“پوختەی سەرەکی”
هاوسەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە سەدەی ٢١ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینیوە:- لە سیستەمێکی دوو جەمسەری سەردەمی جەنگی سارد، بۆ یەک جەمسەری ئەمریکایی (١٩٩١-٢٠٠٨)، تا گەیشتنە قۆناغی فرە جەمسەری ئێستا کە چین، ڕووسیا، هیندستان و یەکێتی ئەوروپا وەک هاوسەنگکارانی نوێ سەریان هەڵداوە. ململانێکانی ئێستا نیشانەی گواستنەوەیەکی مێژووین لە نەزمێکی کۆنەوە بۆ نەزمێکی نوێی نادیار.
“پێشەکی”
پرەنسیپی هاوسەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکان یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، چەمکێکە کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە هەژموونی یەک وڵات بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیدا بە دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان کۆمەڵێک نەتەوەی گەورەدا. بەڵام پێشهاتە خێراکانی سەدەی بیست و یەک، لە شەڕ و ململانێ و قەیرانە ئابووری و تەکنەلۆژییەکانەوە، چەمکی هاوسەنگی نێودەوڵەتییان لە قاڵب داوەتەوە و زەحمەتی کردووە کە بە ڕوونی ناوەندی دەسەڵات لە جیهاندا دیاری بکرێت.
یەکەم:- چەمکی هاوسەنگی نێودەوڵەتی هێزەکان.
هاوسەنگی نێودەوڵەتی هێزەکان واتە ئەو بارودۆخەی کە دەسەڵات لە نێوان چەند وڵاتێک یان پۆلێکدا بە شێوەیەک دابەش دەکرێت کە هیچ وڵاتێک بە تەنیا نەتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیدا دووپات بکاتەوە. ئەم پرەنسیپە یەکێکە لە بناغەکانی پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی ڕێژەیی نێوان وڵاتان، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە خۆپاراستنی یەکتر کە ڕێگری لە شەڕی سەرتاسەری دەکات. یەکێک لە تێڕوانینە هەرە دیارەکانی ئەم چەمکە جیهانییە، هانس مۆرگنتاوە کە هاوسەنگی بە ئامرازێکی سرووشتی بۆ ڕێکخستنی هەڵسوکەوتی وڵاتان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و دەسەڵات دادەنێت.
دووەم:- پەرەسەندنی هاوسەنگی هێزەکان لە ڕێگەی مێژووەوە.
١. قۆناغی پێش جەنگە جیهانییەکان.
هاوسەنگییەکە لەسەر بنەمای ڕکابەری هێزە گەورەکانی ئەوروپا “بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا” بوو. ئەم ڕکابەرییە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی یەکەمی جیهانی لە ئەنجامی شکستهێنان لە هاوسەنگکردنی پێشبڕکێی چەک.
نموونەی مێژوویی:- کۆنگرەی ڤیەننا (١٨١٥) دوای شکستی ناپلیۆن، وڵاتانی گەورە “بەریتانیا، ڕووسیا، پڕووسیا، فەرەنسا” ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کرد بۆ دابەشکردنی دەسەڵات. ئەم سیستەمە نزیکەی ١٠٠ ساڵ (تا ١٩١٤) ئاشتی ڕێژەیی پاراست.
٢. قۆناغی جەنگی سارد (١٩٤٥-١٩٩١).
لەو ماوەیەدا دوو جەمسەری نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییهت سەریهەڵدا، کە بوونی چەکی ئەتۆمی هاوسەنگی لە کەیسێکدا دەکات بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی ڕاستەوخۆی نێوانیان بێتەوە و بووەتە هۆی سەقامگیری ڕێژەیی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سەرەڕای قەیرانە زۆرەکانی ناوچەکە.
نموونەی مێژوویی:- قەیرانی میساڵەکانی کوبا (١٩٦٢)، یەکێتی سۆڤییهت هەوڵی دا میساڵی ئەتۆمی لە کوبا دابنێت. دوای ١٣ ڕۆژ گرژی جیهانی، ئەم قەیرانە بە دیپلۆماسی چارەسەر کرا. واتە چەکی ئەتۆمی هاوسەنگی لە کێشەیەکی سەختدا دەکات بەبێ شەڕ.
٣. قۆناغی دوای جەنگی سارد.
ئەو قۆناغە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییهت، کە تاک جەمسەری ئەمریکای لێکەوتەوە، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی نێودەوڵەتی و دەستێوەردانی بەربڵاوی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی وەک عێراق و ئەفغانستان.
٤. قۆناغی هاوچەرخ (سەدەی بیست و یەکەم).
ئەمڕۆ گەڕانەوەی جەمسەرەکە دەبینین لەگەڵ سەرهەڵدانی هێزە نوێیەکانی وەک چین، ڕووسیا، هیندستان و یەکێتی ئەوروپا، کە نەزمی نێودەوڵەتی بەرەو هاوسەنگییەکی نوێی هێشتا ناسەقامگیر ناردووە.
سێیەم:- هاوسەنگی نێودەوڵەتی لەژێر ڕۆشنایی ململانێ جیهانییەکانی ئێستا.
قۆناغی ئێستا بە چەندین جۆری ململانێ دەناسرێتەوە:- سەربازی، ئابووری، تەکنەلۆژی و ئایدیۆلۆژی، هەموویان ڕەنگدانەوەی هەوڵی هێزە گەورەکانن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزەکان.
١. ململانێی ئەمریکا و چین.
گرینگترین شت لە ڕکابەرییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمڕۆدا ئەوەیە، کە چین هەوڵدەدات لە ڕێگەی دەستپێشخەریی “پشتێنە و ڕێگا”ەوە هەژموونی ئەمریکا بشکێنێت و توانا سەربازی و تەکنەلۆژییەکانی پەرەپێبدات، لە کاتێکدا واشنتۆن هەوڵدەدات لە ڕێگەی هاوپەیمانییە ئاسیایی و ئەوروپییەکانەوە کۆنتڕۆڵی بکات.
ئامارە ئابوورییەکان:-
- GDP ئەمریکا:- ٢٧ تریلیۆن دۆلار، خەرجی سەربازی = ٨٧٧ ملیار دۆلار.
- GDP چین:- ١٨ تریلیۆن دۆلار، خەرجی سەربازی = ٢٩٢ ملیار دۆلار.
- چین لە ماوەی ٢٠ ساڵدا ئابوورییەکەی ١٠ هێندە کردووە.
٢. شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
ئەم شەڕە چەمکی هاوسەنگی هێزە تەقلیدییەکانی گەڕاندەوە، بەو پێیەی ڕووسیا هەوڵدەدات کاریگەری خۆی لە ژینگە جیۆپۆلەتیکییەکەیدا بەدەستبهێنێتەوە، هاوکات وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵدەدەن پشتگیری ئۆکرانیا بکەن بۆ ئەوەی ڕووسیا نەتوانێت کاریگەرییەکانی فراوانتر بکات.
٣. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:- شانۆی فرە هاوسەنگی.
ناوچەکە دەستێوەردانی گەورە لە نێوان هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان (ئەمریکا، ڕووسیا، ئێران، تورکیا، چین) دەبینێت.
نموونەی دیار:- پێکدادانی ئێران-ئیسرائیل.
ئێران:- پشتیوانی حیزبوڵڵا (لوبنان)، حەماس (فەلەستین)، حوسی (یەمەن) – ستراتیژی “تەوەرەی بەرگری”ی ناوچەیی.
ئیسرائیل:- پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا (٣.٨ ملیار دۆلار یارمەتی سەربازی ساڵانە).
ئەنجام:- ناوچەکە بووەتە شانۆی شەڕی پرۆکسی نێوان ڕۆژئاوا و ئێران، هەرێمی کوردستانیش وەک ناوچەیەکی پەلکێشکراو بۆ نێو شانۆکە دەبینرێت.
چوارەم:- ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر هاوسەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان هەیە.
١. هێزی سەربازی و هاوپەیمانێتییەکان.
أ. هێزی تەقلیدی:- چەک، لەشکر، فڕۆکە، کەشتی – هێشتا ئامرازی سەرەکی هەڕەشەن.
ب. تیرۆری ئەتۆمی (Nuclear Deterrence).
تیرۆری ئەتۆمی واتە:- “من چەکی ئەتۆمیم هەیە، ئەگەر تۆ هێرش بکەیت، تۆش لەناودەبەم، کەواتە هیچکەسێک هێرش ناکات” ئەم ستراتیژییە بە “Mutually Assured Destruction (MAD)” یان “لەناوبردنی دڵنیای دووجا” ناسراوە. واتە ئەگەر یەکێتی سۆڤییهت بۆردومانی ئەتۆمی کردبا سەر ئەمریکا، ئەمریکاش چەند چرکەیەک دواتر هەموو شارەکانی ڕووسیا لەناودەبرد، کەواتە هەردووکیان دەمردن، کەواتە هیچیان شەڕ دەست پێناکەن.
ئامار:- ئێستا ٩ وڵات خاوەنی ١٢,٥٠٠ کڵاوەی ئەتۆمین (ئەمریکا، ڕووسیا، چین، فەڕەنسا، بەریتانیا، هیندستان، پاکستان، ئیسرائیل، کۆریای باکوور)
چۆن کاریگەرە؟
- ڕێگری لە شەڕی ڕاستەوخۆ نێوان هێزە گەورەکان (ئەمریکا هەرگیز ڕووسیای ڕاستەوخۆ شەڕ نەکردووە).
- دەسەڵات دەداتە وڵاتانی بچووک (وەک کۆریای باکوور کەسی ناتوانێت هێرشی بکاتەسەر).
ج. هاوپەیمانێتییەکان.
- ڕۆژئاوا:- ناتۆ (٣٢ ئەندام) – “ئەگەر یەکێکمان هێرش بکرێت، هەموومان بەرگری دەکەین”
- ڕۆژهەڵات:- شەنگهای (چین، ڕووسیا، ئێران) + کۆمەڵەی بریکس.
چۆن کاریگەرن؟
هاوپەیمانییەکان وڵاتە بچووکەکان بەهێز دەکەن:- پۆڵەندا بە تەنیا ناتوانێت بەرامبەر ڕووسیا بەرگری بکات، بەڵام وەک ئەندامی ناتۆ، ئەگەر ڕووسیا هێرشی بکات = شەڕ لەگەڵ ٣٢ وڵات + ئەمریکا دەکات.
٢. ئابووری.
هێزی ئابووری ئەمڕۆ ئامرازێکی سەرەکی نفوز و کاریگەرییە، وەک چین و ئەمەریکا. بازرگانی، سەرمایەگوزاری و تەکنەلۆژیا بووەتە چەکی نوێ لە شانۆ و شەڕی جیهانی.
چۆن کاریگەرە؟
- وڵاتی بەهێزی ئابووری دەتوانێت سزای ئابووری (sanctions) بسەپێنێت و وڵاتانی دیکە ناچار بکات.
- سەرمایەگوزاری لە وڵاتانی لاواز = کاریگەری سیاسی (وەک چین لە ئەفریقا).
- کۆنتڕۆڵی بازاڕی جیهانی = دەسەڵاتی بڕیاردان (وەک ئەمریکا لە دۆلار).
٣. تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد (AI)
تەکنەلۆژیا ئێستا وەک چەکی ئەتۆمی گرنگە لە هاوسەنگی جیهانیدا. وڵاتێک کە پێشکەوتوو بێت لە تەکنەلۆژیا، دەتوانێت دوژمنەکەی بشکێنێت بەبێ ئەوەی گولـلەیەک بتەقێندرێت.
ڕکابەری لە زیرەکی دەستکرد (AI):-
ئەمریکا:-
- خاوەنی گەورەترین کۆمپانیاکانی OpenAI, Google کە ChatGPT وەک AIدروستکردووە
- سەرمایەگوزاری زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دۆلار لە AI
چین:-
- پلانی “نێکست جێنێرەیشن AI” بۆ بوون بە ژمارە یەک لە جیهان تا ساڵی ٢٠٣٠
- کۆنتڕۆڵی ٧٠٪ی کامێرا دیجیتاڵەکانی جیهان بۆ چاودێری
AI چۆن کاریگەرە لە هاوسەنگی جیهانی؟
١. لە سەربازیدا:-
AI دەتوانێت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە خۆکاری بەرگری بکات و ئامانج بدۆزێتەوە ،وەک فڕۆکەی “Reaper” کە ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان بەکاری هێناوە
- ڕۆبۆتە سەربازییەکان کە لە داهاتوودا دەتوانن شوێن سەربازی مرۆڤ بگرنەوە
نموونە:- ئەگەر ئەمریکا و چین شەڕ بکەن،AI دەتوانێت لە چرکەیەکدا سەدان ئامانج بدۆزێتەوە خێراتر لە مرۆڤ.
شەڕی سایبەر (Cyber Warfare)
شەڕی سایبەر واتە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت وەک چەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەبێ گولە. وەک شەڕێکی
نائاگا:- تۆ نازانیت کێ هێرشی کردیتەسەر، بەڵام کارەبا، ئاو و بانکەکانت دەوەستێنن.
نموونەی ڕاستەقینە:-
٢٠١٦ – هێرشی ڕووسیا بۆ سەر هەڵبژاردنی ئەمریکا:-
- هاکەرەکانی ڕووسیا هێرشیان کردە سەر سیستەمی ئیمەیڵی حیزبی دیموکرات لە ئەمریکا.
- نامە نهێنییەکانیان دەرهێنا و بڵاویان کردەوە لە ئینتەرنێت.
- ئەنجام:- کاریگەری کردە سەر ئەنجامی هەڵبژاردن (زۆر کەسیش باوەڕیان وا بوو).
٢٠١٧ -دژی ئێران:-
ئەمریکا و ئیسرائیل ڤایرۆسێک یان بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری زیانبەخشیان دروست کرد
ئەم ڤایرۆسە چووە ناو ئامێرەکانی (سەنتەرفیوژ) کە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەکاردێن.
ئەنجام:- تێکشکاندنی نزیکەی ١٠٠٠ ئامێر و دواخستنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بۆ چەندین ساڵ، هەموو ئەمانە بەبێ ئەوەی سەربازێک بنێردرێت.
ئەنجامی گشتی:-
شەڕی داهاتوو لە سەر “کلیک” دەست پێدەکات، نەک گولە. وڵاتێک دەتوانێت:-
* کارەبای وڵاتێکی دیکە بکوژێنێتەوە.
* باڵەخانەی نەخۆشخانەکان بوەستێنێت (مرۆڤەکان دەمرن).
* بانکەکان تێکبدات (پارەی خەڵک ون بێت).
* فڕۆکەخانە و شەمەندەفەر بوەستێت.
هەموو ئەمانە بەبێ ئەوەی سەربازێک بنێرێت یان بۆمبێک بباردرێت. لەبەر ئەمە تەکنەلۆژیا و AI ئێستا هەندێک جار گرنگترن لە چەکی ئەتۆمی لە هاوسەنگی جیهانیدا.
٤. ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان کە تێیدا ئەنجومەنی ئاسایش ٥ ئەندامی هەمیشەیی مافی ڤیتۆیان هەیە، وەکو کەموکوڕی لە قەیرانەکانی ڕووسیا-ئۆکرانیا وغەززەدا، UN نەیتوانی کاریگەر بێت، بانکی جیهانی و IMF ئامرازی دەسەڵاتی نەرم ئەمریکان بۆ کاریگەریکردن لەسەر سیاسەتی ئابووری. چین بە دروستکردنی AIIB وەڵامی دایەوە.
٥. دیپلۆماسی و میدیا.
ئامرازی نەرمی دەسەڵات کە هاوسەنگی لە نێوان ململانێ سەربازییەکان دروست دەکات.
پێنجەم:- ئایندەی هاوسەنگی نێودەوڵەتی.
هەرچەندە لەقالبدانی نەخشەی داهاتووی شانۆی هێزەکان قوڕسە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتبەست بە خاڵەکانی ئەم بابەتە دەتوانین بڵێین نەزمی جیهانی بەرەو فرە جەمسەری دەڕوات، کە هێزەکان بەبێ سەرکردەیەکی ڕەها کاریگەرییان هەیە.
بۆیە پێشبینی داھاتوویەک دەکرێت لەسەر بنەمای:-
- هاوپەیمانی نەرم و نیان لەبری بلۆکی تۆکمە.
- شەڕە ناتەقلیدیەکان (سایبەر، ئابووری، میدیا).
- هاوسەنگییەکی کاتی و گۆڕاو بەپێی سرووشتی ناکۆکی و بەرژەوەندییەکان.
فاکتەرە نوێیەکان:- هاوکات نابێت فاکتەرە نوێیەکان لەبیر بکەین وەک:-
١. ژینگە و گۆڕانی کەشووهەوا:- گۆڕانی کەشووهەوا فاکتەرێکی نوێی هاوسەنگییە:- نەبوونی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەیرانی کۆچبەران، شەڕ لەسەر سامانە سرووشتییەکانی وەک (لیتیۆم، کۆبالت).
٢. ڕۆڵی هێزە ناوچەییەکان:- وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران، ئیسرائیل، عەرەبستانی سعوودی ئێستا ئەکتەرانی هاوسەنگی جیهانین.
٣.کوردستان وەک ناوەندێکی جیۆپۆلەتیکی لە نێوان ٤ وڵاتدا، نموونەیەکە لە هاوسەنگی ناوچەیی، وڵاتانی ناوچەکە و کوردستانیش وەک بەشێکی کاریگەر تێیدا بەردەوام لە ناوەڕاستی ئەم هاوسەنگییە مەترسیدارانەدا دەمێننەوە، دیارترین نموونە:- کاتێک لێدان لە چەقی ستراتیژی بەرهەمهێنانی کارەبای خەڵکی هەرێمی کوردستان (کێڵگەی گازی کۆرمۆر) دەتوانێت ببێتە ئامانجێکی لایەنێک بۆ ناچارکردنی لایەنێکی تر، کاتێک درۆنێک یان موشەکێک دەتوانێت ملیۆنان کەس لە تاریکیدا بێڵێتەوە ئەمەش وەک بەشێک لە ھاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەییەکە و زاڵبوونی ھەژموونی لایەنێک بەسەر ئەویتردا. کەواتە داهاتووی ئاسایشی نیشتیمانی بە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە لەسەر توانای یەکگرتنی ناوخۆیی، پارێزگاری ژێرخان، و پەیوەندی نێودەوڵەتی بەهێز دەوەستێت، هەروەک ڕیالیستەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە توانای هێزەکەت پيت دەڵێت تۆ کێیت.
“ئەنجام”
هاوسەنگکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکان چیتر چەمکێکی جێگیر نییە، بەڵکو بووەتە پرۆسەیەکی دینامیکی کە کاریگەریی فاکتەرە سیاسی و ئابووری و تەکنەلۆژییە تێکەڵاوەکانی لەسەرە. لە ژێر ڕۆشنایی ململانێ جیهانییەکانی ئێستادا، پێدەچێت جیهان بەرەو سیستەمێکی نوێ هەنگاو بنێت کە هێشتا تایبەتمەندییەکانی دیاری نەکراون، بەڵام هەمووان پەلکێش و ناچار دەکات ببنە بەشێک لە یارییەکە و بە دڵنیاییەوە جیاواز دەبێت لەگەڵ ئەو سیستەمە تاک جەمسەرییەی کە لە دوای جەنگی ساردەوە زاڵ بوو. بۆیە شەڕی داهاتوو لە سەر “کلیک” دەست پێدەکات، نەک گولـلە. هاوسەنگی نوێ لە نێوان AI، ئابووری، ژینگە و دەسەڵاتی تەقلیدی دەبێتە سەرەکیترین چالاکی سیاسەتمەدارانی سەدەی ٢١.
سەرچاوەکان؛
1. Hans Morgenthau, International politics:- The struggle for power and peace
2. Kenneth Waltz, Theory of International Policy
3. Joseph Nye, The future of force
4. Henry Kissinger, World Order
5. SIPRI Military Expenditure Database (2024)
6. World Bank GDP Data
7.Council on Foreign Relations:- The Future of AI




































































