تێبینی:- ئەم کتێبە لەلایەن وەگێڕی ئەم باسەوە کراوە بە کوردی و چاوەڕێی دەرفەتێکە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی.
“پێشەکی”
مرۆڤایەتی جار و بار تاقیدەکرێتەوە. مرۆڤ هەستی قووڵ ئەزموون دەکات:- ئیرەیی، ترس، خۆشەویستی، تووڕەیی و تاوانباری. ئەم هەستانە دەتوانن بەرەو بەزەییمان ببەن، یان دەتوانن پاڵمان بنێن بۆ ئەوەی ئازاری کەسانی دیکە بدەین، زەبر لێبدەین یان دابخەین. مرۆڤ بوون واتە بەردەوام هێڵێکی ورد لە نێوان چاکە و خراپەدا بێت و بچێت. لە ڕووی سۆزداری و دەروونی و مۆراڵییەوە جێگەی تەحەدایە، چونکە هەمیشە هاوسەنگی پاڵنەرە خۆپەرست و وێرانکەرەکان لە بەرامبەر هەستێکی قووڵتری هاوسۆزی و خۆشەویستی و دادپەروەریدا دەبەستین. ژیان بە دەگمەن هەڵبژاردەی ڕوون پێشکەش دەکات. ئەوەی “ڕاستە” زۆرجار ناڕوونە، ناڕەحەتە، یان ئازاربەخشە. ئەوەی هەست بە “ڕاست” دەکات بۆ کەسێک دەتوانێت بە تەواوی “هەڵە” بێت بۆ کەسێکی دیکە – یان بۆ مرۆڤایەتی. زۆرجار خولیا و ئارەزووی خۆپەرستانە ڕێگایەکی ئاسانتر لە مۆراڵ دەخەنە ڕوو. ئێمە لەناو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە پلەبەندییەکاندا دەژین کە زیاتر لە هاوسۆزی یان ڕاستگۆیی مەیلیان هەیە پاداشتی خۆپەرستی و دەسەڵات و چاوچنۆکی بدەنەوە. ئەم سیستەمانە دەتوانن مرۆڤەکان لە مرۆڤایەتی خۆیان دوور بخەنەوە و بیانخەنە ناو شێوازی ڕەفتاری زیانبەخشترەوە. بە تایبەتی لە سەردەمانی وەک ئەمانەدا -کە ئایدیۆلۆجیای تووندڕەوی ڕاستڕەوی تووند و چەپڕەوی پەڕگر بە شێوەی ساڵانی ١٩٣٠کان لە سەرانسەری جیهاندا سەرهەڵدەداتەوە و هێرش بۆ سەر کەمینە نەتەوەیی و ئایینییە بێدەسەڵاتەکان و کۆچبەران لە هەڵکشاندایە- جارێکی تر خۆمان دەبینینەوە کە بە هێڵێکی ورددا و بە هەڵبژاردنی سنووردارەوە دەڕۆین و ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی مرۆڤایەتیمان دەبینەوە. لەم بابەتە سەختەی مێژوودا، کتێبی (مرۆڤبوون:- مۆدێرنیتی سیاسی و میوانداری لە کوردستان- ئێراق Being Human:- Political Modernity and Hospitality in Kurdistan-Iraq)ی فازڵ مورادی، کارێکی گرنگە و هانمان دەدات بیر لە یەکێک لە قورسترین دڕندەیی و کردەوە وێرانکارییەکانی مرۆڤ بکەینەوە کە جینۆسایدە.
لە سیستەمە سیاسییە مۆدێرنەکاندا؛ چەمکی “میوانداری”1 زۆرجار ئاماژەیە بۆ کراوەیی و ئامادەیی دەوڵەتێک یان کۆمەڵگەیەکی سیاسی بۆ قبووڵکردن و پاراستن و تێکەڵکردنی کەسانی دەرەکی – جا چ پەنابەر بن، چ ئاوارە بن یان هاووڵاتیانی پەراوێزخراو. بەڵام ئەم بیرۆکەیەی میوانداری زیاتر وەک دیدگایەکی یۆتۆپیایی دەمێنێتەوە نەک واقیعێکی زیندوو، بەو پێیەی زۆرێک لە کۆمەڵگاکان بەردەوامن لەسەر ئەوەی “تەنها فەرمانەکان پەیڕەو بکەن”2 و لایەنگریی ئەو هێزانە دەکەن کە سیاسەتەکانیان ڕەگ و ڕیشەی لە نامیوانداری و خراپەکاریی پوختدا هەیە. کەواتە “نامیوانداری”ی مۆدێرنیتە سیاسییەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سەرەڕای ڕیتۆریکی ماف و دیموکراسی و دادپەروەری، سیستمە سیاسییە هاوچەرخەکان زۆرجار کۆنترۆڵ و وەدەرنان و چەوساندنەوە و قڕکردن لە پێشینەی گشتگیری و خەمخۆری ڕاستەقینە دادەنێن. زۆرجار مۆدێرنیتی سیاسی بە سەرهەڵدانی دەوڵەتە نەتەوەییەکان دیاری دەکرێت کە سەربەخۆیی لە ڕووی ناسنامەی نەتەوەیی، کولتووری یان ئایینییەوە پێناسە دەکەن. ئەم جۆرە پێناسانە دەتوانن ببنە هۆی پەراوێزخستن و وەدەرنانی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ نۆرمەکانی ناسنامەی باڵادەستدا ناگونجێن، لە ئەنجامدا سیاسەتێک کە پەنابەران و کۆچبەران و گرووپە کەمینەکان ڕەتدەکاتەوە. لە تووندڕەوترین شێوەکانیدا، ناسیۆنالیزم و ئایینی تووندڕەوی دەتوانێت بێگانەپەرستی و هەڵاواردن و ڕەتکردنەوەی میوانداریی بۆ ئەو کەسانە پەروەردە بکات کە بە “دەرەکی” دادەنرێن. بە تایبەتی لە ژێر ڕژێمە تاکڕەوەکاندا، ڕۆڵی ڕاگەیەندراوی دەوڵەت لە “پاراستنی” هاوڵاتیانیدا زۆرجار تووندوتیژی و چاودێری و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی لەگەڵدایە. لەم جۆرە چوارچێوانەدا “میوانداری” بۆ ئەو کەسانە درێژ ناکرێتەوە کە دەسەڵاتی دەوڵەت تەحەدا دەکەن یان پرسیاری لێدەکەن. بەڵکو دەوڵەت بە سەرکوتکردن وەڵامیان دەداتەوە، لە بەرامبەر بانگەوازی گۆڕانکاریی سیاسی یان کۆمەڵایەتیی تاکەکان ماف و ژیانی خۆیان لێ زەوت دەکات.
فازڵ مورادی لە لێکۆڵینەوە بەهێزەکەیدا، “مرۆڤبوون“، ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم دووفاقییە زەق و زەقەدا بەشدارە، بە پێشکەشکردنی لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لە کردەوە خراپەکانی مرۆڤ – بە تایبەت وەک لە هەڵمەتی ئەنفال (1986 – ١٩٨٩) دا بەرجەستە بووە. هەڵمەتی ئەنفال پێکهاتبوو لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی کە لەلایەن دەوڵەتی بەعسی ئێراقەوە بە سەرکردایەتیی سەدام حوسێن لە هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆی ئێراق لە کۆتایی ١٩٨٠کاندا ئەنجامدرا، دژ بە دانیشتوانی کورد. مورادی نەک هەر بەدواداچوون بۆ ئەزموونە ئاڵۆزەکانی ڕزگاربووان دەکات و جەخت لەسەر گێڕانەوەی کەسی و شەڕە یاساییەکان و دەربڕینە کولتوورییەکانیان دەکاتەوە، بەڵکو بیرەوەری و مانەوەی دایک و باوکی خۆیشی وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییە قووڵەکانی مرۆڤایەتیی ئەم دڕندەییە لەخۆدەگرێت. وەک مورادی دەڵێت “زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفالیش هەر ئەگەری میوانداری و ئەزموونی مرۆڤبوونی لەناوبرد”. ئەو تەنیا توێژەرێک نییە کە لە دوورەوە چاودێریی ئەم تراجیدیا مرۆییە بکات؛ بەڵکو خودی خۆی و بنەماڵەکەیشی ڕزگاربووی تووندوتیژیی مۆدێرنیتەن لە ئێران و ئێراقی دراوسێ و ناوچەی فراوانتر و جیهان بەگشتی. گێڕانەوەی ئەو لەبارەی هەڵمەتی ئەنفالکردنی جینۆسایدەوە، بە هۆی چەندین ساڵ لێکۆڵینەوەی ئەنترۆپۆلۆژییەوە لە یادەوەرییەکانی جینۆسایدەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، ڕواندا و باشووری ئەفریقا، هەروەها بەئاگاشە لە میراتەکانی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی و فەرەنسی و هۆڵەندی لە کیشوەری ئەفریقادا. ئەو وەک مرۆڤناسێکی ڕەخنەگرانە دەنووسێت، لە سەرجەمی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانستە مرۆییەکان، هونەر و توێژینەوەکانی تەکنۆلۆجیادا کاردەکات و وەک خۆی دەنووسێت، “یادەوەرییەکانی پەراوێزخستنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ڕۆحی و تووندوتیژیی دەوڵەتی لە یادەوەرییەکانی مندا جێگیر بوون. بەڵام توانیم وەریانبگێڕم و بەم شێوەیە بیانگۆڕم بۆ ئەو وشانەی کە وایان لێبکات لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤایەتیمدا گەشت بکەن، ئەنفال تووندوتیژانە وەک ئەو وشانە هاتنە ناو جەستەمەوە و هیچ شوێنێکیان نەهێشتەوە بۆی ڕابکەم”.
پێگەی ناوازەی مورادی لەگەڵ ڕێبازە زانستی و میتۆدۆلۆژییە هاوسەنگەکانی، ئەم کتێبە دەکاتە بەشدارییەکی ڕەسەن و بەرچاو لە تووندوتیژیی مۆدێرنیتە سیاسییەکاندا وەک تەکنەلۆجیای لەناوبردن، توێژینەوەی جینۆساید، لێکۆڵینەوە لە یادەوەری، لێکۆڵینەوەکانی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها فراوانبوونی ئیمپراتۆریی بەریتانیا و فەرەنسی لە ناوچەکەدا. بەبێ ئەوەی کە مورادی پێی دەڵێت “میوانداریی ئەنترۆپۆلۆژی”، کراوەیی بۆ وەرگرتنی ڕاستەقینەی ئازار و یادەوەرییەکانی ڕزگاربووان لە تووندوتیژی و زیانەکانی دەوڵەت، ئەو جۆرە دڕندەییە نەگێڕدراوانە ناتوانرێت بە شێوەیەکی مانادار لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت لەلایەن ئەو کەسانەی کە وەک چاودێری دەرەکی نزیک دەبنەوە. بەبێ ئەم میواندارییە یان کراوەییە، ئەگەری زۆرە شیکارییەکانیان تەنیا لە دەرئەنجامە جەستەییەکاندا قەتیس بمێنێتەوە. مورادی کە هەم لە نێوان و هەم لە دەرەوەی ڕۆڵی کەسانی ناوخۆیی و دەرەکی جێگیرە، داکۆکی لە جۆرێک لە میوانداری دەکات کە نە مەرجەکان دەسەپێنێت و نە کۆنترۆڵی بکات یان ئەو شتانە بسڕێتەوە کە لە کاتێکدا ڕزگاربووان دەست دەکەن بە قسەکردن. مورادی جەخت لەسەر گرنگیی هاوبەشیکردنی گێڕانەوەی ڕەسەنی ڕزگاربووان دەکاتەوە، گێڕانەوەیەک کە هاوبەشی ئازار و زەبر و خۆشەویستی و گەڕانیان بێت بەدوای دادپەروەریدا. ئەم ئەزموونە مرۆڤایەتییانە زۆرجار لە بەرامبەر هیچوپووچیی بەدی و خراپەدا نەبینراو یان نەگێڕدراوە دەبن. ئەو نەک هەر سەردانی ئەو ناوچانە دەکاتەوە کە بەهۆی شاڵاوەکانی جینۆسایدەوە کاریگەرییان لەسەر بووە و ئەزموون و قسە و تاکتیکی ڕزگاربووان دەخاتە ڕوو، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بیرەوەرییەکانی خۆی و ئەو ڕێگایانەشە کە لەگەڵ گێڕانەوەی ڕزگاربووەکاندا دەیانناسێتەوە.
“شاڵاوی ئەنفال و هەڵەبجە و دادگاییەکەی بەغدا”
شاڵاوی ئەنفال کوژرانی ١٨٢ هەزار کوردی لێکەوتەوە.3 یەکێک لە لایەنە ترسناکەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بوو، دیارترینیان هێرشی گازی ساڵی ١٩٨٨ بوو بۆ سەر شارۆچکەی هەڵەبجە، کە هەزاران هاووڵاتیی مەدەنیی کورد بە ژن و منداڵیشەوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا گیانیان لەدەستدا. لە ساڵانی دواتردا گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە و ئەمەش زیاتر قەبارەی دڕندەییەکان دەردەخات. بێجگە لە کوشتنەکان، سەدان هەزار کورد ئاوارە بوون یان بە زۆر خراونەتە ناو کەمپەکانی دەستبەسەرکردنەوە و لەوێش بەرگەی بارودۆخی ژیانی سەخت و دڕندانەیان گرت. هێزە ئێراقییەکان هەزاران گوندی کوردیان وێران کرد و بەشێوەیەکی کاریگەر تەواوی کۆمەڵگە یان کۆمیونیتییەکانیان ڕاماڵی. ئەم وێرانکارییە بەربڵاوە کاریگەریی قووڵ و درێژخایەنی لەسەر کۆمەڵگا و کولتوور و ناسنامەی کوردی هەبوو. کیمیاباران و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دواتر، هەزاران کوردیان بە ئاسەواری تووند و درێژخایەنی جەستەیی و دەروونی بەجێهێشت و دەیان ساڵە داوای دادپەروەری و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەو تاوانانە دەکەن. مورادی تیشک دەخاتە سەر هەوڵ و کۆششی بەردەوامیان، لەوانەش بەشداریکردنیان لە ڕێوشوێنە یاساییەکانی وەک ئەو دادگاییکردنانەی کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٧ لە بەغدا بەڕێوەچوو، لەم دادگاییکردنانەدا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال بە فەرمی وەک جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ ناسێندرا و بە ئاشکرا ئامانجیان سەرکوتکردنی بوونی کورد و خۆڕاگری لە باکووری ئێراق بوو.
لێکەوتە و زیانی مرۆیی جینۆسایدەکان، وەک هۆڵۆکۆست و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال، بەهۆی تووندڕەویی سیاسی و سیستەمی سیاسیی داخراوی بەرژەوەندیی خود و بنەمای خێڵەکییەوە بوو. دەوڵەتی بەعسی ئێراق و سیاسەتی خێڵگەریی نوێی سەددام سیاسەتی پەڕگری و تووندڕەوی و خێڵگەریی ئەو کرۆکی دڕندەیی دەسەڵاتەکەی بوون.4 ئەم سیاسەتە تێکدەرانە ئەو دەرەنجامانەیان بەرهەمهێنا کە زۆر زیاتر لە تەمەنی خودی ڕژێمەکە درێژبوونەوە. کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە تاوانانە بەسەر نەوەکاندا درێژدەبنەوە و ڕزگاربووان نەک تەنها بەدەست برینداربوونی جەستەییەوە دەناڵێنن بەڵکو بەدەست زەبروزەنگی دەروونیی قووڵ و ئاوارەبوون و لەدەستدانی خێزان و کۆمەڵگاشەوە دەناڵێنن. کاریگەرییەکانی دوای ئەوە بریتین لە تێکچوونی نەریتە کولتوورییەکان، لاوازبوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و بێمتمانەیی بەردەوام بە دامەزراوەکانی دەوڵەت. زۆرجار جینۆسایدەکان دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و داخورانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و داڕمانی سیستەمی سیاسی و لە ئەنجامدا ناسەقامگیریی درێژخایەن بەدوای خۆیدا دێنێت. ئەو زەبر و ترۆمایەی کە نەوەکانی قوربانییان ئەزموونی دەکەن، بەردەوام دەبێت لە داڕشتنی پەیکەری کۆمەڵایەتیی ناوچەکە و بەردەوامیی بە بازنەی خەم و ترس و بێمتمانەیی دەدات. لە ساڵی ٢٠٠٥دا و دوای لادانی سەدام حوسێن لە دەسەڵات، دادگای بەغدا کە بە دادگای باڵای ئێراقیش ناسراوە، بە فەرمی شاڵاوی ئەنفالی وەک جینۆساید ناساند، بەتایبەتی بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی دانیشتوانی کورد بە نیازی لەناوبردنی ناسنامەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئیتنیکی یان نەتەوەییان. زۆر هاوشێوەی هانا ئارێنت، تیۆریستێکی سیاسیی جوولەکە کە لە ئەڵمانیای نازی ڕزگاری بوو و دواتر دوای دادگاییکردنی ئەدۆلف ئایشمان لە ساڵی ١٩٦١ لە ئۆرشەلیم،5 فازڵ مورادی خۆیشی “ڕزگاربووە” لە تووندوتیژییە جینۆسایدییەکان. ئەو لە کارەکەیدا هەوڵدەدات لە سروشتی بەدی و خراپەکاریی پوخت تێبگات وەک ئەوەی دژی کورد ئاڕاستە کراوە. لە بەشی چوارەمی کتێبەکەیدا باسێکی وردی دادگای بەغدا دەکات و هاوبەشیکردنی وردەکارییە دۆزراوەکان کە پێشتر چاوپۆشییان لێکردووە. دادگا دادگایەکی تایبەت بوو کە لە ئێراق دامەزرا بۆ لێپێچینەوە لە سەرکردایەتیی ڕژێمی سەدام حوسێن بەهۆی ئەو تاوانانەی کە لە ماوەی دەسەڵاتەکەیاندا ئەنجامیان دابوو، لەوانە جینۆساید و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی. دادگاکە لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانی Coalition Provisional Authority (CPA) دروستکرا، کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرۆکایەتیی دەکرا. ئامانجی سەرەکیی دادگای بەغدا لێپرسینەوە بوو لە سەدام حوسێن و بەرپرسە باڵاکانی لە دڕندەییەکانی ڕژێم، کە بریتی بوو لە لە ئیعدامکردنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجەدان، هێرشی چەکی کیمیایی و چەوساندنەوەی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان. ئامانجی دادگاکە دابینکردنی پرۆسەیەکی یاسایی شەفاف بوو کە لە ڕێگەیەوە چارەسەری ئەو پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ بکات کە لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێندا ئەنجامدراون، لەوانەش هەڵمەتی بەناوبانگی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دژی کورد. دادگای بەغدا وەک فۆرمێک لە دادپەروەریی ڕاگوزەر و میکانیزمێکی یاسایی سەیر دەکرا لەلایەن ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە ناو شەڕ و ململانێوە سەرهەڵدەدەن بۆ چارەسەرکردنی هەڵەکانی ڕابردوو و پێشخستنی لێپرسینەوە بەکاردەهێنرێن. دادگاکە لە ساڵی 2009دا بە فەرمی هەڵوەشایەوە، دوای ئەوەی حکوومەتی ئێراق بەرپرسیارێتیی لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی بە پێی یاساکانی ئێراق گرتە ئەستۆ.
بێجگە لەوەش دادگای بەغدا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سەردەمی دوای سەددام لە ئێراقدا بینی بە هەوڵدان بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانیانی ستەمکارییەکانی ڕژێمی پێشوو. لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرچاو بووەوە سەبارەت بە دادپەروەری و بێلایەنی و پاڵنەرە سیاسییەکانی، سەرەڕای ئەوەش دادگاکە ساتێکی گرنگی لە هەوڵی ئێراقدا بۆ لێپرسینەوە نیشان دا. بۆ زۆرێک لە ئێراقییەکان و چاودێرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هێمای هەنگاوێک بوو بۆ لێپرسینەوە لە کەسانی دەسەڵاتدار لە بەرامبەر ستەمکارییە بەکۆمەڵەکان، هەرچەندە میراتەکەی هێشتا هەر ئاڵۆز و کێبڕکێ لەسەرە. بەهەرحاڵ، سەرەڕای ئەم دانپێدانانە یاساییانەش، بەڵام زۆرێک لە ڕزگاربووانی کەمپەینی ئەنفال بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان لە بەدەستهێنانی دادپەروەریی هەمەلایەنە. پرسە گرنگەکانی وەک ناسینەوە و ناشتنی دروستی قوربانییەکان تا ئێستا چارەسەر نەکراون. دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ لە کوشتنی بەکۆمەڵ، خێزانەکان هێشتا هەر لە هەوڵ نو تەقەلادان بۆ دۆزینەوە و ناسینەوە و ناشتنی ئازیزانیان. ئەم ئازارە بەردەوامە جەخت لەسەر سنوورداربوونی پرۆسەکانی دادوەری دەکاتەوە لە چارەسەرکردنی ناسۆری و ناڕەزایەتییە قووڵەکاندا. کارە کاتی و گرنگەکانی مورادی جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە کاتێکدا ڕێوشوێنە یاساییەکان زۆر پێویستن، بەڵام زۆرجار لە چارەسەرکردنی تەواوی پێداویستییەکانی ڕزگاربووان کورت دەهێنن. ساڕێژبوونی سۆزداری، گەڕاندنەوەی کولتووری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی زیاتر لە دەرئەنجامە دادوەرییەکان دەوێت. ئەم ئامانجانە پێویستیان بە هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ گوێگرتن لە ڕزگاربووان، چەسپاندنی ئەزموونەکانیان و پشتگیریکردن لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکانیان. توێژینەوەکەى مورادی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و فرە ڕەهەندی ئەم ئالەنگارییانە پێشکەش دەکات. بە تێکەڵکردنی دیدگاکانی ئەنترۆپۆلۆژی، مێژوو، یاسا، هونەر، زانستە سیاسییەکان و توێژینەوەکانی تەکنەلۆجیا، ئاڵۆزییەکانی دادپەروەری دوای ململانێ و خۆڕاگریی بەردەوامی ئەوانەی کە لە ژیاندا ماون، ڕۆشن دەکاتەوە.
“ئامانجی جینۆسایدەکانی دژ بە کورد”
گەلی کورد – کە ژمارەیان زیاتر لە ٥٠ ملیۆنە – لە چەندین وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە، لەوانە تورکیا، ئێراق، سووریا، ئێران و ئەرمینیا. دوابەدوای ئەم دابەشبوونە، کورد بووەتە جۆرێک لە “داشی دامە”ی جیۆپۆڵەتیکی، کە زۆرجار پەراوێز خراوە و نکۆڵی لە مافە سەرەتاییەکانی کراوە. مافە زمانەوانی و کولتووری و سیاسییەکانیان و هەروەها مافی هاوڵاتیبوونی یەکسانیان لەناو ئەو دەوڵەتانەی کە تێیدا نیشتەجێن، بە شێوەیەکی سیستماتیک فەوتاوە و لەناوبراوە. ئەوان لەمێژە تووشی بێدەوڵەتی و جینۆساید و ئازاری بێئەندازەی مرۆڤ بوون. هەوڵدانیان بۆ چارەی خۆنووسین، ڕێزگرتن، دانپێدانان و سەروەری تایبەتمەندییەکی دیاری مێژووەکەیان بووە. سەرەڕای ڕەگ و ڕیشەی کۆنیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا – کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەتەکانی میزۆپۆتامیا – و میراتی دەوڵەمەندی کولتووری و زمانەوانی، کوردەکان لە دەوڵەتێکی تایبەت بەخۆیان بێبەش کراون. ئەم نکۆڵیکردنە بووەتە هۆی ئاوارەبوون و ڕاگوێزانی سەخت و هەستکردنێکی قووڵی لەدەستدانی مێژوویی و نموونەی دووبارەبوونەوەی تووندوتیژی و جینۆسایدی سیستماتیکی، کە هەموو ئەمانە شوێنەواری قووڵیان لە یادەوەریی بەکۆمەڵیاندا بەجێهێشتووە. مورادی لە بەشی سێیەمدا باس لە بێ ماڵ و حاڵبوونی کورد دەکات لە جیهاندا، بە چاوخستنە سەر ئەزموونی ڕزگاربووانی ئەنفال کە دوای ئەوەی هەموو شتێکیان لەدەستداوە، ئێستا “هیچ ناترسن”. ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال هاوشێوەی جینۆسایدی ئەم دواییەی داعش بوو لە دژی کوردانی ئێزیدی و بە پلەی یەکەم ئاڕاستەی دانیشتوانی کورد کرا لە باکووری ئێراق. ئامانجی سەرەکیی هەردوو هێرش و پەلامارەکە لەناوبردنی گەلی کورد بوو وەک قەوارەیەکی سیاسی و کولتووری. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ڕژێمە ڕادیکاڵەکان و گرووپە تووندڕەوەکان کوردیان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان سەیر دەکرد. “چوارچێوەی یاسایی جیهانی و سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو ئەندامی حکوومەتی ئێراقدا هیچی نەگۆڕیوە … بۆ ئەو ڕزگاربووانەی کە لە گەڕەکی ئەنفالەکاندا دەژین [ئاماژە بە هەندێک ناوچەی دیاریکراو بۆ ڕزگاربووان لە هەرێمی کوردستان]”.
تەنها دە ساڵ دوای دادگای بەغدا، کوردانی ئێزیدی لە چیای شەنگالی ئێراقدا ڕووبەڕووی جینۆسایدی دووەم بوونەوە – تەنانەت ئەمەش ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن کردەوەی جینۆساید ڕووداوی دابڕاو نییە بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە هەندێک کولتووری کۆمەڵایەتیدا هەیە. کردەوەی وێرانکەر و ئەهریمەنیی لەم جۆرە پێویستیان بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سەربازیی بەرفراوان هەیە، لەگەڵ پشتیوانی ئەخلاقی و لۆجستی، کە کەرتە گشتی و تایبەتەکان دەگرێتەوە – لە خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەوە تا دابینکەرانی خۆراک- و چەکی مۆدێرن. ئەم ستەمکاریانە تەنیا ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ دیکتاتۆرێکی شەڕخواز و خراپەکار یان چەند بەرپرسێکی حکوومەت. تەنانەت ڕۆشنبیرانی وڵاتێکیش ناتوانن لەم جۆرە تاوانە بەکۆمەڵانە بێبەری بن ئەگەر ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سوودیان لێ ببینن یان لە کاتی ئەو جۆرە پێشێلکاریانە و دوای ئەوەش بێدەنگ بن.6 وەک لە تێبینییەکانی هانا ئارێنت و فازڵ مورادی سەبارەت بە دەرکەوتە جیاوازەکانی بەدی و خراپەکاری فێربووین، زۆرجار ئەوانەی بەشداری لەو جۆرە کردارە بەکۆمەڵانەدا دەکەن، بە شێوەیەکی ترسناک ئاسایی دەردەکەون. ئەوانە هیچ پەشیمانییەک پیشان نادەن و بۆ ئەوان بەشداریکردن لەم جۆرە تاوانانەدا دەبێتە بەشێکی “ئاسایی” ژیانی ڕۆژانە. ئەم تاکانە هیچ هاوسۆزییەکیان نییە بۆ ئەو ژیان و کولتوورانەی کە لەناویان دەبەن. ئەم واقیعە بە شێوەیەکی بێزارکەر تیشک دەخاتە سەر بەربڵاویی نەبوونی هەستی مرۆڤانە و بیری ڕەخنەگرانە لای خەڵکانی ئاسایی و زۆرێکیان بێباکن لەئاست دەرد و مەینەتیی ئەوانیتر و هەر ئەم بێباکییەشە کە دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی بەرپاکردنی ئەو جۆرە ستەمکاری دڕندەییانە.
بێجگە لەم دوو جینۆسایدە بە فەرمی ناسراوە لە ئێراقدا، کورد لە تورکیا، ئێران و سووریاش تووشی سەرکوت کردنی تووندوتیژ بوون. بۆ نموونە لە تورکیا، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان تاکتیکی سەربازیی تووندیان بەکارهێناوە، لەوانە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و هێرشکردنە سەر دانیشتوانی مەدەنی، بەتایبەتی لە سەردەمی یاخیبوونی کوردەکاندا. نموونەیەکی بەرچاو لە ساڵی ١٩٣٨دا بوو کە بە شێوەیەکی سەرجڕاکێش بەشداریی لە مێژووی دوورودرێژی مەینەتی و ئازارەکانی کورددا کرد لە ناوچەکەدا. لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا گوندە کوردنشینەکان وێرانکران و بە ملیۆنان کورد ناچارکران دەربەدەر و ئاوارەی ناوخۆ ببن. لە ئەنجامدا ئیستەنبوڵ بوو بە یەکێک لە گەورەترین شارەکانی جیهان کە کوردی تێدا نیشتەجێ بووبێت. لەم دواییانەدا؛ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا دۆخی کوردەکانی لەو وڵاتەدا زیاتر خراپتر کردووە، کە لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد و سەرهەڵدانی داعش و دەستێوەردانی تورکیادا گیریان خواردووە. کورد لە سووریا (ڕۆژاڤا) بەتایبەت ئەوانەی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرەنگاربوونەوەی ئایدیۆلۆجیای ڕادیکاڵی و ئیستیسنای داعشدا بینیوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی دابڕان و گۆشەگیری بوونەتەوە، بەتایبەتی تورکیای دراوسێ کە میلیشیا کوردییەکان بە هەڕەشەیەکی “تیرۆریستی” دەزانێت. بێدەوڵەتی و ململانێ بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کورد لە سووریاشدا و زۆربەیان پەنابەر یان ئاوارە ناوخۆییەکانن کە لە کەمپەکاندا دەژین لە سەرانسەری تورکیا و سووریا و ئێراق، کە دووچاری بارودۆخی ژیانی ناجێگیر، لەدەستدانی بژێویی ژیان و دەستڕانەگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، لەوانەش پەروەردە و چاودێریی تەندروستی بوونەتەوە.
وەک فازڵ مورادی لە بەشی دووەم و سێیەمدا بە وردی باسی دەکات، مۆدێرنیتیی ڕۆژئاوا و ڕێبازە مۆدێرنەکانی بنیاتنانی دەوڵەت شکستیان هێناوە لە هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان بۆ بەشێکی زۆری جیهان. ڕۆژئاوا کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژییەکانی دیکەی دژ بە مرۆڤایەتیی پشتگوێ خستووە.7 بە سوودوەرگرتن لە جەختکردنەوەکەی ئادۆرنۆ و باومان کە دەڵێن “بەبێ مۆدێرنیتە، هیچ ئاوشڤیتزێک”،8 ڕووی نەدەدا و مۆراندی ئەم ڕەخنەیە لە بەشی حەوتەمدا درێژدەکاتەوە و دەڵێت، “بەبێ مۆدێرنیتە، نە دۆڵی بالیسان و هیچ هەڵەبجەیەک” نەدەهاتنە ئاراوە، هەروەها پشتگیریی بەدناوی وینستن چەرچڵ بۆ چەکی کیمیایی وەک بەشێک لە ئەرکێکی گوایە شارستانیکردن بیردەخاتەوە، بە هێنانەوەی لێدوانەکەی چەرچڵ:- “من بە تووندی لەگەڵ بەکارهێنانی گازی ژەهراویم دژ بە خێڵە ناشارستانییەکان [عەرەب و کوردەکان لە میزۆپۆتامیا و ئەفغانییەکان]” و سەرنجی تێڕوانینی ئەو بۆ چەکی کیمیایی وەک “بەکارهێنانی زانستە بۆ شەڕی مۆدێرن”.9 ئەم ستەمکاری و دڕندەییانە – کە بەرهەمی پراکتیزە مۆدێرنەکانی دەوڵەتی جیاکارین – پرسیاری قووڵی ئەخلاقی و فەلسەفی سەبارەت بە بەهای ژیانی مرۆڤ دەورووژێنن. چۆن دەکرێت بوونی مرۆڤ هێندە بێ بەها بکرێت کە کوشتنی بەکۆمەڵ و تووندوتیژیی سیستماتیکی و لەناوبردنی وەک سیاسەتی دەوڵەت ئاسایی بکرێتەوە؟ لە بەرامبەر ئەو چەوساندنەوە سیستماتیکیانەدا، مانەوە و بنیاتنەوە و پارێزگاریکرن لە کۆمەڵگە و پێکهاتەیەک چ مانایەک دەگەیەنێت؟ ئەم پرسیارانە کە زۆرجار لە ڕێگەی چوارچێوە ڕەخنەگرانە ئەنترۆپۆلۆژی، فەلسەفی، یاسایی، مێژوویی و کۆمەڵناسییەکانەوە دەکۆڵرێنەوە، هەم خۆڕاگریی ئەو کەسانە دەگەیەنێت کە بەرگەی جینۆساید دەگرن و هەم تیشک دەخەنە سەر پێویستیی بەردەوامیی دادپەروەری و دانپێدانان. زیاتر لە دوو دەیەیە کارەکانم لەسەر سیاسەتی کوردی، پاوانخوازی و فرەیییە10 و هەروەها لێکۆڵینەوەشە لەسەر ئەوەی کە چۆن ئەم جۆرە تووندوتیژییە بە سەرکردایەتیی دەوڵەت لەگەڵ پرسە فراوانەکانی دادپەروەری و حوکمڕانی و مافەکانی مرۆڤدا یەکدەگرێتەوە. تێگەیشتن لەم دڕندەییانە زۆر گرنگە – نەک تەنها بۆ داننان بێت بە کاریگەریی قووڵی مرۆییان بەڵکو بۆ مامەڵە و چاودێریکردنی چاکبوونەوە، ئاشتەوایی و یادەوەرییەکی بەکۆمەڵیشە کەوا کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم جۆرە کردەوانە دووبارە نەبنەوە.
“مافی بە مرۆڤ بوون”
بەبێ ساڕێژکردنی برینی ڕزگاربووان و گەیاندنی دادپەروەری ڕاستەقینە، داڕشتنی داهاتوویەکی بەردەوام و دادپەروەرانە مەحاڵ دەبیت. مورادی لە دووتوێی کتێبەکەیدا ئەوە نیشان دەدات کە یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی گەرماوگەرمی دوای هەر کۆمەڵکوژییەک، ئەو زەبر و زەنگە دەروونییە بەردەوامەیە کە ڕزگاربووان تووشی دەبن و ئەزموونی دەکەنی. لەدەستدانی ئازیزان، ئاوارەبوون و شایەتحاڵی یان ئەزموونکردنی تووندوتیژی دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستیی دەروونیی درێژخایەن. کەسەری سۆزداری، ڕاگواستن و ئاوارەبوون و شایەتحاڵی یان ئەزموونکردنی تووندوتیژی وا لە ڕزگاربووان دەکەن کە هەستکردن بە سەلامەتی یان هەڵکردن لە ژینگەکەیاندا زۆر قورس بکەوێتەوە. هەروەها ڕەنگە ڕزگاربووان هەست بە گوناهی ڕزگاربوو بکەن و لە باری ململانێیەکی قووڵی سۆزداریدا بژین بەوەی کە ئەوان ماون و کەسانی تر مردوون، هەروەها نادڵنیایی لەوەی کە ئایا ماف یان توانای ئەوەیان هەیە ژیانیان دووبارە بنیات بنێنەوە دوای ئەو وێرانکارییەی بەسەریاندا هاتووە. بۆ ئەوان یادەوەریی کۆمەڵکوژییەکە و لەبەرچاو نەمانی مردووەکان بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەیاندا سەرهەڵدەداتەوە و ئەمەش وا دەکات هەستکردن بە ئاساییبوون یان ڕاهاتنیان قورس بێت. دوا بە دوای هەر کۆمەڵکوژییەک، هەستکردن بە بە خاوەندارێتی و فەزا مادی و فیزیکییەکانی وەک ماڵ و قوتابخانە و شوێنی پەرستن و دار و پێکهاتەکانی تر، زۆرجار تێکشکاون یان بوون بە وێرانە. دووبارە بنیاتنانەوەی ئەم فەزایانە دەبێتە بەشێکی یەکلاکەرەوە لە گەڕاندنەوەی هەستی ڕاهاتنەوە و نیشتەجێبوون و میوانداری. بەڵام زۆرێک لە ڕزگاربووان بە ڕاستی هەست دەکەن کە ئەم ژینگە دووبارە ئاوەدانکراوە چیتر نوێنەرایەتیی ماڵ و حاڵی جاران ناکەن، چونکە یادەوەریی تووندوتیژی بۆ هەمیشە هەست و خەیاڵدانی ئەوانی لەوتاندووە. لە هەندێک حاڵەتدا گۆڕستانەکان زیاتر هەستی ماڵ و حاڵیان دەداتێ نە ماڵەکە خۆی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دروستکردنی یادگاری یان شوێنی یادکردنەوە بۆ ڕێزلێنان لە قوربانییەکان دەتوانێ بە قووڵی مانادار بێت، چونکە ئەم فەزایانە دەبنە شوێنی ماتەمینیی بەکۆمەڵ و تێڕامان و بەرخۆدان. یادکردنەوە نەک هەر دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییەکان بەڵکو دەبێتە ڕێگەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی و پاراستنی یادەوەری. ئەم کارەش، ڕێگە بە پێکهێنانی جۆرێکی نوێی ئاساییبوونەوە و میوانداری دەدات – کەوا کارێکە بۆ داننان بە ڕابوردوودا و ڕێز لێگرتنی.
ئەو کۆمەڵکوژییە جۆراوجۆرانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی کورد ئەنجامدراون، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی تەواوی کۆمەڵگاکان (کۆمیونیتییەکان) و ڕزگاربووان لە سەرانسەری کەمپەکانی پەنابەران و شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ و زۆرجار کاتیدا بڵاوبوونەتەوە. بۆ هەندێکیش کۆمەڵکوژی و پاشهاتەکانی ئاوارەبوونی هەمیشەیی لێدەکەوێتەوە. بە ملیۆنان کورد چەندین نەوە لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا ژیاون، بیبەش کراون لە خاک و ماڵ و حاڵی خۆیان. هەستی ماڵ و حاڵ بەستراوەتەوە بە یادەوەریی شوێنێکەوە کە لە فۆرمی سەرەتایی خۆیدا بوونی نەماوە و تاک و خێزانەکان ناچار دەکات ژیانی خۆیان لە دەوروبەرێکی نامۆدا بنیات بنێنەوە. ئەم پەرشوبڵاویی فیزیکییە بووەتە هۆی پارچەپارچەبوونی شوناسە کۆمەڵایەتی و کولتووری و کۆمەڵگەییەکان. دووبارە بنیاتنانەوەی هەستی کۆمەڵایەتی دوای ئەو جۆرە پچڕانانە پێویستی بە دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان هەیە، کە زۆربەیان بەهۆی تووندوتیژیی بەردەوامەوە بچڕاوە و تێکچووە. دروستکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و گرووپی هاوپشتی لە دەربەدەریدا بووەتە شتێکی بنەڕەتی بۆ گەڕاندنەوەی هەستی مرۆڤایەتی و متمانە لە دوای زەبروزەنگ و ترۆما. هەڵبەت گەڕاندنەوەی مرۆڤایەتی بریتییە لە وەرگرتنەوە و پاراستنی ئەو پراکتیزە کولتووری و نەریت و ناسنامانەی کە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکاندا کرابوونە ئامانج و لەناوچوون. لە هەندێک حاڵەتدا کردەی وەرگرتنەوەی میراتی کولتووری دەبێتە جۆرێک لە بەرخۆدان و خۆڕاگری. زۆرجار ڕزگاربووان ڕوو لە گۆرانی و ڕێوڕەسم و بیروباوەڕ و پراکتیزە نەریتییەکان دەکەن بۆ دووپاتکردنەوەی ناسنامەی خۆیان و چەسپاندنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگا و نیشتمانەکەیان. بێجگە لەوەش زیانە ئابوورییەکانی کۆمەڵکوژییەکان زۆر قووڵ بووە. وەک مورادی وێنای دەکات، کەوا ژیان و گوزەرانی کورد وێران بووە، ماڵ و کاروبارەکانیان تاڵان کراون یان سووتێنراون و کۆمەڵگاکان بێ ئامراز و هۆکاری بژێویی خۆیان یان بنەماڵەکانیان ماونەتەوە، بنیاتنانەوەی ئابووری و گەڕاندنەوەی سامانی دزراو بۆ خاوەنە ڕەسەنەکان و خێزانەکانیان لەبەر دوو هۆکاری گرنگ زۆر پێویستن؛ یەکەم بۆ یارمەتیدانی ڕزگاربووان لە وەرگرتنەوەی پشت بەخۆبەستن و گەڕاندنەوەی هەستکردن بە سەقامگیری، دووەم:- لێپرسینەوە لە تاوانباران و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ستەمکاری و دڕندەییانەیان.
سەرەڕای زەبر و زیانێکی بێئەندازە، کتێبی مرۆڤبوونی مورادی ئەوەمان بیردەخاتەوە کە زۆرێک لە کوردانی ڕزگاربووانی کۆمەڵکوژییەکان خۆڕاگرییەکی زۆر باش دەنوێنن. لە بەرامبەر ئەو ستەمکاری و دڕندەییانەی کە لەباسکردن نایەن، ڕێگایەک دەدۆزنەوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیانی خۆیان و پشتگیریی خێزانەکانیان. لەناو بێدەوڵەتی و مەینەتی و هەروەک مورادی باسی لێوە دەکات بارودۆخی “زیندانی” لە ماڵی خۆیاندا، کورد بەردەوامی جەختکردنەوەن لەسەر مافی خۆیان بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و بەردەوامن لە داوای دەنگێکی یەکسان و شوناسێکی دیاریکراو و ئازادیی دیاریکردنی داهاتووی خۆیان. تەنانەت لەژێر فشاری توونددا بۆ ئاسیمیلەکردن یان توانەوە لەگەڵ کولتوورە نەتەوەییە باڵادەستەکانی ئەو دەوڵەتانەی کە تێیدا دەژین، کورد یادەوەرییەکی بەهێزی نێوان نەوەکان و بەردەوامیی کولتووری خۆی پاراستووە. لە موزیک و سەما و ئەدەبەوە تا پاراستنی زمانە ناوازەکەی خۆیان، کۆمەڵگە (کۆمیونیتییە) کوردییەکان چالاکانە بەرەنگاری سڕینەوەی کولتووری دەبنەوە. ڕوونکبیران و نووسەران و هونەرمەندان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان گێڕاوە بۆ پارێزگاریکردن لە میراتی کولتووریی کورد و شوناسی. کورد بەدرێژایی دەیان ساڵ خەریکی ئەو بزووتنەوە سیاسییانە بووە کە داوای ئۆتۆنۆمی و دانپێدانانی مافەکانی دەکەن. لە ئێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕێک لە ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بەدەست هێناوە، هەرچەندە خەبات بۆ سەربەخۆیی تەواو وەک پرسێکی مشتومڕاوی ماوەتەوە. لە سووریا، گرووپە کوردییەکانی وەک یەپەگە و یەپەژە بە دوای ئۆتۆنۆمییەوەن و ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و جیددییان لە شەڕی داعش و ڕژێمە پاوانخوازەکان و گرووپە جیهادییەکاندا بینیوە. بەهەرحاڵ ئەوان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگاری و ئاستەنگی بەرچاودا، بەتایبەتی لە تورکیاوە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژاڤا ئەنجامداوە بە ئامانجی سنووردارکردنی کاریگەریی کورد. لە بەرامبەر تووندوتیژی و سەرکوتکردندا، ژنانی کورد لە پێشەنگی خەبات و تێکۆشاندان بۆ یەکسانیی جێندەری و مافی مرۆڤ. ئەوان ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ڕێکخستنی بەرخۆدان دژی داعش و ژنانی شەڕڤان و سەرکردە سیاسییەکانی کورد لە یەپەگە/ یەپەژەی سووریا وەک هێمای بەهێزی هەردوو بەرخۆدانی کورد و فێمینیست دەرکەوتوون. ئەمە نەک هەر ڕووبەڕووی تووندوتیژی و سەرکوتی دەوڵەت دەبێتەوە کە زۆرجار ڕەگیان لە پێکهاتە خێڵەکی و تاکڕەوەکاندا هەیە، بەڵکو تەحەدای پێکهاتە پیاوسالارییە نەریتییەکانی ناو خودی کۆمەڵگەی کوردیش دەبنەوە.١١
لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، کورد زیاتر بانگەشەی بۆ بەدیهێنانی مافەکانی خۆی و چارەنووسی خۆی کردووە. ڕەوەندی کوردی بە تایبەتی لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و سوێد، جموجووڵی هۆشیارکردنەوە و لۆبیکردنن لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپادا، بۆ چارەسەرکردنی دۆخی نالەباری کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کورد تا ئێستاش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان یان زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکانی دیکەوە بە فەرمی دانپێدانان و نوێنەرایەتیی نەکراون. ئەم دانپێدانەنانە نەک هەر مافە بنەڕەتییەکانیان لێ زەوت دەکات بەڵکو مەترسییەکانی کردەوە جینۆسایدییەکانی داهاتوو بەردەوام دەکات.
“ئەنجام”
دەوڵەت تەنها بەدوای یەک ڕاستیدا دەگەڕێت، کە ئەویش مانەوەی خۆیەتی و دیکتاتۆرەکان تاقە یەک ئامانجیان هەیە و ئەویش دەست بە دەسەڵاتەوە گرتنە بۆ ماوەیەکی نادیار. بەڵام مێژووی دەوڵەتان و دیکتاتۆرەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هیچ کام لەم ئامانجانە بەردەوام نین. بێ گوێدانە ئەوەی چەند جینۆساید بە ناوی مانەوەی دەوڵەت یان دەسەڵاتی کەسییەوە ئەنجام بدرێت، دواجار دەوڵەت و دیکتاتۆرەکان دەڕووخێن. جینۆساید بەرجەستەکردنی خراپەکاری و بەدئاکاریی پوختە – کە کردەوەیەکی بەکۆمەڵی دەوڵەتان و ڕژێمە تاکڕەوەکان و ئەوانەی هاوبەشن لە ئایدیۆلۆجیاکانیاندا. هیچ بەهانە و پاساو یان پاکانە و ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەو جۆرە کارانە نییە. زۆرجار سیستەمی سیاسیی مۆدێرن شکست دەهێنێت لە دابینکردنی ژینگەیەکی گشتگیری دادپەروەرانە یان مرۆڤدۆستانە بۆ گرووپە پەراوێزخراوەکان، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزم، بنیاتنانی دەوڵەت و سەرمایەداریی جیهانیدا. بێجگە لەوەش، سیستەمە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهانی، لە کاتێکدا سامان لە هەندێ ناوچەدا بەرهەم دەهێنن، لە هەمان کاتدا بەشدارن لە هەژارکردن و ئاوارەبوون و چەوساندنەوەی زۆرێک لە هەرێم و ناوچەکانی تر. نامیوانداری و گەندەڵی مۆراڵ و ئەخلاقی کە لەم سیستەمانەدا بەرجەستەیە، بەتەنها سیاسی نییە بەڵکو ئابوورییشە. سیستەمی پلەبەندیی هەرەمیی جیهانی بەردەوام دانیشتوانی پەراوێزخراو بێبەش دەکات لە دەستڕاگەیشتنی یەکسان بە سەرچاوە، دەرفەت، ئاسایش و پاراستن. هەروەها هەژاری، نایەکسانیی ئابووری، جیاکاریی سیستماتیکی، شەڕ و ململانێ بەردەوامیی پێدەدات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی.
ئایدیای نیشتەجێبوون لە پاش کۆمەلکوژی ئاماژە بە پرۆسەی هاتنەوە سەرخۆ و چاکبوونەوە دەکات، لە ڕووی شەخسی و کۆمەڵیشەوە، دوابەدوای بەرپاکردنی تووندوتیژییەکی وێرانکەر. ئەمەش ڕەهەندە جەستەیی و دەروونی و کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەگرێتەوە، کە هەموویان ڕۆڵی یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز دەبینن لە توانادار کردنی ڕزگاربووان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیانیان و خولقاندنی هەستکردن بە ماڵ و نیشتمان لە بەرامبەر ئەو زیان و کۆستکەوتنە قورسەدا. ئەمەش هەوڵ و کۆشێکە نەک تەنها بۆ مانەوە بەڵکو لەپێناوی شکۆ و دادپەروەری و وەرگرتنەوەی داهاتوویەکی هاوبەشی مرۆڤانەدایە. مێژووی دوورودرێژی کورد لە بێدەوڵەتی و جینۆساید و ئازار و مەینەتیدا، ڕەنگدانەوی خەباتێکی گەورەترە بۆ دانپێدانان و دادپەروەری و مافی بنەڕەتی مرۆڤایەتی. شەڕی بەردەوامیان بۆ بڕیاردان لە چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی و مانەوەی کولتووری نوێنەرایەتی تەحەدایەکی فراوانتر دەکات بۆ سیستەمی دەوڵەت – نەتەوەی مۆدێرن، کە سنوور و ناسنامە سەپێنراوەکان زۆرجار لەگەڵ واقیعە ڕەسەن و ئیتنیکی و نەتەوەییەکان بەریەک دەکەون. لە بەرامبەر تووندوتیژیی جینۆسایدئامێز و ئاوارەیی و نکۆڵیکردن لە مافەکانی، گەلی کورد بەردەوامە لە دووپاتکردنەوەی مرۆڤایەتیی خۆی و خەبات بۆ ئایندەیەک دەکات کە دواجار بتوانێت بە ئازادی لە نیشتمانەکەیدا بژی.
یەکێک لەو ئاڵەنگارییە بەردەوامانەی کە بەرەوڕووی کورد دەبێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ چەندین دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی فۆرمە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنالیزمی وێرانکەر و بناژۆخوازیی ئاینییە. ناسیۆنالیزمەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی، وەک دەوڵەتەکانی خۆیان بەرجەستەی دەکەن، لە مێژوودا هەوڵی تواندنەوە یان سڕینەوەی کوردیان داوە و زمان و کولتوور و خودی بوونی کوردیشیان کردووەتە ئامانج. نموونەی ئەمانە زۆرن، کە لە یادەوەریی کورددا چەسپاون:- وەک هەڵمەت و پەلاماری ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، تاوانەکانی جینۆساید دژ بە کوردە ئێزیدییەکان لە ئێراق، نکۆڵیکردن لە ناسنامە و کولتوری کورد بۆ دەیان ساڵ لە سووریا، کۆمەڵکوژییەکانی دەرسیم و سەدەیەک دەرپەڕاندن و دوورخستنەوەی کورد لە تورکیا، تاوانەکانی مەهاباد لە ئێران. ئەم ناسیۆنالیزمانە لە سروشتی خۆیاندا شەڕانگێز و فراوانخوازی بەکۆمەڵن. بە پێچەوانەوە، نەتەوەپەرستییەکی لەو شێوەیە لەلایەن گەلانی بێ دەوڵەتەوە نییە، کە وەک کورد ستەمیان لێ کراوە. ئەوە شتێکی بێمانا دەبێت بۆ هەر مرۆڤێک کە خەڵکی بێ دەوڵەت بەم چەشنە ناسیۆنالیزمە تۆمەتبار بکات. شەڕکردن بۆ مانەوەیان، داوای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، ناکرێ بانگەشەی ئەوەی بۆ بکرێت کە “ناسیۆنالیزم”ە. ئەمە تەنیا لەلایەن دەوڵەتە قڕکەر و لەناوبەرەکان و بریکارەکانیانەوە قسەی لەسەر دەکرێت بۆ چەسپاندنی هۆکارە “شەرعییەکانی” هێرشکردنەسەر و لەناوبردنی نەتەوە و گەلانی بێدەوڵەت و کەمینەکان. ناسیۆنالیزم پێویستی بە پشتیوانیی بەکۆمەڵ، ئابووری، فیکری و دامەزراوەیی دەوڵەت هەیە کە گەلانی بێ دەوڵەت نییانە. پێویستە هەموو تاک و کەمینە و گرووپە کۆچبەرەکان لانیکەم مافی سەرەتاییان هەبێت کە بە ئازادی و یەکسانی بە کەرامەت و مرۆڤایەتی بژین بەبێ ئەوەی بەویترەوە وابەستە بن و ئەمەش وەک دیدگایەک کە ڕەگ و ڕیشەی لە میوانداری و لێبووردەیی و فرەییدا هەیە.
تێبینی//
لەتیف تاش پرۆفیسۆری یاریدەدەر و براوەی خەڵاتی 150 ساڵەی ساڵیادی زانکۆی ئەبێریستڤیت، بەشی یاسا و تاوانناسی، لە بەریتانیا. پێشتر دکتۆر تاش زەمالەی جیهانی ماری- کیوری پێبەخشراوە و بانگهێشتکرابوو بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە ئینستیتیوتی توێژینەوەی پێشکەوتوو (IAS) لە پرینستۆن. کتێبەکانی بریتین لە “فرەیی یاسایی لە کرداردا” (٢٠١٦)، “دەسەڵاتخوازی و سیاسەتی ئەڵتەرناتیڤی کوردی:- حکوومەتداری، جێندەر و دادپەروەری” (٢٠٢٢). دکتۆر تاش تۆماری گەلێ لێکۆڵینەوە و بڵاوکراوەی هەیە لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ململانێ و ئاشتی، حوکمڕانی، پاوانخوازی، جێندەر، کۆچ، ڕەوەند و مۆبیلیزەی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.
Latif Tas Aberystwyth University latiftas@yahoo.com
پەراوێز
1 بڕوانە جاک دەریدا، لە میوانداری (ستانفۆرد، سی ئەی:- چاپخانەی زانکۆی ستانفۆرد، 2000)؛ میرێڵ ڕۆسێلۆ، میوانداری دوای کۆڵۆنیالیزم:- کۆچبەر وەک میوان (ستانفۆرد، سی ئەی:- چاپخانەی زانکۆی ستانفۆرد، ٢٠٠١)؛ جۆرج کاڤالار، مافی نامۆکان:- تیۆرییەکانی میوانداریی نێودەوڵەتی، کۆمەڵگەی جیهانی و دادپەروەریی سیاسی لە دوای ڤیتۆریاوە (باسینگستۆک:- ئاشگەیت، ٢٠٠٢)؛ جاک دی ڤیڵ، جاک دێریدا:- یاسا وەک میواندارییەکی ڕەها (لەندەن:- ڕۆتلێج، ٢٠١٢)؛ گیدیۆن بەیکەر، وەرگێڕ، میوانداری و سیاسەتی جیهانی (باسینگستۆک و نیویۆرک:- پاڵگرەیڤ ماکمیلان، ٢٠١٣)؛ دان بوڵی، “ئەخلاق، هێز و پانتایی:- میوانداریی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی دەریدا”، میوانداری و کۆمەڵگا 5، ژمارە 10. 2 (2015):- 185-201.
2 بڕوانە، هانا ئارێنت، “ئایخمان لە ئۆرشەلیم – من:- ئەدۆڵف ئایخمان و هیچوپووچیی خراپە”، نیویۆرکەر، 8ی شوباتی 1963.
3 پەرلەمانی بەریتانیا، “جینۆسایدی کورد:- دیبەیتی پەرلەمانی بەریتانیا لە لایەن نازم زەهاوی”، بەرگی یەکەم. 559 (28 شوباتی 2013). وەک لەم مشتومڕەدا باسکرا، جینۆسایدەکان بە ڕووخانی ڕژێمی هیتلەر لە ساڵی ١٩٤٥ کۆتایی نەهات. دەوڵەتە مۆدێرنەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی جینۆساید. بۆ نموونە لە جینۆسایدی سرێبرینیکا لە ساڵی ١٩٩٥دا ٨ هەزار بۆسنی کوژران. لە جینۆسایدی ساڵی ١٩٩٤ی ڕواندا، تەنها لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس کوژران. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٩١، لە کاتی هەڵمەتی چەوساندنەوە و داپڵۆسین کە سەدام حوسێن دژی گەلەکەی خۆی بەرپای کرد، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس “بێسەروشوێن بوون”، کە زۆربەیان گریمانە دەکرێت لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی سەددامەوە کوژراون.
4 بۆ نموونە بڕوانە:- ئاماتزیا بارام، “خێڵگەرایی نوێ لە ئێراق:- سیاسەتە خێڵەکییەکانی سەدام حوسێن 1991- ١٩٩٦”، گۆڤاری نێودەوڵەتی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 29 (1997):- 1 – 31؛ جەیمس ئێم دۆرسی، “نەتەوەیی و خێڵگەرایی و فرەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا:- چارەسەرەکان بۆ شەڕ و ململانێ؟”، گۆڤاری میدڵ ئیست ئینسایت، ژ ١٣٥ (٢٠١٦):- ١ – ١٢.
٥ ئارێنت “ئایخمان لە ئۆرشەلیم – I”.
6 بڕوانە، سارا ک. دانیاڵسۆن ڕۆشنبیر وەک تەلارساز و شەرعیەتدانەری جینۆساید:- جولیان بێندا ڕیدوکس”، گۆڤاری توێژینەوەی جینۆساید 7، ژمارە 3 (2006):- 393 – 407؛ ئەی دیرک مۆیسس، ڕۆشنبیرانی ئەڵمانی و ڕابردووی نازییەکان (نیویۆرک:- چاپخانەی زانکۆی کامبریج، ٢٠٠٧)؛ لەتیف تاش، پاوانخوازی و سیاسەتی جێگرەوەی کوردی:- حکومەتداری، جێندەر و دادپەروەری (ئەدینبۆرگ:- چاپخانەی زانکۆی ئەدینبۆرگ، ٢٠٢٢).
7 پەرلەمانی بەریتانیا، “جینۆسایدی کورد”؛ ڕیچارد بیستۆن، “هەڵەبجە، ئەو کۆمەڵکوژییەی ڕۆژئاوا هەوڵیدا پشتگوێی بخات”، ڕۆژنامەی تایمز، ١٨ی ژانویەی ٢٠١٠.
8 زیگمۆنت باومان، مۆدێرنیتە و هۆڵۆکۆست (نیویۆرک:- چاپخانەی زانکۆی کۆرنێل، 1989)؛ تیۆدۆر دبلیو ئادۆرنۆ، دیالێکتیکی نەرێنی (نیویۆرک:- کۆنتینەم، ٢٠٠٧).
9 هەروەها بڕوانە، نوام چۆمسکی، نەزمە جیهانییەکان، کۆن و نوێ (لەندەن:- چاپخانەی پلۆتۆ، 1997)؛ تاریق عەلی، وینستن چەرچڵ:- سەردەمەکانی، تاوانەکانی (لەندەن:- ڤێرسۆ، ٢٠٢٢).
10 لەتیف تاش، فرەیی یاسایی لە کرداردا:- چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و لیژنەی ئاشتی کورد (لەندەن:- ڕۆتلێج، 2016)؛ تاش، پاوانخوازی و سیاسەتی ئەڵتەرناتیڤی کوردی.
11 بڕوانە، نادیە ئەلعەلی و لەتیف تاش، “خەباتی ژنانی کورد لەگەڵ یەکسانی جێندەری:- لە ئایدیۆلۆجیاوە بۆ پراکتییزەکردن”، گۆڤاری وەرزیی جیهانی سێیەم 42، ژمارە 9 (2021):- 2133 – 51.
_________________________
ناوی کتێب:- فازیل مورادی، مرۆڤبوون:- مۆدێرنیتی سیاسی و میوانداری لە کوردستان- ئێراق (نیو برونسویک، نیوجێرسی:- چاپخانەی زانکۆی ڕوتگێرز، ٢٠٢٤)
“جینۆساید:- سەرهەڵدانی خراپە لە نائامادەگیی دادپەروەریدا”
لەسەر نووسینی:- پرۆفیسۆر لەتیف تاش
ئەم بابەتە لە گۆڤاری توێژینەوەی جینۆسایددا بڵاوبووەتەوە Genocide Research
پرۆفیسۆر د. لەتیف تاس
- زانکۆی SOAS لە لەندەن، خوێندنگەی یاسا، هاوڕێی ماری کیوریی جیهانی
- زانکۆی سیراکیوز، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، خوێندنگەی ماکسوێڵ بۆ ڕەگەزنامە و کاروباری گشتی.
- ئینستیتیوتی ماکس پلانک بۆ ئەنترۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتی، یاسا و ئەنترۆپۆلۆژی، ئەندامی فاکەڵتی.
نووسینی؛ پرۆفیسۆر لەتیف تاش
لە ئینگلیزییەوە؛ محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
لەسەر کتێبی؛ فازڵ مورادی، “مرۆڤبوون:- مۆدێرنیتیی سیاسی و میوانداری لە کوردستان- ئێراق” (٢٠٢٤)
Being Humam Political Modernity and Hospitality in Kurdistan – Iraq



































































