مێژووی ئاشنایەتی چین و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ سەدەكانی ناوەڕاست. بەڵام لە سەدەی بیستەمدا، نووسەری ئیسرائیلی “یتساق شوکور/ Yitzhak Shichor”، سیاسەتی کۆماری چین بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دوو قۆناغ دابەش دەکات، ئەوانیش:- قۆناغی “ماو تسی تۆنگ” و قۆناغی پاش “ماو تسی تۆنگ”. قۆناغی پاش ماویش دەبێت بە دوو بەشەوە، پێش نەوەدەکان و پاش نەوەدەکان. دەتوانین قۆناغی پاش ماو تا نەوەدەکان بە سەردەمی گواستنەوە پۆلێن بکەین، لەو سەردەمەدا چین لە ناوەوە بەهێز بوو، وە تا دەهات زیاتر پێویستی بە دەرەوە دەبوو بۆ درێژەدان بە گەشەی ناوەوە. پاش نەوەدەکان دەتوانیین بە سەردەمی نەوت ناوی بنێین، ئەو سەردەمەی کە چین دەبێتە یەکێک لە بەکاربەرە هەرە سەرەکییەکانی نەوتی ناوچەکە، لە دوای دوو هەزارەکانیشەوە قۆناغێکی نوێ دێت کە تێکەڵەیە لە پەیوەندی سیاسی، ئابووری، ئاسایش، جیوپۆلەتیک، تەکنۆلۆژیا و دیپلۆماسی. بۆیە دەکرێت گرنگترین پرەنسیپ و بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری چینی میللی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم خاڵانەدا کورت بکەینەوە، وەکوو:-
- چین؛ دەیەوێت بگات بە ڕۆژئاوا، وەک چۆن کاتێک ڕۆژئاوایییەکان ویستیان بگەنە ڕۆژهەڵات، بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێپەڕین، بە هەمان شێوە چین کە دەیەوێت بگات بە ڕۆژئاوا، ئەوا ناچارە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێپەڕێت.
- چین؛ چاوی لە سامانی سرووشتی وڵاتانی ناوچەکەیە، لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نزیکەیی “٦٠٪” پێداویستی وزەی چین پڕ دەکاتەوە. هەر ئەمەشە وای کردووە ڕۆژهەڵاتی ناوین تەنیا ناوچە بێت بگاتە پلەی گرنگی پێدان، لە خانەی ئاسایشی نیشتمانی چیندا.
- کۆماری چینی میللی دەیەوێت وڵاتانی ناوچەکە ببنە جێگای ساغکردنەوەی شمەک و کاڵای چینی و، لە بوارەکانی تری وەک ژێرخان و خانووبەرە و ئاوەدانکردنەوەدا وەبەرهێنان بکەن. وە لە لایەکی دیکەوە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لە بواری کاڵادا نەبێت، بەڵکوو لە ڕووی دەزگا و كولتوور و ئاگاییەوە پەیوەندی دروست بێت.
- چیـن؛ پێویستی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نەک تەنیا وەک لایەنێکی بازرگانی، بەڵکوو پێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرە لەسەر ئاسایشی ناوخۆی چین لە ڕووی گەشەی ئابووری، سەرچاوەی وزە و شەرعیەتی سیستەم، چونکە بنەمای سەرەکی ڕەوایەتی سیستەمی چینی لە گەشەی ئابوورییەوە دێت نەک لە بوارەکانی ترەوە.
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەبوونی چەند ڕێڕەوێکی ئاویی گرنگ ناسراوە، کە کاریگەری زۆریان لەسەر گواستنەوەی دەریایی هەیە، بەتایبەت کەناڵی سوێس، گەرووی باب مەندەب و گەرووی هورمز، لەسەر ئەم بنەمایە چین دەرکی بە دەستبەر کردنی ئەو ڕێڕەوانە کردووە بۆ گەشتن بە بازاڕەکانی جیهان.
لە لایەکی دیکەوە دەکرێت بڵێین، پیادەکردنی سیاسەت و هێزی کۆماری چینی میللی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشت بە سێ ئامراز و میکانیزمی سەرەکی دەبەستێت، کە بریتین لە:- میکانیزمی سیاسی و دیپلۆماسی، میکانیزمی ئابووری و بازرگانی، میکانیزمی ڕاگەیاندن و كولتووری.
یەکەم:- میکانیزمی سیاسی و دیپلۆماسی:- سەرەڕای نوێی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی چین لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام ئەو وڵاتە کۆمەڵێک هەنگاوی گەورەی بە ئاراستەی كارابوونی پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت داوە، لە ڕێگەی سێ بواری سەرەكی، وەکوو:-
- داهێنانی میکانیزمی ڕاوێژکاری سیاسی:- چین؛ میکانیزمی ڕاوێژکاری سیاسی لەگەڵ نزیکەی بیست وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە، لە نموونەی تورکیا، ئێران، میسر، بەحرەین، کوێت، قەتەر، عومان، ئێراق، سعوودیە، یەمەن، مغرب، جەزائیر و … هتد. ئامانج لە دروست کردنی ئەو جۆرە میکانیزمە لە لایەک بۆ بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنە لەنێوان چین و وڵاتی تر، لە لایەکی دیکە بۆ زیادکردنی ئاستی هاوئاهەنگی و هاوکارییە، جگە لەوەش گەیشتنە بە کۆدەنگی لەسەر پرسە گرنگەکانی جێگەی بایەخی هەر دوو لا.
- هاوبەشی ستراتیژی:- لە ساڵی 1999ـدا، چین ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ کۆماری میسر واژوو کرد، دواتر لە 2006 ڕێککەوتنەکەی نێوانیان بەهێزتر کرا. هەروەها چینییەکان دەستیان بە ڕەوانەکردنی پەیامی هاوشێوە بۆ سعوودیە کرد، کە خواستیان هەبوو لە دروست کردنی دۆستایەتی و هاوبەشی ستراتیژی، دواجار لە ساڵی 2006 هەر دوو لا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ دروست کردنی ئەو هاوبەشییە، لە 2009ـش ڕێککەوتن لەسەر بەرزکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ ئاستی قووڵتر، هەر وەک لەگەڵ جەزائیریش لە 2006 هەمان کاری کرد.
- کۆڕبەندی هاوکاری عەرەبی- چینی:- لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٤، کۆڕبەندی هاوکاری نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی دامەزرا، کاتێک لەگەڵ “عەمرو مووسا” ئەمینداری پێشووی کۆمکاری عەرەبی و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام کۆبووەوە، سەرۆکی پێشووی چین “هو جینتاو”، چوار بنەمای بۆ پەرەپێدانی هاوبەشی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی خستە ڕوو، ئەوانیش:- بەرزکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر، چڕکردنەوەی ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی بە مەبەستی بەدەستهێنانی گەشەپێدانی هاوبەش، فراوانکردنی ئاڵوگۆڕە كولتوورییەکان، لەگەڵ بەهێزکردنی هاوکاری لە کاروباری نێودەوڵەتییدا. کۆڕبەندی هاوکاری نێوان چین و دەوڵەتانی عەرەبی شەش دانیشتنی بەرپرسانی پلە باڵا و سێ دانیشتنی لەسەر ئاستی وەزیران ئەنجامداوە. لە مانگی ئایاری ٢٠٠٨، چین و وڵاتانی عەرەبی “بەیاننامەی کۆنفرانسی و پلانی کارکردن بۆ کۆڕبەندی هاوکاری چین و وڵاتانی عەرەبی لە ٢٠٠٨ تا ٢٠١٠” لە سێیەمیین کۆبوونەوەی ئاستی وەزیران واژوو کرد، وەک هێمای جۆرێکی نوێ لە هاوبەشی نێوان چین و عەرەب. واتە چینییەکان هەوڵی ئەوەیان داوە چۆن لەگەڵ هێزە جیاوازەکاندا لە پەیوەندیدا بن، تاکوو لە میانەی ئەو پەیوەندییەوە بە ئامانجەکانیان بگەن.
دووەم:- میکانیزمی ئابووری و بازرگانی:- چین هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی نەوت و گازی سرووشتی لە وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی گەشەی خواستە لەسەر وزە، کە ساڵانە نزیکەی “4٪” زیاد دەکات، ئەمەش وای کردووە چین زیاتر ئارەزووی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، کە وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزەن. بەهۆی فرەیی و زۆری چالاکییە هاوبەشەکانی نێوان چین و وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێرەدا ئاماژە بە بەشێک لەو چالاکیانە دەکەین:-
- کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی سعوودیە “ئارامکۆ/ Aramco” کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت و ماددە کیمیاییەکان لە جیهاندا، لەسەر داوای حکوومەتی چین لقێکی لە پەکین دامەزراند بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بە بازاڕکردنی نەوتی خاو و ماددە کیمیاییەکان، هەماهەنگی وەبەرهێنانی هاوبەش، توێژینەوە و پەرەپێدان. ئەم فاکتەرە ئابوورییە یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکی و گرنگەکانی داڕشتنی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ئەم ناوچەیە مۆدێلێکە بۆ تێکەڵبوونی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان و بەکارهێنانی ڕەهەندی ئابووری بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و دروست کردنی تۆڕێکی بەرژەوەندی و هاوپەیمانی دارایی و ئابووری کە لە پرۆسەی ڕێنمایی و کاریگەری لە بڕیاری سیاسی هەندێک وڵاتدا بەکاردێت. لەم چوارچێوەیەدا پێمان وایە وابەستەیی پەکین بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵدانی پەکینە بۆ جێبەجێکردنی بنەماکانی هێزی خۆی لە ناوچەکە، لە ڕێگەی دروست کردنی پەیوەندی دووقۆڵی.
- زیندووکردنەوەی ڕێگەی ئاوریشم:- سەرەتای سەدەی بیست و یەک، دەستپێكى ڕاستەقينەى تێكەڵبوونى چينە بە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەسەر ئاستە جۆراوجۆرەكان، بەتايبەت ئاستى ئابوورى. لە ڕاستيیدا بايەخى چالاكى پەكين لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە بنەڕەتەوە شوێن ئەو نموونە ئابوورييەى چين كەوتووە کە پێشكەشى كردووە، ئەمەش پێشوازييەكى گەرمى لە لايەن وڵاتانى ئەم ناوچەيەوە لێكرا. ئەوە ڕوونە کە چین دەیەوێت لەسەر نەخشەی جیهان و، لە شوێنە ستراتیژییەکانی دونیادا وەک ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ئامادەیی هەبێت، بۆ نموونە بوونی چین لە بەندەری گواداری پاکستانی مەبەستی ئەوەیە کە لە ڕێگەی ئەو بەندەرەوە نەوت و گازی کەنداو بگەیەندرێتە چین، لە ڕێگای ئاورێشمی تێپەڕیوو بە پاکستاندا، بە پێی ئەو پلانە کە هەیە لە داهاتوودا ئەم بەندەرە دەبێتە شارێکی چینی، بەوەی کە چین نزیکەی نیو ملیۆن کەسی بۆ دەهێنێت تا تێیدا بژین.
ئەوەى تێبينى دەکرێت، ئەوەیە لە بنەڕەتەوە قوورسايى هێزى چین لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە پشت ميكانزمى ئابوورى خۆى مەڵاسداوە، ئاساييە ئەو ئامرزە پێشینەبن لاى چين بۆ ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەهۆى ئاڵۆزى سياسى كە زۆربەی جار ڕەنگدانەوەى خراپى لەسەر ئەو لايەنانە هەبووە كە هەوڵيان داوە دەست لەو ناوچە وەربدن، هەر ئەوەشە سنوورێكى بۆ چين داناوە تەركيز لەسەر لايەنێكى تر بكات، ئەويش بەکارهێنانی کارتی ئابوورییە بۆ دروست کردنی کاریگەری لە ناوچەکە. لەم چوارچێوەیەدا چین دەیەوێت بە وشکانی و بە ئاودا بە دونیادا بکشێت.
سێیەم:- میکانیزمی ڕاگەیاندن و كولتووریی:- بوارى كلتووریى يەكێكە لە بوارە گرنگەكانى چين لە ميانەى بڵاوكردنەوەى هێزى خۆی لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست كارى لەسەر دەكات، لە چوارچێوەى هەوڵە چڕەكانى بۆ بڵاوكردنەوەى مانفیست و دونیا بینی پارتی کۆمۆنیستی چینی چەندين ساڵە كاردەكات، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەيەكى زۆر لە ناوەندى فێركردنى زمان و پەيمانگاى كۆنفۆشيۆسى كردۆتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەکوو:-
- پەیمانگاکانی کۆنفۆشیۆس:- لە ساڵى ٢٠٠٦ یەکەم دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لەنێو وڵانى عەرەبی لە زانکۆى سنت ژۆزێفى بەیروت دامەزراوە. لەو کاتەوە تا کۆتایى ٢٠١٩، چواردە پەیمانگای تر لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کراونەتەوە، ئەوانیش:- یەک دامەزراوە لە هەر یەک لە وڵاتانی بەحرەین، سوودان و تونس. دوو پەیمانگا لە هەر یەک لە وڵاتانی ئەردەن، ئیماراتى یەکگرتووى عەرەبى و میسر، سێ دامەزراوەش لە مەڕاکیش. هەروەها کۆمەڵە دامەزراوەیەکى تر لە وڵاتانى ناوچەکە دامەزران کە دووان لەوانە لە ئیسرائیل و چواریان لە تورکیا و ئەوی تریان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانە. لە ئێراق و بەدیاری کراویش لە زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە بەشی زمانی چینی لە کۆلێژی زمانی ئەو زانکۆیە کراوەتەوە.
- ڕاگەیاندن:- هێزى چین لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تەنیا لە ڕێگەى پەيمانگاكانى كۆنفۆشيۆس و ناوەندەكانى فێركردنى زمانى چينى نییە، بەڵكوو لە ڕێگەى ڕاگەياندنەوە کاریگەرتر چالاکی دەکات، بۆ نموونە لە تەمووزى 2009، تۆڕى كەناڵى ناوەندى چينى “CCTV” بەشی زمانی عەرەبی كردەوە، كە لە 22 دەوڵەتی عەرەبی زياتر لە 300 مليۆن بينەرى هەيە، سەبارەت بە ئامانجەكانى ئەو كەناڵەش بەگوێرەى ئەوەى بەپرسانى چينى ئاماژەيان بۆ كردووە، بريتین لە:-
- گۆڕينەوەى زانيارى نێوان گەلى چينى و گەلانى عەرەبى.
- بەهێزكردنى بڵاوكردنەوەى كلتوورى چينى لە جيهان.
- ڕاستكردنەوەى ڕوانينی شێواوى ڕاگەياندنى ڕۆژئاوايى لەسەر چين “بريستو ٢٠٠٩”.
بەگشتی دەکرێت بڵێین، هێزی کۆماری چینی میللی لەنێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی، لە ڕێگەی میکانیزمی سیاسی و دیپلۆماسی، ئامرازی ئابووری و بازرگانی، میکانیزمی ڕاگەیاندن کۆمەڵایەتی و كولتووریی پراکتیزە دەکرێت، لە پێناو بەدیهێنان و بەدەستهێنانی هەژموون و بەرژەوەندییەکانی چین.



































































