“مارتن ڤان برۆنسهن”، ئەنسرۆپۆلۆجیست و کوردناسی هۆڵەندی، کە تەمەنێکی زۆری بە لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگەی ئەسنۆلۆجی کورد تەرخان کردووە، کارەکانی لە بوارەکانی بونیادی كۆمەڵایەتی، ئایین، پێکهاتەی هۆز و عەشیرەت، و ناسنامەی نەتەوەیی کورد، بنەمایەکی گرنگن بۆ تێگەیشتن لە ئەنسرۆپۆلۆجیای کورد بەگشتی، بۆچوونەکانی ڤان برۆنسەن بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە و شرۆڤیەی میدانی، دەرفەتی تازەیان بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگەی کورد رەخساندووە.
“بنەماکانی میتۆدۆلۆجی و ڕوانگەی شرۆڤەیی”
“مارتن ڤان برۆنسەن” لە کارە بەناوبانگەکانیدا بە ناوی “ئاغا، شێخ و دەوڵەت” میتۆدۆلۆجیایەکی جیاوازی لە توێژەرانی پێشووتر پەیڕەو کردووە، لە بری پشت بەستن بە سەرچاوە مێژووییەکانی دەرەوە و بەڵگەنامە ناوخۆییەكان، گرنگی زۆری بە کاری میدانی و چاوپێکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ دانیشتوانی كورد داوە، پێی وابوو کە تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی کوردیی بەبێ ئەوەی لەناویدا بژی و بەشداری لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بكەین، كارێكی ناتەواوە و ناتوانیت لە راستییەكانی تێبگەیت. ئەم ڕێگەیە وای لێکرد کە نزیك بێت لە ڕاستی ژیانی دانیشتوانی كورد، بەدوور لە ستریۆتایپە ئۆریەنتالیستییەکان کە زۆر جار لە نوسینە ڕۆژئاواییەكان دەردەکەون. یەك لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی کاری ڤان برۆنسەن، سەرنجدانە لە پێکهاتەی ناوخۆیی کۆمەڵگەی کوردیی، دەستەواژەی “پێکهاتەی سێیەم” “ئاغا، شێخ، دەوڵەت”ی بەکارهێنا بۆ ڕوونکردنەوەی جۆری دابەشبوونی هێز و دەسەڵات لە کۆمەڵگەی کوردیدا. بەپێی بۆچوونی ئەو، ئەم سێ لایەنە بە شێوەیەکی دیالێکتیکی لەگەڵ یەکتردا کاردەکەن و شێوە و شكڵی کۆمەڵگە دیاری دەکەن. ئاغاکان وەک سەرکردەی عەشیرەت و خاوەن زەوی، شێخەکان وەك ڕێبەرە ئایینییەکان و نێوەندیگری کێشەکان و، دەوڵەت وەك هێزێکی دەرەکی کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەم هەردوو لایەنەی دیکە دەدات. “ڤان برۆنسەن” ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پێکهاتەیە تەنها سیستەمێکی چەق بەستوو نییە، بەڵکو بەردەوام لە گۆڕانە و بەپێی مەرجە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان شێوەی خۆی دەگۆڕێت. هەروەها گرنگی زۆری بە ڕۆڵی ئایین و تەریقەتە سوفیانەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا داوە، لە کتێبی” “مەلا، سوفی و هێرتیك”دا، باس لەوە دەکات کە چۆن تەریقەتەکانی نەقشبەندی و قادری ڕۆڵی گرنگیان لە پێکهێنانی ناسنامەی ئایینی و کۆمەڵایەتی کورد دا هەبووە. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئاماژەی بە ئەو جیاوازیانە دەکات کە لەنێوان ئیسلامی فەرمی “کە لەلایەن مەلاکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت” و ئیسلامی تەریقەتی و سوفیانە “کە تەریقەتەکان هەڵیدەگرن” هەیە. ڤان برۆنسەن بیروڕای توێژەرانی پێشوو کە کوردیان وەك موسڵمانی سوننە پێناسە دەکرد، ڕەت دەکاتەوە و دەیسەلمێنێت کە باوەڕە ئایینییەکانی کورد پێکهاتەیەکی ئاڵۆز و چەند لایەنەن.
“ناسنامەی نەتەوەیی و بزاڤی نیشتمانیی کورد”
یەك لە بەرچاوترین کارەكانی ڤان برۆنسەن، شیکارییەکانی لەسەر پێکهاتەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردە. لە وتارێكیدا ئاماژە بەوە دەکات کە نەتەوەی کورد بە واتا مۆدێرنەکەی، بەرهەمی سەدەی نۆزدە و بیستەمە و بەپێی بارودۆخە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە شێوەی گرتووە. بەپێی بۆچوونی ئەو، پێش ئەو سەردەمە دڵبەستەیی عەشیرەتی، ناوچەیی و ئایینی، لە دڵبەستەیی نەتەوەیی گرنگتر بوون. هەروەها ئامادەنەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی بەهۆی چەند فاکتەرێك ڕوون دەکاتەوە:- یەکەم، دابەشبوونی جوگرافی و عەشیرەتی کوردییەكان کە ڕێگری لە پێکهاتەی یەکێتییەکی سیاسی کردووە. دووەم، دەستوەردانی بەردەوامی دەوڵەتە ناوچەییەکان “عوسمانی، فارس، ئێراق، توركیا و ئێران” کە بە شێوەیەکی سیستماتیك بزووتنەوە کوردییەکانیان سەرکوت کردووە. سێیەم، کێبڕکێی ناوخۆیی نێوان سەرکردە کوردییەکان بۆ دەسەڵات و سامان. لەگەڵ ئەوەشدا، ڤان برۆنسەن ڕەخنەی لە ڕوانگەی ئینسترومێنتالیستی ئەو کەسانە دەگرێت کە پێیان وایە نەتەوەیی کورد تەنها دروستکراوی چینە سیاسییەکانە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات. پێی وایە کە هەرچەندە نەتەوەی کورد بە واتا مۆدێرنەکەی تازە بێت، بەڵام ڕەگەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو هەستە هاوبەشە لە زمان، کولتوور و مێژوو کە چەندین سەدە بەردەوام بووە. لە کتێبی “ئێتنۆ-ناسیۆنالیزمی کورد لە بەرامبەر دەوڵەتانی نەتەوەی بنیاتنە” دا، ڤان برۆنسەن ئەوە شی دەكاتەوە كە چۆن دەوڵەتە مۆدێرنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵیان داوە لە ڕێگەی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن، سڕینەوە و سەرکوتكردنەوە، ناسنامەی کورد لەناوبەرن، هەروەها باس لەوە دەکات کە ئەم سیاسەتانە نەك تەنها سەرکەوتوو نەبوون، بەڵکو بەپێچەوانەوە ببوونە هۆی بەهێزبوونی هەستی نەتەوەیی کورد و بەرزبوونەوەی خەباتی چەکدارانە لە زۆر ناوچەدا.
“ڤان برۆنسەن” سەرنجی ئەو جیاوازیانەی داوە کە لەنێوان بەشە جیاجیاکانی کوردستاندا لە ڕووی بەهێزی ناسنامەی نەتەوەیی شیكردوونەتەوە، بەپێی ئەم دیدە کوردانی باکووری کوردستان بەهۆی سیاسەتی توند و پەراوێزخستنەوە ناسنامە کوردییەکەیان لاواز بووە بە بەراورد لەگەڵ کوردانی باشووری کوردستان کە تاڕادەیەك خۆبەڕێوەبەرییان بەدەست هێناوە. ئەم شیکارییە دەریدەخات کە ناسنامەی نەتەوەیی کورد یەکسان و دۆگما نییە، بەڵکو بەپێی مەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان جیاوازی بەرچاویان هەیە.
“كاریگەریی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا”
بەشێکی گرنگی کاری ڤان برۆنسەن بریتییە لە شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان دەوڵەتی ناوەندیی و کۆمەڵگەی کوردیی، هەربۆیە بە وردی باس لە چۆنیەتی کارتێکردنی حکومەتە ناوەندییەکان لەگەڵ ئاغا و شێخەکانی کورد دەکات، پێی وایە دەوڵەتەکان بە دوو ستراتیجی سەرەکی مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردووە: یەکەم، کۆپشن “corruption” کە تێیدا دەوڵەت هەوڵی دەدات ڕێبەرە کوردییەکان بە پێدانی دەسەڵات، سامان یان پێگەی فەرمی، بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. دووەم، سەرکوت “repression” کە تێیدا دەوڵەت بە شێوەیەکی توند و ڕەق لە دژی ئەو ڕێبەرانە هەڵدەستێت کە ڕازی نابن ملکەچ ببن. “ڤان برۆنسەن” ئاماژە بەوە دەکات کە لە زۆر حاڵەتدا، دوژمنانی كورد لە دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان ڕێبەرە کوردییەکاندا سەركەوتوو بوون، بەشێك لە ئاغا و شێخەکان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی کەسی قایلبوون کە لەگەڵ دەوڵەتدا هاوکاری بکەن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە لە دژی دەوڵەتەكان خەباتیان کردووە، ئەم دابەشبوونە ببووە هۆی لاوازبوونی بزووتنەوە کوردییەکان و ڕێگری لە درووستبوونی یەکێتییەکی نیشتمانیی بەهێز کردووە. هەروەها ڤان برۆنسەن باسی لە گۆڕانکارییەکانی سەدەی بیستەم دەکات کە کاریگەری گەورەیان لەسەر کۆمەڵگەی کوردی هەبووە. لەگەڵ پەرەپێدانی دەوڵەتە مۆدێرنەکان و ئامانجەکانیان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو، سیستەمی کلاسیکی ئاغا و شێخ لاوازی کردووە. رێكخستنی زەوییەکانی ئاغاکان، سنووردارکردنی دەسەڵاتی شێخەکان، و دروستکردنی سیستەمێکی بیوروکراتیکی مۆدێرن، سەرجەمیان ببوون بە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی.
لەگەڵ ئەوەشدا؛ ڤان برۆنسەن ئاماژە بەوە دەکات کە بەرەنگاربوونەوەی کورد لە دژی ئەم سیاسەتانە بەشێوەکانی جیاجیا خۆی دەرخستووە، لە هەندێک ناوچەدا، بزووتنەوە چەکدارانەکان بەهێزتر بوون، لە کاتێکدا لە ناوچەی دیکەدا خەڵکی بە ڕێگەی ڕاگرتنی کولتوور، زمان و نەریتەکانیان بەرەنگاری بوونەتەوە. لە کتێبی “ئیسلامی باو و شێوازەکانی کردارییەكان” دا، باس لەوە دەکات کە چۆن رێبازی سۆفییەكان و ڕێبەرە ئایینییەکان ڕۆڵی گرنگیان لە پاراستنی ناسنامەی کورد دا هەبووە، تەنانەت لەو ناوچانەش کە دەوڵەت کۆنترۆڵی توندی كردوون، ئەم بەرەنگارییە بووە بە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی كورد. لە کۆتاییدا، ڤان برۆنسەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرچەندە دوژمنانی كورد لە لاوازکردنی پێکهاتە کلاسیکییەکانی کۆمەڵگەی کورد سەركەوتووبوون، بەڵام نەیانتوانیوە ناسنامەی کورد بە لەناوبەرن. بەپێچەوانەوە، سەرکوتكرن و هەوڵدان بۆ سڕینەوەیان بووەتە هۆی بەهێزبوونی هەستی نەتەوەیی و درووستبوونی بزووتنەوە سیاسی کورد لە قۆناغی مۆدێرنەدا.
سەرچاوەکان؛
- van Bruinessen, M. “1992”. Agha, Shaikh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. London: Zed Books.
- van Bruinessen, M. “2000”. Mullas, Sufis and Heretics: The Role of Religion in Kurdish Society. Istanbul: The Isis Press.
- van Bruinessen, M. “2000”. “Kurdish Ethno-Nationalism versus Nation-Building States: Collected Articles”. Istanbul: The Isis Press.
- van Bruinessen, M. “1992”. “Kurdish Nationalism and Competing Ethnic Loyalties”. In: Ethnic Groups and Boundaries in Flux. Oxford: Oxford University Press.
- van Bruinessen, M. “1996”. “Kurds, Turks and the Alevi Revival in Turkey”. Middle East Report, No. 200, pp. 7-10.
- 6. van Bruinessen, M. “2003”. “Shaikh and State: On the Margins of Official Islam in Post-revolutionary Iran”. In: Iran’s Ethnic and Religious Minorities. New York: Columbia University Press.




































































