وەکو دەزانین وەرزش چالاکییەکی جەستەیی ودەروونیە دەڵێن ئەقڵی سەلیم لە جەستەیەکی ساخ و تەندروستدایە کە وەرزش بکات ، بەڵام پەیوەندی بەهێزی وەرزش بە سەرجەم سێکتەرەکانی سیاسەتی گشتیەوە کە بوارەکانی ڕێکخستنی تەندرووستی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، دبلۆماسی و ڕەوایەتی سیاسی لە خۆدەگرێت، توانای وەرزش لە دروست کردنی هەستی هاوبەشی نیشتیمانی و نەتەوایەتی، ئەگەر سەیری جیهان بکەین دەبێت تەواوی دەوڵەتان و نەتەوەکان گرنگیەکی گەورە دەدەن بە وەرزش کە خۆی لە خۆیدا وەرزش زۆر مەبەستی جیاوازی هەیە، ئەوەی لەم ووتارەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم پەیوەندی بەهێزی وەرزش بە جیهان بینینێکی فراوانتر و جوانتر، وەرزش تۆ دەناسێنێت کە کێیت و وا دەکات هەست بە شانازی بکەیت لە ناخدا، کە بەتەواوەتی بابەتەکە پەیوەندیدارە بە مەسەلەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانی، هەروەکو زانای بەناوبانگی ئەڵمانی ڤۆن هێردەر دەڵێت هەموو کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە و شانازی کردن بە کلتور و داب و نەریتی ڕەسەن کە جۆرێکە لە ناسنەمەی تۆ لەو ڕێگەیەوە ئەگەر سەیری چالاکیەکی وەرزشی بکەین وەرزش وەکو پردی کۆکەرەوەی جیاوازیەکان و نزیک کردنەوەی خەڵک لە یەکتری وسڕینەوەی ناکۆکی و جیاوازیەکانە، جەخت کردنەوە لەسەر ناسنامەی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە ژێر سایەی یەک ئاڵا و یەک سرودی نیشتیمانی بە دەنگێکی بەرز و بە جۆش و خرۆشەوە کە هاندەران پشتگیری و هاندانی تیمەکەیان دەکەن، نوسەری بەناوبانگی ئەمەریکی سامیۆل هەنتینگتۆن لە کتێبی ئێمە کێین باس لەوە دەکات لە چالاکیەکی تۆپی پێی ئەمەریکا و مەکسیک ئێمە تێگەشتین لە هەست و ڕۆحیەتی هاونیشتمانیان و هاندەران کە لە ڕاستیدا قەیرانی ناسنامەمان هەیە و پێویستە هەنگاوی نوێ بنێین.
کەواتە دەبێ بزانین وەرزش بێلایەن نیە و بوون و وجودی وڵاتێکە کە تۆ بە جیهانی بناسێنێت، وەرزش بە میکانیزمێکی پۆزەتیڤی بنیاتنانی نەتەوەسازی و نیشتیمان سازی سەیر دەکرێت، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو نمونەیەکی باڵای سیاسی هاوچەرخ ، چیرۆکی ڕێکخستنی پاڵەوانیەتی تۆپی پێی ڕەگبی لە ساڵی ١٩٩٥ لە دەوڵەتی ئەفریقای باشوور ،لە کاتێکدا وڵات دەیناڵاند بە دەست سیاسەتی جیاوازی ڕەگەزی و کۆمەڵگەیەکی دابەشکراو لەسەر بنەمای ڕەگەز و ڕەنگی پێست، ناکۆکی و کێشەی جیاواز لەنێوان هاوڵاتیانی وولاتەکە ،سەرۆک کۆماری وردبینی وڵات نلسۆن ماندێلا لە گرنگی بابەتی وەرزش تێگەشتبوو بۆ بەرزکردنەوەی هەستی نیشتیمان پەروەری و نەهێشتنی جیاوازیەکان کەوتە هاندان و پشتگیری کردنی تیپی ڕەگبی سپی پێستەکان لە کاتێکدا بووە هۆی ناڕەزایی زۆربەی خەڵکی وڵاتەکەی و حزبەکەی (کۆنگرەی نیشتیمانی ئەفریقی)، بەڵام لە دەرئەنجامدا سەرۆک توانی باوەڕیان پێبهێنێت کە ئەو لە پێناو نیشتیمانێکی بێ جیاوازی و دروست کردنی هەستی هاوبەشی هاوڵاتیبوون ئەو کارەی کردووە ، ئەمەش بووە گەورەترین وانەی مێژووی و سیاسی کە وەرزش هۆکارێکە بۆ یەکێتی نیشتیمانی و نەتەوەیی و پەیوەندیەکی تەندروست و دۆستانە لە نێوان هەمووان، بۆیە پاڵاوتنی یانەی زاخۆ لە فیفا، ئەوەمان پێدەڵێت کە ئێمەش وەکو نەتەوە و گەلانی جیهان دەمانوێت بوونمان هەبێت، ناسنامەمان هەبێت، دەمانەوێت لە دایکبین وەکو نەتەوە و دەوڵەت، خۆشبەختانە ئەوەی دەبینرێت هاوڵاتیان لەسەرجەم پارچەکانی کوردستان و سەرجەم شارەکان کۆمێنت و پشتگیریەکانیان بۆ یانەی زاخۆ دەردەبڕن بەبێ جیاوازی سیاسی و ئایدۆلۆجی و ناوچەیی، ئەمە مایەی خۆشبەختیە بۆیە پێویستە نەتەوەی کورد وەرزش بکاتە ئامڕازێکی گرنگ بۆ بنیاتنانی نیشتیمان و شکۆ و شانازی کردن بە کورد و کوردستان.



































































