوو، ڕەخنەیەک لە ئێستا، پرسیارێک بۆ داهاتوو”
لە کۆبەندی، ڕۆمانی «مردن کارێکی سەختە» تەنها گێڕانەوەی چیرۆکێک نییە، بەڵکو بەرهەمێکی ئەدەبیی فرەڕەهەندە کە لە سێ ئاستی کاتیدا کار دەکات و دەتوانین وەک سێکوچکەیەکی فیکری لێی بڕوانین. یەکەم، شیوەننامەیەکی قووڵە بۆ ڕابردوو؛ ڕابردوویەکی پڕ لە ترسی کپکراو، سازشی تاڵ و بێدەنگییەکی شەرمهێنەر کە بووە هۆی ئەم ئێستا خوێناوییە. ئەم ڕابردووە لە تەرمی شیبووەوەی عەبدوللەتیفدا بەرجەستە دەبێت، کە هەم قوربانییە و هەم بە بێدەنگییەکەی، بەشدارە لە دروستبوونی ئەو سیستمەی دواتر خۆی و منداڵەکانیشی دەهاڕێت. ناشتنی ئەو، هەوڵێکی (هێمایی) بۆ ناشتنی ئەو میراتە قورسە. دووەم، ڕەخنەیەکی تیژ و بێبەزەییانەیە لە ئێستا؛ ئێستایەکی ئەبسێرد و بێمانا کە تێیدا هەموو بەها مرۆییەکان پێشێل کراون و جەنگ لۆژیکی ژیانی تێکداوە. ئەمە ئەو ئێستایەیە کە تێیدا مرۆڤەکان لەسەر بنەمای لەهجە و ناسنامە دەکوژرێن و سووکایەتییان پێ دەکرێت، و تێیدا زیندووەکان ئیرەیی بە مردووەکان دەبەن. سێیەم و گرنگترینیان، پرسیارێکی کراوە و چارەنووسسازە بۆ داهاتوو. کردەی ناشتنی باوک، کە لە یەک کاتدا هەم یاخیبوونێکی کامۆییە دژی بێمانایی ئێستا و هەم شوێنپێیەکی هیوای بلوخییە بۆ داهاتوویەکی «هێشتا-نەبوو»، دەرگای ئەم پرسیارە دەکاتەوە: ئایا دوای ناشتنی ڕابردوو و یاخیبوون لە ئێستا، ئیمکانی بنیاتنانی داهاتوویەک هەیە؟ ئایا دەکرێت لەسەر وێرانەی ئەم پەیوەندییە پچڕاوانە، خێزانێک و نیشتمانێک لەسەرپێی خۆی ڕابوەستێتەوە؟ خالید خەلیفە بە شێوەیەکی بلیمەتانە وەڵامەکە بۆ خوێنەر و بۆ مێژوو بەجێدەهێڵێت. ئەم ڕۆمانە بەڵگەنامەیەکی نەمرە لەسەر تراژیدیای سووری، بەڵام لە هەمان کاتدا، بەیاننامەیەکە لەسەر توانای سەرسوڕهێنەری مرۆڤ بۆ پێداگری لەسەر شکۆ و هیوا، تەنانەت لەناو قووڵترین و تاریکترین دۆزەخەکانیشدا. ڕۆمانی «مردن کارێکی سەختە»، بە دەربڕینە (ڤیکتۆر فرانکل)یەکە؛ مرۆڤ لەناو ئازار و کۆژانەکاندا، بەدوای مانا و واتایی ژیاندا بگەڕێت. ڕۆمانەکە لە کۆتا شیکاریدا، چیرۆکی مرۆڤ نییە کە بەدوای مانادا دەگەڕێت، بەڵکو چیرۆکی مرۆڤە کە لەناو بێماناییدا، خۆی مانا دروست دەکات؛ بە کردەوەیەکی بچووک، بە فرمێسکێکی دزی، بە پێداگرییەک لەسەر ناشتنی مردوویەک بە شکۆوە.




































































